Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

گۆشه‌ی بێخێر و… خێرو به‌ره‌که‌ت.! …… حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش.

Be First!
by August 11, 2010 گشتی

 

ده‌مه‌وێت له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌م بۆچی ناوی ئه‌م بابه‌ته‌م ناوه‌ (گۆشه‌ی بێخێرو خێرو به‌ره‌که‌ت)‌ ئه‌مڕۆ له‌ زۆربه‌ی گۆڤارو رۆژنامه‌و هه‌فته‌نامه‌ و بڵاوکراوه‌کانی تری کوردستاندا ده‌یان و سه‌دان گۆشه‌ ده‌نووسرێن به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ نیوه‌ زیاتری ئه‌و گۆشانه‌ گۆشه‌ی بێخێرو… خێرو به‌ره‌که‌تن که‌ ده‌لێم : بێخیرو… خێرو به‌ره‌که‌ت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ر، بۆ خه‌ڵک ، بۆ ئازادی، بۆ دادپه‌روه‌ری، بۆ هیچ شتێک ، هیچ خێرێکیان نییه‌ هیچ زانیاری و کاریگه‌رییه‌کیان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ربرینه‌کان و ژیانی خه‌ڵکی باشتربێت. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م گۆشانه‌ خێرو به‌ره‌که‌تن بۆ کاکی به‌ناو رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رو گۆشه‌ نووسی ده‌ست و پێ سپی له‌ خۆڕا بێ ماندووبوون و خوێندن و شاره‌زایی و ئه‌زموونێک له‌ دونیای رۆژنامه‌نووسی و هه‌بوونی رۆشنبیرییه‌ک . له‌ رێگای ستایش و پیاهه‌ڵدان به‌ باڵای ئه‌م  مه‌سئول و ئه‌و مه‌سئولدا دونیایه‌ک خێرو به‌ره‌که‌تی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێت و… بێ ئه‌وه‌ی نووسینی گۆشه‌یه‌کی ئاوا پڕوو پووچ پێویستی به‌ هیلاک بوون و رۆشنبیری و زانیاری هه‌بێت هه‌رئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بابایه‌کی ده‌سه‌لاتدار بکه‌یته‌ ئامانج و هه‌موو هه‌نگاوێکی له‌ گۆشه‌یه‌کدا بنووسیته‌وه‌و بیکه‌یته‌ پیاو چاک و ستایشی جوامێری و نیشتیمان په‌روه‌ری بکه‌یت و بنووسیت به‌بێ بوونی ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ کورد حاڵی شڕده‌بێت و نیشتیمان داغانده‌بێت. ئیتر وه‌ک وتم گۆشه‌یه‌کی ئاوا ده‌بێته‌ خێرو به‌ره‌که‌ت و کاکی گۆشه‌ نووس دونیایه‌ک خێرو به‌ره‌که‌تی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێت و له‌ هیچه‌وه‌ گیرفانه‌کانی پڕده‌بێت و ده‌بێته‌ خاوه‌ن مال و حال و سه‌یاره‌و … ده‌ستی ده‌گاته‌ هه‌موو ئه‌و شوێنه‌ بڕیار به‌ ده‌ستانه‌ی ‌که‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆنی خاکی و بێپشت و په‌نا هه‌ر به‌خه‌ونیش ناتوانێت بیبینێت. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌کرێت ناوی ئه‌م گۆشه‌ نووسانه‌ بنێین ( گۆشه‌ نووسی کوێر ) چونکه‌ به‌راستی یان کوێرو کاڵفامن یان هه‌ر دیوی په‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌بینن . به‌راستی زۆر عه‌نتیکه‌یه‌ له‌ کاتێکدا که‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و تورکیا به‌ تۆبارانکردنی سنووره‌کانی کوردستان دانیشتوانی گونده‌کانی سه‌رسنوور ده‌کوژن و دارودره‌خت و شاخه‌کانی کوردستان ده‌سووتێنن. که‌چی ئه‌م گۆشه‌ نووسه‌ کوێرانه‌ مێش میوانیان نییه‌و بێشه‌رمانه‌ له‌ گۆشه‌کانیاندا باس له‌ گرنگی دیداره‌کانی سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ وه‌فده‌کانی ئیڕان و تورکیادا. باشه‌ بێشه‌رموشکۆیی بگاته‌ ئاستێکی وا که‌ تۆ کوشتن و سووتاندنی خه‌ڵک و خاکی کوردستان به‌هه‌ند نه‌گریت و باس له‌ گرنگی هاتنی وه‌فدی ئێران و تورکیا بکه‌یت بۆ کوردستان. به‌راستی ئه‌م بێ مۆڕاڵییه‌ هه‌ر له‌و گۆشه‌ نووسانه‌ ده‌بینرێت که‌ هه‌موو خه‌ون و خولیایه‌کیان ئه‌وه‌یه‌ له‌سایه‌ی نووسینی گۆشه‌کانیانه‌وه‌ بێ به‌ش نه‌بن له‌ خێرو به‌ره‌که‌تی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان  له‌ لایه‌ن ئاغاکانیانه‌وه‌. ئیتر ئه‌وان باکیان نییه‌ له‌وه‌ی خوێن سه‌رببات. هه‌رگۆشه‌یه‌ک ته‌رخان ده‌که‌ن بۆ ستایشی گه‌وره‌یی و جوامێری و نیشتیمان په‌روه‌ری  سه‌رۆکه‌کان و… کوڕو کچ و خزم و نۆکه‌رو داروده‌سته‌کانیان.   ‌

 

حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش. سوید

 

Previous
Next

Leave a Reply