Skip to Content

Wednesday, January 19th, 2022

دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …10

Be First!
by November 13, 2013 گشتی

 

 

به‌شی ده‌یه‌م:

هێڵی سوور:

نه‌ک به‌ ته‌نها له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییدا، به‌ڵکوو به گشتیی له‌ناو کورددا به‌ به‌رده‌وامیی گوێمان له ده‌ربڕیینی “هێڵی سوور”، ده‌بێت. سیاسییه‌کانمان ده‌ڵێن، فڵان شت هێڵی سووره، قسه‌کردن له‌سه‌ر فڵان بابه‌ت هێڵی سووره. هه‌موو کات له خوێندنه‌وه‌ی هێڵی سوور و گوێگرتن له وتنی هێڵی سوور، هه‌ڕه‌شه‌کانی ناسیۆناڵ سۆسیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیام له ساڵانی 1938 هه‌تا 1945 بیرده‌خاته‌وه. هێڵی سووری سنوری ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا، بووه هۆی له‌ناوبردنی ئێکسیستێنسی یه‌ک میلیۆن مرۆڤ، بووه هۆی له‌کیسدانی ماڵ و شوێنی ژیانیان. هێڵێک به درێژیی 400 کیلۆمه‌تر و به پانیی 10 مه‌تر.

پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئه‌م هێڵه سووره فیرتوێله‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی یه‌کێتییه‌وه بۆ ئه‌ندامانیان دانراوه چ ده‌ڤه‌رێکی ده‌سته‌ڵات و سیاسه‌تی یه‌کێتیی ده‌گرێته‌وه؟ کوێ سنوری ئه‌م هێڵه‌یه؟ ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه سه‌ر سنوری ئه‌م هێڵه‌وه چیان به‌سه‌ر دێت؟ به‌ره‌و کوێ ده‌گوێزرێنه‌وه؟ چیان هه‌یه له ده‌ستی بده‌ن؟ کێ یاریی به ئێکسیستێنسیان ده‌کات؟

یه‌کێک له‌و هێڵه سوورانه‌ی یه‌کێتیی پرسی مام جه‌لاله. هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر مام جه‌لال ده‌که‌ن، له‌سه‌ر سنوری هێڵی سوور ده‌ژیین، هه‌ربۆیه به یاسای هێڵی سوور، پێویسته دووربخرێنه‌وه له‌و ده‌ڤه‌ره، ئیدی ئه‌وه‌ی گوێیپێنادرێت ئێکسیستێنسی ئه‌و مرۆڤانه‌یه، که له‌م سنوره‌دا ده‌ژین. ده‌سته‌ڵاتدارێکی ده‌سته‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی یه‌کێتیی به‌ته‌نها باس له هێڵی سوور ناکات، به‌ڵکوو یاساکانیشی پراکتیزه ده‌کات. ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر پڕکردنه‌وه‌ی شوێنی مام جه‌لال ده‌کات، ئه‌و که‌سه‌یه، که له‌سه‌ر سنوری هێڵی سوور ده‌ژیی، هه‌ربۆیه پێویسته دووربخرێته‌وه.

هێڵی سوور به‌ته‌نها سنورێکی جیاکراوه نییه، به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیشه، که ئه‌ندامانی ده‌سته ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی یه‌کێتیی له ئه‌ندامانی خۆیانی ده‌که‌ن. له‌ ڕێگای ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌وه ئه‌ندامه‌کانیان له کۆنزێکوێنزی ژیان له‌م سنوره‌دا ئاگادار ده‌که‌نه‌وه.

