Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
کوردستان چۆن هێور دەبێتەوە؟

کوردستان چۆن هێور دەبێتەوە؟

Closed
by February 28, 2011 گشتی

چەند رۆژێکە بەردەرکى سەراى سلێمانى کە هەندێک کەس ناویان ناوە مەیدانى ئازادى ، بووەتە گۆڕەپانى ئەستۆپاکى و نەفرەتکردن لە گەندەڵى و گەندەڵکاران و داواکردنى چاکسازى و ئازادى و، هەر بابایەو بە هەڵەداوان هەوڵ دەدا خۆى بگەیەنێتە ئەو سەکۆیە و وتارێکى ئاگرین لە دژى دەسەڵاتى گەندەڵى کوردستان پێشکەش بکاو پشتیوانى خۆى بۆ خەڵکى ناڕازى و تووڕەى کوردستان دەرببڕێ.
واى لێهاتووە لە هەولێر و شارەکانى دیکەشەوە خەڵکێک بۆ نیشاندانى ئەستۆپاکى خۆیان روو لە (مەیدانى ئازادى) بکەن، لێ ئەوەى مایەى سەرنجە چەند کەسێک لە هەڵسوڕاوانى (مەیدانى ئازادى) دەسنیشانى دەکەن کێ بۆى هەیە قسە بکاو کێ بۆى نییە. بۆ نموونە بەڕێز فەرهاد پیرباڵ نەک شەرەفى ئەوەى پێنادرێ بچێتە سەر سەکۆى مەیدانى ئازادى بەڵکو تێشیهەڵدەدرێ و پێڵاویشى تێدەگیرێ ، تەنها لەبەر ئەوەى لە هەڵبژاردنى رابردوودا دەنگى داوە بە بارزانى و لیستى کوردستانى ، کەچى بەناوى ئازادییەوە ، مەیدانى ئازادى دەکرێتە مزگەوت و نوێژى بە جەماعەت وخوتبەى هەینى تێدا دەکرێ و رێگە بەو مەلایانە دەدرێ بە ئارەزووى خۆیان قسەبکەن و فتوا دەربکەن کەچش لەوەى باوەڕیان بە یەکسانى و ئازادى نییە، بەڵکو ئێزدییە هاونیشتمانییەکانى خۆیان بە شەیتان پەرست و کریستیانەکان بە نەسڕانى و ئاینەکەشیان بە پووچ و نەسخکراو دەزانن و جوولەکەش بە مەیموون و بەراز (قردە وخنازیر) دەچوێنن.!
یەکێک لە هەڵسوڕاوو فەیلەسوفەکانى ( مەیدانى ئازادى) بەڕێز فاروق و رەفیقە، کاک فاروق کە هەموو چەند مانگێک نابێت  شەوانە لە رێى تەلەڤزیۆنەکانى هەردوو پارتە دەسەڵاتتدارەکەى  کوردستان پارتى و یەکێتى، دەهاتە نێو ماڵەکانمان و وانەى فەلسەفەى پێدەگوتین، لە تووندترین وزمانزبرترین رۆژنامەى پارتى کە (هەولێر)ە گۆشەو وتارى بۆ دەنووسین و لە بەرامبەریشدا  پاداشتێکى باشى وەردەگرت، تەنانەت بە پشتیوانى دارایى بەرفراوانى راگەیاندنى پارتى و یەکێتى وبەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کۆنفرانسى لە هەولێرو سلێمانى ساز دەکرد و میوانى لە تورکیا وئێران و ئەوروپا بانهگێشت دەکرد. دیارە من هەرگیز هەقم بەسەر ئەوە نییە کاک فاروق کە ئێستا لە میدیاى دەسەڵاتەوە سەنگەرى گۆڕیوە  بۆ میدیاى ئۆپۆزیسیۆن کارێکى باشى کردووە یان نا ، چونکە ئەوە مافى خۆیەتى و خۆى بەرژەوەندى خۆى باشتر دەزانێ.
هیچ گومانم نییە ئەوانەى لەبەردەرکى سەراى سلێمانى و شارو شارۆچکەکانى کوردستان رۆژانە کۆدەبنەوە و ناڕەزایەتى دەردەبڕن (هەموویان) خەڵکى پاک و دڵسۆزنین، چونکە خەڵک و هێزو لایەنى زۆر ، هەر لە پارتى و یەکێتى و گۆڕان و ئیسلامییەکانەوە بگرە تا دەگاتە وڵاتانى دەوروبەر بەتایبەتى ئێران، دەیانەوێ ئاراستەى خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتى خەڵک بەو لایەدا ببەن کە لە بەرژەوەندى خۆیاندا بشکێتەوە.
