Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

نه‌ ته‌كفیری مه‌لاكان‌و نه‌ ته‌شهیری ڕۆشنبیران…

Be First!
by January 30, 2011 گشتی

 

   چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ پانتایی نێوان عه‌لمانی‌و ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تاڵه‌ ده‌زویه‌كی ماوه‌ بۆ قرتاندن، ئه‌و پانتاییه‌ كه‌سه‌رزه‌مینی واقیعیی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پانتاییه‌كه‌ كه‌خه‌ریكه‌ به‌ره‌‌و تێكهه‌ڵپژانی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ری هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێت، ئه‌وه‌نده‌ پانتاییه‌ك نییه‌ بۆ لێك تێگه‌یشتن‌و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌هێڵ به‌زاندن، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌نێوان مامۆستایانی ئاینی‌و ڕۆشنبیر‌و میدیاكاران سه‌رزه‌مینیك بخوڵقێنرێت بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بۆچون‌و حیواركردن، سه‌رزمینێك خوڵقێنراوه‌ كه‌بووه‌ به‌جێگه‌ی ته‌شهیركردن‌و ته‌كفیركردن‌و یه‌كتری تاوانباركردن، كه‌ئه‌وه‌ش به‌گشتی له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌سه‌ره‌تای دروستبونی حیواری نێوان ڕۆشنبیران‌و مه‌لاكان، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها له‌نێوان میمبه‌ری مزگه‌وته‌كان‌و ڕوپاڵی ڕۆژنامه‌‌و ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌رنه‌چێنرێت‌و نه‌هێڵرێت، له‌وێوه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات به‌ره‌‌و شه‌قامی جه‌ماوه‌ری، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌كان كه‌وتۆته‌ بۆسه‌ی ململانێیی سیاسی‌و به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان داخزێنراوه‌ته‌ نێو سكۆڵانی گوتاری حیزبی‌و تێڕوانینی حیزبییه‌وه‌، كه‌ئه‌وه‌ش ئه‌و سه‌ره‌تا نوێیه‌مان پێ‌ نیشان ئه‌دات كه‌خه‌ریكه‌ له‌نێوان ته‌كفیری مه‌لاكان‌و ته‌شهیری ڕۆشنبیران، سه‌رزه‌مینی جه‌نگێكی ساردی ئایدۆلۆژی دێته‌وه‌ گۆڕێ‌، وه‌ك ئه‌و جه‌نگه‌ ئایدۆلۆژییه‌ی كه‌له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی ئه‌م نیشتیمانه‌ بوونی هه‌بوو، كه‌جار به‌جار ئه‌و جه‌نگه‌ په‌ره‌ی ده‌سه‌ند‌و ده‌بووه‌ شه‌ڕی چه‌كداری‌و، جه‌نگی ناوخۆی نێوان عه‌لمانی‌و ئیسلامییه‌كان، كه‌ئه‌وه‌ش هه‌موومان به‌دوچاوی خۆمان بینیمان كه‌چ ده‌رئه‌نجامێكی هه‌بوو، كه‌به‌ده‌رپه‌ڕاندنی هێزێكی توندڕه‌وی وه‌ك ئه‌نسارالاسلام كۆتایی پێهات، كه‌بێگومان لایه‌نگران‌و چه‌كدارانی نێو ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌، له‌ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانی ئه‌م نیشتیمانه‌بوون، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین، كه‌ئه‌وانیش كوڕو نه‌وه‌ی هاونیشتیمانیانی ئه‌م خاكه‌بوون، ئه‌وانیش