دار پورته‌قاله‌کانی به‌غداد ….دیدار مه‌سیفی
دار پورته‌قاله‌کانی به‌غداد کتێبێکی تازه‌ی نوسه‌ری که‌نه‌دی به ره‌گه‌ز عیراقی له‌یلا نادره، که له بیست به‌ش پێکهاتووه و هه‌ریه‌کێکیان پڕه له له وشه و وه‌سف و دیمه‌نی نوستالژیک. خوێنه‌ر به‌و کتێبه به گه‌شتێک دا ده‌چێت که پڕه له تاڵی و شیرینی ژیانی مه‌سیحیه‌کانی به‌غدا له سه‌رده‌مه جوایه‌زه‌کان دا. ئیبراهیم خه‌لیل یوسف بریتی یه له‌و پیاوه نادیار و سه‌رچاوه زه‌ین روونه‌ی که له‌یلا بۆ نوسینی کتێبه‌که‌ی پشتی پێ به‌ستووه. ئه‌و ده‌بێته باوکی له‌یلا و دوو کچ و کوڕێکی دیکه، که گشتیان له ژنێکی ئینگلیزن به ناوی ماری، تاکه ئه‌ویندار و هاوسه‌ر. ئیبراهیم له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کان گه‌نجێکی زرنگ و چاو پڕ له ئومێده و به شه‌وقه‌وه بۆ خوێندنی ئه‌ندازه‌ی نه‌وت رووده‌کاته ئینگلستان، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت ئه‌وه‌ی لێ ده‌بێت به سه‌فه‌رێکی ئه‌به‌دی و ئیتر هه‌تا سه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه شوێنی سه‌ره‌تا. ئه‌و پیاوێکی لۆژیک و که‌مدووه به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له رۆژئاوا زێدی باو و باپیرانی سه‌ردێری هه‌موو هه‌واڵێک دروست ده‌کات، له دانیشتن و پیاسه‌کان دا شته رابردووه‌کانی نێو زه‌ینی له پڕ وه‌ک کانی ته‌قیوو له به‌رده‌م تێنوویه‌تی كچه ئازیز و گه‌وره‌که‌ی ده‌کرێنه‌وه.
له‌یلا لێره‌دا و دواتر له ته‌واوی کتێبه‌که‌ی دا باوکی وه‌ک پاڵه‌وان نیشان نادات، چونکه ئه‌و ته‌نها سه‌رچاوه‌یه بۆ ئه‌نجام دانی کاری گێڕانه‌وه. دیاره ئه‌وه‌ش زرنگترین خاڵه بۆ نوسینی کتێبێک که ناوی یاده‌وه‌رییه. ئیبراهیم له‌و کتێبه‌دا پاڵه‌وان نییه، به‌ڵکو گیانێکی پڕ له ئه‌سه‌ف و روندکه بۆ ژیانێکی له ده‌ست چوو که به ناو پاڵه‌وانه‌کان به هه‌ر ره‌نگ و جۆرێک بن سهراولێژییان کردووه. ئه‌وه‌ش چه‌نده ئازاری پێبه‌خشیووه ده ئه‌ونده بووه به هۆکار تا رووداوه‌کان زۆر زیندوو له زارییه‌وه بگوازرێنه‌وه گوێچکه‌کانی کچه‌که‌ی. جگه له باوکی له‌یلا، له نێو کتێبه‌که‌دا که‌سانێکی دیکه‌ش هه‌ن که کاری گێڕانه‌وه بۆ له‌یلا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ندێکیان هی نێو بنه‌ماڵه‌که‌ن و گه‌لێکی دیکه‌ش خه‌ڵکی بریندار و قوربانی ده‌ستی شه‌ڕه‌کانن.
سه‌ره‌تا له‌یلا له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی نازانێت پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی ناو ده‌نێت زمانی دایک و کورته‌یه‌ک له ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌گێڕێته‌وه. دوای ده‌چێته سه‌ر راڤه کردنی ناوه‌که‌ی و ده‌نوسێت که‌وا ناوی له‌یلا تاکه هۆکار بووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جیا له برا و خوشکه‌کانی که ناوی بیانییان هه‌یه به دوای رابردوو دا وێڵ بێت. ئه‌و حه‌ز ده‌کات ناوه‌که‌ی به بنه‌چه سهرهکییهیهوه بلکێنێت که بریتی یه له شه‌و، کچی پرچ ره‌ش، هه‌زار و یه‌ک شه‌و، چیرۆکی عه‌شقی له‌یلا و مه‌جنوون. به‌ڵام ئه‌و هه‌تا ئێستاکه‌ش سه‌رسامه له‌وه‌ی که چۆن دایکه ئینگلیزه‌که‌ی ئه‌وی به ناو کچێکی فه‌له‌ستینی کردووه که رۆژگارێک فڕۆکه‌ی ڕفاندووه.