 

ونکردنی باوه‌ڕ:

 

ئه‌نالیزه‌کردنی که‌سایه‌تییه‌کانی یه‌کێتیی ده‌مانگه‌یه‌نێت به هه‌ندێک ڕاستیی شاردراوه‌ی ڕووداوه‌کان. بۆ نموونه ونکردنی باوه‌ڕ یان له‌ده‌ستدانی باوه‌ڕ. مرۆڤ کاتێک شتێکی لێونده‌بێت و بیری نایه‌ته‌وه له‌کوێ دایناوه یان لێیکه‌وتووه، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی ماتریاڵه‌که‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به بیره‌وه‌رییه‌کانی ماتریاڵه‌که‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به هه‌لومه‌رجه‌کانی ئێستای ماتریاڵه‌که‌وه هه‌یه. مرۆڤه‌که هه‌رچیی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی هه‌یه به‌رانبه‌ر ماتریاڵی ونکراو ده‌شارێته‌وه، چونکه له ناخۆشیی زیاتر هیچی تری پێنابه‌خشێت. واته مرۆڤ خاوه‌نی ماتۆڕێکه بۆ شاردنه‌وه‌ی هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌کی ناخۆش، به‌ڵام ڕووداوه خۆشه‌کان هه‌میشه له یادمانن. ماتریاڵی ونکراو هیچ گرنگیی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بۆ مرۆڤه‌که نییه، هه‌ربۆیه نازانێت له‌کوێی داناوه یان لێی ونبووه. مرۆڤه‌که هه‌ستێکی دوژمنانه و ڕقی به‌رانبه‌ر ماتریاڵه‌که هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی:

1. بیری که‌سێک یان گرۆیه‌کی ده‌خاته‌وه

2. حه‌زی به چاره‌ی که‌سه‌که‌ یان گرۆکه نییه، به‌هۆیه‌وه ماتریاڵه‌که‌ش

3. هه‌موو هه‌ستێکی به‌رانبه‌ر که‌سه‌که و گرۆکه ده‌شارێته‌وه، به‌رانبه‌ر به ماتریاڵه‌که‌ش هه‌مانشێوه

کاتێک گوێمان لێده‌بێت، که تاکێک باوه‌ڕی به‌رانبه‌ر یه‌کێتیی ونکردووه، ئه‌وا له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی خۆیه‌وه پێیده‌ڵێن، “تۆ ڕووخاویت”.  ڕووخاوبوون لێره‌دا هیچ نه‌گووتنه، به‌وپێیه‌ی ئاستی بیرکردنه‌وه و هۆشیاری به‌شێکی گه‌وره‌ی سیاسییه‌کانی یه‌کێتیی له ئاستێکی باڵادا نییه، خوێندنه‌وه‌ و ئه‌نالیزه‌کردنی ئه‌ندامه‌کانیان و هه‌لومه‌رجه‌کانیان ده‌چێته خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه، لێره‌دا هیچ شتێکی تر له‌به‌رده‌ستدا نییه، بێجگه‌له‌وه‌ی به ئه‌قڵی سه‌رجاده مامه‌ڵه بکه‌ن.

ئه‌ندامه‌که باوه‌ڕی ونکردووه، چونکه خاوه‌نی هه‌ستێکی دوژمنکارانه‌یه به‌رانبه‌ر یه‌کێتیی، چونکه ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا کارده‌که‌ن، ئه‌وبه‌رپرسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا کار ده‌کات هۆکاری خستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته دوژمنکارانه‌یه له‌ودا، هه‌ربۆیه لێره‌دا که‌سی باوه‌ڕ ونکردوو وه‌ک ئه‌وه وایه کلیلێکی لێ ونبووبێت و نه‌زانێت له‌کوێی دانابێت. ئه‌و نه‌ک نازانێت کلیله‌که‌ی له‌کوێ داناوه، به‌ڵکوو نایه‌وێت بیریشی بێته‌وه، چونکه خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی خۆش نییه له‌گه‌ڵ ئه‌م کلیله‌دا، چونکه کلیله‌که که‌سێک، گرۆیه‌ک یان هه‌لومه‌رجێکی بیر ده‌خاته‌وه، که ئه‌و تێیدا به‌خته‌وه‌ر نییه.