له‌و كه‌سانه‌بوون كه‌پێشتر له‌جه‌نگی ساردی نه‌وه‌ده‌كانی نێوان چه‌پ‌و عه‌لمانی‌و ئیسلامییه‌كان، هێزو گوڕیان كه‌تمان كرابون‌و، بیر‌وبۆچونیان له‌نێو ژوره‌كانی خۆیاندا قه‌تیسكرابوو، به‌جۆرێكی وه‌ها كه‌هیچ په‌نجه‌ره‌یه‌ك نه‌كرابویه‌وه‌ به‌ڕویاندا بۆ (گوێگرتن‌و حیواركردن)، هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌دواتر به‌بڕیاری ته‌كفیركردن كه‌وتنه‌ ووێزه‌ی خه‌ڵكی زۆرینه‌ موسڵمانی كوردستان‌و، بون به‌هێزێكی توندڕه‌وی وه‌ها، كه‌تائێستاش ئه‌و مۆره‌ ناشیرنه‌و كرده‌كانی ئه‌وان به‌ناوچاوی سیاسی ئه‌م نیشتیمانه‌وه‌ دیاره‌، هه‌ڵبه‌ته‌ من لێره‌دا به‌رگری له‌گوتاری ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان ناكه‌م، له‌هه‌مانكاتدا كه‌س تاوانبار ناكه‌م به‌وه‌ی كه‌ڕویدا، به‌ڵكو ئه‌و پانتاییه‌ نیشان ئه‌ده‌م، كه‌ئه‌و ده‌مه‌ له‌نێوان ئه‌و پۆله‌ گه‌نجه‌ ئسیلامییه‌ توندڕه‌وه‌‌و، چه‌كداره‌كانی حیزبه‌ عیلمانییه‌كاندا نه‌مابوو، هیچ ووشه‌یه‌ك نه‌مابویه‌وه‌ بۆ لێكتێگه‌یشتن‌و گفتوگۆكردن، ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا ڕوو ئه‌دات له‌نێوان ته‌كفیری مه‌لاكان‌و ته‌شهیری هه‌ندێك له‌ڕۆشنبیران، خه‌ریكه‌ به‌ره‌‌و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌نگاومان پێ‌ هه‌ڵده‌نێت، كه‌ئه‌وه‌ش له‌ڕاستیدا بۆ گشت هاونیشتیمانیان جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌، چونكه‌ ئێستا سه‌ره‌تای پشوویه‌كی كورته‌‌و له‌جه‌نگی هه‌شتا ساڵه‌ی كورد‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ داگیركه‌ره‌كانی ده‌ور‌وبه‌رمان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌، ئێستا سه‌ره‌تای بونیاتنانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌‌و نامانه‌وێت جارێكی دیكه‌ ئه‌م نیشتیمانه‌ بكه‌وته‌وه‌ نێو بۆسه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان دوو حیزب یان دوو هێزی ئایدۆلۆژی عه‌لمانی‌و ئیسلامی‌و دینی، ئه‌م سه‌ره‌تا نوێیه‌ش كه‌وابڕیاره‌ له‌بونیاتنانه‌وه‌یدا یاسا سه‌روه‌ربێت‌و گوتاری ئه‌خلاقی‌و ڕۆشنگه‌ری له‌وپه‌ڕی ڕاسته‌وه‌ هه‌تا ئه‌و په‌ڕی چه‌پ پشكییان به‌ركه‌وێت له‌بونیاتنانه‌وه‌یدا، كه‌ئیدی ئه‌وه‌ش هیچ پانتاییه‌ك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ له‌یه‌ك ئاڵاندنی بیر‌وبۆچون‌و تێك هه‌ڵپژاندنی سیاسی‌و دینی، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ئێستادا پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان مامۆستایانی ئاینی‌و ڕۆشنبیر‌و میدیاكاران، سه‌رزه‌مینی لێكتێگه‌یشتن دروست بكرێت‌و بخوڵقێنرێت، ڕه‌نگه‌ ئێستا هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ڕوییانداوه‌، كه‌ئه‌وه‌ش پتر له‌ڕێگای دانیشتنی نێوان ڕۆشنبیران‌و هه‌ندێك له‌ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كاندا