Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
با یه‌ک ئاڵای کوردستان بکه‌ینه‌ چوار

با یه‌ک ئاڵای کوردستان بکه‌ینه‌ چوار

Closed
by June 14, 2011 گشتی

   ئه‌گه‌ر که‌مێک باکگراونی مێژوویی بهێنینه‌ به‌ر ديد و له‌ سۆنگه‌یه‌کی دوور له‌ لاگيری ، شرۆڤه‌یه‌کی ورد و خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروستی بۆ بخه‌ینه‌ روو ده‌شێ هه‌ندێک پێی ته‌نگه‌تاو بن و نه‌توانن ئه‌وه‌ی بۆخۆمان لێیده‌که‌وێته‌وه‌ به‌ سینگێکی فراوانه‌وه‌ وه‌ریبگرن ، پێمان وایه‌ هه‌زمنه‌کردنی له‌ جێی خۆ پێکوته‌مان پێده‌کات و له‌م قۆناغه‌ ناتوانین ته‌کانێکی دی به‌ره‌وتی به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوونمان بده‌ین و ئه‌م کوده‌تا گه‌ردوونییه‌ی ناوچه‌که‌ی ته‌نیوه‌ له‌ پشکه‌ شێره‌که‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت کورد له‌ ئامێزی بنێ ده‌ست به‌تاڵ ده‌ربچێت .
   ته‌نها سه‌رپێیانه‌ ئاورێکی خێرا  له‌مێژووی رابردووی کوده‌تا گه‌ردوونییه‌کانی جیهان ده‌ده‌ینه‌وه‌ و وه‌ک چاوخشاندێک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی عه‌قڵانییه‌تانه‌ی ده‌وێت به‌ر له‌ هه‌موویش ، سياسه‌تمه‌داران و سه‌رکرده‌و رابه‌رانی کورد گه‌ره‌که‌ هه‌ڵوێستی له‌ سه‌ر وه‌ربگرن و ده‌مارگێری نه‌ته‌وه‌ په‌رستی تووڕ بده‌ن و ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ رووداوه‌کاندا بکرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ به‌ ديدێکی عه‌قڵانییه‌ت هه‌نگاو به‌ره‌و پێش بنێت ، ئه‌گه‌ر ورد سه‌رنجی ده‌رئه‌نجامی جه‌نگه جيهانییه‌‌کانی یه‌که‌م ودووه‌م بده‌ین به‌ زه‌قی ده‌رده‌که‌وێت که‌ زلهێزه‌کان براوه‌کان هه‌میشه‌  هه‌و‌ڵی بچوککردنه‌وه‌ی هه‌ندێ ئیمبراتۆرییه‌ت و ده‌وڵه‌تیان داوه‌ که‌ باڵا ده‌ستی خۆیان به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و وڵاتانی ده‌رودراوسێدا سه‌پاندبوو که‌ هه‌ر دوو ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی و په‌لکوتانی ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیایان بچوک و له‌ت له‌ت کرد .
   ئێستایش ئه‌و کوده‌تا گه‌ردوونییه‌ی ناوچه‌که‌ی ته‌نیوه‌ باس له‌ دابه‌شبوونی زۆر له‌  وڵاتان ده‌کات ، له‌وانه‌ ، جیابوونه‌وه‌ی باشوری سودان و بیابانی خۆرئاوا له‌ مه‌غریب و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی تائێستایش به‌دی ده‌کرێت ليبيا بووه‌ به‌ دوو ده‌وڵه‌ت و یه‌مه‌ن ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی باشوور و باکووری لێده‌کرێته‌وه‌ و ده‌نگۆیه‌ک هاته‌ ئارا گوایه‌ سینا بدرێت به‌ فه‌له‌ستینییه‌کان و ……………
   له‌م گه‌رده‌لوولی به‌ ته‌پو تۆز بردنی هه‌ندێ له‌و وڵاتانه‌ و ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونیان هه‌یه‌  ، تاکی ئاسایی کوردیش بیر له‌ به‌ر یه‌کهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وڵاتانی تورکیاو ئێران و سوریا و عێراق ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت ئه‌و خه‌ونه‌یان بێته‌ دی ، زۆرجار لێره‌و له‌وێ گوێبیست ده‌بین که‌ عێراق بۆ سێ  و ئێران بۆ پێنج و تورکیا بۆ چوار و سوریا بۆ دوو پارچه‌  دابه‌ش ده‌بن ، له‌ هه‌موویشی سه‌ێرتر هه‌موو پارچه‌ کوردییه‌کانیش پێکه‌وه‌ ده‌لکێنین ، له‌ کاتێکدا ئێمه‌ هه‌بوونی بیست و دوو ده‌وڵه‌تی عاره‌بی به‌ ره‌وا ده‌زانین و دژی یه‌ک ده‌وڵه‌تی عاره‌بین و چه‌ندین وڵاتی تورکیمان پێباشه‌ و لاگيری ناکه‌ین له‌ یه‌کگرتنی وڵاته‌ تورک زبانه‌کان و ده‌مانه‌وێت له‌ ( مه‌ڵاتییه‌وه‌ تا دوورگه‌ی خه‌رج ) بکه‌ین به‌ یه‌ک ده‌وڵه‌تی کوردی و ئیمبراتۆرییه‌تێک دابمه‌زرێنین  ، هه‌ر وه‌ک کاتب چه‌له‌بی له‌ کتێبه‌که‌یدا ساڵی 1641 ئاماژه‌ به‌ ئه‌و سنووره‌ی خاکی کوردستان ده‌کات ، که‌ ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر خه‌ونه‌ به‌ڵکو مه‌حاڵی مه‌حاڵه‌ ، با هه‌نگاوه‌کانمان له‌وێوه‌ ده‌ست پێبکات که‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک لای خۆیه‌وه‌ جۆره‌ سیسته‌مێکی به‌رێوه‌بردن بۆ خۆ مه‌یسه‌ر بکات ، له‌ دواکاتیشدا ببین به‌ جه‌ند ده‌وڵه‌تێک ئێمه‌یش نه‌یکه‌ینه‌ ئه‌و رۆژه‌ی حه‌سه‌ن و حوسێنی تیا کوژرا ، با کۆمه‌ڵه‌یه‌کی وڵاتانی کوردیمان هه‌بێت .
   هه‌ڵکردنی یه‌ك ئاڵای کوردی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان خۆی له‌ خۆيدا گره‌و کردنێکی دۆڕاوه‌ ، چونکه‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد ده‌یه‌وێت یه‌ك ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی کوردی دروست بکات و بۆ قۆناغی ئیمڕۆی ئێمه‌ مه‌حاڵه‌ مه‌حاڵ بێته‌ دی ، بۆیه‌ لێره‌وه‌ تکا و داوا له‌ به‌رپرسان ده‌که‌ین خوێندنه‌وه‌ی ورد بینیانه‌ و ديفاکتۆیانه‌یان بۆ پرسه‌ هه‌ستیاره‌که‌مان هه‌بیت و رێگا چاره‌ی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ و ئه‌م هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ با سه‌ده‌یه‌کی دی نه‌که‌وینه‌وه‌ پاش .

   Serdar.jaff@yahoo.com            

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.