یادت و یاده‌وه‌ریتان به‌رزو زیندوو ئه‌کره‌م حه‌مه‌ئه‌مین(ئه‌کره‌می حه‌پسه)
له‌به‌ره‌به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌دا، ڕۆژی 11/12/1980، ڕۆژی وه‌یشومه‌ی پایز و گه‌ڵاڕێزانی یه‌که یه‌که‌ی گه‌ڵاکانی ته‌مه‌نی لاوێتی ئه‌کره‌م، بوو، ڕۆژی کۆستکه‌وتنی دڵی من و دڵی دەیان هاوڕێ و دۆست و ناسیا و خێزانی ئه‌و بوو، ڕۆژی کۆتایی و دواساتی دیداری ‘ئاواز’ و ‘ سه‌نگه‌ر’ و ‘ ڕۆزا’ و هه‌موومان، لەگەڵ ئه‌و بوو. ئای چ ڕۆژێک بوو، چ قه‌ده‌ر و ڕێکه‌وتێک بوو، چ کاره‌سات و به‌دبه‌ختییه‌ک بوو بۆ له‌ده‌ستدانی ته‌مه‌نێکی تری لاوێتی، بۆ له لێدانخستنی دڵێکی گه‌وره و پڕهیوا.
تۆ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ت نه‌ده‌کرد ئا به‌و ئاسانییه بکه‌ویته داوی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئا به‌و بێئهنجامییه، به‌بێ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه، به‌بێ به‌رگری له خۆکردن و له‌پێناوی هاوڕێیانت، بکه‌ویته دان و داوی مه‌رگه‌وه، چونکه تۆ ترس له گیانتا نه‌بوو، ڕاڕایی و به‌سته‌ڵه‌ک له بیروباوهڕتا نه‌بوو، په‌له په‌لی و هه‌ڵه‌شه‌یی له ڕه‌فتار و کردارتا نه‌بوو. هاوڕێم تۆ که‌سێکی زۆر کامڵ و به‌پشوو بووی، مێشکت زۆر کراووه و به‌رده‌وام له گۆڕاندا بووی، گه‌رچی له یه‌ک دنیا و له‌ناو یه‌ک بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا ده‌ژیاین، به‌ڵام تۆ به چه‌نده‌ها فرسه‌خ له پێش من و هه‌ر هه‌موومانه‌وه، بووی.
هاوڕێم، چه‌ند ساڵێکه گه‌لێک له هاوڕێیان و دۆستان و براده‌ران، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که من هاوڕێیه‌کی گه‌لێک نزیکی تۆ بووم، چه‌نده‌ها جار داوایان لێکردوم که یادێکت بکه‌مه‌وه. به‌ڵام من ئه‌و مافه‌م به‌خۆم نه‌ده‌دا وه‌ک که‌سێکی زیندوو، که ئه‌م ژیانه ڕامده‌کێشێت و منیش ئه‌و ڕاده‌کێشم، ئه‌م ژیانه تیری سهرزنشتیم تێده‌گرێت، جامی ژاری شه‌رمه‌زاریم پێدهچێژێت، ناڵێـم هه‌موو ڕۆژێک و هه‌موو شه‌وێک، هه‌موو ساتێک هه‌موو کاتێک، تۆم له یاده، ئێوه‌م له یاده، به‌ڵام هه‌ر کات بیره‌وه‌ری، هه‌ر کات یادی تیاچوونی یهکێكیتان دێته پێشه‌وه، هه‌ر کات گه‌ر بۆ ساتێکی کورتیش بێت بیره‌وه‌ییه‌کانتان به‌بیر خۆم، بهێنمه‌وه، هۆن هۆن دڵۆپی فرمێسکی له بن نه‌هاتووم، له تاریکایی شه‌ومدا له ڕوناکی ڕۆژمدا، دانه دانه، یه‌ک به یه‌ک، ده‌یانهۆنمه‌وه، دیسانه‌وه یادتان ده‌که‌مه‌وه، دیسانه‌وه نه جارێک و نه ده جار و نه سه‌د جار، به‌ڵێن و په‌یمانی کۆنم که دابووم پێتان، نه له ئێستا و نه له داهاتووشدا دڵنیابن، که ناپاکی ناکه‌م لێتان. ئه‌و ڕێگایه‌ی که ئێوه گرتتانه‌به‌ر و دنیای ئازادی و یه‌کسانی و سۆشیالیستیتان تێدا ده‌بینییه‌وه، منیش هه‌ر وه‌کو ئێوه، پاش ئه‌م هه‌موو ساڵانه به‌دواییدا وێڵم، ڕێگای جیا و کاروانه ڕێگای تری، له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی تردا، بۆ ده‌کێڵم، بۆ ده‌گرم.
