Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

لە بەرپرسیاریەتی‌یەوە بۆ نا بەرپرسیاریەتی..!

Be First!
by December 31, 2010 گشتی

 

کامەران عەزیز
Kamaran91@gmail.com

بەرپرسیاریەتی:

بونی هه‌ستی به‌ر پرسیاره‌تی له‌ هه‌ر که‌سێکدا  به‌رامبه‌ر به‌ بون و ژیانی مرۆڤه‌کانی دی نیشانه‌ی  هوشیاریەکی مرۆڤ دۆستی و خوێندنه‌وه‌ی ژیانکردنی مرۆڤه‌کانی دی‌یه‌ له‌ عه‌قڵی ئه‌و که‌سه‌دا ، ئێمه‌ ناتوانین هیچ دۆستایه‌تیەک .. دڵنیاییەک، بۆ مرۆڤه‌کانی دی  پیشان بده‌ین تا نه‌توانین ئاماده‌یی و هاوکاری به‌رپرسیاریە‌تیان بــۆ نەسه‌لمێنین، بونی به‌رپرسیاره‌تی له‌ هه‌ر په‌یوه‌ندی‌یه‌کی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا  ئه‌همیه‌تێکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ،  به‌ بێ بونی  ئاماده‌یی به‌ر پرسیاره‌یەتی ناتوانرێت  به‌دگومانی نێوان هیچ پیوه‌ندیه‌ک  بسڕێته‌وه‌ .
وە بوونی بەر‌پرسیاریە‌تی خاسیەتێکی کۆمەڵایەتی مرۆکانە و بەشێکە لە پێوەری پێگەی کۆمەڵایەتی .. وە پێوەری ڕاگرتنی هاوسەنگی متمانە و ئینتیمای نێوان پەیوەندیەکانی هاوڵاتیانە، وە ئاستی بەرزی و نزمی بەرپرسیارەتی پەیوەستە بە ئاستی تێڕامان وهەست و نەستی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی .. ئاستی فکری و ڕۆشنبیری تاک و گروپی هەر کۆمەڵگایەک. وە نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە بەرپرسیاریەتی وەک هەر کار و چەمکێک تەنها لە یەک ڕوەوە یان لە دیوێکەوە نابینرێت، واتا مرۆکان دەتوانن بە هەردوو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤیدا بەرپرسیاریەتی خۆیان بۆ یەکدی نیشان بدەن..!.
وە گەر پاسیڤیست لە گەڵ هەر کار و چەمکێکی تردا بونی هەبێت، ئەوا لە کەمترین حاڵەتدا لە ئەرکی بەرپرسیاریەتی مرۆکاندا دێتەوە، خاڵیبونی هەر مرۆڤێک لە هەر ئاستێکی بەرپرسیاریەتی، خاڵیبونی هەستی کۆمەڵایەتی بون و کەمی هۆش و هوشیاری ئەو مرۆڤە نیشان دەدات، چونکە بڕوام وایە لە بارێکی زۆر نا ئاساییدا ئەرکی بەرپرسیاریەتی لە مرۆکاندا، دەبێتە سفر..!
بەرپرسیارەتی چه‌نده‌  له‌ نێوان تاکه‌کان و په‌یوه‌ندی‌یه‌  کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان گرنگی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ نێوان ده‌سته‌ڵات و کۆمه‌ڵگادا ئه‌همیه‌تدار و چاره‌نوسسازه‌ .. وە یەکەم بنەمای سەرەکی مانەوە و بەردەوامی هەردەستەڵاتێکە، بۆیە دەستەڵاتدارە خۆ سەپێنەر و درۆزنەکان بەردەوام هەوڵی دروستکردنی بەرپرسیاریەتی وەهمی ( کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری) دەدەن و کۆمەڵگا لە بێ ئومێدیەکی واقیعی و زیندوەوە بەرامبەر بە دەستەڵاتی خۆیان بەرەو ئومێدێکی دوور و وەهمی دەبەن، تا بەردەوامی بەرپرسیاریەتی خۆیان بۆ هاوڵاتیان و کۆمەڵگا نیشان بدەن.. وە لە هەمانکاتیشدا دەیانەوێت بۆ هاوڵاتیانی ژێر دەستەیان بسەلمێنن، کە تەنها ئەوانن دەتوانن بەرپرسیاریەتی گەورەی بەڕیوەبردنی وڵات هەڵبگرن و بەرینەدەن..!

