Skip to Content

Tuesday, January 25th, 2022

کۆمەڵگای کوردستان، نە ئیسلامیەو نەئادابی گشتیشی ئیسلامە

Be First!
by November 5, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

هیچ چەمکێك بەئەندازەی چەمکی ئادابی گشتی یان پیرۆزیەکان، ئادابی گشتی و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی پێشێل نەکردووە و نەیکردۆتە نیشانە. بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی)، بەردەوام و بێپسانەوە، هێرشێکی توند و هەمەلایەنە بۆ سەر ئازادی، پێشکەوتنخوازی، یاساو رێسای شارستانی، مافەکانی تاک، مافە مەدەنیەکان، مافەکانی ژنان و مناڵان، مافی توێژینەوە و بەدواداچونی زانستی، تا دەگات بەهێرش بۆ سەر نووسەران، لە شاعیرەوە بۆ هونەرمەندو شانۆکار، بۆسەر چەپ و کۆمۆنیستەکان، بۆ سەر سیماجوانەکانی ژیاری، بۆ سەر داهێنان، بەردەوام بووە. هەموو ئەو هێرش و هەرەشە و فتواو ناوزراندن و دەستوەشاندن و تەنانەت دەستبردن بۆ تیرۆر و تەقاندنەوە…تاد، پاساوەکەی بە بەزاندنی پیرۆزیەکان، بە تێکدانی ئادابی گشتی، دەستی بۆ براوە. ژینگەی بۆ سازدراوە. رەخنەگرتن، توێژینەوە لەئیسلام و پەیامبەرانی و قەڵەمرەویی دەسەڵاتدارێتی مێژوویان، رەخنە گرتن لە قورعان و دەقە ئیسلامیەکان، هۆنراوەیەکی بێ ئیشتیا لای ئیسلامیەکان، داهێنانێکی زانستی، پەیکەرێکی خۆشەویستی یان ئیرۆتیک، پەیامێکی ئەوینداری، تەنانەت نوکتەیەکی وروژێنەر، سیمایەکی سێکسی، تا دەگات بە ساڵۆنەکانی جوانکاری، دوکانەکانی مەیفرۆشی، سەیرانگا ئارامەکانی پشودان و دارە رەنگینەکانی، بەرێوەچونی ئاهەنگێکی تایبەتی…تاد، کەوتونەتە بەردەم غەزەبی گروپێکی نامۆ بە ئادابی گشتی و پیرۆزیەکانی ئینسان. کە ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستانن و دیارە دەسەڵاتی سیاسیش لە پشتیان بووە.

ئادابی گشتی، یانی شێوە ژیان و هەڵسوکەوت و رێساو پێودانگە تاک و گشتیەکان. یانی مامەڵەو شێواز و چۆنیەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ژیاریەکانی ناو کۆمەڵگا. وە پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا یانی ڕیزگرتن لە ئازادی و مافی تاک و شارستانیەکان، یانی ئازادی و مافەکانی ژنان، پارێزراوبوونی مافەکانی مناڵان و لاوان، مافی سەربەخۆیی تاک و ئیرادەو شکۆ، یانی ئازادی بیروباوەر و بەیان و بڵاوکرنەوە و چاپەمەنی، قەدەغەکردنی سانسۆر و چاوسورکرنەوە و فتواو هەڕەشە، یانی باڵکێشانی یەکسانی یاساو رێسای ئینسانی بۆ هەموان بێگوێدانە ناسنامەی دینی و قەومی و نەژادی و تایفی و دەماگیرانەو جیاوازی خوڵقێن. یانی ئازادی دینداری و بێدینی، یانی یاساغ بوونی پشکنینی بیروباوەر، یانی پارێزراوبوونی ژیانی تایبەتی ئینسان، یانی ئازادی رەخنەگرتن و بیرکردنەوەو بەدواداچوون و توێژێنەوە لەهەموو بیروباوەرێک و لەهەموو زەمینە سیاسی و کەلتوری و ئەخلاقی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیی و مێژوویی و ئەدەبی. یانی ئازادی گەران بەدوای راستی و دروستی هەموو بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویەکان و رەخنەلێگرتن و توێژینەوەیان. یانی مافی ئازادانەی دەست راگەیشتن بەهەموو پێشکەوتنە زانستی و ژیاریەکانی کۆمەڵگای مرۆیی تاد.