من و هه‌ندێک له کۆنه هاوڕێکانی تریشتان، که به په‌نجه‌ی ده‌ست دهژمێررێین، هه‌رچی بکه‌ین، ناتوانین ئه‌وه بکه‌ین که ئێوه کردتان. ناتوانین ئه‌وه ئه‌نجام بده‌ین، که ئێوه داتان، ئێوه ژیانی خۆتان له ده‌ست دا و ئێمه له ژیانی خۆماندا خۆشی ده‌بینین، ئێوه ژیان غه‌دری لێکردن و به‌عس و کاره‌ساتی تر، هه‌ر به گه‌نجێتی ژیانی لێسه‌ندنه‌وه، مۆمی ته‌مه‌نی ژیانی لاوێتیتانی کوژاندنه‌وه. پاشه‌ڕۆژ و شوێنپێی ڕه‌وتی ژیانی ئێوه‌ی کوێرکرده‌وه، سیره‌ی باوکایه‌تی، خۆشه‌ویستی بۆ فرزهندایهتی، سۆز و یادی باوکایه‌تی بۆ منداله‌کانتان، کوڕایه‌تی بۆ باوک و دایکتان، برایه‌تی بۆ برا و خوشکانتان، سۆز و میهره‌بانی و دڵسۆزی و به‌خشنده‌یی و له خۆبوردوویی و گیانبهخشێتیشی، بۆ دۆست و هاوڕێیانتان، سڕییه‌وه. منیش له چ شهرمهزارییهکدا ده‌ژیم، کاتێک که ئێوه ئه‌وه چاره‌نووستان بوو، ئه‌مه‌ش چاره‌نوسی ئێمه، بۆیه ده‌ڵێم هیچ وه‌ختێک ناتوانم ئه‌و قوربانییه‌ی که تۆ دات، که ئێوه داتان، من بیده‌م.
تۆ، ئێوه به پێوه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ڵۆیه‌کی به‌رزه‌فڕ بوون، که‌سانێکی مه‌زن و پاک بوون، له سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌دا نه‌ده‌ژیان، ئێوه تێکه‌ڵی پاره و موڵک و پله‌و پایه نه‌بووبوون، دوی به‌دواچونی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆتان و ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه هیچیان نه‌که‌وتبوون، له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌کو ئێسته گه‌نده‌ڵدا نه‌ده‌ژیان. ئاخر، گیانه‌که‌م من چۆن بتوانم یادی تۆ بکه‌مه‌وه، من چۆن بتوانم له یادی ئه‌وانی تریشدا…
‘ هاوڕێ’ تاهیری حه‌مه مراد، که گه‌نجێکی دڵگه‌رمی له خۆبڕاو، له ئامێزی خێزانێکی چهوسساوهدا، چاوپشکوتوو، گۆشکراو. ئه‌و هه‌ر زۆر به گه‌نجی گیانی له ده‌ستدا، له دوای له‌تیف و زاهیر ،کۆستێکی تریشی بۆ خێزانه‌که‌ی و هه‌موومان به‌جێهێڵا.
هاوڕێ ‘عه‌زیز’ ریاض آلبکری ئه‌و که‌سه‌ی که نه بیابانە له چاو ونبووه‌کانی خوارووی ‘وڵات ‘ نه شاخ و داخه سه‌رکه‌شه‌کانی ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ ده‌یگرته خۆی، ئیدی هێدی هێدی بۆ کاروباری ڕێکخراوه‌یی ملی ڕێگای پایته‌ختی تیرۆر، پایته‌ختی دیکتاتۆر، گرته به‌ر، له ناو پارکێکدا گیرا، دوای نۆ مانگ ئه‌شکه‌نجه له سێداره درا، گیان و ڕۆح و بیری به‌رزی ئه‌میش تێکڵاو و ئاوێته‌ی ڕۆح و گیان و بیری له‌تیفی حه‌مه مراد و که‌مال نامیق و هه‌زاره‌های تر، کرا.
