مانیفێستی سێیه‌می وێران ….. حه‌مه مه‌نتك
پرۆژه‌ی نوێخوازی (وێران) هه‌ر له‌ساڵی (1994)ه‌وه هه‌بووه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نج و نوێخوازه‌وه به‌سه‌رپه‌رشتی (د.فه‌رهاد پیرباڵ) .تائێستا ئه‌وه سێیه‌م خولهیهتی.ئه‌وا ئێستاش له‌خولێكی تازه‌دا ئه‌م پرۆژه‌یه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه و مانیفێستی سێیه‌می خۆیان بڵاوكرده‌وه.دیاره ده‌ركردنی مانیفێستی تر له‌لایه‌ن پرۆژه‌ی وێرانه‌وه هه‌ستكردنه به‌به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌ب و خه‌مخواردنه له باری ئێستای ئه‌ده‌ب و ژانره‌كانی.خستنه ئه‌ستۆی ئه‌م ئه‌ركه گرانه له‌لایه‌ن ئه‌م كۆمه‌ڵه گه‌نجه به‌راستی بوێری ده‌وێت.راوه‌ستان و رووبه‌رووبونه‌وه له‌گه‌ل كۆنخوازان به‌راستی قوربانی ده‌وێت زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ی تازه‌گه‌ری و نوێخوازی ده‌وه‌ستن.
به‌راستی حالی ئێستای ئه‌ده‌بی كوردی پێویستی به‌وه‌ها پرۆژه‌یه‌كه ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانێكی ریشه‌یی بێنێته ئارا.ئه‌و حاله‌ی ئه‌ده‌بی ئێستامان پێویستی بهوێرانكردنه.تاكو سه‌ر له‌نوێ به‌شێوه‌یه‌كی نوێخوازانه بنیات بنرێته‌وه.ئه‌و لێشاوه‌ی نووسینی ئێستا كه رۆژانه ده‌رژێته ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی پێویستی به وێرانكردنه.پرۆژه‌یه‌كه وا رێگا خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی ده‌قی كراوه دروست بێت،ده‌قی تازه دروست بێت.كه بونیادێكی قوڵی هه‌بێت،دوور بێت له كاوێژكردنهوهو دووباره‌كردنه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ژماره (1)ی خولی سێه‌می گۆڤاری وێران بكه‌ین یه‌كه‌مین دروشمیان له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه ئه‌وه‌یه(گۆڤارێكی تایبه‌ت به ئه‌ده‌بی نوێخوازه) ئه‌مه سنوردانانێكه بۆ هه‌موو به‌رهه‌مێكی لاسایی و كۆن.كه‌واته تاكه ئامانجی ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌ده‌بی نوێخوازه به هه‌موو ژانره‌كانیه‌وه كه‌واته قبول نه‌كردنی ئه‌ده‌بی لاسایكه‌ره‌وه و كۆن نیشانه‌ی یاخییبوونه.یاخییبوون به‌مانای ئه‌وه‌ی تۆ له‌هه‌موو شتێكی باوی سه‌رده‌م یاخیی بیت، گوێ به هیچ كۆسپێكی داب و نه‌ریت،ئایین، حیزب ، كۆمه‌ڵگا…هتد نه‌ده‌یت.راگه‌یاندنی ئه‌م مانیفێسته بێگومان كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت، بۆ ئه‌وانه‌ی به‌راستی خه‌مخۆری شتی نوێ‌و داهێنانن .ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت لاسایی كه‌س نه‌كه‌نه‌وه شتی كه‌س نه‌ڵێنه‌وه.
