Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ!

Be First!
by October 13, 2010 گشتی

تێبینی/ خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌گه‌ر وا را هاتوویت ته‌نها خۆت به‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی ته‌قلیدییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌یت، ئه‌وه‌ تكات لێده‌كه‌م ئه‌م بابه‌ته‌ مه‌خوێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێدا به‌ بێ‌ وه‌ڵام جێتده‌هێڵێت!


به‌ خه‌یاڵ خۆت بخه‌ره‌ جێگه‌ی منداڵێكی لادێی، كه‌ له‌ كاتی ڕۆیشتندا بۆ سه‌ر بێستانه‌كه‌ی باوكی، میز زۆری بۆ ده‌هێنێت و، ئه‌ویش به‌ یارمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێز لائه‌داته‌ ناو باخێكه‌وه‌، تا له‌و باره‌ گرانه‌ خۆی قوتار بكات. كه‌چی هێشتا له‌ نیوه‌ی كاردایه‌، خشه‌خشێك دێته‌ گوێیاو له‌ناكاو ده‌نگه‌ده‌نگی كابرای خاوه‌ن باخ به‌رزده‌بێته‌وه‌و به‌ كۆكه‌كۆك تابێت نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و منداڵه‌ به‌سته‌زمانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ پێڕاده‌گا، به‌ ئه‌سپایی شه‌رواڵه‌كه‌ی هه‌ڵكێشێت و تا خوا هێزی داوه‌ته‌به‌ر تێی قوچێنێ‌! به‌ڵام ئایا ئازاری ئه‌و له‌ نیوه‌ی كاردا هه‌ڵسانه‌ هه‌تا ماوه‌ له‌ ناو ڕۆح و ده‌روونیدا كاریگه‌ری جێناهێڵێت؟! باس له‌ زیانی جه‌سته‌یی ناكه‌م، چونكه‌ من به‌ سرووشتی خۆم حه‌زم له‌ زانستی پزیشكیی نیه‌!
 ئێمه‌ ئازاری ئه‌و منداڵه‌ چۆن هه‌ست پێده‌كه‌ین؟! وه‌ڵامه‌كه‌ی هه‌ڵهێنانی یه‌كێك له‌ مه‌ته‌ڵه‌كانی (ئێنیشتاین) نییه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌و منداڵه‌ من، تۆ یان هه‌ركه‌سێكی تر بێت.. كه‌ گه‌وره‌ بووین باسی ده‌كه‌ین، ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌رێك … نا ببورن جارێ‌ كاتی نه‌هاتووه‌!
كه‌ر به‌ واتا (عومه‌ر)یه‌كه‌ی_ مه‌به‌ستم عومه‌ر كڵۆڵی سكرتێری گروپی كه‌رگه‌لی كوردستانه‌_ ئاژه‌ڵێكی به‌رزو به‌ڕێزه‌، منیش ئه‌وه‌نده‌ی سۆزم بۆ كه‌ر ده‌بزوێت بۆ هیچ ئاژه‌ڵێكی تر ناجووڵێت، ڕه‌نگه‌ هۆكه‌ی ئه‌وه‌ بێت زۆر به‌ خراپی باسی ده‌كرێت له‌ كاتێكدا زۆر بێده‌نگ و له‌سه‌رخۆیه‌، كاره‌كانیشی به‌ جوانی ئه‌نجام ده‌دات.. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وایكردووه‌ كه‌م شاعیری كورد هه‌بێت له‌ نالییه‌وه‌ تا عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌ شیعره‌كانیاندا باسی كه‌ریان نه‌كردبێت. .
من لێره‌دا ئه‌م هه‌موو گورگ و ڕێوییه‌تان بۆیه‌ بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ تا باسی (كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ)تان بۆ بكه‌م، به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌و، قه‌یناكا باسی خۆمتان بۆ ده‌كه‌م! ئه‌و منه‌ی لێره‌دا باسی ده‌كه‌م، به‌شێكی منی خۆمه‌‌و به‌شێكیشی هه‌موو گه‌نجێكی كڵۆڵی ئه‌م نیشتیمانه‌ غه‌مگینه‌یه‌..
