Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

که‌رکوك له‌ نێوان فه‌نتازیاکانی ده‌سه‌ڵات و له‌یادنه‌بوونی لایه‌نه‌کانی تر

Be First!
by March 4, 2011 گشتی

کچه‌ بچووکه‌که‌م، ته‌مه‌نی 10 ساڵه‌ وله‌ پۆلی چواری بنه‌ڕه‌تیه‌ و له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دایك بووه‌. ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا کێشه‌یه‌کمان بۆ درووست بوو، ئه‌وه‌ بوو که‌ ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ پێمان ده‌ووت، ئێمه‌ خه‌ڵکی کوردستانین، به‌ڵام له‌ قوتابخانه‌ هاوڕێکانی پێیان ده‌ووت ( تۆ ده‌ڵێی خه‌ڵکی کوردستانم، به‌ڵام کوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان نیه‌، گه‌ر ڕاست ده‌که‌یت وه‌ره‌ پیشانمان بده‌). ئه‌ویش که‌ ده‌هاته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، پێمانی ده‌ووت ئێوه‌ بۆ ڕاستی به‌ من ناڵێن، کوا کوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان؟. من و دایکی بۆمان ڕون کرده‌وه‌، که‌ کوردستان دابه‌ش کراو داگیرکراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاینده‌دا، هیوامان هه‌یه‌ که‌ ببێته‌ ووڵات .
ئه‌م ڕوداوه‌ ڕاستیه‌م، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ باسکرد، چونکه‌ ئێستا لای من و هه‌زاران خه‌ڵکی تر، ئه‌م پرسیاره‌ به‌شێوه‌یه‌کی تر دروست بووه‌، وه‌ من بۆ خۆم توشی شۆکیش بوومه‌. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ، پرسی که‌رکووك و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی تر له‌ کوێی داواکاریه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی ئازادیه‌؟.
پاش هه‌شت ساڵ له‌ ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و سه‌ر له‌ نوێ درووست بوونی ده‌وڵه‌تی عیراق به‌ به‌شداری کارای ده‌سه‌ڵاتی کوردی، تائێستا پرسی که‌رکوك له‌ خالی سفر چه‌قی به‌ستووه‌. وه‌ که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌ ئه‌دای نادروستی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بکات له‌و باره‌یه‌وه‌. وه‌ ته‌نها یه‌ك نمونه‌ به‌سه‌، که‌ کورد سه‌رده‌مێك حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی ڕزگارکرد بێ هیچ ده‌سکه‌وتێکی سیاسی گرنگ.
ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی ئیداری و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی،  ورده بزمار بن له‌ تابوتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی سیاسی و سازش کردن له‌سه‌ر کێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و چارنوس سازه‌کان، دوا بزمار و گه‌وره‌ترین بزمار ده‌بێت له‌و تابوته‌.
له‌ میانه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ئێستای کوردستان، که‌ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌ی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، ئۆپۆزیسۆن( گۆڕان، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو) و ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی ئازادی، داواکاری خۆیان پێشکه‌ش به هه‌ر سێ‌سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی هه‌رێم کرد. زۆربه‌ی زۆری ئه‌وداواکاریانه‌ دروستن و ده‌بێت سوپاسی ماندووبوونیان بکرێت.
به‌ڵام فه‌رامۆش کردنی پرسێکی سیاسی گرنگ و چاره‌نوسسازی وه‌ك که‌رکوك، که‌ هه‌میشه‌ له‌ بیری لایه‌نی عه‌ره‌بی و تورکمانی و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ریشه‌، هیچ پاساوێکی نیه‌، جگه‌ له‌ فه‌رامۆش کردن و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی. یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت بگه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ تائيستا ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ڕازین له‌ ئه‌دای سیاسی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هیچ‌ وکێشه‌یه‌کیان نیه‌ له‌ ه‌ باره‌یه‌وه‌.
من زیاتر ڕوی ده‌مم له‌ ئه‌نجومه‌نی کاتیه‌، چونکه‌ به‌ بۆچونی من ئۆپۆزیسیۆن به‌شێکه‌ له‌ شه‌قام، به‌ڵام  نه‌ خاوه‌نێتی و نه‌ده‌شتوانێت ئاراسته‌ و چاره‌نوسه‌که‌ی دیاری بکات.
هه‌ڵبه‌ت دیاره‌ فاکته‌ری کات ڕۆڵی گرنگ ده‌بینێت وه‌ ئاشکرایه‌ له‌و هه‌ڵو مه‌رجه‌دا چ په‌شۆکاویه‌ك و سه‌رقاڵیه‌ك دروست ده‌بێت. به‌ڵام په‌له‌ کردن توشی هه‌ڵه‌ی مه‌ترسیدارمان ده‌کات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ باشتر وابوو، ئه‌و داوکاریانه‌ پێشتر وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بخرانایه‌ته‌ به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستان، بۆه‌ئه‌وه‌ی به‌ بۆچون و پێشنیاری زیاتر و باشتر  به‌شداری تێدا بکرایه‌.
داواکاریه‌کان دوو خاڵی لاوازی گرنگی تێدایه‌، فرامۆش کردنی پرسه‌ سیاسیه‌کان و له‌ بیرکردنی هه‌ندێ پێکهاته‌ی گرنگی کۆمه‌ڵگای کوردیکه‌ به‌ڕاستی خوه‌نی کێشه‌ و گرفتی سه‌ره‌کین و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌راوێز خراون.

 

محه‌مه‌د خه‌یروڵا ئه‌مین

Previous
Next

Leave a Reply