مانیفێستی شیعری … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
1
به‌رپرسیاریه‌تی شاعیری ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. له كۆتایی حه‌فتایه‌كاندا، بووم به خوێنه‌رێكی تامه‌زرۆی شیعر، شیعرپه‌روه‌ریش به‌شێوازێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له ژیانمدا ده‌ركه‌وت و په‌ره‌ی سه‌ند، هیچم نه‌ده‌بینی جگه له‌و جوانییانه‌ی له‌ناو شیعردا ده‌كرانه‌وه و جووڵه‌داربوون، ته‌نانه‌ت له ڕۆیشتنی ناو شه‌قام و دانیشتنی ناوپۆل و له‌سه‌ر خوانی خێزانیشدا، شیعر وڕێنه‌ی چێژداری پێده‌كردم. ژیانی من، قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو به پله‌و پایه‌ی فه‌رمانبه‌ری و باڵه‌خانه و خانووی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و….. تاد، ته‌نیا به شیعر قه‌ره‌باڵغ بوو، باس و بابه‌تی سه‌ره‌كیم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم و ژیان شیعر بوو به‌س، واش تێده‌گه‌یشتم ئه‌گه‌ر دوو دوژمنی ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوشته‌ی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری له‌ناو كرانه‌وه‌ی شیعریدا گفتوگۆ بكه‌ن، ده‌ماری گرژیان خاو ده‌بێته‌وه، تا ڕاده‌ی پاكبوونه‌وه، یه‌كتریان خۆش ده‌وێت و پشت ده‌ده‌نه یه‌ك.
بنچینه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستی و پشت دانه یه‌كترییه‌ش ئه‌فسوونی شیعره، له‌پاڵ ئه‌م بڕواهێنانه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی شیعرنووسین ناخی به توندی ڕاته‌كاندم.
بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه، بانگی وشه‌شم هاته به‌رگوێ، بمهێنه ناو ژیان.
هێزم تێدایه خه‌ونه نه‌بڕاوه‌كانت به ئومێد و ناوه‌ند بگه‌یه‌نم، ئه‌م بانگكردنی وشه‌یه، به یه‌كه‌مین و گرینگ‌ترین هۆكارو په‌یام ده‌زانم.
دوای ئه‌م ناخ ڕاته‌كاندنه، ناوه ناوه ده‌قی شیعریم ده‌نووسی و بوێرانه بڵاوم ده‌كردنه‌وه،به‌ته‌واوی بار و بواری بیركردنه‌وه‌ش به‌دوای كه‌ش و هه‌وای سه‌ربه‌خۆ وێڵ بووم و به هێڵی ئه‌فسوونیدا ڕۆیشتم تا به ئێستاكه گه‌یشتووم له‌ناو به‌هه‌شتی نووسین له پانتایی خه‌وندا كارده‌كه‌م.
خه‌ون كاریگه‌ری بوون به شیعری تێدا به‌هێزه، جیهانبینی منی لێوه ڕوون بووه‌ته‌وه‌و بووه‌ته په‌یوه‌ستێكی پته‌و له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی ژیان.
مرۆڤ، ئێستای له نه‌ماندایه، ڕابردوو و داهاتووی هه‌یه، شیعرێك له‌سه‌ر بنه‌ما و جیهانبینی ڕوون بنیاد نه‌ندرابێت، نه به كه‌ڵكی ئه‌مڕۆ دێت، نه هیچ سه‌رده‌مێكی تریش وه‌ك ده‌قی پته‌و و په‌تی ئه‌ده‌بی قبووڵی ده‌كات.
ڕابردوو به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی ژیانی نووسه‌ر پێكده‌هێنێ و پێكهاته‌ی ده‌قیشه، چونكه ئێستا، كه خه‌ریكی كار و كرده‌ی نووسینی، دوای قاوه‌خواردنه‌وه‌یه‌ك چركه‌ی كار و كرده‌ی نووسینه‌كه‌ت ده‌بێته ڕابردوویه‌كی زیندوو، كه‌واته ئه‌و كاته‌ی كار‌و كرده‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌یت ئێستایه و به‌شی هه‌ره‌گه‌وره‌ی پێكهاته‌كه‌ی ڕابردووه. ئاینده ته‌نیا له‌ناو ده‌قدا ده‌بیندرێت و ئه‌ندێشه‌یه‌كی تێكه‌ڵ به فه‌نتازیا به‌گه‌ڕ ده‌خات. ئه‌و ئه‌ندێشه تێكه‌ڵ به فه‌نتازیایه بیرۆكه‌و خاڵی تێڕوانییه. ژیانبینی به ئاینده‌بینییه‌وه ته‌واو ده‌بێ و به‌بێ ئاینده‌بینی ناته‌واوه. كرۆك و دیوی نهێنی ژیان، ئاینده‌یه. ئاینده‌ش خاڵی تێڕوانییه و له‌هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه چالاكتره، چونكه به‌رده‌وام هه‌وڵی بۆ ده‌درێت و هه‌ستی قووڵایی ژیانبینی سه‌ر ده‌خات. ئه‌م هه‌وڵ و ده‌ربڕینه‌ش هۆكاری داهێنانی ئه‌ده‌بین.
تایبه‌تكاریی من ئه‌وه‌یه، شیعرم گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌ون. خه‌ونیش پاكیه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت.
هه‌موو ده‌قه‌كانیشم، ده‌قی بیركردنه‌وه و درێژن، ئاسۆ و دووری ئه‌فسانه‌ییان تێدا سه‌ربه‌خۆ و گونجاوه بۆ پڕ نهێنی و ئه‌زموون كردنیان، به‌هه‌مه‌جۆری شێواز كارم له‌ناو كردوون تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌قه‌كه ده‌خوازێت خۆی به‌كۆتایی بگه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵیدا ته‌با ده‌بم و ده‌ڕۆم.
زمانی بێده‌نگكراوم له ده‌قه‌كاندا به ده‌نگهێناوه‌ته‌وه به ئاسانیش ده‌تواندرێت هێڵه جیاكاره‌كان له‌م به‌ده‌نگهێنانه‌وه‌یه‌دا ده‌ستنیشان بكرێت.
شیعر ناوه‌نده، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی تری ئه‌ده‌بی به‌ره‌و ناوخۆی به‌كێش ده‌كات و چاره‌نووسی ڕاسته‌قینه‌یان به ڕوونی ده‌داته ده‌ست، له ژیانی شیعریدا سوودی گێڕانه‌وه‌و ته‌وژمی هۆش و گفتوگۆ له‌هونه‌ری ڕۆمان و په‌خشان و شانۆنامه‌و چیڕۆك ….. تاد، وه‌رده‌گرم.
له ڕه‌گه‌زی خۆیان ده‌ریان ده‌هێنم و هێزی كرانه‌وه و جووڵاندنیان پێده‌ده‌م، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و سه‌یرتر و به‌پیتتریان ده‌كه‌م، له‌ئاماده‌كردنیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌قی شیعری.
ده‌قیش خوێنده‌واری دڵنیا ده‌كات له‌چێژ وه‌رگرتنی شیعرییه‌ت و خواست، چاوه‌ڕوانییان ده‌هێنێته دی.
من به‌رپرسیارییه‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه نانووسم.
2
یه‌ك له دڵه‌ڕاوكێی من ئه‌وه‌یه، شاعیرێك، یان گرووپێك كارێكی نایابیان به‌رهه‌م هێنابێت هه‌وڵ ده‌ده‌م باش له چۆنیه‌تی و ڕه‌گی هه‌قیقه‌تی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه بگه‌م.
له‌ڕووی هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی حه‌زم نه‌كردووه وه‌ك كه‌س بم، كه‌سیشم له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، هاوڕێی هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌م، كه پێش من پڕۆژه‌ی داهێنایان هه‌بووه، ئه‌وانه‌ی هاوچه‌رخن،ئه‌وانی دوای منیش دێن و ده‌بن به شاعیری خاوه‌ن پڕۆژه.
خۆم له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا ده‌بینم، ته‌نانه‌ت له هێندێ شیعردا سه‌ر به شیعری له پێشتری خۆشم نیم، سه‌ر به ئه‌زموون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌و شیعره‌م، كه دوا شیعرمه و له نووسینیدام، زه‌مینه‌ی ئه‌فسانه‌یی پێش ئه‌وه‌ی له هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بیدا كاری پێكرابێ و هه‌بووبێت له شیعردا كاری پێكراوه و هه‌بووه.
ناچمه ناو هیچ گرووپێكی ئه‌ده‌بی، خۆشم به‌هیچ گرووپێك نه‌زانیوه، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ده‌ب و داهێنان كاری تاكه كه‌سییه، چوونه ناو بازنه‌ی گرووپ، ده‌ركردن و چه‌واشه‌كردنی ئه‌م تاكه كه‌سییه‌یه له بازنه‌ی ئه‌ده‌ب و داهێناندا.
خانه‌خانه‌یی و قۆناغبه‌ندكردن، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، شیعر ته‌نیا به گه‌یشتن به باری دره‌وونڕۆشنی پێوانه ده‌كرێت، ئه‌مه بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خودی وریایه، ده‌ق قسه‌یان بۆ ده‌كات و ده‌ق قسه‌شیان پێده‌كات.
بێ‌وچان له‌گه‌ڵ خۆمدا له جه‌نگی بێ ئاماندام بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به باری دره‌وونڕۆشنی تا به‌سه‌ر ته‌مه‌ن و كاتدا زاڵ بم، خۆشم به ته‌لیسمی لێڵی ساخته‌وه هه‌ڵنه‌واسیوه، هه‌وڵم داوه ئاست و ئاراسته‌كانی توانا و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بم.
له‌مڕۆدا بزواندن و پێشبینیكردنی ئاینده ده‌رده‌كه‌وێت، له جیهانی خۆمدا ئارامی دروست ده‌كه‌م و بارێك ده‌ته‌قێنمه‌وه و ده‌نووسم، پێوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ سۆراغكه‌رانی به‌رهه‌ممدا به‌رده‌وام و پته‌وه، ناشزانم تا كوێ بڕ ده‌كه‌م، به‌ڵام خۆم له‌وه دڵنیا كردووه‌ته‌وه له شیعره‌وه به‌ره‌و ژیان و ئاینده ده‌ڕۆم.
له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و ئاراسته‌كانی ژیان لایه‌نگیری گۆڕان و جێگیرنه‌بووونم،شیعری كوردی له‌كلاسیكه‌وه تا به ئه‌مڕۆی گه‌یشتووه له‌باری وه‌ستاو نه‌ماوه‌ته‌وه، بگره قۆناغ به قۆناغی بڕیوه، ئه‌گه‌ر گۆڕانی ڕیشه‌یی و داڕشتنی قووڵیشی په‌یدانه‌كردبێت،ئه‌وه بۆچوونی هاوچه‌رخ و ڕه‌سه‌نی له ئاست شارستانییه‌تی وڵاته‌كه‌یدا هێندێك ناوكی بنه‌مای دۆزیوه‌ته‌وه. كاری زمان و شێواز و شیعرییه‌تی قۆناغه‌كه‌ی له‌سه‌ردا كردووه.
چه‌ند قۆناغێكی دانپێداندراوی شیعری كوردی له ئارادان و لێتوێژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه ده‌نووسرێ، به‌ڵام قۆناغه‌كان قۆناغی دره‌وشاوه نین، بگره هه‌ر یه‌ك له قۆناغه‌كان ده‌نگێكی دره‌وشاوه نوێنه‌رایه‌تی قۆناغه‌كه‌ی كردووه.
ڕه‌خنه‌ی كوردی، نه‌هاتووه ته‌واوی قۆناغێك به ئاستی ده‌نگه‌كان وه‌ربگرێ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وشیاری بۆ بكات، گرینگیه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و هاوبه‌شی كاركردنیان و بنه‌ما دۆزراوه‌كانی قۆناغه‌كه ده‌ربخات.
بگره یه‌كه یه‌كه نوێنه‌ره به‌هێزو دره‌وشاوه‌كانی وه‌رگرتوون، ئه‌م یه‌ك یه‌ك وه‌رگرتنه‌ش وای كردووه قۆناغه‌كان كاركردنی هاوبه‌شیان به نه‌دۆزراوه‌یی بمێنێته‌وه.
من ژیان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ژیانه‌وه نانووسم.
3
هه‌ست ده‌كه‌م، ژیان له دۆخگۆڕیندا جۆره به‌رزی و نزمییه‌كی ناڕێكی تێدایه، ده‌مه‌وێ له‌م دۆخگۆڕین و به‌رزی و نزمییه ناڕێكه‌دا ڕزگارم ببێت، له‌ناو شیعری په‌تیدا بژیم و مانایه‌ك به ژیان و دادپه‌روه‌ری بده‌م، شاعیر ئه‌گه‌ر خۆی خسته خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسییه‌وه، هاوپه‌یمانی بوو، بێگومان ڕۆڵ و ئاماده‌یی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنی جیاكاری له به‌ین ده‌چێت، ناتوانێ توانای به‌هێزی داهێنان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له هێزی شه‌ڕخوازی، جۆرێك باوه‌ڕی سیاسی هه‌بێ بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كانی ڕوودان، چالاكییه‌كی هۆشمه‌ندییه لێیه‌وه كاریگه‌ری خۆی به‌دی بهێنێ و تێڕوانینه‌كانی نیشان بدات و بیانچه‌سپێنێت. چركه‌ساتی نووسین، چركه‌ساتی تێكۆشانی گیانییه.
شیعری داهێنراو، وشه‌كانی جه‌نگاوه‌ری سه‌ربه‌خۆییخواز و سه‌ر له‌شكری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ن دژی دیكتاتۆریه‌تی به زه‌بری هێز خۆسه‌پێنه‌ر،كه هه‌ستم بۆ خۆشییه‌كانی ژیان جۆشا، ژیان زۆر به ئاڵۆزی و گرانی خۆی پیشاندام،له‌م كاردانه‌وه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ له ڕێگای شیعره‌وه ئاڵۆزی و سه‌ختییه‌كانی ژیان به‌تاڵ بكه‌مه‌وه، ژیان بهێنمه ناو زمان و نووسین، بۆیه ئاوا هۆگری شیعر بوویمه، هه‌موو ژیانی لێسه‌ندووم.
بۆ ئه‌م داوایه له ژیان شیعر پێویستییه، له‌چركه‌ساتی چاوه‌ڕواننه‌كراو و نه‌بیندراو و خه‌ونئامێزدا، بار و كه‌شێكی پیرۆز سه‌رتاپێم ده‌ده‌گرێ و ده‌ڵێت: خودی به‌رپرسیار به‌رانبه‌ر بزواندن، په‌یامی شیعر به‌رز بكه‌ره‌وه.
شیعر حه‌وشه‌و ماڵی خودایه، گوناهی هه‌موومانی لێ پاك ده‌بێته‌وه‌و تێیدا ده‌بین به فریشته و خوداوه‌ند،
شیعر ئامانجی به‌خته‌وه‌ری و جێگای هه‌موو هیواو خۆشادمانكردنێكه بۆ من، له ڕێگایه‌وه ده‌تواندرێت پێوه‌ندی به جیهانی فریشته و خوداوه‌ندانه‌وه ببه‌ستی، هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كانت كۆ ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ریش زانیارییه‌كی گشتیت له‌باره‌ی كه‌ره‌سته و ئامرازه‌كانه‌وه نه‌بێت، ناتوانێ هه‌ڵگری خه‌ونه‌كانت بێت.
من خه‌ون ده‌نووسم، له‌باره‌ی خه‌ونه‌وه نانووسم.
4
بێ به‌هره‌كان به‌چالاكی و پڕ به‌رهه‌میم جۆرێك شڵه‌ژاوییان كه‌وتووه‌تێ و نائاسووده‌و سه‌غڵه‌تن، به‌ئاشكرا و ژێراو ژێر له پلان و پیلان دانانن ده‌مبه‌ستم بكه‌ن و بمچه‌وسێننه‌وه، یان ئه‌و ڕووناكییه‌ی لێمه‌وه دروست بووه ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت، بیكوژێننه‌وه، یان بیشارنه‌وه، ئه‌گه‌رنا بیشێوێنن و گومانی بخه‌نه سه‌ر.
