ژیانێکی رامبۆیانه …. ئازاد ئه‌حمه‌د
بۆ هاوڕێیانی شه‌قامی جمهوری
ئه‌م ئیستانبوڵه
نه گۆڕی وه‌لی دێوانه‌ی لێ یه
نه بۆنی جامانه چڵکنه‌که‌ی نالی ی لێ دێ
له‌که‌ناری مه‌ڕمه‌ڕه‌دا ئه‌ڕوانمه ئه‌و که‌شتی یه بزورگانهی نیگاکانی ئۆڕهان وه‌لی یان پێوه‌یه
به‌ڕۆژ په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌کی ژێر پرده رووخاوه‌که‌ی فاتیحم
شه‌وان ئه‌بمه لاشه‌یه‌کی به‌ر باران، چه‌قه‌ڵ و که‌متیار تێم ئه‌ئاڵێن
من به‌هه‌ڵه رێم که‌وته سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وی یه
بۆ هه‌ساره‌یه‌کی تر، گه‌ردوونێکی تر ئه‌چووم
له‌ژیانی رابوردووما سه‌گێکی له‌ڕو لاوازی دووره دێ یه‌کی هیندی بووم
بۆیه ئێستا هه‌موو له‌شم جێ برینی قهڵماسینگه
چۆله‌که‌یه‌کی ناو قووڵایی دارستانێکی تاریک بووم
بۆیه ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ر خشپهیهکدا دائه‌چڵه‌کێم
ئاسکێکی شه‌لی ساراکانی ئه‌فریقا بووم، کهوتمهبهر که‌ڵبه‌و چڕنووکی چه‌ند پڵنگێکی برسی یه‌وه
به‌رچاوم تاریک داهات، تاریک‌تر…
مریشکێکی نه‌خۆش بووم، مرۆڤێکی پێ به‌رازو لمۆز درێژ زمانی مار ئاسا ده‌رهێناو لووراندی و
به به‌رچاوی بێچووهکانمهوه چه‌قۆی بهملمدا هێنا
قالۆنچه‌یه‌ک بووم، پێڵاوێکی زل شێلامی و فڕێی دامه مه‌نهۆڵێکی که‌نار رێگا
مشکێکی ئاووس بووم؛ له کون هاتمه‌ده‌ر، فڕکه‌ی نه‌علێک هات، فلیقاندمیهوه
پشیله‌یه‌کی ره‌ش بووم………………………..
له‌زه‌مانی ئه‌ژدیهاو دێوو درنجدا، به‌ته‌نها له‌سه‌ر گۆی زه‌وی دا، به‌هه‌ر چوار په‌ل سه‌ر دره‌خته به‌رزه‌کان ئه‌که‌وتم، راوه دایناسۆڕم ئه‌کردو ئاگرم له‌هێلانه‌ی ئه‌ژدیهاکان به‌ر ئه‌دا
ئێستاش؛
دۆڵێکی وشک و ته‌نگی به‌شاخ ته‌نراوم، بروسکه‌ش روناکم ناکات
تووله‌ڕێ یه‌کی بهوشکهگیا پۆشراوم، ئێواران وه‌کو مار ئه‌خزێمه ناو ده‌ریاچه‌وه
گابه‌ردی قه‌د ههڵدێرێکم، نیوه‌م له‌ژێر زه‌ویدایه، نیوه‌م بهقهوزه پۆشراوه
شه‌یتانێکم، شه‌وێک له‌گه‌ڵ هه‌وره‌تریشقه‌دا کهوتمهخوارێ و به‌هه‌موو لایه‌کدا په‌رت بوومه‌وه
کەللە سەرم؛ ئێسک و پروسکی رزیوی گیاندارانی پێش مێژووه
ئاوڕ ئه‌ده‌مه‌وه؛ گه‌له‌گورگ دوام که‌وتووه
ده‌رگا ئه‌که‌مه‌وه؛ شێرێک پڕم پیا ئه‌کات
ئه‌نووم؛ پارچه ئه‌ستێره‌یه‌کی ته‌قیو شریقه لهپهنجهرهکهم هه‌ڵئه‌سێنێ
له‌ژیانی داهاتوومدا ئه‌بمه بۆقێک، که‌رکه‌ده‌نێک، میکرۆبێک، فیلێک، رووه‌کێک، قهرشێک
ژیانم بۆ فرۆشتن؛ دوورگه‌یه‌کی تاکه‌که‌سی له‌چه‌قی ئۆقیانووسێکی نووته‌کدا…
ئه‌مرم و ئه‌م شه‌قامانه نابینمه‌وه،
کچانی زانکۆ، ده‌هۆڵ و زوڕنای پارشێوی ره‌مه‌زان
ئه‌مرم وه‌ک کرم و مێرووله
ئه‌که‌ومه ژێر زبڵ و گوفه‌کی مێژوو
چاو ئه‌که‌مه‌وه؛ له‌ناو گۆڕێکی ته‌نگ و نووتهکدام، جرج و دووپشک تێم ئاڵاون
هاوار ئه‌که‌م.. ده‌مم کونه‌ماره، ژوورسه‌رم تارمایی درێژ…
له‌کونجی گۆڕه‌وه ئه‌ڕوانم؛
شوڕه‌ی میزی جه‌نه‌راڵێکی شه‌ڕی ناوخۆ.. تریقه‌ی سۆزانی یه‌ک.. نووزه‌ی سه‌گێکی پێکراو..