بەڵام هەموو ئەو تێبینى و سەرنجانە لە گرنگى وبایەخى کرۆکى سەرەکى تووڕەیى وناڕەزایى خەڵکى کوردستان کەمناکەنەوە وپرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا خەڵکە کوردستان هەقى خۆیانە تووڕەو ناڕازى بن لەو رەوشەى ئێستاى کوردستان یان نا؟. راستە خۆپێشاندان و دەسەڵات گۆڕینەکانى وڵاتانى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست هاندەرێکى سەرەکى هاتنە سەر جادەى خەڵکى کوردستان بوون. بەڵام گەندەڵى و نایەکسانى لە کوردستان بە شێوەیەکە دەبووایە دەمێک پێش ئێستا خەڵک بە رووى دەسەڵاتدا بتەقێتەوەو ناچارى خۆگۆڕینى بکات.
 هەرچەندە بەردەوامبوونى خۆپێشاندانەکانى کوردستان و ئەو تووندوتیژیانەى لێى دەکەوێتەوە زیان لەو وێنەیەى کوردستان دەدات لەدەرەوە کە تا ئێستا بە ئارامترین ناوچەى عێراق ناسراوەو دەبێتە هۆى ئیفلیجبوون و تەنانەت وەستانى جموجۆڵى بازرگانى لە کوردستان ، بەڵام هێورکردنەوەى بارودۆخەکەش وەک دەسەڵاتداران داواى دەکەن، بە کۆبوونەوە لە ژوورە داخراوەکان و بەڵێن و گفتى درۆینە نابێت کە خەڵکى کوردستان ئیدى بەم قسانە فریو ناخوات . چونکە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانى کوردستان دان بە گەندەڵى و نادادپەروەرى دادەنێن و بەڵێنى چاکسازى بە خەڵکى دەدەن و بەڵێنەکانیشیان نەک هەر نەبردووەتە سەر بەڵکو بۆشایى نێوان بەرپرسان وخەڵک هەروا گەورەترو مەزنتر دەبێت.
چارەسەرکردنى گەندەڵى و رەوشى ئێستاى کوردستانیش هەر تەنها بە دەست لەکارکێشانەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و حکومەت و ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى نوێ نابێت،چونکە هەڵبژاردنێکى نوێش بکرێتەوە ، دەرەنجامێکى نزیک لە هەڵبژاردنى پێشووى لێدەکەوێتەوەو هێنانى چەند کورسییەکى زیاد لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە رەوشەکە ئارام ناکاتەوە، چونکە گرنگتر لە گۆڕینى کەسەکان، هەڵتەکاندنى سیستەمى گەندەڵییە کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە. راستە ئەوە کارێکى هەروا ئاسان نییە بەتایبەتى چونکە ئەوە نزیکەى بیست ساڵە قەیرانەکان لە کوردستان کەڵەکە دەبن، بەڵام ئەگەر خواست وئارەزوویەکى بەهێز و راستینە لەلایەن دەسەڵاتتدارانى کوردستان بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى هەبێت کارێکى مەحاڵ وئەستەم نییە.
بەرپرسانى کوردستان زۆر بەهەڵەداچوون ئەگەر بۆ هێورکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان گرەو لەسەر ماندووبوون و ساردبوونەوەى خۆپێشاندەران و سنوورداربوونى خۆپێشاندانەکان لە پارێزگەى سلێمانى بکەن یان وا بزانن خۆپێشانەکان دەستى دەرەکى لە پشتە، چونکە ئەگەر ئەمڕۆش خەڵکەکە بڵاوە بە خۆپێشاندانەکان بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان ، سبەینێ ئەگەر چارەسەریەکى بنەڕەتى رەوشەکە نەکرێت، خەڵکێکى زۆرتر و بەگوڕتر لە ئێستا، دەرژێنە سەر جادەکان.

nuradinwaisi@yahoo.com
نوورەدین وەیسى

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.