له‌م دژایه‌تی كردنه‌دا هه‌ست به‌هیچ زیانێك ناكه‌م، بایی ئه‌وه‌نده گوێیان لێڕاده‌گرم بزانم چی ده‌ڵێن، ئاست و ئاراسته‌كانیان چین، هێنده كاتیان ناده‌مێ بیریان لێ بكه‌مه‌وه، گیانی له‌خۆبووردن و بێبایه‌خكردنی دوژمنه‌كانم له‌مندا به‌هێزه، ئه‌مه‌ش له ڕێگای گیانپه‌روه‌رده‌كردنێكی به‌رده‌وام و دۆزینه‌وه و خۆناسینه‌وه پێیگه‌یشتووم.
شیعر بۆ من په‌یامی ڕاچڵه‌كاندن و ئه‌و ئاگره‌یه قه‌ت ڕووی له خامۆشی نییه، ته‌واو بڕوام پێی هێناوه‌و ئه‌مه‌كداری بۆی، دوژمنه‌كانم له‌ناوه‌وه‌یاندا له ئاست ئه‌م ئه‌مه‌كدارییه‌ی من داته‌پیون، خۆیان به گوڕنه‌ته‌ڵه و چه‌وساوه‌ی ده‌قه‌كانم ده‌بینن، منیش له شه‌ڕه بێفه‌ڕه‌كان خۆم پاراستووه‌و فه‌رامۆشیان ده‌كه‌م.
له‌گرده‌نشینی ده‌روونی ئامانجدارم خه‌ریكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته پیرۆزه ده‌بم، كه بڕوام پێ هێناوه، بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه، هه‌لومه‌رج و ئارامی ته‌واوم بۆ دابین ده‌بێت وه‌ك منداڵێك خه‌ون ده‌بینم، ژیان له‌ناو خه‌وندا مشتوماڵ بكه‌م.
شاعیری ڕاسته‌قینه هه‌موو كات وه‌ك منداڵێك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، هه‌ركاتێك ڕێگای دا ئه‌و منداڵییه‌ی ناوه‌وه‌ی وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك فه‌رمانی پێ بدا و هه‌ڵی سووڕێنێت، ئه‌وه له‌م چركه‌یه‌دا جاڕی به‌تاڵبوونی خۆی ده‌دا،چونكه گه‌وره له‌هه‌ڵسوكه‌وتیدا تاكتیك به‌ڕێوه‌ی ده‌با و تاكتیكیش به‌ڕێوه ده‌بات، داهێنه‌ریش پاكی و یه‌كڕوویی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی،پاكی و یه‌كڕوویش ته‌نیا له منداڵییه‌تیدا ده‌ست ده‌كه‌وێ، له پاكی و یه‌كڕووییدا ده‌گه‌یت به دره‌وونڕۆشنی خودایی.
په‌ره به خه‌ونبینین ده‌ده‌م، خه‌ون له ده‌ربڕیندا بنه‌ڕه‌تی واقیع ون ناكات،ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتیش نابێ،به‌رهه‌مهێنه‌ری ترپه‌و ئاوازی نوێیه بۆ ده‌ربڕین لێ‌كردن و به‌ڕێوه‌چوونی واقیع له ناو ده‌قی فانتازیادا.
من پاكی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پاكییه‌وه نانووسم.
5
شاعیری دامه‌زرێنه‌ری گه‌وره‌مه‌ند به ڕه‌خنه لێگرتنی نابه‌جێش بڕوای به دامه‌زرێنه‌ری و گه‌وره‌مه‌ندی خۆی له‌ق نابێت، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و په‌یتتر ده‌بێته هێمای ڕوونبوونه‌وه‌ی زمان و نووسین. مێژووی له‌ناو داده‌مه‌زرێ،ئه‌و بڕوا پته‌وتربوون و كاریگه‌رییه و په‌تییه‌شی هێزی ڕزگاركه‌رو ڕزگاركردنی ده‌قه له پاشماوه جێماوه‌كان و پاشخاپه‌رۆكه‌كانی زمان و نووسین.
من رزگاركردن ده‌نووسم، له‌باره‌ی رزگاركردنه‌وه نانووسم.
6
هیچ وشه‌یه‌ك له ژیان و مردن كۆنتر نییه، وشه‌ش له‌سه‌ر كۆنی و نوێی نه‌كه‌وتووه، بگره له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی نووسه‌ر كه‌وتووه چۆن به‌كاری ده‌هێنێ و ئاست و ئاراسته‌و ئاسۆی لێ ده‌دۆزێته‌وه.
نه‌مویستووه جیهانی كۆن بڕووخێنم و جیهانی نوێ بنیاد بنێم، تێكۆشاوم له‌ناو جیهانی كۆندا جیهانی تر بدۆزمه‌وه و بیكه‌م به نموونه‌ی ڕوونی و خاوێنی به‌هه‌شتی تا هه‌تایه.
شاعیر ده‌توانێ كه‌ڵك له ته‌واوی وزه سروشتییه‌كان وه‌ربگرێ بۆ بنیاد و پێكهاته‌ی شیعری.
شیعر، به‌پێوه‌ندییه‌كی كراوه و زیندووی ژیان ده‌زانم، هێندێك كاری سه‌ره‌تاییم ساده‌بوون، كه له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا به ناوه‌ندی ڕۆشنبیری كوردیم ناساندوون، به شایسته‌ی ئه‌وه‌یان نازانم له كتێبێكدا بیانهێنمه‌وه ناو جیهانی زمان و نووسین، دووباره پیشانیان بده‌مه‌وه، یان جۆره یه‌كترناسینێك بوون له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی به پیتی شیعر و هه‌ڵڕشتنی مانادا. كاركردن له‌پێناو مانادا له‌ناو ڕه‌گه‌زه شیعرییه‌كاندا ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌ی نییه.
وه‌ك ده‌سپێك و زه‌مینه له هێندێكیاندا جیهانبینی شیعریم تێیاندا سه‌ره‌تاییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هه‌موو هێزو توانای ده‌ربڕینم له ته‌واوی ژیان و بوونم ڕوانیوه، ئه‌و ڕوانینانه‌ی لێیانه‌وه ده‌گه‌ی به قووڵایی ئومێده په‌یامداره ڕاسته‌قینه‌كان.
هه‌وڵمداوه ئه‌وه‌ی له گیان و ناخی من جێگیربووه، بیگوازمه‌وه بۆ گیان و ناخی كۆی ئاده‌میزاده‌كان به‌و حیكمه‌ته‌ی شیعر پاكییه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت.
من دۆزینه‌وه ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆزینه‌وه نانووسم.
7
پێشبینی له بیری مندا به‌هێزه، زۆر جاران شه‌و خه‌ونم بینیوه بۆ به‌یانی، یان له ماوه‌یه‌كی كورتدا ڕووداوی خه‌ونه‌كه به واقیعی هاتووه‌ته ناو ژیانم و بووه‌ته ڕووداوێكی بیندراو.
شیعر ده‌كه‌م به ژیان، شیعریش ده‌وری ئه‌م چه‌تره ده‌بینێ هه‌موو چالاكییه‌كانمی له سێبه‌ردا یاداشت ده‌كه‌م.
شیعر وه‌ك خه‌ون وایه، ئه‌گه‌ر نه‌یبینم هه‌ست ده‌كه‌م وه‌ك مرۆڤ ته‌واو بوویمه‌و شوێن و ئه‌ركم له ژیاندا نه‌ماوه.
ترپه‌و خورپه‌یه‌كی شاراوه‌ی ناخه، دێت و ده‌ستم ده‌گرێ،ده‌مباته ناو ژیانێكی جوان و به‌هه‌شتی تا هه‌تایه، له‌م گه‌شته جوانه‌شدا به نه‌رمه گۆرانی گوتنه‌وه شته هه‌ره جوانه‌كان ده‌كه‌م به هاوڕێی گیانی به گیانی خۆم و ده‌یانهێنمه‌وه ناو ماڵی هه‌میشه دڵخۆش و فه‌رامۆشبه‌خشی زمان و نووسین.
من پێشبینی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێشبینییه‌وه نانووسم.
8
شاعیر له شیعره‌وه هه‌ستیاری خۆی ده‌گه‌یه‌نێ، شاعیری داهێنه‌ریش كه‌لله‌سه‌ری میلله‌ته، له‌هه‌ر شیعرێكیشدا ڕاستییه‌ك له كه‌لله‌سه‌ر ده‌دۆزێته‌وه.
كۆمه‌ڵێك ده‌قی په‌تیم نووسیوه له پانتایی خه‌ون بوونه‌ته شێواز و به‌رگری له مانای جوان ده‌كه‌ن، پێناسه‌ی ئه‌ده‌بی منیان پێكهێناوه، به ئه‌ده‌بیاتبوونی خه‌ونم لێیانه‌وه ناساندووه، تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاویش سه‌ر به گۆبه‌ندبوونه و له‌رزه‌یه‌كی نوێبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه، به‌هۆی خۆ دامه‌زراندن و گورج هاتنه پێشه‌وه‌و بڕوا به‌خۆبوونم له‌به‌رده‌وامی به‌خشیندا كاردانه‌وه و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ریی و ناكه‌سبه‌چه‌یی دوژمنه گوڕنه‌ته‌ڵه‌كانم گه‌یشت به پله‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر ناشارستانیم لێ بكه‌ن.
له ده‌قه‌كانمدا سه‌رچاوه ئێستێتییه‌كانی ژیان له‌هه‌موو شتێك‌دا به‌رزترن، پێوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ شوێندا، پێوه‌ندییه‌كی گیانییه، یه‌كه‌م خه‌یاڵگه‌ی به‌پیتمه هه‌موو یاده‌وره‌ییه‌كانم له شوێنێكدا خه‌وتوون، كه چاو بواری نییه كۆیان بكاته‌وه و بیانگرێت، مه‌گه‌ر له ڕێگای خه‌ونبینینه‌وه به ئاگایان بهێنمه‌وه و ئاوی چاوی تیشكهاوێژم بده‌م، بیانخه‌مه ناو چالاكییه هه‌ستی و خه‌ونییه‌كانم.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك به هه‌ست، ده‌ستی نیانی هه‌تاوی شوێن له‌خه‌و به ئاگام نه‌هێنێت، وا ده‌زانم ئه‌و شه‌وه چالاكی هه‌ستی و خه‌ونی تێدا نه‌بووه.
شوێن له ده‌قدا خه‌یاڵ و ڕوانین و خه‌ونی شاعیر دایده‌مه‌زرێنێ، جیاكاره له‌و زه‌ویه‌ی ڕۆژانه به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت.جیهانی خه‌ونیش به‌لای منه‌وه سه‌رنجڕاكێشترین جیهانی شیعرییه،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ژیانی ته‌واو داماڵدراو له فرت و فێڵ و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ریی و ناكه‌سبه‌چه‌یی و ته‌واو ئازاد به گشتگیری ده‌كات.
من شوێن ده‌نووسم، له‌باره‌ی شوێنه‌وه نانووسم.
9
ژیانی ڕاسته‌قینه،ئه‌و شتانه‌ن، كه ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی لێیان سه‌ندوون، ئه‌م لێسه‌ندنه‌وه‌یه‌ش له‌ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی ته‌نیا له ڕێگای خه‌ونه‌وه ده‌بێت، كه‌واته ژیانی ڕاسته‌قینه ته‌نیا له خه‌وندا هی خۆمانه،ئازادی ته‌واوی لێوه‌رده‌گیرێت.
شێوازی خه‌ونیم په‌یڕه‌و كردووه، له ده‌قی خه‌ونیدا ده‌تواندرێت خودی شاعیر بناسرێ و ڕه‌نگه‌كانی ببیندرێن.
خه‌ون، یاخیبوونی به جه‌رگانه و ده‌نگی ناڕه‌زاییه له‌كار و ڕووداوه نابه‌جێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی.
له خه‌وندا شاعیر پرسیار ئاراسته‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات ده‌كات، له ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنه‌شدا ده‌گات به دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری مرۆڤ.
جووڵه‌ی به‌هێزی ناوه‌وه‌ی شیعر له‌توانای دایه ڕاسته‌وخۆ كار بكاته سه‌ر ژیان و بیگۆڕێت.
خه‌ونی نایاب ده‌بێته زمان و شێواز و بابه‌تی نایاب، ده‌قه‌كانم ده‌قی خه‌ونین، خه‌ونیش وه‌ك گیان و هانده‌ر، هه‌میشه تێكه‌ڵ به شیعرییه‌تی ده‌قم ده‌بێت و هه‌ستی شكۆمه‌ندی له مندا ڕسكاندووه.
ڕوانینه‌كانم ده‌خه‌مه ناو بازنه‌ی خه‌ونه‌وه، خه‌ونه به‌رجه‌سته‌كراوه‌كانیش پێویستیان به‌وه‌یه دووباره بیانهێنیته‌وه ناو ژیان تا ده‌ورو كار‌و چالاكی خۆیان ببینن و پته‌وتر هاوبه‌شی له گۆڕان بكه‌ن.
له‌بواری خه‌ونبینیندا پشت به چاودێری و سه‌رگه‌رمی خۆم ده‌به‌ستم له پێكهاته‌ی ده‌قیشدا خه‌ون ڕۆڵی بنچینه‌یی ده‌بینێت، ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیشی له ژیانی كه‌سایه‌تیمدا به‌دیار كه‌وتووه.
خه‌ون هه‌ڵوێست و بۆچوونی ڕوونه به‌رانبه‌ر به دیمه‌نی شڵه‌ژاو و دیكتاتۆریه‌تی ژیان.
من پرسیار ده‌نووسم، له‌باره‌ی پرسیاره‌وه نانووسم.
10
نووسین كاتی هه‌ستیاری ته‌مه‌نه، له دره‌وشانه‌وه‌ی شیعریی دۆنایدۆنی كه‌ش وهه‌وای ئازادی بیركردنه‌وه و خه‌ونبینین ده‌بم، خه‌یاڵ و خه‌ون و چه‌مكی سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه له پله‌یه‌كی ئه‌فسوونیدا یارمه‌تیده‌رمن بۆ كێشانی ئه‌و شتانه‌ی كه چاوم نه‌یدبوون.
له‌ناو شیعردا ده‌جووڵێم و بارودۆخی گیانیم ئارام ده‌بێت، سه‌یری ته‌واوی جیهان ده‌كه‌م، له‌م سه‌یركردنه‌مدا هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك بوونی نییه، ته‌نیا ئه‌و خودایه نه‌بێت، كه پێوه‌ندیم پێوه‌ی به‌هێزه و هه‌ڵسووڕێنه‌ری گیانیمه، ئامۆژگارییه ئاسمانییه‌كان هه‌میشه له‌بیرمدان و فه‌رامۆشیان ناكه‌م،هه‌ستی ئایینیم به‌رجه‌سته‌كردووه. نه‌ك بابه‌تی ئایینیی، تا سنووری ڕه‌وا له‌نووسه‌ره گه‌وره‌كان نزیك ده‌بمه‌وه به‌هره و سرووشیان لێوه‌رده‌گرم، به‌ڵام ناچمه ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ی تایبه‌ته به جیهانبینی و بڕوای ئه‌وان.خودی ساده‌و ساكار ژیاوی مته‌سه‌وف و سروشتخوازو خه‌ونبین وه‌ك بوونێكی گشتی ته‌ماشای ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ناو جوانییه‌كاندا ده‌توێنه‌وه. له‌م توانه‌وه دڵئاگاییه‌دا هه‌ست به شته‌كان ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ن به خود و غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵا، له ڕێگا ئه‌م گه‌یشتنه‌شه‌وه شاد ده‌بن به دوایین پله‌ی ده‌روونڕۆشنی و شینایی سه‌ره‌تا و بێگه‌ردكردنه‌وه‌ی تا هه‌تایه‌ی هه‌موو شته‌كان.
من بێگه‌ردی ده‌نووسم، له‌پێناو بێگه‌ردییه‌وه نانووسم.
11
له ده‌قی خه‌ونیدا ده‌سته‌واژه له ئازادكردنی مانا و بنیادی ڕسته‌دا هه‌میشه له سنوور به‌زاندندایه.
ده‌قی خه‌ونی ده‌ستكه‌وتێكه له‌ئه‌وپه‌ڕی زمان و جیهانبینی ڕوون، ده‌ربڕینه خه‌ونییه‌كان په‌نجه‌مۆری له‌سه‌ر داناون، شێوازی هه‌مه‌جۆر له ده‌قی درێژدا به‌كار ده‌هێندرێ، جۆرێك له ده‌ستكرد و دروستكردنی تێدا ڕه‌وایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشت نابه‌ستێت به چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، بگره زنجیره ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و جووڵاندنی ڕابردوو و تێڕامانی له مێژینه‌ن له كه‌شی نووسین ده‌گه‌ڕێیته‌وه سه‌ریان و جیهانبینی تێدا ده‌جۆشێت.
