( دڵدار)ی دڵدار …. فازیل شه‌وڕۆ
” وه‌ره نێو ئابیده‌ت ، تا من له‌به‌ر پێت دابده‌م ئه‌ژنۆ
له‌به‌روه‌ی نا دلارامی ، له‌به‌روه‌ی چونکه باڵایی
خودای شیعر‌و په‌ری هیوای ، بڵێسه‌ی هه‌ستی به‌رزی تۆ
هه‌واڵی هاوڕه‌گ و خوێنی، فریشته‌ی شۆخی میدیایی
له‌ڕووی چاکه‌و وه‌فاداری
به‌یادی جامی دڵداری
له مه‌ستی خۆشی بمهێلی، دروشمی خه‌نده‌که‌ی بایی” (دڵدار)
عومرێکی درێژه ، ” مه‌ستی خۆشی و خه‌نده‌که‌ی بایی”، له ئێمه‌مانان حه‌رامکراوه. جارێ به شمشێری به‌چکه به‌عسییه‌کان و جارێ به شه‌ستیری تۆڕانییه‌کان و جارێ به په‌ت و سێداره‌ی موعتاده‌کانی تاران و جار جاره‌ش به پواز و خه‌نجه‌ری خیانه‌تکاری جاش و چه‌ته‌کانی خۆمان.
ڕۆژانی “مه‌ستی خۆشی و خه‌نده‌که‌ی بایی” ، له ڕۆژمێری مێژووی مندا زۆر که‌مه، مه‌گه‌ر چاو هه‌ڵهێنانی شۆڕه‌سوارێکی وه‌ک ( دڵدار ) خه‌مڕه‌وێنم بێ و مۆمێکی نهگوژاوهی ئه‌زه‌لی له رۆحمدا هه‌ڵبکات! ( دڵدارێک) : که به قه‌ت میهرو خۆشه‌ویستی خودا، دڵداره. که به قه‌ت باڵای شاخه دڵسووتاوهکانی ئه‌م هه‌واره ، دڵداره. که به قه‌ت شه‌به‌قی خوێنی چۆڕاوه‌ی جه‌سته‌ی زامدارم، دڵداره. ( دڵدارێک) : که به که‌رسته‌و ئه‌سبابی عه‌شقی حه‌قیقی و جانفیداکاری بێبهرابنهرو ئه‌مه‌کی پڕ وه‌فاداری، خۆشبه‌ختانه، توانی له‌م دڵه بچکۆڵانه‌ی خۆیدا، کوردستانێک له باوه‌ش بگرێت و مێژووێک بپارێزێ و دهها داستانی کچانی وه‌ک خه‌ج و غه‌زاڵ و په‌ریخان و خانزادی تێدا ئاوێزان بکات و نه‌وه‌ی به‌جێماوی ئه‌نفالکراوه‌کانی دوێنێ و سبه‌ینێ بێپه‌روا پێ بلاوێنێته‌وه!
( ئه‌ی ڕه‌قیبی) ئه‌و (دڵداره)، له کووره‌ی خۆشهویستیێکدا جۆشدراوه، هه‌ر دایکان قه‌درزانی ئه‌ون. له ده‌روونی سۆفی تهریقهدارێکی خاکپهرستدا هه‌ڵقوڵاوه، هه‌ر شه‌هیدان قیبلهنامهکهی ده‌ناسن! له نووری چاوانی عاشقێ شه‌وقی داوه‌ته‌وه، هه‌ر بیلبیله‌ی نیگاکانی ( عه‌یشه گرووکهو عه‌یشێ سه‌عیدی عه‌باسی و له‌یلا قاسم)ه‌کانم، زه‌فه‌ری پێده‌به‌ن و خویانی له‌به‌ر ئاریش ده‌که‌ن!
