Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

موقه‌ده‌س ….. پشکۆ ناکام

Be First!
by November 23, 2010 گشتی

   میلله‌تانی‌ دونیا، چه‌ند دووچاری‌ گێرمه‌و كێشمه‌ی‌ ناوخۆیی‌، به‌شه‌ڕو كوشت‌و كوشتاریشه‌وه‌ بووبن، هه‌رگیزاو هه‌رگیز (سه‌ركرده‌كان)! خۆیان نه‌خستۆته‌ سه‌روو میلله‌ت‌و هیچ رێكه‌وتنێكی‌ (ئاشتی‌)یش نه‌خراوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ به‌موقه‌ده‌س بزانرێت، چونكه‌ رێكه‌وتنێك له‌ترسی‌ خوێنڕشتن بێته‌كایه‌وه‌، مه‌ترسی‌ هه‌ڵته‌كاندنی‌ لێده‌كرێت به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بڕیاری‌ ئه‌و(خوێنڕشتن)ه‌ی‌ نه‌داوه‌و بۆته‌ قوربانی‌‌و ته‌نها سه‌ركرده‌كان به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌م‌و دوابه‌رپرسیشن، ته‌نانه‌ت له‌ئایین‌و نووسراوه‌ خواوه‌ندییه‌كانیش، ته‌نها په‌روه‌ردگار موقه‌ده‌سه‌و لادان له‌و پرنسیپه‌ ئه‌چێته‌ ئاستی‌ (كوفر)ه‌وه‌.
(تاڵه‌بانی‌)كه‌ له‌شه‌سته‌كانه‌وه‌ له‌ململانێیه‌كی‌ خوێناوی‌ دژواردا بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌‌و ئۆتۆماتیكی‌ پارتیش، له‌گفتوگۆیه‌كیدا بۆ گۆڤارو سایتی‌ (گوڵان) له‌18/10/2010 ئه‌ڵێت “من به‌ش به‌حاڵی‌ خۆم یه‌كێك له‌سه‌روه‌رییه‌كانی‌ ژیانی‌ خۆم به‌وه‌ ده‌زانم كه‌ توانیومه‌ له‌گه‌ڵ‌ كاك مه‌سعود له‌سه‌ر هه‌موو شتێك رێك‌و ته‌بابین، زۆرجار ده‌ڵێم خۆزیا ئه‌و ته‌باییه‌ی‌ وه‌ختی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ هه‌مبوو، تێكنه‌چووبا…!”.
به‌پێی‌ ئه‌م وتانه‌ تاڵه‌بانی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و باوكیدا ناته‌باو ناڕێك بووه‌، سه‌روه‌ری‌ نه‌بووه‌ بۆ ئه‌و، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا كه‌ تاڵه‌بانی‌ هه‌ست به‌سه‌روه‌ری‌ ئه‌كا‌و مانای‌ سه‌روه‌ری‌ ئه‌زانێ‌، نه‌ئه‌كرا له‌شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌و هه‌ستكردن به‌و(سه‌روه‌ری‌)یه‌ی‌ هه‌بووایه‌و میلله‌ت‌و ره‌ش‌و رووت‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌شكری‌ هه‌ردوولایان بوون، رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و هه‌موو قوربانی‌‌و نه‌گبه‌تی‌‌و خوێنڕشتن‌و سووكایه‌تیكردن‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ خستنه‌ ژێرپێوه‌ نه‌كردایه‌‌و هه‌ر له‌ڕوانگه‌ی‌ ئه‌و سه‌روه‌رییه‌وه‌، كوردو یه‌كێتیی‌ ریزه‌كانی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ بكردایه‌ به‌بنه‌مای‌ ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی‌ كه‌ ئه‌و تازه‌ به‌تازه‌ هه‌ستی‌ پێكردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌(له‌كیسدانی‌ ئه‌و سه‌روه‌رییه‌)میلله‌ت باجێكی‌ زۆر قورس‌و له‌بیرنه‌چووی‌ داو نازانین ئاخۆ ئێستا تاڵه‌بانی‌ چه‌ند له‌و باجه‌ ئه‌خاته‌ ئه‌ستی‌ خۆی‌؟ خۆ ناكرێت بڵێت(من بێتاوان)م له‌و باجه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ ئه‌ڵێت: “خۆزگه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌و سه‌روه‌رییه‌م هه‌بووایه‌!.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ ئه‌ڵێت: “نێوانی‌ من‌و كاك مه‌سعود، چ خێرێكی‌ بۆ كورد هه‌بوو پێچه‌وانه‌كه‌شی‌ چ زه‌ره‌رێكی‌ بۆ كورد هه‌بووه‌!”.