ڕویداوه‌‌و كه‌خه‌ریكن لیژنه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاكسازیكردن له‌و ته‌شهیر‌و ته‌كفیرانه‌ی كه‌ڕویانداوه‌ له‌چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو، به‌ڵام به‌ته‌نها لیژنه‌یه‌كی په‌ڕله‌مانی ناتوانێت زامنی ئه‌وه‌ بكات كه‌ئیدی، جارێكی دیكه‌ ئه‌و كێشانه‌ سه‌ر هه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌‌و، له‌ڕۆژگارێكی دیكه‌ی دور یان نزیكی ئه‌م نیشتیمانه‌، تێكهه‌ڵپژانی فكری‌و ئایدۆلۆژی‌و سیاسی نێوان گوتاری ڕۆشنبیری‌و دینی دروستنه‌بێته‌وه‌، له‌وسۆنگه‌یه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بنه‌بڕی ئه‌وكێشانه‌ بكرێت، ده‌بێت په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌دروستكردنی لیژنه‌ی یاسای هه‌ڵسێت نه‌ك لیژنه‌ی چاكسازی، ده‌بێت كاری ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ته‌نها هه‌وڵدانبێت بۆ سنورداركردنی ئازادی تاك‌و ده‌ربڕینی ئازاد‌و بیر‌وبۆچونی ئازاد، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌نێوان میمبه‌ری مزگه‌وته‌كان‌و ڕوپاڵی ڕۆژنامه‌‌و په‌رتوكه‌كان، بۆشاییه‌ك نه‌مێنێته‌وه‌ ناوی ته‌شهیر پێكردن‌و هێرشكردنی له‌سه‌ر بێت، ده‌بێت تاك ئازاد بكرێت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنی بیر‌و باوه‌ڕی خۆی‌و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت له‌په‌ڕله‌مانه‌وه‌ به‌بڕگه‌ی یاسای كه‌به‌ته‌نها، له‌وه‌ به‌رپرسه‌ كه‌خۆی ده‌یڵێت، نه‌ك له‌وه‌ به‌رپرسه‌ كه‌خه‌ڵكی ده‌یڵێت، له‌مه‌شه‌وه‌ ئازادی ده‌بێته‌ گوتارێكی یه‌كسان، له‌نێوان مه‌لا‌و كه‌سانی دینی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیر‌و ڕۆژنامه‌نوس‌و هاوڵاتییه‌كی ئاسایدا یه‌كسان ده‌كات‌و هیچ جیاوازییان نامێنێته‌وه‌، كه‌ئه‌وه‌ش جگه‌له‌وه‌ی ده‌بێت خوێندنی نێو مزگه‌وته‌كان‌و گوتاری دینی‌و گوتاری هه‌ینی به‌یاسای بكرێت‌و، ڕیوشوێنی شه‌رعی دینی ئیسلام‌و یاسای تایبه‌ت به‌خۆی بۆدابنرێت‌و بگیرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت مزگه‌وته‌كان له‌ژێر گوتاری حیزبی‌و ڕۆژنامه‌‌و زمانی ڕۆشنبیرانیش له‌ژێر ته‌شهیری دینی بهێنرێته‌ده‌ر، ئه‌مه‌ش جگه‌له‌وه‌ی كه‌ده‌بێت به‌پێیی یاسای په‌ڕله‌مان، به‌دواداچون بۆ ئه‌و ڕوداوانه‌ی ڕابردوو بكرێت كه‌له‌نێوان مامۆستایانی ئاینی‌و ڕۆشنبیران ڕویداوه‌‌و، ڕێكسازی له‌هه‌ڵه‌كانیاندا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌بۆ هیچ كاتێك میمبه‌ری مزگه‌وته‌كان‌و ڕوپاڵی ڕۆژنامه‌كان كه‌زمان‌و میمبه‌ری كۆمه‌ڵگا‌و خه‌ڵكن، نه‌كرێنه‌ سه‌رزه‌مێنێكی ته‌شهیر‌و ته‌كفیر وه‌ك ئه‌مڕۆ كه‌خه‌رێكه‌ هیچ پانتاییه‌كی له‌یه‌كتێگه‌یشتن ناهێڵێته‌وه‌ له‌نێوان هاونیشتیمانی‌و ڕۆشنبیر‌و مه‌لاكاندا…

زمناكۆ ئیسماعیل
zmnakoplayer@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply