شیعری ئازاد … حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
هیچ که‌س هێنده‌ی ئه‌وانه له واقیع تێنه‌گه‌ییشتوون که به ته‌وسه‌وه باسی واقیع ده‌که‌ن،
ئه‌وه بۆیه تێگه‌ییشتن له ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، پێویستی به ئاستێکی ڕۆشنبیریی بڵند هه‌یه.
شاعیر ئه‌و شێته‌یه، بێ ئه‌وه‌ی بیر له قازانجی خۆی بکاته‌وه، چی به ڕاست بزانێت، ده‌یڵێت. شاعیر هه‌ر ده‌ڵێیت یه‌کێکه غه‌یبزان، هه‌ست به شتگه‌لێک ده‌کات، که‌سانی دیکه هه‌ستی پێ ناکه‌ن و پێشبینی ئه‌و کاره‌سات و مه‌ترسییانه‌یش ده‌کات که به‌ڕێوه‌ن. شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی کانیاوی به‌هره‌ی چۆڕبڕ نه‌بێت، پێویستی به‌وه هه‌یه که‌سێکی زۆر خۆش بوێت، یان ڕقێکی زۆری له دیارده‌یه‌ک یان ده‌سه‌ڵاتێک بێت.
ده‌بوو خواژنی دڵداری
چونکه (دوعا)ی قوتار نه‌کرد،
چونکه دوعای به تاقی ته‌نیا به‌جێ هێشت،
ده‌ستبه‌جێ دوای
به‌ردبارانکردنی دوعا
ده‌ستی له کار کێشاباوه.
(جه‌واهیری) له بواری نووسینی شیعری ستوونیدا هێنده باڵاده‌ست بوو، بووبووه کۆسپ له به‌رده‌م زاڵبوونی شیعری بڕگه‌ییدا. مه‌حموود ده‌رویش له بواری نووسینی شیعری بڕگه‌ییدا هێنده به‌توانا بوو، بووبووه له‌مپه‌ڕ له به‌رده‌م زاڵبوونی (په‌خشانه‌شیعر)دا. لای ئێمه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و عه‌بدوڵڵا په‌شێو له ژیاندا ماون و شیعری بڕگه‌یی له گیانه‌ڵڵادایه. ئه‌گه‌ر بڕوا به‌وه بهێنین، نوێکردنه‌وه له شیعری کوردی‌دا له دوای (گۆران)ه‌وه به ڕوانگه ده‌ستپێ ده‌کات، ئه‌وا هێشتا هیچ شاعیرێکی کورد، له (شێرکۆ بێکه‌س)ی تێنه‌په‌ڕاندووه که به‌تواناترین شاعیری ڕوانگه بوو.
ڕه‌نگه جیاوازیی نێوان کێش و ڕیتم وه‌ک جیاوازیی نێوان ئاوی ڕووبار و ئاوی ژێر زه‌وین وابێت، ئاخر کێش شتێکی ده‌ره‌کییه و ڕیتم ناوه‌کی. ئه‌لیه‌ت پێی وابوو، ئه‌گه‌ر له بواری نووسینی (په‌خشان)دا مامۆستا نه‌بین، ناتوانین شیعر بنووسین، که‌چی به‌شێکی زۆر له (شاعیران)ی کورد، توانای نووسینی په‌خشانیان نییه و خۆیان به مامۆستای نووسینی په‌خشانه‌شیعر ده‌زانن! جیاوازییه‌کی به‌رچاو له نێوان زمانی شیعر و زمانی په‌خشاندا هه‌یه، زمانی شیعر، زمانی فه‌نتاسی، پێشبینی، دۆزینه‌وه، داهێنان، ددانپێدانان، ئازادی و فڕینه، وه‌لێ زمانی په‌خشان، زمانی لۆگیک، ده‌ستنیشانکردن و عه‌ره‌ب گوته‌نی خاڵ له‌سه‌ر پیت دانانه.
