سڵاو ,,, به‌كر ده‌روێش
شیعر:
سڵاو*
سڵاو ئه‌ی هه‌تاو
ئه‌ی ( با ) و ئاگرو ئاو
ئه‌ی نۆمای ئه‌ژنۆ شكاوی لهڕهو به‌جێماو
هه‌زار سڵاو
ئه‌ی ده‌ریاو دارستان , ئه‌ی ژین و ژیان , ئه‌ی ئاینده‌و ڕابردو
ئه‌ی ئینسانه‌كه‌ی دڵ گڵپه گرتوو
ئه‌ی سه‌وزه‌ڵانی زادی خۆزگه‌و جوانی
سڵاو
سڵاو
سڵاو
ئه‌ی هاوڕێی ئێش و ئازار
ئه‌ی زایه‌ڵه‌ی زه‌نگی پڕ له پرسیار
گوێم بۆ ڕاگره وا من لێت ده‌پرسم :
كام ده‌ست بوو چنیتی له وه‌رزی به‌هار ؟
بوویته قوربانی جه‌ورو سته‌می كام زۆردار ؟
به فه‌رمانی كام زمان بوویته بنیاده‌مێكی پهیكهرین ؟
ههڵتروشكاو و گرده نشین ؟
به فه‌رمانی كام باوك بوویته به‌ندی نێو وتاغی داب و نه‌رێت ؟
نهفیكراو بێ ئه‌وه‌ی كه‌س په‌ی به تاراوگهكهت به‌رێت ؟
ئه‌ی سۆزی سه‌بووری یادی جارانم
ئه‌تۆ بیركردنه‌وه‌ت باسی سه‌ره , غه‌مه , ته‌مه ,
ناخت , هه‌ناوت , پڕ له شوێنه‌واری سته‌مه
سڵاو له دوو چاوی پڕ له ژان و گریانت
له مه‌نزڵگای نه‌هێنی دوور له دۆست و یارانت
سڵاو سڵاو سڵاو
ئه‌ی شاپه‌ڕی دوو باڵی ڕنراو
ئه‌ی هه‌ڵوه‌دای ساباتی سروه‌ی ڕه‌نگ
له په‌راوێزی ره‌سمی خه‌یاڵا
وه‌ك توێژاڵی ڕه‌نگێكی داتاشراو له ژێر گوێزانی
بیرێكی ته‌سكی كه‌ڕو لا ڵا
سڵاو له‌و له‌دایك بوونه نوێیه‌ت
كه‌وه‌ك خۆر هه‌موو به یانییه‌ك
سه‌ر له نوێ هه‌ڵدێی و نامری
هێنده جه‌سوری , ئازای , به‌رگه‌ی گشت ئازارێ ده‌گری
سڵاو
سڵاو
سڵاو
ئه‌ی فریشته‌كه‌ی نێو ده‌ڤه‌ری ته‌نیای و وه‌رس
ئه‌ی وێڵ بووه‌كه‌ی نێو مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵ وغایهڵهی نه‌جات
ئه‌ی مه‌لی ژینگه‌ی جوانی و سینه‌ی پڕ له ئاوات
سڵاو له په‌نجه‌و ده‌ست و هه‌ستت
له جه‌سته‌ی شه‌قار شه‌قاری وشكی پڕ له حه‌سره‌تت
سڵاو له جوانی ڕه‌نگ و بۆی نێو نیگای فهریكت
له ترونگهی مه‌شخه‌ڵی نێو ده‌رونی تاریكت
ئه‌ی گه‌وره كچی ئۆغری ماڵئاوایی
ئه‌ی سروودی دابڕان و جودایی
سڵاو
سڵاو
سڵاو
ئه‌ی باڵنده‌ی له نێو قه‌فه‌سدا تاساو
به چهرپازهی شوره‌یی و عه‌یب قه‌مته‌ر كرا‌و
ئه‌ی كتكه ڕامه‌كه‌ی نێو متبه‌قی عه‌وداڵی
فه‌رامۆش و بێ به‌شكراو له تام و چێژی ڕووی خۆشی
سڵاو له زه‌ین و هۆشی كوێره‌وه كراوت
له سوتانی ته‌نوری دڵ و هه‌ناوی داخراوت
له كۆشكی ڕۆخاوی بوونت , له چاره‌نووست
له بێ به‌ختیت , له گینگڵدانی نێو نوێنی ته‌نیایت
له چین چین فڕێدانی كاژی مه‌راق و حه‌زی ته‌بایت
هه‌زار سڵاو
له یادی به‌خێرت
ئه‌ی هه‌تاو
ئه‌ی ( با ) و ئاگر
ئه‌ی نان و ئاو .
*به‌كاریگه‌ری شیعرێكی شاملۆ نووسراوه.
به‌كر ده‌روێش/ خورماتوو/ كه‌ركوك