Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

ماڵێک لە پەپوولەو پیاسەیەک بەغوربەتدا…..

Be First!
by April 1, 2012 ئەدەب

 

ماڵەکەم چەند جوانە ،
کاتێک پەپوولەیەکی جوان ،
بە بێ روخسەت دێت و
هەر لە حەوشەوە بەدەم فڕکەوە ،
باخێک دێنێ و
بۆنێک دێنێ…
رەنگ ئەبارێت و
گوڵ ئەبارێت…
ئەو دێت و
ماڵ پڕ لە پەپوولە ئەبێت…
بە گەیشتن باڵە تەنکەکانی لەیەک ئەدا ،
تا رەنگ داوەرێنێ..
ماچ بوەرێنێ…
تامێک بێنێ..
باخێک لە رەنگو تامو ماچ ،
لە مندا بچێنێ..
ئەو دێت و
تا تاقودیوارەکانی ماڵەکەم ،
لە رەنگێک بنەوشەو
بۆنێکی بنەوش ،
بسوێت..
تا وەکو باخێکی تەڕ لە مندا بڕوێت….
بەو رەنگە جوانانە ،
چەند لە پەریەکی ناسک ئەچیت ،
کاتێک رەنگ لە باڵەکانت دائەوەرێنی ،
تا ماڵەکەم بە رەنگ داماڵێنی ،
تا ماڵەکەم جوان ببێت ،
وەکو خۆت..
بۆنخۆش بێت وەکو خۆت…
باخێک لە نەخش و
نەزمێک لە نۆتەی مۆسیقا ،
بۆ حەوشەی ماڵەکەم دێنی..
تۆش ئەی گوڵ ،
بە لاولاوی کەدەکانت بلێ ،
با بە کۆڵانە تەنگەکانی دڵم لاسکەکانت ،
داگەڕێت ،
تا رەنگ بێت و رەنگ ببارێت..
گوڵەماچ بە سەریدا بوەرێ و
رۆحم بە سەر رۆحت داوەرێ…
دڵم بە باڵی نەشئەت ،
باڵ ببێت و
لە هاوسەفەری هەناسە دانت نەبم ،
من بەو سەفەرە بێ ئۆباڵەم ،
تازە رازیم ناچارم…
تا باڵم هەبێت باڵ ئەگرم و
بە فرکەوە دێمەوە بۆ لات ،
تا بە ناو رۆحت فڕکەم بێت ،
تێر بفڕم…
تا بە سەر ماڵێک لە تۆۆ
رۆحێک لە تۆوه بنیشم..
لەوێ گەرای ماڵێک لە رێحان ،
بەیارێک لە ترێو شەراب ،
رووبارێک لە ماچ و
ئاوێکی رووت بە نیازی رووتبوونەوەیەک ،
تاڤگەیەک تام وتەزوو ولەزەت ،
دابێنین و
دائەنێین…
بۆنی ماچێک دەستی پیاسەیەکم ئەگرێت ،
 بۆنی گوڵێک لە سەر باڵی پەپوولەیەک دێت…
لەو ناوە پەپوولە بە دوای رەنگ و
تام وبۆن وماچ ئەگەڕێت ،
من لە گەڕانم بە دوای تۆدا ،
شتێک هەیە لە تۆ بۆ خۆت رامئەکیشێت ،
نازانم رەنگە یان بۆنە یان تامە ،
یاخود ماچێکی سەرشێتە بەرەوپیرم دێت..
یاخود هەموو شتێکەو
هەموو شتێکیش لە تۆ دەستم ئەگرێت..
تۆ چ گوڵێکی ،
بە ئاوی کام کەوسەر باڵات حەزرەتی گرتووە ،
بە رەنگی باڵی کام پەپوولە ،
باڵات رەنگی کردووە..
ئەوە ماچی تۆیە لەو ناوە بە پیاسەیەکەوە ،
 بە دوای سۆراخی مندا ئەگەڕێت..
وەرە ئەی دڵپەپوولە ،
بە پەریزادی دڵت بلێ ،
