ڕووداوه‌كه‌ی زاخۆ وه‌ك مۆدێل
ڕووداوه‌كه‌ی زاخۆ توشی شۆكی نه‌كردم به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بێئومیدی كردم كه ڕه‌نگه له خه‌یاڵی خۆمدا چانسێكم دابێت به ده‌سه‌لات كه ده‌سبه‌رداری جۆرێك له سهركێشیهكانی ببێت بۆ سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و حورمهتشكاندنی هێز و گروپ و ته‌نانه‌ت مه‌زهه‌به‌كانی تر. ئه‌وه‌ی له‌م سیناریۆیه‌ی زاخۆدا بینیم و به بڕوای من گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له فۆرمێكی دژایه‌تیكردنی شه‌قام بۆ مۆدێلێكی تری سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئیتر دوای ئه‌م ڕووداوه به‌رپرسان به‌ته‌نگ پاراستی حورمه‌تی خۆشیانه‌وه نایه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ی كه حوكمی تێدا ده‌كه‌ن. واته ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌م هێزانه هه‌ریه‌كه‌و هه‌وڵیاندابێت ناوچه‌ی ئارام بۆخۆیان بهێڵنه‌وه، ئه‌وا دوای ڕوداوه‌كه‌ی زاخۆ، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌سبه‌رداری پاراستنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان بوون له ئارامڕاگرتن و بێده‌نگكردن، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی ته‌واو ناله‌باره به‌وه‌ی كه ئێمه له‌به‌رده‌م دۆێكی ترداین، دۆخی بیحورمهتكردنی هه‌مووشت ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ی خۆت و به‌س.
ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی زاخۆ برینێكی تری له جه‌سته‌ی ئه‌م هه‌رێمه دروست كردبێت، ئه‌وا شتێكی تازه‌مان نه‌وتووه ئه‌گه‌ر بڵێین ده‌بێت خۆمان بۆ برینی نوێ و سیناریۆی نوێ و پلانی نوێ ئاماده بكه‌ین، له‌لایه‌ن ئه‌م نوخبه سیاسیه‌وه كه ئێستا كوردستانیان خستۆته نێو گالیسكه‌یه‌ك و له خه‌ره‌نده‌كه نزیكمان ده‌خه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی زاخۆ خه‌مێكی تر بێت، ئه‌وا ده‌بێت دوای ئه‌م ڕووداوه خۆمان بۆ خه‌می تر و ئازاری تر ئاماده به‌كه‌ین، چونكه له‌دوای ڕووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه ئیتر پێویستمان به‌وه نیه و ناشتوانین زه‌مه‌ن بگوازینه‌وه بۆ قۆناغی پێشتر، ئه‌گه‌ر له حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه فاشیه‌ت هاتبێته به‌رده‌رگا، ئه‌وا له‌دوای ڕووداوه‌كانی بادینانه‌وه، فاشیه‌ت هه‌نگاوه‌كانی بۆ ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه ناوه و قسه بكه‌ین چه‌قۆ ده‌وه‌شێنێت( وه‌ك ڕووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات)، قسه‌ش نه‌كه‌ین هه‌ر قامچی ده‌وه‌شێنێت( وه‌ك ڕووداوه‌كانی بادینان).
ئه‌م ڕووداوه‌ی زاخۆ دوو خاڵی گرنگمان بۆ ده‌رده‌خات كه نارێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: سیناریۆكان ئه‌وه‌نده ڕوون و ئاشكران كه شایه‌نی به‌ڵگه هێنانه‌وه نین. ئه‌گه‌ر زۆرجار وێنه، یان سكریتی ته‌له‌فزیۆنه‌كان شوێنێك بووبێت بۆ شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت، ئه‌وا له ڕووداوی زاخۆدا گرته ڤیدیۆییه‌كان زۆر به ئاشكرا ئه‌و وێنانه‌مان بۆ ده‌گوازنه‌وه كه نه پێویستی به لیژنه هه‌یه و نه لێكۆڵینه‌وه. له هیچ سه‌رده‌مێكی ئێمه‌دا بارته‌قای ئه‌م ڕووداوانه‌ی بادینان وێنه ڕاستگۆ نه‌بوو له‌گه‌ڵمان، به‌جۆرێك كامێرا ڕاستیه‌كانی بۆ گواستینه‌وه بۆ ناو شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان و په‌یجه‌كانی ئینته‌رنێت.
دووه‌م: دوای ئه‌م ڕووداوه ده‌سه‌ڵاتی كوردی چووه قۆناغێكی تری مامه‌ڵه‌ی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی خۆی. لێره‌وه ئیتر ده‌سه‌ڵات چه‌قۆ ده‌خاته سه‌ر ملی هێز و هاوڵاتیانی كۆمه‌ڵگه و ده‌یه‌وێت داوای لێبوردنیش بكه‌ن. ئه‌م مۆدێله سیاسییه ته‌نها لای ئێمه كاری پێ ده‌كرێت، جه‌للاد داوا له قوربانی بكات داوای لێبووردنی لێ بكات. لێبووردنی قوربانی بۆ قامچییه‌كانی جه‌لاد سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نوێی سیاسیه له هه‌رێمی كوردستان و له دوای ڕووداوه‌كانی بادینانه‌وه دروست ئێمه له قۆناغێكداین كه ده‌بێت پشتمان سور بێته‌وه به قامچی جه‌للاد و ناشبێت بڵێین جه‌لاد مهمان كوژه و جه‌للادیش به‌هه‌موو ده‌نگی خۆی داوا له قوربانی ده‌كات داوای لێبوردنی لێ بكات.
ئه‌وه‌ی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش له‌سه‌ر ئاستی میدیادا بینیمان ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات له‌م ده‌ڤه‌ره هیچی نه‌ماوه به‌رگری لێ بكات، ده‌ركه‌وتنی پیاوانی حزب له گفتوگۆكاندا و نه‌بوونی ستراتیژێكی قسه‌كردن و تێكه‌ڵكردنی ڕستهكانیان، فه‌قیری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌مان بۆ ده‌رده‌خات له‌ئاستی پیاوی مه‌زندا. كاره‌ساته حزبی كوردی گه‌یشتبێته قۆناغێك پیاوی عاقڵیشی نه‌مابێت قسه‌ی بۆ بكات، كاره‌ساته حزبی كوردی ئه‌وه‌نده بێ فكر و مۆراڵ و خیتاب بێت، گفتوگۆكان له شاشه‌وه بگوازێته‌وه بۆ فڕێدانی جومله‌ی ناشرین و نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ڕووسورپیشاندانی حزب به خه‌ڵك.
مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه ڕووداوی زاخۆ ببێته مۆدێلێك كه ڕقێكی گه‌وره دروست بكات به‌رامبه‌ر به خۆمان و ژیانیشمان. له‌دوای ڕووداوه‌كانی بادینانه‌وه ئه‌م هێزه بڕیاریداوه قسه بكه‌ین و بێده‌نگیش بین هه‌ر قامچییهكهی به‌كار بێنێت. من نازانم دوای ئه‌م ڕووداوانه‌ی بادینان ئه‌م هێزه ده‌یه‌وێت چ به‌ڵایه‌كی ترمان به‌سه‌ر بێنێت و چ غهوغایهك دروست بكات بۆ ده‌ركه‌وتنی ده‌نگی خۆی و چۆن ئاوه‌كه لێڵ بكات تا ڕاستی و حه‌قیقه‌ت له‌یه‌ك جودا نه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام ته‌واو بڕوام به‌وه هه‌یه له حه‌ڤده‌ی شوبات به‌دواوه ده‌نگی پێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌بیستم كه ورده ورده له فاشیه‌ت نزیك ده‌بێته‌وه و سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌بینم كه قامچییه‌كی پێیه و به قورباینهكان ده‌ڵێت داوای لێبوردنم لێ بكه‌ن.
عه‌زیز ڕه‌ئووف
azizrauf75@yahoo.com