لێره‌دا ئه‌توانین سه‌رنج بۆ دوو خاڵی‌ گرنگ له‌و وته‌یه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بده‌ین، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌بایی‌ ئه‌و دوانه‌ (خێره‌) بۆ كورد، واته‌ هیچ پێوه‌رو لێكۆڵینه‌وه‌و بنه‌مایه‌ك نییه‌ بۆ كورد بۆ ئاشتی‌ بژی‌ جگه‌ له‌ته‌بایی‌ ئه‌و دوانه‌! ئه‌و دوانه‌ رێكبوون، كورد رێكه‌. ئه‌و دووانه‌ شه‌ڕیانه‌، كورد هه‌مووی‌ له‌شه‌ڕدایه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌وله‌یه‌كی‌ تر نه‌كه‌وینه‌وه‌ خوێنڕشتن، هه‌رده‌م له‌دڵه‌ڕاوكێدا بین‌و بڵێین خودایه‌ ئه‌و دووانه‌ تێكنه‌چن، خودایه‌ هه‌رچی‌ كورده‌ ناته‌بابێ‌، گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌و دووانه‌ن، ته‌بابن!.
خودایه‌ هه‌رچی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌ تێك‌و مه‌كان بچێ‌ ته‌نها ئه‌و دووانه‌ تێك نه‌چن!.
تاڵه‌بانی‌ دان به‌وه‌داده‌نێت كه‌ كاتێ‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ نه‌یاره‌كه‌ی‌ ته‌با نه‌بووه‌، زه‌ره‌ری‌ بۆ كورد هه‌بوو، به‌ڵام پێمانناڵێت كام زه‌ره‌ر؟ قه‌واره‌كه‌ی‌ چه‌نده‌؟ چه‌ند كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر (سایكۆلۆجیه‌ت)‌و (كه‌راكتار)ی‌ كورد كه‌ چۆن بڕواننه‌ یه‌كتر‌و لووله‌ی‌ چه‌كه‌كانیان له‌دژی‌ كام لا پێ‌ باشتربێت، دیاره‌ ئه‌و مه‌به‌ستی‌ له‌و زه‌ره‌ره‌ ئه‌و هه‌موو (خوێنڕشتن)ه‌ بووه‌ كه‌ به‌ده‌یان ساڵ‌ له‌زاكیره‌ی‌ خه‌ڵك وننابێت، ئه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو دروشمانه‌ی‌ له‌پێناو خوێنڕشتنی‌ زیاتره‌وه‌ به‌رز ئه‌كرایه‌وه‌؟ ئه‌و دروشمانه‌(كوردایه‌تی‌) بوو یان بزوێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك بوو بۆ تێوه‌گلان له‌(ناته‌با)یه‌كه‌ی‌ ئه‌وو مه‌سعود بارزانی‌؟ تۆ بڵێی تاڵه‌بانی‌ بتوانێت به‌(دۆكیومێنت)‌و بۆ مێژوو ئه‌و سه‌روه‌رییانه‌مان پێبسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و له‌(ناته‌با)یدا له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود له‌كیس خۆی‌‌و میلله‌تی‌ كوردی‌ داوه‌؟ بۆ نموونه‌: كه‌ تاڵه‌بانی‌ كتێبێكی‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ كورد بڵاوكرده‌وه‌(كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ كوردستان)ئه‌بێت ئێستا له‌كتێبخانه‌كاندا بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌كاتی‌(ناته‌بایی‌)نووسراوه‌و(سیفه‌تی‌:سه‌روه‌ری‌)ناگێڕێته‌وه‌و بابه‌ته‌كانی‌ جێی‌ متمانه‌ نین، هه‌چ بابه‌تێك دووربێت له‌سه‌روه‌ری‌ میسداقیه‌تی‌ خۆی‌ له‌كیس ئه‌دات.
تاڵه‌بانی‌ دیسان بابه‌تێك ئه‌وروژێنێت كه‌ شایه‌نی‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆری‌ له‌سه‌ر بنووسرێت، ئه‌و ئه‌ڵێت: “هاوپه‌یمانێتی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ موقه‌ده‌سه‌و له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌!!”.