گونجاندن و لێك نزیككردنه‌وه‌ی شێوازی شیعری ئازاد و شێوازی په‌خشانه شیعر ئاست بۆ سنووربه‌زاندنه‌كان ده‌دۆزێـته‌وه. ماناكان له هه‌ناوی زمانه‌وه ده‌رپه‌ڕیون، وێنه ڕاسته‌قینه‌كان له هه‌ست ده‌چن، هه‌ندێ جار خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، هه‌ندێ جاریتریش ون.
له‌م ونبوونه‌دا ژیان یه‌كپارچه ده‌بێته گومان، له‌و گومانه‌شدا شیعرییه‌ت ده‌بێته خوداوه‌ندی سه‌رزه‌مینێكی لێوان‌لێو له ڕازی نوێبه‌خش و جیهان به باشی و چێژ وه‌رگرتنه‌وه ده‌بینێت.
من گومان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گومانه‌وه نانووسم.
12
كه‌له‌پوور بازنه‌یه‌كی نیمچه داخراوه، داهێـنه‌ر هه‌میشه پانتاییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا ده‌كاته‌وه بۆ پرسیار، پرسیار دروستكردن له ده‌قدا، پێوه‌ندییه‌كانی شاعیره به زمان و هه‌سته‌كانی ژیانه‌وه.
ده‌قی له ئه‌زموونی مرۆڤی وریای له ئاست چاره‌نووسدا خه‌مڵیو، خۆی له‌و بیر و مانایانه داده‌ماڵێت، كه له‌ناو ده‌قدا یه‌قین دروست ده‌كه‌ن، دڵه‌ڕاوكێ و گومان ده‌ستمایه‌ی ده‌قی كراوه‌و خه‌ونین.
كه‌له‌پوور ئه‌گه‌ر پانتاییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا نه‌كرابێته‌وه بۆ پرسیار، یانی ڕابردوو، ڕابردووش وه‌ستاوه‌و یه‌قینی تێدا زاڵه، به‌هه‌موو توانامه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌له‌پوور وه‌ك ڕابردوو وه‌رنه‌گرم، مه‌به‌ستمه بیكه‌م به خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ، خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ بم، ئه‌مڕۆ شتێكی ته‌واو بیندراو و زاندراو و وتراو نییه.ئاینده بێئامانترین سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌مڕۆیه، ئه‌و ئه‌مڕۆیه‌ی ئاینده تێیدا كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوه، ملكه‌چی توانایه‌كانمان نییه.
من ئاماژه ده‌نووسم، له‌باره‌ی ئاماژه‌وه نانووسم.
13
نووسینی واقیعی بیندراو لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی ئارام و خۆشنوودییه، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی، لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی شڵه‌ژاوه. زه‌ینی ئارام حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه ده‌كات، زه‌ینی ئارام نووسیویه‌تی، زه‌ینی شڵه‌ژاویش حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه ده‌كات، زه‌ینی شڵه‌ژاو نووسیویه‌تی.
له‌ده‌قی خه‌ونیدا هه‌ست ده‌دۆزرێـته‌وه، هه‌ستیش زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعرییه‌ت، خه‌ون كرده‌یه‌كی هه‌ستییه له‌وه‌ی كرده‌یه‌كی عه‌قڵی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بنچینه‌ی خه‌ون هه‌ست و واقیعه، به‌ڵام واقیع به‌و شێوازه نا، كه ده‌بیندرێت، واقیع به‌و شێوازه‌ی هه‌ست له ده‌قی په‌تیدا ئاماده‌ی ده‌كات، له‌م بار‌و كه‌شه‌دا خه‌ون هێزی خه‌یاڵ له نووسیندا به‌رز ده‌كاته‌وه‌و كار له‌سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌كانی چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌كات.
من شاراوه ده‌نووسم، له‌باره‌ی شاراوه‌وه نانووسم.
14
ژیان له‌هه‌موو دنیادا، جۆرێك چوونیه‌كی تێدایه، ده‌گونجێ شاعیر نه‌ریتی هه‌موو دنیا له ده‌قدا بكات به هی خۆی، وه‌ك بیر‌و ماناش له‌شیعردا نیمچه نزیكییه‌ك له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا ئه‌گه‌ر هه‌بێت ڕه‌وایه، به‌ڵام شیعرییه‌ت له زمانی نه‌ته‌وایه‌تیدایه.مانای وێنه‌ی شیعری له ترپه‌و ئاوازدا كۆ ده‌بێته‌وه‌و له ئه‌وپه‌ڕی زماندا ده‌ڕسكێ.
زمان هه‌ڵگری بیر‌و ڕاكانی نه‌ته‌وه‌یه، شاعیریش له ڕێگای زمانه‌وه جوانییه‌كانی نه‌ته‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت، نووسین به زمانی نه‌ته‌وه ئینتیمای نووسه‌ره بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌كارهێنانی زمان ده‌بێته ناوه‌ند و سه‌ربه‌خۆیی داهێنان و ئینتیمابوون وه‌رده‌گرێت، زمانی دره‌وشاوه و جووڵه‌دار له ده‌قدا یانی گه‌شه‌سه‌ندوو و داهێندراو و دره‌وشاوه و ڕسكاو.
دۆزینه‌وه له ڕێگای خوێندنه‌وه‌وه، به به‌هره‌مه‌ندی نووسه‌ر وه‌رده‌گیرێ، من كه له دایكبووم و هاتمه ناو قسه‌كردن، وشه‌ی مردنم نه‌ده‌ناسی و نه‌مده‌زانی ده‌لاله‌تی چی ده‌دات، له‌خوێندنه‌وه‌دا گه‌یشتم به ده‌لاله‌تی و ئاسۆكانیم ناسی و به‌هره‌م لێوه‌رگرت، چوومه ناخی وشه‌كه و وشه‌كه‌ش هاته ناو ناخی من و بووین به هاوتای یه‌كتری.
ئه‌و به‌چاوی منی ڕوانی و منیش به‌چاوی ئه‌و جوانییه‌كانی ژیانم بژارد، دواتر له‌گه‌ڵ بینینی مه‌رگی باوكم گونجاندم و هێنامه ناو زمان و نووسین.
وشه‌ی دایه و بابه گه‌شترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تیان تێدایه، واتایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رده‌وامین، ژیان به ئه‌مانه‌وه خۆشخاڵ و په‌یوه‌سته، له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، واته له شیعر خۆیه‌وه، ژیان خۆی جووڵینه‌ری خودی شیعره.
من ناسین ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناسینه‌وه نانووسم.
15
ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌یه گۆڕان له ڕوانین و نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگا دروست بكات، واته شۆڕشگێڕبێ له ڕوانین و گۆڕینی چێژ بۆ جوانی. كه جوانیشی خۆشه‌ویست كرد له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، واته ته‌واوی ژیانی خۆشه‌ویست و په‌سند كردووه.
شۆڕشگێڕیش به‌شێكه له ژیانی په‌سندكراو، به‌ڵام بیری توندوتیژی ناڕه‌وا، یان سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی له‌ده‌قی شیعریدا هۆی خنكێنه‌ری فه‌زاو هونه‌ری په‌تییه.
بیری توند‌و تیژی سیاسی شیعری هه‌ڵچووندار به‌رهه‌م دێنێت، هه‌ڵچوونیش گرینگی به‌هۆیه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی توند‌و تیژی و زه‌برو زه‌نگ نادات، بگره ده‌یانخاته ڕوو.
قسه‌مان له هه‌ڵچوونی گیانی نییه، كه سووتان دروست ده‌كات و ده‌بیـَته به‌رهه‌م هێنه‌ری شیعری ڕۆمانسی هه‌ستی و دره‌وونڕۆشنی ته‌سه‌وف.
شیعری تێڕامان، به‌رهه‌می بارودۆخی ئارامه، كه جوانی تێدا خه‌مڵێندراوه.
شیعری هه‌ڵچووندار، به‌رهه‌می بارودۆخی شڵه‌ژاوه، كه جوانی تێدا بزركراوه.
شیعری هیچ نه‌ته‌وه‌كیش به هه‌ڵچوونداری ناگا به غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵای خۆی و مه‌زنایه‌تی وه‌رناگرێت.
من تێڕامان ده‌نووسم، له‌باره‌ی تێڕامانه‌وه نانووسم.
16
هیچ ئاستێكی جیاكار له‌نێوان هه‌قیقه‌تی گه‌وره‌و داهێنراوی گه‌وره‌دا نابیندرێت، هه‌میشه نووسراوی داهێندراو له باسكردن و ڕووداوی بیندراو بیستراو به‌هێزتر و كاریگه‌رتره.
به‌شێك له به‌شه كاریگه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه‌یه، ڕه‌خنه‌ش له كرۆكدا هۆیه‌كه بۆ گه‌یشتن به ئاكامی بیری پێگه‌یشتووی ده‌ق و خستنه ڕووی پێكهاته زیندووه‌كانی به‌رزی شێواز، هه‌روه‌ها ناوه‌ندی كاركردنی دۆزینه‌وه‌ی داهێنانیشه، ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌بیرو شێوازی ده‌قه‌كه‌دا به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت ئاراسته‌ی ده‌قه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه و گوتاری خۆی داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌ی توانی گوتاری ته‌ریبی خۆی له‌گه‌ڵ كاره ئه‌ده‌بییه داهێندراوه‌كاندا دابمه‌زرێنێت، ده‌روونێكی بێگه‌رد و ئاشقه.
ڕه‌خنه، ده‌ق به ناسنامه‌ی كراوه‌ی ڕوون له‌سه‌ر هه‌ڕه‌مێكی دۆزراوه‌ی ناوه‌ند ڕاده‌گرێت و پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی پێشنیار ده‌كات، پێویسته ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق به‌جێی بهێنێ و كاری له‌باره‌وه بكات، نه‌ك ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش.
ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق، بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا ئاشكرایه، سۆراغكه‌ری نووسین یارمه‌تی ده‌دا و ئامانجه بۆ ئاشناكردنی.
ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش،بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا بزره، سۆراغكه‌ری نووسین چه‌واشه ده‌كات و هۆیه بۆ به‌لاڕێدا بردنی.
من پێكهاته ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێكهاته‌وه نانووسم.
17
خۆمم وه‌ك خودێكی بیركه‌ره‌وه له‌ناو خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ده‌قه‌كانمدا، هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌م خۆده‌ربڕینه‌شم له جووڵه‌ی ده‌قه‌كانی خۆمدا دۆزیوه‌ته‌وه. دیتنی منی بۆ شیعر به‌ڕوونی تێدا ده‌بیندرێت، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونم وه‌ك بنیاد و جووڵێنه‌ری نووسین وه‌رگرتووه، زمانیش وه‌ك دامه‌زرێنه‌ر و به‌شێكی زیندووی ده‌قی كراوه‌و خه‌ونی.
هونه‌ری كۆلاژ و هه‌ڵڕشتن و به‌دوایه‌كداهێنانی وێنه‌ی جۆراو جۆر، یان هێنانه‌وه‌ی وێنه له‌دوای وێنه ده‌بێـته هۆی ئارامی و ئاگری زیندووی گیانی و زه‌ینی خوێنه‌ر.
جۆرێك په‌رتی و بایه‌خنه‌دان به یه‌كێتی بابه‌تم وه‌ك ڕه‌گه‌زی كتوپڕی په‌یڕه‌و كردووه، ئه‌م هونه‌ره‌ش له شیعری كلاسیكی كوردییه‌وه فێربووم، له‌شیعری كلاسیكی یه‌كێتی بابه‌ت نییه، بگره یه‌كێتی دێڕ هه‌یه، من ئه‌م یه‌كێتی دێڕه‌م گۆڕیوه بۆ یه‌كێتی وێنه، لێچوون و له‌وچووشم گۆڕیوه بۆ هێما و ئاماژه، هه‌روه‌ها مۆسیقا و ترپه و ئاواز له شیعری كلاسیكیدا له كێش و سه‌روا و بڕگه‌وه ده‌بینرێت، لای من جووڵه‌ی وشه تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن. مۆسیقا و ترپه و ئاواز پێك ده‌هێنن.
من ره‌گه‌زی كتوپڕی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ره‌گه‌زی كتوپڕییه‌وه نانووسم.
18
سه‌رنجدانی هیچ شتێك بۆ به‌هره‌مه‌ند له‌سوود وه‌رگرتن بێبه‌ش نییه، هه‌ر شاعیرێكیش له ژیانی ڕۆژانه‌یدا زۆر بڵێ بوو، زوو سه‌رنجه‌كانی ده‌ربڕی نه‌یهێشت باره‌كانی بگه‌ن به باری تێڕامان و ناخ ڕوونبوونه‌وه‌و جیهانبینی و به‌هره خه‌مڵاندن، دركاندنی. بێگومان كاره‌كه‌ی وه‌ك نووسراوی ئاسایی پڕه، به‌ڵام وه‌ك نووسراوی داهێندراو به‌تاڵه، چونكه نووسراوی داهێندراو ته‌نیا به تێڕامان و ناخ و ڕوونبوونه‌وه و جیهانبینی و به‌هره خه‌مڵاندن مه‌زنایه‌تی وه‌رده‌گرێت.شته بیندراو و هه‌ستپێكراوه به‌سووده‌كان پێش ئه‌وه‌ی له‌نووسین جێگایان بكاته‌وه به‌سه‌ر قسه‌كردن دابه‌شیان ده‌كات.له‌م باره‌دا به‌هۆی قسه‌كردنه‌وه هۆشیارمه‌ندی نووسین له‌ده‌ست ده‌دا، یان به‌رده‌وام به‌په‌له قسه بۆ دیارده سروشتییه‌كان هه‌ڵده‌ڕێژێت، كه شیعر بێده‌نگییه‌كی خوداییه، ناهێڵێت ئه‌م بێده‌نگییه خوداییه ئه‌م به قسه بێنێ، یان به ئاماژه و نه‌رم نادوێت، بگره به ته‌واوی هێزی ده‌می به‌ڕه‌ڵڵا ده‌كات و باره‌كانی بێده‌ستمایه‌ی نووسراوی داهێندراو به‌تاڵ ده‌بن.
من بێده‌نگی ده‌نووسم، له‌باره‌ی بێده‌نگییه‌وه نانووسم.
19
كتێبخانه كه‌سایه‌تی نووسه‌ره، من وه‌ك بارستاییه‌ك هێنده به‌فری كتێبم له‌سه‌ر كه‌وتوون، به‌هره‌ی ئه‌و كتێبانه‌م چۆڕاوه‌ته هۆشیاری و كه‌لله‌سه‌ر تا وه‌ك كانییه‌ك له‌ژێر گرانایی ئه‌م به‌فره‌دا، كه هانده‌ری گیانه ده‌ربووم و جۆگه‌له‌م هاوێشت.
له دژوارترین كاتدا، كه زه‌برو زه‌نگی واقیع و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی ویژدانم ده‌ڕه‌نجێنن. وه‌ك منداڵێكی هه‌ست به شاڵاوی تۆقێنه‌ركردوو، كتێبخانه‌كه‌م به دڵنیاترین قه‌ڵای پارێزگاركار ده‌زانم، له‌ناویدا ئاهی پشتیوانی و به‌رگریم پێدادێت و پشووی ویژدانم خۆش ده‌بێت، هه‌ست ده‌كه‌م پارێزراوم، هه‌روه‌ها وه‌فادارترین و جێی بڕواترین ئه‌نوا، ئه‌نوای خه‌ونه، هه‌ر فه‌رامۆشی ئه‌و ئه‌نوایه بوو،هه‌ڵیبژاردم بۆ نووسین.
خه‌ون له چارنووس ده‌پرسێت، بۆ ئه‌وه خه‌ون ده‌بینم ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره گرینگه ببمه‌وه سه‌رسامی چییه، یان من كێم، یان كه‌سه‌كانی ناو به‌هه‌شت و دۆزه‌خ خۆشی و ئازاره‌كانیان چین.
پتر له هه‌ركتێبێك قه‌رزاری خه‌ونبینینی خۆمم، خه‌ونبینیشم تاكه به‌شێوازی كۆ، هه‌میشه له نووسیندا من كاتی نووسینم، نووسین كاتی من نییه، كه كاتێكی زۆر بزرو تایبه‌ت و هه‌ستیاره، به‌رده‌وام خه‌ونه‌كانم دێنه ناو چركه‌كانی نووسین، فریشته‌ی په‌یامگه‌یه‌نه‌ر هاوڕوانین و هاونووسین و هاوخه‌ونبینینم ده‌بێت و ڕێنوێنی ڕژانی گیانم ده‌كات.
