Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

چۆن خه‌ڵتانی خوێن کرام، چۆن دوا هه‌ناسه‌یان لێ سه‌ندم!!!!

Comment
by February 17, 2011 گشتی

چۆن خه‌ڵتانی خوێن کرام، چۆن دوا هه‌ناسه‌یان لێ سه‌ندم!!!!
ڕێژوان عه‌لی وه‌ها له‌ گه‌ڵ خودا ده‌په‌یڤێت!!!!!

ئه‌مرۆ به‌یانی زوو، که‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ دنیا له‌ چاو ڕۆژانی پێشودا خۆشتر بوو، ده‌مزانی چله‌ و شه‌خته‌ی زستان ڕوو له‌ ته‌واو بوون ده‌کات، له‌ کۆتا ڕۆژی پایزی ساڵی ڕابردوه‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌م جلێک له‌ به‌ر بکه‌م جه‌سته‌م قورس نه‌کات، چونکه‌ هێنده‌ چاکه‌ت و ده‌ستکێش و کڵاوی خوری قورسم پۆشیبوو ته‌واو بێ تاقه‌ت بووبووم، ئه‌مڕۆ که‌ بینیم سپێده‌ جۆرێکی تر ده‌ڕوانێت، پۆله‌ ڕیشۆڵه‌ به‌ نازه‌وه‌ سه‌ما له‌ سه‌ر دارتێلی قه‌راخ شۆسته‌ی به‌رماڵه‌که‌مان ده‌که‌ن دڵ خۆش بووم ، نه‌مده‌زانی نهێنی ئه‌م مه‌سروریه‌م چیه‌؟ پرسیارم نه‌کرد ئه‌رێ بۆ وه‌ها که‌یف خۆشم ؟!، بڕیارم دابوو ئه‌مڕۆ بۆ یه‌که‌م جار پۆشاکێک له‌ به‌رکه‌م له‌ نێوان زستان و به‌هاردا داوه‌ری بکات، حه‌زمکرد ئه‌م که‌یف خۆشیه‌ی خۆم له‌ جلو به‌رگه‌که‌مدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌..ئاه بیرم نه‌بوو سێ رۆژ پێش ئێستا ڤالانتاین بوو، ئه‌و ڕۆژ حه‌زمده‌کرد ئه‌م پۆشاکه‌ بپۆشم ،وه‌ڵی سه‌رمای زستان نه‌یهێشت، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌مڕۆ ئه‌و حه‌زه‌ منداڵانه‌ی خۆم به‌ دی بهێةم، دوای ئه‌وه‌ی نان و چام خوارد و به‌ره‌و ژوره‌که‌ی خۆم به‌ڕیکه‌وتم ده‌ستم بۆ ئه‌و به‌رگه‌ برد که‌ ئه‌بوایه‌ ئه‌مڕۆ بمپۆشیایه‌،،
کابۆ شینه‌که‌ و چاکه‌ته‌ سوره‌ کڵاوداره‌که‌م،
ده‌مزانی دیکتاتۆرێک ڕوخاوه‌له‌وپه‌ڕی ئه‌فریقا و لێره‌ سه‌ما بۆ ڕوخانی ده‌کرێت، ئاخر من هێشتا مێرد منداڵم نه‌مده‌زانی که‌ بۆ ده‌بێت ئێمه‌ له‌م پارچه‌ فه‌رامۆشکراوه‌ی سوچێکی زه‌مین ئاهه‌نگ بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان بکه‌ین ،
جار جار ده‌مبینی گه‌نجانێک له‌ودوو وڵاته‌ به‌ر فیشه‌کی بێ ڕه‌حمی پیاوه‌کانی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌که‌ون و ئیتر هه‌ڵناستنه‌وه‌، وێنام نه‌ ئه‌کرد ساتی سه‌ره‌مه‌رگی ئه‌وان چۆنه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ راگه‌یاندنه‌ نه‌فره‌تیه‌کان ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا دوا ساته‌کانی مه‌رگی ئه‌و که‌سانه‌ ببینم،
به‌ هه‌ر حاڵ
ماڵم به‌ جێ هێشت،
نازانم، ڕه‌نگه‌ دڵم خه‌به‌ری دابێت، یاخود مه‌عشوقه‌ تازه‌که‌م که‌ ئیزرائیل بوو چپاندبێتی به‌ گوێما،
سه‌یری چه‌رپاکه‌م کرد، له‌ ژوری میوان و به‌رهه‌یوان و که‌لوپه‌له‌کانی ناو ماڵ ڕامام، ته‌ماشای دایکم کرد، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ پێ ده‌که‌نی که‌چی توێژاڵێک خه‌م له‌ ڕوخساری نیشتبوو، حه‌زم کرد ماچێکی ناو چه‌وانی بکه‌م به‌ڵام وابزانم دامنا بۆ ئێواره‌ که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ بکه‌م، که‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ چاوێکم خشاند به‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌دا و هه‌موو بیره‌وه‌ریه‌کانم وه‌ پێش چاو هاتنه‌وه‌، ئایییییی بیره‌وه‌ری خۆش و ناخۆش خۆی توڕ هه‌ڵدایه‌ ناو خه‌یاڵدانمه‌وه‌، هه‌ڵماتێنی گه‌ڕه‌ک، تۆپتۆپێن و پاشان شه‌ر له‌ سه‌ر فاوڵه‌که‌ی نێوان من و کوڕه‌که‌ی باجی ،،،،،، دراوسێمان که‌ باش ده‌مزانی مافی ئه‌ویشه‌ ، ئاخر به‌ڵام من له‌ خۆشه‌ویستیی ئه‌ودا حه‌زم له‌و به‌زمه‌ ده‌کرد له‌ گه‌ڵیدا، پاسکیله‌ بچکۆلانه‌که‌ی خۆم بیرکه‌وته‌وه‌ که‌ چه‌ند دڵ خۆش بووم به‌ کڕینی،
بیرم دێت ئه‌و‌ براده‌ره‌ی ڕۆژێک ئازاری دابێتم به‌ پۆزی ئه‌و پاسکیله‌ تۆڵه‌م لێده‌کرده‌وه‌،ئای چه‌ند منداڵێکی چه‌تونبووم، کاتێک ئه‌م خه‌یاڵانه‌ ته‌واوی سه‌رمی قورس کردبوو سه‌یر بوو به‌ لامه‌وه‌،
له‌ خۆمم ده‌پرسی ؛ ئه‌وه‌ هێنده‌ زوو گه‌وره‌ بووم وا تاسه‌ی منداڵی ده‌که‌م؟ باشه‌ خۆ من هه‌موو چه‌ند سه‌عاتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌ی بۆچی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هێنده‌ بیری ماڵه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ جێم نه‌هێشتووه‌،
باسی ئه‌و ڕۆژه‌ی قوتابخانه‌ ناکه‌م ، چونکه‌ هه‌موو ڕۆژه‌کانی لێک ده‌چن و له‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌کی تردا ئه‌وه‌ت بۆ باس ده‌که‌م با گێرانه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆم ئه‌وه‌ی تێدا نه‌بێت(ئه‌ی خودا)،
وه‌ک وتم،
ده‌مزانی خڕ بونه‌وه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ نزیک وێنه‌که‌ی شێخ مه‌حمود،ئه‌و جێگه‌یه‌ی زۆر ئێواران به‌ کتێبه‌کانی قوتابخانه‌وه‌ له‌وێ چایه‌کی گه‌رمم له‌ گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌کانمدا فڕ ده‌کرد، ده‌مزانی گه‌نجی زۆر لێیه‌، ده‌مزانی داوای ئازادی ده‌کرێت، ده‌مزانی هه‌موو له‌وێن ، پرسیم بۆ من یه‌کێک نه‌بم له‌و هه‌مووه‌؟، ڕۆشتم،
