وێنه‌ی دووهه‌می به‌یاننامه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
■ شاخه‌وان عه‌لی
دوابه‌دوای به‌یاننامه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و سه‌رباری ئه‌وه‌ی که له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیه‌وه به توندی به‌رپه‌رچ درایه‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش ختوکه‌ی هه‌ستی جه‌ماوه‌ریان به شێوه‌یه‌ک ده‌دا که ئاوا پرۆژه‌یه‌ک له نیازی گێره‌شێوێنی و به فیڕۆدانی ده‌سکه‌وته‌کانه‌وه‌یه .. له ته‌ک به‌یاننامه‌ی پارت و رێکخراوه سیاسیه‌کانیشدا زۆرێک له نوسه‌ران و چاودێرانی سیاسی لێکیاندایه‌وه ، که به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه له مۆزه‌فه‌کانی راگه‌یاندنی حیزبه‌کان بوون و پێموانیه له برست و توانای ئه‌م مۆزه‌فانه‌دا بێت لێکدانه‌وه‌ی زانستی و جیدی له‌باره‌وه بکه‌ن ، جگه له به‌لاڕێدابردن و شێواندنی وێنه راسته‌قینه‌که‌ی و شوناسه‌که‌ی.
لایه‌نێکی گرنگی ئه‌و به‌یاننامه‌یه که که‌متر باسی لێکراوه چیێتی به‌یانه‌که‌یه له ره‌هه‌ندی (خودی) دا، واته ئه‌م به‌یانه خۆی له خۆیدا چ نرخێکی سیاسی هه‌یه بۆ هه‌رێمی کوردستان ؟
ته‌نانه‌ت له ره‌هه‌ندی بابه‌تیشه‌وه بێویژدانیه‌کی ئاشکرا به هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانه‌وه دیار بوو ، هێزه‌کانی دژ به به‌یاننامه‌که به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی بابه‌ته‌که‌یان زۆر نیوه ناچڵ گواسته‌وه بۆ ناو فه‌زا گشتیه‌که‌ی جه‌ماوه‌ر ، به شێوه‌یه‌ک سه‌رباری لادان له مه‌غزا و ئامانجی راسته‌قینه‌ی به‌یاننامه‌که وه‌ک بابه‌تێک ، به‌ڵکو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌یانه‌که‌یان ده‌گواسته‌وه که بۆ خۆیان خێری ده‌دایه‌وه دواجار وێنه‌یه‌کیان له زیهنی خه‌ڵکیدا دروست کرد که به هێچ ماکیاجێک ناچێته‌وه سه‌ر وێنه راسته‌قینه‌که‌ی ، بۆ نمونه له کاتێکدا به‌یاننامه‌که له 7 خاڵی گشتی پێکهاتووه و له بندێڕ و لێکدانه‌وه‌ی هه‌ر خاڵێکدا ده‌شێت ورده‌کاری و لێکدانه‌وه‌ی زیاتری بۆ بکرێت به‌لام له نقڵکردنیدا بۆ خه‌ڵک له لایه‌ن راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی و پارتیه‌وه هه‌موو ئه‌وانه فه‌رامۆشکراون و ته‌نها شتێک له خاڵه‌کانی3 و 4 وروژێندرا ، له‌م دوو خاڵه‌شدا ده‌سکاری و ڕه‌شکاریه‌کی بێئامانی تیادا کراوه .
سه‌دان وشه و 7 خاڵ که هه‌مو پێکه‌وه به‌یاننامه‌که‌یان پێکهێناوه بۆ پارتی و یه‌کێتی هیچ مانایه‌کی نه‌بوو و که‌م و زۆریش باسیان له ناوه‌رۆکی به‌یاننامه‌که نه‌کردووه جگه له (3 وشه!) که دوانیان له خاڵی سێیه‌مدا و یه‌کێکیان له خاڵی چواره‌می به‌یانه‌که‌دا هاتووه ئه‌ویش(هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت + پارله‌مان)ه!
ده‌رهێنانی ئه‌و وشانه له سیاقی خۆیدا و درکنه‌کردن به‌و په‌یوه‌ندیه ژینالۆژیه‌ی که له ریزبه‌ندی وشه‌کاندا هه‌یه به دڵنیایه‌وه بێویژدانیه‌کی هه‌ره‌گه‌وره‌یه که به مانا و تێگه‌یشتن ده‌کرێت و چه‌نده سوکایه‌تیه به به‌یاننامه‌که ئه‌وه‌نده‌ش سوکایه‌تیکردنه به تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ر .ئه‌وه‌نده‌ش به غه‌شیم سه‌یرکردنی خه‌ڵکه!
