Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
زارۆکەکانی بۆرژوازی

زارۆکەکانی بۆرژوازی

Closed
by August 27, 2011 فەلسەفە


“زارۆکەکانی بۆرژوازی”
و ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

گەر تەماشای کرۆنۆلۆژی ( زانستی دەستنیشانکردنی ڕووداوەکان بەپێی بەروار Chronology) ڕووداوەکانی ساڵانی 1960 کانی ئەورووپا بکەین دەبینین ئەم ساڵانە خۆی وەک ساڵانێ وروژێنەر و شۆڕشگێڕئامێز نیشاندەدات. هەلوێستە سیاسیەکان لەم ساڵانەدا بێئەندازە زۆربوونە و پەرچەکرداری و کاریگەریەکانیش لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی چڕ و قوول بوونە و ئاڕاستەی جیاجیاشیان وەرگرتوە وەلێ هەرهەموو بەسەریەکەوە بۆ پێکاندن و  بەرجەستەکردنی یەک ئامانج بوونە. هەرچیش سالی 1968 ە ، کە بەشێکە لە سالەکانی 1960 کان ، کە خرۆشانی شۆڕشگێڕی جیهانی لەم سالەدا لەگشت کاتێ زیاتر لەپاش کۆتای جەنگی جیهانی یەکەم بەولاوە مەزنتربووە (1)، پڕە لە بەربەرەکانێ، مانگرتن و پێکدادان لەتەک ڕژێمە سیاسی یان دەولەتەکانی ئەورووپادا ، کە گشت ئەوانەش بۆ گۆڕینی ئەو ساتەوەختە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بوونە کە گرفتاوی و ناحەزبوون.
لایەنێتر کە بە ساڵانی 1960 کانەوە تایبەتە و شایانی باسکردنە ئەوەیە، هۆی ئەوەی 1960 کان بوو بە ساڵانی خرۆشانی سیاسی گەلێ لە توێژەرەوەکان و 1960 ناسەکان بۆئەوەی دەگێڕنەوە کە ئابووری وڵاتانی سەرمایەداری (ئەورووپای ڕۆژئاوا) ڕووی لە داکەوتن کرد و لە نەشونمای ڕستەقینەی ئابووری کەوت. ئەمەش وایکرد نایەکسانیە کۆمەڵایەتیەکان لە پەرەسەندندا بێت. ئەمەو بیرمانەچێت ئەو زوڵمەی وڵاتانی کۆلۆنیالی لە کۆلۆنیەکانا (موستەعمەرات) پیادەیاندەکرد چەوسانەوە و هەژاری و بێکاری و چەندین دیاردەی کۆمەڵایەتی قێزەوەنی تری دروستدەکرد ئەمەش بۆخۆی نیشانەێبوو لەسەر دروستبوونی هێزی شۆڕشگێڕانە لە دەرەوەی پارتەسیاسیە گەورەکان ، جا ئەوە ناسیۆنالیەکان بن یان چەپ و نێونەتەوەییەکان. بۆیە لە سالی 1968 ،و بەتایبەتیش لە مانگەکانی (شوبات، ئادار، ئایار) ، و بەگشتیش لە ساڵانی 1960 کان، زۆربەی لاوان و کرێکار و قووتابیان ڕژانە سەر جادەکان و زۆرینەش سەر بە پارتێ سیاس دیاریکراو یان ئەو پارتانە نەبوون کە لە بەدیەکانی دەسەڵاتی سیاسی یان دەولەتی بۆرژوازی ئەورووپای بێدەنگدەبوون. هەر لەم دەمووکاتانەشدا بوو خەلکی دەڕژانە سەر جادەکان دژ بە ڕەفتاری سیاسی دڕندانەی ئیسرائیل لەتەک فەلەستینیەکان، یان شەڕی ئەمەریکیایەکان لە ڤێتنام و ئامادەبوونی فەڕەنسیەکان لە جەزائیر.
بەواتاێ بەرینتر لەوی لایسەرەوە ووترا، بەهاری 1968 لە جیهانی ئەورووپای و ئەمەریکایدا بەهارێ ئاسایی نییە، ئەم بەهارە بەهارێ ئایدیۆلۆژی ڕووداوئامێزە و پڕیشە لە ڕووداوی سەیری سیاسی کە ئێستا جێی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژووی سەدەی 20 دا هەیە. ڕووداوەکان کە بەشێکی زەبراوین گەلێ لە پرسیارە سیاسی و ڕوناکبیریەکانیان لە ساتەوەختی خۆیانا خەبەرکردۆتەوە. لەم وەرزەدا دوو کەسایەتی سیاسی لە ئەمەریکا دەکوژرێن، سیناتۆر ڕۆبرت کەنەدی Robert F. Kennedy و مافخواز مارتین لۆتەر گینگ  Martin Luther King ، هەروەها مانگی ئایاری 1968 مانگی خۆپیشاندانە قووتابیانەییە گەورەکەی ئەورووپایە کە زۆربەی زانگۆکان دەهەژێنێ و هەرلەم مانگەدا سۆڤیەتیەکان شاری پراگ داگیردەکەن و “بەهاری پراگ” Prague Spring لەدایکدەبێت ، کە بەخۆی لە ژیانی سیاسی بلۆکی سۆسیالیستیدا بە ڕووداوێ سیاسی گەورە لەقەلەمدەدرێت. هەر تایبەت بەم ساتەوەختە سیاسییە ئالۆزە دەشکرێت قسە لە بەدیە سیاسیەکانی پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژئاواش کرێت کە خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان نەبوونە و پاشکۆی ئیدیۆلۆژی مۆسکۆی جاران بوونە و لەبەرخاتری بۆچوونە سیاسییە پڕاگماتییە ڕەهاکانیان پشتیان لە گشت پرسیار و گومانە سیاسیەکانی شەقام و کۆمەلگە کردووە. لەلاێ کاریان بۆ سارکردنەوەی شەقام ، ئەلبەتە بەجۆرێ دیپلۆماتی، کردووە و لەلاێتر سازشیان لەتەک هێزە سیاسییە ، بەقەولی خۆیان ، بۆرژوازیەکانا کردووە تا ببن بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسی.