‘ ئاشتی’ به‌کر شێخ نوری ، ئاخر که‌سه‌که‌م من چۆن شێوه‌تم له‌بیر بچێت، چۆن پێکه‌نینی وننهبووی سه‌ر لێوه‌کانتم له یاد بچێت، ته‌نانه‌ت له دوا ساته‌کانی پێش قهنارهدانیشتا تۆ هه‌ر پێده‌که‌نیت و هیوات ده‌به‌خشییه‌وه، تۆ وانه‌کانی خۆڕاگری ئه‌شکه‌نجه‌ی ژێر ده‌ستی جهلادهکانت بۆ هه‌مومان دهگێڕایهوە.
‘ شه‌ماڵ- ئه‌مین پۆڵا’ حه‌مه‌ئه‌مینی حاجی شێخ عه‌لی: ئێستاش پاش ئه‌م هه‌موو ساڵانه، که ناوی تۆ دێته سه‌رزاران ، که یادی تۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژانی جاران، بۆ ڕۆژژمێری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیانم، له ناخمه‌وه، له دڵمه‌وه، به کوڵ ده‌گریم ، یادی مشتومڕی کۆتایی نه‌هاتووی سه‌رده‌می عێراقێتی و کوردستانیبوونی نێوانمان نوێ ده‌بێته‌وه ، ئێستاش له‌بیرمه هه‌ر ده‌ڵێی دوێنێه هه‌ر که له مشت‌ومڕ ماندوو ده‌بوویت، جغارهیهکت پێده‌کرد و به‌و ڕووه شیرین و خۆشهتهوه ده‌تووت به‌سه مردوت مرێ زاهیر، سیاسه‌ت به‌سه ، هه‌ر نه‌بڕایه‌وه، قسه و لێدوان به‌سه، ده نوکته‌یه‌کم بۆ بگێڕه‌وه. له بیرمه، دوا بینین و دوا دیدارمان له ئاوایی شێخ مسته‌فا، له قه‌ره‌داخ، بوو، دوای ئه‌و جاره یهکرتیمان نه‌بینییه‌وه، ئیدی لێدوان و مشتومڕمان نه‌کرده‌وه، کاتێک که هه‌واڵتم زانی، مه‌رگی ناواده، کونهبهبووهکانی ئینزال و خۆفرۆشەکانی خۆمان، له بن دارێکدا له بن دره‌ختێکدا به‌برینداری، به ده‌ستی چه‌په‌ڵیان، ڕۆحی تۆیان به ئاسمانی ئازادی و به‌رگری له کوشتن و بڕین و چه‌وساندنه‌وه، شاد کرد.
فه‌همی قه‌ره‌داخی: که‌سه‌که‌م تۆ ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر بووی، تۆ یه‌کێک له چاونه‌ترسه‌کانی سه‌رده‌می خۆت بووی، تۆ هه‌م خاوه‌نی بیر و بۆچوونی خۆت و هه‌م بۆ شانه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ش، مامۆستا و کانی بیر و هۆش بووی، تۆ که‌ی وه‌ختی سه‌رنگوون کردن و تیاچونت بوو، تۆ که زۆر ده‌مێک نه‌بوو، هاوسه‌رگیریت کردبوو، تۆ که تازه به‌هره‌ی ‘بیری نوێت’ بۆ هاتبوو. به‌ڵێ ئه‌زیزه‌که‌م هه‌ر ئه‌مانه بوون، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه بوو، که ده‌ستی چه‌په‌ڵی ئه‌شکه‌نجه و تیرۆر یه‌خه‌ی گرتی، به‌ره‌و شوێنی نه‌زانراوی هه‌میشه‌یی بردی.
