سه‌فه‌رێک به سه‌ر ئاوه‌وه….شوان عوسمان
له ئاسمانێکدا سهقامت گرتبوو ،
نه ئه‌ڕۆیشتی ونه دائه‌به‌زی ،
هه‌ر له‌وێ چه‌قی بووی و
له‌وێوه‌ش حه‌زت له ماچی مانگ و
چاوچاوێنی ئه‌ستێره بهبهختهکانت ئه‌کرد..
پاڕانه‌وه له‌و ئاسمانه له خه‌رواری به‌ختی تۆ ،
هاویارت نه‌بوو…
چونکه تۆ خۆت له ئاسمانه‌که ئه‌ستێره‌یه‌ک بوویت ،
چونکە تۆ خۆت له ئاسمانه‌که ساماڵێک بوویت ،
به گژ ههوروزریان رائهچوویت ،
هه‌میشه له نزای بوکهبهبارانهی تهڕبوونهوهیهکدا ،
نوێژێکی پهیامبهرانهت دائه‌به‌ست ،
به بێ ئیجازه‌ی مه‌لا ده‌ستت پێئه‌کرد ،
بۆیه یاخی بوویت وله یاخی بوونیشت ،
له مه‌خلوقێکی گوناه نهئهچوویت ،
له (جۆته‌دار)ێ ئه‌چوویت ،
که له‌سه‌ر پشتی به‌ردی (سه‌فین) روا بێت…
که‌سێک ئه‌تووی وه‌کو خۆت نه‌ئه‌بینی ،
که‌سێکیش تۆی وه‌کو خۆی نه‌ئه‌ناسی ،
هەر خۆت به خۆت ئه‌ناسی…
چونکە ئەتوو هەر لە منداڵیەوە ،
له دێوی چیرۆکه‌کانی بهرئاگردانو
ئاگردانی دێوه‌کانی چیرۆکی منداڵی خۆت و
ئهجندۆکه سه‌ربه ههشهکانی گه‌ڕه‌ک و
ته‌ونی داپیرۆچکهو باپیرۆچکهکانی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ،
له سه‌ر پشتی کیسه‌ل تۆوی زه‌نده‌قیان ،
له‌گه‌لته ئهبهشیهوه ،
بۆیه یاخی بوویت..
تۆ هه‌میشه به دڵه‌وه هه‌ناسه‌ت ئه‌داو
به هه‌ناسه‌ی ئه‌و دڵانهشهوه ،
ئه‌گه‌ڕایته‌وه بۆ گه‌ڕه‌ک ومنداڵیت…
له حه‌سره‌ت وخه‌می ئه‌وانیشه‌وه ،
گه‌رم ئه‌بوو تاوله‌رزی ئیشقت بۆ ژیان..
له‌چاوی خۆزگه‌و ئه‌وینی ئه‌وانه‌وه ،
حه‌زت له خۆزگه‌و ئه‌وین ئه‌کرد..
تۆ هه‌ورێک بووی ،
هه‌میشه له گهوالهی هه‌وره‌کاندا ،
گالهی خۆت هه‌بوو ،
له تریشقه‌شدا بروسکه‌ی خۆت هه‌بوو ،
رقت به رقێکی نه‌رم به‌تاڵ ئه‌کرد…
به گژ ئه‌و هه‌وره تهلخانهشدا ئه‌چووی ،
که به له‌پی ره‌شیان ،
رێگه‌یان له بزه‌ی خۆر ئه‌گرت ،
تا نه‌گاته ئاسمانی ئه‌و ماڵانه‌ی له تاریکیدا ،
ناتوانن خه‌ون ببینن..
تۆش به خه‌ونی ئه‌و ساماڵه ،
شه‌وت له رۆژ ماره ئه‌کرد ،
تا هیچ که‌سێک له ره‌حمه‌تی باران مه‌حروم نه‌بێت…
ئاو بۆ هه‌موو ئه‌و بێئاوانه بچۆڕێته‌وه ،
که له وشکیدا کاڵ بوونه‌ته‌وه‌و
ئه‌بن به گڕو ئنجا بهسۆتهک …
تۆ سه‌ربازی ونی جه‌نگی سارد بووی ،
هه‌میشه له شه‌ڕگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌تدا ،
ده‌ستێکت چراو
ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ت چه‌نگێک ئاو بوو…
له دایسانی خۆت به‌رده‌وام بوویت ،
به خامۆشی له قوڕنیچکێکی ته‌سکی خۆته‌وه ،
دوور له نیگاکان نێل نێل ئهسوتای…
به‌رپێی رێبوارێکت مه‌به‌ست بوو ،
رۆشن که‌یته‌وه…
که له پێناو (حه‌ق ) به‌رێوه‌یه ،
تۆ ئینسانێک بووی دووله‌ت ،
لهتێکت هه‌میشه دووره‌وڵات و
ئاواره‌و دوور له چاوی ئاوایی و
په‌ڕاگه‌نده‌ی په‌ڕه‌ی دڵی شار بوو ،
به‌ڵام هه‌میشه له‌و دووریهشتدا ،
خۆت دوور نه‌ئه‌گرت و
چاوت به زیکری کهنارگرتنت له خه‌ونێک ،
لێکئهنا..
به‌ڵام، خه‌ونه‌کانیش نیوه‌چل بوون ،
به‌ری خه‌وێکی نیوه‌چل بوون..
که له بن سێبه‌ری دار چنارێ، هه‌نارێ، دارسێوێ ،
له په‌نای پرچکو تانۆکی ره‌زێک و
گه‌مه‌ی چاوشلکانێی دهستهبرایهکانی منداڵیت ،
قومێکی به‌جێماوو
پێکێکی ته‌واو نه‌کراو بوون …
له خه‌وێکی بێ پێشکه‌ی سه‌ر سه‌ربانه قوڕو
چیلهبهردهکانی گوندی و
بن که‌پری حه‌سیری ناو باخچان و
حەوشه چروودارهکهی (مام عه‌ولا)ت ئه‌گه‌ڕای ،
لۆ ئه‌وه‌ی بارت لێ راخهی…
له‌ته‌که‌ی دیکه‌شت مناڵێکی گاگۆلهکهر بوو ،
له هه‌موو چرکه‌یه‌کی ناخۆشتدا ،
ئه‌گه‌ڕایته‌وه بناری( سه‌فین) و
به سهرخهوو چێشتهخهوێکی خۆش ،
دواییت به لهتبوونت ئه‌هێنا..
به درێژایی ته‌مه‌نت ته‌نیا بووی و
شه‌ڕت به ته‌نیایی خۆت و
بێکه‌سی شاره‌که‌ت ئه‌فرۆشت…
دوور له ئامێزی ئاوایی ،
شه‌وانه له زاکیره‌ی ژوانێکدا ،
بۆنێکی خۆشت له بن هه‌نگلی ،
پهڕهگوڵێکی گوڵه‌باخ و
شنه‌ی خونچه شیلانێک و
ئاره‌قه‌ی شه‌ونمی بنهوشێکت ،
ههلئهپڕوکاند…
له چاوه‌ڕێی خوره‌ی به‌خوڕی رژانی ،
ئاوی چاوی چۆڕاوی جۆگه‌له‌ی (شێخ سه‌ید) و(بێترم)ه‌وه ،
ئێشکت ئه‌گرت و
هاژه‌و هوژیان له مۆسیقای بێده‌نگیت ،
نەئەبوونەوە…
له شه‌ڕی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌ویان ئهزڕاندی ،
هه‌رله (خالید چاوشین وکاکۆ و
حه‌مه‌د کهلۆن وههمینهشێت وباوەکر) ،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی (چاکی سه‌رگرد )ده‌ستی لێ وه‌شاند بوون ،
له کۆڵانه‌کانی ئه‌و چاکه‌وه ،
ئه‌بوونه میراوێکی دڵره‌ق و
له سه‌ر قومێک ئاو، ئاویان له چاو سپی ئه‌کردو
خه‌ویشیان له چاوه‌کانی گه‌ڕه‌ک حه‌رام ئه‌کرد..
چاوه ماندوو وساردهکانی تۆش نه لهوێو نه لێره‌ش ،
هیچ کاتێک تاونا تاوێک گه‌رم نه‌ئه‌بوون ،
جارجاره‌ش هه‌ر به‌و دلۆپه ئاوه‌ی جاران ،
خه‌ونه زه‌رده‌کانت ئاو ئه‌دا ،
جاریکی دیکه له سه‌ر دارهبهستی ئه‌و جۆگه‌لانه‌وه ،
به سڕهبڕیهکی بە دزی وەکو جاران نا ،
بە قوونه شه‌ڕێکی سه‌رشێتانه‌ی بێل و
خاکهناسیهوه نا ،
کۆڕگه‌لێکی گه‌رمت له‌گه‌ل هه‌موو ئه‌و شێت و
سه‌رشێتانه ،
دائهبهستهوه ،
که زه‌مان چاوی لێ سۆر کرد بوونه‌وه‌و
شێتی کرد بوون..
تۆ له بێئاوی ئه‌و شاره‌دا ،
ئەتەویست ببیتە ئاو‌و بە بن بێلەکانی ئەوانەوە بێیت وبچیت ،
ئەگەرچی هه‌ر زوو بوویته ئاوێکی یاخی وبارت کرد‌و
شۆڕ بوویته‌وه‌و
تا گهیشتیهوە ژوانگه‌ی شێت و
مه‌نزلی سه‌رشێته‌کان…
ئه‌وجا زانیت ئه‌وه‌ی شێته ئاسوده‌یه..
ئه‌وه‌ی دووریشه هەر شێته..
هه‌مووشمان بێ سێ‌ودوو سهرشێتین و
هه‌ر به‌خۆشمان نازانین..
له‌و ئامێزه گه‌رمه‌دا دوور که‌وتیته‌وه ،
تا چیتر تێنی سوتانت شێتت نه‌کات ،
هه‌وارت به‌ره‌و
ئامێزی هه‌وارێکی وشکتر تێکنا ،
دووره‌وڵاتی تۆ‌و
تۆرانی تۆ له هیشکی گه‌ڕه‌ک وشێتی ئه‌و شاره‌و
ره‌قی ئه‌و زمانه‌ی به‌یانی باشی پێ باڵ نه‌ئه‌کرا ،
رۆمانێکی سه‌خت وپڕ حەسرەتە ،
هێشتا به‌شه‌کان ودیمهنهکانی ئەو چیرۆکە ،
له ده‌ستی پاڵەوانێکی سەرشێت ئه‌گه‌ڕێن ،
بێ‌ترس وبێشەرم باس لە نەهامەتیهکان بکات…
من چاوه‌ڕی بووم ساتی ئاشت بوونه‌وه‌ت ،
لێره‌وه له‌و غوربه‌ت ومهنفایهی دڵشکانه‌دا ،
سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ بکاته‌وه…
ئاشت بوونه‌وه‌ت له‌گه‌ل خۆت و
ئاشت بوونه‌وه‌ت له‌گه‌ل ئاوایی و
ئاشت بوونه‌وه‌ت له‌گه‌ل گەڕەک و
ئاشت بوونه‌وه‌ت لەگەل ئاو‌و
میراوه سەرشێتهکان
ئاشت بوونه‌وه‌ت له‌گه‌ل کۆڵانه ته‌نگ و
دڵە تهنگەکانی ئه‌و شاره بریندارهمدا..
هه‌ر بۆیه‌ش هه‌میشه له سه‌فه‌ردا بووی ،
له گه‌شتی خه‌یاڵی یاخی بوون و
دەستلەملانێ وئاشتبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ل شه‌قڵاوه ،
سه‌فه‌رێکی له ئاو شیرینترت بە ئاوێزانی ئه‌و ئاوه ئه‌کردو
چاوه‌ڕێ بووی کانیه دڵوشکهکان ،
سه‌رله‌نوێ بە فرمێسکت ،
ته‌ڕ که‌یه‌وه‌و
لە حەشری سەرەخۆشی پرسەو
جه‌رگسوتانی ئاوەکانیان ،
له بڕی خم ، خماو بپۆشی…
له تازیه‌ی ئاوهزێیه چاو کۆره‌کانی شار ،
هه‌ر له (ناوه‌نجی ودهنگارهو بێقۆن وکانیخمان و
جۆتبهلوعهو بێترمهو شێخ سه‌یدو شێخ بایز)ه‌وه ،
ئامادە بیت و حزورت هەبێت..
تا دیدارێکی سهرههڵدانهوهتان ،
تنۆک تنۆک چاویان بۆ بگوشی…
به گڕی سوتانی ئەو دووریهشهوه ،
لێویان به ماچێک ته‌ڕ که‌یته‌وه…
په‌نا بۆ غه‌وسی راموسانی ئاوتێزانێکی ،
حه‌زره‌تی (گه‌راز)و (قازمانه سیکه‌رۆ)و
(حهمهدهشین)ه بێ سێبه‌رو تام لێ چۆڕاوهکان ،
ببه‌ی..
تا تهراوێک به دڵیان داکهیهوه..
دووباره ره‌گیان ئاوکۆل که‌یت و
خوناویان به بنه‌وه وهرکهیت…
شاریش ئاوه‌دان ببێته‌وه‌و
له نوێوه تەڕ ببێتەوە…
هه‌موو ئه‌و مه‌له تووره‌و کۆچهرانهش ،
بۆ باوه‌شی (ره‌به‌ن بویه) بگهڕێنیهوهو
به یه‌کتریان ئاشت که‌یه‌وه..
به‌ڵام به داخه‌وه به‌ر له‌وه‌ی شارمان ئاوه‌دان ببێته‌وه ،
مه‌له‌کان بگه‌رێنه‌وه ،
جۆگه‌له‌کان ئاویان تێگهڕێت ،
کانیەکان تەڕێتیان تێبزێت ،
سێبه‌ره‌کان قهرهقهرانێ له‌گه‌ل یه‌کتر بکه‌ن ،
شنه‌با بکەوێتە قدیلانەی (گردی زه‌یتون) و
شل کردنه‌وه‌ی قردێله په‌رچه‌می ،
سپیندارو شهنگهبیه بێنازەکان ،
تۆ بارت کردوسەفەرت کردەوە ،
بەڵام ئەوجارە سەفەرت ،
سەفەری جاویدانی سه‌ره‌ولێژی ،
رژانێکی یەکجاری بوو ،
دشخهوی بوونێکی بێ بالیفی وڵات بوو ،
خزانه ئامێزی ئاوی (شێخ سەید) و(بێترمە) نەبوو ،
نوستن بوو لەگەل (راین) و(ئۆترێخت)و
جۆت بوون بوو له‌گه‌ل گوڵاوی (هۆڵه‌ندا)و
ئاوی ئه‌وروپات تێکه‌ڵاوی خوێن بوو…
بوویتە گولێکی سوور‌و یاخی لە وڵات ،
ئەو گوڵەی به ئاوی وڵات ته‌مه‌نێک بوو ،
تێنوو بوو و
قه‌تیش تێر نه‌ئه‌بوو ،
هێشتا مابوو بگاته‌وه مه‌نزلی وڵات ،
خه‌لوه‌تی دووره‌وڵاتی ئێمه‌ی جێهێشت و
به‌وه له دڵی ئێمه‌ش که‌سه‌رێک نیشتەوه ،
له‌و بێئاویه توورهیهشدا ،
ده‌روونمان وشکتر و
تێنووتر وتوورهتر ونائاوهدانتر بووه‌وه…
جۆته‌دار : دارێکی سهرسورێنهو له‌سه‌ر چیای سه‌فین وه‌کو ئاڵایه‌کی به‌رزو به‌هێز له هه‌موو لایه‌کی شه‌قڵاوه به‌رچاو ئه‌که‌وێت .
مام عه‌ولا :باوکی مامۆستایه‌و که‌سێتیه‌کی دیار بوو له ئاوایی .
(شێخ سه‌ید) و(بێترمه) : هه‌ردووکیان دوو کانی سروشتی بوون ئێستا وشکیان کردووه .
خالید چاوشین : که‌سێتیه‌کی دیاری گه‌ره‌کی (چاکی سه‌رگرد)ه، کاتی خۆی شه‌ڕی زۆری کردووه له‌سه‌ر ئاو به‌ردانه‌وه .
وکاکۆ وحهمهد کهلۆن وههمینهشێت وباوەکر : چه‌ند شێتێکی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌و ناوچه‌یه‌ن .
چاکی سه‌رگرد : ئه‌و گه‌ره‌که‌یه که مامۆستا تێیدا گه‌وره بووه .
ناوه‌نجی ودهنگارهو بێقۆن وکانیخمان وجۆتبهلوعهو بێترمهو شێخ سه‌یدو شێخ بایز : هه‌موویان کانی وئاوی سروشتین به داخه‌وه ئێستا وشکیان کردووه .
(گه‌راز)و (قازمانه سیکه‌رۆ)و (حهمهدهشین) : چه‌ند مێوهجاتێکن .
ره‌به‌ن بویه : مه‌زارێکی کۆن وپیرۆزه له لایه‌ن دیانه‌کانی شه‌قڵاوه‌و هه‌روه‌ها له لایه‌ن ئیسلامه‌کانیش که ئه‌وان پێی ئه‌لێن (شێخوسورهحمان) .
گردی زه‌یتون : ئه‌و گۆڕستانه‌یه که له شه‌قڵاوه ئیسلامه‌کان تهرمهکنیان تێیدا ئه‌نێژن .
(راین) : ئه‌و رووباره‌یه که به چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپادا تێپه‌ڕ ئه‌بێت له‌وانه‌ش (هۆڵه‌نده) .
(ئۆترێخت) : ئه‌و شاره‌یه که ئه‌و گۆڕستانه‌ی لێیه که دواجار مامۆستا تێیدا نێژرا .
شوان عوسمان
هۆڵه‌نده
10-5-2011
*
مامۆستا (ئیبراهیم عه‌بدوللا حه‌سه‌ن) له ساڵی 1940له بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌حمه‌تکێشی شاری (شه‌قڵاوه) چاوی هه‌ڵێناوه، له ساڵانی شه‌سته‌کانیشدا بۆته مامۆستای قۆناغی (سه‌ره‌تایی) له خوێندگایه‌کی شاری (هه‌ولێر)،ته‌مه‌نی گه‌نجێتی ومامۆستایهتی وباوکایهتیشی زیاتر له شاری (هه‌ولێر)ه‌وه ته‌واو کردووه، هه‌ر له‌وێشدا گوزه‌ران وژیانی گوزه‌راوه..
له ساڵانی دوای راپه‌رین کوردستان به‌جێدێلێت وله دوای ساڵی 1998 ه‌وه له وڵاتی (هۆڵه‌نده) وله شاری (ڤوردن) نیشته‌جێ ببوو، ساڵێک به‌ر له ئێستا دووچاری نه‌خۆشیه‌کی کوشنده بوو، به‌ڵام له خۆشبه‌ختیدا دوای چاره‌سه‌رێکی باش، ته‌ندروستیه‌که‌ی باشتر بوو، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌مساڵ له 13-4-2011 دیسان باری ته‌ندروستی خراپ وببوهووهو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی مانگێک له نه‌خۆشخانه‌دا مایه‌وه‌و به‌رده‌وام له ژێر چاره‌سه‌ری وداودهرماندا بوو، به‌ڵام دیاره قه‌ده‌ری مردن له ئیراده‌که‌ی مامۆستا زۆر گه‌وره‌تر وکاریگه‌رتر بوو…
زۆر به داخ وپه‌ژاره‌یه‌کی قوڵه‌وه مه‌رگ گیانی مامۆستای له ئێمه دوور کرده‌وه له رۆژی پێنجشه‌مه‌ی 5-5-2011 کاتژمێر نزیکه‌ی 10:15 هه‌ر به هه‌مان نه‌خۆشیه‌که‌وه گیانی پاکی له ده‌ستچوو .
رۆژی سێشه‌مه‌ی 10-5-2011 له رێوره‌سمی ناشتنی ته‌رمی مامۆستا (ئیبراهیم) به ئاماده بوونی بنه‌ماڵه‌ی (خوالێخۆشبوو) و کۆمه‌ڵێک براده‌رو دۆستی بنه‌ماڵه‌که‌و چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی خه‌ڵکی شه‌قڵاوه‌ش به‌ڕێوه‌چوو، کاتژمێر 11:45 مه‌راسیمه‌که‌ش له گۆڕستان (کۆڤلسڤاده) له شاری (ئۆترێخت)ه‌وه بوو.
مایه‌ی خۆشحالیه بۆ من ئه‌مڕۆکه بتوانم ئه‌و چه‌ند دێره بۆ مامۆستاکام بنوسم من دووجار له‌ژیانم له‌گه‌ل مامۆستادا ئاشنایه‌تیم په‌یدا ببوو، یه‌کیان ناراسته‌وخۆ که له قوتابخانه‌ی (ئیبن مستۆفی) بوو، له ساڵی 1974 که ماڵمان چووه شاری (هه‌ولێر)و له‌وێ بوومه خوێندکاریکی ئه‌و به‌رێزه، دووه‌م جاریش راسته‌وخۆ له رێی خێزانه‌که‌یان له دووره‌وڵاتی وله ماڵه‌که‌یان به رێکه‌وت ئاشنایه‌تیم نوێ بووه‌وه، چونکه ئه‌وجاره پێش ئه‌وه‌ی مامۆستا بناسم ماڵ ومندالهکانیم ناسی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دواتر گه‌یشته (هۆڵه‌نده)له‌و رۆژه‌دا هه‌ردووکمان بووین به هاوه‌ڵێکی ته‌با، نزیک بوونیشمان له‌یه‌کتر بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازیه‌ی له نێوانمان له رووی ته‌مه‌ن هه‌بوو نه‌ماو زۆر بابه‌ت ومهسهلهمان به‌یه‌که‌وه سه‌ودا ئه‌کرد ، به‌داخه‌وه من به له‌ده‌ستچوونی ئه‌و مامۆستایه هاوڕێیه‌کی دڵسۆزی خۆم وهاوسهرهکهم منداڵه‌کانم له‌ده‌ستچوو، به‌ڵام سه‌رفرازم ئه‌مڕۆکه له‌و بۆنه خه‌مناکه بتوانم شتێک بۆ ئه‌و که‌س وکه‌سایه‌تیه بنوسم به‌ڵام ئه‌وه قه‌ده‌ره‌و ژیانه، ژیانیش به بێ مردن نابێت گرنگ ئه‌وه‌یه پیاوێکی سه‌ربه‌رزو (جیاواز) بوو له رووی مرۆڤایه‌تیه‌وه بۆیه باوه‌ڕم نیه ئه‌و که‌سانه له بیر بچن وله‌بیر بکرێن…
شوان عوسمان
هۆله‌نده