قه‌ده‌ری من وابوو له‌ وڵاتێكدا له‌دایكبووم كه‌ له‌سه‌ر گۆمی خوێن و خاشاكی خانوو و ماڵی وێران و كه‌لله‌سه‌ری به‌ناهه‌ق لێكراوه‌ی مرۆڤی چاره‌ڕه‌ش و خۆشی له‌خۆ نه‌دیو بونیادنرابوو… له‌ چاره‌نووسی مندا نووسرابوو نه‌ منداڵیم منداڵی بێت و نه‌ گه‌نجێتیشم گه‌نجێتیی، ته‌مه‌نێك سه‌راپا له‌ پیری.. هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌ دایكبوونمدا تاڵێك قژی ڕه‌ش له‌ سه‌رمدا نه‌مابوو.. به‌ پیری هاتمه‌ دونیا و بڕیاریشه‌ هه‌ر به‌ پیری بژیم، بیستوچوار سه‌عاتی ڕۆژانه‌ی ته‌مه‌نم، هه‌موو چركه‌كانی له‌یه‌كده‌چن و(سیزیف)ئاسا هه‌موو ڕۆژێك تا ئێواره‌ خه‌ریكی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌ردێكم بۆ سه‌رشاخه‌كه‌ و كه‌ تاریك داهات بۆ خواره‌وه‌ غلۆری ده‌كه‌مه‌وه‌…! كه‌س لێم نه‌پرسێت بۆ بێزاری، كه‌س هه‌وڵی په‌شیمانكردنه‌وه‌م نه‌دات له‌ كۆچكردن به‌ره‌و ئه‌و به‌هه‌شته‌ نادیاره‌ی هیچی له‌ باره‌وه‌ نازانم! من زیاد له‌ بیستوپێنج ساڵ له‌م وڵاته‌دا ژیام، تامی شیرینیی ئه‌م نیشتیمانه‌م نه‌كرد، ته‌مه‌نێك هاتم و چووم به‌ بێئه‌وه‌ی بزانم كێم و خه‌ریكی چیم.. ئاخر له‌م نیشتیمانه‌ی مندا ئه‌وه‌ی ده‌یبیستیت و ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانه‌..
  هاوڕێیان! من كه‌ له‌ زانكۆ ده‌رچووم، یه‌كه‌می سه‌ر به‌شه‌كه‌م بووم، نمره‌یه‌كی باشم هه‌بوو، كه‌چی دوای دوو ساڵ چاوه‌ڕوانی و خزمه‌تكردن‌و هه‌وڵدانێكی زۆر، ناوم بۆ خوێندنی باڵا ده‌رنه‌چوو، كه‌چی(…)ی هاوڕێم كه‌ هه‌موو ساڵێك به‌ خوێندنی (ێ‌یه‌ الكرسی) ده‌رده‌چوو، هات بۆ لام و دڵنه‌وایی كردم‌و، وتی: ئیشه‌لڵا ساڵێكی تر تۆیش وه‌رده‌گیرێیت، خه‌م مه‌خۆو هه‌وڵێكی تر بده‌…! 
  هاوڕێیان! من تا به‌ ئێستای ته‌مه‌نم، بۆنم به‌ تاڵێك پرچی كچۆڵه‌یه‌كی ئه‌م نیشتیمانه‌وه‌ نه‌كردووه‌، ده‌ستی كه‌نیشكێكم نه‌گووشیوه‌، تامی لێوی كیژۆڵه‌یه‌كم له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا نه‌كردووه‌، تا ئه‌وه‌نده‌یش چاوی خه‌یاڵ بڕ بكات ئومێدی هاوسه‌رگرتن نابینم… ئاخر من نه‌ كولبه‌یه‌كم هه‌یه‌و نه‌ بستێك زه‌مین تا تێیدا نیشته‌جێ‌ بم، ئه‌گه‌ر هه‌موو مانگێك پاره‌ی مووچه‌كه‌م، به‌ بێ‌ لێده‌ركردنی دینارێك كۆبكه‌مه‌وه‌، ئه‌وا ئومێد هه‌یه‌ دوای هه‌شتا ساڵی تر خانوویه‌ك بكڕم، ئه‌ویش به‌ مه‌رجێك تا ئه‌و وه‌خته‌ پاره‌ی خانوو گران نه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌یش مه‌حاڵه‌…!