هاوڕێی لاوم ‘کامۆ’ به‌کر شێخ ئیسماعیل دێلێژه‌یی: تۆ گه‌نجێکی تازه پێگه‌یشتوو بووی، تۆ ئومێد و هیوای نه‌ک خێزانێک به‌ڵکو هی ڕێکخراوێک، بزوتنه‌وه‌یه‌کیش بووی، تۆ لاوێکی هه‌ڵکه‌وتوو به ئارام و به پشوو، هه‌رگیز .. هه‌رگیز تۆ ترس له چاوه‌کانتا دیار نه‌بوو. من ده‌زانم جهلادهکانت له‌به‌ر ئه‌و چاوانه‌ت که چاڵاوگهی بوێری و زیره‌کی و وریایی له خۆیدا مه‌ڵاس دابوو، له به‌ر ئه‌و دڵه گه‌وره‌ی نه‌ک هه‌ر خۆی گه‌وره و وره‌دار بوو، به‌ڵکو گه‌وره‌یی و ورهیشی ده‌به‌خشییه‌وه. به‌ڵێ خۆشه‌ویستم گه‌رچی جهلادهکانت نه‌یانتوانی ته‌نها وشه‌یه‌کت لێوه‌رگرن، سه‌رچاوه‌ی نامه‌که‌ت پێبدرکێنن و تاکه قسه‌یه‌کیشت پێببزڕکێنن، به‌ڵام له‌به‌ر هێز و تینی چاوه‌کانت، له‌به‌ر خۆڕاگری خۆت و گه‌وه‌ره‌یی بیروباوه‌ڕت، چاریان نه‌ما، هێزیان نه‌ما، ده‌بووایه نۆ ڕۆژ ئەوپەڕی ئه‌شکه‌نجه‌ی تۆیان بدایه، ده‌بووایه… ده‌بووایه هه‌ر بییانکوشتیتایه، ده‌بووایه له نۆ ڕۆژدا، هه‌ر تیرۆریان بکردیتایه.
ئازادی حه‌مه‌ی مه‌لا: ئازاد گیان منیش وه‌کو گه‌لێکی تر، ئێستاش نازانم چۆن گیانی نه‌مرت له‌ده‌ستدا، من نازانم هاتنه‌وه‌ت به‌ره‌و شار، به ئاره‌زووی خۆت بوو یاخوود موئامه‌ره‌یه‌ک بوو، لێتکرا. هاوڕێم بمبه‌خشه که واده‌ڵێم، چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که تۆ گیانت تیایدا له‌ده‌ست دا، که تۆ قوربانیت به لاوێتی و هه‌موو شتێکی خۆت دا، ڕیزه‌کانی ” شۆڕش و شۆڕشگێڕه‌کان” به هێمنی و لهسهرخۆێی، چه‌که‌ره‌ی دروستبوونی بۆچوونی جیا و بیری جیایان، پێ قبوڵ نه‌ده‌کرا، ئازادی ڕا و ئازادی ئازادیبوونیان، پێ هه‌زم نه‌ده‌کرا.
هاوڕێ ‘ تاهیر’ صدیق سه‌عید، هاوڕێم که من تۆم به‌جێهێشت ڕووم له هه‌نده‌ران کرد، نه‌مده‌زانی که جارێکی تر نه من ده‌بیستم له تۆوه و نه تۆش له منه‌وه، نه‌مده‌زانی ژیان وه‌کو ئه‌وانی تر، به‌ڵام به چه‌شنێکی تر، له من و له به‌شێکی بزووتنه‌وه‌که‌ت ده‌سینێته‌وه. هاوڕێم دوای ماڵئاوایی من لێتان، دنیا گۆڕا، ڕاپه‌ڕین له‌بری هێنانی نان و ئازادی بۆتان، که‌چی برسێتی، شه‌ڕی یەكترکوژی، دوژمنکوژی خسته سه‌ر خوانتان. تۆش وه‌کو سه‌ده‌های تر هه‌م وێڵی ئازادی و هه‌م وێڵی نان، ملی ڕێگاتان گرته‌به‌ر به‌ره‌و هه‌نده‌ران، ئه‌فسوس سه‌د ئه‌فسوس له جێی ئه‌وه‌ی هه‌واری کۆچه‌ری و غه‌ریبی خۆتان له یه‌کێ له وڵاتانی بێیانه هه‌ڵده‌ن، که‌چی جه‌سته و بیر‌و هۆشتان بوو به خۆراکی ماسی و گیانله‌به‌ره ئاوییه‌کان.
