Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
مێینەیی…!! …..کامەران عەزیز

مێینەیی…!! …..کامەران عەزیز

Closed
by December 8, 2010 ژنان

 

 
لەو ڕۆژەوەی جێگا و پێگەی بەرز و نزم لە نێو مرۆکاندا دابەشکرا ، ئێوەی مێینە بونە خاوەنی  نزمترین  پێگە و جێگا لە نێو کۆمەڵگا..!! لە مێژە دژی ئێوەی مێینە، پیت بە پیت و ووشە بە ووشە ڕیز دەکرێ ئایەتە ئاسمانیەکانی پێ دەنوسرێ .. پەیام و دەستوری دەستەلاتی پێ دەنوسرێ؛ تا ئەفسانەیەک .. تا مانایەک و حەقیقەتێک، بە کۆیلەبونی ئێوەی مێینە ببەخشرێ..!!
لەو زەمەنەوەی کە مرۆڤ دەستی کردووە  بە کوشتنی مرۆڤ، لە کوشتنی جەستەی مێینەیی ئێوەوە دەستی پێ کردووە ..! لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ بیری داگیرکاری لە زهن و زهریدا پێگەیشتوە، لە داگیرکردنی جەستەی  مێینەی ئێوە دەستی پێکردووە …!!
 لەو زەمەنەوەی شەرەف بوەتە پێوەری بەهای بەرزی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی، شەڕەف بە لەشی ئێوە بەخشراوە..! بۆ وەرگرتنەوە و شکاندنی شەرەفیش لە شەڕی نێوان هۆز و خێڵدا، هێرش بۆ جەستەی ئێوەی مێینە هێنراوە.. وە کەسیەتی مێینەی ئێوەی پێ ئەتک کراوە..وە شەڕەکانیش بە خەڵاتی شەرەفی ئێوەی مێینە کپ کراوە..!!
لەو کاتەوەی مرۆ جۆرەکانی هێزی بە ( دار و بەرد و ئاگر و ئاسن ) بەخشی، هەموو هێزەکانیان بۆ سزای مێینەی ئێوە کردە هێزی ئەشکەنجە..!! هێزیان بە دار بەخشی تا سزا و دادگایی ئێوەی مێینەی پێ بکەن..!! هێزیان بە بەرد بەخشی تا ڕەجمی کەسیەتی مێینەی ئێوە پێ بکەن..!! هێزیان بە ئاگر بەخشی بۆ توانەوە و سوتاندن، ئێوەشیان بە زەبری سوکایەتی ناچار کرد، کە جەستەی مێینەتان بە تین و بڵێسەی ئاگر چ لە سەر زەوی و چ لە جەهەنم، بۆ خاتری پیاوان بسوتێنن..!! .
وە ئاسنیشان کردە کۆت و بازنگ؛ دەست و قاچی مێینەیی ئێوەی پێ بەندکرا .. ئاسن بوو بە چەقۆ و گوێزان؛ لەشی مێینەی ئێوەی پێ شێوێنرا .. ئاسن بوو بە خەنجەر؛ لە سەر گەردنی مێینەی ئێوە دانرا.. ئاسن بوو بە چەک و تفەنگ؛ ناوچاوانی مێینەی ئێوەی پێ نیشانە کرا ..!!
وە کاتێک مرۆڤەکان بەرەو مۆدێرنە هەنگاویان هەڵگرت، مانیفاکتۆرا و کارگەی ڕستن و چنینان لە سەر دەست و پەنجەکانی ئێوەی مێینە دزی و داهێنا، خووریان لە پێستی مەڕ و بزن کردەوە ..! خورییان  کردە گوریس؛ هاوار و قیژە و زریکەی ئێوەی مێینەی پێ خنکێنرا..! وە دواجار خورییان کردە خامە و قوماش.. قوماشیان کردە عابا و پەچە و حیجاب، ڕووی مێینەی ئێوەی پێ داپۆشرا..!!
سەیرە .. هێجگار سەیرە ، هەرچەند بۆ  کار .. بۆ نان..لە زیندانی ماڵەوە چوونە دەرەوە، بەڵام ئەفسوس کە دەرەوەشتان لێ کرا بە زیندان.. بە زیندانێکی گەورە؛ واتا ئێوەی مێینە لە هەر شوێنیک بن ..لە هەر جێیەک بن.. لە سەر زەوی بن یان لە بەهەشت..!!  هەموو پیاوان خاوەنی جەستەی مێینەیی ئێوەن … گەر بۆ خۆشی و لەزەت و هێوربونەوەی هەوەسی نێرینەیان بێت .. یان بۆ سەپاندنی بڕیار و یاسای دەستەڵاتیان بێت، وەک بوکە شوشە دەبێت بە بێ دەنگی .. بێ ناڕەزایی لەبەر دەستیاندا بن..!
ئەی ژنانی وڵاتەکەم: سەیرە …هێجگار سەیرە..! مێژوو هاتو چوو .. دەستەڵات  دوای دەستەڵات دەگۆڕێ..!! سه‌رۆك به‌ دوای سه‌رۆكدا دێت و په‌یام و به‌رنامه‌، هه‌ڵده‌وه‌شێنێ و داده‌ڕێژێ.. به‌ڵام هیچ تروسكاییه‌ك.. ده‌روازه‌یه‌ك؛ بۆ ساڕێژی زامه‌كانی مێنه‌یی ئێوه‌.. بۆ بێ مافی و كه‌می و نزمی پێگه‌ی به‌های مرۆڤی _ مێینه‌یی ئێوه‌ .. بۆ ئازادی نامۆیی مێینەیی ئێوە..له‌ به‌ندی به‌رنامه‌ و په‌یامی حیزبی و ده‌سته‌ڵاتیاندا، لە پەیامە ئاسمانی و دنیایی‌یەکانیاندا، نابیسترێ و نابینرێ.. !
 به‌ڵێ تا ئێستاش ئێوه‌ی ژنان، زیندانی كه‌لتوور و یاسان.. بكوژه‌كانیشتان له‌ سایه‌ی کولتور و یاسادا..ئازاد..!!

25.11.2010

Kamaran91@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.