سەرباری ئەوی ووترا پێویستمان بەوەیە ئاماژە بەوەشکەین کە هاتنەسەر حوکمی هەندێ ڕژێمی فاشی لەئەورووپا (ئیسپانیا، ئیتالیا، ئەلمانیا) لە دوای 1930 کان بەولاوە شومێ سیاسی لەگەل خۆی بۆ ئەورووپا هێنا و ئەو شومە سیاسییەش بە شاڵاوی ستالینیزم کۆتایهات ، وەلی سەرکەوتنەکانی ستالینیزم کە بووە هۆی کۆتایهێنان بە جەنگی جیهانی دوو و سڕینەوەی ئەو شومە سیاسیەی باسکرا ئەمە ستالینیزمی کرد بە دیاردەێ سیاسی ترسناک و لەکۆتایدا جەنگی سارد هاتەکایەوە، کە ستالینیزم بەرەێکی ئەم جەنگەساردەی پێکهێنا و، هەروەک بەرەکەی تر ،کە ڕۆژئاوای سەرمایەداری و بەسەرکردایەتی ئیمپریالیەتی ئەمەریکی بوو، لێرە و لەوێ خەریکی دروستکردنی نێچری سیاسی بوو و قووربانیێکی زۆریشی لەناوەوەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران و لە دەرەوەی ئەو یەکیەتیە، بەتایبەت لە وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیستی جاران کە دەکات ئەورووپای ڕۆژهەڵات ، دروستکرد، و ئەمەو سیاسەتە نێچیربازیەکەی ستالینیزم گەیشتە جیهانی سێ و قارەی لاتین ئەمەریکا و تەنانەت لەتەک چینی ماو تسی تۆنگیش دا خۆی خستە کێشەی ئیدیۆلۆژیەوە. ئەفسووس کە ستالینیزم پاش مردنی ستالین دانەکەوت و لە فۆڕمی تری سیاسیدا ، لێرە و لەوێ ، نەشونمایکرد. پاشکۆیەتی پارتە کۆمۆنیستیەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و جیهانی سێ و خودی ئەوروپای ڕۆژئاواش (بە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیەوە) بۆ مۆسکۆ کۆتای نەهات و، ئەو هێرشانەش لەشکری سووری سۆڤیەتی پاش مەرگی ستالین دەیکردە سەر هەندێ شوێن لە بلۆکی سۆسیالیستی ، کە هاوڵاتیانی ئەو شوێنانە دەیانویست بەجۆرێ تر سیاسەتبکەن و لە خەمی مافی مرۆڤ و ئازادیە جۆراوجۆرەکانابن ، ڕۆژلەپاش ڕۆژ تووندتر و دڕتربووەوە.
بەواتاێ تر، لە ساڵانی 1960 کانا بۆ بەشێ زۆر لە مانگر و خۆپیشاندەرانی شارەکانی ئەورووپا(ڕۆما، بەرلین ،تۆکیۆ، لەندەن، پاریس، و… ) ستالینیزم هێندەی کاپیتالیزم (سەرمایەداریەت) ترسناک بووە، هەروەها دوژمنایەتی ئەو بیرۆکراتیەتەی ستالینیزم لە پشتیەوە بووە و بەدیەکانی ئیمپریالیەتی ئەمەریکی و کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی جیهانی سێ و بەربەریەکانی سەرمایەداریەت ئەمانە گشت ئەو شتانەبوونە کە گرووپە چەپەکانی دەرەوەی پارتە کۆمۆنیستیەکانی پاریس و ڕۆما و لەندەن کاریان بۆڕیسواکردنی کردووە، ئەمەش لەخودی خۆیدا بە دیاردەێ سیاسی تایبەت بە سالی 1960 کان ناوزەددەکرێت. هەرچی لاوانی وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیستیش (بۆدابست، واڕشۆ ،پراگ) بووە تاتوانیویانە دژ بە زۆرداری پارتە کۆمۆنیزمەکانی وڵاتانی بلۆکی ناوبراو و هەیمەنەی سۆڤیەتی جاران کەوتوونەتە سەر شەقامەکان و بەرەنگاری ئەو هێزە سیاسیە توتالیتاریانە بوونەتەوە ئازادی تاک و مافی مرۆڤیان کردبووە قووربانی دیدگا ئیدیۆلۆژیەکانیان
ئەو ساتەوەختەی لایسەرەوە باسکرا بووەهۆکاری ئەوەی بڕێ، بگرە زۆریش، تێگەیشتنی سیاسی و ئیدیۆلۆژی نوێ بێنەدونیاوە و هەولێکیشبن بۆ تێکشکاندنی پەرستگا حیزبیەکان و دروستکردنی پردێک لەنێوان ژیان و سیاسەت، لەنێوان تاکەکانی کۆمەلگە و خودی خۆیانا، لەنێوان جەستە و ئارەزووەکانا. ئەمەش لەسەرێترەوە بۆ ئایاریەکان ئەوەی دەگەیاند نەک هەر پشتکردن لەو هێزە سیاسیانەی خیانەت لە چینی کرێکاران دەکەن پێویستە بەلکو لەو بینینە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەش کە هاواری قووتابیان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان لەبەرچاوناگرن.
ئەلبەتە، ئەو بیرۆکراتیەتە سیاسیەی لەو کاتەدا لە فەڕەنسا و لە وڵاتانی تری ئەورووپای پارتە کۆمۆنیستیەکان پیادەیاندەکرد هۆکارێ بووە لەبەردەم ئامادەنەبوونی هاریکاریکردنی ” لاوان ” لەتەک ئەو پارتانەدا. بەرامبەر بەوەش پارتە کۆمۆنیستەکان ئەو “لاوان”ەیان بە گێرەشێوێن ، ووردە بۆرژوازی و  چی و چی ناوزەدکردوووە و خودی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیش لەمبارەیەوە درێغینەکردوە و تەنانەت ڕابەرانی ئایاری پاریسیشی بە “جوولەکە ” و ” غەیرە فەڕەنسی”  و چیوچی ناوبردووە.
هەر بۆنموونە و تایبەت بەوی لایسەرەوە باسکرا دێینە سەر لایەنێ لە لایەنەکانی ئەو ساتەوەختە سیاسییە ناسکە و لەسەر ڕووێکی ئەو ساتەوەختە دەدوێین.
“زارۆکەکانی بۆرژوازی”(2) یەکێکە لەو گوزارە ژەهراویانەی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لە دەمووەختی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس بە خۆپیشاندەران و قووتابیانی سەر جادەکانیان ووتووە. ئەمجۆرە هاتنەووتنەش سەرەتای ئەو شەڕە ئیدیۆلۆژیە بووە کە یەکێ لە پارتە گەورەکانی گۆڕەپانی سیاسی فەڕەنسی لەتەک شەقاما دەستیداوەتێ. ئەم شەڕە بۆ پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ئەوکات پێویست بووە وەلێ هیچکات بۆ شەقام ئەو پێویستیەی نەبووە. ئامانجی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیش لەم شێوە ڕەفتارکردنە لەتەک شەقام و خۆپیشاندەران بۆ بەدەستهێنانی بڕێک لەو دەستکەوتە سیاسیانەبووە کە ئەوکات تێکڕای بەدەست دۆگۆلیەکانەوە (مەبەست گۆلیزمە Gaullisme) بووە و دۆگۆلیەکانیش ئەوکات ئەو هێزە سیاسیەبوونە کە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی بەهێزێ بۆرژوازی لەقەلەمداوە. بەڵام کە لە 23 ی حوزەیرانی 1968دا هەلبژاردنی شەرعی لە فەڕەنسا سازکرا دیسانەوە پارتە سیاسیەکەی دۆ گۆل زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ئەو سەرکەوتنە سیاسییەی بەدەستنەهێنا و، هیچنەبێت کەمتر لەوەی بەدەستهێنا کە پێش ئایاری 1968 بەدەستیهێنابوو.
وێرای ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین، ئەگەرچی بزووتنەوە چەپەکان ماناێ زۆریان بۆ خۆپیشاندانەکان هەبووە بەڵام لەتەک پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ئەو دەمە، کە لەژێر ڕکێڤی ئیدیۆلۆژی جۆرج مارشێ Georges Marchais دا بوو ، لە ناکۆکیێ ئیدیۆلۆژی دا بوونە. باوەڕی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ئەوکات وابووە کە باری سیاسی فەڕەنسا بۆ ئەو خۆپیشاندانانە لەبارنییە ئەمەش بەبیانووی ئەوەی فەڕەنسا لەژێرسایەی ژەنەڕال شارل دۆ گۆل خەریکی خۆنزدیککردنەوەیە لە سۆڤیەتی جاران و یان بلۆکی سۆسیالیستی و ئەوەندە لەتەک ئەمەریکایەکانا لە پێوەندیدا نیە. ئەم هەڵوێستەی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی کێشەی ئایدیۆلۆژی گەورەی لێکەوتەوە و گەلێ لە ڕوناکبیرانی فەڕەنسیشی لەخۆی دوورخستەوە و لەپێش هەموویانیشەوە سارتەر و هاوەڵکانی بوون و، بگرە ئەو کێشەیە لەو دەمووکاتەوە بەردەوامیخۆیدی و بووش بەبەشێ لە کێشە سیاسییە ڕۆژانەیەکانی کردەی سیاسی لە کۆمەلگەی فەڕەنسی هاوچەرخدا. 
هەربۆیە لەئاکامی لاوازیە سیاسیەکانی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی چەپێ نوێ لە شەقامەکانی پاریس هاتەدونیاوە و، ئەو چەپە نوێیەش کە لە شەقامەکانا لەماوەی ڕووداوەکانی ئایاری 1968ی پاریس دا لەنێو لاوان، و بەتایبەت قووتابیانی زانگۆ و مامۆستاکانی قووتابخانە و ئامادەییەکان، هاتەدونیاوە کاریگەری بەسەر باری سیاسەتکردن لە کۆمەلگەدا زۆربوو. هەر ئەم توێژەش (قووتابیان و مامۆستایان) بوو بە هەڵگری پەیامی کرێکاران و داکۆکیکەریش لە کێشەی چینایەتی کرێکاران و شای ڕووبەڕووبوونەوەش لەتەک چینە بۆرژوازیەکانا. ئەلبەتە لەڕیزی ئەو قووتابی و مامۆستایانە نووسەر، بیرمەند و هونەرمەند هەبوون و وەک فیگورە هەرە دیارەکانیش لەسەر جادەکانا کاریان بۆ هەڵگیرسانی شۆڕش دەکرد.
یەک لەو شتانەش کە لێرە شایانی ئاماژەپێدانە ئەوەیە، لە ساڵانی 1960کانا (ئەلبەتە دەمووکاتی ئایاری 68 یش) ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی لاوان و قوتابیانا لە ئەورووپای ڕۆژئاوا جێی سەرنجێ زێدە سیاسی و ئیدیۆلۆژیە ئەوەیە چڕینی سروودی ئینتەرناسیۆنال و بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕشگێڕانە، کە سیمبۆلی شۆڕشگێڕانەکانیان ئاڵای سوور، ئاڵای ڕەش و ئاڵای نێوەنەتەوەی بوو ، و هەرهەمووشی لە بزووتنەوەی چینی کرێکارانەوە وەرگیرابوو (3) ، نەببوو بە شوێنبایەخی پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەو وڵاتانە (بەتایبەت فەڕەنسی، ئیتالی و ئیسپانی) ، و پارتە ناوبراوەکانی ئەو وڵاتانە لەو گەرمیەی شەقام و لە پرسە سیاسیەکانی ئەو شەقامە نەدەگەیشتن. هەر لەو دەمەشدا بەرکابردنی وشەی کامرات (هەڤاڵ) لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئایار شتێ زێدەباو ببوو و تائێستاش وەک بەشێک لە کولتووری سیاسی ئایاریەکان و کولتوورێ چەپانەی ئەورووپای لەناو چەپە فەڕەنسیەکانا گۆدەکرێت (4).
هەر تایبەت بەولایەنەی لایسەرەوە ئەوەش ئێژین ، گەر تەماشای فۆتۆ ئەلبوومی سەردەمی ئایاری 1968 شبکەین (5) دەبینین لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی 1960 کانا وێنەی تشی ڤارا لەگەل ڕابەر و بیرمەندە سیاسییەکان بەرزکراوەتەوە (هۆشی مینه Ho Chi Minh، کارل مارکس Karl Marx ، ڤلادیمێر لینین Lenin، ماو تسی تۆنگ Mao Zedong ، ڕۆزا لوکسمبۆرگ Rosa Luxemburg ، لیۆن تروتسکی  Léon Trotski ) و لەهەمانکاتیشا وێنەی کەسانێ وەک ژۆزێف ستالین Joseph Staline و ڕیچارد نیکسۆن Richard Nixon دەسوتێندرێن. ئەمەش دیسانەوە دەشێ وەک ئاماژێک لەسەر دۆزی شەقام و ئاستی ڕوناکبیری سیاسی لاوان و قووتابیان و کرێکاران لەو دەمەدا لەبەرچاوبگیرێ کە پارتە سیاسیە گەورەکان، ئەوانەی نوێنەرایەتی کرێکار و چینی ژێردەستەیان دەکرد و بەتایبەت پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ، هیچ وەبەرهێنانێکی سیاسییانەیان لەسەر ئەو دۆزە نەکردوە و بگرە تائەوپەڕی دژایەتیشیان کردوە.
ئەوانەی لە 1960 کان و 1968 دا لەسەر جادەکانا کۆدەبوونەوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی و داوای گۆڕان و ڕیفۆڕمی ڕاستەقینەیان دەکرد دژی وڕێنە سیاسی و دیمەنە ئیدیۆلۆژیە کۆنەکان بوون. ئەمانە لە لاوان و قوتابیان ، کە ئەو کات هەمانبوون، پێکهاتبوون و ، ئەو توێژەشیان پێکهێنابوو کە کوڕ و کچە چەپە پاریسیەکانی لەخۆگرتبوو و ، ئەمەش نەک هەر لە فەڕەنسا بگرە لە ئەورووپا و ئەمەریکاش هەمان دیاردە بوو. ئەم لاوانە تابلێیت هۆشگەرم و  عەفەوی ببوون و بەدەم گۆرانیە ئاشتی خوازەکانی بۆب دیلان  Bob Dylan و پێتر سێگر Peter Seeger مارشیان لە شەقامەکانا دەچڕی (6). ئەم لاوانە نەوەی بێت  Beat Generation بوون و دژی جەنگ و نایەکسانی و کۆمەلگەی شمەک و ڕاسیزم (ڕەگەزپەرستی) مانگرتن و خۆپیشاندانیان لە شەقامەکانا چێدەکرد و، وێنەی تشیڤاراشیان لە فانیلەکانیانا دەنەخشاند و بە یەکتریان دەووت “هەڤال”. بۆیە دروورکەوتنەوەی پارتە کۆمۆنیستەکان لە پەیامی سیاسی شەقام و بەتەنگوەنەهاتنی داواکانی ئەم لاوانە ئەستەمی لەبەردەم گەشەی سیاسی ئەمجۆرە پارتانە دروستکرد و، ئەو تێکشکانەش کە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لەدەموووەختی ئایاری 1968 دا تیایژیا تاهەنووکەش پێوەی دەتلێتەوە و بەشێکیشە لە دیرۆکە سیاسیە ڕەشەکەی.
شوێنی تێڕامانە، ئەو وەختەی باس لە دیدگا سەرەکیەکانی ساڵانی 1960 کان، و بەتایبەت سالی 1968، دەکرێت دەکرێ قسە لەسەر ناجۆری و جۆراوجۆری دیدگای شۆڕشی قووتابیان و کرێکارانی ئایاری 1968 ی پاریسش بکرێت. چونکە ئەو بزووتنەوە سیاسی و ئیدیۆلۆژیانەی لەو دەمەدا لەسەر جادەکانا زال ببوون ناکۆک و هەمان ئاڕاستە نەببوون. بەواتاێتر، ئەزموونی شۆڕشگێڕی ئایاریەکان تێکەلێببوو لە ئەزموونێ سیاسی و ئیدیۆلۆژی ناهاوشێوە: لەلاێ بۆچوونە سیاسییەکانی ڕۆزا لوکسمبۆررگ Rosa Luxemburg (مەجالیسیەت) ،کە سەرچاوەی لە شۆڕشێ پووختەوە هەلدەگرت و لەتەک ئاڕاستەی مارکسی-لینینی، کە مۆدێلێ سۆڤیەتی بوو، یەکینەدەگرتەوە ، گرینگیتیادەبینی و، لەلاێتر بۆچوونە گریلاییەکانی تشیڤارا،کەلەتەک پارتە کۆمۆنیستیەکانا یەکینەدەگرتەوە، ئەمەو ئاڕاستەی ترۆتسکیش گرنگیخۆی هەر هەبوو، کە ئەوەش بریتی بوو لە تێگەیشتن بۆ شۆڕشێ بەردەوام جودا لە بۆچوونی پارتە کۆمۆنیستیەکان و ستالینیەکان ، ئەلبەتە ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕی باکونینی (لێرە مەبەست میخائێل باکونینە Mikhail Bakunin ) و پرۆدۆنی( لێرە مەبەست پیێر- ژۆزێف پرۆدۆنە Pierre-Joseph Proudhon ) تادەگاتە ستیواتسیۆنیستەکانیش Situationists لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیدیۆلۆژی ئەوکاتەدا زالبوونی خۆیانیان هەببوو. هەر لێرە دەکرێ باس لە کاریگەری بزووتنەوە هونەری و ئەدەبیەکانیش وەک سوریالیەکان و داداییەکانیش (مەبەست سوریالی Surrealism و دادای  Dadaismیە) کرێت کە لەگەلێ سەرەوە کاریگەری خۆیان بەسەر ڕۆشنبیری قووتابیانی زانگۆکانەوە هەبووە . هەر تایبەت بەملایەنە دەکرێت دەرک بەوەش کرێت کە بیری مارکسیزم لە شەقامی فەڕەنسی و ئەورووپای لەماوەی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 و پێشتریش دا هەمیشە بیرێ ئامادەبووە. ئەلبەتە لەگەل گشت ئەو جۆراوجۆریەش کە لایسەرەوە تایبەت بە ئاڕاستە ناکۆکەکانی ئەزموونی شۆڕشگێڕی ئایاریەکان نیشانماندا دەیانتوانی پێکەوە کارکەن و شەقام بووروژێنن.
سەرباری ئەوی ووترا، ئەوەی لە ساتەوەختی ڕووداوەکانی ئایاری 1968ی پاریس و شارەکانی تر ئەورووپا هاتەکایەوە لە ڕووی سیاسییەوە بۆ خەباتخوازەکانی سەرجادەکان جێی خۆشحالی ببوون و دەروازەشببوون بۆ گەڕانەوە بۆ کارل مارکس Karl Marx ، ئەلبەتە لە چوارچێوەێ تیۆری جیا لەو جۆرە گەڕانەوەیەی پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپا بۆ مارکس،کە وابەستەببوون بە مۆسکۆی ئەودەمەوە، خۆیانلەسەر ڕاهێناببوو.
بیری مارکسی ،بەتایبەت ئەو بەشەی کە تێکەل بەجۆرە سیاسەتێ شۆڕشگێڕانەکرابوو، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی پاریس سیحری خۆیهەببوو و ڕەنگدانەوەشی بەسەر ڕەفتاری خۆپیشاندەرانیشەوە بەهێز ببوو. زۆرجاریش ئەو ڕەنگدانەوانە ناڕاستەوخۆببوون و لەڕێگای توێژینەوە و بیریاری نووسینەکانی کەسانێ ترەوە ببوون، کە لەڕیشەدا سەرچاوەی لە هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی مارکسەوە هەلگرتبوو، هەرلێرە زۆر دووریش ناڕۆین بیرمەندانی قووتابخانەی فرانکفۆرت  Frankfurt School و کاریگەری بیری سۆسیۆلۆژی و دەرووناسی ،یان بابلێین سێکسناسی، بەشێ لەو بیرمەندانە(هێربرت مارکۆز Herbert Marcuse و ڤیلهێلم ڕایش Wilhelm Reich) بەنموونە بهێنینەوە کە لەدەمووەختی ئایاری 1968 لە پاریس و لە شارەکانی تری ئەورووپای ڕۆژئاوا بەسەر هزری سیاسی و ڕۆشنبیری شەقامەوە بێ سنور دیارببوو. هەر ئەو دەمەش کە لە فەڕەنسا ئایار کەوتە سەرپێ چەپێ نوێ لە پەرەسەندندا بوو لە لە ڕووی تیۆریەوە کاریگەری تیۆری ڕوناکبیری سارتەر و کۆرنیلیوس کاستۆریادیس Cornelius Castoriadis و هینری لۆفیڤر Henri Lefebvre ی لەگەلێ سەرەوە بەسەرەوەبوو (7).
هەر تایبەت بە ئایاریەکان کە ڕیزێ چەپی جۆراوجۆری 1968 بوون ئەوەش دەلێین کە، ئایاریەکان نەدەچوونەوە سەر لینینیە کلاسیکەکانی ئەورووپا ،کە مۆلەتی خۆپیشاندان و مانگرتنیان لە مۆسکۆوە وەردەگرت، نەش سەر ماویە دۆگمامان بەلکو ئایاریەکانی 1968 ، کە زانگۆیەکانی زانگۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا و ، زانگۆی بێرکلی لە ئەمەریکا و ، زانگۆی تۆکیۆ لە ژاپۆن و ، زانگۆی بەرلین لە ئەلمانیای ڕۆژائاوا ، هەروەها زانگۆی ڕۆما لە ئیتالیا و، زانگۆی ستۆکهۆلم لە سوید و …..بوون ، ئەمانە ئەو لاوە جەربەزانەبوون کە دوژمنی مۆسکۆ و واشینتۆن و گشت هێزە سیاسیە بە ڕیشە تۆتالیتاری و تاریکەکان بوون. ڕاستە چەپی سەردەمی ئایار ، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە چەپە نوێکان ناوزەد دەکرێن، چەپێ تووند (ئێکستریم) بوون وەلێ بێئەندازە دۆستی گۆڕانخستنەوە و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانیە کۆمەڵایەتیەکان بوون، ئەمەو ئەو جۆرە چەپانە ، کە لاوانی سەر جادەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بوون، دوژمنێ سەرسەختی کۆمەلگەی بەرخۆری Consumer society و دیاردەی ڕەگەزپەرستی لە زانگۆکان و لە کۆمەلگەدا بوون.
وێرای ئەویووترا، چەپە نوێیەکانی پاریس تێکەلیێکیان لەنێوان بزووتنەوە سیاسی و فەلسەفیەکانی پاریس دروستدەکرد کە مانایان بۆ شۆڕشی ئایاری 1968ی پاریس هەبوو. ئەم تێکەلیەش بزووتنەوەی فەلسەفی بوونگەرای Existentialism و دیاردەناسی Phenomenology سارتەر، هیچگەرای Nihilism نیچە، ئەنارشیزم  Anarchism و مارکسیزم و ئاڕاستەجیاکانی فەلسەفەی مارکسیزم (ئاڕاستەی لینینی، تروتسکی، ماوی، ڕۆزای-مەبەست ڕۆزا لوکسمبۆرگ  Rosa Luxemburg ە-، هۆ شی میناهی، کوبای یان تشیڤارای) ی دەگرتەوە، گشت ئەو تێکەلیەش لەنێو بیرکردنەوەکان لەلایەن پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیەوە پەسەندنەکراو بوو و هەربۆیشە پاش ڕووداوی ئایاری 1968 ی پاریس بیریارانی پاریس ( بەتایبەت  ژاک لاکان Jacques Lacan ،میشیل فوکۆ Michel Foucault ، ژان بۆدریار Jean Baudrillard ،ژان – فڕانسوا لیوتار Jean-François Lyotard ، مۆریس بلانشو Maurice Blanchot ، ژیل دولۆز Gilles Deleuze ، ئێدگار مۆران Edgar Morin ، ژاک دێریدا Jacques Derrida و..) کەوتنە داڕشتنی بیری جیاواز و داکۆکیکرن لە تاک و جەستە و پەراوێز و ناچووست و شێتی و بێگانە و کولتووری ئەویتر و…هتد.
چەند سالێکیش لەمەوبەر بێرنار کۆشنێر Bernard Kouchner ، کە یەکێکە لە ڕابەڕانی بزووتنەوەی ئایار ، ڕۆژەکانی ئایار بە ڕۆژەکانی کۆتای کۆمۆنیستی فەڕەنسی لەقەڵەمدا و ، پێیشیوایە هەڵهاتن لە کۆت و بەندە ئایدیۆلۆژیەکان هیوای هەموان بووە هەر لە خودی خۆی و دانیێل کۆهن – بندیت Daniel Cohn-Bendit (کە یەکێکە لە ڕابەرە دیارەکانی ئایاری 68 ی پاریس ) و سارتەرەوە تادەگاتە فەوجەکانی ئایار (8). کۆشنێر دواتر لە قسەکانیدا ئەوەش دەلێت کە ئەوی ئایاری 1968 لەتەک خۆیڕاهێنای بۆ گەلێک چاوەڕێ نەکراو بوو، یان گەلێک چاوەڕێئەوبوون ئەو شتە سۆسیالیزم بۆیانبهێنێ ، بەتایبەت خەلکی جیهانی سێ (9).
ئێمە ئەم ووتنەی کۆشنێر بەوجۆرەش شیدەکەینەوە کە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیش دەیزانی ئایاریەکان بۆهاتنەسەر شەقام سیگنال لەوەوە (واتە لەپارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیەوە ) وەرناگرن. ئەمەش ، ئەودەمە، گەورەترین کێشەی دەروونی بۆ ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی فەڕەنسی و بالی مەکتەبی سیاسی پارتی ناوبراو دروستکردبوو. بۆیە چەپەکان (ماویەکان، ترۆتسکیەکان ، ئەنارشیست و ئەلبەتە ستواتسیۆنیستەکانیش Situationist) ،کە یاخیبوونەکەی ئایاری 1968ی پاریسیان پڕاکتیزەکرد (10) ، بەوە ڕەوتی بیرکردنەوەی چەپگەرایان لە ساتەوەختی خۆیانا گۆڕی و شەپۆلێ لە بیرکردنەوە و تێڕامانی سیاسی تریان خستە ناو لاوانەوە. هەربۆیشە، گەربێت و بە چاویلکەێ سیاسیانەی ئایاریانەوە تەماشای ئایاری 1968 ی پاریس بکەین دەگەینە ئەو بینینەی ئایاری ناوبراو لەدەست چەپی کلاسیکی پاریس هەلدەهات و لەدەرەوەی مەکتەبە سیاسیەکان چەپێ تر و هێزگەلێ سیاسی تری دروستدەکرد کە لە گشت چەپە سیاسیەکانی ناو پارتە کرێکاریەکانی ئەو کاتەی فەڕەنسا زیاتر هزر کراوە و خەیال بەرینتربێت. ئەمەش وایدەکرد قسەلەسەر چەپگەرای بابەتی سەرەکی ئایاریەکانی پاریس و گشت شارەکانی تری ئەورووپا بێت و چەپە نەرێتیەکانیش ،کە لە بڵاوبوونەوەی پەتای هیچگەرای سیاسی بەرپرسیاربوون ،خۆیان لەبەردەم قەیرانێ سیاسی دا دەبینییەوە و هێرشی جۆراوجۆریشیان دەکردە سەر شەقام و ئەو فیگورانەی لەدەمووەختی ئایاری 1968 دا لە پاریس و لە شارەکانی تر ڕۆژئاوا دەرکەوتن (لەپێش هەمووشیانەوە دانیێل کۆهن –بندیت Daniel Cohn-Bendit و رودی دوتشکە   Rudi Dutschke ،کە ڕابەرێ بەرچاوی قووتابیانی دەمووەختی ئایاری 68 ی بەرلینی ڕۆژئاوا بوو ).