جه‌مالی عه‌لی فایز: تۆ یه‌کێک له براده‌ره هه‌ره نزیکه‌کانی ئه‌کره‌م بوویت، تۆ دراوسێ و هاوڕێ و که‌س و خێزانی ئه‌و بوویت، تۆ خه‌مخۆر و مشورخۆری ‘حه‌پسه’ و خێزانی حه‌پسه بوویت. تۆ هیچ گوناحێکت نه‌بوو، تۆ هیچ تاوانێکت نه‌بوو، که‌چی ده‌ستی به‌دکاری ڕۆژگار، ده‌ستی نه‌گریسی کولتووری تۆڵه، تۆی له هاوڕێیانت و خێزانت و هه‌موومان کرد، گیانی نه‌مری تۆی، جه‌سته‌ی سارده‌وه‌بووی تۆی، به‌ره‌و هه‌واری مردووان، به‌ڵام به لاشه نه‌ک به گیان، به‌ڕێ کرد.
‘ئه‌حه سوور’ : مامۆستا ئه‌حمه‌دی زاوات، ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که له خۆبه‌خشیندا وێنه‌ت که‌م بوو، ئه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ی که له کهڵکگرتن و یارمه‌تیدا، له جه‌سوری و لهخۆبوردندا بۆ براده‌رانت بۆ خێزانی ‘حه‌پسه’ چه‌شنت که‌م بوو، ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی تاکو مابووی پشت و په‌نای یه‌که‌می ‘ماجد’ و ‘ ئاواز’ و ‘ سه‌نگه‌ر’ و ‘ڕۆزا’ بووی. ئازیزم تۆ که‌سێ بووی له هه‌موومان زیاتر له سه‌ردانه‌کانی زینداندا ئه‌کره‌م دڵی به تۆ ده‌کرایه‌وه، گۆرانی “بارانه”ت بۆ ده‌گوت و نوکته و قسه‌ی خۆشت بۆ ده‌گێرایه‌وه، خه‌مه‌کانی ئه‌وت پێدهڕهواندهوه. چ خه‌به‌رێکی دڵته‌زێن بوو، چ نیوه‌ڕۆیه‌کی تاریکه شه‌و بوو، که له‌م دووره‌وه، که له‌م وڵاتی غوربه‌ته‌وه هه‌واڵی کۆچی دوایی ئهکرهمێکی ترم به‌رگوێ که‌وت، کۆچی تۆ بوو، کۆچی ئه‌حه سوور، به‌ده‌ستی ڕه‌بۆ و نه‌خۆشی دڵ، چ خه‌سارێک، چ کۆستێکی گه‌وره بوو.
‘ سیروان’: ئه‌شره‌ف نامیقی هاوڕێ و هاوڕات، ئه‌و که‌سه‌ی که کون له جه‌رگیا نه‌بوو، ئه‌و هاوڕێیه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ ساتێکیش هه‌رگیز بێوره و نا‌ئومێد نه‌ده‌بوو، ئه‌و هاوڕێیه‌ی هه‌رچی پێی بڵێیت له ژیانیا که هه‌یبوو، بۆ هاوڕێ و هاوه‌ڵانی، خاوه‌نی نه‌بوو. هاوڕێ دێرینه‌که‌م تۆ که‌سێکی دڵسۆز و به‌هیمه‌ت بوویت، جێگای بڕوا و کانی نهێنی و متمانه‌ی گه‌لێکمان بویت. ئای که ڕۆژێکی پڕ له ئێش و ئازار بوو، کاتێک که هه‌واڵی مردنی تۆ، هه‌واڵی تیاچوونی تۆ، چنگی شوومیان له بیناقاقه‌ی من گیرکرد، به‌جارێک نه‌ک جه‌سته‌میان به‌ڵکو بیر و هۆشیشمیان، یه‌خسیرکرد. من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م نه‌ده‌کرد که مه‌رگ فرسه‌تی خافڵگیرانەی خۆی بێنێ ئا به‌و زووییه، تۆ له ئێمه هه‌موومان بکات. هاوڕێم ئێستاش تێناگه‌م مه‌رگ چۆن توانی به به‌رزی باڵاتا، به کێوی بڵندی وره‌ی بیر و بڕواتا، هه‌ڵزنێ و هه‌ڵزنێ و کاره‌ساتێک بقه‌ومێنێ، له‌و ته‌مه‌نه‌دا که هێشتا زووبوو، زۆر زوو بوو، تۆ (مان) لێبفڕێنێ. ئه‌ی مه‌رگ، ئه‌ی بێبەزەیی، تۆ چۆن توانیت ئه‌شره‌ف له ئێمه بکه‌یت، تۆ چۆن توانیت ‘بێگه‌رد’ بێهاوسه‌ر، تاراو ئاڵا و و بڕوا و ئه‌وانی تریش ، بێ‌باوک بکه‌یت. تۆ هێشتا له ژیاندا زۆرشت مابوو که بیانکه‌یت، گه‌لێک هیوا مابوون که پێیان بگه‌یت، به‌ڵام داخی گرانم مه‌رگی له‌ناکاو بێوه‌خت ڕێگای نه‌دایت، به چه‌شنێکی تر به‌ره‌و دیداری ( که‌مالی ) بهڕێکردیت.
ئاخر ئه‌کره‌م، تۆیه‌ک ، ئێوه‌یه‌ک که لای من ئه‌مه پایه و جێگاتان بێت، من چۆن بتوانم به‌چه‌ند دێڕێک یادتان بکه‌مه‌وه، من چۆن بتوانم به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک خه‌باتی سهروهرێتیتان بگێڕمه‌وه، من چۆن بتوانم له ئاستتاندا به‌و شهرمهزارییهمهوه، سه‌ربه‌رز بکه‌مه‌وه.
من دڵنیام نه تۆ و نه ئه‌وانی تریش له یادتاندا و به یادکرنهوهتان دڵی نه‌مرتان سوکنایی نایه‌ت، بیری به‌رز و هیوای نه‌مری ئامانجی سۆشیالیستییانهتان به ئاکام نایه‌ت. ئه‌وه‌تا ئه‌زیزه‌که‌م تۆ له دوانامهدا که له شه‌وی لهقهنارهداندا، له زینداندا، بۆ منت نارد، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ت ده‌وێت نه شتێکی تر که ده‌ڵییت ” هاوڕی گیان ……. ئه‌و ڕۆژه‌ی که حزبه مه‌زنه‌که‌ی پڕۆلیتار دروست ئه‌بێت ئه‌گه‌ر زانییان شایانم ئه‌وا شه‌ره‌فی ئه‌ندامیم بۆ بگێڕنه‌وه چونکه ئه‌وه ئه‌و په‌ڕی مایه‌ی به‌ختیاریم ئه‌بێت ………..
