سیمون دی بوڤوار…له‌عه‌ره‌بییه‌وه: هێمن مه‌حمود
سیمون دی بوڤوار…
ئه‌و ئافره‌ته‌ی ده‌رباره‌ی سایكۆلۆژییه‌تی ئافره‌ت ده‌دوێت
سیمون دی بوڤوار له‌رێگای هه‌موو ئه‌و كاره فیكری و ئه‌ده‌بیانه‌ی كه نوسیویه‌تی هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات سایكۆلۆژییه‌تی ئافره‌ت پیشانی دونیای پیاوان بدات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئاماده‌یی پیاوان له‌جیهانی ئافره‌تاندا ده‌خاته روو، لێره‌شه‌وه‌یه نوسینه‌كانی (بوڤوار) بونه‌ته جێگای لیكۆڵینهوهو مشت‌ومڕ كه وه‌هایكردووه ئه‌م ژنه ئاماده‌ییه‌كی فیكری و ئه‌ده‌بی هه‌بێت.
بوڤوار ساڵی 1908 له‌پاریس له‌خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و باوكێكی پارێزه‌ر كه سه‌روه‌ته‌كه‌ی له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا دۆڕاندووه له‌دایك ده‌بێت، دایكی ده‌یویست بوڤوارو خوشكه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی كاسۆلیكانهی توندبكات، به‌ڵام بوڤوار ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و له‌زانكۆی (ئاكۆن نۆرمان سوپرایهر)ی فه‌ره‌نسی درێژه‌ی به‌خوێندنه‌كه‌ی خۆی دا‌و له‌ساڵانی 1931 تا 1943 له‌زانكۆی سۆربۆن بوو به مامۆستا.
هاتنه ناو جیهانی ئه‌ده‌به‌وه
بوڤوار حه‌زی له‌جیهانی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و فه‌لسه‌فه‌بوو، زوو زوو سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌كرد كه ناوداران و كه‌سایه‌تیه فیكری و ئه‌ده‌بیه‌كانی تیادا ده‌بینی، هه‌ر له‌و شوێنانه‌دا هاوڕێی ژیانی و هاوڕێی بیركردنه‌وه‌كانی (ژان پۆل سارته‌ر)ی ناسی كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت” ئه‌وه گه‌وره‌ترین رووداوی سه‌ره‌كی بووه له‌ژیانیدا”.
له‌ساڵی 1943 یه‌كه‌م رۆمانی خۆی به‌ناوی (المدعوه) نوسی، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ هاتنه ناو جیهانی ئه‌ده‌به‌وه، به‌ڵام ناوبانگه راسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و كاته ده‌ركه‌وت كه بۆچونه بوێره‌كانی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئافره‌تان و پیاوان خسته روو، له‌و بۆچونانه‌ش: ئافره‌ت به ئافره‌تی له‌دایك نابێت، به‌ڵكو دواتر وه‌های لێ دێت!.