دوای ته‌واوبوونی یه‌كه‌مین ڕه‌شنووسیش بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ ڕاده‌مێنم و بیر ده‌كه‌مه‌وه بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پشوو ده‌ده‌م، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه‌و پاكی ده‌كه‌مه‌وه، ناونیشانی بۆ داده‌نێم، ناونیشان وه‌ك ڕووناكییه‌كی تیژ تێپه‌ڕه بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی پانتایی و بنیاد و جووڵه‌كانی ناوه‌ڕۆك و ناساندنی ده‌ق، چونكه به‌هۆی ناونیشانه‌وه نووسین و بینینی نووسه‌ر پێشكێش ده‌كرێت،كرۆك و ده‌لاله‌تی ده‌قه‌كه دێته به‌ر بیر‌و خه‌یاڵی خوێنه‌ر.
من چاره‌نووس ده‌نووسم، له‌باره‌ی چاره‌نووسه‌وه نانووسم.
20
كۆمه‌ڵێك حیكمه‌ت و گیانی په‌تی و بیر‌و مه‌ودای ئێستێتیكیم له كه‌له‌پوور و ڕۆشنبیریی كوردی بۆ ماوه‌ته‌وه، نموونه: له حه‌یران خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه، سه‌ربه‌ندو ناوبه‌ندو كرانه‌وه‌ی دوابه‌ند هه‌یه.
به‌گوێگرتن و هۆشیارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ترپه‌و ئاواز هه‌ستی خاڵبه‌ندی لای حه‌یرانناس دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها له شیعری میللی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه، په‌یڕه‌و نه‌كردنی خاڵبه‌ندی لای من نه‌زانین نییه، بگره وه‌ك مه‌به‌ست و هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ هه‌ستی سه‌ره‌تایی كوردی و ڕه‌سه‌نایه‌تی كه‌له‌پوور.
له‌سپێتی كاغه‌زو دابه‌شكردنی وێنه‌دا هه‌ست و نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی له ئاسته‌كانی ده‌ربڕین له خه‌یاڵ و زه‌ینی خوێنه‌ری خود وریا ده‌ستنیشان ده‌كه‌م.
من زه‌ین ده‌نووسم، له‌باره‌ی زه‌ینه‌وه نانووسم.
21
تێگه‌یشتن و تێنه‌گه‌یشتن هیچ له ئاره‌زووی من ناگۆڕێ بۆ ئه‌ده‌ب، له‌هێڵه گشتییه‌كانی هونه‌ری خودایی و سامانی ژیان و ڕه‌گه‌زه‌كانی شێوه‌كاری …..تاد، خه‌یاڵ ئاماده ده‌كه‌م، له‌سه‌ر هه‌ر شه‌ش هه‌ست كاری پێده‌كه‌م و ده‌یخه‌مڵێنم. شێوه‌كاری به‌شێك نییه له‌سامانی جوانی، بگره خاوه‌نی سامانی جوانییه، شێوازیشی ناوه‌ندی سرووش و ئاماژه وه‌رگرتنه بۆ ته‌واوی هونه‌ره‌جوانه‌كان.
هێڵ و خاڵ و بۆشایی و سێبه‌ر و ڕووناكی و دووری و نزیكی و فیگه‌رو هاڕمۆنیه‌تی ڕه‌نگه‌كان له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مندا دیار‌و نادیار ئه‌دگاریان دره‌وشاوه‌یه و به‌كاربردراون.
شیعریش گه‌یشتووه به چڕبوونه‌وه له ڕۆشنایی و سه‌داسه‌د كردارێكی به‌رهه‌مهاتووی جوانییه، جاروبار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م باره بوومه‌ته‌وه له‌كاتی گه‌رمه‌ی نووسیندا مه‌به‌ست و نیازه‌كان دژوار ده‌بن، ڕوون و ئاشكرا دۆخی نووسین وه‌رناگرن، داده‌مێنم، سكێچ ده‌كێشم به سرووش و ئاماژه وه‌رگرتن له سكێچه‌كان ده‌گه‌ڕێمه‌وه دۆخ و باری سه‌ره‌تایی نووسین.مه‌به‌ست و نیازه‌كان به ڕوونی و ئاشكرا ده‌دوێنم و شێوازێك بۆ ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئامرازه‌كانی ده‌ربڕین پێشنیار ده‌كه‌ن.
من جوانی ده‌نووسم، له‌باره‌ی جوانییه‌وه نانووسم.
22
له تاكیدا نووسه‌ر له‌هه‌قیقه‌تی ژیان ده‌پرسێت و سه‌ربه‌خۆیه، سه‌ربه‌ستی ته‌واوی له جۆری بیركردنه‌وه و خۆ ده‌ربڕیندا ده‌ستكه‌وتووه، ویژدانی له‌بڕیاری گوتن و هێزی شێوازدا ئاسووده‌یه، سه‌رچاوه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئازادی و ئازاییه‌ی خۆی به‌خۆی داوه، پرسیویه‌تی: من بیركه‌ره‌وه‌یه‌كم شوێنم له ژیاندا چییه. نابم به داماوی هیچ شێواز‌و گرووپێك، سه‌رده‌می گرووپ و قوتابخانه شیعرییه‌كانیش به‌سه‌رچوون، ئێستا سه‌رده‌می شاعیری تاكه.
من سه‌رچاوه ده‌نووسم، له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌وه نانووسم.
23
شاعیری ئه‌زمووندار كار له‌ناو مانای ئاماده‌كراو ناكات، ئاماژه‌كان ده‌جووڵێنێ تا ئاستی په‌رجوو دروستكردنیش ساده ده‌بێته‌وه،له‌ساده‌بوونه‌وه‌یدا ده‌گات به‌خۆ ده‌ربڕین و چێژی بوون، ته‌نیا مرۆڤه هه‌ستیاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا بایه‌خ به شیعر‌و دره‌وشانه‌وه‌ی گیانی ده‌ده‌ن، هه‌ستیاره‌كان خاوه‌نی ده‌روونێكی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ئاشتی ویستن.
ده‌ڵێی به‌نده‌یه‌كی خودایی و سووتاوێكی پاكبووه‌وه‌م له‌هه‌موو شته‌كاندا،خه‌ونی ساده ده‌بینم، سروشتی كه‌سایه‌تیم وا هه‌ڵكه‌وتووه له دانیشتن‌دا كه‌م بدوێم، گوێ بۆ گفتوگۆی ده‌وروبه‌ر ڕابگرم، بێ ئه‌وه‌ی خۆم ئه‌و بێده‌نگییه‌م وه‌ك پلان بۆ ژیانم نه‌خشه‌ڕێژ كردبێت، خۆی له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی ژیانم هاتووه و له دایكبوون و خودا به‌خشیویانه.
بێده‌نگی و كه‌مدوویی بووه‌ته به‌شێكی سه‌ره‌كی له ژیانم. زۆر گرفتیشی بۆ ناومه‌ته‌وه، چاوناسی وام لێ ڕاست هاتووه دوور، زۆر دوور له‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵمدا هه‌بێت و تێكه‌ڵ به كه‌سایه‌تیم بووبێت، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌م كه‌مدووییه‌وه ڕقی ئه‌ستووری لێم هه‌ڵگرتووه‌و قسه‌ی له‌باره‌مه‌وه هه‌ڵبزڕكاندووه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بار‌و بوارێكی بۆ هه‌قیقه‌تیش هێشتبێته‌وه.
وا هه‌ست ده‌كه‌م له بێده‌نگیدا به‌كرۆكی بوون ده‌گه‌م، یان بوون نهێنییه‌كانی خۆیم بۆ ده‌دركێنێ، خه‌ونیش به ئامرازێك ده‌زانم بۆ باش حاڵی‌بوون له هه‌قیقه‌ت و واقیع.
من كرۆك ده‌نووسم، له‌باره‌ی كرۆكه‌وه نانووسم.
24
شیعری نه‌وه‌ی پێشه من هه‌رچییه‌ك بووبن به‌ڕێزه‌وه له كتێبخانه‌كه‌مدا پاراستوومن، كه زۆرینه‌شیان یه‌كبینی و یه‌ك هه‌ستپێكردن و واقیعی هه‌ڵچووندارن، به‌لای منه‌وه جێگای مانه‌وه‌ن، وه‌ك نووسین و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه شیاوی به گه‌وره‌یی ته‌ماشاكردنن، ئه‌گه‌رچی له‌بیری مندا كاریگه‌رییه‌كی وایان جێ نه‌هێشتووه و نه‌بوونه‌ته ناوه‌ندو مایه‌ی سوودبه‌خشین و جووڵاندنی یادگه تا به‌رده‌وام وه‌ك خه‌یاڵی جوانی گه‌شتم دووباره بكه‌نه‌وه.
ئه‌وان شیعریان ستوونی بینی، یان به ئاست و ئاراسته‌ی به‌رزبوونه‌وه، یان به ئاست و ئاراسته‌ی نزمبوونه‌وه، بۆ جیاكاربوون و خۆتازه‌كردنه‌وه به لێزیادبوونی ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی بینیم، به یه‌كه‌مبینین و هه‌ستپێكردنێكی ته‌نك كه‌شی نووسینم بۆ ناڕه‌خسێ و ناچمه ناوی.
بینین و هه‌ستپێكردن له‌گه‌ڵ فه‌نتازیاو خه‌ون ده‌خه‌مڵێنم، دواتر وه‌ك ئه‌زموونێك له هه‌ناوی گشتی سه‌رهه‌ڵده‌داو ده‌بێت به بوونێكی خاوه‌ن قه‌باره‌ی شیاو، هاڕمۆنیه‌ت و هێز ده‌به‌خشێـته كاره‌كانی ترم.
من كه‌ش ده‌نووسم، له‌باره‌ی كه‌شه‌وه نانووسم.
25
شاعیرانی كلاسیكی كوردی، به تێگه‌یشتنی ڕاسته‌قینه‌ی شیعر، ڕوونتر و داهێنه‌رانه‌تر له شاعیرانی ئێستا بایه‌خیان به ئه‌وپه‌ڕی زمان، ئێستێتیكای زمان داوه،ته‌ماشای هۆگربوونیان به ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئێستێتیكای زمانه‌وه بكه، گه‌یشتوون به ئاستی دره‌وونڕۆشنی و تێگه‌یشتنی ده‌وری زمان له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.
زمانی كه‌م وێنه‌و ده‌سه‌ڵاتداری شیعری كلاسیكی منی به‌كێشی ناوچه‌قی زه‌مینه‌ی به پیت و هه‌وایه‌كی نوێ كرد، ئه‌زموونی خۆی له ئاماده‌بوونێكی ڕۆشن و سروشتی و پڕ ڕه‌نگتر پێ تاقی كردمه‌وه.
كرۆكی ژیان و مردن به نه‌دۆزراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زمانی شیعری كلاسیكی كوردیش.
زمان له شیعری كلاسیكیدا ئاست و ئاراسته‌ی له‌باری وه‌رگرتووه به ته‌واوی لایه‌نگیریم، شاعیری هاوچه‌رخ له‌ناو زمانی شیعری كلاسیكی قاڵ نه‌بووبێته‌وه قه‌تاو قه‌ت ناگاته هیچ سه‌ركه‌وتن و پێشكێشكردنێكی هۆشمه‌ندانه‌ی زمانه‌وه.
ده‌مه‌وێ له وشیاری نووسیندا، كه ده‌ربڕین له خه‌م و هونه‌ر و ده‌روونی كوردی ده‌كات زمانێكی نزیك له شیعری كلاسیكی ڕیشه‌دارو فره ئاسۆیی ئه‌گه‌ر بتوانم دابهێنم، یان به‌كاربهێنم. وه‌ك شێواز نا،وه‌ك گیان و زمان و سرووش و پرسیاره گه‌ردوونی و چاره‌نووسسازه‌كان.ده‌چمه ناو كلاسیك و خاڵی ده‌رچوون ده‌دۆزمه‌وه.واته ئه‌وپه‌ڕی زمان وخه‌یاڵی بینین
له ده‌قی خه‌ونیدا زمان ڕسته ده‌كاته‌وه و كه‌ش وهه‌وای ته‌سه‌وف داده‌كشێنێته ناوه‌وه‌ی تاك و مانا چه‌سپاوه‌كان ڕاده‌كێشێته ئاقاری گۆڕان و بارگاوییان ده‌كات بۆ جووڵاندن.
ئه‌مه‌ش به لووتكه گه‌یشتنی شیعرییه‌ت و جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌ی جوانی و به پیتكردنی ڕێڕه‌وه‌كه‌یه‌تی. جوانییه‌كان قه‌واره‌یه‌كن بۆ ئازادكردنی مرۆڤ و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌فسانه‌یی و نووسینی ئازاد.
له ده‌قی خه‌ونیدا مانا هه‌مه‌چه‌شنه‌یه، خه‌یاڵ په‌رێشان ناكات و بانگه‌وازه بۆ خوڵقاندنی جوانییه هه‌میشه‌ییه‌كان و به‌ڕێز ڕاگرتنی به‌ها تا هه‌تاییه‌كانی ژیان.
من ئه‌فسانه ده‌نووسم،له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌وه نانووسم.
26
من سه‌ر به هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ك نیم و لایه‌نگری هیچ حزبێكیش نابم. ئه‌م خۆڕاگه‌یاندنه دڵی شێری ده‌وێ، شیعر دڵی شێره. داهێنه‌ری راسته‌قینه له سروشتی خۆیدا كه‌سێكی یاخییه و دژه ده‌سه‌ڵاته. من شیعری بێگه‌رد به‌رهه‌م ده‌هێنم و شیعری بێگه‌ردیش پشت به نوێبه‌خشی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێت. كۆمه‌ڵگا له نوێبوونه‌وه‌یدا دڵی شێر ده‌دۆزێته‌وه و ده‌یبه‌خشێته داهێنه‌ران.
نووسه‌ری ئایدۆلۆژیست به‌وه تاوانبارم ده‌كه‌ن، كه دوورم له كێشه‌و مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، منیش به‌هه‌موو ئاست و ئاراسته‌یه‌ك خۆم پاراستووه له فریوی ئایدۆلۆژیا و هه‌راسانكردنی ئه‌مجۆره تاوانباركردنه.ئه‌ده‌ب به گیانی په‌تی و جوانی ده‌زانم، خۆ به‌دوورگرتنیش له ئایدۆلۆژیا به هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌ب، له ڕێگای هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بیشدا بیر له جیهان ده‌كه‌مه‌وه. گرفته‌كانی له خاڵێكدا كۆ ده‌كه‌مه‌وه ئه‌میش خاڵی هێزی نووسین و دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونییه.ئه‌و چه‌مكه‌ی مه‌به‌ستیشمه بیگه‌یه‌نم په‌راوێزی ناكه‌م، بێ دوو دڵی وه‌ك هه‌ره‌مێك پیشانی ده‌ده‌م و ده‌ریده‌بڕم.ویستوومه خه‌ون بكه‌مه كه‌سایه‌تی چالاك و ڕووبه‌ڕووی ژیانی بكه‌مه‌وه، دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونبینین له كوێوه دێت، من به‌بێ خه‌ونبینین له نووسیندا هیچم پێناكرێ و هیچ به هیچ ناكه‌م،هه‌میشه به‌دوای ناوه‌ندی دره‌وشانه‌وه‌ی نووسین وێڵ و ماندووم، ئه‌ی خودایه من مرۆڤێكی به باوه‌ڕم، بمگه‌یه‌نه ده‌روونڕۆشنی نووسین، په‌یامبه‌ره‌كانیش به مرۆڤی باوه‌ڕ و گه‌وره‌ترین خه‌ونبین بوونه.
من گیانی په‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی گیانی په‌تییه‌وه نانووسم.
27
ئه‌ده‌ب به سه‌رجه‌م شته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا پێوه‌نداره، به‌وانه‌وه بوونێكی دره‌وشاوه‌یه، ناتوانێ له‌ناو دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگا ده‌رپه‌ڕێ و خۆی وه‌ك ده‌قی شارستانی ئه‌زمووندار پیشان بدات، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا گه‌شه ده‌كات و ئه‌زموونی هاوتای شارستانی به‌ده‌ست ده‌هێنێ، پێوه‌ندییه جێگیره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، پێوه‌ندی نوێ داده‌مه‌زرێنێ بۆ به‌ڕێوه‌چوون.