ئیبراهیم له شوێنێک دا ده‌ڵێت که‌وا ئه‌و له سه‌ره‌تای گه‌یشتنی بۆ خاکی غوربه‌ت بووه به هاوژوور و هاوڕێی گه‌نجێکی کورد به ناوی شێرزاد. بۆ کچه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه که‌وا له ماوه‌یه‌کی کورتی مانه‌وه‌دا هه‌ست به نامۆی ده‌کات و ئیره‌یی به گه‌نجه کورده‌کان ده‌بات کاتێک زۆربه‌یان له بواری سیاسه‌ت ده‌یانخوێند؛ گورج بوون و زوو کچی دۆست له ته‌کیان ده‌بینرا.
له پاڵ ئیبراهیمی باوک که‌سێکی دیکه هه‌یه که سه‌رچاوی دووه‌می ئه‌و زانیاری و وێنانه‌یه که له کتێبه‌که دا هاتوون. ئه‌ویش کچێکی گه‌نجی عیراقییه به ناوی فه‌ره‌ح نۆش که وه‌ک وێنه‌گر بۆ چه‌ند رۆژنامه و گۆڤارێکی دیاری ئه‌مریکایی کارده‌کات و له نیویۆرک ده‌ژیت. ئه‌و کچه به پێچه‌وانه‌ی له‌یلا که‌سێکی چوست وچاڵاکه له بواری رۆژنامه‌وانی و ده‌رخستنی نه‌هامه‌تییه‌کانی شهر، وێنه‌کانی به‌شێکی زۆری له کتێبه‌که داپۆشیوه. که له رێگه‌یانه‌وه له‌یلا ویستویه‌تی بگه‌ڕێتوه شوێنی له دایک بوونی باوکی، شوێنێک که له راستی دا هه‌رگیز نه‌یبینیووه. بۆیه ده‌کرێت ئه‌و کتێبه دوو جه‌مسه‌ری دژ به یه‌کتری لێ بکه‌وێته‌وه، به تایبه‌ت که خوێنه‌ر له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه راده‌مێنێت و کتێبه‌که به ووردی ده‌خوێنێته‌وه. ئیبراهیم که‌سێکی بێلایه‌نه و به چاوێکی مه‌نتیقی پڕ له سۆزه‌وه بۆ شته‌کان ده‌ڕوانێت و بۆ کچه‌که‌ی ده‌یانگێڕێته‌وه، که‌چی که‌سی گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م به دوور له وێنه خه‌مناکه‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕ، هه‌ڵوێسته سیاسیه‌که‌ی ئاخنیوه‌ته نێو کتێبی یاده‌ورییه‌که‌ی له‌یلا و باسه‌که‌ی خستۆته نێو مه‌ودایه‌کی دیکه که جوایه‌ز بێت له گێڕانه‌وه خۆڕسک و راستگۆکانی ئیبراهیم. له‌یلا وه‌ک باوکی هه‌رگیز نه‌یوستووه بگه‌ڕێته‌وه نێو ئاگرێک که ساڵانێکی درێژه له ناوچه‌که‌دا ده‌گوزه‌رێت، بۆیه بۆ نوسینی ئه‌و به‌شانه‌ی که تایبه‌تن به عیراقی نێو شه‌ڕ پشتی به فه‌ره‌ح به‌ستووه.
ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بووایه کتێبه‌که له سه‌ر یه‌ک نه‌غمه‌ی پڕ له نۆستالژیا و له چاوی ئیبراهیمه‌وه وورد و درشتی عیراقی جوانتر و پڕ له ئه‌فراندن تر ده‌خسته روو. دیاره له‌و به‌شانه‌ی که له زه‌ینی ئه‌وه‌وه هه‌ڵێنجراون یان هی دید و تێڕوانینی نوسه‌رن ناوی کورد تێکه‌ڵ به چه‌واشه و ره‌گه‌زپه‌رستی نه‌بووه. بۆ نموونه، تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه روون و ئاشکرا گوتراوه. به‌ڵام له‌و به‌شانه‌ی له‌یلا پشتی به‌ستووه به سه‌رچاوه‌ی دیکه‌وه ئه‌وانه به شێوه‌یه‌کی دیکه هاتوون و که‌مێک چێژیان له کتێبه‌که‌ی بڕیوه.
له‌یلا به هۆی په‌ل و پۆی دره‌ختی بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1845 و له باپیره هه‌ره گه‌وره‌که‌ی ده‌ست پێده‌کات که ناوی یوسف بووه و له سوریاوه چووه عیراق. دواتر به‌شێوه‌یه‌کی خێرا باس له گشت رووادوه مێژوویی و سیاسییه‌کانی عیراق ده‌کات ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌یان که به‌شه هه‌ره زۆره‌که‌ی ژنن، به‌وه‌ی وه‌ک رێکه‌وتێکی سه‌یر کلایتۆنی برای و ئیبراهیمی باوکی و خه‌لیلی باپیری هه‌رسێکیان تاقانه‌ی سێ خوشکانن. دیاره ئه‌وه‌ش نه‌شئه‌یه‌کی پڕ له عاتیفه و سۆزی داوه‌ته ناواخنی ئه‌و یاده‌وه‌رییه، که بریتی یه له گه‌ڕان به دوای بنه‌ماڵه‌یه‌کی وون.