هه‌ڵه‌ی یه‌کێتیی لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که له‌وه‌ته‌ی هه‌یه سزای باوه‌ڕ ونکردووه‌کان ده‌دات و ئه‌وانه‌شی ماونه‌ته‌وه خه‌ڵات ده‌کات، له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌‌ی ماونه‌ته‌وه هۆکاری ونکردنی باوه‌ڕی یه‌کێتییه ڕۆیشتووه‌کان یان تۆراوه‌کانن. ئیدی ئه‌مانه هه‌موو باوه‌ڕێکی خۆیان به‌رانبه‌ر به یه‌کێتیی وه‌ک ماتریاڵێک ونکردووه.

 

هه‌ڕه‌شه یان شیکردنه‌وه؟

 

قسه‌که‌رانی ده‌سته‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی ناو یه‌کێتیی پێیانوایه، که به‌شێوه‌یه‌کی سیستێماتیک هێرشێکی هه‌ناسه‌ درێژ له‌سه‌ر یه‌کێتییه، که له ڕێگای فشارێکی ده‌روونییه‌وه ده‌یه‌وێت زیان به یه‌کێتیی بگه‌یه‌نێت. بۆ ڕێگاگرتن له زیادبوونی ژماره‌ی ڕه‌خنه‌گران، ده‌سته‌ڵاتدارانی یه‌کێتیی په‌یڤی هه‌ڕه‌شه ده‌که‌ن به ئامڕازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه، هه‌تا له ڕێگایه‌وه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستی ئه‌ندامانیان دابنێن و ڕێگا له‌وه بگرن، که ئه‌مانیش به زۆرینه ببنه هه‌واداری ڕه‌خنه‌گران. فشاری ده‌روونیی لێره‌دا بریتیی نییه له ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران، به‌ڵکوو بریتییه له هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڕه‌شه‌که‌ران، چونکه ئه‌ندامانیان له ڕێگای ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌وه ڕاده‌گیرێن، که ئه‌وه نه‌ڵێن، که ده‌یانه‌وێت بیڵێن، ئه‌وه نه‌که‌ن، که ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن. ڕه‌خنه‌گر هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی پراکتیزه نه‌کردووه، مووچه‌ی که‌سی نه‌بڕیوه …هتد. هه‌ربۆیه ناتوانرێت قسه‌ی ڕه‌خنه‌گرێک، یان نووسیینی ڕه‌خنه‌گرێکت به فشارێکی ده‌روونیی بناسێنرێت. ئه‌وه‌شی ده‌سته‌ڵاتدارانی یه‌کێتیی ده‌یکه‌ن بریتییه له ده‌رکردن، مووچه بڕین، پۆست لێوه‌رگرتنه‌وه و ده‌ستدرێژیی ڕۆحیی و فیزیکیی. ئه‌مه‌ش ناوده‌نێم مانیپولیره‌ی ده‌روونیی.

له‌ناو ئه‌م کێشه‌یه‌ی یه‌کێتییدا ئاینده‌یه‌ک له‌دایک ده‌بێت، که شکاندنه‌وه‌ی به باش و خراپ بۆ یه‌کێتیی، قازانج به تاکی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی ده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی له‌دوای کۆنگره توانی چاره‌سه‌رێکی لۆگیکی و مۆڕاڵیی کێشه‌کانی بکات، ئه‌وا یه‌کێتیی ئه‌و هێزه‌یه، که تاک له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییدا له تای ته‌رازووی پارتی دیموکراتدا پێویستیه‌تی. ئه‌گه‌ر له‌دوای کۆنگره کێشه‌کانی یه‌کێتیی نه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌کرا، به‌ڵکوو خراپتر بوو، ئه‌وا تاک ڕزگار ده‌بێت له‌وه‌ی، که یه‌کێتیی وه‌ک هیوا و ئاڵته‌رناتیڤ ببینێت و له‌دوای یه‌کێتییشه‌وه ده‌بێت به تاکێکی نۆیتراڵ. ئه‌م شانسه تاک ده‌بێت له‌دوای کۆنگره هه‌یبێت. لێره‌وه تاک ده‌ریاوانێکی نوێی “دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر”یه.

 

13.11.2013

Previous
Next

Leave a Reply