
بیره‌وه‌ری 20 ساڵه‌ی شه‌هیدكردنی نان
قاچه‌كانم ماندوو ماندوو, دایكم ئاوڕی دایه‌وه‌و بینی قاچه‌كانم له‌دوام ده‌خشێن, خستمیه كۆڵی, چاوه‌كانم سه‌ری هه‌موو چركه‌یێ یه‌ك ئینجانه فرمێسكی ده‌ڕشت, به‌هه‌موومان ئۆقیانووسێكمان پێك هێنابوو, دواتر به پردێكی ڕزیو له‌سه‌ری ده‌په‌ڕینه‌وه‌و دڵمان له‌سه‌ر لێواری مه‌رگێكی غه‌مگین بوو, دایكم هه‌میشه پێ ی ده‌ووتم: ” هاكا گه‌یشتین, له‌وێ هه‌موو شتێكی لێیه.” من هیچ كات گومانم له قسه‌كانی دایكم نه‌كردبوو, به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه واهه‌ستم ده‌كرد كه ئێمه هه‌رگیز ناگه‌ین, گه‌یشتن ته‌نها خه‌یاڵێكی دروستكراوی خۆمان بوو, هه‌موو دونیا سه‌یری ده‌كردین و كه‌س به‌كه‌ڵكمان نه‌ده‌هات, وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌یجوردا هه‌نگاو بنێین, یه‌قین و هاوڕێ له‌گه‌ڵ ترس و سامناكی ڕێگایه‌كی بێ كۆتا. برسیمان بوو, به‌ڵام كه‌س له‌تێك نانی ڕه‌قی شك نه‌ده‌برد. باوكه‌كان توند توند ده‌ستیان به په‌تووی كۆڵیان گرتبوو, ئێمه هه‌ستمان به ساردییه‌كی جه‌مسه‌ری ده‌كردو پڕمان ده‌دایه ئاگری چه‌خماخه‌ی باوه‌شی دایك. بست به بست له‌گه‌ڵ ده‌نگوباسی” مۆنتی كارلۆ” ڕێگامان ده‌بڕی. له كونه بچووكه‌كان, كه بچووكتربوون له كونی ده‌رزی, ده‌مانڕوانییه هیوایه‌كی گه‌ش, هه‌موومان تامه‌زرۆی نه‌ختێ پشوو بووین, ئه‌گه‌رچی ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌بوو, به‌ڵام ده‌یتوانی تۆزێك له هه‌ناسه كورت و تونده‌كانمان كه‌م بكاته‌وه.
*** *** ***
به‌رله‌وه‌ی به‌دوای سه‌رچاوه‌یه‌ك بگه‌ڕێین بۆ نان, هه‌موومان وێڵی ئه‌م ده‌نگه زوڵاڵه بووین.ئه‌م وتاره به په‌رۆشه, لێوان‌لێو له ئازادی, ئه‌وه‌ی تا سه‌ر ئێسقان جاڕی ده‌ربازبوونی ده‌دا له قه‌یدو جڵه‌وگیری, وتارێك كه چاوگه‌كه‌ی له ڕۆژئاوا سه‌وز بوو بوو, پێ به پێ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونمان هاوڕێیه‌تی ده‌كردین, وتارێك قاچه‌كانی توند توند له ڕۆژئاوا گیركردبوو, له‌ولاشه‌وه به ده‌مێكی زه‌به‌لاح خیتابی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دا. هه‌موومان هاوارمان ده‌كرد كوا وتاره به‌جۆشه‌كانی ڕۆژئاوا بۆ داكۆكیكردن له ئینسان, هه‌موومان به‌وردی به‌دوای ئه‌م وتاره ده‌گه‌ڕاین و بێهیوایی خه‌ریك بوو ناخی ده‌كرۆژتین.
