Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
پەیامێک بۆ کچ و کوڕە پڕۆتێستەرەکانی سلێمانی و شارەکانی تریش

پەیامێک بۆ کچ و کوڕە پڕۆتێستەرەکانی سلێمانی و شارەکانی تریش

Closed

 

 
ئێوە تەنیا بۆ ئەوە نەهاتوونەتە سەر شەقامەکان تاکو دەنگی ناڕەزایی دژی بەرپرس و سیاسەتمەداری گەندەڵ بەرز بکەنەوە، بەڵکو دەبێت پەردە لە ڕووی نووسەر و ڕۆشنبیری ساختە و هەلپەرستیش هەڵبماڵن. دەزانم پێش ئەوەی منیش ئەم قسانە بکەم، ئێوە هەر واتان کردووە، کە ئەمە تەنیا نیشانەی هۆشیاریی ئێوەیە، بەڵام دەمەوێت زیاتر جەخت لەسەر گرنگیی ئەم هەڵوێستەتان بکەمەوە. ڕۆشنبیری هەلپەرست، کە بە درێژاییی مێژووی ئەو دەستەڵاتە نەک هەر وشەیەکی دژی چەوسانەوە نەوتووە، بەڵکو هەمیشە بە دزی و بە ئاشکرا خۆیی بە پاشکۆی بەرپرسی گەندەڵ و چەوسێنەر زانیوە. ئەو ڕۆشنبیرە ساختەیە بەو زمانە سادە و هەژارەی خۆی هیچ کاتێک درێغی لەوە نەکردووە ڕووی ئەو دەستەڵاتە وا پێشان بدات، کە دادپەروەرە و لە خەمی ئێوەدایە. بەردەوام ویستوویەتی واتان تێبگەیەنێت، کە هەرێمەکەی ئێوە دوورە لە هەموو جۆرە ستەمێک و ژیانی هەمووتان مسۆگەر کراوە… ئەگەر جار جارێکیش هەندێ کەموکوڕیی دامودەزگاکانی خوارەوەی پێشان دابێت، ئەوە تەنیا بۆ ئەوەی بووە لە دەرفەتێکی تردا بڵێت دەستەڵات لە چارەسەرکردنی گرفتەکان بەردەوامە، بەو مەبەستەی وەکو مژدەیەکی گەورە ئەوەتان پێ ڕابگەیەنێت. ئەمە بەردەوام یەکێک بووە لە فێڵەکانی ڕۆشنبیری ساختە و بێگومان ئێوە هەستتان پێی کردووە. ڕۆشنبیری ساختە چونکە نە ئازاری هەیە و نە هەست بە ئازاری ئێوەیش دەکات، ئەوا ڕۆژانە ژیانێکی ئاسایی، کە لە ژیانی بەرپرسەکان جیاواز نییە؛ بە سەر دەبات، بۆیە کەمترین کاتی خۆی بۆ خوێندنەوە، بیرکردنەوە و ڕامان تەرخان دەکات. ڕۆشنبیری ساختە هەر بۆ ئەوە ئاگای لە دنیای ڕۆشنبیرییە، تاکو بزانێت ئەو ڕۆشنبیرە جیددییانە چییان لەبارەی دەستەڵاتەوە وتووە، بەو مەبەستەی ئەویش گوتارێکی ساختە دابڕێژێت و بەربەستێک لە بەردەمی پەیامی ڕۆشنبیری جیددی دروست بکات، نەبادا وەک پێویست بگاتە ئێوە. بە مانایەکی تر هەوڵ دەدات لەو ڕێگایەوە ئێوە فریو بدات، کە گوایە ئەو خۆی ڕۆشنبیری بە ئاگای ناو کۆمەڵگایە. وەک دەرکەوت فریودانی ئێوە لە لایەن ئەو جۆرە ڕۆشنبیرە ساختەیە، مەحاڵە. بە کورتی ڕۆشنبیری ساختە لەگەڵ ئەو پاسەوانە تایبەت و نهێنییانەی دەستەڵات جیاواز نییە، کە بۆ ئەوە ڕەوانەی ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکرێن، تاکو دەستەڵات لە مەترسییەکان ئاگادار بکەنەوە. ڕۆشنبیری ساختە بەوەدا زۆرترین توانای ماددی و سەرجەمی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی حزبی لە بەردەستە، دەبێتە خاوەنی ناوبانگی ساختە و لەپشت ئەو ناوبانگەوە دەیەوێت ناوی ڕۆشنبیری جیددی لە ئێوە بشارێتەوە، کە ئێوە بە هۆشیاریی خۆتان ئەم فێڵەشتان ئاشکرا کرد. ڕۆشنبیری ساختە تەنیا بەوە ناوەستێت بە پاڵپشتی بەرپرسی گەندەڵ داهاتی ئێوە بدزێت، بەڵکو زۆر فێڵبازانە دەست بە سەر ڕەنجی نووسەر و ڕۆشنبیری جیددییش دادەگرێت. بە مانایەکی تر بەرهەمی نووسەر و ڕۆشنبیری جیددی دەدزێت، بەڵام بە شێوەیەک دەستکارییان دەکات، لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەدا بگونجێن، کە دەستەڵات بۆی دیاری کردووە. ڕۆشنبیری ساختە دەبێت دزی بکات، مادام زۆربەی کاتی بۆ خۆشگوزەرانیی خۆی تەرخان دەکات و بواری خوێندنەوە و تێڕامانی نییە. ئەو دەبێت کۆمەڵێک کتێبی ساختەی هەبێت، تاکو وەکو ڕۆشنبیر خۆی بە ئێوە بناسێنێت، بەڵام نەیزانیوە ئێوە لەوە هۆشیارترن جیاوازی لەنێوان ڕۆشنبیری ڕاستەقینە و هیی ساختەدا نەکەن. ڕۆشنبیری ساختە کاتێک دەزانێت ئێوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان، ئەویش فێڵبازانە دەیەوێت گوتارێکی دووفاقیانە پێشان بدات، کە لایەکی ئەو گوتارە پشتیوانییە لە ئێوە و لایەکی تری بەرگرییە لە دەستەڵات. بەوەدا ئێوە لەو هەموو فێڵەی ڕۆشنبیری ساختە تێگەیشتوون، من ئومێدی گەورەم بە خۆتان و بە داهاتووتان هەیە.

کاروان عومەر کاکەسوور

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.