چه‌په تیرۆرسته‌کان و موسڵمانه ئازادیخوازه‌کان…٢
(ئه‌م وتاره له دوو به‌ش پێکهاتووه)
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی
قورئان سوتاندن، که دوور‌و نزیک من له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شداریم نه‌کردووه، له‌لای ڕۆژ ئه‌حمه‌د جگه له مانایه‌کی ته‌قلیدی شتێکی ئه‌وتۆی له‌زهنیدا دروست نه‌کردووه، له ڕاستیشدا من پێشبینی ئه‌وه‌م لێ نه‌ده‌کرد.!
یه‌ک له‌و پرۆسه ئه‌خلاقیانه‌ی له‌ناو چه‌مکه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی مافی تاکدا هه‌یه کرده‌ی یاخیبوونه، به‌تایبه‌ت یاخیبوون له کلتوره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.! ساڵانێکه، به‌هۆی گوتاری دین و ئایدۆلۆژیاوه، تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌به‌رامبه‌ر چاره‌نوسیدا دوچاری ڕه‌شبینی و یاخیبوون هاتوون. له که‌مترین ماوه‌و خێراترین کاردانه‌وه‌دا له هه‌موو شتێک یاخی ده‌بن، بۆی هه‌یه چه‌ندین جاریش له‌سه‌ر یه‌ک بابه‌ت یاخی ببن. به‌ئه‌ندێشه‌یه‌که‌وه یاخی ده‌بن که هیچ جۆره پاساوێک ده‌رمانیان نه‌کاو ته‌نها ئه‌و په‌ره‌گرافانه ببیستن که پاڵپشتن بۆ یاخبوونێکی عه‌به‌سیانه‌یان.
سوتاندنی قورئانیش ده‌چێته بازنه‌ی ئه‌م یاخیبوونه‌وه‌و کرده‌که‌ی پێمان ده‌ڵێت که‌تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه له هه‌ردوو ئه‌م گوتاره کلاسیکیه یاخی بوون.! (بیرمان نه‌چێت ئه‌وان ده‌یانگوت ئێمه قورئانمان نه‌سوتاندووه به‌ڵکو چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌کی قورئانمان بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێک سوتاندووه.!) به‌پێی ئه‌و پاشماوانه‌ی که بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه هه‌موو شێوازه‌کانی یاخیبوونی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش ڕووبه‌ڕووی ئایین و ئایدۆلۆژیا کراونه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که وێنه‌یه‌کی ته‌واو به‌دیان له زهنی تاکه‌کاندا دژ به‌م دوو گوتاره دروست کردووه.
سه‌رله‌به‌ری پاساو هێنانه‌وه لای یاخیبووه‌کان ڕه‌فزه، چونکه دیمه‌نه‌کانی ئه‌وسه‌ری ئه‌م پاساوانه نابینن و کلتوری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌گه‌ڵ ڕێساکانی ئیسلام، له‌گه‌ڵ جۆرێک له‌گۆڕانکاریی شارستانی، له‌گه‌ڵ جۆرێک له‌تێکه‌ڵه‌یه‌کی فکری و زانستی، له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی زۆربه‌یاندا هاوته‌ریبه، (لیره‌دا نامه‌وێت باسی ئه‌و سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه بکه‌م که تێیدا گه‌شه‌مان کردووه.) نه ئه‌وه‌تا به‌شێوه‌یه‌کی دروست گوتارێکی فکریان هه‌بێت، نه ئه‌وه‌تا بتوانن زانستیانه ته‌عامول له‌گه‌ڵ زانست و زانیاریه‌کاندا بکه‌ن، نه ئه‌وه‌تا که‌سێکی ئاینپه‌روه‌ر بن، نه‌ئه‌وه‌تا گوتارێکی دروستی فیزیک یان میتافیزیکیان هه‌بێت.! به‌ڵکو وێنه‌یه‌کی حه‌قیقین بۆ تێکه‌ڵبوونی فه‌رهه‌نگه‌کان به‌و باره‌ی که فه‌رهه‌نگی خۆی له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه ببینێت. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ناو خۆیدا یه‌کێکه له‌هۆکاره هه‌ره گرنگه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوون.
نامه‌وێت بڵێم که ڕۆژ ئه‌حمه‌د نموونه‌یه‌که له‌م دیمه‌نه به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک نوسینه‌که‌ی بخوێنێته‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ئه‌و زۆر به‌ئاگایانه‌و به‌شێوه‌یه‌ک دایڕشتووه که بچێته گۆشه‌یه‌کی ئه‌م تابلۆیه‌وه. یاخوبوونه‌که‌ی ئه‌و تێکه‌ڵه‌یه‌که له‌تێکه‌ڵبوون، ئه‌گه‌ر به ئه‌نقاست نه‌بێت، گه‌ر که‌سێک به‌ئاگا نه‌بێت له گوتاره جیاجیاکانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، وا له‌نوسینه‌که ده‌گات که کۆمۆنیسته‌کان تیرۆرست و سه‌ربڕی ئینسانه‌کان و موسڵمانه‌کانیش ژیاندۆست و چه‌وساوه‌و قوربانییه‌کانن.! (هه‌ر ئه‌مه‌ش هانیدام ناونیشانی وتاره‌که‌م له‌م ده‌ربڕینه‌وه سه‌رچاوه بگرێت). نه ئه‌وه‌یه بتوانێت ئاراسته‌یه‌کی دروستی بۆ من و شێرکۆ بێکه‌س له‌لایه‌ک و بۆ مه‌سه‌له‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕین له‌لایه‌کی تر هه‌بێت نه‌ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ یاسا‌و ڕێساکانی ئیسلامدا باگراوندێکی مێژوویی هه‌بێت بۆ هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ ڕێساکانی مۆدێرندا.! به‌ڵام ده‌توانین وێنه‌ی که‌سێکی یاخیبووی جوانی لێ ببینین و ئیتر له‌هۆکارو ده‌رئه‌نجام جگه له تێکه‌ڵه‌یه‌کی ونبوو هیچی دیکه‌ی لێ هه‌ڵنه‌وه‌رێنین. له‌مسه‌ری ڕاستی بێ ئینتیمایی خۆیه‌وه ڕه‌خنه له‌و سه‌ری چه‌پ ده‌گرێ و نه‌ک خۆی له‌گه‌ڵ هیچ جه‌مسه‌رێکیاندا نابینێته‌وه به‌ڵکو شوێنێکیشی له ناوه‌ڕاستدا نییه خۆیمان نیشان بدات، ناتوانین به‌ڕوونی گوتاره مه‌عریفیه‌که‌ی ئه‌و لێک بده‌ینه‌وه، ئه‌رێ له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌سدایه ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه‌ش بکات، یاخود له‌گه‌ڵ گۆمه خوێناویه‌که‌ی مێژووی کرێکاردایه ئه‌گه‌رچی موقاوه‌مه‌تیش بێت.! یاخیبوون ته‌نیا له‌و سنووره‌دا ده‌بینێته‌وه که به‌شێکه له ئازادییه‌کان له سنوورێکی کێشراوداو ئیتر ته‌واو، به‌م پێیه‌ش جگه له تێکه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی، دینی، زانستی..تاد چه‌مکێکی تری نییه‌و ناتوانێت بۆمانی پوخت و کورت بکاته‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌مه یه‌که‌مجارمه که‌سێک به‌و زمانه جوانه‌وه به‌رگری له ئیسلام بکات و له دێڕ به دێڕی پڕ له فکرو ئه‌خلاقی جوان‌دا گوتاری خۆی له‌ناو مشتومڕێکی جوان‌دا به من ببه‌خشێت، (که‌سێک به‌ناوی ماکوان که‌ریم، که یه‌کێکه له پیاوماقوله‌کانی کرێکار‌و وه‌ک نوسه‌رو شاره‌زایه‌ک خۆی به موسڵمانان ناساندووه‌و سه‌وانه له‌ژووره‌که‌ی مه‌لا کرێکاردا به‌رگری له کرێکار‌و دینی ئیسلام ده‌کات، گۆڤارێک به‌ناوی ڕێگا له‌کوردستان ده‌رده‌چێنێت، له بابه‌تێکیدا گوایه وه‌ڵامی کتێبه‌که‌می داوه‌ته‌وه له‌ده‌ستپێکی نوسینه‌که‌یدا نوسیوێتی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی کۆنه(…)ـه هه‌روه‌ها که‌سێکی تر به‌ناوی عومه‌ر که‌مال ده‌روێش، ئه‌ویش گوایه وه‌ڵامی کتێبه‌که‌می داوه‌ته‌وه له‌ده‌ستپێکدا نوسیوێتی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌تیو بووه بێ سه‌رپه‌رشت بووه‌و دزو هین بووه.) کاک ڕۆژی لێده‌رکه‌یت نه‌مدیوه‌و نه‌مبیستووه‌و نه‌مخوێندوه‌ته‌وه که نوسه‌رێک بابه‌تیانه‌و زانستیانه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بابه‌تێکی نوسیبێت، چ له کۆنداو له‌سه‌ر کتێبه‌که‌م چ له ئێستاداو کۆی گشتی ڕووداوه‌کان.