قه‌واره‌ی تراژیدیا له عیراق هه‌رده‌م گه‌وره‌تر و باڵا ده‌ست تر بووه له‌و خۆشیانه‌ی که بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌ک ماڵي باو و باپیرانی له‌یلا هه‌یانبووه. کتێبه‌که بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رنج و بیروڕای زیاتر به ناچاری خۆی داوه‌ته ده‌ست هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و. بۆ نموونه له دوا په‌ره‌گرافی لاپه‌ڕه 173 دا ئه‌وه‌ی ناو که‌وانه ده‌خوێنرێته‌وه که نوسه‌ر له زاری ژنێکی ناسیاری بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌یبیستێت. کاتێک له‌گه‌ڵ سکۆتی هاوسه‌ری له لوبنان له گه‌ڕان دا ده‌بێت بۆ دۆزینیه‌وه پیره پیاوێک به ناوی عه‌مو ئیبراهیم که کۆنه دۆستێکی باپیری ده‌بێت. له‌یلا وه‌ها باس له رابردووی باوکی ژنه ناسیارهکه ده‌کات.
[ باوکه ئهرسهدۆکسه مه‌سیحیه‌که‌ی، وه‌ک ئه‌رمه‌نه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م جه‌ور و سته‌می زۆری له تورکه‌کان بینیبوو. پاش ئه‌وه‌ی گشت شتێکی له ده‌ست ده‌چێت به چیاکانه‌وه ده‌گاته عیراق. ئه‌و له ژێر جله‌کانی زێڕێكی زۆری حه‌شاردراوی پێده‌بێت ، به‌ڵام جه‌رده‌ی کورد ده‌یگرن و هه‌مووی لێ ده‌ستێنن. . . . . . . . . . . . . . . ] له‌یلا له ڤانکۆڤه‌ری که‌نه‌داوه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌فڕێت تا پرۆژه‌ی نوسینی ئه‌و کتێبه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. دوای بینینی عه‌مو ئیبراهیم بۆ خڕکردنه‌وه‌ی زۆرترین هه‌واڵ ده‌چێته دیمه‌شق و دێره‌زور تا له زاری عیراقییه‌کان باس و خواسی شه‌ڕ ببیستێت. ئه‌و کتێبه‌ی له‌یلا کتێبێکی مێژووی نییه به‌ڵکو بریتی له یاده‌وه‌ری بۆیه پشتی به هیچ دۆکیومێنتێکی توکمه نه‌به‌ستووه، به‌ڵکو شته‌کان سه‌ر زاره‌کی له زاری ئه‌م و ئه‌و ده‌رهاتوون یان له مێدیا جۆراو جۆره‌کان دا به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراو وه‌رگیراون. کتێبه‌که ناوی یاده‌ورییه به‌ڵام له کرۆک دا هه‌وڵی داوه ببێت به ده‌قێکی مێژوویی تا مه‌ینه‌ت و ژیانی مه‌سیحیه‌کانی عیراق بگێڕێته‌وه.
له کۆدا کتێبه‌که‌ی له‌یلا نادر سه‌رباری په‌لهاویشتنی به‌سه‌ر گه‌لێک ره‌هه‌ندی جوایه‌ز دا، خوێنه‌ر ده‌توانێت چێژ له‌و وه‌سف و رووداو و به‌سه‌رهاته وه‌رده‌گرێت که خۆی گه‌ره‌کیه‌تی. به‌ڵام له دیوێکی دیکه‌وه هه‌ست به ئازارێکی قووڵ ده‌کات کاتێک ده‌ڕوانێته وێنه‌ی خه‌مناکی ئه‌و که‌سه بێ ده‌ست و قاچانه‌ی که وێنه‌کانیان بۆ ئه‌و کتێبه گیراوه.
له‌یلا هه‌وڵی داوه دونیایه‌کی گه‌وره‌تر بخاته نێو قه‌واره‌ی کتێبه‌که‌ی، به‌ڵام ده‌بینێت بۆنی دار پورته‌قاله‌کانی به‌غدا هه‌ر هه‌تا ئه‌و شوێنانه بڕ ده‌کات که ئه‌و هه‌رگیز نه ئه‌وێنده‌رێی بینیووه و نه ده‌ورپشتی ئه‌و شوێنانه‌ش.
دوا وشه، کتێبی پورته‌قاله‌کانی به‌غداد وه‌ک پورتهقالێکه که به بۆنه‌که‌ی خوێنه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه دوێنێیه‌کی خۆش به هه‌موو خهمهکانییهوه، به‌ڵام به ڕه‌نگه نارنجییهکهی که هی هۆشداریکردنهوهشه له رق و کینه‌یه‌ک ده‌مانترسێنێت که له نێو ناخی گه‌لێک له ئێمه دا چێنراوه.