من لێرەم لەو شوێنەی دڵو گوڵ و
پەپوولە بەیەکەوە ئەگەن ،
من چاوەرێتم…
تا مردن لە ژوانی سەر رێتم…
وەرە ئەی دڵرێزان ،
بە رێزانی دڵی خۆت بڵێ ،
تا رەنگت هەبێت ،
تا دەنگت هەبێت ،
من دەست لە بۆن و
دەست لە ماچ ودەست لە باخ و
دەست لەتامت هەڵناگرم …
من بە تینێک لە هەناسەتەوە ،
تین ئەگرم…
من بە فوویەک لە زەردەخەنەتەوە ،
فێ ئەگرم ،
باڵئەگرم…
کوو ئەتوانم دەست لە هەناسەو
دەم لە ماچ و
ماچ لە دەمی تۆ نەدەم…
من تازە ئەوە نیم لە دەست خۆم بم ،
من ئەوەم لە دەست پیاسەی هەناسەی ،
تۆدام…
ئاسان نیە دەست لە گوڵێک بەردەم ،
کە ئینجانەیەک بێت لە بۆن و
لە رەنگ ولە ماچ ولە تامی تەڕ…
ژیان لای من هەر ئەوەندە خۆشە ،
تا دەستم لە دەفێک گیر ئەبێت ،
بۆ ژەنین..
ئیتر ژانەکانی خۆم رائەژەنم ،
تا ژیان بە بێ گۆرانی نەڕوات…
کە گۆرانی نەما ،
ئیتر ژیانیش تەواو ئەبێت ،
دەست لە خۆت بەرمەدە ،
گۆرانیەک بلێ…
تا پیاسەیەک بۆنی ئێوارەیەکی خەمگینی ،
پێوە مابێت ،
تا شنەبا حەز بکات چاوبازی ،
لەگەل چاوە جوانەکان بکات و
بە هەناسە دەست لە کەزیەکانت وەردات ،
تا منیش وەکو گەریدەیەکی سەراسیمە ،
بەر لە بەربانگی ئێوارەیەکی غوربەت ،
کە میلی کاتژمێر حەز لە سەر بڕینی ،
هەناسەم ئەکات…
لە ئەوەل سەحەریەکی خەواڵوو ،
بە مەنزلێک لە عیشقی رووتی مەنفادا ،
 کە بە سەرفترەی ماچی رێبوارێکی هەمیشە ،
سەرخۆشم….
من بە ناو رارەوەکانی ماڵی تۆدا ،
پیاسەیەک ئەکەم ،
تا لەگەلتدا شۆڕ ببمەوە ،
تا لەگەلمدا شۆڕ ببیەوە..
تا بۆن هەبێت ،
تا ماچ هەبێت و
تاشەکرە بزەو مۆسیقای تاری دەنگێکت مابێت ،
من دێم وفڕکە ئەکەم…
تۆش بە ناو ژوورەکانی ماڵی مندا ،
فڕکە بکەو بۆن ببارێنە ،
پیاسە بکەو رۆحم بە رۆحت دابارێنە…
ماچ ببارێنە ،
تا ماچێک دێت ولە ئێوارەیەکی وەرانی پەلکەکانماندا ،
پیاسەیەکمان پێ ئەکات…
بۆنی پەلکێک جاترەی رابردوو و
لەگەل رەنگی لالنگیە نارنجیەکانی بەر ،
ئاسۆی غوربەتی ئەمڕۆکە ،
خەواڵوویی خەونێکی مەنفامان لە بیر ئەباتەوە…
با لە ماڵێک بگەڕێین کە بۆنی پەلکی رێحان و
لاسکی نێرگز سەرخۆشمان ئەکات…
بارانێک لە گوڵ ،
بارانێک لە عەتر ،
بارانێک لە رەنگ ،
بارانێک لە ماچ ،
تەڕمان ئەکاتەوە…
تا تەم ودوکەڵی بۆنسۆی ماڵی دوێنێکەمان ،
راپێچێت…
بە بۆنی بخوردێک ورەنگێک کافوری ،
تەمێک لە هەناسەی چلەپونگێکی تەڕ ،