نوسه‌ر به نوسینی كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (ره‌گه‌زه‌كه‌ی دیكه 1949) مشتومڕێكی رۆشنبیری له‌ناوه‌نده زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌كانی جیهاندا دروستكرد، له‌و بیروبۆچونانهش كه ئه‌مه نوسه‌ره ده‌یانخاته روو:
هیچ قه‌ده‌رێكی بایۆلۆژی یا ده‌روونی یان ئابووری بڕیار له‌سه‌ر شێوازی ئافره‌ت نادات له‌كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵكو ئه‌وه شارستانیه‌ته به‌گشتی كه ئه‌و مه‌خلوقه‌ی لێ دروست ده‌كات كه پێی ده‌ڵێن ئافره‌ت.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: به‌هۆی فه‌سڵی دایكایه‌تی لهكتێبهكهمدا هێرشی تایبه‌تیم كرایه سه‌ر، زۆرێك له‌پیاوه‌كان رایانگه‌یاند من مافی ئه‌وه‌م نیه ده‌رباره‌ی ئافره‌ت قسه بكه‌م چونكه خۆم نه‌متوانیوه مناڵم ببێت، سه‌یره، ئایا ئه‌وان مناڵیان بووه؟ ئه‌وان دژایه‌تیم ده‌كه‌ن به‌و بیرۆكانه‌ی كه یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌و قه‌تعی نین، ئایا وه‌ها ده‌مبینن كه هه‌موو به‌هاكانی سۆزی دایكایه‌تی و خۆشه‌ویستیم ره‌تكردۆته‌وه؟ نه‌خێر، به‌ڵكو داوام له ئافره‌تان كردووه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو به‌هایه‌دا به‌شێوازێكی ئازاد بژین، له كاتێكدا زۆربه‌ی جار وه‌ك بیانوییه‌ك به‌كاری ده‌هێنن و ده‌كه‌ونه ژێر ركێفی ئه‌و دوو چه‌مكه‌وه به‌ڕێژه‌یه‌ك ئه‌و دوو چه‌مكه دڵ ده‌هێنێته ئێش.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: یه‌كێكی دیكه له‌و هه‌ڵه تێگه‌یشتنانه‌ی كه له‌م كتێبه وه‌رگیراوه ئه‌و بڕوایه‌یه كه من هه‌بوونی هه‌موو جیاوازییه‌كم له‌نێوان پیاوان وئافره‌تاندا ره‌تكردۆته‌وه، له‌راستیدا من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕوایه‌وه پیاوان و ئافره‌تانم له‌یه‌ك جیانهكردۆتهوهو كتێبێكم نوسیوه كه هه‌ر بهناونیشانهكهی هه‌ردوو رهگهزهكهم له‌یه‌كتر جیاكردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من پێیگهشتوم ئه‌وه‌یه ئه‌م جیاوازییانه رۆشنبیریین نه‌وه‌ك سروشتی، من ئه‌و ئهركهشم له ئه‌ستۆ گرتووه كه چۆنیه‌تی دروستبونی ئه‌و جیاوازییانه بگێڕمه‌وه.
كاره‌كانی ئه‌م نوسه‌ره ژنه به‌رده‌وامی هه‌بوو، ژیاننامهكهشی به چوار به‌ش بڵاوكرایه‌وه:
(مژكرات فتاه الرصیف 1958)، (عنفوان الشباب 1960)، قوه الاشیاو 1963) ، (موت المریح جدا 1966)، ئه‌م ژیاننامه‌یه به مێژووییه‌كی راسته‌قینه و جهرئیانهی هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ژیانی فیكری فه‌ره‌نسا داده‌نرێت.
كه‌سایه‌تیه‌كی قورس
بوڤوار هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ئه‌وه روونبكاته‌وه ئافره‌ت ده‌توانێت شانبه‌شانی پیاو كاری قورس ئه‌نجامبدات، هه‌روه‌ها ده‌توانێت سه‌ده‌یه‌كی ته‌واو به‌شان هه‌ڵبگرێت، چونكه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و سه‌ده‌یه ده‌كات كه تیایدا ژیاوه‌و تیایدا ده‌ژی.
ده‌توانرێت سه‌دان ئافره‌ت، به‌ڵكو هه‌زاران ئافره‌ت، له ئافره‌تێكدا كورتبكرێته‌وه، چونكه ئافره‌ت نمونه‌ی عه‌بقه‌رییه‌ت و شه‌فافیه‌ت و هوشیارییه‌و به‌شدارییه‌كی ته‌واوه‌تی ده‌كات له‌چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری و سیاسییه‌كاندا.
له‌مجۆره‌ی ئافره‌ت كه به‌درێژایی سه‌رده‌م و زه‌مانه‌كان زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاماده‌یشی هه‌بێت، ڕێگای ده‌ركه‌وتنی پێ‌نادرێت، هه‌ربۆیه یان به‌پاڵه‌وانێكی نادیار یاخود به‌پاڵه‌وانێكی په‌راوێزخراو ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ربۆیه بوڤوارداوا ده‌كات ئافره‌ت هه‌وڵبدات تاوه‌كو خۆی له‌و په‌راوێزخستنه رزگاربكات و ئاماده‌یی هه‌بێت.