له‌کونجی گۆڕه‌وه ئه‌ڕوانم؛
ئه‌م رێ یه؛ ئه‌چێته‌وه سه‌ر شاری کاوبۆیان
پشتی ئه‌و چیایه؛ کامپی شۆڕه‌سوارانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته
کۆتایی ئه‌م تونێله؛ چه‌ته‌کانی ده‌ریا به‌گوریس هه‌ڵ ئه‌کوتنه سه‌ر که‌شتی یه‌کی دی
له‌کونجی گۆڕه‌وه ئه‌ڕوانم؛
پیره‌مێردێکی نوورانی له‌ئاسمانه‌وه ئه‌ڕوانێته شه‌ڕی خوێناویی ره‌نگه‌کان
حه‌فتاکان له‌ترسی خاڵه‌کانی پشکنین له‌ناو پێڵاوه‌کانما ئهشارمهوهو رێ ی ئه‌فسانه‌و قه‌دیسه کۆنه‌کان
ئه‌گرمه به‌ر؛
هێڵی ئاسنینی بێ‌کۆتایی.. تونێله تاریکه‌کانی یۆنان.. فیقهی شه‌مه‌نده‌فه‌ری سه‌ده‌ی بیست.. کۆڵه‌پشت و کیسهخهوو پێڵاوی سێ حه‌رفه‌که..
کالیمێرا ئه‌سینا؛
ئه‌چمه سه‌ر گۆڕستانی خواوه‌نده دێرینه‌کان، له‌پاڵ دینگه‌کانی ئه‌کرۆپۆلیس دا، له‌گه‌ڵ په‌یکه‌ری
فه‌یله‌سووفه‌کان سه‌مای زۆربایانه ئه‌که‌ین
شه‌وان خۆم بهباڕێکی هه‌رزان یاخود ماڵێکی گڵۆپ سووردا ئه‌که‌م. له‌پارکێکی سارد‌و سڕدا کارتۆنی مقه‌با
به‌خۆما ئه‌ده‌م
ئه‌م ئه‌سینایه
نهچاخانهی مه‌چکۆی لێ یه
نهگهڕهڵاوژهکهی شێخه‌لڵا
چاو ئه‌بڕمه ئایکۆنه ئینجیلی یه‌کانی ڤاتیکان و شکۆی رۆما
له‌پارکی پهناههندانهوه ئه‌ڕوانمه کۆڵۆسییۆم؛
بن جۆرنۆ رۆما
یه‌سووع لێره‌وه تێپه‌ڕی
روانی یه‌ناو چاوم و وتی: دوام که‌وه!
له‌نێو کۆڵه‌که رووخاوه‌کان و شه‌قامه بهردڕێژکراوهکاندا شمشێر به‌ده‌سته‌کانی چاخی رێنیسانس گه‌مارۆم
ئه‌ده‌ن
ئیمپراتۆڕ به قاقاوه سه‌یری زۆرانی من و شێرێک ئه‌کات
ئه‌م رۆمایه
نه‌ئاوی خاسه‌ی لێ یه
نه‌بۆنی گۆڕستانی مصهلڵای لێ دێ
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه حه‌فتاکان؛
له‌به‌رده‌م ئاماده‌یی دا لاوێکی رهشتاڵهو کچه هاوڕێکه‌ی بۆرد‌و حه‌رف (T) یه‌که‌یان به‌سینگه‌وه
نووساندووهو چاوه‌ڕێ ی پاس ئه‌که‌ن، لێ یان نزیک ئه‌بمه‌وه‌و ده‌مه‌ته‌قێ رۆمانسی یه‌که‌یان لێ ئه‌بڕم:
– ئه‌مناسیته‌وه؟…
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه حه‌فتاکان؛
له‌چایخانه‌یه‌کی خوار قه‌ڵادا ده‌نگی هابه
له‌تۆپ قاپی، حیله‌ی ئه‌سپه‌که‌ی ئاشور بانیپاڵ..
ئهگهڕێمهوهحهفتاکان؛
ئێواره‌یه‌کی یهسینینی بوو، چرووت به‌ده‌ستێ، لهمارکیز ئه‌چوو، له‌به‌رده‌م کتێبخانه‌ی ئاسۆدا وه‌ستابوو
وتیان ئه‌وه شێرکۆ بێکه‌سه. ته‌مێ رژایه ئه‌و ناوه. په‌ڕوتووکی فریشته باری یه سه‌ر شان و ملمان.