یه‌کێتی و پارتی وه‌ک ئه‌و مه‌لا جاهیله‌یان لێبه‌سه‌ر هاتووه که به خه‌ڵکی ده‌وت نوێژکردن دروست نیه چونکه له قورئاندا و له سوره‌تی نیسائدا هاتووه که ده‌فه‌رموێت :(لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ) و ئه‌مه‌ش واتا (توخنی نوێژ مه‌که‌ون) .
ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌ڵێن : بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له به‌یاننامه‌که‌دا نوسیویه‌تی حکومه‌ت و پارله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه ، راست ده‌که‌ن ، وه ئه‌وه‌ی مه‌لا جاهیله‌که‌ش ده‌یوت له سوره‌تی نیسائی قورئاندا نوسراوه توخنی نوێژ مه‌که‌ون هه‌ر راسته … وه‌لێ وه‌رگرتنی ئه‌م راستیانه به بێ ره‌چاونه‌کردنی سیاق و په‌یوه‌ندی ئه‌م وشه و ده‌سته‌واژانه به وشه و ده‌سته‌واژه‌کانی پێش و پاش خۆی هه‌م جه‌هل و هه‌م بێویژدانیه‌کی گه‌وره‌یه ، ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌که به‌شی دوهه‌می ئایه‌ته‌که بڵێت (وَأَنْتُمْ سُكَارَى) ئه‌وا مانای وایه (ئه‌وکاته‌ی که مه‌ستن) خۆ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتیش ته‌واوی به‌یاننامه‌که و خاڵه‌کانیان بۆ خه‌ڵکی بگواستایه‌ته‌وه دڵنیام که تێگه‌یشتنێکی به‌دی لای هیچ که‌سێک دروست نه‌ده‌کرد ..
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌لایه‌که کوفری ئاین بێت بێ‌شک ئه‌وه‌ی که ئه‌م دو حیزبه ده‌یکه‌ن کوفرێکی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقییه .
پارتی و یه‌کێتی له‌م به‌یاننامه‌یه داهۆڵێکی ترسناکیان دروست کردووه و به ئاره‌زوی خۆیان به سه‌ریدا ده‌کێشن ،دێوێکی وه‌همیان بۆ خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار و کڵۆڵی ئه وڵاته دروستکردووه ناویان لێناوه به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان و خۆشیان وه‌ک تاقه فریادره‌سی ئه‌م ئافاته ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌م دوو حیزبه له دوای راپه‌رینه‌وه له‌سه‌ر پلانی وه‌همی ژیاون و به ناحه‌ق خه‌ڵکیان زاره‌تره‌ککردووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌س به که‌واکه‌یانه‌وه بگرن .. ته‌نانه‌ت خۆ سه‌غڵه‌تکردن و ئینزار دان به پێشمه‌رگه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه که به ته‌واوی وێنه راستیه‌که‌ی به‌یاننامه‌که بگۆڕنه سه‌ر وێنه‌یه‌کی دزێو و مه‌ترسیدار ، ده‌یانه‌وێت به خه‌ڵک بڵێن ده‌سکه‌وته‌کان له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دان و ئێمه روبه‌روی ده‌بینه‌وه ، ئه‌م حاڵه‌ته به ئاشکرا و پلانێکی ورد له‌سه‌ر ده‌ستی دائیره ئیعلامیه‌کانیشیان ده‌رکه‌وت ، له کاتێکدا هه‌رکه‌س به‌یاننامه‌که‌ی خۆێندبێته‌وه ده‌زانێت که وێنه‌ی دووهه‌م که ده‌سه‌ڵات دروستی کردووه به هیچ شێوه‌یه‌ک له وێنه‌ی یه‌که‌می به‌یاننامه‌که ناچێت ..
به شێوه‌یه‌ک به روی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هه‌ڵشاخان که گوایا نیازێکی به‌د و کوفرێکی سیاسی و دیمۆکراسیه و به ده‌سیسه‌ی ده‌ره‌کی زیان به ده‌سکه‌وته نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد ده‌گه‌یه‌نێت و ته‌قلیدی ئه‌و مۆدیله گرژیه‌یه که ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه ..
له کاتێکدا له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا به رونی ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که زمانی به‌یاننامه‌که ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات کراوه نه‌ک خه‌ڵک ، هۆشیارکردنه‌وه و ئامۆژگاریکردنی ده‌سه‌ڵاته نه‌ک جه‌ماوه‌ر ، وه به‌کرده‌وه‌یش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ فشارێکی جه‌ماوه‌ری دروست نه‌کردوه و به‌ڵکو چاوه‌روانی کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ک ده‌کات بۆ دیالۆگ و زیاتر هۆشداری دان به ده‌سه‌ڵات ، له‌مه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که گۆڕان نه‌ک نیازی به گواستنه‌وه‌ی مۆدیلی تونسی و میسری نیه بۆ گۆرانکاری له کوردستاندا (لایه‌نی که‌م له ئێستادا) به‌ڵکو به ده‌سه‌ڵات ده‌ڵیت به‌هۆی زۆری خاڵه لێکچووه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردی –تونسی – میسری وه نزیکیان له روی ئه‌سترۆنۆمی و که‌لتوری سیاسیه‌وه ، شایه‌نی پێشنیار و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌رکردنه .
یه‌کێتی و پارتی له کاتێکدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌رجداری حکومه‌ت و پارله‌مانی کوردستان به به‌ڵایه‌ک ده‌زانێت که روی له‌م هه‌رێمه کردووه ، ئاگایان له‌وه نیه که له دنیادا نموونه‌ی له‌م جۆره زۆرن و مێژوی فه‌رمانداری دیموکراسی خۆرئاواییش زۆرترین حاڵه‌تی له‌م جۆره‌ی به خۆوه بینیوه ، ئه‌وا بیریشیان چۆته‌وه که یه‌که‌مین هێزه‌کان له کوردستاندا که چه‌ندین جار حکومه‌ت و پارله‌مانیان هاڵده‌وه‌شانده‌وه هه‌ر خۆیان بوون … له ماوه‌ی شه‌ڕی کوردکوژیدا چه‌ندین جار پارتی و یه‌کێتی حکومه‌ت و پارله‌مانیان هاڵوه‌شانده‌وه و ته‌نانه‌ت تا ئه‌ندا زه‌ی ئه‌تککردن ئه‌تکیشیان کرد .
ئه‌وانه کێبوون که سه‌روه‌ری هه‌رێمه‌که‌یان ده‌خسته ژێر پۆستاڵی سوپای فارس و تورکه‌وه؟
ئه‌و له‌شکره زرێپۆشه‌ی پایته‌خت و حکومه‌ت و پارله‌مانی ئه‌تک کرد و ئاڵای به‌عسی له‌سه‌ر پارله‌مان دانا کێ هێنابووی؟
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت و پارله‌مان به بێ مه‌رج و به هێزی میلیشیا و کۆمه‌کی سوپای دوژمن .. مۆدیلێکه زۆر جیاوازتر له‌وه‌ی که حکومه‌ت و پارله‌مان به شێوه‌یه‌کی مه‌رجدار و به‌رنامه بۆ داڕێژراو هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه به بێ به‌کار هێنانی توند و تیژی و هێزی ده‌ره‌کی .
به‌یاننامه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ، ئه‌گه‌ر له روی بابه‌تیشه‌وه بۆ قه‌باره جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران خیرلی نه‌بێت … به‌ڵام دواجار ئه‌م به‌یاننامه‌یه خۆی له خۆیدا پێشنیارێکی ساغڵه‌مه بۆ کۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌ی که کوردی تێکه‌وتووه . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو که‌س پێشوازی له پرۆژه‌یه‌ک نه‌کات ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه که ئه‌و پرۆژه‌یه خۆی له خۆیدا پرۆژه‌یه‌کی خراپه
خه‌می گه‌وره ئه‌وه‌یه که جه‌ماوه‌ر له‌نێوان دوو گوتاردا چی هه‌ڵده‌بژێرن ؟ ده‌ستی حیزب دور بخه‌ینه‌وه له بینه‌قاقای حکومه‌ت یان نا؟.. پۆلیس و ئاسایش و زانیاری و پێشمه‌رگه هی خه‌ڵک بن یان هی یه‌کێتی و پارتی؟… حکومه‌ت راده‌ستی خه‌ڵکی شیاو‌و پسپۆر و ته‌کنۆکرات بکرێت یان یان کادێره نه‌خوێنه‌واره‌کانی حیزب؟…. موڵک و ماڵی زه‌وتکراوی خه‌ڵک و حکومه‌ت له لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه بگێڕدرێته‌وه بۆ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی یان نا؟… سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی دیموکراسی بێت یان یان بنه‌ماڵه‌یی ؟…. بتوانین بپرسین ئه‌م هه‌موو پاره‌و موڵک‌و ماڵه‌ی به ده‌ست به‌رپرس و سه‌رکرده‌کانه‌وه‌یه ، له کوێوه هاتون یان کڕ بین؟
ئه‌مانه کۆمه‌ڵه پرسیارێکن که به داخه‌وه تا ئێستا پرسیاری جیدی زۆرینه‌ی خه‌لکی کوردستان نین ، تا ئێستا حه‌شیمه‌تێک له کوردستاندا هه‌یه زمانی ئه‌مپرسیارانه‌یان له لایه‌ن پارتی و یه‌کێتیه‌وه له گۆ خراوه جورئه‌تیان ترسێنراوه …به باوه‌ڕی من هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی ئه‌گه‌ر گه‌ره‌کیه‌تی موڵکوماڵی زه‌وتکراوی خه‌ڵک بگێڕێته‌وه ئه‌وا له سه‌ره‌تادا پێویسته کار بۆ ئه‌وه بکات زمان و جورئه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ر بگێڕێته‌وه .. له کوردستاندا جه‌ماوه‌رێکی گه‌وره هه‌ن له‌پای موچه‌خۆری خۆیان ، له‌پای هه‌ناسه‌دانیان ،کاسپیان ، خه‌وتن و هه‌ستانیان.. سوپاسگوزاری یه‌کێتی و پارتی ده‌که‌ن .. که‌ی ئه‌م جه‌ماوه‌ره هه‌ستیانکرد موچه و جورئه‌ت و زمان و ژیانیان هی خۆیانه و پارتی و یه‌کێتی پێی نه‌داون ئیدی ئه‌وکاته هاتووه که باس له‌وه بکه‌ین موڵک و ماڵیان کامه‌یه ؟!…ئه‌م جه‌ماوه‌ره ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌ند بن هه‌ر زۆرن ، ئه‌مانه ئه‌و کاریکاتێرانه‌ن که له پشتی سه‌ریانه‌وه زمانیان ده‌جوڵێنرێت ، ئه‌و ترسنۆکانه‌ن که ده‌رزی جورئه‌تیان لێدراوه ، به داخه‌وه هێشتا ئه‌مانه هه‌ن .. که‌واته زۆرن .
