ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی له(63 رۆژ)ی رابردوی خۆپیشاندانه‌كاندا
خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی
ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوییه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، كاتێك ده‌توانین روداوێك وه‌ك روداوی مێژووی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، كه‌كاریگه‌ری سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌دوای خۆی جێبهێڵێت‌و ده‌رهاویشته‌ی هه‌بێت، بۆیه له‌م روانگه‌وه ده‌توانین خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی، كه‌ماوه‌ی(63رۆژ)ی خایاند، وه‌ك روداوی مێژویی دابنێین، ئه‌گه‌رچی هێشتا نه‌بۆته مێژو، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وه‌ی مێژوییدا ده‌كرێ وه‌ك روداو ته‌ماشا بكرێت، هه‌روه‌ك بڕوام وایه، وه‌كچۆن هه‌ڵبژاردنه‌كانی(25/7/2010) سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ بو له‌مێژوی هاوچه‌رخی باشوری كوردستاندا‌و پێویسته له‌بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیدا وه‌ك روداو‌و بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت‌و توێژینه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌باره‌وه بكرێت، هه‌م له‌ڕوی ده‌ركه‌وتنی هێزی سیاسی نوێ‌و هه‌م له‌روانگه‌ی هاتنه‌ئارا‌و به‌رجه‌سته‌بونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی كرداری، به‌مانایه‌كیتر سه‌ره‌تاكانی پشكوتن‌و گه‌شه‌كردن‌و جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردو كێڵگه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن بو، به‌هه‌مان شێوه‌ش، خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی ئه‌و روداوه مێژوییه، كه له‌لایه‌ك جۆرێك له‌دابڕان له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه‌ی پێش خۆی له‌روی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه دروستده‌كات، له‌لایه‌كیتریشه‌وه كار له‌سه‌ر ره‌نگڕێژكردنی قۆناغێكی تری دوای خۆی ده‌كات، كه‌ده‌كرێ یه‌كێك له‌ده‌رهاویشته‌و كاریگه‌ریه‌كانی له‌بواری سیاسیه‌وه بریتی بێت له‌دروستبونی خوله‌كانی وتوێژی نێوان هه‌ردو به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن، كه‌ئه‌مه بۆخۆی له‌كێڵگه‌ی ئه‌كادیمیادا ده‌كرێ ببێته ماتریاڵێكی توێژینه‌وه له‌ڕوی لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی‌و مێژوییه‌وه له‌دواتردا. بۆیه ئێمه بڕوامان وایه ده‌كرێ له‌چه‌ندین ره‌هه‌نده‌وه ئه‌م روداوه بخوێنریته‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی بۆبكرێت، هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێ ده‌زگا‌و رێكخراو‌و میدیا كۆڕ‌و سیمینار ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌ڕوی هۆكار‌و كاریگه‌ریه‌كانیه‌وه ئه‌نجامدرا، به‌ڵام به‌بڕوای من توانای ئاشكراكردنی به‌شێكی زۆر له‌و ده‌رئه‌نجامه گرنگانه‌ی نه‌بو، كه‌روداوه‌كه له‌دوای خۆی جێیهێشت‌و لێره به‌دواوه‌ش ورده ورده ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌رده‌كه‌ون. ئێمه لێره‌دا وه‌ك ئه‌و بواره‌ی كه‌ده‌مانه‌وێت كاری تێدا بكه‌ین، وه‌رمانگرتوه، كه‌بریتیه له‌ئاماده‌یی هێزه ئیسلامیه‌كان(كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و یه‌كگرتوی ئیسلامی)، وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی له‌نێو به‌ره‌ی سه‌ره‌كی ئۆپۆزیسیۆندا، له‌ڕوی گوتاری سیاسی ئه‌م هێزانه‌و كاراكته‌ره سیاسیه به‌شداره‌كانیان‌و ئاستی تێگه‌یشتنیان له‌روداوه‌كان به‌گشتی‌و له‌هێزی هاوبه‌شیان(بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) له 63 رۆژی رابردوی خۆپیشاندانه‌كان‌و دواتریش. بۆئه‌م مه‌به‌سته ئێمه له‌سه‌ر دوو ئاست هه‌وڵده‌ده‌ین قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، كه‌لێره‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاماده‌یی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی ده‌كه‌ین‌و خوێندنه‌وه‌كه‌ی تر هه‌ڵه‌گرین، بۆده‌رفه‌ت‌و شوێنێكیتر، كه‌ئه‌ویش به‌م نزیكانه ده‌خه‌ینه به‌رچاوی خوێنه‌ری به‌ڕێز، كه‌بریتیه له‌یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی مۆدێلی ئیسلامی لیبراڵ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان.
راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌ریه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی‌و كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوردستان
جارێ ده‌بێ له‌وه ده‌ستپێبكه‌ین ئایا جوڵانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دونیای عه‌ره‌بی راپه‌ڕین‌و شۆڕشی جه‌ماوه‌ری بون یاخود ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی؟ ئێمه بڕوامان وایه به‌مانای وشه ئه‌و جوڵانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیانه شۆڕش بون، له‌فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاشتیخوازیه‌كه‌یدا(به‌بێ دۆخی لیبیا)، چونكه ته‌نها ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی‌و داواكاری نه‌بون بۆنان‌و ئازادی‌و ره‌خساندنی هه‌لی كار، به‌ڵكو دواجاتر شۆڕش بون بۆگۆڕینی سیستمی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كۆتایی هێنان به‌و مۆدێله سیاسیه فه‌رمانڕه‌وایه‌ی، كه له‌سه‌روی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه ته‌حه‌كوم به‌هه‌مو جومگه‌یه‌كی ژیانی ئینسانی عه‌ره‌بیه‌وه ئه‌كه‌ن. بێگومان له‌ڕوی ده‌رونی‌و سۆسیۆلۆجی‌و پێكهاته‌ی عه‌قڵیشه‌وه له‌یه‌كچون نا، به‌ڵكو خاڵێ هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوان ئینسانی كورد‌و ئینسانی عه‌ره‌بیدا‌و هه‌مو ره‌گه‌زه‌كانی مێژو‌و جوگرافیا‌و ئابوری یارمه‌تیده‌ری ئه‌وه‌ن، كه ئه‌و روداوانه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر دۆخی هه‌مه‌لایه‌نی كوردستان هه‌بوه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه هه‌یه، بریتیه له‌حزوری ئیسلامیه‌كان له‌روداو‌و گۆڕانكاریه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕٍاست‌و جیهانی عه‌ره‌بیدا، ته‌نها به‌روانین بۆهه‌ندێ دروشم‌و ده‌موچاو‌و ره‌نگ‌و رو‌و رواڵه‌تی ئه‌و ژن‌و پیاوانه‌ی له‌خۆپیشاندانه‌كاندا ئاماده‌ییان هه‌یه(ژنانی حیجاب‌و په‌چه پۆش‌و پیاوانی ریشدار)، تابونی سیاسی‌و رێكخراوه‌یی، تێبینی ئاماده‌یی هێزه ئیسلامیه‌كان، ده‌كه‌ین، كه‌ده‌كرێ وه‌ك ده‌ركه‌وتنی مۆدێلێكی جیاوازتری پێش ئه‌م قۆناغه‌ی شێوازی كاركردنی هێزه ئیسلامیه‌كانی دونیای عه‌ره‌بی وێنا بكه‌ین، بێگومان هه‌مان ئاماده‌ییش له‌كوردستان ره‌نگیدایه‌وه‌و ئیسلامیه‌كان به‌شێكی سه‌ره‌كی نێو روداوه‌كانی 63 رۆژی رابردوی خۆپیشاندانه‌كان بون، كه به‌بڕوای ئێمه ده‌كرێ ئه‌م قۆناغه به‌نیسبه‌ت ئیسلامیه‌كانه‌وه ناوبنێین قۆناغی به‌شداری كۆمه‌ڵایه‌تی كرداری ئیسلامیه‌كان، به‌ڵام ئایا ته‌نها به‌م به‌شداریكردنه به‌تایبه‌ت هێزه ئیسلامیه‌كانی كوردستان ده‌توانن، هه‌م ده‌ستكه‌وتی سیاسی زیاتر ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، هه‌م پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان له‌كایه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستاندا به‌هێزتر بكه‌ن؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێویستی به‌شیكردنه‌وه‌و له‌سه‌ر راوه‌ستان‌و به‌دواداچونی شێواز‌و چۆنێتی به‌شداری‌و ئاماده‌یی ئه‌وان هه‌یه له‌روداوه‌كانی 63 رۆژی رابردودا، كه‌ئێمه لێره‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
خۆپشاندانه‌كانی 17ی شوبات‌و ئاماده‌یی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی
له‌ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كانی 17 شوباته‌وه تاده‌گاته رۆژانی دوایی‌و له‌ماوه‌ی(63رۆژ)دا به‌ته‌نیشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه هه‌ریه‌كه له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و یه‌كگرتوی ئیسلامی وه‌ك دو هێزی ئیسلامی‌و وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی ئاماده‌یی به‌رده‌وامیان هه‌بو، به‌تایبه‌ت له‌خۆپیشاندانه‌كانی ناو شاری سلێمانی‌و به‌رده‌ركی سه‌رای ئازادی‌و به‌شێكی زۆری چین‌و توێژه‌كانی نێو ئۆرگانه جیاوازه‌كانی ئه‌و دوو حزبه به‌شداریان له‌و روداوانه ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بو به‌تایبه‌ت له‌ئه‌نجامدانی نوێژی هه‌ینیه‌وه، وجودی ئه‌م هێزانه زیاتر خۆی له‌مامۆستایانی ئاینی‌و مه‌لاكاندا ده‌بینیه‌وه، تاوای لێهات مه‌لاكان وه‌ك توێژێكی گه‌وره‌و گرنگ‌و به‌هه‌مژونی نێو ئه‌و دو هێزه نوێنه‌رایه‌تی سه‌ر ه‌كی گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامیان له‌سه‌رای ئازادی‌دا ده‌كرد، بێگومان ئه‌م هاتنه پێشه‌وه‌یه‌و ئه‌م ئاماده‌ییه به‌هێزه‌ی كاراكته‌ری مه‌لاكان، جارێ بۆخۆی ده‌كرێ له‌روانگه‌ی سۆسیۆلۆژیای ئاینیه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، كه‌هه‌ڵگری مانا‌و مه‌دلولی مێژویی‌و ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه، چونكه له‌لایه‌ك هه‌تا ئێستاش هیچ یه‌كێك له‌هێزه ئیسلامیه‌كان به‌بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیشه‌وه، كه له‌ئێستادا له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامیه، توانای جیاكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ی ئاینی له‌كێڵگه‌ی سیاسی نیه، بێگومان ئه‌مه‌ش هۆكاری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و ده‌كرێ له‌بابه‌ت‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆدا رونبكرێته‌وه، به‌ڵام به‌دیوێكیتردا مه‌لاكان چه‌ند به‌هۆی حه‌سانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌و پێگه گرنگ‌و پیرۆزه‌ی له‌كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا هه‌یانه كه‌ڵكیان بۆئه‌و هێزانه هه‌یه، كه‌كاری سیاسیشی تیدا ده‌كه‌ن، به‌هه‌مان ئه‌ندازه گرفتیشیان بۆدروستده‌كه‌ن، چونكه ده‌بێ هێزه ئیسلامیه‌كان پێشوه‌خت له‌و قۆناغه‌ی تێیدان تێبگه‌ن، كه‌بریتیه له‌گۆڕه‌پانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، هه‌روه‌ك ده‌بێ دیراسه‌ی ئه‌وه‌شیان كردبێت، كه چه‌مكی ململانێی سیاسی مانای چیه؟ گۆڕانكاری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كێ ده‌كرێ‌و چۆن ده‌كرێ؟ راپه‌ڕین‌و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ‌و كام توێژی كۆمه‌ڵگه بزوێنه‌ریه‌تی؟
به‌سه‌رنجدانێكی كورت‌و خێرای شۆڕش‌و راپه‌ڕینه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی رابردو به‌گشتی ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی، كه‌چینی سێیه‌می كۆمه‌ڵگه‌و چینی ناوه‌ڕاست له‌پشته‌وه‌ی به‌شێكی زۆر شۆڕشه‌كانه‌وه بون، ئه‌وه‌ش به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و چینه له‌كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه‌و ورده بۆرژوای نێو كۆمه‌ڵگه‌و چینی پیشه‌وه‌رانی بازاڕ پێكهاتون‌و خاوه‌نی هۆشیاری‌و تێگه‌یشتنێكی به‌رزی سیاسین، له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی‌و رۆڵی گرنگی زانكۆكان، پراكتیك كردنی ئه‌م حسابه به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی كوردستاندا هه‌مان ئه‌و راستیه‌مان ده‌داتێ، كه‌چینی سێیه‌م پێكهێنه‌ری روداوه‌كان بون، به‌تایبه‌تیش ر‌وڵی گه‌وره‌ی زانكۆی سلێمانی‌و خۆپیشاندانی خوێندكاران، بۆیه له‌م دۆخه‌دا هێنده‌ی نوخبه‌ی روناكبیر‌و گه‌نجی خوێنده‌وار توانای مۆبیلیزه‌كردنی جه‌ماوه‌ری هه‌یه، مه‌لاكان ناتوانن له‌م كێبڕكێ مه‌ده‌نیه‌دا ئه‌و رۆڵه بگێڕن(ئه‌گه‌رچی من بڕوام وایه هێشتا مه‌لاكان له‌به‌شێكی زۆرتری كاراكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر كاریگه‌ریان زیاتر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندێتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و جۆری ئه‌و گوتاره سیاسیه‌ی، كه‌به‌شێكی زۆری هێزه سیاسیه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، زیاتر پشت به‌مه‌لا‌و كاره‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه ته‌قلیدیه‌كان ده‌به‌ستن)، به‌ڵام هاتنه‌ئارای ته‌كنه‌لۆژیای وه‌كو ئینته‌رنێت‌و فه‌یسبوك‌و تویته‌ر‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر، له‌داهاتودا زیاتر رۆڵی مه‌لاكان له‌م روداوه تازانه‌دا پاشه‌كشه پێده‌كات، به‌ڵام لێره‌دا به‌نیسبه‌ت ئیسلامیه‌كانه‌وه ئه‌و پرسیاره‌ی، كه به‌رۆكمان ده‌گرێت ئه‌وه‌یه ئایا ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی له‌گرنگی‌و رۆڵ‌و كاریگه‌ری‌و چۆنێتی كه‌ڵك لێوه‌رگرتنی چینی سێیه‌می كۆمه‌ڵگه تێگه‌یشتوه‌و دیراسه‌ی كردوه؟ ئایا ئیسلامیه‌كان ده‌توانن تاسه‌ر له‌رێگه‌ی به‌پێشه‌نگ كردنی مه‌لاكانه‌وه گره‌و له‌كایه‌ی سیاسی‌دا له‌هێزه‌كانی تر ببنه‌وه؟ چونكه به‌تێڕوانینی گوتاری به‌شێك له‌مه‌لاكان له63 رۆژی رابڕدوی خۆپیشاندانه‌كاندا زیاتر گوتارێكی ئاینی به‌سه‌ریدا زاڵبو، وه‌ك له‌وه‌ی سیاسی‌و ئه‌قڵانی بێت، له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی خوێنده‌وار‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌و خوێندكارانی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان ئاماده‌بون، بێگومان موخاته‌به‌كردنی ئه‌م چینه خوێنده‌واره پێویستی به‌گوتارێكی روناكبیری ئاست به‌رز هه‌یه، ئه‌لبه‌ت ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان لێدان نیه له‌ئاماده‌یی مه‌لاكان له‌روداوه‌كانی رابردو ، ئه‌وه‌نده‌ی هاتوین له‌سه‌ر جۆری ئاماده‌یی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی قسه ده‌كه‌ین، چونكه گوتاری مه‌لاكان تاڕاده‌ه‌یكی زۆر گوتارێكی رادیكاڵانه‌بو، له‌كاتێكدا ته‌نها ئیسلامیه‌كان هێزی پێكهێنه‌ری خۆپیشاندانه‌كان نه‌بون، تاوه‌كو هه‌مو پانتاییه‌كان بۆمه‌لاكان ته‌رخان بكرێت، چونكه ئه‌و هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌ی تر، كه‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو، خۆی به‌خاوه‌نی خۆپیشاندانه‌كان ده‌زانی‌و ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆی هه‌بو بۆئه‌و قۆناغه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری هه‌م له‌سه‌ر ئاستی دنیای عه‌ره‌بی، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، چونكه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه سیاسه‌ت هه‌م به‌مانا زانستیه‌كه‌ی ده‌كات، هه‌م به‌مانا سیاسیه‌كه‌ی، كه له‌ساده‌ترین پێناسه‌دا سیاسه‌ت دایك‌و باوكی نیه‌و ملكه‌چه بۆحوكمی رۆژ، بۆحوكمی فشار‌و پێدراوی سیاسی‌و ئابوری. به‌سه‌رنجدانی یه‌كه‌م دیداری سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان(نه‌وشیروان مسته‌فا)دوای ده‌ركردنی به‌یاننامه 7 خاڵیه‌كه،باسی له‌وه‌كرد، كه‌ئه‌وان خۆیان بۆهه‌مو سیناریۆ‌و روداو‌و پێشهاته‌كانی دوای به‌یاننامه‌كه‌یان ئاماده‌كردوه، بۆیه ده‌بو هێزه ئیسلامیه‌كان به‌ر له‌ده‌سه‌ڵات له‌م په‌یامه سیاسه‌ی بگه‌ن وه‌ك سیاسه‌ت، ئه‌مه به‌مانا ئه‌وه‌یه كه‌پێویسته هێزه ئیسلامیه‌كان له‌دیراسه‌كردنی 63 رۆژی رابردوی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌پاڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی جۆر‌و شێواز‌و گوتاری به‌شداری خۆیان، دیراسه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیش بكه‌ن، كه‌تائه‌م ساته‌وه‌خته وه‌ك هێزێكی هاوبه‌ش له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆندا پێكه‌وه كار ده‌كه‌ن. چونكه وه‌ك وتمان گوتاری مه‌لاكان له63 رۆژی رابردوی خۆپیشاندانه‌كاندا گوتارێك بو، كه‌به‌رده‌وام ئومێدی گۆڕانی نزیك‌و خێرا‌و مژده‌ده‌رانه‌ی ده‌به‌خشیه جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر، له‌كاتێكدا بزوتنه‌وی گۆڕان خۆپیشاندانه‌كانی وه‌ك یه‌كه‌مین وێستگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی خه‌باتی به‌رفراوانی مه‌ده‌نی له‌په‌ناگه‌ی سه‌ره‌كی خۆیدا(سلێمانی‌و ده‌روربه‌ری) وێنا ده‌كرد. به‌ڵگه‌یه‌كی ساده‌ی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی ئێمه، هه‌ندێ لێدوانی وته‌بێژ‌و ژماره‌یه‌ك له‌هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌یه، به‌تایبه‌ت(قادری حاجی عه‌لی) له‌شوێنێكدا باس له‌وه ده‌كات، كه نه نێچیرڤان بارزانی په‌یامی له‌وان بڕیوه‌و نه‌ئه‌وانیش په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و پچڕٍاندوه، به‌ڵام ئایا ئیسلامیه‌كان له‌م په‌یامه سیاسیه تێده‌گه‌یشتن؟
به‌شێكیتر له‌ئاماده‌یی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی له‌خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایدا، به‌شداری بو له‌سه‌ر ئاستی خواره‌وه‌و به‌ده‌گمه‌ن له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌ب سیاسی‌دا ده‌هاتنه نێو خۆپیشانده‌ران به‌كرداره‌كی(جگه له‌د.موسه‌ننا ئه‌مین)، بێگومان ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌جۆری هه‌ڵسوكه‌وتكردنی ئه‌و هێزانه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان‌و ره‌وتی روداوه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌هه‌موی گرنگتره ئه‌وه‌یه، كه‌ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی نه‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌وردی دیراسه‌ی شه‌قام وه‌ك چه‌مكێكی سیاسی بكات‌و زانستیانه‌ش شیبكاته‌وه، به‌مانایه‌كیتر یه‌كێك له‌گرفته هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی هێزه ئیسلامیه‌كان تائه‌م ساته‌وه‌خته ئه‌وه‌یه، كه ئه‌خلاقیان له‌سیاسه‌ت جیانه‌كردۆته‌وه، واته هێشتا له‌ره‌هه‌ندی ئه‌خلاقه‌وه ده‌ڕوانه سیاسه‌ت‌و هێزه هاوبه‌ش‌و نه‌یاره‌كانیان، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ره‌وتی كاركردنی سیاسی دیاری ده‌كات‌و سیاسه‌ت ره‌نگڕیژ ئه‌كات، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری‌و سیاسیه، نه‌ك به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان، كاتێكیش ده‌ڵێین نه‌یانتوانیوه زانستیانه دیراسه‌ی شه‌قام بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه‌باوترین پێناسه‌ی شه‌قام ئه‌وه‌یه، كه له‌سیاسه‌تدا پێی ده‌وترێ ژاوه‌ژاو(چوچا‌و)، ئه‌گه سه‌رنجی ره‌وتی رۆژانه‌ی ئه‌و وتار‌و قسه‌كردنانه‌ی كه 63 رۆژی رابردو له‌به‌رده‌ركی سه‌را ئه‌نجامده‌دران بده‌ینه‌وه، تێبنی ده‌كه‌ین، كه‌هه‌مه‌چه‌شنه‌و ده‌ردی مامۆستا هه‌ژاری موكریانی ناوی له‌كتێبێكی ناوه چێشتی مجێو‌ر بو، بۆیه هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێ ته‌به‌نی گوتاری سیاسی له‌سه‌ر گوتاری شه‌قام بكات، به‌ڵكو ده‌توانێ سود له‌شه‌قام وه‌ربگرێت، بێگومان ئه‌م ئیشكاله به‌نیسبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه كه‌متر بو، وه‌ك وتمان ئه‌وان قورسایی كاركردنی سیاسی خۆیان له‌م قۆناغه‌دا به‌ته‌نها نه‌دابوه ده‌ست خۆپیشاندانه‌كان، تابه‌ئه‌نجامی كۆتایی خۆپیشاندانه‌كان ئه‌وانیش بگه‌نه ئه‌نجامی كاری سیاسیان، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی تائه‌م چركه‌ساته گۆڕان ئه‌و هێزه‌یه، كه‌خۆی له‌قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌ی سیاسی‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌زمونی كاركردنی مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆنی مه‌ده‌نیدا ده‌بینێته‌وه‌و موماره‌سه‌ی ده‌كات‌و خۆی بۆقۆناغه‌كانی داهاتو راده‌هێنێت، چونكه گۆڕان باشتر له‌ئیسلامیه‌كان خه‌سمه سیاسیه‌كانی كه‌یه‌كێتی‌و پارتین ده‌ناسێت تائیسلامیه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌حوكمی هه‌ندێ فاكته‌ری مێژویی‌و تاڕاده‌یه‌كیش سیاسیه‌كانیان لیاقه‌تیان باشتره‌و توانیویانه سودیش له‌زۆر وزه‌و توانای سیاسی‌و ئه‌كادیمی خه‌ڵكانیتر وه‌ربگرن بۆملمملانێ سیاسیه‌كان‌و رێنوێنی كاركردنی سیاسی‌و مه‌ده‌نیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئیسلامیه‌كان تائه‌م چركه‌ساته مه‌كته‌ب سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان به‌رچاوڕونی ده‌ده‌نه حزبه‌كانیان‌و پێیان ده‌ڵێن چی بكه‌ن‌و چی نه‌كه‌ن. بۆیه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین دیسان به‌هۆی دیراسه نه‌كردنی وردی چه‌مكی شه‌قامه‌وه بو، ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی گوتاری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ك ته‌سلیمی شه‌قام كرد، كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م‌و كورتدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌یه‌تیه‌كه كرا‌و ئه‌مانیش قبوڵیان كرد، له‌لایه‌كیتریشه‌وه ته‌سلیمی مه‌لاكانیان كرد، كه‌ئه‌مانیش له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توند‌و رادیكاڵیان كرده‌وه(بێگومان ئه‌م دیارده‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌وه هه‌یه، كه له‌نێو هێزه ئیسلامیه‌كان له‌نێوان توێژی مه‌لا‌و چینی خوێنده‌وار یاخود چینی نه‌وه‌ی نوێ‌و به‌زاراوه‌یه‌كی نزیكتر ئه‌فه‌ندیه‌كانا هه‌یه). ئیسلامیه‌كان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هاوڕای هه‌ڵوێستی شه‌قام بون، بۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم، له‌كاتێكدا هێشتا له‌په‌رله‌مان‌و ئیئتلافی لیسته كوردستانیه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردبو. ئایا له‌ڕووی سیاسیه‌وه ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی ته‌ندروست بو بۆئه‌وان وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی سیاسی؟! بۆیه به‌بڕوای ئێمه ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی پێویستی به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌كی هه‌یه، له‌ڕێگه‌ی دیراسه‌كردنێكی وردی بون‌و ئاماده‌یی‌و گوتاری سیاسی‌و شێوازی به‌شداریان له‌روداوه‌كانی 63 رۆژی رابردوی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات ورۆژانی دوایی. هه‌رچه‌نده شتی زۆرتر ماون له‌مباره‌وه لێیان بدوێین، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بونی ده‌رفه‌ت كۆتایی پێدێَنین‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌شوێنیتردا به‌مزوانه قسه‌یان له‌باره‌وه بكه‌ین.
* مامۆستای زانكۆ‌و خوێندكاری دكتۆرا له‌زانكۆی سلێمانی
Salam_80jornalist@yahoo.com