ئه‌و ” مه‌ستی خۆشی و خه‌نده- بایی یه‌ی” که‌وا ئێمرو من به قه‌د که‌ون و کائینات شانازی پێوه‌ده‌که‌م و به مافی خۆشمی ده‌زانم که شانازی پێوه بکه‌م، ته‌نیا (30) به‌هارو (31) هۆنراوه‌ی هه‌زار ڕه‌نگ و هه‌زار نه‌زمی جوامێرێکه ، که نه‌ته‌وه‌ێکی له خنکان قوتار کردوو و داهاتووێکی گه‌شاوه‌ی بۆ نه‌وه‌کانی پاشه‌ڕۆژ خولقاندووه. ئافه‌رین ! سه‌د ئافه‌رین…..تؤ ئه‌م هه‌موو به‌هره‌یه‌ت له کوێ هانی؟ ئه‌وه‌تا خوێندکارانی ئێمرۆ، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو ته‌کنه‌لۆژی و ئاسانکاریه، کوردییه‌که‌یان تۆز‌و دوکه‌ڵ ده‌کا. تۆش له سه‌رده‌می بێ ده‌رامه‌تی و تهخهلف و جه‌هاله‌تدا ، به زمانی کوردی و عاره‌بی و تورکی و فارسی و ئینگلیزی و نه‌ختێ فه‌ره‌نسییه‌و، حه‌رف حه‌رف ئه‌ده‌بیاته نه‌مره‌کانی به‌رده‌ستت شه‌ن وکه‌و ده‌کردو به هونه‌ری وه‌گێران و ووتار نووسین و ڕه‌خنه‌گرتن و لێکۆلینه‌وه‌و چیروک و ژیاننامه و شیعره زیندووه‌کانت و خه‌رمانی ئه‌ده‌بی کوردییت ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرد.
به‌ده‌ر له ( ئه‌ی ڕه‌قیب)ه‌که‌ت، ته‌نیا ( خه‌نده‌که‌ی بایی و ئه‌ی باده‌ی شه‌ماڵ و لاوی کوردان)نت کافیه بتگهێننه مه‌نزیله‌ی خلود و به‌هه‌شتی جاویدان!
تا ئێمرۆش سوارچاکه‌که‌ی مه‌یدانی شاره‌که‌ی حاجی و کوردستان هه‌ر خۆتی، ئه‌وه‌تا سه‌ربه‌رزانه چوارمه‌شقی تێدادهکهی، هاتنی ئێمه‌ش بۆ سه‌ر گۆڕه‌که‌ت ئه‌م گهواییه ده‌دات:
بێت‌و ئه‌سپێ چه‌ند ئه‌صیل بێ ، سواری چالاکی نه‌بێ
قابیله ده‌رچێ له مه‌یدانی جدال و جێگه‌ی ڕه‌وت؟
سه‌د ئافه‌رین بۆ خۆت ،که‌وا له مه‌یدانی جدالا سه‌رکه‌ووتوانه ده‌رچوویت. تۆ بووی ده‌رگای ڕێبازی شیعری تازه‌ی کوردیت کرده‌وه. تۆ بوویت زیندووکه‌ره‌وه‌ی وشه‌ی تازه‌ی زمانی کوردی ، هه‌ر خۆشت خولقێنه‌ری بیری شۆرشگێری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه مه‌زلوومه بووی له نیوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئیستا دا. تؤ هه‌ر له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه عاشقی ئه‌م خاک و کورده په‌رێشانه بوویت:
( ڕۆژێکیان ئه‌حمه‌دی خواجهفهندی هاته لای ( ئاسه‌ف) پێی‌ووتم: یونس تۆ کوردی؟ وتم : به‌ڵێ. وتی: کوا شاهیدت، که تۆ کوردی؟ وتم: ئاسه‌ف شاهیدمه. وتی: ئاسه‌ف به شاهید ناشێ. ئیتر نه‌مزانی چۆن جوابی بده‌مه‌وه. له پاشان وتی: من شتێکت ئه‌ده‌مێ ، که وتیان به‌جی ده‌زانی کوردی، ئه‌م شته‌یان نیشانم بده.
