Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
تیڤییەکانتان بکوژێننەوە، خوێنیان لێ دەتکێ

تیڤییەکانتان بکوژێننەوە، خوێنیان لێ دەتکێ

Closed
by January 17, 2014 گشتی

 

 

 

لەگەڵ کردنەوەی تەلەڤیزیۆنەکەتدا، ئیدی فەزای ماڵەکەت پڕ ئەبێ لە توندوتیژیی. هەر کە تیڤییەکەت کردەوەو سەیری کەناڵە کوردییەکانت کرد، ماڵەکەت پڕ ئەبێ لە هاوارکردن و ژاوەژاو: هەواڵی کوشتنی گەنجێک لە سەیدسادقەوە، دۆزینەوەی تەرمی کوڕوکچێک لە سلێمانی، ڕفاندنی کچێکی ئاوارەی خۆرئاوا لەلایەن شەش گەنجەوە لە هەولێرو، چەندین هەواڵی لەم شێوەیە ! هەر کە تیڤییەکەت کردەوە و سەیری کەناڵە کوردییەکانت کرد، ئیدی خەبەر لەدوای خەبەر هەواڵی کوشتن و پەلاماردان و مردن و نیشاندانی خوێن و تەرم ودەنگی هاوارو گریان، وەکو باران ڕێژنە ئەکات بەسەرتداو، تۆش بەم هەموو ناشیریینی و ناڕێکییەی ناو کۆمەڵگا، کە تا ئاستی شەکەتبوون ماندویان کردووی، ئیدی تیڤییەکان، شەوانیش بە هەواڵ و نیشاندانی وێنەی پڕ لە توندوتیژی و خوێن و کوشتن، هێندەی تر وێرانت ئەکەن و، پڕت ئەکەن لە توندوتیژی و دەرونت نائارام و ماندوو ئەکەن. بە ڕۆژ چەندە جەستەت ماندوو ببێ، شەوان تیڤییەکان دوو هێندە بە هات و  هاوارو پەلاماردانی یەکترو بە نیشاندانی هەواڵی پڕ لە توندوتیژیی، دووهێندەی تر ماندووت ئەکەن. تیڤییەکان فەزای ماڵەکەت پڕ ئەکەن لە ناشیرینی. بەردەوام هەواڵی کوشتن و پەلاماردان و تەقینەوەو دەستدرێژی و خۆکوشتن و ڕفاندن، لەلایەکی دیکەشەوە پەلاماردانی یەکترو هاوارکردن و ژاوەژاوی بەرنامەکانیان، کە هەرچی قسەی بەتاڵ و سواو هەیە، شەوان لە کەناڵە کوردییەکانەوە دێنەوە بەرگوێمان. یان پەلاماردانی یەکترو هەڵدانەوەی لاپەڕە ناشیرینەکانی یەکتر، ئیدی شەڕێکی ئێجگار ماندووکەر لە تیڤییەکانەوە دەست پێ دەکات و، قوربانی سەرەتاو کۆتایش کۆمەڵگاو، دەرون و ناخی تاکەکانییەتی.

 کەناڵەکانی ئیمە لەسەیارەی خۆڵ ئەچن، وەکچۆن سەیارەی خۆڵ کۆڵانەکان ئەگەڕێ و پاشەڕۆی ماڵان کۆئەکاتەوەو دواتر لە شوێنێک فڕێی ئەدات، هەر ئاواش کەناڵە کوردییەکان هەرچی ناشیرینی و پیسییەکانی ناو کۆمەڵگا هەیە، کۆی ئەکەنەوەو شەوانە نیشانمانی ئەدەن.

 کۆمەڵگای کوردیی بەردەوام لەناو شەڕدایە، بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی بکات. مرۆڤی ئەم وڵاتە، وەکو زبڵدانی لێ هاتووە، تیڤییەکان هەرچی خەبەری ناخۆش و فیکرەی پیس و ململانێ ناشیرنەکانی خۆیان و ڕق و کینەکانی ناو ناخیان هەیە، شەوان لە کەناڵاکانەوە دەرخواردی خەڵکی ئەم وڵاتەی ئەدەن و، هەرچی ناشیرینی و پیسیی ناو کۆمەڵگا هەیە کۆی ئەکەنەوەو شەوان لەڕێگای کەناڵەکانیانەوە هەڵی ئەڕژنە ناو ماڵەکانمانەوە. مرۆڤ بووە بە زبڵدانێک و تیڤییەکان ڕۆژانە هەموو ناشیرنییەکانی کۆمەڵگای تێ فڕێ ئەدەن و ئەیخەنە بەرچاوی. مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایەش، ماندوو ماندوو، بەدیار گوێگرتن لە هەواڵ و وێنەی جوڵاوی پڕ لە توندوتیژیی، یاخود بەدیار بەرنامەی پڕ لە قسەی بازاڕی و هاوارکردن و پەلاماردانەوە دائەنیشێ، وەکچۆن ڕۆژئاواییەکان بەدیار گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیکەوە بەبێدەنگی دائەنیشن !