منیش وه‌ک کاکه ڕۆژ له‌گه‌ڵ ئازادییه‌کانی مه‌لا کرێکاردام به‌ڵام وه‌ک ئینسانێکی ئازادیخواز نه‌وه‌ک ئاده‌مێکی خوێناوی.! خۆ ئه‌م مافه سه‌ره‌تایی و چه‌مکه هه‌مه‌جۆرانه‌ی که پێناسه‌ی جیا جیا بۆ ئازادیی راده‌ربڕین ده‌که‌ن ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت به ئاره‌زووی خۆمان هه‌ر یاسا‌و ڕێسایه‌ک ئاره‌زوویمان لێی هه‌بوو تێی ئاخنین و جێیه‌کی بۆ بدۆزینه‌وه.! من له‌هیچ ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستیدا کارم نه‌کردوه‌و تا ئێستاش جگه له گوتارێکی مه‌عریفی بڕوام به‌هیچ گوتاری ئایدۆلۆژی و دینی نییه وه‌لێ بێویژدانی ده‌که‌ین گه‌ر ئه‌وه نه‌زانین خودی ئه‌و کۆمۆنیسته کوردانه‌ی کاکه ڕۆژ له‌به‌رامبه‌ر کرێکاردا ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت یه‌که‌مین قوربانی بوون بۆ ئازادیی مه‌لا کرێکاره‌کان و زۆرترین قوربانی بوون بۆ تێکه‌ڵبوونی گۆرانی و بانگه‌کانی مزگه‌وت، دانه‌بڕاو بوون له قوربانیدانیشدا، ئه‌مه‌ش سیستمێکی دانه‌بڕاوی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمۆنیسم بووه که لایه‌نگرانی بتوانن شانازی به خۆیان و گوتاریان و مێژوویانه‌وه بکه‌ن. کێ جورئه‌تی کرد‌و وتی وانییه به‌ڵگه‌بارانی ده‌که‌م. ده‌کرێت ڕۆژ یاخی بێت به‌ڵام یاخیبونێک که‌به‌شێک بێت له بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ده‌رئه‌نجامێکی فه‌رهه‌نگی و ئایدۆلۆژی لێ داوا ده‌کرێت، چونکه له باسه‌که‌یدا قسه‌ی له‌سه‌ر سیسته‌مێکه په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵی به کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئایدۆلۆژیه‌کانه‌وه هه‌یه.
با بێینه‌وه سه‌رخه‌ت، به‌و پێیه‌ی پێشتر باسمان کرد ده‌رکه‌وت که مه‌لا کرێکار، له‌سه‌ر به‌رگریکردن له ئیسلام و له‌سه‌ر گوتن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن وه‌ک که‌سێکی ئازادیخواز‌و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له کارێک دژ به‌سوتاندنی قورئان، نه ئێستا زیندانیه‌و نه دواتریش له‌سه‌ر هه‌مان شت (پێنج ساڵ) زیندانی ده‌کرێت به‌ڵکو یه‌ک ساڵ زیندانی ده‌کرێت و ئه‌وی تر له‌سه‌ر چه‌ند تاوانێکی تره، له‌وانه: هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن، هاندان بۆ کوشتن، هه‌ڕه‌شه له حکومه‌ت، هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
زۆرم پێ خۆش بوو که دادگاکه ڕاسته‌وخۆ له که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه په‌خش بکرێت.! داوام له دادوه‌ریش کرد به‌ڵام ڕازی نه‌بوو به‌و پاساوه‌ی که هیچ یه‌کێک له‌دادگاکانی نه‌رویج له‌م شیوه دادگایه‌ی به عه‌له‌نی نه‌کردووه‌و ماده‌ی یاسایی له‌سه‌ره، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و تیڤیه‌کان ده‌یبینن ته‌نها چه‌ند گرته‌که‌ی پێش یان کۆتای دادگاکه‌و کاته‌کانی پشووه. دواتر داوام لێکرد که ته‌نها له ڕۆژه‌که‌ی خۆمدا ئه‌و کاره بکرێت ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کجاریش بێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش دادوه‌ر ڕازی نه‌بوو، دواتر به نوسراوی فه‌رمی داوام کرد که خودی خۆم کامێرایه‌ک ئاماده بکه‌م و گوته‌و ڕه‌فتاره‌کانی ته‌نها خۆم به ڤیدیۆ تۆمار بکه‌م و دواتر به‌کاری بهێنم، ئه‌مه‌شی ڕه‌ت کرده‌وه‌و بۆ ئه‌م داوایانه‌م به‌ڵگه‌م هه‌یه چونکه به فه‌رمی داوام کرد‌و دادوه‌ریش به‌فه‌رمی وه‌ڵامی داومه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بکرایه ئه‌وسا هه‌موومان تێده‌گه‌یشتین له‌وه‌ی که له‌هۆڵه‌که‌دا چ ده‌گوزه‌رێت.! به داخه‌وه‌م له‌وه‌ی پێتان بڵێم له‌هۆڵه‌که‌دا، یه‌ک وشه‌و یه‌ک بۆچوونی کاکه ڕۆژ بۆنی نه‌ده‌هات.!! جگه له ده‌نگی هه‌ڕه‌شه‌و له بینینی دیمه‌نی ترسناک به ده‌نگ و ڤیدیۆ، جگه له بیستنی کوشتن و سه‌ربڕین، جگه له چیرۆکی موته‌فه‌جیرات و بۆنی خوێن هیچ شتێکی تری تێدا نه‌بوو.! ته‌نانه‌ت ئافره‌تێک ئارامیی لێبڕاو به‌په‌له له هۆڵه‌که چووه ده‌ره‌وه‌و شتێکی وه‌های نه‌مابوو منداڵه‌که‌ی له‌بار بچێت چونکه دووگیان بوو.! که ده‌شنوسم موته‌فه‌جیرات ئه‌وه ئه‌و وشه‌یه‌یه که ده‌یان جار به زمانی عه‌ره‌بی خودی کرێکار ده‌گوت و ده‌یگوته‌وه‌و شانازیی پێوه‌ده‌کرد.
من گومانم هه‌یه که کاک ڕۆژ ئاگای له ورده‌کاریه‌کانی ئه‌م دادگاییه بێت، ئه‌و به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت که چ له‌به‌رامبه‌ر مردن‌دا قسه‌مان هه‌بێت و چ له‌به‌رامبه‌ر ژیاندا هه‌مانبێت ده‌چنه خانه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌و جیاوازیان نییه. ئه‌گه‌ر..نا ده‌توانین له‌ڕێی ئه‌م خاڵه‌وه ته‌واوی نوسینه‌که‌ی ڕۆژ ئه‌حمه‌د بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه‌و هه‌رچی فکری ئه‌و هه‌یه هه‌ڵیبوه‌شێنینه‌وه، من ده‌زانم که ئه‌و نه‌یویستووه چه‌مکێکی له‌م شێوه هه‌ڵه‌یه به‌یان بکات، به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت که من نازانم چییه نوسینه‌که‌ی وا که‌وتۆته‌وه که ئازادیی ڕاده‌ربڕین له‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی ئه‌و لێی تێگه‌یشتووه مانای تری هه‌بێت جیا له‌و مانایانه‌ی بیستومانه.! ڕه‌نگه باش پێکابێتم چونکه ئێستا ئه‌م دوو لایه‌نه (دین و ئایدۆلۆژیا) قۆڵیان له‌قۆڵی یه‌کدایه‌و له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردان، به‌رامبه‌ر به چه‌مک و تێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌و ئازادیه ڕاده‌ربڕینه‌ی که فکرو مه‌عریفه مه‌به‌ستێتی وه‌ستاون. هێڵی ته‌ریب نین به‌ڵام وایان لێکردوون که ببنه هێڵی ته‌ریب و دواتر هه‌رخۆشیان شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌که لێ‌بخوڕن. بۆیه ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌ک مه‌سه‌له‌ی سوتاندنی قورئانیان گه‌وره کراوه وه‌ک بڵێی یه‌که‌مجار بێت شتی وه‌ها له جیهاندا ڕوویدابێت.!! ده‌نا ئه‌گه‌ر بۆ پێنج خوله‌ک له‌یوتوبدا بگه‌ڕێ ئه‌وه سه‌دان فیلم ده‌دۆزێته‌وه که قورئانی تێدا ده‌سوتێ و ده‌دڕێ و تفی تێده‌کرێ و..تاد. له‌کوردستانیشدا له‌ناو زبڵخانه‌و ئاوده‌ستخانه‌کاندا چه‌ندین قورئانی دڕاوو په‌ڕه په‌ڕه‌کراو دۆزراونه‌ته‌وه. با بپرسین و بڵێین هه‌زاره‌ها نا به‌ڵکو سه‌ده‌ها ژن به په‌ره‌مێز سوتێنراون، بۆ یه‌کێتی زانایانی جیهانی موسڵمانان فتوایه‌کیان ده‌رنه‌کرد په‌ره‌مێز حه‌رام بکه‌ن.؟؟!! با یه‌کێتی زانایانی جیهان نه‌بێت و هی وڵاتێک بێت، با وڵاتێک نه‌بێت و هی شارێک بێت، با شارێک نه‌بێت و خورماڵ بێت، هۆرامان بێت، با گروپێک بێت، با بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئیسلامی بێت، با یه‌ک مه‌لا بێت، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر نییه‌و هه‌ر نییه با مه‌لا کرێکار فتوایه‌کی له دژی ئه‌و هه‌موو ژن سوتاندنه بدایه تا ئێستا لێی تێبگه‌شتینایه که سوتاندنی قورئان مه‌سیجێکه ده‌گاته ئاستی سوتاندی ئینسان.! ئیتر ئێمه‌ش ئیستێکی ئه‌ده‌بیمان له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌کرد. به‌ڵام مه‌لا کرێکار‌و مه‌لا کرێکاره‌کان ئه‌مه‌یان پێ نه‌وتوین. ئه‌و هه‌موو ژنه سوتان و ئه‌و هه‌موو بێکه‌رامه‌تییه به ژن کراو ئه‌و هه‌موو نوسه‌ره تیرۆر کران به‌ڵام مه‌لا کرێکار یه‌ک فتوای دژ به‌م قه‌سابخانه‌یه ده‌رنه‌کردووه.! به‌ڵکو وه‌ک شاره‌زاکه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری باسی کرد: (ئه‌گه‌رچی خیتابی مه‌لا کرێکار پڕ پڕه له نیشتیمان په‌روه‌ری و کوردایه‌تی و ده‌وڵه‌تی کوردی و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا به‌ڵام خۆی له‌هه‌موو لایه‌ک باشتر ده‌زانێت که هه‌موو ئه‌وانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا به‌کاریان ده‌هێنێ و باش ده‌زانێت که ناکرێت له‌سایه‌ی دینی ئیسلامدا تاک و نه‌ته‌وه‌کان ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ بن.)