که‌ ڕۆشتم جیلێکی هاوته‌مه‌نی خۆم ده‌بینی توڕه‌ بوون، بینیم چۆن داوای مافی خۆیان ده‌که‌ن، بینیم هاواری نا دادپه‌روه‌ری وا میله‌تێک ده‌خنکێنێت و ئێستا هاواری خۆ ڕزگار کردن ده‌که‌ن، زۆر سه‌یر بوو ،
زو ده‌رکم کرد چه‌نده‌ به‌ش خواروم ، چه‌نده‌ گه‌نجێکی بێ نازم، ئاییی چۆن توڕه‌ بووم که‌ ده‌مبینی گه‌لێک په‌له‌ قاژه‌ی مه‌رگ ده‌کات و ده‌یه‌وێت ڕزگار بێت، هاوارم ده‌کرد، پێ ده‌که‌ نیم .
هاوارم ده‌کرد که‌ گوێم له‌و نادادپه‌روه‌ریانه‌ ده‌بوو که‌ به‌رامبه‌رم کراوه‌، پێ ده‌که‌نیم که‌ ده‌مبینی هاونیشتمانیه‌کانم ئێستاش له‌ داواکردنی ئازادیی بێ تاقه‌ت نه‌بوون،
نزیکی دوو کاتژمێر له‌وێدا ماینه‌وه‌، ئییتر خۆمانیان سه‌ربه‌ست کرد چی ده‌که‌ین،
منیش وه‌ک هه‌موو ئه‌و هاو نیشتیمانیانه‌ی ترم به‌ره‌وه‌ خوار ڕۆشتم ، (ئه‌رێ ئه‌وه‌ خواروی سلێمانی بوو یان خواروی ژیان من به‌ره‌و ڕوی هه‌نگاوم ده‌نا؟)نازانم،
ته‌لارمان زۆر ته‌ یکرد،
هه‌مووی دامه‌زراوه‌ی هه‌رێمه‌که‌م بوو، به‌ڵام هێنده‌م زانی له‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌یه‌کدا گیرساینه‌وه‌ وتیان ئه‌مه‌ باره‌گای سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌مه‌، بینیم خه‌ڵک جامی توڕه‌یی ده‌ڕیژێت ، خه‌ڵک هاوار ده‌کات به‌رد ده‌هاوێژێت، گله‌یی ده‌کات،
منیش که‌ تێفکریم ده‌رکم به‌وه‌کرد که‌ ئێمه‌ زۆر جار له‌ ڕوی باوک و دایکدا ده‌وه‌ستینه‌وه‌ و به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌ینه‌وه‌ ئیتر بۆ ئاسایی نه‌بێت به‌م سه‌رۆکه‌شم بڵیم له‌ تۆ توڕه‌م و تکایه‌ ئاوڕم لێ بده‌ره‌وه‌،
به‌ردێکم هه‌ڵگرت به‌ره‌وه‌ باڵه‌خانه‌که‌ی سه‌رۆکه‌که‌م هه‌ڵمدا، به‌ردێکی ترم هه‌ڵگرت و دووباره‌ کاره‌که‌م ئه‌نجام دایه‌وه‌،
چه‌ک به‌ ده‌ستم ده‌بینی له‌و دیو باڵه‌خانه‌که‌وه‌ وه‌ستابوون، بیرم له‌ زۆر شت ده‌کرده‌وه‌ که‌ به‌رامبه‌رمان بکه‌ن به‌ڵام ڕوتێکردنی لوله‌ی تفه‌نگ نا!، بیرم ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئێستا غازی فرمێسک ڕێژ ده‌هێنن و بڵاوه‌مان پێ ده‌که‌ن ، چێژم له‌وه‌ش وه‌رده‌گرت چونکه‌ هیچ نه‌بێت مه‌یدانی ته‌حریرم ده‌هاته‌وه‌ به‌رچاو، بیرم، ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئێستا ئه‌وانیش ده‌ست ده‌که‌ن به‌ به‌رد هاویشتن ئه‌ویش هه‌ر خۆش بوو به‌ لامه‌وه‌ ، ده‌موت نابێت له‌م شه‌ڕه‌ به‌رده‌دا ببه‌زێم، ئاخر من منداڵانه‌ بیرم ده‌کرده‌وه‌ هێشتا،