دەسەڵاتی سیاسی ناسیونالیزم و ئۆپۆزیسێۆنی هاوشێوەی خۆی بە نوسەرە نانخۆر بە نرخێ رۆژەکانیانەوە، تایبەتی تریش رەوتگەلی ئیسلامی لە هێرش بۆسەر ئەم پیرۆزیانەو ئادابی گشتی خەڵکی کوردستان دەست ناپارێزن و لەهەر کات و لەهەر زەمینەیەکدا و بە ئەندازەی ئاستی تواناییان، هێرش دەکەنە سەر ویست و خواست و ئارەزوە ئینسانی و ئازادەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم گروپە ئیسلامیانە دەستدرێژی دەکەنە سەر سەرەتایترین ویستی تاک و گشتی ئازادانەی هاوڵاتیان کە نامۆ بێت بە دەقەکانی ئیسلام. 

نیگەرانی ئیسلامیەکان ئەوە نییە کە خەڵکی کوردستان ئادابی گشتی یان پیرۆزیەکان ناپارێزن!! نیگەرانیان ئەوەیە خەڵکی کوردستان، شارستانین و ئادابی گشتی کۆمەڵگایان بە جۆرێک سازداوە و پیرۆزیەکانیان بە شێوازیک لە ژیانیاندا نەخشاندووە، کە پێچەوانەی شەرع و یاساو ریسا ئیسلامیەکانە. پەیرەوەی لە یاساو ریسا و پێودانگی ئیسلام، ناکەن. 

ئیسلام بوونی خەڵکی کوردستان کە دەسەڵات و ئیسلامیەکان و نوسەرو میدیای مۆڵەتپێدراو، بانگەشەی دەکەن. هەر بە ئەندازەی مەسیحیەت لە ئەوروپا برەوی هەیە. مەسیحی بوونی کۆمەڵگا ئەوروپیەکان و چەندە راستی تێدایە، ئیسلامی بوونی کۆمەڵگای کوردستانیش بەهەمان شێوە. چۆن کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا، رێوشوێنەکانی مەسیحیەت پیادە ناکەن، ئاواش لە کۆمەڵگای کوردستاندا رێورەسمە ئیسلامیەکان و پێودانگەکانی، رەچاو ناکرێن. زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی کوردستان تینوی ئازادی و کەلتوری مۆدێرنن. وێڵی دەستراگەیشتن بە دەستکەوتە زانستی و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین. گۆرانی و مۆسیقا، شیعرو داهێنان، شانۆ و ئەدەبیات و سینەما، پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆجیاو پەیوەندیەکان، ژیانی شاری و شارنشینی، رەوشتی ژیانی سەردەمی،… تاد، هەزاران بەرابەری پێوانگە ئیسلامی و کۆنەپارێزەکان، بۆنەتە پێودانگ و شێوازی ژیانی کۆمەڵگا.