پەڕینەوە لە بەرپرسیاریەتیەوە بۆ بەرپرسیاریەتی:

لە سایەی کۆمەڵگا دیموکراتی‌‌ و مەدەنیەکاندا، لەو کۆمەڵگایانەی کە مافی مرۆیی و هاوڵاتی بون تا ئاستێک تێیدا پارێزراوە، ئەوا بەرپرسیاریەتی لە نێو کۆمەڵگادا بە چالاکی لە دەوراندایە، وە بەرپرسیاریەتی بۆ بەرپرسیاریەتی دەپەڕێتەوە.
وە لەم کۆمەڵگایانەدا بەرپرسیاریەتی بۆ هەردوو دیوی پۆزەتیڤی و نێگەتیڤی دابەش دەکرێت، وە جۆر و شیوازی ئەرکی بەرپرسیاریەتی‌ بە سەر تاک و گروپی کۆمەڵگادا دیاری دەکرێت یان پۆلێن دەکرێت، هیچ کەسێک ناتوانێت بەرپرسیاریەتی بە سەر کەسدا بسەپێنیت، یان بە میراتی لە بنەماڵەیەوە بۆی بمێنێتەوە، گەر توانا و ئامادەیی بەجێهێنانی نەبێت..! وە بەرپرسیاریەتی شتێک نی‌یە کە مرۆکان بە خواستی تەنهای خۆیان بتوانن بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵکو ئەوە توانای کار و ئەرکاکانە کە بون و نەبونی بەرپرسیاریەتی هاوڵاتیان بە گشتی دەسەلمێنێت، گەر لە هەر پەیوندیەکی بەر تەسک و فرواندا یان لە هەر ئاستێکی بەرز و نزمدا بێت.