براده‌ران! من ده‌مویست باسی كه‌ری نیوه‌سه‌ڕتان بۆ بكه‌م، به‌ڵام كه‌وتمه‌ باسكردنی خۆم.. كێشه‌یه‌ك نیه‌، ژیانی منیش هه‌ر له‌و ده‌چێت. كه‌ باسی خۆمتان بۆ ده‌كه‌م ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ژیانی ئه‌وتان بۆ بگێڕمه‌وه‌..! من له‌ خێزانێكدا هاتمه‌ بوون، باوكم به‌ ده‌ستی زۆردار به‌ زۆر ڕاپێچی مه‌رگ كرابوو. هه‌ر كه‌ چاوم كرده‌وه‌ دایكمم به‌ ڕه‌شپۆشی بینی. ئێستایش بێز له‌ ڕه‌نگی ڕه‌ش ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ دایكمم به‌جلی ڕه‌شه‌وه‌ ده‌بینی ده‌گریا و گۆرانی مه‌رگی ده‌چڕی.. كه‌ له‌ پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییدا بووم، به‌ر شاڵاوی دێهات ڕووخاندن و ئه‌نفال كه‌وتین. من نه‌مئه‌زانی ئه‌و شۆفڵانه‌ چی ڕقێكیان له‌ خانووه‌كانی ئێمه‌یه‌ كه‌ هێنده‌ به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ قه‌پاڵی لێده‌گرن و ده‌یڕوخێنن؟! هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی خوێندنمه‌وه‌، ساڵێكم بوو به‌ قوربانی شه‌ڕی به‌عس و وه‌ك تڕی بن گۆم چوو..! براده‌ران! من زۆر كۆنم، موفاوه‌زاتی 1984م له‌ بیره‌، دێهات ڕووخاندنی 1987 و ئه‌نفالی 1988یشم له‌ بیره‌.. له‌ ڕاپه‌ڕینی 1991دا دوانزه‌ ساڵ عومرم بوو، ئیتر كۆن گوایه‌ چییه‌؟! به‌ڵام قه‌ده‌ری من وابوو گه‌نجی دوای ڕاپه‌ڕین بم، من كۆڕه‌وم بینی، شه‌ڕی یه‌كتر كوشتنم بینی.. بڕوا بكه‌ن له‌ شه‌ڕی ئێران_عێراقه‌وه‌ تا ڕووخانی ڕژێم له‌ 2003 دا، له‌ هه‌ر ڕووداوێكدا كاره‌ساتێك به‌سه‌ر خێزانی ئێمه‌دا هاتووه‌… ئه‌رێ‌ خۆ خه‌ریكه‌ بیرم ده‌چێت‌و بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌م به‌ گێڕانه‌وه‌ی  بایۆگرافیای خۆم!
هاوڕێیان! بڕوا بكه‌ن تا به‌ ئێستا هه‌ر كارێك ده‌ستم پێیه‌وه‌ دابێت ته‌واوم نه‌كردووه‌، هیچ ئیشێك..! كه‌ منداڵ بووم زۆرجار گوێم له‌ دایكم بوو ده‌یگوت: كاكه‌ مه‌مانكه‌ن به‌ (كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ!).. تا گه‌وره‌بووم ئه‌مه‌ گرێیه‌ك بوو و له‌ ناو دڵ و مێشك و ده‌روونمدا ده‌سووڕایه‌وه‌، مه‌ته‌ڵێك بوو هه‌ڵهێنانی كاری من نه‌بوو، تا دواجار……!
 سه‌رنجتان ڕاده‌كێشم بۆ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌و لای ئه‌و منداڵه‌ی كارێكی به‌ نیوه‌ ناته‌واوی به‌ جێهێڵا_ یان ڕاستر وایه‌ بڵێم: وایان لێكرد جێیبهێڵێت_و سه‌ره‌نجام گرێیه‌كی له‌ ده‌رووندا دروستبوو، كه‌ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر هه‌موو ژیانییه‌وه‌ به‌ جێهێشت. كه‌ر ئاژه‌ڵه‌، ئاژه‌ڵیش زمانی گفتوگۆكردنی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی مرۆڤدا نیه‌، منداڵیش دیسان زمانی گفتوگۆكردنی نیه‌، به‌ڵام جیاوازی ئه‌م دووانه‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ئه‌و منداڵه‌ گه‌وره‌بێت و باسی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌مان بۆ بگێڕێته‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر لاڵیش بێت به‌ چه‌ند دێڕێك ئه‌و چیرۆكه‌ی خۆی بنووسێت و ئێمه‌یش بیخوێنینه‌وه‌، وه‌لـێ‌ به‌دبه‌ختی كه‌ر له‌وه‌دایه‌ قه‌ت ناتوانێت باسی مه‌ینه‌تیه‌كانی خۆیمان به‌ زمان بۆ ده‌رببڕێت! لـێ‌ كه‌سی هه‌ستیارو وردبین‌و به‌ویژدان به‌ چاوی دڵ و به‌ گوێی ئه‌قڵا خه‌مه‌كانی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ده‌بینێت و ده‌بیستێت. تۆ وێنه‌ی گوێدرێژێك بهێننه‌ به‌رچاوت له‌ گه‌رمای چله‌ی هاوینی گه‌رمیاندا، له‌ به‌ر خۆری سوتێنه‌ردا به‌ مێخسكه‌یه‌ك به‌ستراوه‌ته‌وه‌و مشتێك جۆو سه‌تڵێك ئاوی خراوه‌ته‌ به‌رده‌م، هه‌ر به‌ بیركردنه‌وه‌ لێی ئازارت پێناگات؟! یان وا بێنه‌ به‌رچاوت زستانێكی سارده‌و، قه‌ده‌ری تۆیش وایه‌ له‌ خۆرماڵه‌وه‌ به‌ پێ‌ بچیت بۆ ئه‌حمه‌د ئاوا، بارانێكی به‌ خوڕ ده‌بارێت و تۆیش چه‌ترێكت به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌ڵتداوه‌ به‌سه‌رتدا و پاڵتۆیه‌كی ئه‌ستووریشت له‌ به‌ردایه‌، كه‌چی هێشتاش ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ت لێده‌بێت به‌ نێوان ئه‌رزو ئاسمان و له‌ هه‌ندێ‌ چركه‌دا كه‌ بارانه‌كه‌ تینت بۆ ده‌هێنێت، سوێند ده‌خۆیت قه‌ت ئه‌م ماوه‌یه‌ نابڕیت و هه‌تا ماوه‌ هه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌بیت! ڕێك له‌م كاته‌دا ڕووت به‌ لای چه‌پی ڕێگاكه‌دا ده‌سوڕێنیت و له‌پڕ چاوت به‌ گوێدرێژێك ده‌كه‌وێت كه‌ شه‌ڵاڵی ئاوه‌، ئیتر نازانی ئه‌م ئاوه‌ بارانه‌ ته‌ڕی كردووه‌، یان عاره‌قه‌ی خه‌م و ئازارو هاواری ئه‌و به‌سته‌زمانه‌یه‌ له‌ ده‌ست بێدادی و سته‌می مرۆڤه‌كان، ئا له‌و كاته‌دا ڕێك تۆ هه‌ست به‌ ئازاری ئه‌و كه‌ره‌ ده‌كه‌یت. . وانیه‌؟!
 ئێستا ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ تێبگه‌ین و گرێی ئه‌م زاراوه‌یه‌تان بۆ بكرێته‌وه‌. . كاتێك كه‌رێك ده‌یه‌وێت بزه‌ڕێنێت ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی مه‌ودای ئازادی ئه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ زانستی پزیشكیی منداڵان(pediatric)دا ده‌وترێت: گریانی منداڵ ده‌یان واتای جیاوازی هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌و گریانه‌ به‌ مه‌به‌ستی داواكردنی نان بێت، یان منداڵه‌كه‌ تینووی بێت و داوای ئاو بكات، یان خه‌وی و بیه‌وێت بخه‌وێت، یان داوای دایكی بكات، یان میزی بێت، یان خۆی پیس كردبێت و داوای پاككردنه‌وه‌ بكات، یان خۆی پیس كردبێت یان له‌ یه‌كێك تووڕه‌ بووبێت. . .هتد. زه‌ڕه‌ی كه‌ریش به‌ هه‌مان شێوه‌، دونیایه‌ك واتای له‌ دوو توێی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌و زه‌ڕه‌كردنه‌ وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ك بێت و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ بیڵێته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ یادكردنه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی بێت كه‌ له‌ كاتی جاشوولكه‌ییدا پێكه‌وه‌ بووبێتن و شه‌قی ڕۆژگار‌و سته‌می مرۆڤ له‌ یه‌كتریانی جوودا كردبێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ هاواری ته‌نهایی بێت، پێده‌چێ‌ بانگكردنی هاوڕازو هاونشینێك بێت. ئه‌وه‌تا ده‌بینین هه‌ركات نێره‌كه‌رێك ماكه‌رێك ده‌بینێت یه‌كسه‌ر ده‌ستده‌كات به‌زه‌ڕه‌زه‌ڕ، له‌وه‌یه‌ هاواركردن بێت له‌ ده‌ست سته‌می مرۆڤ و ده‌یان ره‌نگه‌ی تر.. مرۆڤ كه‌ باكی له‌ كوشتنی هاوخوێن و هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆی نیه‌ و له‌ هیچ شتێك سڵناكاته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كانی، نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێبكه‌ین له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵێكدا _ئه‌ویش چ ئاژه‌ڵێك؟ گوێدرێژ!_ نه‌رمونیان و به‌ سۆزو میهره‌بان بێت… ئه‌وه‌تا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تا ئێستایش هه‌ركه‌س به‌ بێئه‌قڵ و ده‌به‌نگ بزانرێت پێیده‌وترێت كه‌ر، یان كه‌سێك خیانه‌تكارو سیخوڕ بێت به‌ جاش ناوده‌برێت، ئه‌مه‌یه‌ تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌ ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت _له‌ هه‌ندێ ناوچه‌دا_ كاره‌كه‌رو خزمه‌تگوزارێكی بێده‌نگ و بێ‌ داواكاری بووه‌. .