خاڵی ده‌ستپێكردنی نوێخوازی له‌م مانیفێسته ئه‌وه‌یه كه ڕێنماییمان ده‌كات هه‌ست به‌وه بكه‌ین شتی كه‌س نه‌ڵێینه‌وه .ئه‌وه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنێك بۆ خۆت دیاری بكه‌یت هیچ نه‌بێت هه‌ست به‌خۆت بكه‌یت.ئه‌مه خاڵێكی جه‌وهه‌ری و گرنگه له‌م مانیفێسته ئاماژه‌ی پێكراوه. ده‌ركردنی مانیفێست بێگومان بۆ ئه‌وه‌یه گۆڕانێك دروست بكات ئاراسته‌یه‌ك دیاریبكات بۆ شاعیران و نووسه‌ران به‌و مانایه‌ی به‌رنامه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بڕۆین. لێره‌دا شتێك هه‌یه ده‌بێت ئاگاداری بین ئه‌م مانیفێسته ناڵێت من چۆنم ده‌وێت وا بنووسن ، به‌ڵكو ده‌ڵێت ئێوه ئازاد بن له نووسیندا، به‌ڵام ئه‌مه‌یه خهوشهكانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی پێویسته یاخیی بن جا به‌و شێوه‌یه‌ی خۆتان ده‌تانه‌وێت ،گرنگ ئه‌وه‌یه یاخیبن و گۆڕان دروست بكه‌ن. جا له‌م مانیفێسته كه پێمان ده‌ڵێت خۆت جیاكهوه به‌مانا سوكراتیهكهی (خۆت بناسه) به‌و مانایه‌ی خۆت بدۆزیه‌وه ، هه‌ست به خاڵه باش و خراپه‌كانی خۆت بكه‌یت.له‌وێوه ده‌رگای یه‌كه‌م به‌سه‌ر خۆتدا ده‌كه‌یته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌خاوه‌ن سه‌بك و شێوازی خۆت.
هه‌ر له‌م مانیفێسته‌دا ئاماژه به‌ژیان كراوه، ژیان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه كه هه‌موو شتێكی لێوه فێرده‌بین . ئه‌م مانیفێسته پێمان ده‌ڵێت سه‌یری واقیعی ژیانی ئێره(كوردستان) بكه‌و په‌نجه له‌سه‌ر یه‌كه به‌كه‌ی دیارده‌كانی ژیانی كوردستان دابنێ ئه‌وكاته هه‌ست بهناشرینییهكان ده‌كه‌یت ئه‌گه‌ر كه‌سێكی یاخیی و نوێگه‌ر بیت ئه‌وا پێت قبول ناكرێت و لێی یاخیی ده‌بیت.یاخیی ده‌بیت له‌هه‌موو شتێكی كۆن ،نه‌ك هه‌ر به‌سۆز و عاتیفه‌وه خۆمان خه‌ریك بكه‌ین و شتی كۆن دووباره بكه‌ینه‌وه.
له‌لایه‌كی تر زۆربه‌ی ئه‌و مانیفێستانه‌ی پێشتر له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا بڵاكراونه‌ته‌وه یا به‌ڕاناوی سه‌ربه‌خۆی كه‌سی یه‌كه‌می تاك (من)ه، یاخود ڕاناوی كه‌سی سه‌ربه‌خۆی كه‌سی یه‌كه‌می كۆ (ئێمه‌یه)یه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕووانگه بكه‌ین هه‌ر به(ئێمه) په‌یامه‌كه‌یان ئاراسته ده‌كه‌ن.مانیفێسته‌كانی تر به(من) په‌یامه‌كه ئاراسته ده‌كه‌ن.به‌ڵام ئه‌م مانیفێسته په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی به‌رامبه‌ر(تۆ) كراوه.ئه‌وه‌ش دیاره یه‌كه‌م خاسیه‌تی مانیفێسته،چونكه تۆ ده‌ته‌وێ گۆڕان بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی خۆت بگه‌یه‌نیت ده‌بێت قسه له‌گه‌ل به‌رامبه‌ر وخه‌ڵك بكه‌یت.ده‌بێت په‌یامه‌كه‌ت بۆ وه‌رگر بێت.خۆ داماڵین له هه‌موو شتێك و ته‌نانه‌ت به‌رای من خۆدورخستنه‌وه له هه‌موو كه‌سێك و گروپێك به‌راستی وات لێده‌كات به ئاسووده‌یی بژیت.مه‌به‌ستمان لێره‌دا ئه‌و ئازادیه تاكهكهسیهی خۆمان بۆ بواری داهێنان به‌كاربهێنین ،نه‌ك مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خۆمان له خه‌ڵك به‌دوور بگرین.هه‌روه‌ك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) له مانیفێستی شیعری خۆی له دیوانی(خه‌ون واخۆی گێرایه‌وه) كاری داهێنان به‌كاری تاكه‌كه‌س ده‌زانێت.نه‌ك داهێنان به‌كۆمه‌ڵه كه‌سێك یا گروپێك.بۆیه ئه‌م مانیفێسته داوامان لێده‌كات خۆمان له هه‌موو حیزب و گروپ و سه‌ندیكایه‌ك بپارێزین ته‌نیا خه‌ریكی داهێنان بین.چونكه به‌راستی داهێنان له‌م حیزب و سه‌ندیكایانه ده‌كوژرێت وای لێده‌كه‌ن قێزه‌ونی بكه‌ن. بۆیه ئیشكردن ته‌نهاو ته‌نها وات لێده‌كات دونیایه‌كی تابهتیت هه‌بێت هانت ده‌دات كه به‌ئازادی بیربكه‌یته‌وه نه‌ك كه‌سێكی تر وه‌ك بهرێوهبهرت، سه‌رۆك حیزب، سه‌رۆك سه‌ندیكا، داوات لێبكات له‌م بواره بنووسه ، ئه‌م وشانه نه‌نووسی .خۆ تهنیاكردنهوه جوانترین داهێنانمان پێده‌دات. هه‌موو به‌رهه‌مێكی نایاب ، داهێنانێك به‌پێی ئه‌و مانیفێسته ده‌بێت یاخییبوونی تێدا بێت، ئینجا پڕ ئه‌بێت له ئێستاتیكا، پڕ له پرسیار دروستكردن، پڕ له هاواركردن. بۆیه یاخییبوون ره‌نگێكی تایبه‌تی ده‌دات به داهێنان، به‌به‌رهه‌می جوان.