مرۆڤ پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار هەیە، ژینگەیەک، هەر بە تەنها لە هەوای پاک پێک نەهاتبێ، بەڵکو دوور لە ژاوە ژاو و دەنگەدەنگ، دوور لە توندوتیژی و بینینی خوێن و مردن و کوشتن و پەلاماردان و هاوارکردن. ژینگەیەک، دوور لە قسەو ڕستەی سواو و بێماناو بێ کەڵک. لێرە تیڤییەکان لە هەموو شتێک زیاتر مێشک و بیری خەڵک پیس ئەکەن و دەرونی خەڵک ماندوو ئەکەن. تۆ بزانە، ڕۆژانە گوێت لە چەند هەواڵی ناخۆش ئەبێ ؟ ڕۆژانە گوێت لە چەند خەبەری خۆکوشتن و پەلاماردان و ڕفاندن و دەستدرێژی و خوێنڕشتن ئەبێ ؟ شەوان چۆن تیڤییەکان تۆمەتە ناشیرینەکانی لایەنەکان هەڵئەڕێژنە بەردەمت ؟

من دڵنیام ئەم کەناڵانەی ئێمە، ئەگەر بۆ نمونە لە وڵاتی دانیمارک، یان سوید یان هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو بونایە، بە تۆمەتی تێکدانی دەرونی خەڵک و بە کولتوریکردنی توندوتیژی و هاوارکردن، هەموویانیان دائەخست. ئەم کەناڵانەی ئێمە توندوتیژی بەرهەم ئەهێنن. بەخراپترین شیواز، سەرقاڵی بە کولتوریکردنی هاوارکردن و قیڕەقیڕ و ژاوەژاون.

هەر کە تیڤییەکەت کردەوە، ئیدی دوو کۆلکە خوێندەوار بەناوی نوسەر، یان چالاکوان، یان کۆمەڵناس، یاخود چاودێری سیاسییەوە، هەرچی قسەی سواو و فکرەی تاریک هەیە بەهاوارکردنەوە هەڵی ئەڕژنە بەردەمت ! هەر کە تیڤییەکەت کردەوە، مەلایەک لەسەر کەللەی سەر ئەقیڕێنێ و هاوار ئەکات، بەدەم هاوارکردن و بەدەنگێکی ئێجگار بەرزو ناخۆشەوە، باسی نەرمونیانیمان بۆ ئەکات ! بە دەنگی بەرزو بە هەڕەشەو توڕەبوونەوە باسی میهرەبانی خودامان بۆ ئەکات ! بەدەم ڕاوەشاندنی پەنجەیەوە باسی میهرەبانیمان بۆ ئەکات، بەتوڕەییەوە باسی هێمنی و بەدەم قسە وتنەوە باسی سنگفراوانیمان بۆ ئەکات !

هەر کە تیڤییەکەت کردەوە، دوو کۆلکە نوسەر بەناوی ڕۆشنبیرەوە هەرچی تاریکییەکانی ناو ناخیان هەیە بەدەنگی بەرز هەڵی ئەڕژن، بەدەم قسەکردن لەبارەی مەدەنیەتەوە، هەموو قسە سواوەکانیان بەشێوازێکی نامەدەنیانە دەرئەبڕن. بانگەشە بۆ لێکتر تێگەیشتن ئەکەن و هەریەکەش لە ئاوازێک ئەخوێنێ، کاکی پێشکەشکاریش؛ وەکئەوەی کەڵەشێر بەشەڕ بدات، زوو زوو بەیەکدا هەڵیان ئەشاخێنێ، تا زیاتر سەرنجی بینەرەکانی ڕابکێشێ. ئیدی فەزای ژورەکەت پڕ ئەبێ لە هاوارو دەنگەدەنگ و ژاوەژاو، تۆش بەبێ ئەوەی هەست بەخۆت بکەیت ناخت وێران ئەبێ.

کەناڵەکان پێشبڕکێ ئەکەن، تا تراژیترین دیمەنمان بۆ بگوازنەوەو نیشانمان بدەن، تەنها لەپێناوی ئەوەی سەرنجی زیاتری خەڵک ڕابکێشن، ئەمەش لەسەر حسابی وێرانکردنی  دەرونی تاکەکانی کۆمەڵگا. هەموو هەوڵێک ئەخەنە گەڕ، تا لەسەر مێزی گفتوگۆ دووکەس بەشەڕ بدەن و دواتریش لایەنگرەکانیان لە فەیسبووک سەنگەر لەیەتر بگرن.

کەناڵە کوردییەکان، لەگەڵ هەر هەواڵ و بەرنامەیەکدا، دونیایەک ڕق و توندوتیژی و ژاوەژاو بڵاوئەکەنەوە، وەکچۆن جەللادەکان لەکێڵگەکاندا مین ئەچێن، هەرئاواش، کەناڵە کوردییەکان، توندوتیژی و ڕق، لەناو ناخ و دەرونی تاکەکانی کۆمەڵگادا ئەچێنن.

 

 

بەرهەم خالید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.