ئه‌وه‌ی بۆ من مایه‌ی ڕێزه بۆ ڕۆژو بۆ ده‌ربڕینه‌کانی و بۆ شێوازی زمانی ئه‌و له نوسیندا، ئه‌وه‌یه که که‌سێکی له‌سه‌رخۆو وردبین و به‌توانایه، له‌و قه‌ڵه‌مانه‌یه که‌هه‌رگیز ناگاته ئاستی تاقه‌تپڕوکێن، بگره له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌نوسینه‌کانیدا کۆکم و وه‌ک ئه‌وه وایه خۆم دامڕشتبن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من مایه‌ی سه‌رسوڕمانه باوه‌شکردنی ڕۆژ بوو به گیان و فکری کرێکارداو دانانی له شوێنێکدا که خۆی کرێکار نایه‌وێت تێیدا دا‌نیشێت.!! ئا ئه‌مه‌یه ناوه‌ڕۆک و ڕه‌هه‌نده میتافیزیکی و مه‌عریفیه‌کانی من له‌م نوسینه‌مداو هیوادارم ته‌واوی ئه‌م نوسینه‌م له‌م په‌ره‌گرافه‌دا بخوێنێته‌وه.
له دادگاکه‌دا کرێکار ویستی ئه‌وه بۆ دادوه‌ر شی بکاته‌وه که مه‌به‌ستی چییه له‌وه‌ی شه‌رع شی ده‌کاته‌وه، ئه‌ویش نموونه‌یه‌کی هێنایه‌وه: شۆفێرێک له جاده‌یه‌کدا ئۆتۆمبێله‌که‌ی به‌خێرایی (٩٥کم) لێده‌خوڕێت که جاده‌که بۆ خۆی خێرایی (٩٠کم)ی بۆ دیاری کراوه، له کۆتایی جاده‌که‌دا که‌سێک وه‌ستاوه‌و شۆفێره‌که ده‌وه‌ستێنێت و پێی ده‌ڵێت که نایاسایی کردووه‌و ده‌بێت سزا بدرێت، لێره‌دا که‌سه‌که مه‌لا کرێکاره‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه ۆێی ده‌ڵێت که تۆ نایاساییت کردووه‌و سزای له‌سه‌ره، ئیتر کاری ئه‌و ته‌واو ده‌بێت و کێ سزای شۆفێره‌که ده‌دات ئه‌وه کاری ئه‌و نییه، به‌ڵکو ده‌بێت قازی بڕیار له‌سه‌ر چۆنێتی جیبه‌جێکردنی سزاکه بدات. هه‌روه‌ها باسی ڤان کۆخی کرد که فیلمێکی هونه‌ری به‌رهه‌م هێناوه‌و تێیدا سوکایه‌تی به ئیسلام کردووه، ئه‌و جۆره سوکایه‌تیه‌ش له ئیسلامدا سزاکه‌ی کوشتنه، مه‌لا ته‌نها فتواکه ده‌دات و ئیتر کێ سزاکه جێبه‌جێده‌کات ئه‌وه کاری مه‌لا نییه‌و ده‌بێت قازی بڕیاری لێ بدات. کاری قازیش کارکردنه که‌سه‌ر فتواکه.
ئه‌و نموونه‌یه‌ی له‌سه‌ر شۆفێره‌که باسی کرد پینه‌په‌ڕۆکردن بوو چونکه ئه‌و نه‌هاتووه به من بڵێت مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی تۆ سوکایه‌تیت کردووه‌و ئه‌مه‌ش سزای له‌سه‌ره، به‌ڵکو ئه‌و شێوه‌ی سزاکه‌ش دیاری ده‌کات و پێم ده‌ڵێت ده‌بێیت بکوژرێیت.! جیاوازی هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت ئه‌مه سزای له‌سه‌ره یاخود پیی بڵێیت ئه‌مه سزاکه‌ته. ئه‌و به شۆفێره‌که‌ی وتووه ده‌بێت یه‌ک ملیۆن دۆلار غه‌رامه‌ی ئه‌م نایاساییه بدات. کاتێک که شۆفێره‌که پێی ده‌ڵێت یاسا له وڵاتی نه‌رویجدا وا نییه به‌ڵکو سزاکه‌ی ته‌نها سه‌د دۆلاره نه‌ک ملیۆنێک، به‌ڵام کرێکار پێی ده‌ڵێت من په‌یوه‌ندیم به یاسای وڵاته‌که‌ی خۆمه‌وه هه‌یه‌و سزای وڵاته‌که‌ی منیش که له مه‌ککه‌و مه‌دینه‌وه هاتووه ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ملیۆنێک دۆلار بده‌یت ده‌نا ده‌تکوژین. ئه‌مه له کاتێکدا کرێکار نه پاشایه‌و نه سه‌رۆک حکومه‌ته‌و نه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ کار ده‌کات و نه پۆلیسه‌و ته‌نانه‌ت هاوڵاتی ئه‌و وڵاته‌ش نییه‌و مۆڵه‌تی پێ نه‌دراوه تێیدا بژی.
بۆ مه‌سه‌له‌ی ڤان کوخیش ته‌نها و ته‌نها فتواکه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی سۆماڵیه‌ک چه‌ند چه‌قۆیه‌ک بکات به‌لا که‌لله‌که‌یداو بیکوژێت که ئێستاش له زینداندایه‌و په‌شیمان نه‌بۆته‌وه له‌کاره‌که‌ی.
ئا ئه‌مه له دادگاکه ده‌گوزه‌را….!!!!! ئه‌گه‌ر به‌زۆریش بمانه‌وێت مه‌لا کرێکار بخه‌ینه ناو چوارچێوه‌ی هه‌موو پێناسه‌کانی ئازادیی ڕاده‌ربرینه‌وه هه‌ر ناتوانین.!
خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژیش وا که‌وتۆته‌وه، کرێکار بۆ خۆی ده‌ڵێت من دیموکراتی نیم و بڕوام به یاسای ئه‌م وڵاته نییه، بڕوام به‌م به‌ڕه‌ڵاییه نییه که‌پێی ده‌ڵێن ئازادی، هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بگۆڕم و ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت له‌م وڵاته‌دا سه‌قامگیر بکه‌م، بڕوام به فتواو هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن هه‌یه‌و هه‌رده‌بێت ئه‌مانه سزای خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ی سوکایه‌تی ڕه‌خنه له ئیسلام بگرێت سه‌ری ده‌بڕین، واته من پیاوێکی شه‌رعناسی ناسراوم و باوه‌ڕم به‌شه‌رعه‌که‌ی خۆم هه‌یه نه‌ک به‌ئازادی و دیموکراتیه‌که‌ی نه‌رویج، به‌ڵام ڕۆژ ده‌ڵێت ئه‌مه ئازادیی ڕاده‌ربڕینه. ئه‌و بۆ خۆی له دادگاکه‌دا ده‌یان جار باسی موته‌فه‌جیراتی کرد که چۆن خه‌بیری له ئه‌فگانساتانه‌وه هێناوه بۆ هۆرامان و مه‌شقیان کردووه‌و چۆن له‌بازگه‌که‌ی خورماڵدا تیرۆرستێکیان ناردووه خۆی به ڕۆژنامه‌نوسێکی ئۆسترالیدا بته‌قێنێته‌وه، کردیشی و کوشتیشی، به‌ڵام کاک ڕۆژ ده‌ڵێت ئه‌وه ئازادی ڕاده‌ربڕینه.!! ئه‌گه‌ر ڕۆژ ئه‌و ئه‌رکه‌ی بکێشایه بۆ یه‌ک کاتژمێریش بهاتایه‌ته ناو هۆڵه‌که‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وت پێش ئه‌وه‌ی که‌یسه‌کانمان هه‌ڵبده‌نه‌وه ده‌یان لاپه‌ڕه‌ی خوێناویان هه‌ڵدایه‌وه‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی ڕووبه‌ڕو کرایه‌وه، وه‌ڵامه‌کانیشی جگه له‌ته‌ته‌ڵه‌کردنی قسه‌و سووربوونه‌وه هیچی تری پێ نه‌بوو، (له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش حاکم بڕیارێکی له‌سه‌رداوه که تائێستاشی له‌گه‌ڵ بێت نه ڕاگه‌یاندنه‌کان باسیان کردووه نه خودی کرێکار‌و خانه‌واده‌که‌شی پێیان زانیوه، ده‌قی بڕیاری دادوه‌رم لایه‌و ئه‌مه بۆ من به ڕاستی جێی سه‌رسوڕمانه.!!) کرێکار بۆ خۆی چه‌ندین کتێبی هێنابووه ناو دادگاکه‌وه که بۆ دادوه‌ری بسه‌لمێنێت بۆچی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌بێت سه‌رببڕن، که‌چی کاک ڕۆژ ده‌ڵێت مه‌سه‌له‌که ئازادیی ڕاده‌بڕینه‌و هه‌ڵیانگێڕاوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڕه‌شه. دادگاییه‌که نزیکه‌ی دوو هه‌فته‌ی خایاند، ئه‌گه‌ر کاکه ڕۆژ بۆ یه‌ک ڕۆژ سه‌ردانی دادگاکه‌ی بکردایه‌و ڕۆژێکی دادگایی ببینیایه قسه‌یه‌کی ترم ده‌بوو.!
وه‌ک پێشتر باسم کرد من له‌گه‌ڵ سوتاندنی قورئاندا نیم، به‌ڵام پرۆسه‌ی قورئان سوتاندنیش ئه‌وه‌نده کارێکی قورس نییه کرێکار بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی به‌کاری هێناوه که به‌سه‌ر خۆیدا شکاوه‌ته‌وه.! ئه‌گه‌ر ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌لالاتی دڕین و سوتاندن بێگومان به‌سه‌ر بارته‌قایه‌ک چیرۆکدا ده‌که‌وین. یه‌که‌م پرۆسه‌ی کتێبسوتاندن له‌سه‌رده‌می عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب، خه‌لیفه‌ی دووهه‌می ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا بوو، به‌فه‌رمانی ئه‌و، له‌پرۆسه‌ی یه‌که‌مدا، ئینجیل و ته‌وراتی سووتان، له‌دووهه‌مدا حه‌دیسه‌کانی موحه‌ممه‌دی سوتان به‌و بیانووه‌ی که قورئان باسی هه‌موو شتێکی کردووه‌و پێویستیان به حه‌دیس نییه، له‌پرۆسه‌ی سێهه‌مداو له‌زه‌مه‌نی عوسمانی کوڕی عه‌ففاندا چه‌ندین قورئان سوتێنران به‌بیانوی ئه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان بپارێزرێن. به‌هه‌مان پاساو کتێبخانه‌کانی فارسی سوتان. وه‌ک سه‌رچاوه‌کان ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن ئه‌و کتێبخانانه‌ی فارس به‌ملیۆنه‌ها کتێب و سه‌دان هه‌زار سه‌رچاوی ده‌ستنوسی گرنگیان تێدا بووه، ئه‌وه‌نده ژماره‌ی کتێبه‌کان زۆر بووه موسڵمانه‌کان توانیویانه به‌به‌رگی کتێبه‌کان (نه‌عل، سۆل)ی لێ دروست بکه‌ن بۆ له‌پێکردن، وه‌ک زه‌مه‌خشه‌ری بۆمان باس ده‌کات، دوای چوار ساڵ فارسه‌کان توانیبویان له‌پیسیی و پۆخڵیی په‌ڕه سوتاوه‌کان ڕزگاریان ببێت. ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته یان قورئان سوتاندن.؟!
موسڵمانه‌کان ڕازین به‌وه‌ی خۆیان هه‌ڵسن به سوتاندنی کتێبێکی ڕێبوار سیوه‌یلی، که‌به‌هه‌زار زه‌حمه‌ت و شه‌ونخونی و سواڵکردن ئینجا توانیبووی چه‌ند دانه‌یه‌کی لێبه‌چاپ بگه‌یه‌نێت.! مه‌سه‌له‌که به‌رگری یان هه‌ڵچوونی ده‌روونی نییه به‌ڵکو تێنه‌گه‌یشتنه له کرده‌و هۆکاری بکه‌ر. دڕین و سوتاندنی کتێب له کوردستاندا چه‌ندین حیکایه‌تی هه‌یه به‌داخه‌وه که‌ناتوانم ڕیزبه‌ندییه‌ک بۆ ساڵان و شێوازه‌کانی دابنێم، به‌ڵام ئه‌وه سه‌لمێنراوه که:
یه‌که‌م کتێبێک په‌یوه‌ندی به‌کورده‌وه هه‌بێت و مۆرکی شارستانی و فه‌رهه‌نگی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ی پێوه دیار بێت کتێبی ئاڤێستایه که‌چه‌ند جارێک سوتاندویانه. له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی فارس و عه‌ره‌ب و تورکی سه‌رده‌مه جیاوازه‌کان و ئایینه جیاوازه‌کانه‌وه به‌تایبه‌ت به‌ده‌ستی موسڵمانه‌کان. ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته.!
له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا (که‌ریم زه‌ندی) ئینجیلی کرده کوردی، جگه له‌وه‌ی فتوای کوشتنی ئه‌م ئه‌دیبه‌یاندا هه‌روه‌ها کتێبه‌که‌شیان سوتاند. ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته.! له‌حه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا چه‌ندین کتێب و ڕۆژنامه‌و بڵاوکراوه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسی، که ڕۆشنبیرانی سه‌رده‌می شۆڕشی ڕزگاری سه‌رپه‌رشتیان ده‌کرد، سوتێنران. ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته.! له‌هه‌شتاکانداو له‌شاری هه‌ولێر کتێبێکی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر دین به‌ناوی (ئاده‌میزاد له‌کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا) که‌له‌لایه‌ن عه‌بدولخالق مه‌عروفه‌وه نوسرابوو، پاش تیرۆرکردنی نوسه‌ره‌که‌ی کتێبه‌که‌شیان سوتاند. ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته.! له‌نه‌وه‌ده‌کاندا له‌لایه‌ن ئسلامییه‌کانه‌وه، له‌ڕانیه‌و هه‌ڵه‌بجه، چه‌ندین جار پرۆسه‌ی کتێب سوتاندن به‌ڕێوه چووه، له‌وانه: (ڕشته‌ی مرواری) له‌نوسینی که‌ڵه ئه‌دیبی کورد عه‌لائه‌دینی سوجادی، هه‌موو به‌رگه‌کانی به‌بێ جیاوازی. هه‌ندێک له‌دیوانه‌کانی شاعیری ناسراوی گه‌لی کورد (شێرکۆ بێکه‌س) ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدا بوایه ده‌یانسوتاند به‌بێ جیاوازی. بڵاوکراوه‌کانی حزبی کۆمۆنیست به‌بێ جیاوازی ڕێکخراوه‌ییان. نامیلکه‌یه‌کی ئه‌دیب و ڕه‌خنه‌گر حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن. (له‌سه‌ر: /نامه‌یه‌کی به‌خوێن نوسراو/ گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌کردبێت). هه‌ندێکی دیکه‌ش که‌له‌م کاته‌دا زانیاریم له‌به‌رده‌ستدا نیه. ئاخر ئه‌مانه کاره‌ساتن.!