بۆچونه‌كانی نوسه‌ر بهڕۆشتنه ناو ته‌مه‌نه‌وه زیاتر گه‌شه‌یانكرد، بۆیه زیاتر په‌یوه‌ستبوو بهسارتهرو خۆشهویستیهكهیهوه، له‌هه‌مانكاتیشدا پیریهتیهكهی نیگه‌رانی ده‌كرد، هه‌ربۆیه ساڵی 1970 كتێبی( ژنه پیره‌كه)ی نوسی كه تیایدا ده‌ڵێت:
هه‌ق وایه پیرییه‌تی نه‌وه‌ك مردن به‌رامبه‌ر به ژیان به‌راوردبكه‌ین ، پیرییه‌تی كۆپییه‌كی گاڵته‌ئامێزی ژیانه، له‌كاتێكدا ئه‌وه مردنه كه ژیان ده‌كاته چاره‌نوس.
له‌رۆمانی (المدعوه)دا ده‌نوسێت: زه‌وی به وه‌همه تێكشكاوه‌كان چێنراوه، ئه‌و تێكشكانه‌ی ژیانه تایبهتیهكهمی بێزاركردووه ئه‌م رۆمانه‌ی دروستكردووه.
ده‌توانرێت (سیمون دی بوڤوار) به‌یه‌كێك له‌وانه دابنرێت كه رۆڵێكی گرنگی گێڕاوه له‌چه‌سپاندنی چه‌مكه شارستانیه تازه‌كان له‌بنیاتنانی كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی هاوچه‌رخدا، هه‌روه‌ها وه‌هایكردووه كه ئافره‌ت زیاتر پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستبهێنێت و دان بهتواناكانیدا بنرێت و جیاواز سه‌یربكرێت.
ئه‌وه‌ی گومانی تیادانیه ئه‌وه‌یه (بوڤوار) به‌هۆی نوسینه‌كانیه‌وه ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی ئافره‌ت ، به‌فه‌ره‌نسی و به‌هه‌موو زمانه زیندووه‌كانی دونیا ده‌خوێندرێته‌وه .
ده‌رباره‌ی رۆمانی (رۆشنبیران) بوڤوار ده‌نوسێ: به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی به هه‌ڵه رۆمانی (رۆشنبیران) به‌رۆمانی كلیله‌كان ناو ده‌به‌ن، من رقم له‌و رۆمانانه‌یه وه‌ك كلیلێك وه‌هابێت، من بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكه‌م كه (رۆشنبیر)خاوه‌ن فیكره‌یه‌كی دیاریكراو بێت، چونكه رۆمانی خاوه‌ن فیكره‌یه‌كی دیاریكراو حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراو ده‌سه‌پێنێت كه هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كانی دیكه ده‌سڕێته‌وه‌و بازنه‌ی ناڕازیبون و گومانه تهواونهبووهكان تێكده‌شكێنێ.
به‌ڵام من لێره‌دا چه‌ندین جۆره ژیانی دوای جه‌نگم خستۆته روو، بێ ئه‌وه‌ی پێشنیاری چاره‌سه‌ر بخه‌مه روو بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه پاڵه‌وانه‌كانم نیگه‌ران ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی رۆمانی (خوێنی ئه‌وانی دی) بوڤوار ده‌نوسێت: بابه‌تی خوێنی ئه‌وانی دی وه‌ك باسمكردووه دژییهكیهكی ئه‌و ژیانه‌یه كه له‌سایه‌ی ئازادی‌دا تیادا ژیاوم، ئه‌وانه‌ی كه نزیكبون لێمه‌وه به‌شتێكی ساده تهماشایانكردووه.