وە بونی بەرپرسیاریەتی‌یە کە دەبێتە زامنی مانەوەوی هەر پەیوەندیەکی فەردی یان بە کۆمەڵی، وە بە پێچەوانەشەوە خۆ دزینەوە و نەفی کردنی هەر بەر پرسیاریەتیەک دەبێتە هۆی لاوازی و دابڕانی جۆری پەیوەندییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی پەیوەندیەکان و نامۆ بوون لە بەرامبەر پەیوەندیەکاندا..! وە بەرپرسیاریەتی لە پەیوەندیەکی بچوک و سادەوە تا دەگات بە پەیوەندی نێوان دەستەڵات و کۆمەڵگا..سەرۆک و دەوڵەت.. دەوڵەت و هاوڵاتی .. هاوڵاتی و هاوڵاتیەکی دیکە، کە هەموویان بەرپرسیاریەتی گشتیان لە ئەستۆیە، گەر هەر بەرپرسێک نەتوانێت ئەرکی بەر پرسیاریەتیەکەی وەک خۆی بەجێ بهێنێت، ئەوا بە زوویی ئەو بەرپرسیاریەتیەی لە دەست دەدات، واتا چۆنیەتی پراکتیزەکردنی بەرپرسیاریەتی‌یە کە دەبێتە پێوەر و گەرەنتی بەردەوامی ئەو کەسە لە بەرپرسیاریەتی، یان هەڵهاتن لە بەرپرسیاریەتی ..! چونکە هەموو تاک و گروپ و ڕێکخراو و دەزگا مەدەنی و دەوڵەتیەکان و بزوتنەوە کۆمەڵاتی‌یەکان، سەرباری ئەوەی کە خۆیان ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی تایبەت و خۆییان  لە ئەستۆیە لە گەڵ ئەوەشدا ئەرکی بەرپرسیاریەتی گشتی و هاوبەشی وڵات و کۆمەڵگاکەیان، لە هەموو زەمەنێکدا لە ئەستۆیە، وە ئەگەر کار و ئەرکی بەرپرسیاریەتیان هاوتا و تەواوکەری بەرپرسیاریەتی گشتی‌ نەبێت، یان ئەگەر بەرپرسیاریەتی‌  ژیانی داهاتوی کۆمەڵگا نیشان نەدات، ئەوا کار و ئەرکەکانیان بە نیگەتیڤی یان بە نا بەرپرسیاریەتیی  دژ بە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە، دەناسریت..!
بەڵێ لە کۆمەڵگا مەدەنی و سیستماتیکەکاندا وڵات و نیشتمان ئەو شوێنەیە .. ئەو ماڵە گەورەیە کە زۆربەی هاوڵاتیان بە ئاسودەیی ژیانی تێدا تەی دەکەن و شوێنی هەتایی ژیان و مەرگیانە، لەبەر ئەمە هەستی بەرپرسیاریەتی تا ئاستێکی دیاری کراو و بەرچاو لە بیر و زهنی زۆربەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بونی هەیە، واتا زۆربەی هاوڵاتیان هەم خۆیان بەجێهێنەری ئەرکەکانی بەرپرسیاریەتین، وە هەم بەردەوام چاودێری بەرپرسیاریەتی کارگێڕانی سیاسی و هاوڵاتیانن، وە کارگێرانی سیاسیش  متمانەی ئەو بەرپرسیاریە‌تیەی کە هاوڵاتیان پێیان بەخشیون .. بۆیان دیاری کردوون، نایەنەوێت بە هەڵەکانیان ئەو بەرپرسیاریەتی‌یە لە دەست بدەن و پەیمانی ئەو بەرپرسیاریەتی‌یە بشکێنن.
بە کورتی لەو کۆمەڵگایانەی کە دەستەڵات و کۆمەڵگا تەواوکەری یەکن و پەیوەندیەکی هاوسەنگ لە نێواندایە، بەر پرسیارەتی هاوبەشیش لە نێوانیاندا هەیە، بۆ نمونە هەموو هاولاتیەک هەڵگری بەرپرسیارەتی یاسایی و پاراستنی مافی هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە، واتا بەرپرسیارەتی له‌ ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ بۆ کۆمه‌لگا و له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ بۆ ده‌سته‌ڵات و لە هاوڵاتی‌یەوە بۆ هاوڵاتیەکی دی بوونی هەیە…!

پەڕینەوە لە بەرپرسیاریەتی‌یەوە بۆ نا بەرپرسیاریەتی:

 بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و نا عەدالەت بەڕێوەیان دەبا .. لەو کۆمەڵگایانەی کە دەستەڵات و کۆمەڵگا شیر و تیر لە یەکتر دەسونەوە و بۆشاییەکی گەورە لە نێواندایە، نەک هەر بەر پرسیارەتی گشتی و پۆزەتیڤ تێیدا وونە، بەڵکو هەمیشە نا بەرپرسیاریەتی وەک ڤایرۆسیک لە دەستەڵاتەوە بۆ تەواوی کۆمەڵگا دەگوێزرێتەوە، وە بەر پرسیاریەتی  لەم کۆمەڵگایانەدا بە فەرمی شەق دەبات و دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی دژ بە یەک و پێچەوانە، وە بە کردەوە نا بەرپرسیاریەتی تێیدا پەیڕەو دەکرێت، وە بەرپرسیاریەتیەکی تایبەت و نێگەتیڤی خزمەت بە دەستەڵات ( نا بەرپرسیاریەتی ) بە بەرپرسیاریەتیەکی گشتی پیرۆز و نیشتمانی ناو دەهێنرێت..!
ئەو دوو جۆرە بەرپرسیاریەتی‌یەی کە لە سەرەرەوە باسم کرد، هەردووکیان بە مانا باوەکەی بە ( بەرپرسیارەتی ) ناو دەهێنریت، بەلام دەستەڵات  بەرپرسیاریەتی  خۆی بە بەرپرسیاریەتیەک دەناسێنێت کە خۆی لە خۆیدا نا بەرپرسیاریاتی‌یە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و مافەکانی..!! وە هاوڵاتیانی ئاگا و هوشیار و ناڕازی بەرەی کۆمەڵگا .. دژ بە دەستەڵات و دەوڵەت بەرپرسیاریەتی خۆیان پەیڕەو دەکەن، کە دەستەڵاتداران ئەم بەرپرسیاریەتی‌یە بە خیانەت و بە نا بەرپرسیاریەتی دەناسێنن..! کە ئەمەیان بەرپرسیاریەتی خودیی کۆمەڵگایە بەرامبەر بە مافە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیەکانی .. وە بەرامبەر بە پاراستن و بەرگری لە  ژیانێکی ئاسودە، چونکە هەر بەرپرسیاریەتیەک گەر لە ئەنجامدا لە گەڵ بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیاندا نەهاتەوە ئەوا بە نا بەرپرسیاری ناو دەهێنرێت..( بەڵام لە هەندێ کات و زەمەندا بەرپرسیاریەتی گشتی و کۆمەڵایەتیش دەبێتە نا بەرپرسیاریەتی دژ بە ماف و بەهای مرۆیی تاکەکانی کۆمەڵگا……هتد!!)
وە دەتوانم بڵێم لە سایەی دەستەڵاتە بیروکرات و دیکتاتۆرەکاندا، بەرپرسیاریەتی بە تەواوی دەشێونرێت.. وە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، دوو ئاراستەی پێچەوانە و دژ بە یەک وەردەگرن ، دەستەڵات لە جیاتی ئەوەی پاراستن و ڕاپەڕاندنی کار و مافەکانی هاوڵاتیان بە بەرپرسیاریەتی بزانێت .. لە جیاتی ئەوەی ژیانی ئاسودەیی و خۆشی و پێشکەوتنی هاوڵاتیان بە بەرپرسیاریەتی بزانێت ، بە پێچەوانەوە سەرکوت کردن و بێدەنگکردنی هاوڵاتیان لە خواست و داواکانیان .. گەندەڵی و دزی بە سەر مافە گشتی‌یەکانی هاوڵاتیان بە بەرپرسیاریەتی وەردەگرێت و دەناسێنێت ..! واتا لە ئەنجامی چۆنیەتی بەرخوردی دەستەڵاتەوەیە، هاوڵاتیانیش نا ئارامی و بەرگری و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بەرەو ڕووبونەوە بە بەرپرسیاریەتی وەردەگرن..! وە لە جیاتی پاراستن و بەرگری لە دەستەڵات، بروای گۆڕان و سەرنگومکردنی دەستەڵات بە بەرپرسیاریەتی وەردەگرن..!
لە سەر مەتنی ئەم دیدە بەراوردی بەرپرسیاریەتی و نا بەرپرسیاریەتی لە کوردستان بکەین و بزانین تا چ ئاستێک ئەم دوو ئەرکە بە پۆزەتیڤی و نێگەتیڤی لە نێوان هاوڵاتیان و دەستەڵاتدا، هاوسەنگ و تەبا و دژ بەیەکن. ئەگەر بەرخود و مامەڵەی سیاسی هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار لەم چەند ساڵەی دەستەڵاتیاندا بە نمونە بهێنینەوە  و لە زهنماندا ڕاڤەیان بکەین و هەڵیانسەنگێنین، ئەوکات بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئایا دەستەڵاتی ئەم حیزبانە بەرپرسیاریەتیان بە نا بەرپرسیاریەتی بەکارهێناوە..؟! یان هاوڵاتیان نا بەرپرسیارانە دژ بە دەستەڵاتی بەرپرسیاریەتی دەستەڵاتداران بەرخوردیان کردوە..؟!
ئەو بەرپرسیاریەتی‌یەی کە دەستەڵاتدارانی کوردستان  لە ئێستادا دعایەی بۆ دەکەن، بەر پرسیاریەتیەکە لە سەر بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی و دەستەڵاتی بنەماڵە و خێڵ بنیات نراوە کە لە لایەن هاوڵاتیانەوە بە بەرپرسیاریەتیەکی نێگەتیڤ ناسراوە، هەموو بەرپرسیاریەتیەکی نێگەتیڤی دەستەڵاتیش بۆ خۆی دەبێتە نا بەرپرسیاریەتی  دژ بە بەرژەوەندی گشتی و مافە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکانی هاوڵاتیان..!! وە کاتێک دەتوانین بەرپرسیاریەتی دەستەڵات بە بە بەرپرسیاریەتیەکی گشتی و پۆزەتیڤ بناسێنین کە بەرپرسیاریەتیەک بێت، لە پێناو پاراستن و بەدیهاتنی خواست و داوای هاوڵاتیاندا بێت .. وە بەرپرسیاریەتیەک بێت، کە ببێتە بنیاتنان و پێشکەوتنی داهاتوی ئەو وڵاتەی کە لە ژێر سایەی بەرپرسیاریەتی ئەواندایە، نەک بە پێچەوانەوە، ببێتە مایەی سەرکوت و وێرانی و تێکدان و شێواوی و پر لە گەندەڵی ..!