جێگای ووتنە، ئەگەرچی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لە 1976 بەولاوە دەستیکرد بەهاتنەدەرەوە لەژێر دەسەٍڵاتی سیاسی مۆسکۆ و هەولیدا ببێتەخاوەن دیدی سیاسی خۆی بەڵام ئەم لایەنە و گەلێ ڕیفۆڕمیتریش کە ئەو پارتە لەخۆیا بەرجەستەیکرد یارمەتینەدا و مالی سیاسی کۆمۆنیزمی فەڕەنسی نەپاراست و لەڕووی سیاسیشەوە لە گۆڕەپانی سیاسی فەڕەنسی هەمیشە زال و براوەی نەکرد. چونکە گەردەلوولی سیاسی ئایاری 1968 نەک هەر تێهزرینی بۆ چەپەگەرای گۆڕی بەلکو خودی سیاسەتکردنیش گۆڕانی هاتەسەرو و کێشەی نێوان چەپڕەوی و ڕاستڕەوی تا هەنووکەش لە فەڕەنسا و زۆربەی وڵاتانی تری ئەورووپا لە قوولبوونەوە و فڕەئاقاریدایە. تەنانەت خودی ڕابەر و بیرمەند و ڕوناکبیر و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس و شوێنەکانی تری ئەورووپا پاش دامرکانەوەی بزووتنەوەی ناوبراو بەسەر بزووتنەوە سیاسی و ئیدیۆلۆژیەکانی ترا دابەشبوون. بەشێکیان لەناو پارت و گروپە سۆسیال دیموکرات و ژینگەپارێز و یان سەوزەکان خۆیان دییەوە (و دەبیننەوە) و، بەشەکەیتریشی کەوتنە (و دەکەونە) بەرەی ڕاستڕەوان و لەناو پارتە سیاسیە موحافزکار و وڵاتپارێزەکانا خۆیان بینییەوە ( و دەبیننەوە). ئەمەش دیسانەوە نیشانەیە لەسەر بەربەرینی دونیای سیاسەت و ئەو هەوێنەی لەو دونیایەدا هەیە کە هەرجارە و شتێکی لێدروستدەکرێت. وەلێ هەمیشە و لەکۆتایشدا ئەو گرووپ و دیتنە سیاسیانەی بەدی سیاسی دێنن و نایەکسانیەکان قوول و پەرتدەکەن ،بەبێگومانەوە ، زەرەری گەورەیان بەردەکەوێت و وەک هێزگەلێ سیاسی تاریک و دژەمرۆیش تەماشادەکرێن.

ئازاد حەمە/ پاریس

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.Michael M. Seidman.The imaginary revolution: Parisian students and workers in 1968. Berghahn Books .200 p.1.
2.Göksin Sipahioglu.Mai 68 : l’histoire en photos. Preface de  Bernard Kouchner. Avant – propos de Jean Bertolini. Scali، 2008، p.16.
هەروەها بڕوانە ئەم سەرچاوەیەش:
Lavabre M.C.، REY H. Les mouvements de 1968، Casterman، Paris، 1998.
3.Michael M. Seidman.The imaginary revolution: Parisian students and workers in 1968. Berghahn Books .2004. p.17.
4. Mourir à 30 ans. Un film de Romain Goupil 1982 • France • Documentaire • 97 mn • Noir & Blanc • Mode de production : Cinéma • VF
گرینگە خوێنەر فلیمی “مردن لە تەمەنی 30 سالیدا”ی  ڕۆمان گوپیل ببینێت کە لەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دەریهێناوە، کە چۆن میلیتانتە ئایارییەکان کاری سیاسی خۆیان دەکەن و تەنانەت چۆنیش دەمەقالێ ئیدیۆلۆژیەکانیان و بیربۆچوونیان لەسەر کێشە و گرفتەکان بەرباسدەخەن.
فلیمی “مردن لە تەمەنی 30 سالیدا” فلیمێکی دۆکومینتێری فەڕەنسی ڕەش و سپیە و لە سالی 1982 لەلایەن ڕۆمان گوپیل Romain Goupil لەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 و لەسەر ژیانی تووندڕەوە میلیتانتێکی چەپخوازی ترۆتسکی فەڕەنسی بەناوی میشێل رۆکاناتی  Michel Recanati،کە بە تەمەنی 30 ی خۆیکوشتوە (لە 23 ئایاری 1978 لە پاریس خۆی فرێداوەتە ژێر شەمەندەفەرەوە) ، دەرهێنراوە ، هەروەها چەند کەسانێتریش لە فلیمەکە لەماوەی سالی 1981 دا وەک شایەتحال لەسەر ئەو دەمەی ئایاری پاریس ، لێدوانییان لەتەکدا کراوە(وەک: نۆریس ناژمان  Maurice Najman، هێنری ڤێبر  Henri Weber، ئالان کریڤین  Alain Krivine).
5. بڕوانە ئەم چەند سەرچاوەیەی لایخوارەوە بۆ بینینی فۆتۆکان:
Lavabre M.C.، Rey H. Les mouvements de 1968، Casterman، Paris، 1998.
Göksin Sipahioglu. Mai 68 : l’histoire en photos. Preface de  Bernard Kouchner. Avant – propos de Jean Bertolini. Scali.
Christine Fauré. Mai 68 : Jour et Nuit .Gallimard، 1998.
 Mai 68 / préface de Daniel Cohn-Bendit. Editeur : Denoël ،2008.
6. Göksin Sipahioglu.Mai 68 : l’histoire en photos. Preface de  Bernard Kouchner. Avant – propos de Jean Bertolini. Scali، 2008، p15.
7.Arthur Hirsh. The French New Left: An intellectual history from Sartre to Gorz Boston، South End Press، 1981،pp 57-65، 66-80.
8. بڕوانە هەمان سەرچاوەی ژمارە 6 و لاپەڕەی 9.
9. بڕوانە هەمان سەرچاوەی ژمارە 6 و لاپەڕەی 10.
10.Michael M. Seidman.The imaginary revolution: Parisian students and workers in 1968. Berghahn Books .2004، 17.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.