له ساڵی ٢٠٠٠ به دواوه هه‌ندێک کتێبی دیکه سوتان، له‌وانه: جارێکی دی کتێبه‌که‌ی عه‌بدولخالق مه‌عروف له‌ناوچه‌ی سۆران سوتایه‌وه. (جه‌هاله‌تی ئیسلام و دونیای هاوچه‌رخ) له‌نوسینی ئارام ڕه‌شید له‌ڕانیه. هه‌ردوو کتێبی: ده‌روازه‌کانی ئایین له‌نێوان زه‌وی و ئاسماندا، له‌گه‌ڵ (خوێننامه) له‌نوسینی به‌نده که‌له‌و کاتانه‌دا به‌ناوی زه‌رده‌شتیه‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه، له‌ڕانیه‌و قه‌ڵادزه‌و که‌لارو کفری. کتێبی ئاده‌میزاد له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا، له‌نوسه‌ری ئیسلامناس فوئاد مه‌جید میسری، له‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه سوتێنرا. کتێبخانه‌که‌ی ئه‌دیب و لێکۆڵیار ڕێبوار سیوه‌یلی له‌هه‌ولێر، که‌ده‌توانین به‌یه‌که‌مین کتێبخانه‌ی سوتاوی دابنێین له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سوتابێت. هه‌روه‌ها کتێبی سێکس و شه‌رع و ژن له‌مێژووی ئیسلامدا، له نوسینی به‌نده، له‌زۆربه‌ی شار‌و شارۆچکه‌کان، پرۆسه‌ی سوتاندی ئه‌م کتێبه‌ش ئه‌نجامدرا. ئاخر ئه‌مانه کاره‌ساتن.!
دوا کۆمه‌ڵه کتێب که‌سوتابێت که دواهه‌مین پرۆسه‌ی سوتانیش نابێت، سوتاندنی کتێبه‌کانی دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ بوو، هه‌ر کتێبێکی ئه‌م ئه‌دیبه بکه‌وتایه‌ته به‌رده‌ست، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی چی تێدا نوسراوه، ده‌سوتێنران، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش زیاتر له‌ناوچه‌کانی گه‌رمیان به‌ڕێوه‌چووه.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین که پرۆسه‌ی دڕین و سوتاندنی کتێب، ئایینی بێت یان نا ئایینی، دیارده‌یه‌کی مێژووکرده‌و به‌شێک بووه له کلتووری هه‌ندێک له کۆمه‌ڵگاکان. ته‌مه‌نی کلتوری کتێب سوتاندن پرۆسه‌یه‌ک بووه که‌تاک، کۆمه‌ڵ، ده‌سه‌ڵاته هه‌مه‌جۆره‌کان، دینی و دینه‌کان و گوتاره جیاوازه‌کان له‌پشتیه‌وه وه‌ستاون. هه‌ندێکجار ته‌نها یه‌ک کتێب و هه‌ندێک جاری دیکه کۆمه‌ڵێک کتێب یان کتێبخانه‌یه‌ک سوتاوه، هه‌ندێک جاری دیکه‌ش ده‌ستنوس و به‌ڵگه‌نامه‌و تابلۆ‌و نه‌خش و نیگاره‌کانیشی گرتووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت جاری وه‌هاش هه‌بووه له‌یه‌ک شوێندا مناره‌و گومه‌زو مزگه‌وت و کۆمه‌ڵێک قورئان له کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆماندا سوتاون و ئه‌وه‌یان نه‌کرد که کرێکار کردی.
کلتورو نه‌رێتی سوتاندن، به‌شێکی دانه‌بڕاو بووه له په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا دینیه‌کان، به‌شێک بووه له‌ئه‌خلاقیان. ئایین‌زاکانی ئیسلام، بۆ خۆیان ده‌ستپێشخه‌ربوون له‌کتێب سوتاندنداو به ملیۆنان کتێبیان سوتاندووه به‌ڵام ڕازی نابن که‌سێک کتێبێک بسوتێنێت که‌په‌یوه‌ندی به‌مانه‌وه هه‌بێت.! ڕازی و دڵخۆشن به سوتاندنی کتێبێک که‌له‌گه‌ڵ ئاینه‌که‌یاندا نه‌یه‌ته‌وه به‌ڵام ناڕه‌حه‌ت و ناڕازین که‌سێک کتێبێکیان بسوتێنێت. کاردانه‌وه‌که‌ش ته‌نها له‌وه‌دا ناوه‌ستێته‌وه که‌ناڕه‌زایه‌تی بێت به‌ڵکو ده‌گاته تاوانی کوشتن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا لای ئێمه غایبه ئه‌وه‌یه که کتێب سوتاندن ده‌چێته خانه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌وه.! کردارێک و به‌شێکه له ده‌ربڕین چونکه ئازادیی ڕاده‌ربڕین هه‌ر گوتن نییه به‌ڵکو کرداریشه.!! پێمان خۆش بێت یان نا به‌شێکه له‌م پێگه‌و چه‌مکه‌ی که مرۆڤ ئازاده له‌م شێوه ده‌ربڕینه‌دا ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌بۆی هه‌یه ده‌روونی مرۆڤ له ڕه‌فتاری توند‌و تیژی دوور بخاته‌وه‌و بیکاته ده‌ربڕینێکی مه‌عنه‌وی که‌سێک که به‌و سوتاندنه هه‌ڵچوونی ده‌روونی خۆی پێ هێور بکاته‌وه‌و نه‌بێته هۆکارێک بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی.! ده‌شبێت قبوڵی بکه‌ین، ئه‌مه‌یه کرۆکی مه‌سه‌له‌که. به‌ڵام کاک ڕۆژ، سه‌رباری به‌ئاگابوونی له گوتاری ئایدۆلۆژی، له‌که‌مترین پێناسه‌ی ئازادییدا خۆی مه‌ڵاس دا‌و ئه‌وه‌ی به‌باشی شی نه‌کردوه‌و وه‌بیری خه‌ڵکی نه‌هێنایه‌وه که ئازادیی ڕاده‌ربڕین له‌وێدا ده‌وه‌ستێت که مه‌ترسی و زیان بۆ که‌سانی تر دروست بکات. ئیتر به‌چی ده‌چێت که ئه‌و تا سه‌ر ئێسقان له‌گه‌ڵ ئازادییه‌کانی من و شێرکۆ بێکه‌سدا بێت.؟!
با مه‌به‌ستمان له دوو دێڕدا کورت بکه‌ینه‌وه: من کتێبێکم نوسیوه‌و دوو که‌سیش قورئانیان سوتاندووه. ژنێکیش قسه‌ی کردووه. دوو که‌س ڕه‌خنه‌یان له پرۆسه‌یه‌ک که ناوی ئه‌نفاله، ئه‌نفال به‌شێکه له‌کلتورو ژیانی موسڵمانان و یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تیه له‌قورئاندا، ئه‌و دوو کورده ده‌ڵێن به‌به‌ڵگه‌وه ده‌یسه‌لمێنین که‌به‌پێی یاساکانی ئه‌و ئه‌نفاله نه‌ته‌وه‌که‌مان جینۆساید کراوه. با واز له‌م پاساوانه‌یان بهێنین و بڵێین له‌به‌رامبه‌ر جینۆسایکردنی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا دڵزاماربوون و له‌جێی کاردانه‌وه‌یه‌کی توند‌و په‌ڕگیر، له‌جێی کوشتن یان هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، هه‌ستاون به‌کڕینی دوو قورئان و پاشان سوتاندنی. منیش ڕه‌خنه‌م له کۆمه‌ڵێک ئایدیای ئیسلام بۆ ژن و شه‌ریعه‌ت هه‌یه‌و ڕه‌خنه‌کانم کردوه‌ته کتێبێک. ژنێکیش، با وه‌زیر نه‌بێت و سڤیل بێت، داوای جێبه‌جێکردنی یاسای ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی ده‌کات و له‌پێناوی ئه‌و ئازادی و دیموکراتیه‌ی که ساڵه‌هایه ژیان و ئازادیه‌کانی مه‌لا کرێکار ده‌پارێزێت قوربانی داوه، کرێکار فتوای کوشتنی هه‌موویانی داوه.!!! واته که‌سێک کتێبی سوتاندووه فتوای داوه بکوژرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌کیش ده‌گرێته‌به‌ر بۆ کوشتنی، که‌سێکی تر کتێبی نوسیوه فتوای داوه بکوژرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌کیش ده‌گرێته‌به‌ر بۆ کوشتنی، که‌سێکی تر قسه‌ی کردووه فتوای داوه بکوژرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌کیش ده‌گرێته‌به‌ر بۆ کوشتنی، کتێب بسوتێنی یان بنوسی یان قسه‌ش بکه‌یت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بیر‌و هزری مه‌لادا نایه‌ته‌وه فتوای کوشتنیان ده‌دات.!! ته‌نها مه‌سه‌له‌ی بیرکردنه‌وه‌مان ماوه‌ته‌وه‌و کرێکار توانای نیه بێته ناو مێشکمانه‌وه تا بمانخوێنێته‌وه‌و له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌و خه‌یاڵه‌کانیشمان بمانکوژێت. کاک ڕۆژ پێنج به‌شی دوور‌و درێژی نوسی و یه‌ک دێڕی تێدا نه‌بوو به ئێمه بڵێت کوشتن ده‌چێته کوێی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه.!
