Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

کورتە نامە 3 …. دڵسۆز حەمە

Be First!
by March 10, 2012 ئەدەب

١
هەتا نزیک  نزیکتر نەبومەوە لێت
نەمدەزانی  هێندە  دووریت  لێم .

٢
متمانەم  بە هیچ  پیاوێک نیە
بەتایبەتی  تۆ
تەنهاییم لەگەڵ  کەس  بەش ناکەم
بەتایبەتی  تۆ
کەچی ڕۆژانە  چاوم دادەخەم
خۆم لە دڵ و
خۆم لە خۆشم گێل دەکەم و
کورتە نامەیەک  دەنێرم.

٣
نائومێدانە   دەنوسم
با … بڵێم  نائومێدی  دەمنوسێتەوە
زەمین چەند  گەمژانە  دەڕوانێتە  خۆرەتاو
کە بە سوتانی خۆی  دڵی  تەنگی باخچەکە ڕەوشەن دەکاتەوە
باخچەش هەرگیز  تێنەگەشت ئەو سوتانە بۆئەوە
وهەگیز  حاڵی نەبو لە حیکایەتی
سوتان وتەزینی  وەرزەکان.

٤
لەبەر ئاوێنەی  کۆگاکە
زۆر لێمدەوەشێتەوە  عەزیە  پەمەییەکە
سوراوە پەمەیی و
گوارە  پەمەییەکانیش
وەلێ کە تەنهاییم ڕای  خۆی پێگوتم
بیرم کەوتەوە  کە یارێکم نیە بۆی لەبەر کەم
وێنەکەم  وعەزیەکەشم   لە ئاوێنەکاندا جێهێشت.

٥
بێنان  وئاو  دەکرێ بژیم
چەندان  ڕۆژ
بێ  پارەوپول دەکرێت  بژیم چەندان  مانگ
بێ  عەترەکانم   دەتوانم بژیم  چەند ساڵێک
لەوەتەی  هەم بێ  ووڵات  دەژیم وەکو سەگ
بێ  خۆشەویستی  تۆ ناژیم 
تاقە ڕۆژێک  .

٦
تۆ کە  نازانیت
چەندە دڵتەنگم ئەمڕۆ
چەندە گریاوم ئەمشەو
کە نازانیت تەنهایی چۆن ئەشکەنجەم دەداو
چەندە ژیان دوورە لێم
کە نازانیت چەند پارە لە گیرفانمدا و
چۆن چۆنی خەونی بچوکی منداڵەکەم   دەهێنمە دی
نابینیت باڵای  ئازارم چەند بەزرە و
لە کوێدایە   برینەکەم
هەقت  چیە  پرچم  بە کێ دەبەخشم و
بۆ کوێ  دەمبات سەفەر و
دڵم بۆ کامیان  دەنێرم

٧
باران دواکەوت  .. کێڵگە  خەمی لێهاتوە
عەشق  لەدەرگای نەداوە هێشتا .. تەمەن  خەمی لێهاتوە
تۆ کە   نایەیت .. کە دوادەکەویت  لە سەفەر
هۆشم بە هیچەوە نامێنێت
خەمم  خەمی لێهاتوە .

٨
دەزانم  خراپ  وسەقەت  وسەگبابە  ئەو پیاوە
دەزانم  ئەوەندەی من  گیرۆدەی  ئەو بوم، ئەو  وا نیە
دەزانم  شێتم  دەکات و
شەوم پێ  ڕۆژ دەکاتەوەو  و
سوێ  دەباتە ناو دڵمەوە
ڕۆژی ڕوناک
ئەستێرەم  پێ نیشان دەدات
کەچی  دەستم لێی نابێتەوە
ناتوانم لێشی توڕە بم ،
ئاخر هەر ئەو توانی دەستی بگاتە تەماشام
شپرزەییم  داگیر کات،
ئاخر بەو  کۆڵانە تاریک  و
بەو ڕێگا  پر ئازارەیە
بەو پێچە  بکوژانەیە
کە هەر  ئەو دەتوانێت بمبات
دڵم بروسکە لێیبدا و
تامی عەشقم پێ بکات .