به‌ڵام مه‌به‌سته‌كانی من خه‌ڵكی به‌چاكی پێیاننهگهشتووه، هه‌ندێك رۆمانه‌كه‌یان به رۆمانی به‌رگری تهماشاكردووه، هه‌ندێكی دیكه‌ش وه‌ك رۆمانێكی وجودی، ئه‌م وشه‌ی دواییان هاوشانی كاره‌كانی من وسارتهر به‌شێوه‌یه‌كی ئالی رۆشتووه.
له‌نێوان بوڤوار و سارته‌ردا
بوڤوار رۆشته زانكۆی سۆربۆن و گه‌نجێكی ناسی كه تا دواین له‌حزه‌كانی ژیانی كاریانكردوو له‌یه‌كتری جیانه‌بوونه‌وه.
ئه‌م ته‌مه‌نی بیست ویه‌ك ساڵان و گه‌نجه‌كه‌ش ته‌مه‌نی بیست و چوار ساڵان بوو، هه‌ردووكیان پێكه‌وه فه‌لسه‌فه‌یان ده‌خوێندو هه‌وڵیانده‌دا له‌ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كورتدا بوارێكی تازه له‌بیركردنه‌وه‌دا بدۆزنه‌وه.
لێره‌دا حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه بڵێم ئه‌وه‌ی سارته‌رو بوڤواری به‌یه‌كه‌وه كۆده‌كرده‌وه له‌فیكر، به‌هێزتربوو تا عاتیفه، ته‌نانه‌ت عاتیفهكهش هه‌ڵقوڵاوی په‌یوه‌ندییه فیكرییه‌كانی نێوانیانه، چونكه بوڤوار تا دواین سنور سه‌رسامبوو به فیكری سارته‌ر، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه سارته‌ر توانی كه‌سایه‌تی خۆی به‌سه‌ر بوڤواردا بسه‌پێنێت، ئه‌م نوسه‌ره ئافره‌ته یه‌كه‌مین له‌حزه‌ی بینینی سارته‌ر ئاوا ده‌گێڕێته‌وه: ئه‌وه یه‌كه‌مین جاربوو چاوم بكه‌وێت به مرۆڤێك كه له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌ست به سه‌رگه‌ردانی بكه‌م.
له‌كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی هه‌بوو بهسارتهرو بزوتنه‌وه‌ی بهرگریییهوه، به‌ڵام هه‌رگیز رێگای نه‌دا له‌به‌رامبه‌ر سارته‌ردا تایبه‌تمه‌ندێتی و كه‌سایه‌تی خۆی له‌ده‌ستبدات، سه‌ره‌ڕای هه‌موو سه‌رسامی و په‌یوه‌ستبونه فیكری و رۆحییه‌كانی پێوه‌ی.
بوڤوار خۆی خاوه‌نی ناوبانگێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌بوو ، ته‌نانه‌ت به‌ر له 10 ساڵ پێش ئه‌وه‌ی سارته‌ر خه‌ڵاته‌كه بباته‌وه، ئه‌م به‌هۆی رۆمانی (پیاوانی فیكر) ساڵی 1954 به‌رزترین خه‌ڵاتی فه‌ره‌نسای وه‌رگرت كه ئه‌ویش خه‌ڵاتی (كۆنكۆر)ه.
ساڵی 1958 وه‌ك سه‌رۆكی رابیته‌ی فه‌ره‌نسی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ هه‌ڵبژێردرا.
بوڤوار ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی خۆی به سارته‌ره‌وه ده‌نوسێت: له‌راستیدا من هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ستبووم به سارته‌ره‌وه هێنده‌ی ئه‌وه‌ش دووربوم لێیه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه جه‌ده‌لی بوو، هه‌ندێكجار هه‌ستم ده‌كرد له‌دوورییه‌كی نامهعقولهوه بووم لێیه‌وه، هه‌ندێكجاریش وام هه‌ستده‌كرد من نیوه‌كه‌ی دیكه ئه‌وم، من به ئه‌وم ده‌به‌خشی و ئه‌ویش بهمن، به‌دڵنیاییه‌وه من شوێنكه‌وتوی ئه‌و نه‌بووم.