خه‌ون بینین وامان لێده‌كات جیهانێكی پڕ له ئازادی ره‌ها بۆ خۆمان دروست بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه موماره‌سه‌ی داهێنان بكه‌ین ، چونكه له جیهانی خه‌ون كه‌س ناتوانێت پرسیاری وابنووسه و وا مه‌نووسه بكات.هه‌ركه‌سێك خه‌ون نه‌بینێت ناتوانێت دوا رۆژ ببینێت، ناتوانێت خوێندنه‌وه‌ی بۆ دیارده‌كان هه‌بێت.ناتوانێت پرسیار دروسبكات و په‌نجه له‌سه‌ر دیارده‌كان دابنێت ته‌نانه‌ت ناتوانێت توڕه بێت ،هاوار بكات. بۆیه ئه‌م خه‌ون بینینه واده‌كات داهێنان ته‌نیاو ته‌نیا موڵكی كه‌سه‌كه، هونه‌رمه‌ند خۆی بێت.كه‌واته له‌م مانیفێسته‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تاكه‌كه‌س هه‌ر خۆی بێت و به‌س.به‌رهه‌میش ته‌نیا هه‌ر بۆخۆی بێت. واته یه‌كه‌مجار ره‌نگدانه‌وه‌ی بیر‌و داهێنانی خۆی بێت ئه‌مه واده‌كات به‌رهه‌مه‌كه به‌رهه‌مێكی جوان و نایاب بێت داماڵێت له‌هه‌موو بیر‌و ئایدیۆلۆژیا‌و ده‌مامكێك.
یاخییبوون له‌هه‌موو ئه‌و شته بێمانایه‌ی كه له‌م وڵاته‌دا بایه‌خیان پێدراوه وا ده‌كات هه‌نگاو بهاوێژین به‌ره‌و تازه‌گه‌ری و داهێنان ، ئه‌م مانیفێسته‌ش ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب له‌و هه‌موو رهسمیاته رزگار بكات كه به‌ناوی ئه‌كادیمیه‌ت و زانسته‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه و رێگای پێده‌درێت یاخود رێكلام بۆ هه‌ندێك كه‌س ده‌كرێت و گهورهدهكرێن و ده‌یان چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ل ده‌كرێت. با ئه‌ده‌ب له چنگ ئه‌و كه‌سانه رزگار بكه‌ین كه له سهندیكاو زانكۆكانی به حیزبكراو دێته ده‌ره‌وه . ئه‌م مانیفێسته پێمان ده‌ڵێت له‌ناو حیزب داهێنان ناكرێت و نییه له ناو سهندیكاو زانكۆكان كه له‌چه‌ند باره‌گایه‌كی حیزبی زیاتر نین داهێنان و به‌رهه‌می نایاب و بیری نوێ ئه‌كرێت به قوربانی ئایدیۆلۆژیای حیزبی نه‌ك بیر‌و رای تاكه‌كه‌س, ئه‌ده‌ب پێویستی به رزگاركردنه، با دژی هه‌موو شتێك بین كه ده‌مانبه‌ستنه‌وه به‌یه‌ك بیر‌و راو ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌مه‌یه په‌یامی مانیفێستی سێیه‌می وێران.
نووسینی/حه‌مه مه‌نتك