من له‌گه‌ڵ سووتانی هیچ کتێبێک‌دا نیم، (ئه‌گه‌رچی دوو که‌سه‌که‌ش قورئانیان نه‌سوتاندووه به‌ڵکو چه‌ند سوره‌تێکیان سوتاندووه) جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم نوسه‌رم و کتێب ده‌نوسم نه‌ک بیسوتێنم پێموایه هه‌ر که‌سێک به‌ئانقه‌ست کتێبێکی سوتاندبێت ده‌یشوبهێنم به‌کوشتنێکی مه‌عنه‌وی مرۆڤێک، سوتاندی کتێب یه‌کێکه له‌کاره هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی جه‌للاد. به‌ڵام ئه‌م کرده‌یه که‌ڕه‌فزکردنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی به‌رامبه‌ره، به‌هه‌ر شێوازێک ئه‌نجام بدرێت، به‌شێکه‌و پاشماوه‌یه‌که له‌و پرۆسه گشتگیرییه‌ی که‌له‌مێژووی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی دینیدا بۆمان ماوه‌ته‌وه. به‌شێکه له‌و کلتوره‌ی که‌ڕه‌فتاره توند‌و په‌ڕگیره‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی دایهێناوه‌و له وڵاته ئیسلامیه‌کاندا ئایین‌زاکانی ئیسلام پشکی شێریان به‌رکه‌وتووه. پرۆسه‌ی سوتاندنی کتێب پرۆسه‌یه‌کی نوێی جیهانی نییه به‌ڵکو وه‌ک دیارده‌کانی دیکه‌ی مێژوو پرۆسه‌یه‌کی کۆنه، تاکه جیاوازییه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وه‌یه که‌ئه‌م پرۆسه‌یه له‌وڵاته دووره‌کان له‌لایه‌ن دیندارو بێدینه‌کانه‌وه به‌ڕێوه‌چووه، به‌ڵام له‌کۆمه‌ڵگای خۆماندا ته‌نها دینداره‌کان لێی به‌رپرسیارن، چونکه ئه‌گه‌ر خودی جه‌سته‌ی ئایینزاکانیش به‌شداری ڕاسته‌وخۆیان تێدا نه‌کردبێت ئه‌وه فکری دینه‌که‌یان به‌شداری ناڕاسته‌وخۆی تێدا کردووه.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که که‌سانێک هه‌ن پێیان ناخۆشه قورئان بسوتێنرێت ئه‌گه‌ر من سه‌رپشک بکه‌ن له نێوان ئه‌وه‌ی ئایا قورئان بسوتێنرێت یان نا ئه‌وه له ڕوانگه‌ی منه‌وه وا باشتره که نه‌سوتێنرێت، هەوڵ بدرێت تا ئه‌وه‌نده‌ی بکرێت دەست بۆ سووتاندنی نه‌برێت باشتره، چونکه هیچ سوودێکی مه‌عنه‌وی و ماددی نابه‌خشێت.
به‌ڵام هه‌ندێک جار زه‌روره‌تی خۆی هه‌یه‌و نابێت هۆو هۆکاره‌کان، مه‌به‌ست و ئامانجه‌کان تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بکه‌ین.! ئه‌گه‌ر بێت و قورئان سوتاندن ئاکارێک بێت ئاکامی ئەوەی لێبکه‌وێته‌وه کە خەڵک لە ترسا نه‌وێرن بیکه‌ن، ئه‌وه کردنی باشتره.! لە دۆخێکی ئاوادا گرنگی خۆی هه‌یه.! هەرکاتێک موسڵمانه‌کان پێیان وابێت ئه‌وه‌ی به‌بێ ده‌ستنوێژ ده‌ست بدات له قورئان ئه‌وه خودا به‌رد ده‌بارێنێت ئەوه بسوتێنرێت چاکتره.! لە هەندێک حاڵ‌دا کە موسڵمانه‌کان بڕوای تەواویان به‌وه هه‌یه که هەر کەسێک ڕەخنەی باوەڕەکەی ئەو بکات ئەوە زیادەڕۆیی گەورەی کردووەو ده‌بێت بکوژرێت، ئه‌وه قورئان سوتاندن ده‌بێته کارێکی شۆڕشگێڕانه، گه‌ر که‌سوکارو خزم و باوانی که‌سێک که‌پێی وایه به هۆی قورئانه‌وه زینده‌به‌چال کراون و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڕوات وه‌ک تۆڵه سه‌ندنه‌وه ڕه‌شه‌کوژی بکات ده‌چێت قورئانێک ده‌کڕێت و ده‌یسوتێنێت به‌مه‌ش ده‌رونه پڕ له‌ئازاره‌که‌ی خۆی پێ هێور ده‌کاته‌وه، ئه‌مه له‌کاتێکدا ده‌ستبردن بۆ قورئان به‌بێ ده‌ستنوێژ جورئه‌تی ده‌وێت نه‌ک سوتاندنی، له‌لای من ئه‌مه یه‌کێکه له هه‌ڵوێسته جوامێره‌کان.
ئاگرکه‌وتنه‌وه بۆ خۆی کارێکی نه‌شیاوه. له کاتێکدا که ئاگرێکی گه‌وره ده‌که‌ینه‌وه ئه‌وه کارێکی بێکه‌ڵک ده‌که‌ین به‌رامبه‌ر به خۆمان و ئینجا به‌رامبه‌ر به ژینگه‌ش، به‌ڵام کاتێک که ئاگر ده‌بێته هۆی دروستبوونی هێمایه‌کی گه‌وره بۆ خۆت، بۆ مێژووت، بۆ نه‌ته‌وه‌ت، بۆ ئازادی ئینسان، ده‌بێته هۆی دروستبوونی هێمایه‌ک بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی نیشتیمانه‌که‌ت، ئیتر ماناکانی ئاگرکه‌وتنه‌وه ده‌گۆڕێن و وێنه‌یه‌کی تر له زاکیره‌ماندا ده‌چێنن.! هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که له جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ئه‌گه‌ر که‌لوپه‌لی ئاساییمان ده‌ست نه‌که‌وێت ئه‌وه بۆگه‌نترین و قێزه‌ونترین که‌لوپه‌ل ده‌سوتێنن و ژینگه پڕ ده‌که‌ین له دوکه‌ڵی ڕه‌ش و به شانازییه‌وه هه‌ڵیده‌مژین و به‌ده‌وریدا ده‌خولێینه‌وه.
له نه‌ورۆزی ساڵی ١٩٨١داو له‌یه‌کێک له‌زیندانه گه‌وره‌کانی به‌غداد که‌له‌سه‌ر کێشه‌ی سیاسی حوکم درابووم، یادی نه‌ورۆزمان کرده‌وه، مه‌یدانێکی گه‌وره‌مان هه‌بوو، ده‌مانتوانی بۆ یادی نه‌ورۆز ئاگر بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دا بوو شتێک نه‌بوو بیسوتێنن، نایه‌ته‌وه یادم کێ بوو پێشنیاری کرد جله‌کانمان بسوتێنین، ئیتر هه‌ر کورده‌و به‌شێک له جله‌کانی خۆی هێناو گڕمان تێبه‌ردا. له‌و کاته‌دا هه‌ڵمژینی بۆکڕوزو دوکه‌ڵی ڕه‌شی سوتاوی جله‌کانمان نه‌ده‌گۆڕییه‌وه به‌هه‌موو پاکێتی ژینگه. ئاله‌و کاته‌دا قسه له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگه نه‌بوو به‌ڵکو باسه‌که باسی قاره‌مانێتی و شانازیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو.
گه‌ر له وڵاتێکی وه‌ک ڕووس و چیندا ئافره‌تێک ماکیاج بکات و به ڕووتی بچێته ده‌ره‌وه هیچ گرنگیه‌ک و ئازایه‌تیه‌کی تێدا نییه، به‌ڵام ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌هه‌ڵه‌بجه‌داو له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامگه‌راکاندا مامۆستا بوون و وانه‌یان بۆ فێرخوازان ده‌گوته‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئیهانه‌یه‌ک ده‌چوونه قوتابخانه‌کانه‌وه‌و له‌کاری خۆیان به‌رده‌وام بوون، هیچ ماکیاجێکیشیان نه‌ده‌کرد، له‌لای من له جیڤارا شۆڕشگێڕترو له حه‌للاج حه‌قتر بوون.