٩
ئەگەر هەمو پیاوەکان وەک تۆ بن
کەس ئیدی
باوەڕ بەو خوێنە ناکات
کە لە تەنهایی ژن دەڕژێ و
بەو هاوارەش  لەم  دیرۆکەوە   دێتە بەر گوێ.

١٠
وەکو  ئەو هەمو  تاریکیە  بە ژیاندا  ڕژاوە
بەس  نیە   عەشق  هەیە ،
وەکو  ئەو هەمو کوشتارگە  زۆرە هەیە
بەس  نیە   گۆرانیش  هەیە
وەکو  ئەو  هەمو دیوارە   کەو تۆتە  پەیوەندی
بەس  نیە    پەنجەرەی زۆر بچوکی ووتن هەیە
وەکو ئەم سەحرایە  بە ڕۆحمدا  ڕاکشاوە
بەس  نیە تۆ و شیعر هەن
دەنا .. هەر ئێستا دەمردم .

١١
وەڵلاهی 
وەبیللاهی
وە تیللاهی
وەلامی  ئەم  نامەیەم   نەدەیتەوە
بە کوشتنی  تۆ لە خۆما  .. خۆم دەکوژم .

١٢
لە نیوەشەو  تێپەڕی  وەختەکە
لە پاییز  تێپەڕی تەمەن
لە داستان تێپەڕی  ئەم حیکایەتە 
کەچی ئەو هەر خەریکی پیاسەیە لە خەیاڵمدا و
کۆشکەکانی لە تەماشاما هەر دەچێتە ئاسماناو
شەیداییم  تا دێ  جوانتر دەبێتەوە.

١٣
کە میهرەبانیت دەڕژێتە گوێچکەمەوە
کە دەمگریتە باوەشت
پرچم دەحەپەسێت و
دەستم لە پەنجەکانم دەپرسێ
ئاخۆ ڕۆژێک 
بە شەڕگەکاندا تێپەڕیوە  ئەم ڕوبارە ؟
ئاخۆ
ئەم پیاوەی  ئێستاکە
لە سینەمدا  ئەستێرە  و
لە دڵمدا   خۆرەتاو  و
لە کەمەرمدا   نیلۆڤەر دەڕوێنی
هەرگیز  تفەنگی ناسیوە   پەنجەکانی ؟!

١٣
هەتاو  هەڵبێت  وهەڵنەیەت
بە  من  چی
خۆ نە پەنجەرەیەکم هەیە
چەپکە هەتاو بێنێتە ژورە زۆر تەزیوەکەو
نە ماڵێکیش  کە سبەیان پەنجەرەکانی واڵاکەم
نە سبەینێیەکیش   لە چارەنوسمەوە دیارە
هەتا  لە پەنجەرەکانەوە  چاوەڕێی  کەم.

١٤
ڕۆژێک   دەکوژرێم
بەدەستی  میهرەبانی  خۆی
دوا  تەڵقەی  میهرەبانی  دەنێت  بە دڵمەوە
خوێنم  بە ڕاڕەوەکاندا   دەڕژێت
ئەو  نەدەگیرێت و نە پۆلیس  دەیدۆزێتەوە
بکوژەکەم  تەنهاییمەو
بۆ ئەبەد  پێکەوەین
بە مەرگم  خۆی   خۆدەکوژێتەوە .

١٥
ئەوان زێر  کۆدەکەنەوە
من ووشە
ئەوان  ڕاوی چارەنوس
ڕاوی عەشق و
ڕاوی دیوارێک دەکەن
لە پەیوەندیەکی  بچوکدا تەنهاییان  وون دەبێت
من لە بێئومێدیما
دەیان عاشق و
دەیان  دیوار  و
مەرگم بڕی تا چارەنوسم  بگۆڕم .

١٦
ووڵاتەکەم  و پیاوەکەم
چەند  لەیەک دەچن
هەردوکیانم  خۆشدەویست
خۆشمدەوێن
بێبەری بوم  لەو  ووڵاتە و
نە ماڵێک و نە باخێک  و نەخەونێکی  پێ بەخشیم
پیاوەکەشم
ماڵەکە وباخچەکە  وخەونەکەی  برد و.. جێیهێشتم

نۆڤەمبەر 2011

Previous
Next

Leave a Reply