ده‌ستی درێژ کرده باغه‌ڵی ده‌فته‌رێکی بچووکی ده‌رهێنا. له ناو ده‌فته‌ره‌که ڕه‌سمێکی ده‌رهێنا دایه ده‌ستم و وتی: ئه‌مه شێخ مه‌حموده، مه‌لیکی کوردستانه. منیش ره‌سمه‌که‌م وه‌رگرت و زۆر که‌یف خۆش بووم له محهلهکه نیشانی منداڵانم ده‌داو ده‌موت: ئه‌مه شێری شێرانه ، مه‌لیکی کوردستانه.)
کورگهلینه!
( دڵدار) بینایی چاوانی داهات ،ئه‌وه‌ندی ئه‌شعاری حاجی قادر و عه‌ونی و راجی و عاسی و حسین و کوردی و نالی و بێکه‌س و زێوه‌ر مهتاڵابکات، هه‌ر به‌و خه‌ون و ئومێده‌ی رۆژێ بێ، ئالای کوردستان شه‌کاوه‌بێت و وڵات سه‌ربه‌خۆ بێت:
ئه‌رێ ئه‌ی کورد له نێو گه‌لدا ، هه‌تاکه‌ی مات و داماوی
که عاله‌م سه‌ربه‌خۆن گشتی، ئه‌تۆ په‌یوه‌ندی نێو داوی
که‌واتا با په‌یمانپه‌رست بین و قۆل و بازووی لێهه‌ڵکه‌ین، له هه‌موو شوێنێکا ، له خوێندنگه‌و زانکۆکان‌دا ، له فه‌رمانگه‌و شه‌قام و ماڵه‌کاندا کێسی سه‌ربه‌خۆی کوردستان بوورژێنین و ژێرخانی ئابوری و زانستی و تهلنهلۆژی بۆ ئاماده‌که‌ین و پێ له ته‌خته‌ی چرووکی خۆپه‌رستی و پوولپه‌رستی و گهندهڵچییهتی بێنین و ڕووی خۆمان بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو، سپی سپی نیشان بده‌ین و( دڵدار) بکه‌ینه نموونه‌ی خۆمان.
ده‌بێ بمبه‌خشن که من ناتوانم گه‌وره‌یی و پایه بڵندی ئه‌م شاعیره لێره‌دا به‌یان بکه‌م. ئاخر چۆن ئه‌م کاره بهمن ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌گه‌ر مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بڵێ: ( دڵدارم بۆ ده‌رده‌ست نه‌کراوه له به‌ر چاوی زه‌ینمدا (دڵدار) په‌رده‌یه‌کی ته‌مومژاوی به ده‌وره‌وه بوو نه‌یده‌هێشت هێندی مرۆڤی ئاسایی بۆ بینه‌ر ئاشکراو خۆش خوێن بی، چه‌ندێکی له گه‌ڵیدا ژیابیتم و وتووێژم له‌گه‌ڵدا کردبێت و له‌یه‌کدی نزیک کهوتبینهوه زانیوهتم ئه‌مه‌ی ده‌یبینم و ده‌یبیستم هه‌موو دڵدار نییه. پشکێكێ حه‌قیقه‌تی ده‌رده‌که‌وت که‌وا هه‌رگیز بای لێ شاره‌زا بوونی ته‌واوی نه‌ده‌کرد.)
سه‌یری باغانی وه‌ته‌ن که‌ن ، وشکه که‌وتۆته خه‌زان
سه‌یری غونچه‌ی نهوشکۆفهی، چه‌ند به‌بێ ناز هه‌ڵوه‌ران
شاهیدی بێ‌کاری ئیوه‌ن وا که‌وا ئاوا لێ بران
عه‌یبه تاکه‌ی هه‌ر له‌ده‌وری مه‌ی ئه‌که‌ن غیره‌ت که‌شی.