هەناسەمان بتەنێت و…
گەروومان بتەزێنێت…
هەورازمان لێ بگۆرێت…
تێکوپێک دە ئەی شەدەلاری مەنفای من ،
ئەو ماڵە مەنفا ساردو
کۆن ومیراتە سەر بەکەسەرەم….
با ئاساری لە سەر پاسار نەمێنێ…
بە توولەرێی هەندرێنی خەونەکانم ،
سەرکەوە تا رۆحت سەرکەوێت ،
تا رۆحی منیش سەرکەوێت…
ئەی مەزەداری من….
تا من بتگەمێ و
رۆحم بتگاتێ ،
دەستم بتگاتێ ،
هەستم بتگاتێ..
جەستەم لە بۆنێکت گیر بێت ،
تامێکم لە تامی تۆ بەرکەوێ…
تۆ ئەی تۆ چەند سەرسامم بە تۆ ،
تاوێک بۆنم پێ ئەدەی ،
تاوێک بۆنم لێ ئەبەی ،
تاوێکیش تێکوپێکم ئەدەی …
هەموو شتێکم لە بیر ئەبەیەوە…
بۆنی رێحانت بە ئاوی سەراب ئاو نادرێ ،
وەرە تا زووە سەری شوشەی عەترت فڕێدە ،
بامن تاوێک سەرخەوێک لەناو ئەو شوشەیە بشکێنم…
تا هەناسەم تەڕ کەمەوە ،
تا خۆمی پێ تەڕ کەمەوە…
بنەوشی تەمەنت سەمایەکی دەروێشانەی ئەوێ…
ئەگەر خەندە نەبێت لێو بە بۆیە نارازێتەوە..
رێ لە کزەبایەک مەگرە ،
کە لە ژوانی ئێوارەی غەریبی دوورەوڵاتیم ،
پیاسەیەک بە رۆحت ئەکات…
مینای پەنجەرەکانی رۆحت ،
لە باڵی پەپوولە ناسکترن ،
لەبەردەم هەناسەی سارددا خۆیان راناگرن ،
سەری پڕ لە شێرو رێویم ،
سەرسنگی تۆی ئەوێ تا بە سەرخەوێک ،
هەموو ئەو سەینو بەینانەی ،
بێم یان نێم ،
 داڕمێنێت….
بە شیلەی پێکەنینێک ،
جامێک لە مرەبای گێلاسی تریفەم ،
لە پێش دائەنێی…
بە لیکی شامی بەتووی (رێهەند)ێکت ،
بارانێک لە موحیبەتی تەڕم ئەوێ…
گەڵارێزانێک لە رەنگی پەلکی کەسکی چاوت ،
داوەرێنە…
بە شانەی سۆرومۆری پەنجەکانت ،
پەڵکەزێرێنەیەک لە خەونەکان دابەزێنە ،
 با رەنگ ببێتە ئاوو بە هەموو کەلەبەرەکاندا ،
بڕوات…
بەستە ببێتە پەپوولەو
پەپوولەش بەستە بۆ بێدەنگی بلێت….
بە سەر دڵ وماڵم شنەبای رۆحێک دابارێنە ،
لەو سوبحی نەسیمی وادەی من و
بادەی مەنفا نەڕژاوەدا ،
کەی وادەی کۆچ وسەر هەڵگرتنە ،
بۆ مەفتەنێک  کە دوور بێت ،
لە چاوی غەریبی من..
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک مەلی ماڵی ئەوینی تۆ ،
لە دەرکەی ماڵی من ئەدات و
بە دەم سروەی جریوەیەکی تەڕ ،
ماڵەکەم پڕ لە سیمفۆنیای ئاوازی  عیشقت ئەبێت…
ماڵی دڵم چەند خۆش وچەند نەرم ،
 بەسەر ئەکەیەوە..
بە هاتنت ماڵم چەند خۆشەو
دڵم چەند خۆشە ،
بە نەزمی عەزفی مەراسیمێک لە خوڕە ،
خوڕەیەک لە ئاو تەڕتر ،
