Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
عەتر وەکو پیاوکوژێک

عەتر وەکو پیاوکوژێک

Closed

ئەم خودایە چەند بۆنی ناخۆش بوو . خودا بۆگەنی دەهات ، خودا بۆگەنێکی بچووکی داماو بوو. هەڵخەلەتێنراوبوو، ئەم خودایە ، یان خۆی ساختەچی بوو ، لەگرینۆی جیاوازتر نەبوو_ تەنیا زۆر لەم خراپتربوو .
بەهرە هەر هیچ نییه ، بەڵام ئەزموون هەموو شتێکە ، کەلە رێی خاکێتی و زرنگییەوە بە دەست دەهێنرێ .
ئەوەی کەهیچ کاتێک بیرم بۆی نەدەچوو ئەوەبوو ، کە “بۆن ، عەتر” ببێتە هۆی دروستبوونی خراپترین و دڕندەترین پیاوکوژ ی وەکوو ” گرینۆی” . بۆن  دەبێتە هۆکارێک بۆ کوشتنی زیاتر لە 24 کچی نازادار. نووسەر تەنها لە گێرانەوەی چەند حکایەتێک ناتوانێت ببێتە نووسەر. رۆمان تەنها لە داڕشتنی چەند چیرۆک و پاڵەوانێک لەدایک نابێت . کاتێک رۆمانی ( عەتر) ی پاتریک سویسکیند م خوێندەوە، ئینجا زانیم بۆ نووسنینی رۆمانێک ، چەندە گرینگە نووسەر خاوەنی خەیاڵێکی بەهێزبێت. ئەو خەیاڵ و فەنتازییایە لەم رۆمانەدا بەرچاوم کەوت ، لە هیچ رۆمانێکی پێشوودا نەم دیبوو. نووسەر فەنتازیا دەکاتە کۆلارەیەک و بە زمانی ئەدەبی ، دەزووی بۆ درێژ دەکاتەوە و خوێنەر بەناو رۆمانەکەیدا پەلکێش دەکات  .  هەموومان حەز دەکەین بۆن خۆش بین ، هەمووشمان قیزمان لە بۆنی ناخۆش دەبێتەوە، لێ سویسکیند ئاگادارمان دەکاتەوە، کە زۆرجار بۆنێکی خۆش دەتوانێت بەرەو نەهامەتی و لێواری مەرگمان بەرێت . ئەم رۆمانە وامان لێ دەکات ، لەکاتی هەڵمژینی هەر بۆنێکی خۆشدا ، ترسێکی گەورە بەسەرماندا زاڵ بێت .
بابەتی سەرەکی رۆمانەکە /
ئەم رۆمانە باسی ژیانی گرینۆی دەکات . گرینۆی هەروەک نووسەر دەڵێت :
( ژان پاتیست گرینۆی ، بە پێچەوانەی بەهرەمەندە قێزەونەکانی دیکەی وەکوو ” دی ساد، ژوست، فۆشی ، بۆناپارت”،،هتد ….. لە مێژوودا شوێنپێی بەجێ ناهێڵێت : لە بواری  قەڵەمڕەوی ڕاگوزەری بۆندا . ل 9 )
ئەم پیاوکوژە لە سەدەی هەژەدەدا لە فەرەنسا دەژی. گرینۆی منداڵی ژنێکی ماسی فرۆش دەبێت ، کەس نازانێت باوکی کێیه. هەربۆیە دایکی دەیەوێت لە دوکانی ماسی فرۆشەکە لەناوی بەرێت . بەڵام ناتوانێت و ئەم تاوانەش ئاشکرا دەبێت. پاشان دایکی سزا دەدەن و لەسەر ئەم تاوانەی ئیعدام دەکرێت . پاشان ئەم کورە کەس نایەوێت هەڵیگرێتەوەو بەخێوی بکات ، نەک لەبەر ئەوەی بێ باوک و دایکە یان نەخۆش بێت ، بەڵکە لەبەر ئەوەی    منداڵێکی چڵێسە و شیر زۆر دەخوات . ناچار تەسلیمی کەنیسەی ” سان – مێری” دەکرێت. لەوێش باوکە ” تێری” دایەنێکی بۆ دەگرێت کە ناوی ” ژین بووسی” یە. بەڵام ئەمیش پاش چەند رۆژێک دەیهێنێتەوەو نایەوێت بەخێوی بکات ، چونکە ئەم منداڵە رۆحی شەیتانی تێدایە و هیچ بۆنێکی نییه. پاشان باوکە تێریش هەڵیدەگرێتەوە. بەڵام ئەمیش سەیر دەکات دایەنەکە ڕاست دەکات ، ئەم منداڵە هیچ بۆنی نییه . لەبەر ئەوە ترسی لێ دەنیشێت و ناچار دەیەوێت بەهەر وەسیلەیەک بووە لە کۆڵی خۆی بکاتەوە. پاشان کەسی دەست ناکەوێت تا ” گایلارد ” چاوچنۆک دەدۆزێتەوە تەسلیمی ئەم دایەنەی دەکات . لێرە ئەم دایەنە بەخێوی دەکات . هەر لەمنداڵیەوە گرینۆی خاوەنی هێزێکی شاراوە بوو.
” تەحەمولی داڕزواترین سەوزەو گەنیوترین گۆشتی دەکرد . لە ڕەوتی ژیانیدا تووشی سورێژە ، زەحیری ، ئاوڵە، کۆلێرا بوو، کەوتە ناو بیرێکی شەش مەترییەوەو سینەی بە ئاوی گەرم سووتاو  کەچی پاش ئەم هەموو نەهامەتییه لە ژیاندا مایەوە . ل 31.30 “
ئەم منداڵە خاوەنی بەهرەیەکی زۆر بەهێزبوو ، ئەویش لووتی بوو:
” کرمی ئاوریشم لەکەلەرمدا، پارە لە پشتی باسکەداردا، مرۆڤ لە میانەی دیوار و بە دووریی چەند شەقامێک ،،، ئەو بێگومان ئەم شتانەی بەچاو نەدەبینی، بەڵکە بە لووتی کە هەمیشە تیژتر و تەواوتر دەبوو. ل 39 ”
لێ هەر ئەم بەهرەیەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی خۆیی و چەندین کیژی تریش.
پاش ماوەیەک کەنیسەی ” سان – مێری”  پارە لە گایلارد دەبڕن . ئەویش دەیەوێت ئەم منداڵە لە کۆی خۆی بکاتەوە. لە تەمەنی 8 ساڵیدا دەیبات بۆ لای گریماڵی دەباخچی و لەوی دەیکاتە شاگردی خۆی . لای ئەم پیاوەش ژیانی کوولەمەرگی و رەزاڵەتی زۆر دەبینێت . لێ بۆن تەواو بۆتە ژیانی گرینۆی . هەربۆیە  دەبێتە یەکێک لە عاشقانی بۆن. لەتەمەنی 17 ساڵیدا ، رۆژێکیان کچێکی ناسک دەبینێت. ئەم لەپشتەوە دەچێت دەیکوژێت و پاش کوشتنی بۆنی جەستەی ئەم کچە ناسکە دەکات . ئەمەش دەبێتە سەرەتای تاوانی گرینۆی . مسیۆ بالدینی کە بۆن فرۆشێکی پیری پاریسە ، ماوەیەکە تووشی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری وبێ بازاڕی بووە. هەربۆیە بەنیازە واز لە دوکانی بۆنفرۆشی بهێنێت  بەرەو باکووری ئیتالیا کۆچ بکات . رۆژێکیان گرینۆی  کۆمەڵێک پێستەی بۆ دەهنێت ، پاشان داوا دەکات کە لای ئەو کار بکات . بەڵام باڵدینی رازی نابێت . پاشان پێی دەڵێت لە کەمترین کاتدا دەبێت بۆنێک دروست بکات . گرینۆیش ئەم کارە دەکات . باڵدینی سەری لە کارەکەی گرینۆی دەسورمێنێت . پاشان باڵدینی رازی دەبێت و گرینۆی دەکاتە شاگردی خۆی .
باڵدینی وەزعی زۆر باش دەبێت ، چونکە گرینۆی چەندین بۆنی خۆشی بۆ دروست دەکات و ناوبانگ و پارەیەکی زۆریش دەست باڵدینی دەکەوێت . پاش چەندین ساڵ باڵدینی ئامادەیە واز لە گرینۆی بهێنێت ، بەمەرجێک فۆرمولەی بۆنەکان بە کەس نەدات و هەتا باڵدینیش لە ژیاندا بێت نابێت  لە پاریس بژی  . ئەویش رازی دەبێت و سوێندیشی بۆ دەخوات  .
” نە شەرەفی هەبوو نەبڕوای بە پیرۆزی یان رۆحی دایکی هەبوو ، سوێندی خوارد . ل 136 “
پاشان بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەچێت لە ئەشکەوتێکدا دەژی و کەس نابینێت و لە ژیانی ئاسایی  دووردەکەوێتەوە. بەڵام ڕووداوێک روو دەدات کەوا لە گرینۆی دەکات بگەڕێتەوە بۆ ناوشار، ئەویش ئەوەیە کە هەست دەکات هیچ بۆنی نییه . ئەمەش زۆر کاری تێدەکات و بۆیە ئەشکەوتەکە بەجێدەهێڵێت و بەرەو شار دەکەوێتە رێ. کاتێک دەچێتە ناو شار ، سەرەتا خەڵکی لێی دەترسن وا دەزانن کە زیندانییەو رایکردووە ، چونکە ریشێکی درێژ و نینۆکی چەپەڵ و درێژ و جلێکی دڕاوی لەبەردایە. هەموو ئەمانە وا لەخەڵکی لەدەکەن کە لێی بترسێن . بەڵام لەویش ” مسیۆ مارکیز” ی بۆ پەیدا دەبێت و دەیباتەوە ماڵی خۆی و پاکو تەمیزی دەکاتەوە. ئەمیش کاری خۆی پێ بوو ، ئەم گرینۆی بەکارهێنا بۆئەوەی تیۆریەکانی خۆی بەسەر خەڵکیدا بسەپێنێت و جۆی بکاتە زانایەکی گەورەی شارەکە .  پاش ماوەیەک گرینۆی لێرەش نامێنێتەوەو لەدەستی مارکیز رادەکات . دەچێت بۆ شارۆچکەی  گراسە . هەروەک نووسەر دەڵێت:
” ئەم شارە رۆمای بۆنەکانە، نیشتمانی پیرۆزی عەترسازەکانە، هەرکەسێ لێرە سەرکەوتنی یەکەمی بەدەست نەهێنابێ ، بەحەق ناوی عەترسازی هەڵنەگرتووە. ل 204 ” 
لێرە لەلای مەدام ئارنولڤی دەبێتە شاگرد . ئەم ژنە مێردەکەی پێشتر عەترسازێکی باش بووەو دوکانێکی عەترسازیان هەیە . لێرە گرینۆی دەیەوێت زیاتر لە هونەری عەترسازی  فێربێت و پرۆژەی ژیانی کە بریتییه لە دروستکردنی باشترین و بەهێزترین بۆنی جیهان . ئەو خاوەنی فەلسەفەیەکە دەڵێت :
کێ بەسەر بۆنەکاندا زاڵ بێت ، ئەوە بەسەر دڵی مرۆڤەکاندا زاڵ بێت. ل 191

لەم شارەدا گرینۆی دەست دەکاتە ملی ژیان و لە کارگە بچووکەی مەدام ئارنوڤلی ، دەست دەکات بە تاقیکردنەوەی بۆنەکان و کارە قێزەوونەکان . خەڵکیش هێندە ئاگایان لە گرینۆی و پرۆژە خراپەکانی نەبوو.
” وەکو گەلحۆیەکی بەستەزمان خۆی پیشان دەدا، بێگومان هەرگیز هێندە زیادی پێوە نەدەنا ، کە مرۆڤ بەلەزەتەوە پێیان ڕابواردایە ، وازیان لێ هێنابوو ، ئەویش هیچی دیكەی نەدەویست . ل 221 ”
بۆگەنترین تاوان و بۆ دروستکردنی خۆشترین بۆن/ 
گرینۆی لەم شارەدا دەست دەکات بە پرۆژە نەگریسەکەی ، ئەویش فراندنی کچانی هەرزەکار و مێردمنداڵ ، پاشان کوشتنیان بە ناشرینترین شێوە. ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی بۆنێکی نایابی لێوە دروست بکات . سەرەتا کەس  نازانێت کێ ئەم تاوانە قێزەونانە دەکات ، ئەم پیاوکوژە دەبێتە گەورەترین تارمایی ترسی ناوشارەکە . هەندێک خێزان ناچار دەبن شار بەجێبهێڵن . بەڵام لەپاش کوشتنی 24 کچی جوان و نازادار ، گرینۆی تاوانبار کەشف دەبێت . لێ دیسانەوە گرینۆی بەهۆی دروستکردنی بۆنێکی نایابەوە دەتوانێت خۆی ڕزگاربکات. لە رۆژی دادگاییکردنیدا ، بۆنێکی نایاب بلاودەکاتەوەو هەموو شار تووشی هیستریایەکی خۆشی و ئیرۆتیکی دەکات . بەم شێوەیەش گرینۆی رزگاری دەبێت و بەرەو پاریس دەگەڕێتەوە.
بەڵام کۆتایی ئەم پیاوکوژە بەدەستی خۆی دەبێت ، ئەویش پاش ئەوەی لە نزیک پاریس بۆنێک بڵاودەکاتەوە، ئەم بۆنە وا لەخەڵکی دەکات ، برسی بن و بەرببنە گیانی گرینۆی و بیخۆن . ئەمەش کۆتایی رۆمانەکەیە .

خاڵی گرینگی ئەم رۆمانە/
بۆن /
نووسەر لەرێگای ئەم رۆمانەوە توانیوویەتی گرینگی بۆن لە ژیانی مرۆڤدا دەربخات . چۆن بۆن  دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ بەشێوەیەکی تر لەناو کۆمەڵگادا سەیربکرێت.
لەهەمان کاتیشدا کاریگەری بۆن بەسەر مرۆڤەوە دەردەخات و ، ئەو هێزە شاراوەیەمان پیشان دەدات ، کە دەبێتە هۆی هورووژاندنی هەستە سێکسی و شەیتانییەکانی ناخی مرۆڤ . بۆن توانی هەموو خەڵکی شار بخاتە نەشئەیەکی خۆش و جەنگەڵێکی سێکسیەوە. هەر ئەم بۆنەش وای لەخەڵکی تر کرد ، کە جێژی برسیبوونیان بجووڵێنێت و گرینۆی تاوانبار بخۆن .
مێژووی عەترسازی /
خاڵێکی گرینگی تر ئەوەیە ، ئەم رۆمانە زیاتر وەکوو ئەنسکلۆپیدیایەکی عەترسازی وایە . نووسەر زۆر ئاگاداری مێژووی  ، جۆرەکانی ، چونێتی دروستکردنی عەتربووە. دیارە نەک هی ئەمرۆ ، بەڵکە باسی پێش 300 ساڵ لەمەوپێش دەکات. سویسکیند پێش ئەوەی ئەم رۆمانە بنووسێت ، شارەزایی و زانیاری زۆری لەسەر مێژووی عەتر و چۆنێتی دروستکردنی عەتر لەوکاتانەدا هەبووە.
ئەوکاتە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنێکی  سادەی قژ پێویستت  بەتوانا هەبوو ،مرۆڤ نەک تەنیا دەبوو بتوانێ بدڵۆپێنێ ، مرۆڤ دەبوو هەتوانگەر و دەرمانساز ، کیمیاگەر و پیشەگەر، بازرگان ، مرۆڤ پەروەر و باخەوان بێت لەهەمان کاتدا . ل 72

دیارە جگە لەمەش ، نووسەر شارەزاییەکی زۆر باشی لەسەر مێژووی فەرەنسا بەگشتی و پاریس بەتایبەتی هەبووە. واتە نووسەر تەنها رۆماننووسێکی بەتوانا نییه ، بەڵکە مێژوونوسێکی مەزنیشە.
منداڵی هەتیوو/
هەتاوەکوو ئەمرۆش ئەو منداڵانای کە دایک و باوکیان نییه یان لەلایەن دایک و باوکیانەوە فرێدەدرێن ، یەکێکە لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی . ئەو منداڵەی کە دوورە لەهەستی بێ دایکی و بێ باوکی ، گەر شوێنێکی باش نەبێت بەخێویبکات ، ئەوا دەرئەنجامی کەسێکی وەکوو گرینۆی لێ دەردەچێت. دیارە راستە ئەمرۆ ئەوروپا توانیوویەتی تارادەیەکی باش بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ بێت ، بەڵام لەوکاتەدا ئەم کێشەیە زۆر گەورە بووە.  هەروەک سویسکیند دەڵێت :
پاریس لە ساڵێکدا پتر  لە 10 هەزار منداڵی دۆزراوە، زۆڵ و هەتیووی بەرهەم دەهێنا.ل 30

فەنتازیا /
ئەم رۆمانە دەچێتە قاڵبی ئەدەبی فەنتازیاوە. لەپاش سالانی هەشتای سەدەی بیستەمەوە، لە ئەوروپاو ئەمەریکاوە ، ئەدەبی فەنتازیا  زۆر گەشەی سەند. هەر لەم ساڵانەدا بوو ، کە نووسەری گەورەی بەرازیلی و جیهان ، پاۆلۆکۆیلۆ  رۆمانە نایابەکەی ” کیمیاگەر” ی نووسی . ئەمرۆ فەنتازیا رەواجێکی ئێجگار گەورەی لەناو ئەدەبی جیهاندا هەیە . ئەو رۆمانانەی کەلەم چەند ساڵەی دواییدا پر فرۆشترین رۆمان بوون ، هەموویان دەچنە قاڵبی ئەدەبی فەنتازیاوە. بۆ نموونە ” کیمیاگەر، هاریپۆتەر، کۆد دافینشی ” ئەمانە هەموویان رۆمانی فەنتازیابوون.
رۆمانی عەتریش ، نووسەر هەوڵیداوە بە زمانی فەنتازیا ، بۆن و بەرامەی رۆمانەکەی جوان بکات . نووسەر هەولیداوە ، لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ مێژووی ، جوانترین حکایەتی خەیاڵی  دروستبکات . 
لەم رۆمانەدا دوو ئاسۆی فەنتازیا دەبینین.
یەکەم : لەم رۆمانەدا هەروەک لە پێشەکیشدا نووسەر باس دەکات ، کە گرینۆی ی هاوشێوەی کۆمەڵیک کەسی پیاوکوژی جیهانییه. وەکوو ( دی ساد، پۆناپارت) . لێ ئەم کابرایە خاوەنی فەنتازیایەیەکی کوشتنی سەیرە . ئەم تەنها کچی جوان دەکوژێت ، ئەویش بۆ ئەوەی بۆنێکی نایابی دەستبکەوێت . ئەمەش خۆی لە خۆیدا فەنتازیایەکی نوێی کوشتن دەردەخات . یان لە کۆتایی رۆمانەکەشیدا ، باسی جۆرە فەنتازیایەکی کوشتنی تر دەکات ، کاتێک خەڵکی لە ڕێگای بۆنی کەسێکەوە ، لەخۆشیا دەچن دەیخۆن .  ئەمانە هەمووی دەچنە قاڵبی خەیاڵ و فەنتازیاوە، کە نووسەر زۆر شارەزاییانە هەڵسووکەوتی لەگەڵ کردووە.
دووەم :  فەنتازیای ئیرۆتیک . فەنتازیای ئیرۆتیک خاڵێکی تری ئەم رۆمانەیە. نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگای دروستکردنی ئەدمۆستڤێرێکی ئیرۆتیکیەوە ، رۆمانەکەی بڕازێنێتەوە. کاتێک گرینۆی دادگایی دەکەن ، بۆنە سەیرەکەی دەرژێنێت و بەجارێک هەموو دانیشتوانی شار تووشی نەشئەی سێکسی دەکات . نووسەر هەوڵیداوە کۆمەڵێک وێنە و فەنتازیایەکی  ئیرۆتیکی نوێ بخاتە ناو رۆمانەکەیەوە. ئەمەش وای لە خوێنەرانی کردووە، بەتایبەت لە ئەوروپا و رۆژئاوا، کە رۆمانەکە رەواجێکی زیاتری هەبێت .
تێکەڵکردنی شانۆ و رۆمان /
نووسەر جگە لە بەکارهێنانی تەکنیکی رۆمان ( کە زۆر سەرکەوتووبوە تێیدا) ، هەوڵیشیداوە تەکنیکی شانۆش بەکاربهێنێت.بۆ نموونە لەکاتی دیالۆگی نێوان ” باڵدینی و چێنیر” .لاپەرە. 65/68، ئەم دیالۆگە بەشێوازی  دیالۆگی شانۆیی داڕشتووە. هەر لەڕێگای ئەم جۆرە داڕشتنەوەیەوە، نووسەر هەوڵیداوە هەردوو جیهانی شانۆ و رۆمان تێکەڵ بە یەکتری بکات . ئەمەش یەکێکە لە شێوازە نوێکانی رۆماننووسین.
کردنی بە فیلم /
ئەم رۆمانە ساڵی 1985 نووسراوە. بۆ 40 زمانی جیهانی وەرگێراوە و لە ناو نووسەران  و ئەدیبانی جیهاندا ، قسەوباسێکی زۆری لێوەکراوە.  یەکێک بووە لە رۆمانە پڕفرۆشەکانی جیهان ، زیاتر لە 12 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە. بۆیەکەمجاریش لە ساڵی 2006  ئەم رۆمانە لەلایەن کۆمپانییایەکی ئەڵمانیەوە کرا بەفیلم 1. گەورەترین سەرکەوتنی لەئاستی ئەڵمانیا و ئەوروپا و ئەمریکا و جیهان بەدەستهێنا. بەڵکە بوو بەیەکێک لەو فیلمە باشانەی کە سینەمای ئەڵمانی بەرهەمەیهێناوە.
لەکوردستانییش خەڵکانێکی زۆر ئەم فیلمەیان بینیووەو زۆریان بەدڵ بووە.

دووا قسە/
نووسەر لەکاتی وەسفکردنی پاڵەوانەکەیدا دەڵێت
” لەپڕ زانی کە نەک لە خۆشەویستیدا ،بەڵکو هەمیشە ئەم لە ڕق لەزەت وەردەگرێ، لەوەی خەڵکی ڕقی لێیان بێتەوەو ئەوانیش رقیان لەم بێتەوە . ل . 292 “
راستە گرینۆی توانی بگاتە ئامانجی خۆی و لەڕێگای دروستکردنی بەهێزترین بۆندا ، دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکی تردا زاڵ بکات ، بەڵام نووسەر پێمان دەڵێت،کەئەمەش تەنها لە ژیاندا گرینگ نییه .
” گەر گرینۆی ویستبای دەیتوانی لە پاریس  نەک دەهەزار ، بەڵکو لەلایەن سەد هەزارکەسەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕن ، یان بەرەو ڤێرسای پیاسە بکا ، بۆ ئەوەی پادشا پێیەکانی ماچ بکا. نامەیەکی بۆندار بۆ پاپا بنووسێ  و خۆی وەکو مەسیحی نوێ بەیان بکا ، لە نۆتردام  لەلایەن پادشا و قەیسەرەوە تاجی سەر پادشا بخاتە سەر . دەیتوانی هەموو ئەم شتانە بکا ، ئەگەر  تەنیا بیویستایە ، ئەو دەستەڵاتە بەسەردا زاڵ نەبووەی ، ئەڤین بە مرۆڤ ببەخشێ . ئەم دەسەڵاتە تەنیا یەک شتی نەدەتوانی بکا ، نەیدەتوانی وا بکا ، خۆی بتوانێ  بۆ نی خۆی بکا . ل 306 ”

لێرەدا نووسەر مەبەستی ئەوەیە ، کە بڵێت :
( مرۆڤ چەندە دەسەلاتداریش بێت ، بەڵام  گەر ئەم دەسەڵاتە خاوەنی ئەڤین و خۆشەویستی نەبێت ، ئەوا دەسەڵاتێکی ئفلیج و نەخۆش و ناتەواوە )

بەدڵنییایەوە ئەم رۆمانە یەکێکە لە رۆمانە نایابەکانی  جیهان2 . رۆمانێک کە پڕیەتی لە جیهانی فەنتازیا و سیحری ووشەو  قووڵی خەیاڵ . بەداخەوە هەتاوەکوو ئەمرۆ، ئەدەبی کوردی نەیتوانییوە لە بواری ئەدەبی فەنتازیادا ، هەنگاوی باش بنێت و  جێ پەنچەی خۆی لە بواری ئەم ئەدەبەدا دیاریبکات .

 


ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com

سەرچاوە :
1.    Premiere von „Das Parfum“ mit Rosenblättern. Handelsblatt. 08.09.2006
2.    عەتر . نووسینی : پاتریک سویسکیند. وەرگێڕانی : کەریم پەرەنگ . چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم . 2009

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.