توانای گۆڕان له ژیان ئاسان نییه، هه‌روه‌ها گۆڕان له ئه‌ده‌بدا چه‌ند باره گرانترو دژوارتر، داهێنه‌ری سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر، كه ده‌گه‌نه دوایین پله‌ی داهێنان و ده‌روونڕۆشنی. بابه‌ت و هونه‌ره‌كه‌یان ته‌واو خۆماڵی و وه‌رگیراوی ناو ژیانی گه‌رم و قووڵایی بیركردنه‌وه‌ن، بۆیه وه‌ك ده‌قی سه‌رسامكه‌ر خوێنه‌ر قبووڵیان ده‌كات و به ئه‌زموونی به‌رده‌وامی خۆی ده‌زانێ، له‌چاوگ و سه‌رچاوه‌ی كولتووری پڕ جم وجووڵی كۆمه‌ڵگا نیشانه‌كانی هونه‌روجوانی پێكاوه، كولتووریش هه‌میشه شۆڕشگێڕه، به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ بوون و په‌ره‌سه‌ندن كه‌ره‌سته‌كانی به‌ڕێوه‌چوون به‌رهه‌مدار ده‌بێت.
بابه‌تی ئه‌ده‌بی هه‌رچه‌نده خۆماڵی و له‌ناو جه‌رگه‌ی ژیاندا هه‌ڵبژێردراو بێت و هونه‌ری تێدا بدۆزێته‌وه ده‌رگای به جیهانبوونی فراوانتر به ڕوودا ده‌كرێته‌وه، به قه‌ناعه‌تتریش وه‌رده‌گیرێ.
من گۆڕان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گۆڕانه‌وه نانووسم.
28
ته‌واوی ژیانم خستووه‌ته خزمه‌ت شیعره‌وه، هه‌ر بۆ شیعریش ژیانم ده‌وێ، به‌هۆی ئه‌م خۆ ته‌رخانكردنه‌شه‌وه زۆر گێچه‌ڵم پێكراوه، له‌مه‌شدا خودا یارم بووه و دڵشادم به‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گێچه‌ڵیان پێكردووم هه‌ر هه‌موویان ئه‌وانه‌ن، كه له په‌راوێزی ئه‌ده‌بدا كارمه‌ندن، یان خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵن.
داهێنه‌رم زۆر له‌به‌ر چاون، له ژووری كتێبخانه‌و نووسینمدا وێنه‌ی هێندێكیانم هه‌ڵواسیون، له‌خه‌مه نیشتووه‌كانی سه‌ر ده‌م و چاویان ورد ده‌بمه‌وه سرووش و خه‌ون و خه‌یاڵ و وشه‌یان لێ ده‌دۆزمه‌وه‌و له‌شیعردا به‌كاریان ده‌هێنمه‌وه.
نه‌شمویستووه ببم به كه‌س، بگره ویستوومه به‌و ڕێگایانه‌دا بڕۆم، كه ئه‌وانه‌ی له‌به‌رچاوم گرتوون پێیگه‌یشتوون به شیعرییه‌تی په‌تی و ده‌روونڕۆشنی.
من ده‌روونڕۆشنی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ده‌روونڕۆشنییه‌وه نانووسم.
29
ڕه‌خنه‌ی بنیادنه‌ری كوردی نا،بگره په‌راوێزه‌كانی ڕۆشنبیریی كوردین، تۆپه‌ڵێك قسه‌ی له‌هیچه‌و په‌لاماری بێماناو بنه‌مان، ده‌نا یه‌كێك له‌م په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوانه ئه‌و هه‌قیقه‌تبین و بوێرییه‌ی لا دروست ده‌بوو ڕووبه‌ڕووی ده‌قێكم ببێته‌وه‌و گومان بخاته تانوپۆو ڕایه‌ڵی بوونی، لێكدانه‌وه‌كانی بڕوا به به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بهێنێ بنیادی به‌رهه‌مهاتووی شڵه‌ژاوه.
من بۆ خۆم زۆر ڕێزم له داهێنه‌رانی پێشه‌خۆم گرتووه، به‌رده‌وامیش ده‌بم، بڕواشم به‌وه هه‌یه ململانێ له ئه‌ده‌بدا ناتگه‌یه‌نێته هیچ و ڕه‌وایی تێدا نییه، بگره خودناسی و به‌رده‌وامبوون و سووربوون و نیازپاكی ده‌تگه‌یه‌نێته ئه‌نجامێكی سه‌رنجڕاكێش، ئه‌وه‌ی تا ئێستا من پێمزانیبێ و ئاگاداریبم له مێژووی شیعری كوردیدا هیچ شاعیرێك به‌قه‌د من تووشی شه‌ڕو گێچه‌ڵ و قسه‌ی له‌هیچه‌و ده‌مهه‌ڵبه‌ست و په‌لاماردان نه‌هاتووه، به‌ڵام هه‌قیقه‌تبین به‌سه‌ر ئاژاوه‌و بێتوانایی په‌راوێزه‌كان ڕه‌ت ده‌بێت و خۆی ده‌سه‌پێنێ و ده‌دره‌وشێته‌وه.
هه‌ڵبزڕكاوه به‌سه‌رچووه‌كان په‌لاماری ناشارستانی ئه‌زموونی پته‌وی جواننووسه‌كان ده‌ده‌ن، خۆ مێشووله‌ش ته‌نیا له‌ناو نێرگزه‌جاڕدا ده‌نگێكی نه‌شازی لێوه دێ، به خه‌یاڵی به‌تاڵی بوونێكی كاتی بۆ خۆی دروست ده‌كات، ده‌شبیندرێ په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوه‌كان ده‌كه‌ون و وجاغكوێر ده‌مێننه‌وه، ده‌قی پته‌ویش وه‌ك شمشێری هه‌ڵكێشراو دێته ناو ژیان و تێكه‌ڵ به جووڵانه‌وه كاریگه‌ره‌كان ده‌بێت، دواتریش ده‌بێته هێمای مه‌زنی و دره‌وشاوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ڕه‌خنه‌گرانی بنیادنه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌لامارده‌ره به‌سه‌رچووانه بوونه‌ته‌وه، ناچاری شه‌ڕ و گێچه‌ڵیش كراون له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ئه‌ده‌بی په‌تی.
به‌سه‌ر پلان و پیلانی دوژمنان و په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوه‌كان سه‌ر ده‌كه‌وم، به هه‌وڵ و كۆششی له دڵه‌وه‌م بۆ نووسین به سزای داهێنانیان ده‌گه‌یه‌نم.
به بینینی داهێنان قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێیان ده‌شكێ.
ڕه‌خنه دوو باوه‌ڕی نییه له‌گه‌ڵ ده‌قه، یان له‌گه‌ڵی نییه، یه‌ك باوه‌ڕی به تینی هه‌یه ئه‌میش كاركردن و بڕواهێنانه له‌ناو ده‌ق.
ڕه‌خنه‌ی خۆ نیشانده‌رو مه‌به‌ستی ده‌ره‌كی و قسه‌ی له هیچه‌و په‌لاماری بێماناو بنه‌ما، جێگا‌و متمانه‌ی له‌ناو ڕۆشنبیری په‌تیدا نییه، به‌تاڵكردنی ڕق و كینه‌و بێتوانایی و كه‌مسه‌ری و ئیره‌یی و خۆخه‌ڵه‌تاندن و ویژدان كوێرییه.
هیچ نیازێكی هاوبه‌ش و ئاماژه‌یه‌كی گرینگیش له‌نێوان قسه‌ی له‌هیچه‌و په‌لاماری بێ مانا‌و بێ بنه‌ما و ده‌قی ئه‌ده‌بی په‌تیدا نییه.
هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك گیانی به ئه‌ده‌ب و هه‌قیقه‌تبینین و پاكی و جوانی داگیرسابێت، به‌هیچ جۆرێك ده‌رگای ئاژاوه‌و ناشیرینی و دووڕوویی ناخاته سه‌ر پشت، هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیش بۆچوونی ئاژاوه‌چێتی له ده‌رووندا ڕووا بێت، هێشتان به ئه‌قڵی پاشكۆیی و دارده‌ستی و دڵڕاگرتنی ئه‌م و ئه‌و به‌ڕێوه ده‌چێت.
بۆ شیعرییه‌ت تێده‌كۆشم و نایه‌مه سه‌نگه‌ری قسه‌ی له‌هیچه‌و په‌لاماری بێ مانا‌و بنه‌ما، قه‌ڵه‌می لێ ناجووڵێنم، به‌كارێكی بێهووده‌شی ده‌زانم، جه‌نگان له‌گه‌ڵ جێماو و په‌راوێز و لێخنبیرو خه‌مه‌گڕووی ئه‌ده‌بی و ویژدان كوێران.
من تانوپۆ ده‌نووسم، له‌باره‌ی تانوپۆوه نانووسم.
30
قه‌تاو قه‌ت بیرم بۆ ئه‌وه نه‌چووه بڵێم له‌م كردار‌و به‌كاربردنه یه‌كه‌م كه‌سم، یان ئه‌م هونه‌ره له ڕوانینی منه‌وه خوڵقاوه، پێشڕه‌و و هێمای ئه‌و ڕووداو و دیارده‌یه‌م، ئه‌مجۆره خه‌یاڵكردنانه، به نه‌خۆشی كوشنده‌و گران و له‌ناوبه‌ر ده‌زانم، بگره هه‌موو خاڵه‌كانی گۆڕانكاری له دره‌وشانه‌وه‌ی شیعرییه‌ت ده‌بینم و به‌س. شاعیری خاوه‌ن دیدگای ڕوون و به‌هێز و جوانداڕێژه‌ر به‌ئاماژه و ڕۆشنایی هیچ بڕیار‌و مه‌رجێكی سه‌پێندراو نانووسێت، ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته ئیش بۆ كتێبی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و هزری و ئایینی و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و یاسایی و سه‌ربازی و مێژوویی و فه‌لسه‌فی ….. تاد، بكات و به تیراژی زۆر بڵاویان بكاته‌وه، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش بخاته خزمه‌تیان.
ئه‌ركی شاعیر یه‌ك شته، پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژیان و جیهان بدۆزێته‌وه، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش جوان بنووسێت و بیگه‌یه‌نێت، ڕاده‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هێزی وشه‌ی كاریگه‌ری و شوێن جێ بهێڵێت له‌سه‌ر هه‌ست و ئاراسته‌ی ئێستێتیكای كۆمه‌ڵگاوه. پرسیاره كاریگه‌ره‌كان بكات و ئاماده‌بوونی تاقانه‌ی خۆی بپارێزێ.
ژیان به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی گرتووه‌و ده‌گرێت، شیعریش نه‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ منداڵدانی ڕۆشنبیری په‌تی و به‌سووڕی سروشتی تێنه‌په‌ڕێت ده‌بێته لاسایی كه‌ره‌وه‌یه‌كی یه‌كجار بێ بایه‌خ، یان كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی پڕوپاگه‌نده‌ی پووكاوه.
هه‌رچی هۆی به‌خته‌وه‌ری هه‌یه، ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی له تاكی مرۆڤیان داگیركردووه.تاكی مرۆڤیش ئه‌م له ده‌ستچوونه‌ی له خه‌وندا به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه.
پێویسته ئێمه خه‌ون به‌جۆرێك له‌ناو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا به‌كار بهێنین په‌یاموه‌رگر بڕوای پێ بهێنن و لێمان وه‌رگرن،توانای بیركردنه‌وه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌ناخدا دروست بكه‌ین.
له‌پێناوی به‌جوانی ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی به‌های شته‌كاندا، شاعیر به دادپه‌روه‌رێكی دانا ده‌زانم، پێویسته له‌م دۆخه‌شدا بژی و بمێنێته‌وه، مه‌شقی مه‌یدانخوازی شایسته بكات.
شوێنی ڕاسته‌قینه‌ش بدا به‌شیعری په‌تی و بێگه‌رد، كه خه‌ون و جوانی و مانا و ناڕه‌زاییه له كرداره ناجۆره‌كان، ده‌نگ هه‌ڵبڕینه له بێده‌نگییه‌گشتییه‌كان، جوانییه‌كیش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه مانای تێدا ئاوه‌ژوو كرابێته‌وه.
من به‌ها ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌هاوه نانووسم.
31
هه‌موو بوونه‌وه‌رێك خاكێكی خۆگونجاندنی خودی هه‌یه، بۆشی هه‌یه بۆ خۆگونجاندنی له‌م خاكه‌یدا تایبه‌تكارییه‌كانی خۆی بپارێزێت.
من تایبه‌تكاری ده‌نووسم، له‌باره‌ی تایبه‌تكارییه‌وه نانووسم.
32
په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌سه‌ڵاتی ده‌قی خه‌ونی به‌هێز ده‌كا و ده‌یكات به ڕه‌گه‌زێكی گرینگی پرسیاركردن له ژیانی جوان، كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له‌ناوكی بوون ده‌كرێت.
مه‌سه‌له‌ی گیانی و جوانی له هونه‌ره‌كانی نووسیندا هه‌میشه خه‌بات و جۆشی ژیانی كه‌سی جوانیبینه،له ده‌قی خه‌ونیدا ژیان به‌های پێكهاته‌ی جوانی وه‌رده‌گرێت.
شیعری بیركردنه‌وه‌ی پڕ له جووڵه‌ی هاوتا به جوانی، ڕوانین و دره‌وشانه‌وه‌ی له‌گیان و خه‌ونه‌وه داڕژاوه، كه جووڵه‌و مانا‌و به‌هاكان له گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ به چه‌ند ئاست و ئاراسته‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت، فره پاڵه‌وانییه‌تی له‌یه‌ك پاڵه‌وانیدا ئاماده ده‌كات، ده‌یهێنێته ناو ململانێ و جه‌نگی توندوتیژی هه‌میشه‌یی، تا خودی شاعیر ده‌ربازبێت له تاكییه‌وه بۆ ناو ڕۆشناییه پڕ ته‌لیسمه‌كانی هاوتابوون، یان حه‌زو ئاره‌زووی ڕوو له زیادبوون و چاوه نه‌سره‌وتووه‌كانی به‌رده‌وام له‌گۆشه له‌بیر كراوه‌كاندا داگیرساوه، خودی شاعیری خاوه‌ن ڕوانین وجیهانبینی به‌هۆی بارستی كاغه‌زه‌وه هه‌ست پێده‌كرێت و وه‌ك ژیانی جوان ده‌بیندرێت.
له ده‌قی خه‌ونیدا شیعر نه بۆ ئاینده ده‌چێ، نه بۆ ڕابردوو، بگره هه‌موو كاته‌كان ڕووگه‌نمان بۆ دۆزینه‌وه. بێگومان هه‌ر شاعیرێك بیه‌وێت به‌و شێواز‌و ئاست و ئاراسته‌یه بنووسرێت، پێویسته ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرێت، كه قووڵبینییه‌كه‌ی له ئاست كێشه هه‌بووه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا بێت، كه ده‌بێته خوڵقێنه‌ری باره ناهه‌مواره‌كان، یان باره‌جوانه‌كان.
له‌باری یه‌كه‌مدا ناهه‌مواری ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵچوون و توندوتیژی نووسین.
له‌باری دووه‌مدا جوانی ده‌بێته مایه‌ی ئارامی بیركردنه‌وه‌و خوڵقاندنی نووسین.
ئه‌وه‌ی پێویستی به‌قسه لێنه‌كردنه،ئه‌مڕۆی شارستانی و ڕووناكبیری له‌هه‌موو بار‌و دۆخه‌كانی پێشتردا سه‌رسوڕهێنه‌رتره، شارستانییه‌ت و ته‌كنه‌لۆژیا بیری جوانی ناشێوێنێت، به پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌پێده‌ری بیری جوانی و مۆتیڤ و وێنه‌و خه‌یاڵ و گفتوگۆ و به‌خته‌وه‌ری خه‌ونه.