سارتهرش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به (سیمون دی بوڤوار)ی ده‌وت ئه‌و زیره‌كی پیاوو هه‌ستیاری ئافره‌تی له‌خۆیدا كۆكردبویه‌وه.
بوڤوار تا كۆتایی عومری سارته‌ر له‌گه‌ڵیدا مایه‌وه‌و چاودێری كرد، تاوه‌كو سارته‌ر له‌ساڵی 1980دا كۆچی دوایی كرد.
بوڤوار بڕیاری دا له‌و باڵه‌خانه‌یه‌دا نیشته‌جێ ببێت كه ده‌یڕوانی به‌سه‌ر ئه‌و گۆڕستانه‌ی كه سارته‌ری تیادا نێژرابوو، وه‌سیه‌تیشی كردبوو هه‌ر له‌و گۆڕستانه‌دا بنێژرێت.
وه‌ك چۆن سه‌ره‌تای ژیانی له‌گه‌ڵ سارته‌ردا ده‌ستپێكرد، بڕیاریشدا كۆتاییه‌كه‌ی به كتێبێك له‌سه‌ر سارته‌ر كۆتایی پێ بهێنێت، هه‌ربۆیه كتێبی (ماڵئاوایی سارته‌ر)ی له‌ساڵی 1981 دا نوسی كه چه‌ندین نهێنی له‌سه‌ر ژیانی سارته‌ر تیادابوو كه پێشتر نه‌زانراوبوو، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ئه‌مه دواین دیارییه كه پێشكه‌شی پیاوێكی ده‌كا هه‌موو ژیانی له‌گه‌ڵیدا به‌سه‌ر بردبوو.
بوڤوار ده‌رباره‌ی كتێبی (ماڵئاوایی سارته‌ر) ده‌نوسێت: ئه‌و پیاوێكی راسته‌قینه‌ی وه‌هابوو كه ده‌یزانی چۆن به‌دوای حه‌قیقه‌تدا بگه‌ڕێت و چۆنیش په‌یوه‌ست بێت پێوه‌ی، كاتێك ئه‌م كتێبه‌م ده‌نوسی دڵنیابووم له‌وه‌ی ئه‌مه باشترین شتێكه پێشكه‌شی پیاوێكی بكه‌م كه تاوه‌كو ئێستاش زیندووه، ئه‌و لایه‌نه‌ی ژیانی سارته‌رم ئاشكراكردووه كه خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ئاگاداری بێت، فه‌لسه‌فه‌ی سارته‌ر ته‌عبیرێكی ئیمپراتۆرییانه نیه له بۆچونێك كه له‌ویژدانی كه‌سێكدا ئاماده‌یی هه‌بێت، به‌ڵكو رۆشتنه ناو ناخی خه‌ڵكه‌وه‌یه.
له‌م كتێبه‌دا هه‌وڵمداوه هه‌ندێك لایه‌نی نه‌ناسراو له‌ژیانی ئه‌ودا بخه‌مه روو بۆ ئه‌وه‌ی بلیمهتییهكانی عه‌قڵی ئه‌و فه‌یله‌سوفه به ده‌ربخه‌م.
هه‌ربه‌ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی سارته‌ر به‌س نیه بۆ ئاشنابوون به سارته‌ر، به‌ڵكو ده‌بێت نوسراوه‌كانی بوڤواریش بخوێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر لهسارتهر تێبگه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن پێویستمان به خوێندنه‌وه‌ی سارتهریشه بۆ ئه‌وه‌ی له بوڤوار تێبگه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌وه شتێكی زۆر قورسه ئه‌گه‌ر بێت‌و باس له‌یه‌كێكیان بكه‌ین بێ ئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه‌كه‌ی دیكه‌یان بكه‌ین، بوڤوار شوێن په‌نجه‌ی ژنێكی به‌جێهێشت كه زۆر ژیا و زۆری نوسی و زۆریش جیاوازبوو.
• له‌ژماره 33ی گۆڤاری (ئایدیا واڵا) بڵاوبوه‌ته‌وه
ن/ عبدالباقی یوسف