شتێکی ڕه‌ق جه‌سته‌ی کون کردم، گه‌رمایی جه‌سته‌می گرته‌وه‌، به‌ر چاوم ته‌ڵخ بوو، هێدی هێدی قاچه‌کانم شل بوون، هاوڕێکانم ده‌بینی هه‌ڵده‌هاتن و نه‌مده‌توانی دوایان بکه‌وم ، که‌ سه‌یری جه‌سته‌ی خۆم کرد ئه‌وجا زانیم چی بووه‌،
قژم که‌ ئوتوم کردبوو وابزانم ته‌ڕ بوبو، لینجیه‌کی خه‌ست به‌ سه‌رمه‌وه‌ بوو، که‌ ده‌ستم تێسره‌واند و هێنامه‌ به‌ر چاوه‌کانم خوێنم بینی، هیچ ، خوێن و هیچی تر،
هێدی هێدی به‌ لادا که‌وتم، ئای چه‌ند بێ که‌س بووم ، چه‌ند ته‌نیا بووم ، ئاخر ئه‌قڵم هه‌موو شتێکی ده‌بڕی نه‌ک مردنی خۆم له‌م سه‌ره‌تای گه‌نجێتیه‌دا، شه‌وی پێشوو سه‌د به‌رنامه‌م دانابوو بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک وشه‌ی(م،ه‌،ر،گ)ی تێدا بێت، لانی که‌م به‌رنامه‌ی ده‌ ساڵی داهاتووم هه‌بوو، ئاواتی بیست ساڵی داهاتوتریش ، به‌ڵام که‌ ئه‌و شله‌ ڕه‌نگ سوره‌م بینی زانیم هه‌موی وه‌هم ده‌رچوو، حه‌قیقه‌ت له‌م وڵاته‌ی مندا ئه‌وه‌تا که‌ ئێستا باوه‌شی پێداکردووم(مه‌رگ)،
که‌س نه‌یبینیم ، هیچ که‌س پێی نه‌زانیم ، له‌و ساته‌ی پۆستاڵ له‌ پێکان لێم نزیک ده‌بونه‌وه‌ و پانتؤل له‌ پێکان جێیان ده‌هێشتم من ده‌گریام، به‌ڵام گریانێکی بێ ده‌نگو کوشنده‌، گریناێک مه‌گه‌ر له‌و ساته‌دا ته‌نها تۆ ئاگات لێی بوبێت(ئه‌ی خودا)،
بیرم ده‌کرده‌وه‌ یانی گه‌رانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ته‌واو”؟ ژیان هه‌مووی بۆ من ئه‌م که‌مه‌ بوو؟ ئه‌رێ شکاندنی شوشه‌یه‌ک و ڕوخاندنی دیوارێک و هه‌تا کاولکردنی ته‌لاریش ئه‌وه‌ی ده‌هێنا وه‌هایان له‌ من کرد؟
ئه‌ی سه‌یرانی ئه‌م به‌هاره‌ی قه‌شقۆڵی له‌ گه‌ڵ هاوپۆله‌کانم؟ ئه‌ی مه‌له‌وانگه‌ی ئه‌م هاوینه‌ی دوای نیوه‌ڕوانی گه‌رم؟ ئه‌ی له‌ باوه‌شگرتنی ئه‌زمه‌ری دوای توانه‌وه‌ی به‌فر؟ یانی هه‌مووی بوون به‌ هه‌ڵم و له‌ سینه‌مه‌وه‌ ده‌رچون؟ئاییییییییییی دڵ ته‌نگ بووم ، گریام زۆر گریام که‌س ده‌نگمی نه‌بیست، زۆر سوتام که‌س بۆنی نه‌کردم، توامه‌وه‌، ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ جه‌سته‌یه‌کی بێ که‌ڵک بوو،
نازانم بۆ کوژرام ، نازانم کێ بکوژمه‌، نازانم هه‌قی کوشتنم بوو؟
ئاخر زۆر کتوپڕ بوو، زۆر، ئێستاش چاوه‌رێم زوو ئه‌م گفتوگۆیه‌ ته‌واو بێت و بڕۆمه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌مه‌ چاره‌نوسی من نه‌بوو ئه‌ی خودا!!!!

سالار جاف

Previous
Next

Leave a Reply