Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

له‌ سۆراغی نشتیمانی هه‌وردا…

Be First!
by September 2, 2010 ئەدەب

                                           
              _1_
هه‌میشه‌ پێم ده‌گوتی :
ئه‌و شه‌وانه‌ی له‌ قه‌دی روحه‌وه‌ شیله‌ی عه‌شق بچۆڕێ
تاڵاوی مردن له‌ مۆزه‌ی مێژوودا هه‌ڵده‌گیرێ
له‌ته‌نیشت بازاری موحیبه‌ته‌وه‌، كالای جه‌نگ ریسوا ده‌بێ
ئه‌و رۆژانه‌ی عه‌شق، فڵچه‌ی نیگاركێشان بگرێته‌ ده‌ست…
هه‌موو ره‌نگه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ (( ئاو ))،
دڵه‌كان ده‌بنه‌وه‌ به‌ (( خوێن ))،
په‌ڕی باڵه‌ شكاوه‌كان ده‌فڕنه‌وه‌ بۆ (( ئاسمان ))،
گومه‌زی شیعر ، ده‌بێته‌وه‌ به‌ قیبله‌ی هه‌موو خه‌یاڵه‌ شینه‌كان.
ئه‌و وه‌رزانه‌ی عه‌شق هاوسه‌فه‌ر بێت…
له‌ سه‌رابیشدا، ته‌لیسمی تینووێتی ده‌شكێ
له‌ ئاگریشدا، خۆڵه‌مێشی خه‌نده‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كا
له‌ كێڵگه‌ی ژیاندا… ژاڵه‌ی ژان ، گه‌زۆ ده‌گرێ
له‌م سه‌فه‌ره‌دا هه‌موو هه‌نگاوه‌كان ده‌گه‌نه‌وه‌ به‌رده‌رگای فیرده‌وس
هه‌میشه‌ پێم ده‌گوتی : كاتێ عه‌شق سوڵتان بێ…
شنه‌بای ته‌بایی بێره‌دا گوزه‌رده‌كا و ته‌می مه‌رزه‌كانی دڵ ده‌ڕوێته‌وه‌
له‌ جێ سوتماكی فیشه‌كدا، هه‌ر له‌حزه‌ و غونچه‌ی ماچێ ده‌پشكوێ
زه‌نگیانه‌ زه‌رده‌كانی منداڵی …
ده‌بن به‌ ئه‌ستێره‌ی باڵاكردنی به‌خت و….
حه‌زه‌ پیره‌كانیش، وه‌ك باڵی په‌پووله‌ ده‌چنه‌وه‌
               _2_
ئه‌فسوس عه‌شق هه‌ر نه‌هات..!!
نه‌بادا عه‌شق لفانه‌ی (( گۆدۆ )) بێت و هه‌ر نه‌یات..!!
پێم بڵێ: تا كه‌ی له‌ كوخی مت بوونا…
سۆمام له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ ته‌ماوییه‌كه‌ی هه‌تاو بێ..؟!
كوخێك : پڕ بێ له‌ كۆخه‌ی بیره‌وه‌ری و …هه‌ناسه‌ی رزیو
ته‌نراو، له‌ ته‌ونی ته‌نیایی و …ره‌شه‌بای كۆچ
لێوانلێو، له‌ ئه‌فسانه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ و …ته‌رمی باران
با بڕۆین …له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ڵ سه‌حه‌ره‌، كازیوه‌ی گۆرانیان دزی!!
با بڕۆین…به‌ به‌رچاوی چراوه‌، كه‌زی خۆریان بڕی!!
شه‌به‌نگی شیعریان شێواند!!
با ده‌ستی (( با )) بگرین و به‌م كه‌لاوه‌دا گوزه‌ر بكه‌ین
له‌م كه‌لاوه‌دا…
په‌یكه‌رتاشێك دڵی بۆته‌ به‌رد و …
به‌ كۆڵانه‌كانی مانگه‌شه‌ودا جاڕ ئه‌دات:
مه‌زنترین په‌یكه‌ر بۆ حه‌زره‌تی (( عه‌شق )) دائه‌تاشم!!
شاعیرێك، له‌ حزووری بتی عه‌شقدا …
به‌ هه‌نسكه‌وه‌ كڕنۆشی شیعر ده‌بات و…
كه‌چی هه‌میشه‌ ته‌ورێكی له‌ناخدایه‌ كه‌ مۆری زوحاكی له‌سه‌ره‌!!
              _3_
با هه‌نگاوی (( مۆم )) هه‌ڵگرین و بكوژێینه‌وه‌
له‌گۆڕه‌پانی ویژداندا…
 هه‌یكه‌لی (( نه‌مسیس )) هه‌ردوو چاوی كردۆته‌وه‌ و…
تا ترازووه‌كه‌ی به‌لای ئێمه‌دا به‌رز ده‌فڕێ…
ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ خه‌ونی كۆماری سێو و شاری شین هه‌یه‌
به‌له‌رزه‌وه‌ پێی گوتم : پارچه‌یه‌كم پێ ببه‌خشن…
تا له‌گه‌ڵ منداڵه‌چاو خه‌واڵووه‌كانی كوچه‌ی خۆڵدا، چاوشاركێ بكه‌م
بیر له‌ كام ته‌ور ده‌كه‌نه‌وه‌!!
بیر له‌ كام شمشێر ده‌كه‌نه‌وه‌!!
          _4_
با له‌گه‌ڵ (( خه‌ونه‌كان ))دا بپووكێینه‌وه‌
لێره‌وه‌، ناتوانم خه‌ون به‌و سه‌ده‌فه‌ سپپیانه‌وه‌ ببینم
له‌ تاریكی گۆمی ره‌شبینیدا…
مرواری مانا ده‌به‌خشن به‌ لمی وجود
لێره‌وه‌، نازانم له‌ تابلۆی ئه‌و منداڵه‌ رابمێنم…
وه‌نه‌وزی برسێتی ده‌یباته‌وه‌ بۆ عه‌ده‌م!!
چاوه‌ڕوانی سه‌وزه‌خه‌نه‌ی چی لێ بكه‌م؟!
ئای ئه‌و خاكه‌ی پڕه‌ له‌ بۆنی نه‌ست و بارانی بیره‌وه‌ری…!
باڵی هه‌ڵفڕینی گرت و …
په‌ڕێكی نه‌به‌خشی به‌ ئازاره‌كانی چاوی ئه‌نفال!!
خه‌نده‌ی سێوی شیرین بوو…
ساوایه‌كی مه‌مله‌كه‌تی تریفه‌ی ژیر نه‌كرده‌وه‌!!
له‌بیری كرد…
( په‌روانه‌ مه‌سته‌كان ) …له‌ مۆمی دڵ، باڵای ئازادییان بۆ هه‌ڵچنی
ته‌ماشاكه‌، ژووره‌كانی شه‌هوه‌تیان پێ كرده‌ رۆژ و
تونێله‌كانی هه‌تیوێكی شه‌وه‌گرتوو…نا!!
پیاڵه‌ی پیاوه‌ په‌نجه‌پیسه‌كانی دره‌وشانه‌وه‌
لێڵایی روحی ژنه‌ره‌شپۆشێك …نا!!
ته‌ماشاكه‌، قومارخانه‌ی خوێنی ئێمه‌ی كرده‌ چراخان
به‌ڵام كوانووی ده‌روونی پیرێك…نا!!
        _5_
له‌ ئه‌شكه‌وتی خه‌ڵوه‌ت و نامۆییدا…
گۆزه‌یه‌كی هه‌زار ساڵه‌م بۆ هه‌ستی درزبوو دۆزییه‌وه‌
كه‌ له‌ حه‌سره‌ته‌كانی (( خه‌ییام ))ه‌وه‌ كه‌وتووبووه‌ خوار
ویستم قه‌ده‌ر بسپێرم به‌ خامۆشی غوربه‌ت و…
خۆم له‌ بلێسه‌ی نیشتماندا بكوژێنمه‌وه‌
به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان (( خوداوه‌ند ))…نا
هه‌واپه‌رستانی سه‌ده‌ی ده‌مامك، لێیان شكاندم
بڕوانه‌ چه‌نده‌ چۆڵم له‌ چرۆی چنوور و گۆپكه‌ی گه‌ڵا!!
بڕوانه‌ چه‌نده‌ پڕم له‌ شه‌خته‌ی نائومێدی و گومانی رچین!!
با بڕۆین و له‌ دوا ژوواندا…
ئێواره‌یه‌كی سارد، بمانباته‌وه‌ بۆ دیار گۆڕی ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی…
له‌ گڵی منداڵی دروستمان ده‌كرد و
 حیكایه‌تی پاڵه‌وانه‌كۆنه‌كانمان بۆ ده‌گێڕایه‌وه‌
تۆفانی دووه‌م به‌رێوه‌ و ئاوڕ مه‌ده‌وه‌ هاوسه‌فه‌ر…
فریای فاڵی فریاڕه‌س و كه‌شتی شكاو ناكه‌وین
پێم ده‌گوتی : له‌سه‌ر گه‌لا سه‌وزه‌كانی هه‌ناسه‌دا…
نۆته‌ حه‌زینه‌كانی هه‌ڵوه‌رین مه‌نووسه‌وه‌
كه‌چی خۆم له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كانی وه‌رزی ماچدا،
بوومه‌ پیرترین سۆناتای پاییز!!
پێم ده‌گوتی : ئه‌گه‌ر گالیسكه‌ی سه‌فه‌رت له‌ خه‌یاڵدایه‌؟
خۆت بده‌ به‌ر دوا نمه‌بارانی حه‌ز و …
روحت هه‌ڵكێشه‌ به‌ تاڤگه‌ی نێرڤانادا
نه‌بادا ته‌رزه‌ی ترازان…بلووری موحیبه‌تم بشكێنێ
دواجار….
دواجار  خۆم بوومه‌ هه‌ورێكی كۆچه‌ری و …
سینگم پڕ بوو له‌ پژمه‌ی به‌فر.
      _6_
گومان… لێره‌ ته‌نها گومان ره‌نگم ده‌كا!
ته‌نانه‌ت گومان له‌و ده‌فانه‌ش ده‌به‌م
كه‌ له‌ زیكری ده‌روێشاندا ده‌مخه‌نه‌ سه‌مای سه‌وداوه‌
نه‌بادا پێستی (( دڵ ))ێكی عاشقی بۆ خۆشه‌ كرا بێ
لێره‌ له‌ ژێر نیگا خه‌مگینه‌كانی مه‌سیحه‌وه‌…
چوارپه‌لی متمانه‌ به‌ خاچه‌وه‌ ده‌بینم!!
له‌ سێبه‌ری میحرابه‌وه‌، فانۆسی دڵنیایی ده‌ڕفێنن!!
تۆفان به‌ڕێوه‌یه‌ ده‌ستم بگره‌ هاوسه‌فه‌ر…
 پێش ئه‌وه‌ی گومان بمخنكێنێ
ده‌ستم بگره‌…
ده‌ستم…
ده‌ست…
ده‌…
                                                                        رزگار جه‌باری
                                                                     07504066712  

 

Previous
Next

Leave a Reply