دیارە کۆمەڵگای کوردستان وەکو هەموو کۆمەڵگاکانی سەر ئەم گۆی زەویە، دینی ئیسلام و میراتە میژوویەکەی وستەمکاریەکەی، کاریگەری و گوشاری بەسەر کۆمەڵێک لە خەڵکەوە هەیە و هەڵسوکەوتیان لەژێر ئەو میراتە ئیسلامیە دایە، بەڵام کۆمەڵگایەکی ئیسلامی نییەو ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامی قبوڵ ناکات. هەر ئەمەشە نیگەرانی رەوتگەلی ئیسلامی لەکوردستاندا. خەڵکی کوردستان سەرپۆشی ئیسلامی” حجاب” بە کەلتوری خۆی نازانیت. چەند ژنە بۆیان جێگای نەفرەتە. گەورە بەبچوک و شیربایی لە ئاستیکی زۆر کەمدا، ماوە. تێکەڵاوی و جۆری پەیوەندیەکانی نێوان خەڵکی تا دەگات بە شێوازی پۆشینی جل و بەرگ و هەڵسوکەوتی رۆژانە، سەیران و سەفاو سەفەر و ژیانی ئاساییان، بۆنەو ئاهەنگەکانیان، پێچەوانەی حوکم و دەقەکانی ئیسلامە. زوربەی هەرە زۆری ریساو حوکمە دینیەکان، کاریان پێناکرێت.  ئیسلامی سیاسی و خێڵی خۆشخزمەتیان لە ناو نوسەران و حزبەکاندا، هەراسی دەستی ئەم دۆخەن. 

ساڵانی ٩٠ ی سەدەی پێشوو، ئیسلامیەکان لەجەرگی دۆخێکی ناهەمواری ئابوری و جەنگی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیدا… دەستیان دایە زنجیرەیەک کردەوەی، وەک تێزاب پژێنی ژنانی مۆدێل پۆش، تەقاندنەوەی ساڵۆنەکانی ئارایشی، سوتاندنی چەند کتێبخانەیەک، تەقاندنەوەی دوکانەکانی مەیفرۆشی، کۆکرنەوەی ئەو کتێبانەی بەدڵیان نەبوو، تا فتوا دەرکرن و دەستبردن بۆ تیرۆر… تاد. کۆمەڵگای کوردستان و وەکو ئادابێکی گشتی دژی ئەم رەفتار و پەیامە ترسناکە وەستانەوە، ئەمە وای کرد ئیسلامیەکان پاشەکشە بکەن و بچنەوە قاوغەکەی خۆیان. ئێستاش دەیانەوێ لە دڵی دۆخێکی تردا، لە دۆخی ڕیکەوتنی ستراتیجی نافەرمیان لەگەڵ حزبی بزوتنەوەی گۆران و بەرگری هاوبەشیان لە(سەوابیتی دینی) جارێکی تر پەیام و کاروکردەوەی خۆیان بەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگای کوردستان، نیشان بدەنەوەو لەم کەشە نوێیەدا، توانایەکانی خۆیان و کەشی ترس و تۆقاندن زاڵ و نیشان بدەن. تێکدانی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی و وشککردنی ژمارەیەک لەدارەکانی پارکی ئازادی، دەستوەردانی مەلاو ئیسلامیەکان لەزوربەی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا، درێژەی هەمان شەپۆڵی ئیسلامیەکانە لەرابردوودا، بۆسەر کۆمەڵگا لە دۆخی تازەدا. پێویستە ئەم شەپۆڵە قێزەون و ترسناکە، بە چاککردنەوەی باشتری گلكۆی شێرکۆ بێکەسی شاعیر و دانانەوەی جوانتری پەیکەری خۆشەویستی لە شوێنەکەی خۆی، ببێتە سەرەتای وەڵامدانەوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە، بە پەیام و کردەوەی ئیسلامیەکان و بەرگرتن پێیان. بەم کارەش پیرۆزیەکانی و ئادابی جوانی گشتی کۆمەڵگا، لەدەست ئیسلامیەکان، دەپارێزرێت. 

 لە کۆتایدا دەبێ پێداگری لەو راستیە بکەمەوە، کە نە کۆمەڵگای کوردستان، ئیسلامیەو نە ئادابی گشتیشی ئیسلامە. درۆی گەورە ئەوەیە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە قەومیەکەی، بە عەلمانی و کۆمەڵگای کوردستانیش بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی، پێناسە بکرێت. 


کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣

          عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply