جاده‌یه‌ك دنیای كه‌رتده‌كرد … كه‌ریم كاكه
له تاریكی‌دا خۆمان كۆكرده‌وه، من جگه له خۆم چیم هه‌یه تاكو كۆیكهمهوه! شه‌وی به‌ستی شه‌رغه تاریكستانێكه، باپیریشم كه ته‌مه‌نێك شه‌وی لێره كردۆته‌وه نه‌كه‌وتۆته شه‌وی وا تاریكه‌وه، ئه‌و شه‌وه ئێمه كه‌وتبووینه به‌ستی تاریكییه‌وه، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی دوێنێ ناوی مام عجیل بوو، ره‌نگه ئه‌وڕۆ ناوێكیدی هه‌بێ، گوتی:
((سه‌دام ئه‌ستێره‌شی له سه‌ر ئه‌و ئاقاره كوژاندۆته‌وه))
روانیمه ئاسمان، به هه‌موو لایه‌كی ئاسماندا ورد روانیم، روانینێك ئهستێرهناسانیش وه‌هایان له ئاسمان نه‌ڕوانیوه، له دڵه‌وه هیواخوازبووم، ئه‌ستێره‌یه‌ك، له‌ته ئه‌ستێره‌یه‌ك، له ئاقاری ته‌ڕوار و به‌ستی شه‌رغه هه‌ڵبێ، ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ ئه‌وه نا كه ترووسكاییه‌ك بخاته دنیاوه، ئه‌ستێره‌یه‌ك مام عجیل له قسه‌ی خۆی پهشیمانبكاتهوه، ئه‌ستێره‌یه‌ك باپیرم به درۆنهخاتهوه، له بیرمه باپیرم ده‌یگوت:
(( ئاسمانی ته‌ڕوار قه‌ت بێ ئه‌ستێره نه‌بووه،نابێ، له شه‌وانی تاریكه شه‌وێ، له چله‌ی زستانێش له كاتی به‌فر و بارانێ، هه‌ور له لایێ رۆژهه‌ڵاتێ كولانكهیهك له خۆی ده‌كاته‌وه وكهرته ئه‌ستێره‌یه‌ك نیشانی ئه‌و ئاقاره ده‌دات))
ببووره باپیره، ئاسمان كه‌رته ئه‌ستێره‌یه‌كی نیشانی ئه‌و ئاقاره نه‌دا، به‌ڵام هێشتا ئاودیوی دیوی ناهومێدی نه‌بوومه و چاوێكم هه‌ر له ئاسمانه، له به‌ر خۆمه‌وه سێوه ده‌ڵێمه‌وه:
گه‌لی براده‌رینه،
وه من ئهستێرهكم لێ ههراتیه له لای رۆژههراتێ
قه‌ت له درێ من ئاوانابێ..
وا دیاره سه‌دام ده‌ستی به سه‌ر دوگمه‌كانی ئاسمانیشدا گرتووه و ئه‌ستێره‌كانی كوژاندۆته‌وه، شه‌رغه تاریكه، بۆنی به‌هار له ترس و تاریكی‌دا بۆنێكه به ئاسته‌م ده‌ناسرێته‌وه، له تاریكاییدا كۆمه‌ڵێك تارمایی به به‌ری وڵاتی كۆیه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن، تارماییه‌ك ده‌مێ له شێوه‌ی گه‌له‌گورگ و ده‌مێك له شێوه‌ی رهوه مامز له تاریكایی ئه‌و هه‌ورازه‌ی جارێ نازانم ده‌مانباته‌وه كوێ، له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدایه، كه‌سێ نه‌بوو وێنه‌ی ئه‌و شه‌وه بگرێ، تا دیاربا له گورگی هه‌ڵاتوو ده‌چین یان مامزی راونراو! دوای ساڵانێكی زۆر ئێواره دره‌نگانێ له نیوه مهستبوونێكدا ئه‌و شه‌وه بێ ئه‌ستێره‌یه و گورگ و مامزم هێنایه سه‌ر مێزی پڕ له پێك، مه‌ستێك گوتی:
ئێوه ئه‌وده‌مه‌ی به ههورازهكهدا هه‌ڵده‌گه‌ڕان، گه‌له گورگ بوون..
مهستێكیدی گوتی:
نه‌خێر، ئێوه رهوه مامز بوون
له‌و مه‌ستتر هه‌ڵیدایێ:
من ده‌ڵێم ئه‌و شه‌وه گورگ و مامز به ته‌نیشت یه‌كه‌وه..
له هه‌مووان مه‌ستتر:
گورگ و مامز پێكه‌وه؟!
ئێره وام بیست بایزاغای ناوه، له به‌هار هه‌ڵیداوه، نه‌ده‌بوو بایزهكه بێ ئاغا با؟ لێم روون نیه به‌ڵام ده‌بێ پرسیارێكی وام كردبێ، چونكێ پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌مزانی ناوی چی بوو، دواتریش نه‌مدیته‌وه،وه‌ڵامی دایه‌وه: ((نا، ده‌بوو پێوه‌ی بێ)) به من با ئێره بایزهسه با نه بایزاغا، بۆ هێنده له ئاغایان داخ له دڵ بووم! ره‌نگه دژه ئاغایی بۆماوه‌یی بێ له باپیرمه‌وه بۆم مابێته‌وه، هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی جگه‌رخوێن و قانعم له‌به‌ر بوو كه له تیلاكی ئاغایان ده‌دا..باره‌گای بایزاغا چه‌ند غه‌ره به‌ردێكی سه‌ر به نازانم چی گیراوه، دیاره باران ده‌گێڕێته‌وه، باره‌گا له دوو لاوه په‌نایه و ره‌نگه تۆپ نه‌یگرێته‌وه، خۆزگه دوو لاكهیتریش په‌نا ده‌بوو، یان دنیا هه‌ر دوو لای هه‌با، ئه‌دی چ له ئاسمان بكه‌ین! مام عجیل ده‌یگۆت:
خودایه، ئه‌و ئاسمانه وێرانبكهی و نه گیاندار نه بێ گیانی تێدا نه‌ژی…
پێشمه‌رگه‌یه‌ك: خه‌مت نه‌بێ، ئاسمان وێرانیش بێ، بێ كۆپته‌ر نابێ
له هه‌ر پێنج لای دنیاوه گرموهۆڕه، ئاسمان وێران نه‌بێ! به‌ڵام وێرانبوونی ئاسمان كار له نانخواردن ناكات، هێشتا به‌هاریشی نهژاكاندووه،پێشمه‌رگه دوو دوو لێره‌و له‌وێ له كه‌سكایی به‌هارله سه‌ر چیچكان دانیشتوون، شتێك ده‌خۆن نازانم چیه، خواردم و نه‌مزانی چیه، خواردنێك نازانم له كوێ خڕیانكردبۆوه، خواردنێك نه به كه‌وچك نه به ده‌ست خڕنهدهبۆوه و نه‌ده‌گه‌یشته زار، خواردنێك ئه‌گه‌ر برسێتی نه‌ده‌بوو كه‌ر بۆنی كردبا هێڵنجی ده‌هاتێ، ئه‌رێ كه‌ر كاتێ بۆنی ته‌رسی خۆی ده‌كات، بۆچی هێڵنج نادات؟! ئه‌ها كه‌ره سپی له نزیك كورتانهكهی تهرسێكی كرد، هه‌ڵمی لێهه‌ڵده‌ستێ و به گه‌رمی بۆنێكی پێوه‌ده‌كات و رووی كرده ئاسمان، پێده‌چوو بۆنه‌كه‌ی گه‌یشتبێته لووتان، ئه‌وه‌تانێ ئه‌و كوڕه‌ی به مولازم هه‌ژار بانگیانكرد، لووتی ده‌گرێ و دوورده‌كه‌وێته‌وه، قسه‌یه‌كم پێیه بۆ ئه‌و مولازمه، به‌ڵام ناچمه لای، تا ورد له كه‌ره سپی و خاوه‌نه‌كه‌ی وردنهبمهوه، ئه‌رێ ئه‌و پیاوه بۆچی ناوی سۆفی كه‌ریم بوو! ئه‌و ناوه‌ی نه‌با چ پێنه‌ده‌چوو له یاده‌وه‌ریی مندا جێیه‌ك جێبهێڵێ، كه‌ر سپی سپی، كه‌ری وا سپیم نه‌دیتبوو، وه‌خته بڵێم سپێتی كه‌ر له سپێتی ردێنی سۆفی كه‌ریم سپیتره، ئه‌و كه‌ره هه‌بێ نه‌بێ هه‌ر ئه‌و كه‌ره‌یه كه باپیرم هێند باسی كردبوو، له چاوم ره‌نگی گرتبوو، سۆفی كه‌ریمیش هه‌ر ئه‌و سۆفی كهریمهیه كه باپیرم منی به ناوی ویه‌وه كردووه، هه‌وه پیاوێكی ره‌شتاڵه‌ی كه‌ڵه‌گه‌تی باریكه‌له‌ی چه‌نه‌گه درێژی لووت به‌رانیی گوپنی چاو كه‌مێك قووڵی ریش پڕی له به‌فر سپی‌تر، هه‌وه ئه‌و پیاوه ئه‌و پیاوه‌یه كه باپیرم ده‌مێكه سیمای به من ناساندووه، هه‌وه سوێنددهخۆم هه‌وه، هه‌مان كه‌ر و كه‌ریمه، ئه‌و پیاوه ئه‌و سۆفیه‌یه هه‌ر زوو ده‌ستبه‌رداری ئاوه‌دانی بووه و به خۆ‌و كه‌ری سپیه‌وه به كه‌ند و له‌ندان كه‌وتووه، ده‌ڵێن جارێك له خه‌ونێكدا كه‌ره‌كه‌ی خۆی له پشتێ كردووه، له دوای ئه‌و خه‌ونه‌وه ببڕایببڕ سواری پشتی كه‌ره‌كه‌ی نه‌بووه، ته‌نها دێمكه ئاوێك و تووره‌گه‌یه‌ك و جۆڕكێكی لێی باركردووه، ئه‌ها ئه‌وه‌تا دێمكهكه به كورتانهكهوهیه، باپیرم ده‌یگوت:
((سۆفی كه‌ریمی بابم كه‌ره‌كه‌ی له خۆی خۆشترویستووه، هه‌رگیز برسی و تینووی نه‌كردووه، له هه‌ر جێیه‌كیش لای دابێت و پشووێكی دابێت، ده‌ستی به ئاوگهیاندبێت، ده‌ستنوێژی هه‌ڵگرتبێت، تا كورتانی له پشتی كه‌ر نه‌كردبێته‌وه، پێڵاوی له پێی خۆی دانهكهندووه..))
باپیرم و چه‌ند پیرێكیدیش ده‌یانگوت: ((سۆفی كه‌ریم هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ی خۆی ناسیوه تا رۆژی مردنی كه مردنێكی زۆر كتوپڕ بووه،ته‌نها دوو نوێژی چووه، له بری ئه‌و دوو نوێژه چووهش هه‌زار نوێژی پتر كردۆته‌وه به‌ڵام پێیوابووه نوێژی چوو به چ نوێژان پڕ نابێته‌وه))
له بیرمه باپیرم جارێك به منی گوت:
((بابت زۆر له بابم ده‌چێ، یاخوا تۆ پتر له‌و بچی))
بابم سۆفی نیه، به‌ڵام پڕه له سۆفیگه‌رێتی، هه‌وه، ئه‌و سۆفی كه‌ریمه‌ی وا له نزیك كورتانی كه‌ره‌كه‌ی دانیشتووه، باپیری بابمه، به‌ڵام دوای حه‌فتا هه‌شتا ساڵێك چی بێره‌ی گه‌یاندووه! دۆناودۆنه! وه‌خته باوه‌ڕ به دۆناودۆن بێنم! باپیرم بابی خۆی زۆر خۆشویستووه، نه‌نكم گۆته‌نی ناوه‌كه‌ی له دڵی خۆی پاراستووه و نه‌یویستووه له ده‌ستبچێ، به فیڕۆبچێ، هه‌ڵیگرتووه، دڵی نه‌هاتووه یه‌كێ له نه‌وه‌كانی به ناویه‌وه بكات نه‌وه‌ك به تۆزی پێی نه‌گات و ئه‌و ناوه ئاسمانیه كه هه‌ر له بابی دێت به هه‌وه‌نته بڕوات، ده‌ڵێن حه‌فت شه‌و پێشه‌وه‌ی من له دایكم بهربمهوه، سۆفی كه‌ریم هاتۆته خه‌ونی باپیرم و پێیگوتووه:
((كوڕم چیدی ناوه‌كه‌م له ناو بالیفهكهت هه‌ڵمه‌گره و بیده ئه‌وه نه‌وه‌یه‌ی وا له رێیه..))
باپیرم یه‌كسه‌ر ده‌ڵێته دایكم:
ئه‌و كوڕه‌ی ناو زگت ناوی كه‌ریمه..
دایكم هۆپێك له خۆی ده‌زانێ و ده‌ڵێ:
مامه، تۆ چوزانی كوڕه! ئه‌گه‌ر كوڕِ نه‌بوو
باپیرم ده‌ڵێ:
سۆفی كه‌ریمی بابم به زیندوێتی درۆی نه‌كردووه به مردوویی ده‌یكات!!
باپیره، بۆ وات كرد! كه‌س نه‌ما منت به ناوی بابته‌وه ناودێركرد، خۆ من تا ئێستا دوو نوێژم نه‌كردووه، با واز له كه‌ره سپی و سۆفی كه‌ریم بهێنم و بچمه لای مولازم ههژاركه كوڕێكی باریكه‌له‌ی وردیله‌ی قۆزه، جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك به‌ستاوه، كه‌م كه‌س ده‌زانن جه‌مه‌دانی وا جوان ببه‌ستن
+ هاوڕێ كووی؟
– سوپاس، باشی، ده‌ڵێی تازه له شاره‌وه هاتوویت
+ به‌ڵێ، نامه‌یه‌كم بۆ هێنابوویت به‌ڵام له رێ فه‌وتا..
نامه‌كه‌م له دڵشادێكهوه هێنابوو، دواتر حه‌یرانێكی به خۆیه‌وه لكاند و حه‌یرانی گوت و بووه دڵشاد حه‌یران، ئه‌و نامه‌یه هه‌ر ئه‌و نامه‌یه بوو كه له ترسی جاشه‌كانی كه‌ریم خان له به‌رزاییه‌كانی نزیك دیگه‌ڵه خستمه بن به‌ردێك، بیست ساڵێك دواتر رێم به‌و جێیه كه‌وته‌وه، منداڵانه به دوای نامه‌كه‌دا گه‌ڕام، ئێوه ده‌زانن گه‌ڕانی منداڵانه چ چێژێكت ده‌داتێ! گه‌ڕام زۆر گه‌ڕام به دوای نامه چوكلێتیهكهدا گه‌ڕام، نامه‌كه زۆر له چوكلێت ده‌چوو، چوكلێتانه پێچرابوو، حه‌ڤده ساڵێك دواتر رێم كه‌وته‌وه ئه‌و رێیه تراكتۆریهش كه له جاده‌كه ده‌بێته‌وه، ئه‌و جاده‌یه‌ی دنیای كه‌رتده‌كرد، ئه‌و جاده‌یه‌ی ره‌نگه ئه‌و شه‌و خۆ لێده‌ین، ئه‌و شه‌وه‌ی له نیوه‌رۆی بایزاغاوه چاوه‌ڕێی هاتنی ده‌كه‌ین..
ماڵاوا باره‌گای دیوی هه‌ڵه‌تی بایزاغا، ماڵاوا كه‌ره سپی و سۆفی كه‌ریمی نازانم كێ و له كوێوه هاتووی بۆ كوێ چوو، ماڵاوا ئاقاری به‌ستی شه‌رغه، ئاقاری پڕ هه‌ڵه‌ت و هه‌ڵدێر و باسكی پووزی وباسكی و گه‌ردنی و خهناوكهیی و بازنی وخڕخاڵی و تێر له زوورگی خه‌نه‌یی، ته‌ماشاكه‌ن له‌و كهسكاییه به‌هارییه زوورگه‌كانی چه‌ند خهنهیین، چه‌ند له قژی نه‌نكم ده‌چن، له‌و به‌رزاییه‌وه له نزیك كێلێك كه له ناو گیادا لاربۆتهوهو سه‌ری به‌قه‌دی بنهدارێكی كورته‌بنه كردووه، وه‌ك كێل راوه‌ستاوم ده‌ڕوانمه ئاقاری گوڵگوڵی و خه‌نه‌ییی به‌ستی شه‌رغه و ته‌ڕوار، ده‌ڵێی دڵم ده‌ڵێ نایانبینمه‌وه، ئێره گۆڕستانێكه به كێلهكانیهوه دیاره كۆنه زۆر كۆن، ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه له ترسی كۆپته‌ر خۆیان ده‌خیلی كێڵی گۆڕه‌كان و ئه‌و بنهدارانه كردووه كه كهپرن به سه‌ر گۆڕه‌كانه‌وه، بیستم تا تاریك دادێ لێره ده‌مێنینه‌وه، له‌و ده‌سته‌یه پێشمه‌رگه‌یه‌ك به سیمای كتومت خۆیه‌وه تا ئێستا له بیناییم ماوه‌ته‌وه، كوڕێكی ره‌شتاڵه‌ی رهقهلهی كورتیله‌ی ده‌موچاو كه‌مێك خواروخێچی خوێن شیرین، زۆر شیرین، من زۆر به شیرینی دیتم، ئه‌و كوڕه دێده‌وانی ده‌ڵێنێ، هه‌ندێك سهرهاتیان لێیدهگێڕایهوه، هێنده‌ی له شۆخی و بۆ خۆشی ده‌كرده‌وه نیو هێنده به لای راستیه‌وه نه‌ده‌چوو، دواتر پێكه‌وتم هه‌ر رسته‌یه‌ك له باره‌ی دێدهوانهوه گوترابێت نه لێكردنه‌وه نه پێوه‌نانی پێوه نه‌بووه، سه‌ر ئه‌و گۆڕستانه هه‌ر جێی گێڕانه‌وه‌ی یه‌ك سه‌رهاتی دێده‌وانی لێده‌بێته‌وه:
دهرۆزهكهرێكی جل شڕی شهپڕهلێدراوی ده‌و خوار له پێش ده‌رگای دادگای هه‌ولێر ده‌سته‌سڕێكی راخستووه، كه‌م كه‌س هه‌یه به پێشیدا رابرێ و ده‌ست نه‌خاته گیرفانی، دهستهسڕهكه ده‌بینن! ئه‌و هه‌موو خورده‌یه، مووچه‌ی حه‌فت پێشمه‌رگه‌ی لێبده هێشتا ده‌مینێته‌وه، له بیرمانبێ ئه‌و ده‌مانێ دێده‌وان له پێشمه‌رگایه‌تی مانگی پێنج دیناری وه‌رده‌گرت، ئێ ده‌رۆزه‌كه‌ر به ده‌ردی مام عجیل گۆته‌نی له‌قه له ده‌سته‌سڕی پاره و به‌خت ده‌دا، ده‌بینێ جاده‌ی پێش دادگا مه‌یله‌و چۆله، تڕومبێلێك دێ و راده‌گرێ، ده‌رۆزه‌كه‌ر ده‌یناسێته‌وه، پێشتر چه‌ند جارێكی دیوه، هه‌وه، به هه‌ڵه نه‌چووه، ئهمنهكهیه، ده‌رۆزه‌كه‌ری شهپڕهلێدراوه پڵنگ ئاسا په‌لاماری ده‌دا و ده‌مانچه له بن گوێی راده‌گرێ، چه‌كی ده‌كات هه‌ڵیده‌داته خوارێ و پێ لێده‌نێ، له‌و هه‌موو بازگه‌یه چۆن ده‌رده‌چێ!! ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای سهرهاتێكیتره..
له لای قهرهچووخێ هه‌ورێكی تیری هێنا، پێده‌چێ بارانی پێبێ، به‌هاری ئه‌وساڵ وه‌ك چ ساڵان نیه، به‌هاره‌كه‌ی گه‌له‌ك به بارانه، هه‌ر په‌له هه‌ورێك رووبارێك باران ده‌ڕژێنێ، هات دنیای تاریك كرد، له‌و ده‌مه پێشمه‌رگه‌یه‌ك تێیههڵكرده گۆرانی:
هه‌ورێكی هێنا بارانی پێیه
خودا نه‌بارێ یارم له رێیه
خودا، دانه‌كاته بارانێ، ده‌نا دایكم گوته‌نی ده‌بینه جله كه‌ر، گه‌یشت، هه‌وری قه‌ره‌چووخ گه‌یشته به‌ستی شه‌رغه، بنی روونكرد، نازانم كێ بوو دوعای گیر بوو، هه‌وره‌كه رێی باواجی گرته‌به‌ر، لێره جوێنی جوتیاره‌كه‌ی ده‌شتی هه‌ولێرم بیركه‌وته‌وه كه به هه‌وری دابوو، ئه‌ها سێ چوار په‌له هه‌وری دوور لێكدی په‌یدابوونه‌وه، په‌له‌م لێمه‌كه‌ن تا نه‌زانم رووه‌و كوێ ده‌چن و چ ده‌كه‌ن! جوونی جوتیاری ناگێڕمه‌وه، چ زوو قژیان تیكدی ئاڵا! ئه‌وه چ ده‌ستێكی جادووییه ئه‌و په‌له هه‌ورانه‌ی به یه‌كتر گه‌یاند و به‌ری ئاسمانی گرت! ئه‌ها ده‌پرووشێنێ، ئۆی چ بههارییهكه ئه‌و ده‌شت و ده‌ره، باران نم نم به سه‌ر كهسكاییدا داده‌كات، دنیا ده‌ڵێی كهپرێكه له جوانی و له بینایی هه‌ڵدراوه.. ئه‌و ده‌مه‌ی له سه‌ر به‌ستی به‌ستی شه‌رغه دانیشتبووین، مام عجیل ئه‌وها جوونهكهی گێڕایه‌وه:
(( جوتیاره‌كه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر ده‌یدیت، هه‌ر هه‌وره له قهرهچووخهوه داده‌به‌زێ، نه‌وی نه‌وی خه‌ریكه زگ له سه‌ر زه‌ویه تهریفهبووهكهی وی ده‌خشێنێ، بێئه‌وه‌ی برووسكه‌یه‌ك بدات، گرمه‌یه‌ك بكات، تنۆكه ئاوێكی له دهستبێتهوه، زوو به‌رزده‌بێته‌وه هه‌ر له به‌ستی شه‌رغه ده‌په‌ڕێته‌وه دهبرووسكێنێ و ده‌گرمێنێ داده‌كات، له‌و ده‌مه جوتیاری تووڕه له ئاسمان روو له هه‌وری سه‌رهه‌ڵگرتوو ده‌كات و ده‌ڵێ: ((هه‌وری به‌دنمه‌ك، بڕۆ له‌وێ ببارێنه، هه‌ی كیری وراتی كۆیێت به قوونی))
ئێستا ئه‌گه‌ر مام عجیل لێره‌با جوونهكهی به تامتر ده‌گێڕایه‌وه، خۆزگه له‌گه‌ڵمان ده‌بوو، حه‌زده‌كه‌م سه‌د مام عجیلمان له‌گه‌ڵ بێت، ده‌ترسێم، ئه‌و رێیه ده‌مترسێنێ، هه‌ست به ته‌نیایی و چۆله‌وانی ده‌كه‌م، ژماره‌مان كه‌مه له چاوی منه‌وه كه‌مه، دێده‌وان وه‌ك بڵێی له چاوم دڵمی خوێندبێته‌وه، نازانم رووی له كێ بوو، گوتی:
((چه‌ندی كه‌م بین په‌ڕینه‌وه ئاسانتره))
له دڵی خۆم گوتم: ره‌نگه وا بێ، به‌ڵام دڵی من وا ناڵێ…
ئه‌و گونده كاوڵبووهی كه‌وتۆته به‌ری ئێمه‌وه، (سماقشیرین) ی ناوه، سماق و شیرین! له‌و به‌ریشه‌وه گوندێك هه‌یه، بچیه سه‌ر ئه‌و تهپۆلكهیه ره‌نگه جوان لێته‌وه دیار بێ، (گۆمه‌تاڵ)ی ده‌ڵێنێ، ئه‌و تاڵ و شیرینه هێنده لێكدی دوور نبن، له نێوان ئه‌و دوو گونده جاده‌یه‌ك هه‌یه، دنیا ده‌كات به دوو كه‌رته‌وه، ئه‌وڕۆ له ئه‌ندێشه‌ی مندا دنیا دوو كه‌رته، كه‌رتێك له‌م به‌ر، به‌ری سماق و كه‌رتێك له‌و به‌ر، به‌ری گۆم، ئه‌ها ئه‌و جاده‌یه، به دووربین جوان دیاره، دنیای كه‌رت كردووه، ده‌ڵێی ده‌نگی كۆپته‌ر دێ، وابزانم كۆپته‌ره، پێشمه‌رگه په‌رته‌یان لێ‌كرد و هه‌ریه‌كه خۆی دایه په‌نا دره‌ختێك، به‌ردێك، ده‌نگی تۆپیش دێ، له‌كوێوه دێ! نازانم، ترسام، وابزانم ترسانهكهشم پتر له بێ چهكییهوه بوو، به‌ڵام خۆ چهكهیشم هه‌بێ نازانم بهكاریبێنم! ئای زوو شه‌و داهاتبا و له جاده‌مان دابا له‌و چیایه ئاودیو باین، ئای ئه‌و دیوی چیا ده‌بێ بتگه‌مێ! من زۆر له‌و جاده‌یه ده‌ترسم، جاده‌ی هه‌ولێر- كۆیه جاده‌ی سه‌رهاته ترسناكهكانه، جاده‌ی بۆسه و ته‌ڵه‌یه، تازه جاشان له‌و جاده‌یه مه‌شقی كوشتن ده‌كه‌ن، جاشی كێ له‌و جاده‌یه گولله‌ی به پێشمه‌رگه و شوان و جوتیار و شێته‌وه نه‌ناوه! هه‌ر له جاشه‌كانی كهریمخانهوه بگره تا ده‌گاته‌وه حاشهكانی قاسماغا! ئه‌و هه‌موو وێنه تراژیدیه چیه به‌و سه‌ر له ئێواره‌یه به درێژایی ئه‌و جاده درێژه پڕ له هه‌وراز و نشێوه پێچاوپێچه، به به‌ر چاوهمهوه جارێ سه‌ره‌و سه‌رێ حارێ به‌ره‌و خوارێ به دوای یه‌كدا ده‌ڵێی تڕومبێلی دوای دارهبازهن سه‌ریان له دوای یه‌كتر ناوه، تازه‌ترین وێنه به‌ر له چه‌ند رۆژێ له‌و خواره، لێره‌وه دیار نیه، گیرا، جاشه‌كانی كه‌ریمخان ئه‌و وێنه‌یان گرت، وێنه‌كه‌م له سه‌رهاتی ((بڕنۆ)) نیشانداوه‌ته‌وه، ئێستا با ته‌ماشای كۆنترین وێنه بكه‌ین:
منداڵ بووم، له‌گه‌ڵ بابم له‌و نزیكانه خۆمان دابووه په‌نا به‌ردێك، هه‌ڵه‌م نه‌كردبێ، ئه‌ها ئه‌وه به‌رده‌كه‌یه، وه‌ك خۆی ماوه، له شوێنی خۆی ههڵنهكهنراوه، ئێستاش ده‌ڕوانێته جاده، هه‌وه به‌رد هه‌مان به‌رده و نه‌گۆڕاوه، به‌رد چ نه‌گۆڕه! بابم به نیازی ئاژه‌ل كڕین هاتبووه ئه‌و ناوه، دیتمان له‌و خواره نزیك جاده به‌دیوی ئێمه، دیوی سماق، سماقی تاڵ نه‌وه‌ك شیرین، من ئێستاش به ده‌ممدا نایه به‌و گونده بڵێم سماقشیرین، هه‌ر ده‌ڵێم سماقتاڵ، ده‌زانن چ تاڵیهكی رژاندۆته یاده‌وه‌ریی منه‌وه! كۆمه‌ڵێك جاش ده‌وری دوو پیاویان دابوو، نه‌مانزانی چین، تفه‌نگیان له سه‌ر سینگ راگرتبوون، ئێستاش ده‌نگی ته‌قه‌ی ئه‌و ده‌و جاده‌یه ته‌قه‌ی جاشهكانم له گوێ ماوه، به‌ڵام به‌ربوونه‌وه‌ی دوو پیاوه‌كه‌م به چاوی خۆم نه‌دیت، چونكێ له‌و ده‌مه بابم ده‌ستی خسته سه‌رچاوم و رووی وه‌رگێڕام، له بیرمه پرسیم:
+ بابه، كوشتیان؟!
– نا، ترساندنیان..
بابم ده‌ستمی گرت و هه‌ڵه‌ت هه‌ڵه‌ت به ئاراسته‌ی به‌ستی شه‌رغه هه‌ڵاتین، دێته بیرم له بابم بهغارتر بووم، له پێشه وی هه‌ڵده‌هاتم، ئێستاش ده‌نگی بابمم له گوێیه كه له ساته‌كانی ههڵاتنێ چه‌ند جارێ له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوته‌وه:
بهدبهختینه، هه‌ر له جاده‌كه ئاودیو بان، به دیوی گۆمهتاڵدا واتان به سهرنهدههات..
خۆزی بابه وه‌ك چۆن چاومت گرت، گوێیهكانیشمت داده‌خست، به‌و منداڵیه گوێم له ته‌قه‌ی جاشان نه‌دبوو، چ تۆقێنه‌ر بوو ته‌قه‌ی تفه‌نگی جاشان، ره‌نگه هه‌ر به هۆی ئه‌و یاده‌وه‌ریه تاڵه‌ی منداڵیه‌وه بێ، ئێستاش هێنده‌ی له ته‌قه‌ی جاش ده‌ترسم نیو هێنده له هی سه‌رباز نه‌ترسێم، من له‌و ده‌مه‌وه له قسه‌كه‌ی بابم و دواتریش له وێنهكانیترهوه پێموایه ئه‌و جاده‌یه دنیا كه‌رت ده‌كات، قسه‌كه‌ی نه‌نكیشم بیناچێتهوه كه ئێستا له هه‌موو كاتێ پتر له گوێم ده‌زرینگێته‌وه:
(( كه باپیرتیان راوده‌نا تا هه‌واڵ ده‌هات گه‌یشتۆته ئاقاری گۆمه‌تاڵ ده‌ستم له سه‌ر دڵم بوو، له‌وه به‌دوا دڵم ئاوی ده‌خوارده‌وه، ده‌مزانی ئیدی هه‌رچی جه‌ندرمه‌ی دنیایه له دووی بن، نایگه‌نێ))
كه‌رتی ترس و مه‌رگ كه كه‌رتی سماقهتاڵهكهی، كه‌رتی ئارامی و ژیانیش كه كه‌رتی گۆمهكهیه ئه‌و گۆمه‌ی به هه‌ڵه تاڵی پێوه‌یه..
رۆژ له سه‌ر ئاوابوونه، چه‌نده په‌له هه‌ورێ له ئاسمانی هه‌ولێرێ زهردهپهڕێكی نازداریان به دنیا به‌خشیوه، به‌ڵام حه‌یف ترسی په‌ڕینه‌وه و وێنه تراژیدیه‌كان رێناده‌ن رێی خه‌یاڵ بچێته‌وه باوه‌شی جوانیی سرووشت و چێژی زه‌رده‌په‌ڕ و كه‌سكایی به‌هار به‌و هه‌موو ره‌نگ وگوڵهوه بڕژێته دیده‌وه، له‌و ئێواره‌یه ئێواره‌ی په‌ڕینه‌وه له‌و جاده‌یه‌ی دنیای كه‌رت ده‌كرد،حه‌ڤده هه‌ژده وێنه‌ی تراژیدی به ره‌نگاوره‌نگی و به ده‌نگ و ره‌نگه‌وه به به‌ر چاومه‌وه ده‌هاتن و ده‌چوون، من لێره له نێوان تازه‌ترین و كۆنترین وێنه ته‌نها یه‌ك وێنه نیشانده‌ده‌مه‌وه كه ئه‌ویش زۆر كۆنه و هی ساڵی به چیاكهوتنهوهیه، ئه‌و ساڵه‌ی له شه‌وێكدا كه‌م پیاوی هه‌ولێر له ماڵه‌وه مانه‌وه، هه‌موو رێی چیایان گرته‌به‌ر، ئه‌و شه‌وه من ئه‌گه‌ر كه‌مێك گه‌وره‌تر بام، به‌گه‌ڵ پیاوان ده‌كه‌وتم، ئێ، هه‌واڵ به كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه بڵاوه بۆوه، گه‌یشته ماڵ ماڵ، ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه كه‌وتوونه‌ته كه‌مینه‌وه وكهسیان ده‌رنه‌چوونه، له كوێ؟ له‌و جاده‌یه‌ی من ناوم ناوه جاده‌یه‌ك دنیای كه‌رت ده‌كرد، به‌لام لێره نا، له نزیك سماق و گۆمه‌كه نا، له‌ولا، له خوارێ، له ئاقاری (باخچه) ئه‌و باخچه‌یه‌ی به‌هاره‌كه‌ی له هه‌موو جێیان پتر گوڵ ده‌گرێت، ژنه‌كه‌ی سه‌عید ده‌یگوت:
((ئه‌گه‌ر تا حه‌فت ساڵیش باران نه‌بارێ، ئاقاری باخچه چۆڕه ئاوێك نه‌بینێ، بێ گوڵ نابێ، خوێنی مێرده‌كه‌ی من كه‌سكایی ده‌به‌خشێته حه‌فت به‌هاری بێ باران، هه‌رچی گوڵ هه‌یه له خوێنی مێرده‌كه‌مه‌وه ده‌ڕوێ))
من به‌وه زانیم سه‌عیدیش له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی به سه‌ر بۆسه‌دا كه‌وتووه، براكه‌ی كه ماڵیان به ماڵی ئێمه‌وه بوو، گوێم له گریانی بوو، من له سه‌ر بان خه‌ریكی كۆتر هه‌ڵدان بووم، ئه‌و له حه‌وشه ره‌نگه له بن بێراییهكه دانیشتبووبێ، ده‌گریا، به كوڵ ده‌گریا، له برا رۆی دابوو، ئه‌وه‌شم له بیره ژنه‌كه‌ی ده‌یگوت:
((لۆ خاتری خوا، ده‌نگت نزمبكهوه، خه‌ڵك گوێیان لێیه، تووشی به‌ڵایه‌ك ده‌بی))
به قسه‌ی ژنه‌كه‌ی تووشی سه‌رسامی نه‌بووم، چونكێ پێشتر بیستبووم، نابێت كه‌س بۆ كوژرانی پێشمه‌رگه بگریێ ، هه‌ركه‌سێ بگریێ، حكومه‌ت ده‌یگرێ، دوای چه‌ند رۆژێ رێدرا كه كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌كان بچن ته‌رمه‌كان بێننه‌وه، دواتر بیستم ته‌رمه‌كان وه‌ها شێوێنرابوون،كه‌م كه‌س توانی بووی كه‌سی خۆی بناسێته‌وه، براكانی سه‌عید هیچیان براكه‌یان نهناسیبۆوه، ژنه‌كه‌ی سه‌عید گوتبووی: ((من ببه‌ن، ده‌یناسمه‌وه)) ناسیبوویه‌وه، دایكی ئازاد به جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی سه‌عیدی ناسیبوویه‌وه، گوتبووی:
((چه‌ند رۆژێ به‌ر له‌وه‌ی سه‌عید بچێته‌وه چیا ده‌ستم به گورینگرێژكردنی جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی كردبوو، ده‌ستم بشكێ جێ بستێكی مابوو بیچنم ، له سه‌ری كرد و رۆیشت، ده‌مویست له ده‌رفه‌تێك بگه‌مه لای و ته‌واوی بكه‌م، بیناییم بڕژێته بن پێم، ته‌رمه‌كه‌یم به جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی ناسیه‌وه))، ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌و منیش به ده‌رده‌كه‌ی سه‌عید چووم، به چی ده‌ناسرێمه‌وه؟ كێ ده‌مناسێته‌وه؟ خۆ ئێستا وه‌ك ئه‌وده‌م نیه، ته‌رمی پێشمه‌رگه به كه‌سوكار نادرێته‌وه!! حه‌ڤده ساڵ دوای مه‌رگی سه‌عید، رێك له‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر رابوو، ئازادی كوڕی سه‌عید، لههڵمهتی برده سه‌ر باره‌گایه‌كی ئه‌و حكومه‌ته‌ی ته‌رمی بابیان شێواند و جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی نه‌با نه‌ده‌ناسرایه‌وه، له‌وێ له تۆڵه‌ی بابی ده‌ستی خۆی وه‌شاند، بریندار بوو، من سه‌ردانیم كرد، ماڵیان هه‌ر له جێی جاران بوو.. دوای سی و حه‌فت ساڵ له مه‌رگی سه‌عید رێم كه‌وته ئه‌و جێگه‌یه‌ی سه‌عید لێی كه‌وته بۆسه‌وه و تیا چوو، خوشكی گه‌وره‌م كه ده‌سته خوشكی ژنی سه‌عیده،له‌گه‌ڵم بوو، زۆر به وردی سه‌رهاتی جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی بۆم گێڕایه‌وه و دوا رسته له‌و گێڕانه‌وه‌یه رایچلهكاندم، راچلهكینێك تا دره‌نگ به‌ری نه‌دام، دوا رسته: (( دایكی ئازاد تا ئێستاش جه‌مه‌دانیه خوێناویه‌كه‌ی پاراستووه!)) ئه‌و جه‌مه‌دانیه ته‌مه‌ن سی و حه‌فت ساڵه چیرۆكێكه گێڕانه‌وه و چنینه‌وه‌ی له توانای من نیه.
تاریكی به نیشتن نیشته سه‌ر جاده، ئێستا ده‌می په‌ڕینه‌وه‌یه له كه‌رتێكی دنیاوه بۆ كهرتهكهیدی، چاو به ئاسماندا ده‌گێڕم، به دوای ئه‌ستێره‌كه‌ی باپیرمدا ده‌گه‌ڕێم، هه‌ڵنه‌هاتووه، پێشمه‌رگه‌یه‌كی خڕكهله، هێشتا تاریكی خركهلهیی و باریكهلهیی پێشمه‌رگه‌كانی نه‌شاردبۆوه، فه‌رمانی دا: (( كه‌س جگه‌ره پێنه‌كات))، چ فه‌رمانێكی جه‌رگبڕ بوو! به هه‌ڵه نه‌چووبم، له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ئه‌و فه‌رمانه كه‌مێك له پێشمه‌رگایه‌تی ساردبوومه‌وه، هێشتا چه‌كم وه‌رنه‌گرتووه سارد ده‌بمه‌وه!! ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه چه‌ندی مێشكم ده‌گوشم و فه‌رمانه قورسه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی بیرخۆم دێنمه‌وه، فه‌رمان له‌و فه‌رمانه قورس‌تر نابینمه‌وه، ره‌نگه ئه‌وه یه‌كه‌م فه‌رمانی راسته‌خۆ بێ له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیم بۆیه بیرناچێته‌وه، كالنابێتهوه، ره‌نگه پتریش بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، له كاتی فه‌رمانه‌كه من ده‌ستم له پاكه‌تی جگه‌ره‌كه‌م بوو، ده‌مویست جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنم، ئاخر وێنه‌كانی ده‌و ئه‌و جاده‌یه ئه‌و وێنانه‌ی به دوای یه‌كدا وه‌ك چۆن ئێستا ئێمه به‌دوای یه‌كدا خه‌ریكه هه‌نگاوی په‌ڕینه‌وه ده‌هاوێژین، ئه‌وها به به‌ر چاومدا دێن و ده‌ڕۆن، وێنه‌كان زۆریان ماندوو كردبووم، ویستم له دووكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌ك پشوو بده‌م، پێشمه‌رگه خركهلهكه نه‌یهێشت..
یه‌ك له دوای یه‌ك، ریزه میرانه، من وابزانم له‌و زنجیره نه‌پساوه‌یه كه ده‌نگی پێ به یه‌كه‌وه‌ی به‌ستووین، نه‌ك تاڵی بینایی، زۆر له دواوه نیم، له‌و رێیه چاو رۆڵی نیه، له‌و رێیه نابینایه‌ك و چاوساخێك هاوڕێ بن، چاو ساخهكه نابیناكه پێش خۆی ده‌دات، هێشتا سه‌ر له ئێواره‌یه ئه‌و تاریكیه له كوێوه هات! ئای باپیره، ئهستێرهكهت هه‌ڵنه‌هات، چاو له تاریكایی دا رووه‌و رۆژهه‌ڵات زۆر گه‌ڕا، به‌ڵام حه‌یف! وا دیاره قسه‌كه‌ی مام عجیل راست گه‌ڕا، پێده‌چێت له جاده زۆر نزیكبووبینهوه، دوورنیه به‌راییمان گه‌یشتبێته رۆخ جاده… له‌و په‌ڕینه‌وه‌یه زۆر ده‌ترسم، من له‌و دوو سێ شه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگان كه‌وتووم، ئه‌وه دووه‌م جاده و دووه‌م په‌ڕینه‌وه‌ی پڕ ترسه، شه‌وی یه‌كه‌م له جاده‌ی مه‌یله‌و باشوور كه له (سپێده‌ی ته‌ڕوار) ناوی جاده‌ی مه‌رگم لێنا، به‌ڵام مه‌رگی راسته‌قینه ره‌نگه جاده رۆژهه‌ڵاتیه‌كه بێ، ئه‌و جاده‌یه‌ی دنیا كهرتدهكات، ئه‌و جاده كڕوكهپهی ئه‌گه‌ر چ نه‌قه‌ومێ دوای چه‌ند خوله‌كێ له تاریكاییدا ده‌بێته شوێنپێ و نایبینینه‌وه.. ئه‌ها! ده‌ڵێی قه‌وما، چه‌ند دهسرێژێ دڕی به بێده‌نگی و تاریكی دا، له‌و ساته هه‌ستمكرد ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی له پێشه‌وه من ده‌ڕۆیشت، له رۆیشتن كه‌وت و كه‌وت، من سه‌ره‌تا وامزانی پێیكه‌وت و كه‌وت، گه‌یشتمه سه‌ری، گوتی: (( دانیشه، با گوللهیهكت پێنهكهوێ)) دانیشتم و تێگه‌یشتم هه‌موو دانیشتنه، نه‌مزانی ده‌سڕێژه‌كان له كی لاوه هاتن، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌یگوتبا(( له جێی په‌ڕینه‌وه ده‌گرن)) نه‌مده‌زانی گولله گڕداره‌كان له كوێ دهكوژێنهوهو بێ گڕه‌كان له كوێ ده‌كه‌ونه‌وه، ده‌سڕێژ، ده‌سرێژ، چه‌ند دهسڕێژێكیدی، گه‌ڕاینه‌وه، وا بزانم به په‌رتی گه‌ڕاینه‌وه، ماوه‌یه‌كی باش بێ جگه‌ره دانیشتین، ته‌قه نه‌ما، چه‌ند حه‌زم له جگه‌ره‌یه، خه‌ویشم دێ، نازانم نه له خه‌فه‌تی جگه‌ره‌یه نه له ترس خه‌وم دێ، پێده‌چێت ترسه‌كه بێ، تاقیمكردۆته‌وه له‌و ساتانه‌ی ترس ده‌ورم ده‌دا، خه‌و هورژم دێنێ، خه‌وه‌نووتكه ده‌به‌مه‌وه، ده‌بێ خه‌وتبم، خۆ ئه‌وه‌ی دیتم، زینده خه‌ون نه‌بوو! له سه‌ر هه‌ڵدێرێكی هه‌زار بهههزارم، باز نایگاتێ، پێم بڕوا، ده‌بمه هه‌زار پارچه، هه‌ر پارچه‌یه‌كم له پنچكێك له به‌ردێك گیرده‌بێ، ئه‌ها! پێم خزی، سوپاس بابه! گه‌یشتێ و گرتمیه‌وه، هێشتا ده‌ستم له ده‌ستی بابم بوو، ده‌نگێك: (( هه‌ستن، ده‌په‌ڕینه‌وه))، وا خه‌ریكه ده‌په‌ڕینه‌وه، شه‌و كه‌مێك رووناك بۆته‌وه، دیاره مانگ هه‌ڵاتووه، ئۆخه‌یش! به‌ری سماقمان بڕی و پێمان نایه به‌ری گۆمه‌كه، گه‌یشتینه كهرتكهیدی دنیاوه، شه‌و رووناكه، رووناك، چاوی تیژ گورگ و سه‌گ لێكدی جودا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام گورگ و رێوی ره‌نگه زه‌حمه‌ت بێ، زانیم زه‌حمه‌ته، پێشمه‌رگه:
– ئه‌ها ئه‌وه گورگه
– مام گورگ له جێیه‌كی خراپ تووشت بووم، ده‌زانی ناوێرم ته‌قه بكه‌م و…
– ئه‌وه كوا گورگه! رێویه
– رێویه؟
منیش دیتم، به‌ڵام نه‌مناسیه‌وه، دوو سێ جاریش گورگم له دووورهوه دیتبوو، رێویش هه‌ر هیچ، كاتی خۆی چه‌ند مانگێك له ماڵێ رێویهكی مل به زنجیرمان هه‌بوو، رێویه مل به زنجیره‌كه با هه‌ر له ماڵێ بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌ك له رێویهكهی (ئهباله پیره) نه‌كه‌م، ئاقاری گۆمه‌تاڵ جێناهێلم، به‌ری ساڵانێكی زۆر له‌و گۆمه‌تاڵه، ئهباله پیره له‌گه‌ڵ رێویهكی وه‌ك ئه‌و رێویه، وای دانێین رێویه! تێكده‌گیرێن، ده‌بێته شه‌ڕیان، شه‌ڕێك وه‌ك ده‌ڵێن كه‌س شه‌ڕی وای نه‌دیوه، نه شه‌ڕی مرۆڤ نه شه‌ڕی دڕنده و ئاژه‌ل و په‌له‌وه‌ران، برا گه‌وره‌كه‌م وای گێڕایه‌وه:
((له گۆمهتاڵێ شه‌وێك رێوی ده‌چێته ماڵی ئهباله پیره، حیزه حیزه رووه‌و ژووری مریشكان ده‌خزێ، مام ئهبال ده‌یبنێ و خوترمهیهكیشی له ده‌سته، به‌ڵام رێوی ئه‌و نابینێ، هێشتا رێوی نیوه‌ی له ده‌رێیه، خوترمه كاری خۆی ده‌كات، به‌ڵام رێوی له‌و رێویانه نیه بترسێ و هه‌ڵێ، نا، ده‌ستده‌كاته‌وه، پڕ ده‌داته ئهبالی پیره، ددانه‌كانی له ناو له پی ده‌ستی چه‌پی ختمدهكات، مام ئهبال دیاره وه‌ك رێویه‌كه ئازایه، هاوار ناكات، به بێده‌نگی ده‌ستی راستی ده‌نێته قوڕگی رێوی، په‌نجه نینۆكیهكانی ده‌چه‌قێنێته قورگی رێویهوه، ئیدی شه‌ڕی ددان و په‌نجه درێژه‌ی هه‌یه، تا ددان پتر رۆبچێ و له ناو له‌پ مشتتر بێ، په‌نجه تیژتر ده‌چه‌قێته قوڕگه‌وه، دیاره شه‌ڕ له نێوان پێیه‌كانیش به‌رپابووه، جلوبه‌رگی ئهباله پیره خه‌ریكه شیتال شیتال ده‌بێ، تاریكه خوێن دیار نیه، به‌ڵام شه‌ڕی رێوی و ئهباله پیره له گه‌رمایی خوێنه‌وه گه‌رمتر و گه‌رمتره، شه‌ڕ گه‌رمه، ئهباله پیره ماندووه، شڕه، ئێستا نا ئێستا ده‌ستی چه‌پی له ده‌ستده‌دا و ده‌ستی راستیشی هێواش هێواش شل ده‌بێ، وا بڕوات رێوی ده‌یباته‌وه، هه‌ر دیتت ئهباله پیره هه‌ر جووجكه و مریشك نا، ده‌ستیشی له سه‌ر دانا، نا ئهباله پیره تا ئێستا بۆ كه‌سی دانه‌هێناوه تا بۆ رێوی دابێنێ، هێشتا دیار نیه، شه‌ڕه‌كه چۆن ده‌كه‌وێته‌وه، ئێ، درێژه‌ی نه‌ده‌مێ، ئهباله پیره هه‌ستده‌كات، رێوی له په‌ل و پۆ كه‌وتووه، به‌ڵام ددانی له كار نه‌كه‌وتووه، زۆر نابا، رێوی له باوه‌شی عهباله پیره گیان ده‌سپێرێ…))
وا به ته‌نیشت گۆمه‌تاڵی ئهباله پیره‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێین، له‌و ده‌مه ده‌بێت رووداوێك روویدابێت، به‌ڵام چه‌ندی سه‌ر دێنم و ده‌به‌م چ نایه‌ته‌وه بیرم، بۆچی لێكدی دابڕاین و بزربووین؟ نازانم، ئێمه شه‌ش حهفتێك له وانیدی دابڕاین، باش بوو له كه‌رته‌كه‌ی ئه‌و به‌ر بزر نه‌بووین، ئێ، پێشمه‌رگه‌یه‌ك دڵی داینه‌وه:
((مه‌ترسن، من رێگه ده‌بینمه‌وه، پێشتر لێره‌وه په‌ڕیومه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌كه‌ن بانگبكهن، جاش هێنده لێمان دوور نین..))
من له هه‌ر جێیه‌ك بزربم ده‌ترسم، به ته‌نێ یان به كۆمه‌ڵ بزر بم، ده‌ترسم، له چۆله‌وانی یان له ئاوه‌دانی بزر بم ده‌ترسم، به منداڵی یان گه‌وره‌یی بزربووبم ترساوم، له ناو قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر یان له چیای پێرس بزر بم ده‌ترسم، له ( ئاسمان رژاوه‌ته پێرسه‌وه) ترسم نووسیوه‌ته‌وه، ترسی بزربوون، ترسی تیاچوون و به دنیا نه‌كه‌وتنه‌وه، لێره كاتم نیه بۆ ترس گێڕانه‌وه، ترس له‌وه‌ی جارێكیدی بكه‌ومه‌وه ده‌ستی جاشان، ترس له بێ چه‌كی،كێ هه‌یه هێنده‌ی پێشمه‌رگه‌ی بێ چه‌ك بترسێ!… وه‌ك چۆن له بیرم نیه چی بوو بزری كردین و لێكدی دابڕاندین، له بیریشم نیه چی بوو به یه‌كتری شادكردینهوه، ئه‌دی ئه‌و تراكتۆره له كوێوه هات، له‌و به‌ری جاده‌وه دووربه دووری له‌گه‌ڵمان بوو، یان له‌م به‌ره‌وه بۆمان هات! سوار بووین به هه‌ورازه رێیه‌كدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێین، ده‌بابه‌ش پێیدا سه‌رناكه‌وێ، تراكتۆر بێ چاو به تاریكی‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، وا بزانم خاره جه‌واد بوو ده‌یگوت:
((به راستی تراكتۆرێكی نێره‌كه‌ره ئه‌و هه‌موو باره پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵگرتووه))
ئێستا له‌و ده‌سته پێشمه‌رگه‌یه هه‌ر ئه‌وانه‌م له بیر ماوه، له وانه‌ی تازه به‌گه‌ل پێشمه‌رگه كه‌وتوونه و هێشتا چه‌كیان وه‌رنه‌گرتووه: ( دیار، هه‌نگاو، خاره جه‌واد، خاره جه‌میل) له پێشمه‌رگه‌كانیش: (كانه‌بی گچكه، خه‌یام)، دێده‌وان له‌گه‌ڵمان نه‌په‌ڕیه‌وه، خهیامهكه شوفێری تراكتۆرهكهیه زۆر شێتانه داژوا، ئێستا نا ئێستا له كهندێمان ده‌كات،ناوه ناوه هه‌ندێك داده‌بزن و سوار ده‌بنه‌وه، من هێند ماندووم، وه‌ها ده‌ستم لێیگیركردووه و خۆم گرمۆله كردووه، وهریشگهڕێ لێینابمه‌وه، گڕڕ گڕڕ تهقتهقتهق، هه‌ڵگه‌ڕێ راستوراست، پێچاوپێچ، هه‌ڵگه‌ڕێ، هه‌ر هه‌ڵگه‌ڕێ، نازانم چه‌ند هه‌ڵگه‌ڕاین، ئێستا له شۆڕبوونهوهداین، خه‌یام به فهتارهتمان ده‌دا، له دوو جاده‌ی مه‌رگ په‌ڕیمه‌وه و نه‌مردم، وه‌ره له هیچوخۆڕا خه‌یام بتكوژێ، شاره‌زای رێیه‌كه بام، داده‌به‌زیم و به پێیان ده‌ڕۆیشتم، وه‌ها به سه‌ر یه‌كتردا بهردهبووینهوه، مه‌ڕو بزن وا به‌سه‌ر یه‌كتردا نه‌كه‌وتوون، ده‌نگێك ئێستاش له گوێمه، ده‌بێت ده‌نگی كانه‌بی گچكه بووبێ:
(( خه‌یام، گووی سه‌ی، له كهندێمان نه‌كه‌ی))
وا بڕوا له كهندێمان ده‌كات و له تڕێ سه‌ی ده‌چین، دیتم پێشمه‌رگه‌یه‌ك جگه‌ره‌ی داگیرساند، هه‌ر خۆی گوتی: ((ئاگری جگه‌ره بخه‌نه ناو ده‌ستتان و بیشارنه‌وه))
خه‌نی بووم، له بن ساقۆوه، جگه‌ره‌م داگیرساند و لای ئاگرم خسته نێو هه‌ردوو له‌پمه‌وه و مژی هێند قووڵم لێده‌دا كه‌س له سه‌رده‌می بێ ئاوی مژی وای له ماتۆڕی ئاو نه‌داوه، جگهرهیهكیدیم به جگه‌ره‌كه پێكرد، ئاگام له خه‌یام و تراكتۆر نه‌ما…
ئێستا، نازانم چ كاته، دوور نیه به‌یانی دابێ، گه‌یشتینه گوندێك گوتیان (سوسێ)یه، یه‌كه‌م جارمه سووسێ ببینم، به‌ڵام ناویم زۆر بیستووه و پێی ئاشنام، له دڵه‌وه به دیداری سووسێ خۆشحاڵ بووم، هه‌ر زوو ناوم له‌و دیداره نا ( دیداری مێوژی) ئه‌گه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده سه‌ردانی كونهفلووسهشم كردبا، ناویم ده‌نا دیداری به‌فری، ناوی سووسێ منی برده‌وه مه‌یدانی كرێكارانی بن قه‌راتی هه‌ولێرێ كه هه‌موو هاوینان، سبه‌ینان زوو، له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌روێش برایمی مزگه‌فتی حاجی قه‌رۆ له خه‌و رادهبووم و ده‌گه‌یشتمه به‌رده‌م چایخانه‌ی مه‌چكۆ، له‌وێ ئه‌و پیاوی عاره‌بانه‌كه‌ی له ناو جاده راگرتبوو، ناوه ناوه به ده‌نگێكی گڕ:
(( مێوژی سووسێ
به‌فری كونهفلووسێ
ئه‌وه‌ی بیخواته‌وه
قه‌ت چاوی نانووسێ))
من كه دوای ئه‌و هه‌موو رێ رۆیشتنهش هێشتا خه‌و بهرینهدهدام و چاوم نیوه نووساو بوو، ده‌چوومه لای و په‌رداخێك ئاوی مێوژی پڕ به‌فر و دوو سه‌موونی گه‌رمم به پاره‌یه‌كی كه‌م ده‌خوارد، ئه‌و خۆشاوهی مێوژه چ تامێكی ههبووخودایه! من له‌و ده‌مه‌وه حه‌زم به دیداری سووسێ كردووه، ئه‌وه له‌و به‌یانیه بێ ده‌روێش براییمیه، وا له ژوورێكی لاچه‌پی ره‌نگه مزگه‌فت بێ، ده‌مه‌وێ سه‌رخه‌وێك بشكێنم، چه‌ند تینووی مێوژی سووسێ به به‌فری كونهفلووسهوهم پتر تینووی چۆڕێ خه‌وم، به‌ڵام خه‌وی چی، بیستم ئێستا سه‌ره‌تایه بۆ رۆیشتن، وا دیاره سه‌ره‌تای ژیانێكه، هه‌موو هه‌ر هه‌موو، خه‌وه، پشوو، خواردن له پێناوی رۆیشتنه، رۆیشتن هه‌میشه رۆیشتن ئیدی پێشمه‌رگایه‌تیه، پێش به‌رێكه‌وتن تووشی ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه بووین، ناسیارێكی تێدا بوو، له منداڵییه‌وه ده‌مناسی، زووناسیمهوه و زووتر ناسیمییه‌وه، به‌ڵام رووی خۆی وه‌رگێڕا، تێگه‌یشتم، منیش خۆم نه‌ناس كرد، ئهودهمانێ وا بوو كه‌س نه‌یده‌ویست كه‌س بیناسێته‌وه، به‌و سپێده به‌هاریه به جوانی و بۆن و به‌رامه‌ی سووسێ، هه‌رچی گوڵ وگیاوگۆلێكت حه‌ز لێیه وه‌ره له سووسێ بیبینه و بۆنی بكه، مه‌ستم و ده‌ستبه‌رداری نابم، حه‌یف وه‌رزی ره‌ز نه‌بوو، وه‌رزی ترێ و مێوژ نه‌بوو، ده‌نا بێ پیاسه‌یه‌كی ناو ره‌زه‌كانی، سووسێم به حێنهدههێشت..
ئه‌رێ تراكتۆره‌كه چی لێهات! وه‌ك چۆن دوێ شه‌و له نادیاره‌وه هات، به‌و سپێده‌یه‌ش چۆوه نادیار، به رێیه‌كدا ده‌ڕۆین، هه‌ر چۆن پێ دانێی گوڵاڵهیهك، پنچكه گیایه‌كی به‌هه‌شتی پانده‌بێته‌وه، دڵت نایه پێیدا بڕۆی، له بن ئاسمانێكین نازانم كێ بوو گوتی: (( توخوا به دووكه‌ڵی جگه‌ره پیسی مه‌كه‌ن))، پیڵاوه‌كه‌م بنی زۆر پان بوو، له هه‌مووان پتر گیا وگوڵم پانكردۆتهوه، كه‌مێك به پێم گه‌وره بوو، به‌ڵام به توندیی قهیتانهكهی به پێمه‌وه توند بوو، چه‌ند رۆژێ پێش به چیاكهوتنم براده‌رێكم ( ئازاد هاشم) پێی به‌خشیم و گوتی:
(( ئه‌و پێڵاوه له پێستی رێوی قایمتره، له دار و به‌ردی بده‌ی حه‌فت ساڵان له پێی بكه، هه‌ر نوێیه))، بیستبووم بۆ پێشمه‌رگه پێڵاوی باش له تفه‌نگی باش پێویستتره، من پێڵاوه‌كه‌م هه‌یه، تفهنگهكهشم هه‌با، چیم ده‌ویست! بڕۆ برۆِ، زۆر رۆیشتین، له سه‌ر بستوویهك، كه چه‌ند گابه‌ردێكی له سه‌ر شانی خۆی هه‌ڵگرتبوو، له په‌نای گابه‌ردان پشووێكمان دا، جگه‌ره، جگه‌ره به جگه‌ره، چه‌ند جگهرهیێ، پێش هه‌ستان، قه‌یتانی پیڵاوه‌كه‌م توندتر ده‌كه‌مه‌وه، ئای، ئه‌وه چیه، بنی ههڵزڕایه، ئه‌و پیڵاوهی ده‌بوو حه‌فت ساڵی له پێ بكه‌م، حه‌فت رۆژیشی نه‌كرد، ده‌مزانی پێی من له‌و پێیانه‌یه پیڵاو به‌ری ناگرێ، تا تۆ پیڵاوێك ده‌دڕێنی من حه‌فتم دڕاندووه، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نا، ئه‌و پێڵاوه له چه‌رم رێویه! هێنده‌ی پێستی مریشكیش به‌رگه‌ی نه‌گرت، زۆر خه‌فه‌تم له پێڵاوی دڕا‌و خوارد، بیرم له لای تفه‌نگی باش بوو، پیڵاوی باشیشم له سه‌ر دانا، له‌و ده‌مه ده‌ستم بۆ گیرفانم برد، باشه وه‌ك خۆیه‌تی، پاره‌ی چه‌ند پێڵاوێكی باشم هه‌یه، قسه‌ی براده‌رێكم ( جه‌مال ره‌مه‌زان) بیركه‌وته‌وه، رۆژی پێش به چیاكهوتنم، ده دیناری به زۆر خسته گیرفانمه‌وه و گوتی: (( زوو زوو پیڵاوی باشی پێبكڕه)).. ده دیناری ئهودهمانێ هه‌ند بوو،مووچه‌ی دوو پێشمه‌رگه بوو، به جوانیی به‌هاردا رووه‌و سماقوڵی رێی پێچاوپێچمان گرتووه، هه‌رچی جوانی هه‌یه وه‌ره له به‌هاری ئه‌و دۆڵه‌دا بیچنه‌وه، له پڕ ده‌نگی فڕۆكه هات، بووه زرموهۆڕ، فڕۆكه له چه‌ند لاوه به‌هاریان بۆردووماندهكرد و سرووشتیان دهژاكاند، من وای تێگه‌یشتبووم له‌م دیوه‌ی چیا فڕۆكه ناوێرێ هێنده نزم بێته‌وه، هه‌ڵه بووم، دره‌نگه، په‌له‌مه، بگه‌مه جووتێ پێڵاوی باش و تفه‌نگێكی باش، كه‌مێكیتر ده‌گه‌مه ئه‌و بڕنۆیه‌ی جوانیم تێیدا دیته‌وه..