له‌سه‌ر پردێکی ته‌سک و بێ په‌رژینی بۆشایی ئاسمانه‌وه ئه‌ڕوانم؛
به په‌له‌پیتکه کیشوه‌ره‌کان له‌یه‌ک نزیک ئه‌که‌مه‌وه
پهلکهزێڕینهکهی که‌یوان ئهپێچمه قه‌د گۆی زه‌وی
له‌بۆشایی ئاسمانه‌وه ئه‌ڕوانم؛
گرووپێکی به‌رزه‌فڕ بووین
پاش ئه‌وه‌ی دنیامان گۆڕی
دهستهوپاچه دانیشتین
هاوڕێ، ئێمه له‌م گه‌ردوونه‌دا ته‌نیاین
(به‌یانی یه‌ک زوو، له‌زیندانی ئینزباتخانهدا؛ ئامره‌که، به‌هێزێکی زله‌وه، هه‌ڵی کوتایه سه‌رمان. یه‌ک یه‌ک
ئه‌یڕوانی یه نێو چاومان و ئه‌یووت: تۆ!.. په‌نجا که‌سیان لێ هه‌ڵبژاردین. بۆ ئێوارێ بردنیان بۆ گه‌رماو. بۆ سبه‌ی ره‌می یان کردن)
شه‌وێک، به‌ره‌به‌ری کریسمس، شه‌قامه ته‌ڕه‌کانی مانچستهرم به‌پێ تهی ئه‌کرد، یووفۆیهک لهنزیکما نیشته‌وه. نامۆیه‌کی فه‌زای ده‌ره‌وه دابه‌زی و وتی: با بچینه‌وه هه‌ساره‌که‌ی خۆمان..
بۆنی بارانی مانچسته‌ر
بۆنی جیقنه‌ی کۆتره‌کانی پیکادیلی
بۆنی بیره‌و میزی هانده‌رانی مانچسته‌ر یونایتد
بۆنی کچه نیمچه رووته‌کانی دیسکۆکان
ئه‌م مانچسته‌ره
نهبابا گوڕگوڕی لێ یه
نه‌بۆنی چاکه‌ته کۆنه‌که‌ی عه‌لی مه‌ردانی لێ دێ
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه حه‌فتاکان؛
کڵینت ئیستوود به پۆنچۆو جگه‌ره‌ی لالێوو بسکه پێکه‌نینه‌وه، له‌سیله‌ی تفه‌نگه کورته‌که‌یه‌وه سێره
له په‌تی ملی تووکۆ ئه‌گرێ
ئێڵڤس پرێسلی پارچه جلی ئاره‌قاویی بۆ کچان هه‌ڵئه‌دا
ڤیڤا ڵاس ڤهیگس
ڤیڤا ڵاس ڤهیگس
له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، به‌رامبه‌ر کامپی ئاوشڤیتز، سه‌ده‌یه‌ک دائه‌نیشم
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه حه‌فتاکان؛
چنگ لهقوڕاوی خاسه ئه‌ده‌م. گژوگیای بنار قه‌ڵا ئه‌کرۆژم. تاوێک لای زبڵدانی سه‌ر کۆڵانه‌که‌مان ئه‌وه‌ستم. قرچه‌ی نیوه‌ڕۆ ده‌ست بهدهڕابهکاندا ئه‌هێنم. ئێواران چاوه‌ڕێ ی زه‌نگوڵه‌ی که‌ره‌کانی که‌ریم پۆخچی ئه‌که‌م.
(له‌به‌ره‌کانی جه‌نگدا، سه‌ربازه کورده‌کان، هه‌موو هه‌ڵاتن. ته‌نها من مامه‌وه. وتیان تۆ نیشتمان په‌روه‌ری. منیش هه‌ڵاتم. رووم له‌بچووکترین ئه‌ستێره کرد. که له سنوور په‌ڕیمه‌وه تفم له نیشتمان کرد)
هاوڕێ، نیشتمان خیانه‌تی لێ کردین
سروود‌و گۆرانیی جه‌نگم مه‌ده به گوێ دا
ئه‌ڕشێمه‌وه
چیا‌و به‌فرو دارستانم مه‌خه‌ره‌وه یاد
هێڵنج ئه‌ده‌م
باسی که‌رکووکم بۆ بکه؛
باران به‌سه‌ر شه‌قامی جمهوری دا ئه‌بارێ
ئه‌چۆڕێته ناو گۆڕه‌که‌ی مسته‌فا گه‌رمیانی
باران به‌سه‌ر له‌چک و لاملی مناڵانی شۆریجه‌دا ئه‌بارێ
ئه‌چۆڕێته سه‌ر مه‌قامه‌کانی سه‌ڵاح داوده
هاوڕێ
سه‌ده‌ی داهاتوو وه‌ره‌وه
هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئه‌یبینی
له‌ژێر گڵدان
2009
به‌ریتانیا
azadaswad@yahoo.co.uk
تێبینی: ئه‌م شیعره له ژماره 77ی گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق بڵاو بۆته‌وه به‌ڵام هه‌ندێ ده‌سکاری کراوه.