له ده‌قی خه‌ونیشدا یه‌كگرتنه‌وه‌ی گشتی به‌شه جیاجیاكان ده‌دۆزرێته‌وه. ململانێی ڕوانین شله‌ژاو و بارمردوو له‌گه‌ڵ ڕوانین ڕوون و بار زیندووی نوێزاده‌ی دۆزه‌ره‌وه له گفتوگۆی له یه‌كنه‌گه‌یشتنن. له ده‌قی خه‌ونیدا، له جه‌نگی توندوتیژی له‌گه‌ڵ خۆتدا، ده‌توانیت خۆت ڕه‌ت بكه‌یت، ئه‌و شێواز‌و ئاراسته باوه‌ی پێت نووسیوه، فڕێی بده‌یته پشت نووسینه‌كانی له پێشترت، به‌شێوازو ئاراسته‌یه‌كی ته‌واو جیاكارو نوێبه‌خش بێیته ئاخاوتن و گۆڕانێك له ڕابردووی خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه چۆن به‌رپا ده‌بێت، كام هۆ و شێوازی ده‌ربڕین فڕێیداونه‌ته‌وه له نه‌ناسراوییه‌وه بۆ ناسراوی، له دۆخی وه‌ستاو بۆ دۆخی پڕ بزاوت.
له نووسینی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌دا پێویسته به ته‌نیا جوانی ببیندرێت.
شیعری سه‌رده‌مێك له‌مه‌وپێشی كوردی ڕۆمانسییانه بیری له گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ كردووه‌ته‌وه، له‌ناوه‌ڕۆكدا له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی واقیعی ساده‌و ساكار زۆر گه‌رم و گوڕ و هه‌ڵچوونداربوون، كه‌چی له شیعرییه‌تی زمان و مۆركی شێوازدا به پێچه‌وانه‌وه سارد‌و سڕ بوون، نه‌یانتوانی مۆركی شێواز‌و شیعرییه‌تی زمان ئاوێته‌ی زه‌ین بكه‌ن و بیكه‌نه‌وه، بیركردنه‌وه‌كانیان به‌شێوازی خه‌ونی بخه‌نه ناو نووسینه‌كانیان، كه گه‌وره‌ترین هۆش ئه‌مه بوو بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان وه‌ك نووسینی داخراو بمێننه‌وه، نه‌گه‌ن به ئاستی ده‌قی فره ئاست و ئاراسته‌یی.
وشه له شیعره‌كاندا یه‌ك ئاسۆی دراوه‌تێ، ئه‌میش ئاسۆی ڕووكه‌ش و یه‌ك مانایی وشه‌كه‌یه، له‌ساكارترین شێوازدا جێیان هێشتووه، ئاماژه ستوونی داده‌به‌زێت، به‌هه‌مان شێوازی ستوونیش دێته ناو بوونی یه‌ك ئاسۆی نووسین.
ئاسۆی فه‌نتازی و ده‌ستوه‌شاندنی داهێنانی بلیمه‌تی تێداهه‌ڵبزڕكاوو گه‌شه‌نه‌كردووه، واته وه‌ك چێژ به‌كاربردراون نه‌ك وه‌ك دۆزینه‌وه، ڕه‌نگه هۆكارێك، یان یه‌ك له هۆكاره‌كان ئه‌وه‌بێت، كه ده‌لاله‌تی وشه‌یان ون كردووه، نه‌یانتوانیوه كه‌ڵكی باش و داهێنه‌رانه له ئه‌زموون و مۆركه زمانییه‌كانی قۆناغی شیعری كلاسیكی وه‌ربگرن.
ده‌قی خه‌ونی له منداڵدانی مێژووی مردوو له دایك نابێت، هه‌ست به‌وه ده‌كرێت سه‌ختی و دژواری سروشت و زه‌برو زه‌نگ، نووسه‌ر ده‌ترسێنێت، هه‌میشه هه‌وڵی جووڵاندنه‌وه‌ی دیمه‌نه پڕ كێشمه‌كێشمه‌كان ده‌دات، باره به پیته‌كان به وریایی و زیندوویی وه‌رده‌گرێت به زمانێكی ته‌واو ئه‌فسوون و جادوویی دابڕاو له زمانی كاره‌كانی پێشووی خۆی ناخی پێشكێش ده‌كات، وه‌ك خودێكی هۆشمه‌ندو سه‌رچڵ ئه‌م و ئه‌و له‌بیركردنه‌وه‌كانی خۆی ده‌سڕێته‌وه، شته زیندووه‌كانی جیهان له ده‌قدا ده‌كات به هی خۆی، خوێنه‌ریش بازنه‌یی ده‌یخوێنێـته‌وه‌و ستوونی له ئه‌زموونی خه‌ونه‌كه نزیك ده‌بێته‌وه. پاشان ده‌چێته ناو كه‌شوهه‌واو لێكدانه‌وه‌ی ئاسۆیی، چونكه ده‌قی خه‌ونی له خولانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه، شیعرییه‌تی زمانیش ڕۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌و سه‌ره‌كی ده‌بینێت له پێكهاته‌ی وێنه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر. كه هه‌موو هه‌بووه‌كانی زه‌مینی قۆزتبێته‌وه‌و ئاسۆكانی نادیاریشی دووچاری ڕاوه‌شاندن كردبێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاكی له جیاتی كۆ به‌كارهێناوه.
من ناوكی بوون ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناوكی بوونه‌وه نانووسم.
33
شیعر له ژیان و بینینی كورد دا ڕۆڵ و ئاماده‌یی كاریگه‌ری خۆی سه‌لماندووه و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه وه‌ك دیارده‌یه‌كی پێویست و دامه‌زرێنه‌ر ته‌ماشای ده‌كرێت، ئه‌م ته‌ماشاكردنه‌ش وای كردووه له چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا، شیعر پێشه‌نگی وه‌ربگرێت و زۆرینه‌ی شته‌كانی له‌سه‌ر دابمه‌زرێندرێت،ئه‌م دامه‌زراندنه‌ش ده‌گوازێته‌وه ناو ژیانی شیعر، شیعریش پڕۆژه‌یه‌كه له‌مێژه به‌رده‌وامه، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له‌مه‌ودواش ده‌درێن، تێكه‌ڵ به‌و هه‌وڵانه ده‌بن، كه له‌مه‌وپێش پرسیاربوون و له ژیان كراون، به‌رده‌وامیش پڕۆژه‌ی شیعری پرسیاری ترسناك و ورووژێنه‌ر له ژیاندا ده‌كات و مه‌رگ له ژیاندا ئاماده ده‌كات.
مه‌رگیش ترسناك و سه‌ره‌كیترین هۆیه بۆ دڵه‌ڕاوكێی داهێنان، ئاماده‌كردنی ئه‌م مه‌رگه‌ش هێزی شیعره بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی ژیان و مان.
ژیان و بوون چییه. پرسیارێكه‌و چه‌ندین بیرمه‌ندی دووچاری به‌دواداچوون و سه‌رگه‌ردانی كردووه،ئه‌گه‌رچی له‌ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنه‌وه گه‌لێك به‌رهه‌می سوودبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه، به‌ڵام گه‌وهه‌ری پرسیاره‌كه پڕ سرووش و خه‌یاڵ و تێڕامان و خه‌ون و سه‌رسامییه، هه‌ر بیرمه‌ندێك شێواز و ئاستێكی بۆ داناوه، له‌به‌رزاییه‌كه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌بینێ، ئه‌و پرسیارانه‌ی له ده‌قدا له ژیان كراون، له زه‌ینی خوێنه‌ره‌وه جێگیر ده‌بن،دواتر ئه‌م پرسیاره ده‌بێـته هۆ و ئامانجی پرسیاركردن لای خوێنه‌ر و نزیكایه‌تییه‌ك دروست ده‌كه‌ن له‌نێوان نووسه‌ری پرسیاركه‌رو خوێنه‌ری پرسیارلێكراو و پرسیاركه‌ر،كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له ناوكی بوون ده‌كرێت.
له‌ده‌قی خه‌ونیدا پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ست و وێنه ده‌دۆزرێنه‌وه، پێوه‌ندییه‌كانیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی خه‌وندا دامه‌زراون، واته ئه‌و وێنانه‌ی له ده‌قی خه‌ونیدا دروستكراون، زیاتر ئه‌و وێنانه‌ن، كه له ژیانی سه‌خت و یاخی ڕۆژانه‌ماندا ئاماده‌ییان وه‌ك شتێكی دوور هه‌یه‌و به‌رهه‌ست نین، خه‌ون بوونی نییه له‌ناوه‌وه‌ی خۆت نه‌بێت، هه‌روه‌ها شیعریش.
من سرووش ده‌نووسم، له‌باره‌ی سرووشه‌وه نانووسم.
34
نوێبه‌خشی بار‌و بوار‌و كار‌و كرده‌ی خوڵقاندنه، به‌رده‌وام له زه‌مینه‌ی به‌بڕوا گه‌شه ده‌كات و كه‌ره‌سته‌كانی ده‌گۆڕێت به مه‌به‌ستی جیهانبینی و دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان باره‌كانی هه‌ست و بیركردنه‌وه‌و خه‌ون، خودی هۆشمه‌ندیش هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌ك له‌م گۆشه ڕووناكه‌وه ده‌بینێ و هه‌وڵ ده‌دا بیخه‌مڵێنێ، به‌ڵام به چ هێزو ئه‌فسوون و جادوویه‌ك ئه‌م بینینانه ده‌گۆڕێت بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی تێدا ده‌پارێزێت،ئه‌مه خاڵی كاركردن و به‌جێهێنانی داهێنانه، له‌هیچ بار‌و بوارێكیش چه‌مكی نوێبه‌خشی نابێته واقیعێكی دانپێدانراو به‌بێ ئاكارێكی بیری و فه‌لسه‌فی و كولتووری ڕوون. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌من وایه بۆ شیعر زاراوه‌ی شیعرییه‌ت په‌سندو گونجاوو پڕ ده‌لاله‌تتره، چونكه ناتواندرێ بڕوا به‌وه بهێندرێ تاكی شاعیر تا قووڵایی مانا‌و فه‌زاو ته‌قینه‌وی وشه له‌بابه‌ت و مۆركه زمانییه‌كانی خۆیدا شۆڕگێڕ نه‌بێ و جه‌نگی توندوتیژی ڕانه‌گه‌یاندبێ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌زمان و نووسین و داهێنان گلاون، به‌ره‌و ڕووبه‌رێكی سامناك مل ده‌نێن، یان ناتوانن له‌ناو گه‌رمایی گیان، گه‌وهه‌ری خۆبوونی بدۆزنه‌وه، كه خۆبوونی سه‌روه‌ری شیعرییه‌ته، ئه‌گه‌رچی نوێبه‌خشی ئه‌نجامێكی دیاریكراوی نییه، به‌رده‌وامیش گیروگرفت ده‌نێـته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ربڕین ده‌گۆڕدرێن و فه‌نتازیای هه‌مه‌جۆری لێ ده‌خوڵقێندرێت،به‌مه‌یشه‌وه نوێبه‌خشی ساده‌ترین مافی مرۆڤه، كه تۆ له ماڵه‌وه ده‌رده‌چیت بۆ سه‌ر كار به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه له كار‌و كرده‌ی نوێبه‌خشی، كه له كار ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ ماڵه‌وه خۆ ئاماده ده‌كه‌ی بۆ پیاسه، یان سه‌ردانی پێشه‌نگایه‌ك، یان بینینی شانۆگه‌رییه‌ك…..تاد، به‌شدارییه‌كی تره له كار‌و كرده‌كه‌دا، چونكه هیچ یه‌كێكیان سه‌داسه‌د به‌شێوازێكی نه‌گۆڕ خۆیان دووباره ناكه‌نه‌وه، بوونی تۆ وه‌ك مرۆڤێك پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی به جووڵانه‌وه‌و گه‌شه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه، تۆ تاكێكی له نوێبه‌خشی، نوێبه‌خشیش به گۆڕان له بنیادی هه‌موو كۆمه‌ڵگا وه‌ك ڕووداوێك ڕوو ده‌دات و ده‌چه‌سپێت. قه‌واره‌یه‌كی دانپێداندراو بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌ریه‌ك له شاعیرانیش به ئه‌زموون و شێواز و قه‌باره‌ی جیای خۆی ڕۆڵی تێدا وه‌رده‌گرێت.
نوێبه‌خش له‌كاتی خۆ هاتنه‌به‌ر چاوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خودی بوێری خۆی مه‌رگی به‌دواوه‌یه، یان شێتبوون، به‌و واتایه‌ی ڕاوی خۆی و سه‌رجه‌م بوون ده‌نێت، له‌م پێشبڕكێیه‌دا پێویسته قووڵبین و شێواز ته‌قێنه‌ره‌وه بێت و بوێری ئه‌وه بكات ئه‌م بڕیاره خودییه بدات، هه‌ر هه‌موو شاعیرێك به‌و نیازه ده‌نووسێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته ئاستی ده‌ق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییان تێدانه‌بێ و ژانێك خاڵی ده‌رچوونی نه‌بووبێت، هێزی ئه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نابێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته ئاستی ده‌ق، گلاوه به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه.
بوێری ئه‌وه‌ی تێدا ئاماده نابێت جه‌نگی توندوتیژی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بێكیش هێزی به‌رگری به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نه‌بووبێت، ناسنامه‌ی بوون به‌ده‌قی به‌رناكه‌وێت، بوون به ده‌قیش له دۆخگۆڕین و جیهانبینییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی دۆخگۆڕین و جیهانبینی هه‌ر هه‌وڵێك له‌م باره‌یه‌وه به‌رچاو بكه‌وێ هه‌وڵێكی ناكامڵ و زڕه و به‌تاڵه.
په‌راوێز بۆ شیعر كردن، یان شیعر نووسین به مه‌به‌ستی لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كان، له‌م كاروكرده‌یه‌شدا ناوه‌ڕۆكه‌كه ڕوون بكه‌یته‌وه‌و ڕاسته‌وخۆ بیره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێ، یه‌كه‌م نیشانه‌یه شاعیر ڕوانین و جیهانبینی توانای ئه‌وه‌ی نییه مانا‌و هێزی وشه له‌ناو شیعره‌كه‌دا بته‌قێنێته‌وه و ئاسۆیه‌ك بداته ته‌قینه‌وه‌كه،كه‌واته وشه‌كه وه‌ك بارستێكی بێ گیان و مردوو له جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا باره، هیچ ده‌ورو كردارێك له‌گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا نابینێت.
شیعری له‌م جۆره‌و هه‌وڵدانیشی وه‌ك ده‌قی داخراو و بێدووری و یه‌ك ئاراسته ده‌مێنێته‌وه، نابێته ده‌قی كراوه‌ی فره ده‌نگ، له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵێك شاعیر له‌سه‌رده‌مێكدا كاربكه‌ن، ته‌نیا تاكێكیان هێزو ئه‌فسوون و جادووی ئه‌وه‌ی تێدابێت ده‌ق بكاته بوونێكی دیار‌و بیدره‌وشێنێته‌وه، جووڵه‌كانی ڕابردوو بكاته پاڵنه‌رێكی سوودبه‌خش بۆ به‌ئاگا بیركردنه‌وه، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی دی پێوه‌ندییان به جووڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ك ڕابردوو هه‌یه، له ئاماده‌كردنی ئێستای نوێبه‌خشدا ده‌ست و پێ سپین.
بلیمه‌ته‌كانی قۆناغی شیعری كلاسیكی ڕوانین و جیهانبینی خۆیان پێشكێش كرد و بڕوایی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌یان وه‌رگرت، كه‌چی چه‌ندین وه‌چه دوای ئه‌وان هاتن و تێپه‌ڕین، قه‌واره‌یه‌كیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وان هه‌روه‌ك ده‌ق و خاوه‌ن قه‌واره ماونه‌ته‌وه‌و جه‌نگی توندوتیژی خۆیان به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ی خۆیان ڕاگه‌یاندووه.
به‌رده‌وامیش وه‌ك ده‌قی كراوه‌ی ئاستدارو فره ده‌نگ خۆیان پێشكێش ده‌كه‌نه‌وه، هاوچه‌رخی هه‌موو ئه‌وانه‌ن، كه له پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ده‌قی شیعری هاوبه‌شن و ژانیان تێدا گه‌رمه، به‌ده‌قبوونیش پێوه‌ندی به ئه‌زموونی ژیان و چركه‌ساتی مه‌ستی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، ده‌قی كراوه‌ی ئاستدارو فره ده‌نگ زیاتر له پانتایی زمان كاره‌كانی به‌جێ هێناوه جووڵه‌و بیری زمان بیری ده‌قه‌كه ڕاده‌گه‌یه‌نن، بۆ نموونه: شاعیرێك توانیویه‌تی ته‌نیا یه‌ك به‌رهه‌م بگه‌یه‌نێته ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كراوه‌ی ئاستدارو فره ده‌نگ.
