حیکایه‌تی دارگۆیژێک …. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئه‌م دارگۆیژه زار شیرینه گۆ زێڕینه‌ی دراوسێم، نه قه‌ده‌که‌ی ئه‌وه‌نده ئه‌ستووره و نه باڵایشی هینده به‌رز هه‌ڵچووه تاکو بۆ کۆڵه‌که و نیرگه‌ی خانوو، یان بۆ داری داره‌ڕا بشێت و بیبڕنه‌وه. به‌ڵکو قه‌دێکی هینده به‌گرێ و گۆڵی هه‌یه داربڕ ته‌ماحی تێناکه‌ن و دارتاش مشاری تێنانێن. لقه‌کانیشی هینده خواروخێچن، جووتیار بۆ کلکی بێڵ و پاچ و ته‌ور چاویان له‌سه‌ری نییه.. گۆیژ تووڵی ئه‌وه‌نده درێژ و شلکی نییه تاکو بۆ سه‌به‌ته و به‌رچنه بشێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که‌مێک نوشتانتهوه ئیدی گرده‌بڕ ده‌شکێ. ئه‌م دارگوێژه خه‌ڵفی ڕێک و سافیشی لێ هه‌ڵناکه‌وێ تاکو پیره‌مێرده‌کان گۆچانی لێ چێبکه‌ن. وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندیش گه‌رمی بکه‌ن هێشتا هه‌ر به‌دڵی ئه‌وان ناچه‌مێ. وه‌لێ شێوه‌کاران له سه‌ره‌تای بههارادا دڵیان نایه وێنه‌ی بکێشن و له که‌ڤاڵێکی ڕه‌نگیدا به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن، نه‌بادا بکه‌وێته به‌ر چاو و زاری که‌سانی نه‌فام و به نیازی خراپ چاوی پێداههڵبهێنن. به‌هاران ده‌ڵێی به‌فری ڕێبه‌ندانی له‌سه‌ر باریوه، کاتێ تارایه‌کی سپی سپیی ئاودامان به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دا، تاکو مینا بووک بۆی بڕوانن و خۆشیان بوێ.
ئه‌م دارگوێژه له ئاوه‌دانی ته‌قیوه‌ته‌وه، به لاپاڵێکی سه‌خت و هه‌ڵدێره‌وه هه‌واری هه‌ڵداوه، مرۆڤ به ئاسانی نایگه‌نێ. ئه‌وانه‌ی وا مزراح چێده‌که‌ن، پێی ده‌زانن ئه‌م له (دارکه‌وت) قایمتره و ڕه‌نگیشی ئاڵتره، وه‌لێ دڵیان نایه بیبڕنه‌وه. چڵه ووردهکانیشی چون دڕک، تیژ و به ئازارن، بۆیه خه‌ڵکی چه‌توون پێیدا هه‌ڵناگه‌ڕێن و ده‌ستی بۆ دریژناکهن. نه‌بیستراوه منداڵ له دوو په‌له‌ی لقه‌کانی داری دارلاستێک چێبکه‌ن. ئه‌وه‌نده‌یش لقوپۆی ئه‌ستوور نییه تا خهڵووزکار ته‌ماحی تێبکات. جا کێ دڵی دێنێ دره‌ختی به‌ردار بکات به ڕه‌ژوو؟
ئه‌م دارگۆیژه چه‌ندی مه‌ل خۆشده‌وێ. به‌شێکی گۆیژهکهی بۆ قه‌له‌باچکه، شالوور و مریشکهڕهشهیه، کاتێ ئه‌وان جاروبار بهجڕهجڕ و قیژه‌قیژ و زریوه زریو و ئاوازی دڵ‌نشین، دڵخۆشیی ده‌ده‌نه‌وه و ده‌بنه هاوده‌می. ئه‌و گۆیژه به‌خشنده‌یه به‌شی مهڕهکێوییهکانیش گۆیژ ده‌دات وه‌ختێ له‌سێبه‌ریدا سه‌رخه‌و ده‌شکێنن. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دانه‌ی گۆیژه زێڕینه‌کانی پێگه‌یشتن، خۆی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که حه‌زیان لێیه دهیوهرێنێ. که‌چی هیچ مهلێکیش هێلانه له نێو چڵه چڕ‌و بهیهکداچووهکانیدا چێ ناکات.. ئه‌وان ده‌زانن چاوی گه‌وره و بچووکی له‌سه‌ره.. ئه‌م دارگۆیژه ئاشنای شوانی ئه‌م گوندانه‌ی بنار بوو. خۆشیان ده‌ویست و پایزان دهسرۆکهیان لێ پڕده‌کرد.
ئه‌و ڕۆژه له‌گه‌ڵ تاریک و ڕوونی به‌یاندا، فڕۆکه‌یه‌ک بههاڕه هاڕ، له تاقی ئاسمان‌ڕا په‌یدابوو. هۆپێکم له خۆ زانی ناڵه‌یه‌ک گوێی ئه‌م چیا بڵنده‌ی کاس کرد و گهڕداوێکی گه‌رم و به‌گوڕ له‌م لاپاڵه‌دا هه‌ڵیکرد و تێم ئاڵا، وه‌ختابوو له ڕیشه ده‌ربێم. خۆڵ و خاشاک و لقوپۆی دار و ده‌وه‌نی به ئاسماندا برد و بینایی لێڵ کردم. وه‌ختێ گهڕداوهکه نیشته‌وه و به‌رچاوم ڕووناک بووه‌وه. دیتم دارگۆیژهکهی به‌رانبه‌رم دیارنه‌مابوو. له‌جێی ئه‌و گۆلاوێکی قووڵی لێڵم دی. سه‌د بریا منی (داربهوز)ی کۆنه‌ساڵ بوومایه له‌بری ئه‌و! دوێنێ ئه‌م ده‌مانه، که‌ڵێکی حه‌وت ساڵ، حه‌وت گرێ به قۆچهکانییهوه بوو، پێش ده‌سته‌یه‌ک مه‌ڕه‌کێوی که‌وتبوو، به‌رز و دوور ده‌یڕوانی. به‌لای منیدا دا‌و هه‌ر ئاوڕیشی لێ نه‌دامه‌وه، وه‌لێ له‌بن ئه‌و پیره دارگۆیژهدا بۆ ساته‌وه‌ختێ حه‌وایه‌وه. من ئاوا مه‌رگی ئه‌و دار گۆیژه زار شیرنه گۆ زێڕینه‌ی دراوسێم بینی.کۆبنهاون
2009-03-26