پیشاندانی جه‌یش و جه‌ماوه‌ری دژ به به‌یاننامه‌که .. هێنانه قسه‌ی مۆزه‌فه ئیعلامیه‌کان .. رێپۆرتاژه مۆنتاژکراوه‌کان ..سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی به مانای هێز و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و رۆشنبیری خۆیانی ده‌زانن به‌ڵام به رای من چه‌ندین مانای تری له خۆیدا هه‌ڵگرتووه که گرنگترینیان بێهێزی و ترسنۆکی و بێئیراده‌یی و بێئاگایی و ره‌زیلکردنی جه‌ماوه‌رێکه که وه‌ک شورایه‌ک به ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیاندا متمانه‌یان پێده‌که‌ن .هه‌رچه‌نده مانای تر له‌م نمایشه‌دا هه‌بێت به‌ڵام که‌م تا زۆر په‌یوه‌ندیداری به‌یاننامه‌یه‌ک نیه که نیازی به قوتارکردنی هه‌رێمی کوردستانه له دۆخێکی ئیداری و سیاسی چه‌قبه‌ستوودا ..
ئایا ئه‌م به‌یاننامه‌یه مه‌ترسیه بۆ سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کان یانمه‌ترسی راسته‌قینه ئه‌و شێوازی فه‌رمانڕه‌واییه که ئێستا له کوردستاندا هه‌یه ؟ ده‌سکه‌وتێک که له کوردستاندا هه‌یه هی ئه‌و راپه‌ڕینه‌یه خه‌ڵک کردی ، ئه‌و راپه‌رینه‌ی که پارتی ئاماده نه‌بوو ئیتیفاق بکات له سه‌ری و ته‌نانه‌ت به‌شێک له سه‌رکردایه‌تی ئێسته‌ی یه‌کێتیش به گومان و دڵساردیه‌وه ئیقناعکران ، ده‌سکه‌وتێک که له کوردستاندایه ده‌سکه‌وتی خه‌ڵکی کوردستانه و یه‌کێتی و پارتی ته‌نها بینه‌ر و ژمێریاری ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ن ، به‌ڵکو بابزانین ئه‌و تاعونه‌ی که یه‌کێتی و پارتی هێناویانه‌ته ئه‌م هه‌رێمه‌وه چه‌ند کوشنده‌ن .. ڕێگرتن له ڕای ئازاد و تیرۆری رۆژنامه‌نوس ، شێواندنی دیموکراتی و سه‌پاندنی حوکمی بنه‌ماڵه ، به خه‌ونکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی ، به میلیشیا کردنی چه‌کداره‌کانیان و به‌کار هێنانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ، فه‌سادی ئیداری و مالی ، شێواندنی تێگه‌یشتن و هۆشی خه‌ڵک …تاد.
هه‌رکه‌س مێژووی ئه‌م دوحیزبه بزانێت تێده‌گات که ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می له‌ده‌ستدانی ده‌سکه‌وته حیزبی و تایبه‌تیه‌کانیان لۆژی پێداداون به چاره‌کی ئه‌وه له خه‌می ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتیمانیدا نه‌بوون .خۆ ئه‌گه‌ر پیانوابێت پراکتیزه‌کردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه زیان به به‌رژه‌وه‌ندیه نامه‌شروعه‌کانی خۆیان و حیزبه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وا هه‌مومان دڵنیاین و ئه‌و کاته‌ش پێموایه که وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی به‌یاننامه‌کایان به‌یاننامه‌که‌یان بینیوه!.