به‌و پێوه‌ره‌ی هه‌ر شیعرێك توانی بگاته ئاستی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كراوه‌ی ئاستدارو فره ده‌نگ به‌بێ هیچ گریمانه‌یه‌ك، ده‌قێكی نوێبه‌خشه، ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بێ له‌م ده‌قه‌دا ئه‌زموونی ژیان له چركه‌ساتی سۆفیانه و مه‌ستی گه‌یاندبێتییه ڕژانی گیان و ته‌قینه‌وه‌و دره‌وشانه‌وه‌ی زمان و نووسین.
من خۆبوونی ده‌نووسم، له‌باره‌ی خۆبوونییه‌وه نانووسم.
35
له‌چالاكی جووڵه‌داری شیعری كوردیدا ئه‌م جۆره شیعره‌ی له‌پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعر‌و شۆڕشدا نووسراون، ته‌نیا بۆی كرا ترپه‌و ئاواز بگۆڕێ و جووڵه و ئاگایی بۆ چه‌ند هێمایه‌كی دیاریكراو ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام بۆی نه‌كرا ئه‌م هێمایانه به قۆناغی گه‌شه‌پێدان و گه‌یاندن به بنه‌ڕه‌تی گۆڕان بگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند شاعیرێكی دواتر كه ویستی هێزی جوانی ده‌بڕین و دلێریی داهێنانیان له هه‌ڵچوونی شاعیرانه‌یان هێزدارتر بوو، بۆیان كرا هێماكانی ئه‌م جۆره شیعره‌ی له پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعر‌و جوانیی نووسراون، به قۆناغی جووڵه‌و نیمچه گۆڕانێك بگه‌یه‌نن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م توندوتیژی شۆڕشگێڕییه‌ی شیعر هاوسه‌نگكردن به شۆڕش نیشته‌وه، جۆرێك تێڕامان و خه‌ونبینین بوو به بنه‌مای هونه‌ری، پڕۆژه‌ی نوێبه‌خشی قه‌واره‌یه‌كی بۆ كاركردنی خۆی دیاری كرد.
خودی هۆشمه‌ند كه‌رسته‌كان به سه‌نگایی ژیان ده‌پێوێ، ژیانیش به گرانایی شیعر،ده‌قه‌كان توانای پێشنیار‌و پرسیاركردنیان له بنیادیاندا هه‌ڵگرت، بۆیان كرا خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ته‌واو هه‌ڵده‌نه ناو پانتایی بار‌و بواره‌كانی ژیان.
ده‌قێك توانیبێتی دوێنێ ڕابچه‌ڵكێنێ، كه‌واته بوونی قه‌واره‌یه‌كی هه‌ستپێكراو و به‌رچاوی هه‌یه، بوونی ئه‌م جۆره ده‌قه‌ش تێڕامان و خه‌ون خاڵی هێنانه بوونیه‌تی، ڕوونتر له پانتایی نوێبه‌خشی سه‌لماوه، ده‌لاله‌ته‌كانی پڕ كراوه به جووڵه‌ی نوێبه‌خشی، ده‌لاله‌ته له كاركه‌وتووه‌كان داده‌پۆشێ، ده‌لاله‌تی سڕ‌و مه‌ییو و له‌كاركه‌وتوو ناتوانێت له ئێستای پڕ جووڵه ئاخاوتنی كاریگه‌ری هه‌بێت.
نوێبه‌خشی به‌رده‌وامی وجاغیڕوونی ئاده‌مه، ئه‌و میوه‌یه‌ی ئاده‌م خواردی نوێبه‌خشی بوو، نوێبه‌خشی پرسیارێكه نوێبه‌خش له‌خۆی كردووه، ئایا ده‌توانێت له‌ناو كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی و دواكه‌وتوودا له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا شكانێكی هه‌بێت، ئه‌م شكانه ویستی خودی هۆشمه‌ند و ئازا ده‌سه‌پێنێ و خۆبوونی داده‌مه‌زرێنێ.داهێنان بڕیارێكی خودی كه‌سی ئازا‌و هۆشمه‌نده، هه‌ر كاتێك نووسه‌ر بوێری ئه‌وه‌ی كرد ئه‌م بڕیاره خودییه بدا دره‌وشانه‌وه‌و داهێنان و گۆڕان به‌رپا ده‌كات.
من ڕاچڵه‌كان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕاچڵه‌كانه‌وه نانووسم.
36
كار‌و كرده‌ی داهێنان له خودی شیعردا كه‌ش و هه‌وای ئه‌مڕۆیه به‌لێزیادبوونی كه‌شوهه‌وای خه‌ونی، ئه‌مڕۆش له‌خه‌ونی سبه‌ی ئاماه‌یی هه‌یه و هۆ و یارمه‌تیده‌ره، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داهێنان بێت هه‌موو ڕۆژ و ڕۆژگاره‌كان ڕاده‌كێشێته ناو خۆی،داهێنه‌ر له‌كاتی كار‌و كرده‌ی نووسیندا ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژو ڕۆژگار، له‌و ڕۆژو ڕۆژگاره‌دا ده‌بێته بوونێكی سه‌ربه‌خۆ، كه بوونی ئه‌می نووسه‌ر قه‌ره‌باڵغ و بارگاوی و دڵبه‌رزو جووڵه‌داره، به‌ڵام كه له‌كارو كرده‌ی نووسین بووه‌وه، نووسینه‌كه بوونێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرت، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژ و ڕۆژگار.هه‌موو پێوه‌ندییه‌كان ده‌سڕێنه‌وه كاتێك دروست ده‌بێت، ده‌بێـته كاتی داهێنان و خه‌ونبینین و دره‌وشانه‌وه.
من دره‌وشانه‌وه ده‌نووسم، له‌باره‌ی دره‌وشانه‌وه نانووسم.
37
ده‌قی شیعری له‌ناو پرسیاركردن ئاماده‌ی له‌دایكبوون ده‌بێت، هه‌ر له‌ناو پرسیاركردنیشدا شیعرییه‌تی خۆی له هه‌قیقه‌تی شته‌كاندا وه‌رده‌گرێت.
پرسیار زانسته گشتییه‌كانی بوونه، بوونی خه‌ون و سروشت و كۆمه‌ڵگا.
شاعیریش وه‌ك تاكێكی هه‌میشه خه‌ونبین و چاونه‌سره‌وتوو و گوێ زرینگاوه و خه‌یاڵ گه‌رمی هه‌ستكه‌ر به گرفته‌كانی ململانێ له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ده‌چێته ناو ئاژاوه‌و هێمنی كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌ری جێ ده‌هێڵێ، پێوه‌ری بۆ ئه‌و شتانه لا دروست ده‌بێ، كه ده‌یانبینێت، یان ده‌یانبیستێ، یان خه‌ونیان پێوه ده‌بینێ.
ئه‌م بینین و بیستن و خه‌ونبینینه‌ش له ده‌ره‌وه‌یه‌تی. له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه‌و ڕۆڵێكی تریان پێده‌سپێرێ، ده‌یانكاته بابه‌تی جوانی و شیعر به‌هۆی ده‌سته‌واژه‌ی سه‌خت و یاخی و ئامانجی زمان شیعرییه‌تیان پێده‌دا، كه‌واته خودی شاعیر سه‌رچاوه‌ی بابه‌ته به‌هۆی ئامانجی زمان و خه‌ونبینین.
جیهانی بیركردنه‌وه‌و پرسیاركردن ئه‌و خوده‌یه، كه بڕیار له‌سه‌ر شته بیستراوو بیندراوو خه‌ونی و خه‌یاڵییه‌كان ده‌دا به‌هێزو گوڕ ده‌یانجووڵێنێ تا به‌هۆی ئامانجی زمان بیانكات به بابه‌تی جوانی و شیعر، له‌ئاسۆ بینییه‌ك كاریان پێ بكاته‌وه، كه داهێنان و له‌دایكبوون و ده‌روونڕۆشنی و شیعرییه‌ته، له‌دایكبوونه‌وه‌كه‌ش باوه‌ڕبهێنێ به هه‌قیقه‌تی ئه‌فسوون و جادوویی له گه‌شتی ڕوانین نزیكی بكاته‌وه، بیخاته ئاستی تێڕامان، له‌سه‌ر زمانی كه‌سایه‌تییه له دایكبووه‌كه‌ی ده‌قدا بدوێت، پاشان به بڕیاری شیعری هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی سروشت و بوون و كۆمه‌ڵگا و جوانی ده‌ربڕێ، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیر له‌شێواز و ئاراسته‌دا، ئه‌و پێوه‌ندییه به‌هات و پڕ هاواره هێما ده‌یگه‌یه‌نێ، فراوانكردنی جه‌نگی هه‌سته له به‌بیرهێنانه‌وه‌ی یادگارییه‌كان و ئاماده‌كردنی یادگاری ڕابردووه له ده‌ستچووه‌كانی له ئێستای به‌رهه‌ست و ئاماده بۆ هه‌موو جووڵه‌یه‌ك.
له قۆناغی سست و سڕ، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناغی گه‌شه‌و جووڵه‌كردن.
له قۆناغی له‌ده‌ستچوون و بیرچوونه‌وه، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناغی ده‌سته‌به‌ركردن و بیرهاتنه‌وه.
دۆخگۆڕین به‌هاو به‌خششی خودی هۆشمه‌نده،به‌و پێوه‌ره‌ی چركه به ده‌قكراوه‌كان خه‌مڵیوی خودی هۆشمه‌ندن، له‌م خه‌مڵینه‌شدا گه‌شتی هه‌میشه‌یی پاڵه‌وان رۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت به‌ره‌و قووڵایی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زۆر جاریش قووڵایی پێوه‌ندییه‌كان قووڵاییه‌كی خنكێنه‌ره، یان ڕزگاركه‌ره.
من دۆخگۆڕین ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆخگۆڕینه‌وه نانووسم.
38
هه‌ر كاروكرده‌یه‌كی هونه‌ری له ڕوانین و جیهانبینی خودی هۆشمه‌نده‌وه بكرێـت ئاراسته‌كه‌ی له ئه‌زموون و ژیانی ڕۆشنبیریی نووسه‌ری چالاكه‌وه ئاستی وه‌رگرتووه، هاوارێكی هێمن و بڕواهێـنه‌ر و قه‌ناعه‌تپێكه‌ر. به‌بڕوا به‌خۆبوونه‌وه‌ش خۆی پێشكێش ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌مه شێواز‌و ئاراسته سه‌ربه‌خۆیه‌كانی منه له ئاراسته‌ی زمان و مۆركی شێواز‌و كار‌و كرده‌ی چوونه ناو جه‌رگه‌ی ژیان و خه‌ون.دوای كارلێكردن و مانه‌وه، ژیان و خه‌ون هه‌ڵیداونه‌ته‌وه سه‌ر ڕووبه‌ری سپی كاغه‌ز، دۆستایه‌تی، یان ململانێ له‌نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری قووڵبین و داهێنه‌ر به‌رپا بكه‌ن .زمانی پاراوی نووسین جیاكاره له‌زمانی ئاخاوتنی كۆمه‌ڵگا، زمانی خه‌ونیش جیاكاره له‌گه‌ڵ زمانی گفتوگۆی واقیعی به‌ئاگای ڕۆژانه‌دا.ئه‌گه‌ر چی هه‌ست به‌گه‌رمی هه‌ناسه‌ی واقیعی ڕۆژانه‌ش ده‌كرێت له‌ناوخه‌ون،له هیچ داهێندراوێكی گه‌وره‌شدا نووسه‌ر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقیعدا كۆتایی پێ نه‌هێناوه.
له‌ناو هه‌موو مۆركه هونه‌رییه‌كانی له ڕوانین و جیهانبینی خودی هۆشمه‌نده‌وه به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌ندرێن فه‌زاو ئاكارێكی هزری له‌پشتییه‌وه نوێبه‌خشی و ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌پارێزێت،خاڵی ده‌ست پێكردنیشی له ڕوانین و جیهانبینییه‌وه ئاراسته‌كراوه، به‌ڵام با به‌مۆركی شێوازی به‌تاڵ فریو نه‌خۆین، رٍێزی شێوازێك بگرین بزانێت خوێنه‌ر به‌چی ئاراسته‌یه‌ك و بۆ كوێ ده‌بات. مۆركی شێواز ئاراسته‌كانی ڕوونی زمان له‌ڕوانین و جیهانبینی و ئه‌زموونه‌وه وه‌رگیراوبێـت، ڕێزگرتنه له خوێنه‌ر ،به‌هۆی ئه‌م ڕێزگرتنه‌ش خوێنه‌ری قووڵبین پێشینه‌یه‌كی ده‌ست ده‌كه‌وێ، ده‌توانێ ببێته هاوڕاو نزیكی كه‌سایه‌تی ناو ده‌قه‌كه،یان نا.
ئاڵۆزكردنی ڕسته‌ی شیعری بێ قووڵبینی ڕوانین و جیهانبینی، ته‌نیا سه‌ر لێشێواندنی شاعیری له‌پشته‌وه ده‌بیندرێ و چیترنا، ئه‌وه‌ی له زه‌ینه‌وه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ی بینووسیت كه‌شوهه‌وایه‌ك به‌رهه‌مدێ كه جێگای هه‌موومانی تێدا ده‌بێته‌وه. كرانه‌وه‌و شیعرییه‌تی زمان، كه ڕابردووی ئه‌ده‌بی كوردی لێی بێبه‌ش نییه، گه‌وره‌ترین كرانه‌وه‌و شیعرییه‌تی زمان له قۆناغی شیعری كلاسیكی ئه‌نجام دراون.
شیعر نه‌ئه‌ركه،نه ئامانجه،نه هۆیه،كاركردن و چالاكیه له‌ناو ئه‌وپه‌ڕی زماندا به‌هه‌موو دوورییه‌كانیه‌وه ئه‌وكاته‌ش زمان له‌ده‌قدا ده‌گاته لووتكه هارمۆنیه‌تی كۆمه‌ڵێك وشه سه‌مفۆنیایه‌ك پێك ده‌هێنن و هه‌ستێك ده‌به‌خشن، مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته دوایین پله‌ی مه‌ستی و ته‌سه‌وف و فه‌نتازیای نووسین. گه‌ردوون هێزێكی نادیاری هه‌ڵگرتووه، له‌كاتی خه‌ونبینین و سرووشدا ده‌یدات به شاعیر.
من فه‌نتازیا ده‌نووسم، له‌باره‌ی فه‌نتازیاوه نانووسم.
39
نووسه‌ر به‌درێژی و ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی، گفتوگۆی له دڵه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رده‌وامه. مه‌رگیش وه‌ك ده‌رخستنی جوانكاری ده‌ق له‌و شێوازه‌ی، كه ده‌ینووسێ ته‌ماشا ده‌كات. كه‌واته نووسین پێویستییه‌كی زه‌ینی و جووڵانه‌وه‌ی چالاك و ئومێده. كه ده‌نووسیت هه‌ست به ئومێد و به‌رگری ده‌كه‌یت. ئه‌و هێزه له‌گیانتدا ده‌گه‌ڕێ و ئاماژه‌پێكردن و پشتیوانه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ململانێدا. وه‌ك بوونێك تێكه‌ڵ به چركه‌كانی بیركردنه‌وه‌ت ده‌بێته‌وه. چركه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی هه‌ستت كردووه، گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رده‌وامه.چییه‌تی نووسین و ده‌سه‌ڵاتی وشه دواندن و گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ ژیاندا.
نووسه‌ری ئاگردز نیمچه‌خواوه‌ندێكی پڕ نادیارییه له‌شێوازی گونجاوی ده‌قه‌كانیدا. ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه.پێویستییه جوانییه‌كانی به‌لێزیادبوونی خه‌یاڵپه‌روه‌ری نواندووه، كه واقیع به‌شێواز ئاراسته‌و كه‌ش و هه‌واو ڕێكخستنێكی دیكه نواندوویه‌تی .
له‌هه‌مان ئاست و ئاسۆكاندا واقیع به‌كراوه‌یی ده‌بینێت. به‌لێزیادبوونی واقیعی گیانی و هێزی فه‌نتازی به‌سه‌ر ڕسته نووسراوه‌كاندا ،كه له‌پانتایی كاغه‌زی نووسراودا ده‌بن به واقیع و جیهانی نووسین داده‌مه‌زرێنێت.