ماڵەکەم تەڕو پڕ مۆسیقا ئەکەیەوە..
بە سەر ماڵی حەزینی پێکەوەژیانی باوبارانم ،
ئاوازێکی حەزین بە باو
سۆزێکی سەرخۆش بە باران ،
سەرخۆشتر ئەکات هەناسەو
گۆرانی ناو گەرووی مەنفامان…
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک منو تۆ ،
بە سەمایەکی سەرشێتانەی دوور لە چاوی ،
پاییزو بروسکەو هەور ،
بە دوای بارانێکی عاشق لە بەهاردا ،
سەر هەڵئەگرین ،
تا خۆمان لە عەبەسیەتی خۆمان ،
لە یاخی بوونی خۆمان ،
بە دوور بگرین..
بەرەو عیشقێکی ئەبەدی بفڕین و
دوور بفڕین…..
بەو بەزمەش ئەگەر تا بەیانی لەگەل یەک بین ،
نە ترێمان ئەوێت ،
بۆنی شەرابیشمان ناوێت ،
بە بۆنی ماڵەکەمان سەرخۆش ئەبین…
ماڵەکەمان بەوە جوانە ،
کە لەگەل یەک بین….
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک ،
پەپوولەکانی من وتۆ لە بن ئەو بنمیچەدا ،
گەمە بە رەنگەکانی سەر باڵی یەکتر ئەکەن و
ماڵمان پڕ رەنگ و
رەنگمان بە بارانێکی تەڕ ،
رەنگاورەنگ ئەکەن…
بەو بارانە بۆنخۆشە ،
نەسیمی کزی بەر پەلکە وەراوەکانی غوربەت ،
بە پەلکێک زێڕینی ناسک بە عیشق ،
بۆ ماڵەکەم دێنی…
ماڵێک پڕ لە بزەو تریقە ئەکەی و
ئامێزێک ئاوەدان ئەکەیەوە…
هێشووەماچ لە ساپیتەی ماڵ و
باخی نائاوەدانی ماڵەکەم ،
دائەچێنی….
دەبا پەپوولەکان بێن و
رێیان لێ نەگرین..
تا ماڵەکەمان پڕ لە شیلەو
پڕ لە بۆن وپڕ لە ماچ وبزەو
پڕ لە شیعرو پڕ لە ژەنینی تار ئەکەن….
چیتر لە ئێوارانێکی غەریبدا ،
سەرهەڵنەگرین و
 جادە غەریبەکان پێمان دانەگەڕێن..
با پیرەژنە پیرەکانی بەر دەرگاکان ،
بە خێسە بە دوامان نەگەڕێن ،
ئەوانیش تاقەتیان لەوە چووە ،
ئەوەندە لێمان بڕوانن…
با بە ئارەزووی سۆزێکی رەقوتەق ،
خۆمان نەدەینە دەست جادەیەکی رەقوتەقی ،
مەنفا…
با وسلێکی تەڕ بە ئارەزوومان هەڵگرین ،
تا پەپوولەکان بە بەرماڵێک بگەڕێنەوە ئەو ماڵە ،
تا نوێژێک بۆ جەمعی یەکتر ،
بە جەماعی بەیەکەوە بکەین…
دەبا چیترلە غوربەتێکی غوربەتدا ،
گۆرانیەکی خەمگین بۆ غوربەتی یەکتر ،
نەلێین…
خۆ ئێمە لە سەرکانی خەلوەتێک داین ،
بۆ لە سەرچاوەی ئاوی خەڵوەتێک ،
بگەڕێین….
ئەو ماڵەی جارێک پەپوولە پیاسەی تێدا بکات ،
جارێکی دیکەش دەرکەی حەوشەکەی ،
بۆ پیاسەیەک داناخرێت…


شوان عوسمان- ئەلمانیا

بۆن-٢٦/١٢/٢٠١١

 

Previous
Next

Leave a Reply