بڕوام به‌و پێناسه‌یه نییه که ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی کێش، سه‌روا و مانای هه‌بێت، شیعره، چونکه ده‌شێت ئه‌وه نه‌زم بێت نه‌ک شیعر، وه‌لێ هه‌یه شتێک ده‌نووسێت، نه کێشی هه‌یه، نه سه‌روا و نه مانا، که‌چی به نرخی په‌خشانه‌شیعر به خوێنه‌ری ده‌فرۆشێت. شیعری ئازاد وه‌ک عه‌ره‌ب له سه‌ره‌تاوه بۆی چووبوو، ئه‌و شیعره نییه که هه‌م کێشی هه‌یه و هه‌م سه‌روا، شیعرێکه بێ کێش و بێ سه‌روا، شیعری ئازاد شیعرێکه هیچ کام له ڕێسا دێرینه ده‌ره‌کییه‌کانی شیعری دێرین ڕه‌چاو ناکات، شیعرێکه له چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌کدا گیر ناخوات و هێشتا ڕێساکانی ده‌ستنیشان نه‌کراون.(1)
له ڕوانگه‌ی (هه‌نری میشۆنیک و جیرار دیسۆن)ه‌وه، که یه‌که‌میان شاعیره و دووه‌میان ڕه‌خنه‌کار، (وه‌ک چۆن هه‌موو زمانێک ڕیتمی خۆی هه‌یه، هه‌موو تێکستێکیش خاوه‌نی ڕیتمی خۆیه‌تی و ڕیتم شتێک نییه، ته‌نیا تایبه‌ت بێت به شیعر.)(2) له په‌خشانه‌شیعردا، کێشێکی دیاریکراو دووباره نابێته‌وه، وه‌لێ ئه‌مه به‌و واتایه نییه که ئه‌و ژانره ڕیتمی نییه، ئاخر ڕیتمیکی ناوه‌کیی هه‌یه. ئه‌حمه‌د ع. حیجازی که خۆی ڕۆڵیکی گرنگی له نوێکردنه‌وه‌ی شیعری عه‌ره‌بیدا وازی کردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌خشانه‌شیعر نه کێشی هه‌یه نه ڕێسا، نه په‌خشانه‌شیعری پێ شیعره و نه بنووسی ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه‌شی پێ شاعیره. حیجازی پێی وایه، (له زمانی شیعریی عه‌ره‌بیدا، ڕیتم زاده‌ی کێشه و په‌خشانه‌شیعر چونکه هیچ کێشێک ڕه‌چاو ناکات، ڕیتمیشی نییه،) بۆیه ئه‌گه‌ر زۆر دلۆڤان بێت به‌رانبه‌ر به په‌خشانه‌شیعر، ئه‌وسا وه‌ک شیعرێکی ناته‌واو، پێناسه‌ی ده‌کات، ئه‌گه‌ر نا، نه به شیعری ده‌زانێت و نه به په‌خشان.
بۆدلێر که ئوستادی نووسینی په‌خشانه‌شیعر بوو، هه‌م شاره‌زای شیعری دێرینی فه‌ره‌نسایی بوو، هه‌م زمانزانێکی مه‌زنیش بوو، که‌چی له کن ئێمه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان به شاسواری بواری نووسینی په‌خشانه‌شیعر ده‌زانن، نه له ئه‌ده‌بی دێرینی کوردی‌دا شاره‌زان و نه ده‌توانن به کوردییه‌کی باش بنووسن. زۆر له پهخشانهشیعرنووسانی کورد، نه‌ک هه‌ر کوردییه‌کی جوان نازانن، به‌ڵکوو گاڵته‌شیان به‌وانه دێت که بایه‌خ به زمان ده‌ده‌ن و باس له زمانی پاراو ده‌که‌ن. ئه‌وه سه‌یر نییه، کێش و سه‌روا به کۆت و پێوه‌ند بزانین و فه‌رامۆشیان بکه‌ین، ئه‌وه سه‌یره، ڕێنووس و ڕێزمانیش ڕه‌چاو نه‌که‌ین.
له شیعردا ڕیتم هێنده گرنگه، بێ دوودڵی ده‌توانین بڵێین، شیعر زاده‌ی گوته و ڕیتمه، ئه‌وه بۆیه ته‌نیا ئه‌و شیعرانه ناخی دڵمان ده‌که‌ن به هێلانه که تێیاندا بایه‌خێکی ته‌واو به ده‌نگی گوته‌کان دراوه، ئاخر ئه‌وه ڕیتمه وزه‌یه‌کی وه‌ها به گوته‌کان ده‌به‌خشێت، ده‌یانکات به شیعر. له ڕوانگه‌ی (پۆڵ ڤالیری)یه‌وه، ئه‌وه کێشه وه‌ها ده‌کات، هه‌ست به سه‌مای گوته‌کان بکه‌ین. ئه‌وه بۆیه له شیعردا ناتوانین وشه‌یه‌ک بگۆڕین به وشه‌یه‌کی دیکه، با هاوواتا و ته‌نانه‌ت وه‌ک ژماره‌ی بڕگه‌یش یه‌کسان بن.
که خوێنه‌رێک چێژ له (په‌خشانه‌شیعر)ێک وه‌رناگرێت، ئایا هه‌ڵه‌که له خوێنهرهکهوهیه که که‌سێکی کۆنه‌پارێزه و له‌گه‌ڵ شتی نوێ‌دا نییه، یان که‌موکووڕی له شاعیره‌که‌وه‌یه که توانای نووسینی شیعری نییه؟ ئایا هه‌میشه شتی نوێ له هی کۆن باشتره؟ ئایا شیعری سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام له شیعری جاهیلی جوانتر بوو؟ ئایا شیعری حاجی قادری کۆیی له هی خانی جوانتر بوو؟ که خوێنه‌رێک ددانی خێر به (په‌خشانه‌شیعر)ێکدا نانێت، ئایا ئه‌وه زاده‌ی ئاستنزمیی خوێنهرهکهیه، یان هی ئه‌وه‌یه (په‌خشانه‌شیعر)ه‌که، ده‌ستی ناگاته داوێنی شیعر؟
*
(1) أحمد عبدالمعطی حجازی، قصیدة النثر أو القصیدة الخرساء، کتاب دبی الثقافیه (18) نوفمبر 2008
(2) عبده وازن، مأزق احمد عبدالمعطی حجازی 17. 11. 2008 الحیاه.