*** *** ***
پێڵاوه‌كانم له‌نێو قوڕدا شڵپ و هۆڕیان بوو, نه‌ك هه‌ر من به‌ڵكو ئاویش له‌م قوڕه سه‌خته‌دا ده‌چه‌قی وجاڕی نه‌ڕۆیشتنی ده‌دا. من چونكه ته‌مه‌نم بچووك بوو, ئێستا زۆری شته‌كان لێڵن له‌به‌رچاوی زاكیره‌مدا. كه‌س نه‌یده‌زانی بۆ كوێ ده‌چین, ئه‌سڵه‌ن هیچ شویێنێك نه‌بوو بۆ گه‌یشتن, ته‌نها ڕۆیشتن هه‌بوو. سه‌یری پێش خۆمم ده‌كرد هیچ شوێنێكم به‌دی نه‌ده‌كرد, كه ئاوڕی دواوه‌شم ده‌دایه‌وه ئه‌و شوێنه‌م نه‌ده‌دیته‌وه كه لێوه‌ی هاتبووم. هه‌ندێك جار له ئاسمانه‌وه به‌هۆی په‌ره‌شوت خۆراكمان پێده‌گه‌یشت, به‌ڵام به هه‌موومان نا, ئه‌و ساتانه‌ش كه برسیمان ده‌بوو هیچ شتێك له نانه بێ خوێیه‌كه خۆشتر نه‌بوو بۆ خواردن, سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئاوێكمان ده‌خوارده‌وه كه چاوگه‌كه‌ی كانی ئه‌سرینه‌كانی خۆمان بوو. من هیچ شتێكم بۆ نه‌ده‌خوێنرایه‌وه, فێری ئه‌لف بێ نه‌بووبووم, هێشتا لای من “دارا دوو داری” نه‌دیتبوو, هه‌ڵبه‌ته تا “دارا”ش ئه‌م “دوو دار”ه‌ی نه‌دیبووایه ئه‌وا نه‌مان ده‌زانی بخوێنینه‌وه, ڕه‌نگه ئه‌و كاته “دارا” هه‌ر وجودی نه‌بووبێت, به هه‌موومان قافله‌یه‌كی دوور‌و درێژ‌و ئه‌به‌دیمان پێك هێنابوو, نیوه‌مان له‌یه‌كتر ونبووین و دابڕاین, دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ زۆری له قه‌دپاڵی چیاكان به‌جێهێشتین و هه‌ندێكمانی خسته ژێر تاشه به‌رده‌سپییه‌كان. دووكه‌ڵی ئاگره بچووكه‌كان ته‌م و مژێكی خه‌ستی دروست كردبوو, ژماره‌مان له ملیۆنێك زیاتر بوو, كه‌چی هه‌ستمان به ته‌نییایه‌كی كوشنده ده‌كرد. یه‌قین بووین له‌وه‌ی كه شه‌ومان به‌سه‌ردادێ, به‌ڵام كه‌سمان به هیوای سپێده نه‌نووستین. ئه‌و شه‌وه كه‌س خه‌ونی نه‌دیت, هه‌ندێك هۆكاره‌كه‌یان بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه كه گوایه هه‌موومان ماندووبووین و ئیتر یه‌كسه‌ر خه‌ومان لێكه‌وتووه. به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانه‌بوو, من دڵنیام كه‌س له ئێمه خه‌ونی نه‌دیت چونكه پێویست نه‌بوو خه‌ون ببینین, ئه‌سڵه‌ن ئێمه خۆمان له مۆته‌كه‌یه‌كی زه‌به‌لاحدا ده‌ژیاین, هاوارمان ده‌كردو ته‌نها خۆمان گوێمان لێده‌بوو, له‌نێو ئاپۆڕای توڕه‌یی و بێده‌سه‌ڵاتیدا ڕقمان ده‌خوارده‌وه. بۆیه‌كه‌مجار فێربووین گریان له ڕۆحه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ و به‌نێو بۆڕی قوڕگدا ده‌چێته چاو. ڕقمان له ئینسانییه‌تی خۆمان بوویه‌وه‌و بیرمان له مافه‌كانی سه‌گ ده‌كرده‌وه له ئه‌وروپا, به‌ڵام ئێستاش به‌ته‌واوی ئیمانمان به مرۆڤ له‌ده‌ست نه‌دابوو. هه‌ندێكمان ده‌مانگووت ئه‌گه‌ر مرۆڤ حه‌یوانێكی دڕنده بووایه ئه‌وا نه‌ده‌گه‌یشتین به نیوه‌ی ڕێگاو له برسان یه‌كترمان ده‌خوارد. باران به‌رۆكی پێگرتین و ئێمه كۆڵمان نه‌دا, سه‌رما زۆری لێبردین وترسی خسته ناو به‌زه‌ییمان, به‌ڵام چۆكی پێدانه‌داین و نه‌یتوانی ڕۆحمان بكوژێ, شوێنه نه‌ناسراوه‌كان هه‌ندێكمانی بۆ هه‌تا هه‌تا قوتدا, به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وام بووین له ڕۆیشتن به‌ره‌و هیچ كوێیه‌ك.هه‌موومان حه‌زمان ده‌كرد هه‌رچی زووتره گوێمان له ده‌نگی مه‌زهه‌ری خالقی بێت و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شاره‌كه‌مان.
*** *** ***
ساته‌كان تێپه‌ڕین و هیچ كام له دوعاكانمان قبووڵ نه‌بوو, هه‌موو پێكڕا قاچه‌كانمان تووشی ژانێكی سه‌خت بوو, ژانێك كه تائێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت ئاماده نییه ده‌ماری قاچه‌كانمان چۆڵ كات. هه‌ناسه‌كانمان هێشتاش ماندووبوونی پێوه دیاره. ئێستاش هه‌ناسه‌ی بیرۆكه‌كانمان ته‌نگ بووه. ئه‌و شتانه‌ی كه باسكران بیره‌وه‌ری مه‌خلوقێكی چكۆڵانه‌ی ئه‌وكات بوو, مه‌خلوقێك كه له‌لایه‌ك له‌به‌ر بچووكی ته‌مه‌نی و له‌لایه‌كی تر له‌به‌ر ئه‌م خێوه دڕنده‌یه‌ی كه پێشتر نه‌یدیتبوو, وێنه‌كانی له‌لا كاڵ بۆته‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆخۆی چیرۆكێكی تره, به‌ڵام بۆ من نا, چونكه من هیچ شتێكم بیرنایه له گه‌ڕانه‌وه, جگه له‌وه‌ی له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌دا من پێش قاچه‌كانم كه‌وتبوومه‌وه, هه‌ندێك جار واهه‌ست ده‌كه‌م كه ئێستاش قاچێكم پڕه له مه‌نفا.
سه‌نگه‌ر حه‌سه‌ن- هه‌ولێر.