ئیتر ئه‌وه‌ی که کرێاکر فتوای کوشتنی شێرکۆ بێکه‌سی داوه به‌ڵام مه‌به‌ستی نه‌بووه بیکوژێت، ئه‌وه به‌هانه‌یه‌کی بێکه‌ڵکی لاوازی زۆر بێبه‌هایه چونکه مه‌لا کرێکار هیچ که‌سێکی نه‌کوشتووه‌و هیچ که‌سێکیش ناکوژێت، ئه‌و زۆر له‌وه ترسنۆکتره که‌ئه‌و جۆره ڕووبه‌ڕووانه ببینێت و مێژووی ژیانی سه‌ربازی ئه‌و پێمان ده‌ڵێت ته‌نها فتوای داوه‌و ئیتر له‌هه‌موو شه‌ڕه‌کانی نێوخۆیه‌کانی کوردستاندا هه‌ڵاتووه‌و پاش چه‌ند ڕۆژێک له نه‌رویج بینیویانه‌ته‌وه. بکوژه‌کان وه‌سیله‌ن و فتواده‌ره‌کان بنه‌ماو بنه‌ڕه‌تن، که‌واته بکوژه‌کان فتواده‌ر نین و ته‌نها ده‌کوژن به‌ڵام فتواده‌ره‌کان جگه له فتوا بکوژیشن. به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ش به‌ده‌یان ڕێکخراو ناتوانرێت ژیانی ئازادیخوازێک بپارێزرێت به‌ڵام به فتوای یه‌ک مه‌لا گیانی ده‌یان چالاکوانان ده‌خرێته مه‌ترسیی کوشتنه‌وه.
ده‌کراو ئێستاش ده‌کرێت کاک ڕۆژ و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه له‌و وه‌همه دوو بکه‌ونه‌وه که گوایه یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کتێبیان بۆ من چاپ کردووه.! ئه‌مه جگه له‌به‌د حاڵی بوون و ڕاکردن به شوێن سێبه‌رێکی وه‌همیدا هیچی تر نییه.! ئه‌م ڕسته‌یه چی بوو ئه‌و هه‌ڵیڕێژاوه‌ته بابه‌ته‌که‌یه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بچوکترین ئامژه‌ی زانستی پێ بدات.؟؟ له دادگاییه‌که‌دا به‌به‌ڵگه‌وه سه‌لماندم که مه‌لا کرێکار ئه‌و کاته‌ی فتوای کوشتنی دابوم کتێبه‌که‌ی نه‌خوێندبۆوه. به‌ڵام چونکه ئه‌و که‌سێکی بێئاگایه له‌یاسا زه‌مه‌نییه‌کان و ته‌نها گۆشه‌گیره به شه‌رع کتێبێکی به‌رز کرده‌وه‌و نیشانی دادوه‌ری دا که مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ڕاست ناکات ئه‌وه‌تا کتێبه‌که‌ی له ده‌ستمدایه‌و چوار جار خوێندومه‌ته‌وه. منیش زۆر به هێمنی ئه‌وه‌م بۆ دادگا سه‌لماند که ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیدایه‌و به‌رزی کرۆته‌وه کتێبی من نییه، هه‌رواش ده‌رچوو.! ئێستاش هه‌ندێک به‌بێ هه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک چه‌ندین جار ئه‌م بابه‌ته‌یان وروژاندووه که یه‌کێتی نیشتمانی کتێبه‌که‌ی منی چاپ کردووه، بۆ چه‌ندین جار وتومه‌و ده‌یانجاریش ده‌ڵێمه‌وه که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک یه‌کێتی هاوکارو هاوپشتی من نه‌بووه له‌چاپکردنی ئه‌و کتێبه‌دا، ئه‌گه‌ر..نا بچوکترین به‌ڵگه‌یان شک ببردایه ده‌یانخسته‌ڕوو.!. ئه‌وه ناشارمه‌وه زووتر مه‌لا به‌ختیار هاوکاری کردووم بۆ چاپکردنی یه‌ک کتێبم، به‌هه‌مان هیواوه داوای هاوکاری چاپکردنی ئه‌م کتێبه‌م لێکرد (سێکس و شه‌رع و ژن له مێژووی ئیسلامدا) بێ دوودڵی ڕه‌تی کرده‌وه‌و پێی وتم که به‌هۆی به‌شداربوونم له فێستڤاڵی ڕۆشنبیری و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی دووهه‌م تازه ئه‌و کتێبه ناسراوه‌و هه‌موو که‌س ده‌زانێت من نوسیومه بۆیه له ئێستادا کاتی چاپکردنی ئه‌م جۆره کتێبانه نییه. ئیتر منیش نیوه‌ی به‌قه‌رزو نیوه‌که‌ی تر (به‌ر به نیوه‌یی) واته به قازانجی داهاتوو له کوێره چاپخانه‌یه‌ک چاپم کرد. سه‌د جاری تریش ده‌یڵێمه‌وه که یه‌کێتی نیشتمانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بچوکترین هاوکاری منیان نه‌کردووه.
هه‌موومان هه‌میشه باسی سه‌روه‌ری یاسامان کردووه‌و ئامۆژگاری خۆمان و خه‌ڵکیمان کردووه که په‌نا بۆ چاره‌سه‌ری عه‌شایه‌ری و خێڵه‌کی نه‌به‌ین، په‌نا بۆ توندوتیژی نه‌به‌ین، ته‌نهاو ته‌نها یاسا سه‌روه‌ر بێت، به‌ڵام کاتێک که من له‌سه‌ر فتوای کوشتن په‌نام بۆ یاسا برد کاک ڕۆژ ئه‌حمه‌د به کارێکی خراپی زانیوه‌و ئه‌وه بیری خه‌ڵکی ده‌هێنێته‌وه که من ته‌وهینم به‌ئیسلام کردووه بۆیه مه‌لا کرێکار فتوای کوشتنی منی داوه ده‌نا بۆ فتوای کوشتنی کۆمۆنیسته‌کانی نه‌داوه، ئیتر بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که چه‌ندین کۆمۆنیست‌یش به‌هۆی فتواکانی مه‌لا کرێکار‌و چه‌ندین مه‌لای تره‌وه ده‌ربه‌ده‌رو تیرۆر کراون. به‌خۆی بزانێت یان نا په‌ره‌گرافه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌ک داڕشتووه که ئه‌وه‌ی ته‌وهین به ئیسلام بکات موسته‌حه‌قی کوشتنه.
گه‌ر به‌ڕاستی مه‌سه‌له‌که ئازادیی ڕاده‌ربڕینه ده‌بێت هه‌موومان وه‌ک یه‌ک له‌ژێر سێبه‌ره‌که‌یدا بحه‌وێینه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌لا کرێکار ئازاده له‌وه‌ی به‌رهه‌می هێناوه ئه‌وه کاره‌که‌ی برێڤیکیش ده‌چێته خانه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه له کاتێکدا کێشه‌که‌ی ئه‌و سیاسیشه. وه‌ک یارۆی گروپی خوشکانی یه‌کگرتوو نه‌بین له‌به‌رامبه‌ر سه‌نگه‌سارکردنی ئه‌و هه‌موو ژنه‌ی کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کان ورته‌یه‌کیان نه‌کرد به‌ڵام کاتێک که دوعای یه‌زیدی به‌هه‌مان ده‌رد چوو که‌مپینیان له دژی سه‌نگه‌سارکردنی ئه‌و سازدا. کاتێکیش که مه‌لا کرێکار‌و برێڤیک هه‌ڕه‌شه له ئازادییه‌کانی خه‌ڵک ده‌که‌ن و کار ده‌گاته خوێن یه‌کیان موقه‌دده‌س و ئه‌وی دیکه‌یان تیرۆرست نییه به‌ڵکو هه‌موو تۆمه‌تبارن و ده‌بێت ملکه‌چی یاسا بن. من جگه له‌په‌یڕه‌وکردنی ڕه‌وشتی ڕێساکانی تاکی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که په‌نام بۆ یاسا بردووه هیچ شتێکی دیکه‌م نه‌کردووه مه‌گه‌ر به‌لای باشه‌دا.! لێره‌وه ئه‌وه بیرتان دێنمه‌وه یه‌کێک له‌په‌ره‌گرافه جوانه‌کانی ڕۆژم به‌ته‌واوی لێبورده‌ییه‌وه په‌یڕه‌وکرد، ڕۆژ نوسیوێتی: (با هەوڵبدەین ببینە بنیاتنەری ئەو مینبەرەی کە مەریوان هەڵه‌بجەیی و مەلا کرێکار و شێرکۆ بێکەس و ئەوانی دی تیایدا بتوانن بەرامبەر بەیەک ئازادانە بۆچونەکانیان دەرببڕن، تا کۆمەڵگە لێیان تێبگات و عادیلانە بڕیاریان لەسەر بدات)
ئه‌مه یه‌کێکه له‌و په‌ره‌گرافه جوان و ئاراسته فکری و ئینسانیانه‌ی که ڕۆژ نوسیوێتی و وام زانی خۆم نوسیومه. با کاک ڕۆژ بزانێت ئه‌مه‌شم به‌کرده‌وه جێبه‌جێکردوه‌و کاتێک که مه‌لا کرێکار هه‌ڕه‌شه خوێناویه‌که‌ی بڵاوکرایه‌وه ڕۆژنامه‌کانی نه‌رویج چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سازدام، پرسیاری زۆر لابه‌لاو سه‌رنجڕاکێشیان لێده‌کردم و ده‌یانجوڵاندم که شتێک بڵێم بارودۆخه‌که ئاڵۆزتر بکات، به‌ڵام من وه‌هام نه‌کردو له‌و کاته‌دا که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووم که‌سێک چه‌قۆیه‌ک بکات به‌که‌لله‌که‌مدا داوای مێزگردو گفتوگۆم له‌مه‌لا کرێکار کرد تا چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه بدۆزینه‌وه، ڕێک وه‌ک ڕۆژ ته‌مه‌ننای ده‌کات من به زیاده‌وه کردم. ئاخر با به‌ویژدانه‌وه بدوێین و بڵێین له‌ده‌ست که‌م که‌س دێت که‌سێک هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی لێ کرابێت، له وڵاتێک‌دا که‌ته‌واوی یاساکانی پشتگیری هه‌ڕه‌شه‌لێکراو ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و داوای ئاشتبوونه‌وه بکات.!؟؟؟ ته‌نانه‌ت پێش دادگاکه‌ش بڵاوم کرده‌وه گه‌ر له فتواکه‌ی په‌شیمان ببێته‌وه من هیچ کێشه‌یه‌کی شه‌خصیم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بووه‌و ناشبێت، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستم و له فتواکه‌ی پاشگه‌ز ببێته‌وه یان نا هیچ کێشه‌یه‌کی شه‌خصیم له‌گه‌ڵ ئه‌و نییه.
ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌م ئێستاش له‌سه‌ر لاپه‌ره‌کانی ئینته‌رنێتدا ماوه.! به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامی نه‌بوو، کاتی خۆی ئاماده‌بووم ڕێگه‌یه‌ک نیشانی کرێکار‌و خانه‌واده‌ی بده‌م که‌به‌حورمه‌ته‌وه له‌م ته‌نگه‌ژه‌یه ڕزگاریان ببێت، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت مه‌لا کرێکار هه‌ر به‌و ڕێگه‌چاره‌یه ده‌توانێت ڕزگاری ببێت که من په‌ی پێ ده‌به‌م، نه‌زیندانی ده‌کرێت و نه‌ئیهانه‌ش ده‌کرێت، (پێم سه‌یره که پارێزه‌ره‌کانی درکیان به‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌کردووه، یه‌ک شه‌ویش پێش ئه‌وه‌ی دادوه‌ر حوکمی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت سیمینارێکم سازکردو پێشبینی بڕیاره‌که‌ی دادوه‌رم کرد‌و باسم کردن، دوای تێپه‌ڕبوونی ١٥ کاژمێر ته‌واوی پێشبینیه‌کانم هاتنه‌دی) به‌ڵام ئه‌و ته‌نها به ماسولکه‌ی ئیمان بیر له‌کێشه‌که ده‌کاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ کارکردن له‌ناو یاسادا له‌بیری ئه‌ودا نییه، ئه‌و نه‌ک هه‌ر به‌شوێن سه‌ره‌داوی یاسایی بۆ ڕزگارکردنی خۆی نه‌گه‌ڕا به‌ڵکو بۆ جارێکی تر هه‌ڕه‌شه‌ی تریان ئاراسته کردمه‌وه. له‌هۆڵی دادگاییه‌که‌شدا به دادوه‌ری ده‌گوت مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی له سه‌لمان ڕوشدی و ڤان کوخ و کاریکاتۆرسته‌که‌ی دانیمارک ترسناکتره چونکه سه‌لمان ڕوشدی ڕۆمانی نوسیوه‌و ناوه‌کان وه‌همین، ڤان فیلمی ده‌رکردووه‌و کارێکی هونه‌رییه، کاریکاتێره‌کانیش وێنه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌یی کتێبی نوسیوه‌و ناو‌و ساڵه‌کانی وه‌ک خۆی دیاری کردووه.! مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو بڵێت که خه‌ڵکی له ڕۆمان و فیلم و تابلۆی هونه‌ری تێناگه‌ن و که‌سیان وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ باسیان له ئیسلام نه‌کردووه.! که‌پرسیاریان لێ کرد بۆ ترسناکتره.؟ ئایا چی وتووه که ببێته مایه‌ی ئیستفزازی تۆ‌و موسڵمانان.؟ ئه‌و جگه له هێنانی درۆ‌و باسکردنی هه‌ندێک شت که بیستبوونی ئیتر ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت نه‌یتوانی بچوکترین به‌ڵگه بخاته ڕوو، له‌هه‌مووشی سه‌رسوڕهێنه‌رتر ئه‌وه بوو که بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت له‌کاتی قسه‌کردنیدا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو کاتی فتواکه‌ی بۆ کوشتنی من کتێبه‌که‌می نه‌خوێندبۆوه.
که‌واته سزادانی وی (مه‌لا کرێکار) بە پێنج ساڵ زیندانیکردن لەسەر گوتەیەک بەرتەسکردنەوەی خودی گوتن نییه به‌ڵکو ڕێگرتنه له کوشتن، ڕێگرتنه له‌هه‌موو ئه‌و پیاوه ئایینیانه‌ی له‌ئه‌وروپادا پیاسه‌ی نیوه‌ڕوان به‌به‌رده‌م ژنانی ته‌واو ڕووتدا ده‌که‌ن و له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌م ژنه ڕووتانه‌دا ده‌حه‌وێنه‌وه‌و ده‌پارێزرێن، یه‌ک هوتافی دینی و یه‌ک ته‌کبیر لێناده‌ن، به‌ڵام که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان فتوا ده‌ده‌ن تێزاب بڕژن به‌ده‌موچاوی قاچ ڕووته‌کانی کوردستاندا، بۆ نوسه‌ران هه‌ر باسی نه‌که‌ین باشتره.!
ئه‌م نوسینه‌م ڕه‌خنه نییه له‌بابه‌ته‌که‌ی ڕۆژ، به‌ڵکو خوێندنه‌وه‌یه‌کی مه‌عریفی و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی زانستیانه‌یه بۆ تێڕوانینینی من له چه‌مکه‌کانی ئازادییڕاده‌ربڕین و شوێنی حه‌قیقی کرێکار له‌م ڕه‌هه‌ندانه‌دا. مه‌به‌ستمه بڵێم: وای بۆ ده‌چم که ئیسلامگه‌راکان له‌ناو ئه‌ندێشه‌ی دینی خۆیاندا نوقمی خه‌یاڵات و پرۆسه ڕۆحیه‌کانی خۆیان بوون و ئاگایان له‌گۆڕانکاری و ناکۆکییه‌کانی ژیانی شارستانی و فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی نه‌ماوه بۆیه لێمان تێناگه‌ن، کتێب بنوسین هه‌ر ده‌مانکوژن و بیشیسوتێنین هه‌ر ده‌مانکوژن و قسه‌ش بکه‌ین هه‌ر ده‌مانکوژن.! بۆیان ناکرێت ده‌نا ده‌هاتنه ناو خه‌یاڵدانمانه‌وه‌و له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانیشمان هه‌ڵوێستیان ده‌بوو.! گه‌ر بۆیان کرا ئه‌وه یایه‌تێک یان حه‌دیسێکی ئه‌گه‌ر لاوازیش بێت له‌گه‌ڵ داهێنانه زانستیه‌کاندا ده‌گونجێنن و ئه‌گه‌ر..نا هه‌موو بیرکردنه‌وه‌و داهێنانه گشتی و لاوه‌کیه‌کانی فکرو فه‌لسه‌فه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، له‌م سه‌رده‌مه‌داو له‌م سه‌ده‌یه‌ی بیست و یه‌که‌دا وه‌ک زه‌مه‌نه‌کانی دێرین هه‌ر سه‌رقاڵی مانا‌و ته‌فسیری دینین. ئه‌و زه‌مه‌نه گوزه‌شت و دووره‌په‌رێزی هیچ که‌ڵکێکی بۆ ئه‌وان نییه، له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا شتێک هه‌یه پێی ده‌گوترێت هه‌ڵکردن، له ڕوانگه‌ی منه‌وه ده‌خوازرێت ئیسلامگه‌راکان بێنه ناو ئه‌م گۆڕانکاریه فکری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، ئه‌گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بێت، له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گران و ئازادیخوازانیشدا که‌مێک بگوزه‌رێنن تا حه‌قیقه‌تیان بخوێننه‌وه.
ئه‌مه‌ش دواهه‌مین به‌ش و نوسینی من ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م باسه.
مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی