Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
نەوشێروان موستەفا ، گرێ ی گەڕانەوە

نەوشێروان موستەفا ، گرێ ی گەڕانەوە

Closed

                                   

پاش مردنی دایکی سەرۆکی هەرێم ، نەوشێروان موستەفا دەچێتە تازیەو چایەک دەخواتەوە . ئەمە دەبێتە ڕوداوێکی زەق بە دەستی دووپۆلی جیاواز لە نووسەران . بەشی یەکەم ئەو نووسەرانەن کە وەکو شۆکێکی گەورە مامەڵەیان لە گەڵ کرد ، ئەم چونەیان بە بێ وەفایی زانی بەرامبەر بە هەموو ئەو قوربانیانەی کە گیانیان لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە دەست دا ، بەشی دووەمیش ئەو نووسینانە دەگرێتەوە کە  نووسەرەکانیان هەمیشە خەریکی ئەوەن کاروکردەوەکانی نەوشێروان بە زیرەکی و تاکتیکی زۆرنایاب لە قەڵەم بدەن .
ژیانی سیاسی نەوشێروان موستەفا تا ئێستا دوو شێوازی نەگۆڕی بە خۆی بینیووە . لە شێوازی یەکەمدا لە هەرەمی دەسەڵاتدایە ، بۆنموونە : وەکو کەسێتی دووەمی نێو یەکێتی نیشتیمانی . لە دووەمیشدا دوورکەوتنەوەی کاتی بووە لە جێ وشوێنی دەسەڵات وەرگرتنی هەڵوێستی ڕەخنەگر لەبەرامبەر حیزبەکەی یان بەرامبەر سکرتێرەکەی ، زۆربەی ئەم هەڵوێستە کاتیانە لە سەردەمی شاخدا بەوە کۆتایی هاتووە ، کە نەوشێروان توانیویەتی ناڕەزایی ئەندامان و ئەولایەنگرانە سەر لەنوێ ڕێکخات و دواتریش سەرلەنوێ لە هەمان چوارچێوەی حیزب جێگیری بکات ، هەموو جارێکیش ئۆتۆریتەی خۆی بەمە زۆرتر چووەتە سەرو سەلاحیاتی زیاتری پێدراوە لە لایەن هەمان حیزب و سکرتێرەی کە بڕیار بوو لێ ی یاخی بێت .
وشەی ” تۆران ” لە گەڵ وشەی ” یاخی بوون ” دوو تێرمی جیاوازن دوو حاڵەت و ئەتمۆسفیری زۆر جیاواز نیشان دەدەن ، سەرکەوتوویی نەوشێروان لەوەی تۆرانە کاتیەکانی خۆی هەمیشە وەکو یاخیەک بە سەر کۆمەڵگا ساغ بکات وا دێتە بەرچاو تەنیا لە زیرەکیەکی شەخسی دایە . قبوڵ کردنی ئەم زیرەکیە شەخسیە بە دابڕاوی لە بارودۆخی نێو کۆمەڵگەی کوردی هەژاریەکی گەورەیە لە ڕەخنەی سیاسی . کۆمەڵگەی کوردی لە ژێر چەپۆکی تۆلیتاریزم و کلتوری تاکڕەوی ناسیۆنالیزمدا بەوە ڕاهات کە بارودۆخی سیاسی ، لیاقەتی گۆڕین و کاریگەری دانان لەسەر ئەم بارودۆخە تەنیا لە هەمان ئەو کەسایەتی و بکەرانە ببینێ کە خاوەنی  دووانەی (کاریزما – هێز) ن . ئەم کەلێنە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگە تەنیا دەتوانێ بەوە تەمەنی درێژ بێت کە هیچ هێزێکی تر لە مەیدانەکە نەبێت نوێنەرایەتی بیرکردنەوەیەکی ترو شێوازێکی تر بکات لە گۆڕینی بارودۆخی سیاسی . نموونەیەکی سادە : سەرکوتی چەپ لە کوردستان و کردنی بەلاوازترین ‌هێز لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە گۆشەیەکی خۆیدا خزمەتی بەوە کرد کە ڕەگی ئەم نەخۆشیە سیاسیە قوڵتر جێگیر بێت .
پیرۆز کردن ی لیدەری سیاسی لە کلتوری سیاسی کوردی تەنیا لیدەرەکان  بە زەبری کاریزما هێز نایکەن ، بەڵکو هەموو ئەو نووسەرە دەبەنگانەش دەیکەن کاتێ  بە زمانێکی شاعیری دڵشکانی خۆیان نیشان دەدەن بەرامبەر کردارێکی چاوەڕوان نەکراوی ئەم لیدەرە پیرۆزکراوە دەیکات . گلەیەکان و خیتاب و زمانی ئەم دڵشکانە جادویەکیتری فیکری سیاسیەو لە باری مێژویەوە بە قەدەر ڕەخنە گرتن لە پیرۆز کردن دەبێ ڕەخنەش لەم جادووە بگیرێت ، چونکە ئەنجامەکەی ئەوەیە کە  بەبەرهەم هێنانی ڕەخنەیەک ( باشتر وایە بڵێم سوکە گلەیی) لە سەرکردەیەک ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم هەڵوێستەی لیدەر زۆر ناتەبایە هەرگیز نایتەوە لە گەڵ ( زیرەکی ، دووربینی ، سیاسەتی حەکیمانە ) ی ئەم کەسایتیەی پێ پیرۆزکراوە .
تۆرانە کاتیەکانی نەوشێروان تا ئەمڕۆش لە بەرچاوی کۆمەڵگە نەک تەنیا توانیویەتی وەکو یاخی بوون جێگیری بێ بەڵکو بەشێکی زۆریشی لە ووزەی ڕاستگۆی یاخی بوونی نێو کۆمەڵگەشی بۆخۆی پاوان کردووە . لە بەرامبەردا پارتی لە دوای 31 ئابی 1996 وە ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا دەبێتە  تاقە سێنتەری مانەوەو درێژە پێدانی ئەو بارودۆخەی کە مۆدیلی تاقە حیزبی حاکم ، حیزبی سەرەکی ، باوکی هەموو حیزبەکان تەعبیری لێدەکات ، ئەگەر چەند تێگەیشتن وزاراوەیەک لە فرۆید ئیستیعارە بکەین بۆ تەعبیر کردن لەم وێنە سیاسیە گشتیە ، لە تێڕوانینی تیژڕەوی یەکەمدا وادێتە بەرچاو کە نەوشێروان تەعبیر لەو کوڕە تۆراوە دەکا کە لە کۆتایی شەڕێکی گەورەدا ، یان دوورکەوتنەوەی درێژ خایەن گەڕاوەتەوە بۆ لای باوک ! بەڵام ، ئەم تێڕوانینە بە ووردبونەوەی زیاتر کاڵ دەبێتەوە ، چونکە نەوشێروان موستەفا لە باری سیاسیەوە نە یاخی بووە ، نە  قەت ئەو ماڵە باوکەی جێهێشتووە  !

orezgar@yahoo.ca

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.