به‌م وته‌یه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بێت، كوردو خاك، به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ دابینكردنی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌یبه‌تی‌ تاكی‌ كورد…‌و….‌و ده‌یان ئیعتیباری‌ تر، هیچیان له‌ئاست رێككه‌وتنی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ یه‌ك فلسی‌ قه‌ڵب، ناهێنن، لای‌ تاڵه‌بانی‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ ستراتیجه‌، نه‌ك ئامانج‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كان، لای‌ ئه‌و(ته‌بایی‌)له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ ستراتیجه‌ نه‌ك دابینكردنی‌ ئابووری‌ نیشتمانی‌، لای‌ ئه‌و له‌كورددا جگه‌ له‌(ئایین)، رێككه‌وتنی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ پیرۆزه‌، گه‌ر پیرۆزتریش نه‌بێت!!.
لای‌ تاڵه‌بانی‌ هه‌موو كوردو سه‌روه‌رییه‌كان بۆ كورد ئه‌كه‌ونه‌ خوار هاوپه‌یمانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌؟، واته‌ كورد وه‌ك میلله‌ت ده‌ستی‌ دووه‌، ستراتیجی‌ نێوان تاڵه‌بانی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌ ده‌ستی‌ یه‌كه‌، له‌سه‌روو هه‌موو ده‌سته‌كانه‌وه‌یه‌و له‌و پێناوه‌شدا هه‌ر ده‌ستێكیتر بێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌بڕدرێته‌وه‌. باویشه‌ كه‌ هه‌موو قوربانییه‌ك هه‌رده‌م له‌پێناوی‌ خزمه‌تكردنی‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كییه‌، به‌و پێیه‌و به‌وته‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ بۆ پاراستنی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیجی‌ نێوانیان، قوربانی‌ به‌هه‌موو ئامانجێكیتر ئه‌ده‌ن كه‌ له‌ئاستی‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ ئه‌واندا نه‌بێت.
به‌(موقه‌ده‌س)كردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌، شه‌رعییه‌ت ئه‌دا به‌به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ هه‌موو كه‌س‌و تاقم‌و هه‌وڵ‌‌و هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ به‌به‌هانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ناكرێ‌ خۆت له‌قه‌ره‌ی‌(موقه‌ده‌س)بده‌یت‌و ئه‌و دوو هێزه‌(كه‌ تا ئێستاش وایان كردووه‌)هه‌رچی‌ دژایه‌تیكردنی‌ خه‌ڵكه‌ زیاترو زیاتر رۆژانه‌ به‌ئه‌نجامی‌ ئه‌گه‌یه‌نن هه‌ر له‌ڕوانگه‌ی‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ ئه‌وان(موقه‌ده‌س)ه‌.
به‌تاڵانبردنی‌ سامانی‌ میلله‌ت، دزین‌و راوو رووتكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم، ده‌مكوتكردنی‌ ده‌نگی‌ جیاواز، خۆ به‌گه‌وره‌زانی‌ هه‌رێم‌و خۆ به‌بچووكزانی‌ به‌غداد، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ ده‌رودراوسێ‌ له‌سه‌ر حسابی‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كان، به‌زۆر سه‌پاندنی‌ سیستمێك كه‌ خه‌ڵك ناهه‌قیان بڵێن: “خۆزگه‌م به‌كفن دز” ئیهانه‌كردنی‌ هه‌ست‌و ناخی‌ كورد… گه‌ر ئه‌مانه‌ موقه‌ده‌سن‌و سه‌روه‌ری‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تاڵه‌بانی‌، سوپاسی‌ ئه‌كه‌ین كه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و (قودسیه‌ته‌)ی‌ ئه‌وان، رێگای‌ (ئیلحاد) زۆرو زه‌به‌نده‌

Previous
Next

Leave a Reply