  هه‌ندێجار وا دێته‌ ڕێكده‌كه‌وێت، دوو به‌دوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كتدا خه‌ریكی پیاسه‌كردنن له‌ شوێنێكدا، له‌پڕ تۆ گۆرانییه‌كی له‌ شێوه‌ی: (گیانه‌ به‌سێتی.. گیانه‌ به‌سێتی)، هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو (عه‌لی مه‌ردان) ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زمانت و، له‌گه‌ڵیدا ده‌چیته‌ ناو خه‌یاڵه‌وه‌، هاوڕێكه‌ت هه‌ر چه‌ند قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات، تۆ هیچ ئاگات لێی نییه‌و له‌سه‌ر وتنی گۆرانییه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بیت.. بێنه‌ به‌رچاوت یه‌كێك بێت و به‌زۆر گۆرانییه‌كه‌ت پێ‌ ببڕێت، هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت؟! یان به‌ ته‌نها له‌ شوێنێكدا دانیشتویت و بیر له‌ ناسۆرو ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ژیانت ده‌كه‌یته‌وه‌و خوڕخوڕ فرمێسك له‌ چاوت دێته‌خواره‌وه‌، له‌ناكاو یه‌كێك به‌ تریق و هوڕی پێكه‌نینێكی ناقۆڵاوه‌ بێته‌ سه‌رتداو باره‌كه‌ت لێ تێكبدات… لێره‌دا تۆ ڕێك به‌و منداڵه‌ ناچیت كه‌ له‌ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌وه‌ باسمانكرد..؟!
وتمان زه‌ڕینی كه‌ر هه‌موو هه‌ست ده‌ربڕینێكی ئه‌وه‌.. جاری وا هه‌یه‌ كه‌رێك ده‌ستده‌كات به‌ زه‌ڕه‌زه‌ڕ، هێشتا له‌ نیوه‌ی كاردایه‌، خاوه‌نه‌كه‌ی دێت و لێی تێكده‌دات و، ناهێڵێت ته‌واوی بكات، ئه‌مه‌یه‌ (كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ)، جا له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی گه‌رمیاندا به‌زه‌ڕین ده‌وترێت سه‌ڕین، بۆیه‌ كراوه‌ به‌ كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ، له‌ جیاتی كه‌ری نیوه‌زه‌ڕ..
 ئای ده‌بێت ئه‌م كه‌ره‌ چه‌ند هاواری تاساوو خه‌وی به‌دینه‌هێنراوی له‌ ناخدا كۆبووبێته‌وه‌! ئه‌گه‌ر بێزار نه‌بووبیت له‌ درێژه‌دان به‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌، ده‌مه‌وێت به‌راوردێك بكه‌م له‌ نێوان ئه‌و كه‌ره‌ نیوه‌سه‌ڕه‌دا_ كه‌ به‌زۆر پێبڕینی زه‌ڕه‌كه‌ی له‌لایه‌ن بێویژدانێكه‌وه‌ باری ده‌روونی ته‌واو تێكداوه‌_ و منی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌دا، منێك ده‌سه‌ڵاتدارانی سته‌مكاری وڵاته‌كه‌م، له‌ ئاستمدا بوونه‌ به‌و كه‌سه‌ بێویژدانه‌و ناهێڵن هیچ پرۆژه‌یه‌كم ته‌واو بكه‌م.. تا بۆت بسه‌لمێنم ده‌شێت من  له‌مه‌ودوا ناوی خۆم بگۆڕم بۆ (كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ)!
 گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌….(ببورن كۆمه‌ڵێك میوان خۆیان به‌ ژووردا كردو نووسینه‌كه‌یان پێ‌ بڕیم‌و دیسانه‌وه‌ بووم به‌ كه‌ری نیوه‌ سه‌ڕ!!)
*سوپاس بۆ دایكم (كه‌ری نیوه‌سه‌ڕ)م یه‌كه‌مجار له‌ ده‌م ئه‌و بیستووه‌!

** تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كتێبی (نه‌خوێنده‌واری له‌ زانكۆدا)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .
ئیمه‌یلی نووسه‌ر:Hemnxurshid79@gmail.com 

Previous
Next

Leave a Reply