مانا‌و فه‌زای ئه‌و نووسینه‌ی كه له‌سه‌ر پانتایی كاغه‌ز ده‌بێته واقیع پێویسته له‌ڕێگای ئاسۆكانی زمانه‌وه ئاست و ئاراسته‌كانی بدۆزرێته‌وه، نووسین كه داخوازییه‌كی شیاوه ته‌نیا ڕۆشنایی و دره‌وشانه‌وه‌كانی زمان وه‌ك جووڵه‌و بزاوت تێیدا ده‌سه‌ڵاته.كه‌سایه‌تی دوور و نزیكی ئه‌فسانه‌ش ده‌بێته گیانمایه‌و تانوپۆی له‌كامڵترین شێوازی ساكاریدا.
داهێنه‌ر پێویسته ڕووبه‌ڕووی سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی ببێته‌وه‌و به‌توندی دژایه‌تی بكات. مه‌رجیش نییه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاته‌ی كه میلله‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌و پێی ڕازییه، مولته‌زیم بێت. بگره پێویسته له‌پێناو شیعرییه‌ت و دامه‌زراندنی جیهانی نووسینی خۆی كه ئومێد و به‌رگرییه مولته‌زیم بێت. كه گه‌وهه‌ری داهێنانیشی خسته ناوكتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. ده‌بێته مه‌زنترین هێمای دره‌وشاوه‌و مولته‌زیمترین كه‌سایه‌تی وڵاته‌كه‌ی.
داهێنان یانی ڕه‌سه‌نی و شارستانیه‌ت و هه‌میشه‌ییترین ئیلتیزام و نوێنه‌رایه‌تی. ئه‌وانه‌ی به داهێنانه‌وه مولته‌زیم نین، زیاتر كارمه‌ندی ڕۆشنبیری و هۆكارێكی یارمه‌تیده‌رن.به‌رپرسیاریه‌تی شاعیری ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.
ڕۆشنبیری كوردی زیاتر ڕۆشنبیرییه‌كی شیعرییه .ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به ئه‌زموونه‌و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده.
قۆناغی شیعری كلاسیكی تا ئێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه.
چه‌قی نه‌بیندراوی ده‌قی پڕ شیعرییه‌ت هه‌م ده‌توانێت جیهانی خود و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی شاعیر بنوێنێت.هه‌م په‌یوه‌ست به‌واقیعی كراوه‌ش بێت، چونكه خود‌و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌یان واقیعه. واقیعی قووڵ به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی.پێچه‌وانه‌ی واقیعی ڕووكه‌ش و ڕووتی سڕ. واته ناتوانێت له‌سه‌رچاوه هه‌ڵبێت. كه‌واته واقیعی قووڵ ناوه‌ندێكی فراوانه بۆ ده‌ربڕین كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ده‌مامكه ئایدیۆلۆژییه‌كان دابماڵدرێن. نیازه‌كانی سیاسه‌ت و مێژوو وه‌ك تاكتیك و تۆمار له‌جه‌سته‌ی شیعری په‌تی فڕێ بدرێنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ماك و بیری سیاسی و هێمای مێژوویی ئه‌گه‌ر له‌جه‌سته‌ی شیعردا ڕوون خۆی بنوێنێ ، خه‌ون بۆ هه‌میشه ڕابه‌رایه‌تی بكات . چالاكی شاعیره له‌و په‌رستگایه‌دا خه‌ڵوه‌تێكیش بێت، كه وێرد و سرووتی جوانی و خه‌ون ده‌سته‌ڵاتیه‌تی.
له شیعردا خۆم ده‌كه‌م به واقیع و سه‌رله‌نوێ پێكیده‌هێنمه‌وه. واته واقیعی ناو نووسین، یان ئه‌و واقیعه‌ی نووسین پێشنیاری ده‌كات، په‌یڕه‌وكردنی چۆنیه‌تی واقیع له‌م باره‌دا ده‌ناسرێت، یان پێناسه ده‌كرێت بۆ ناسین.
پێویسته ئه‌وه به هه‌قیقه‌ت بزانین ،شیعر گیانی ئێشكگری هه‌موو نووسینه‌كانی تره . ڕه‌گه‌زو جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیی گرینگه له‌پێكهاته‌ی ئه‌ده‌بی نووسراودا. كتێبی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ران هه‌موویان شێوازی شیعر‌و شیعرییه‌تیان تێدا لێوانلێوه. ته‌نانه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و قه‌ناعه‌ت پێكردن و جۆری قسه‌كردن و تێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا، فه‌نتازیا و شیعرییه‌تی وه‌ك هێزێكی قه‌ناعه‌ت پێكردن تێدا به‌كار بردراوه.
به‌م تێگه‌یشتنه شیعر فه‌نتازیای نووسینه‌كانی تره، كه‌چی به‌ده‌ستی چه‌ند ئاگر لێ هه‌ڵبزڕكاوێك خه‌ریكه ده‌بێته هونه‌رێكی مردوو.ئه‌و ئاگره لێ هه‌ڵبزڕكاوانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌قی خه‌ونی بنووسن. خه‌ون بنیادی به‌شێكی بچووكی ده‌قه‌كه‌یه .له‌پڕ هه‌ست ده‌كه‌یت بنیاده‌كه له بنیادی خه‌ونی بۆ بنیادی واقیعی به‌ستووی سڕ و شڵه‌ژاو ده‌گۆڕدرێت و بنیاده خه‌ونییه‌كه به‌ناكامڵی جێ ده‌مێنێ و ته‌واو ناكرێت. ئه‌م ته‌واو نه‌كردنه ڕه‌گه‌زی كتوپڕی نییه، بگره ونبوونی ڕوانین و جیهانبینی شاعیر، ئه‌گه‌ر شاعیره جیهانبینی به‌هێزو خه‌یاڵی گه‌رم پاڵنه‌ری گیانی بێت، ده‌توانێت كه‌سایه‌تی ده‌قه‌كه‌ی وا ڕابهێنێ قسه‌كانی واقیع له خه‌ون بكات. بنیاده‌كه‌شی وه‌ك بنیادی به‌هێز و پته‌وی خه‌ونی ڕابگرێت.
ڕۆشنبیری كورد زیاتر رۆِشنبیرییه‌كی شیعرییه، ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به‌ئه‌زموونه و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده.
قۆناغی شیعری كلاسیكی تائێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه.
من دامه‌زراندن ده‌نووسم، له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه نانووسم.
40
جیهان له‌ڕوانین و جیهانبینینی داهێنه‌ر هه‌میشه ناته‌واوه، ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌ر ،خه‌ونی ئه‌م ناته‌واویه‌یه ده‌یبینێت. خه‌ونه‌كه ده‌كاته سه‌رچاوه‌یه‌كی پاراو و ڕووبه‌رو پانتایی ته‌واوكه‌ری ئاینده، كه دڵنیاشه به‌هیچ جۆرێك ناگات به‌ئاینده. ئه‌م نه‌گه‌یشتنه هۆ و یارمه‌تیده‌ره بۆ بینینی خه‌ون و به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی خه‌ونی. ته‌نیا له خه‌ونیشدا ده‌توانێت قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان تێكبشكێنێ و پێوه‌ندییه‌په‌رتبووه‌كان به‌شێوازێكی ئێستێتكی دروست بكاته‌وه، ژیان به‌مانا زیندووه‌كانیه‌وه وه‌ك پرته‌قاڵێكی به‌داره‌وه‌ی به‌باران شۆراوه ببینێ. ئازادی ته‌واوو گیانی یاخیبوون و دووربینین و بیستن و ده‌لالی له‌ناو خه‌وندا ئێجگار به‌هێزه و ڕووداوه‌كان ئاراسته ده‌كات.
ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون. پڕۆژه‌ی به‌رده‌وامییه له‌نێوان دووری بیر‌و هه‌ست ، به یارمه‌تی خه‌ونبینین و ئه‌زموونی ڕه‌سه‌نی خودی هۆشمه‌ند. خه‌ون و زمان له شیعردا دوو دیارده و ڕه‌گه‌زی بنچینه‌یین. من له‌ڕێگای زمانه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه. هه‌ر له‌ڕێگای زمانه‌وه‌ش شیعر ده‌نووسم ، ده‌شمه‌وێ هه‌موو ژیان به‌هۆی خه‌ونبینین بكه‌م به شیعر‌و شیعرییه‌تی پێ بده‌م .ده‌قی شیعری له‌پانتایی زمان كار ده‌كات ، نه‌ك له پانتایی بابه‌تدا، كه‌چی له شیعری كوردیدا ڕابردوو وه‌ك كه‌له‌پوورێكی تۆماركراو مڵۆزمه‌و هه‌میشه له‌ناو ده‌قه‌كاندا بابه‌ته. ئێستاش به مڵۆزمی ڕابردووه‌وه ترسێندراوه. شاعیره‌كان له‌ساتی نووسینی ده‌قدا بوێرنین، نه‌وێراون، یان نه‌یانتوانیوه ڕابردوو وه‌ك بوونێكی كارپێكراو بهێننه ناو ئاخاوتن . به‌ته‌نیا لایه‌ن و به‌شه گه‌ش و دره‌وشاوه‌كه‌یان پێشكێش كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕابردوو وه‌ك ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێته پێشه‌وه، پێویسته وه‌ك گشتێكی سه‌ربه‌خۆ بپێورێ و قه‌واره‌ی بۆ دابندرێ، تا له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ده‌لاله‌تی شارستانی و بنیادی شێواز په‌ره‌ی پێ بدرێت .
ئاخاوتنی ئێستا كراوه‌یه، ده‌چێته ناو ئاخاوتنی نادیاری ئاینده‌وه. ده‌قی خه‌ونی ڕزگارمان ده‌كات له ئیشكردن له‌ناو مێژوو و واقیعی ده‌سه‌ڵاتدارو تۆقێنه‌ردا، یان تووشبوونی هه‌ڵه‌ی مێژوویی ، له‌په‌راوێزی مێژوو دێته ده‌ره‌وه، ده‌چێته ناو خه‌ون، كه هه‌قیقه‌تی زمان و نووسینه، كه‌چی له‌وه‌ش دڵنیانین دیوانی شیعری كوردی ده‌قی خه‌ونی تێدایه ، یان نا.
له‌ده‌قی خه‌ونیدا هه‌قیقه‌تی ژیان و كه‌سایه‌تی نووسه‌ر ئاماده و ئارام و زاڵه . ده‌قی ئاسایی ڕێسا و زانستی ناو كتێبه‌كان ده‌توانێت هه‌ڵیسه‌نگێنێت، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی به‌ته‌نیا ناخ و قووڵایی گیان هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ.خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی چوارچێوه‌یه‌كی زه‌ینی هه‌یه. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌شی به‌پێی باری ده‌روونی به‌رده‌وام له فراوانبوون و بچووكبوونه‌وه‌دایه.
ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون چالاكییه‌كی زمانه‌وانی و وشیارییه‌كی ڕه‌سه‌ن و ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییه له‌ناو ڕووداوه‌كانی كولتوور‌و كۆمه‌ڵگا و خه‌ونبینیدا. له ئاستێكی گشتگیری سه‌یری ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون بكه‌یت، سه‌یركردنێكی دامه‌زرێنه‌ره. تا نووسراوه به‌رهه‌مهاتووه‌كه بچێته ناو كۆمه‌ڵگاو شوێن نیشانه وه‌ربگرێت، وه‌ك ڕووداوێكی به ئه‌نجام له ناوه‌وه‌ی ڕووداوی كۆمه‌ڵگادا كاریگه‌ری و جووڵانه‌وه‌ی ئاشكرا به‌ده‌سته‌وه بدات. بچێته ناو بیر‌و بیركردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگای كوردی و ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا بكرێته‌وه، كه ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا كرایه‌وه به‌های ڕاسته‌قینه وه‌رده‌گرێت. له‌چێژی میللی دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌چێته ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش چێژی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگایه.
هه‌ر ئه‌ده‌بێكی نووسراویش نه‌یتوانی بچێته ناوه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگاوه، پێویسته گومان له زه‌مینه‌و مه‌به‌ست و ئاست و ئاراسته‌كانی بكرێت. ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی له‌ناو ڕۆشنبیری و كولتووری كوردی هه‌بووه، كه‌چی نه‌توانراوه بۆ ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون كاری پێبكرێت ، به‌سوود وه‌رگرتن، خه‌ونبینین بهێنێته پێشه‌وه. نموونه: خۆدواندن و دواندن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕابردوو له ڕێگای بیرهاتنه‌وه‌ی كتوپڕ‌و هونه‌ری په‌خشانه‌شیعر، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه له حه‌یران و لاوك و به‌یته خۆماڵییه‌كاندا به‌زه‌قییه‌وه دێنه ناو زه‌ینمانه‌وه، كه‌چی له نووسینی شیعری كوردی، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌مان له ڕۆشنبیری و كولتووری بێگانه‌وه وه‌رگرتووه. نه‌ماتوانیوه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ماك و ڕه‌گی ڕۆشنبیری و كولتووری خۆماڵیمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه بنچینه‌ن، ده‌بووایه له‌وانه‌وه بكه‌وتابووینایه ڕێ و هه‌نگاو هه‌ڵگری خۆمانبین .
وڕێنه‌كردن به‌ناوی نووسینه‌وه له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ركه‌وتووه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا گومانی لێ ده‌كرێت ، چونكه به‌پێوه‌رو ڕێسا و بنه‌مای ناو كتێبان به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌تاڵه له‌سه‌رچاوه‌ی كوردی و دووری ده‌لالی زمان.
به‌م جۆره كاركردن ڕوخساری نووسینی كوردی ڕاسته‌قینه‌ی له‌كه‌دار و ئاوڵاوی كردووه، ئاسانه لاساییكردنه‌وه‌ی بلیمه‌تانی بێگانه، ئاخۆ چه‌ند له گه‌وره‌یی ئه‌وان به‌ر منی كورد ده‌كه‌وێت. خۆ بوونی منی كورد له‌م شێوازه نووسینه له‌چیدایه.
ڕه‌نگه ئێمه له‌بیناسازی و دیمه‌نی شه‌قام و باخچه گشتییه‌كان نوێ ببینه‌وه، به‌ڵام له گیان و خه‌ونبینین نوێ نابینه‌وه، چونكه له گیان گه‌مارۆی ئایینمان له‌سه‌ره. ته‌نیا له ئایینیشدا بینین جێگیر‌و نه‌گۆڕه و كڵێشه به‌ندی وه‌رگرتووه.
ده‌قی خه‌ونی له كۆمه‌ڵێك ده‌لاله‌تی زمان و ڕوانین و جیهانبینینی پێكهاتووه، هه‌میشه گیان له‌پله‌یه‌كی ئه‌فسوون و جادوویدا یارمه‌تیده‌ریه‌تی بۆ چركه‌ساتی نووسین و چوونه ناو گیانی مانا زیندووه‌كان، له ئازادكردنی شێواز و مۆركه زمانییه‌كاندا.هه‌م له وێنه و هه‌م له ماناشدا پشت به ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و جیاكاری ده‌به‌ستم
ده‌قی خه‌ونی له‌بنیادی گشتی ڕسته‌كانیدا سنوور ده‌به‌زێنێ، ده‌ستكه‌وتێكه به‌هۆی لێكدانی پیت و دروستبوونی وشه و ڕسته، باره‌كان ده‌كرێنه هه‌ست و ده‌خرێنه ڕوو. ئه‌و پرسیاره‌مان ڕووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه نهێنی و ئه‌فسوونی مرۆڤبوونمان چییه.
باره‌كانی ده‌قی خه‌ونی هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان هێما و هێماپێكراو دروست ده‌كات، ئه‌م دروستبوونه‌ش كاكڵه‌ی ئه‌زموون و سه‌رچاوه‌ی كار‌و كرده‌ی دامه‌زراندنی ده‌قی خه‌ونییه له ده‌ستنیشانكردنی جۆر‌و ئاستی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی نێوان هێما و هێماپێكراو.
ده‌قی ئاسایی له‌سه‌ر ئه‌م ڕێسایه دامه‌زراوه: نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر، كات، شوێن . ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ سنووربه‌ندكردن و یه‌ك دووریی زمانی ده‌ق ، زمانی ده‌قی سنوور به‌ندكراویش ناتوانێت هه‌موو هه‌ست و خۆزگه‌و چالاكییه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت ، یان له‌خۆی نزیك بكاته‌وه، كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له ناوكی بوون ده‌كرێت.
من زمان ده‌نووسم، له‌باره‌ی زمانه‌وه نانووسم