لێرەوە، لە نا بەرپرسیاریەتی دەستەڵاتەوە کێشمەکێشەکان لە پێناوی ساخکردنەوەی بەرپرسیاریەتیەکی ئەسڵ و دروست و گونجاودا .. وە لە پێناو گەڕانەوەی  بەرپرسیاریەتیەکی گشتی و پۆزەتیڤی هاوڵاتیاندا  دەست پێدەکات و کۆمەڵگا و دەستەڵات دەکەونە ململانێ‌یەکی توند و سەخت، تا بەرپرسیاریەتیەکی گشتی و پۆزەتیڤ جێگیر دەبێت.. ئەمەش تەنها بە گۆڕین و گۆڕانکاری دژ بە دەستەڵاتی نا بەرپرسیارانەی پێشوو .. لە ئەنجامی توڕەیی و بەرگری و بەرەو ڕووبونەوەی کۆمەڵگا و دەستەڵاتدا ڕوو دەدات..!
لەم ساتەدا دەستەڵات ئەگەر بەرژەوەندی خۆی هاوتای بەرژوەندی کۆمەڵگا بکات یان نەکات،  بە هەردوو باردا دەتوانێت ببێتە سەرچاوە و بکەری گۆڕینی  بەرپرسیاریەتی، واتا گۆڕینی جێگای نا بەرپرسیاریەتی خۆی بە بەرپرسیاریەتیەکی تەواو وپۆزەتیڤ، وە گۆڕینی بەرپرسیاریەتی بە نا بەرپرسیاریەتی، یان گۆڕینی نا ئاگاهایی و لا موبالاتی  کۆمەڵگا و هاوڵاتیان بەرامبەر بە بەرپرسیاریەتیەکی هۆشیارانەی تەواو.  وە لە هەمان کاتیشدا هاوڵاتیانی هوشیار و ئاگا و نا ڕازی دەتوانن ببنە بکەری قبوڵنەکردنی نا بەرپرسیاریەتی دەستەڵات و دەوڵەت، وە ببنە بکەری بەدیهێنانی بەرپرسیاریەتیەکی ئەکتیڤ و پۆزەتیڤ..!!
12.12.2010

 تێبینی:
ئەم وتارە لە هاوڵاتی ژمارە ( ٦٨٩)دا بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام بەڕیوبەرانی هاوڵاتی هەر خۆیان کردیانە دووبەش و  بەشی دووەمیش چەند ژمارەیەک دواتر بڵاو کرایەوە…؟؟!! 

 

Previous
Next

Leave a Reply