مناڵه‌کانم ، سه‌نگه‌رو ڕۆزا له ناحیه‌ی فکریه‌وه ئامانه‌تن لای ئێوه و ناحیه‌ی مادی ئێوه هه‌قتان نه‌بێت……
هیوادارم ڕۆژێ له ڕۆژان خێزانه‌که‌م هاوڕێ یه‌کی چاک بیهێنێ………
سه‌رکه‌وتنتان له پێناوی بنیات نانی حزبی مارکسی لینینی دا ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه
ڕیگام به‌ن بۆ ئاخرجار بڵێم هاورێتان اکره‌م 10 له‌سه‌ر 11 /12/80 موسڵ”
هاوڕێم جێگای داخه، سه‌د جار داخه، که ژیان مۆڵه‌تی نه‌دایت تاکو به‌چاوی خۆت بیبینیت، که ئه‌و حیزبه مارکسی-لینینی (یانه) ی که ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر، به‌ڵی یه‌کجار زۆری وه‌کو تۆ‌و هاوڕێیانی تریش له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، هه‌ر به‌چه‌شنی تۆ ، بوونه قوربانی ڕیگای ئه‌و، بوونه قوربانی بۆ به ده‌سه‌ڵات گه‌یاندنی ئه‌و. به‌ڵام نه تۆ‌و، نه ئه‌وانه‌شی بوون به قوربانی وه‌کو تۆ ، نه ئێمه‌ی زیندووش ، که‌سمان له‌و کاته‌دا نه‌مانده‌زانی ، ئه‌و حیزبه مارکسی-لینینی (یانه) چ له دهسهڵاتداو چ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، چ کاره‌ساتێکیان دروستکرد، چۆن ڕێگایان له بزوتنه‌وه‌ی سوشیالیستی و سوشیالیزم گرت، ئه‌وان مه‌ترسییه‌کی زۆر گه‌وره‌تریان له سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌و خودی سۆشیالیزم دروستکرد. به‌شێک له‌وانه‌ی که دوێنی شۆڕشگێڕ بوون، دواتر بوون به جه‌لاد، به‌شێکی زۆریشیان که دوێنی نه‌دارا بوون، کرێکار بوون، ئه‌مڕۆ بوون به پاره‌دار، سه‌رمایه‌دار.
له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و کاته‌ی کوردستاندا، له نێوانی سییاسه‌تی ڕه‌شی حیزبه‌کاندا، له سه‌رده‌می گه‌رمی تیرۆر و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا، له‌و بارودۆخه دژوار و ناهه‌مواره‌دا، که سیاسه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی شه‌خسی، باری لاری خۆی، ماجه‌رای ڕق و کینه‌ی له‌بننه‌هاتوی شومی خۆی، له هه‌موو سه‌نگه‌ر و باره‌گایه‌کی چه‌کدارانی بزوتنه‌وه‌ی کوردی، کوردایه‌تی، هه‌ڵدابوو، مێشکداخراوی و بیرته‌سکی و لێتێنه‌گه‌یشتنی باری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایدۆلۆجی به‌شی هه‌ره زۆری سه‌رکرده و به‌رپرسانیان بوو. له کاتێکدا که کار هه‌ر له‌وه‌دا نه‌وه‌ستا که دووژمنه‌کانیان، ئه‌وانه‌ی که دۆستان و ئه‌ندامانیان له ده‌مه‌وه ده‌دان، به‌ره‌و ئه‌نگوستی شه‌وی تار و ڕه‌شی گۆڕ ده‌بران، به‌ڵکو که‌سانێکیش له ناوه‌ندی خۆیان، ده‌رەوه‌ی خۆیان، به‌ڵام پاک و دڵسۆز، گیانبه‌ختکه‌ر و جگه‌رسۆز، که فیکر و بۆچوونیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ده‌هاته‌وه، به‌ر ته‌ور ده‌دران، پاکۆ ده‌دران.
به‌ڵی هاوڕێم ته‌نانه‌ت تۆ له‌و کاته‌شدا له سه‌رجه‌می هه‌موو ئه‌مان هوشیارتر بوویت، له بازنه‌ی ئه‌و نه‌رێته، ئه‌و که‌ڵچه‌ره دواکه‌وتووه، تۆ به‌دوور بوویت. تۆ ده‌مێک بوو پێشی ئه‌و سه‌رکرده و بهرپرسانهت، دابوبووه، تۆ دێرزه‌مانێک بوو گیانی تۆڵه‌ی شه‌خسیت، ڕه‌تکردبووه‌وه. ئه‌وه‌تا له هه‌مان شه‌ودا، له هه‌مان زینداندا، که نامه‌که‌ی منت تێدا نووسی، نامه‌یه‌کیشت بۆ پورزاکه‌ت و هاوته‌مه‌نی منداڵیت، هاوخه‌باتی ساڵانێکت، مسته‌فا چاوڕه‌ش، نووسی، که کۆپییه‌که‌ی لای منه، ده‌ڵێیت. ” چاوه‌که‌م مستۆ گیان ………………….ئه‌وه‌ش بزانه من تۆڵه‌سه‌ندنی شه‌خسی به شتێکی عه‌شایرانه ئه‌زانم و بڕوام پێی نییه له‌به‌ر ئه‌وه بیر له‌و مسه‌له‌یه مه‌که‌ره‌وه……”
له نامه‌یه‌کی تری‌دا بۆ ئێمه ، به‌داخه‌وه که به‌رواری له‌سه‌ر نییه. پاش ئه‌وه‌ی که باس له‌وه ده‌کات که چاوه‌ڕوانی هه‌ندێک شت ده‌که‌ن که بڕیاره ئه‌و شه‌وه پێیان بگات، که گه‌ر پێیان بگات هه‌وڵی ڕاکردن ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ری زۆریش بۆ ڕزگاربوونیشیان هه‌یه، گه‌ر ده‌ریش نه‌چن ئه‌وه خۆ هه‌ر ئه‌وان ئیعدام ده‌کرێن، ده‌ڵێت ” به‌هه‌رحال ئه‌وه‌ی پێویسته پێتان بلێم ئه‌وه‌یه که به‌لای منه‌وه هه‌مو بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له تۆڵه‌سه‌ندنی شه‌خسی شتێکی ساکارانهوه توانا له‌ده‌ستدانه....جائێوه ئه‌گه‌ر ئه‌تانه‌وێ تۆڵه‌ی من بکه‌نه‌و ئه‌و به‌وشێوه‌یه ئه‌بێت که تائه‌توانن بره‌و به تێکۆشانتان بده‌ن دژی رژیمی فاشستی و هه‌میشه له خه‌باتدا بن بۆ بنیات نانی ئه‌و رێک خراوه مارکسیزم-لینینزمهی که تاکه ریگای سه‌که‌وتنی چینی مه‌زنی کریکاره‌و ئه‌ویش به‌وه‌ی که هه‌رگیز له خۆفێرکردن و دراسه‌ت کردن نه‌که‌ون و په‌یوه‌ندیتان هه‌بێت له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی تردا‌و هه‌وڵدان بۆ قه‌ناعه‌ت پێ کردنیان به‌رێبازی راسته‌قینه‌ی مارکسیزم-لینینزم و هه‌رگیز به چاوی که‌م ته‌رخه‌می سه‌یریان مه‌که‌ن ….چوننکه من بروام هه‌یه دروست بونی ئه‌و حزبه مه‌زنه ته‌نها به‌یه‌ک لاپێک نایه‌ت، به‌لکو به‌یه‌کگرتنی مارکیسزم-لینینزمه راسته‌قینه‌کانی ناو ئه‌و گروپ و ریکخراوانه پێک دێت بیگومان دروست بون و گه‌شه‌کردن و به‌هێزبونی ئه‌و حزبه مه‌زنه گه‌وره‌ترین تۆڵه‌یه بۆ منیش و هه‌مو ئه‌وانه‌شی له‌ریگای بیروباوه‌ری مارکسیزم-لینینیزمدا تێکۆشاون قوربانیان داوه.
ئاواتی سه‌رکه‌وتنتان ئاخرشتێکه له‌په‌تا ئه‌تاسێت”
من له سه‌ره‌وه ، به لێکدانه‌وه‌ی خۆم یا به تێڕوانینی خۆم ، نه‌مده‌گوت ئه‌کره‌م به چه‌ن فرسه‌خێک له پێش ئێمه‌وه بوو. بڕوانه چی ده‌نووسێت له نامه‌یه‌کدا، که چاوه‌ڕوان ناکات چیدی ئێمه به دیداری ئه‌و شاد ببینه‌وه یا ئه‌و به دیداری هه‌موومان شاد ببێته‌وه، به‌ڵام دڵنیایه له نامه‌که‌ی، که په‌یامه‌که‌ی، ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و زۆر به یه‌قینه‌وه ڕای خۆی ده‌ڵێت و وه‌کو هاوڕێیه‌کیش ئه‌وه‌ی که هیوای پێیه‌تی و ئه‌وه‌شی که به‌ڕاستی ده‌زانێت، ده‌یدرکێنێت که ئه‌و حهقهته تاڵه‌یه که گه‌لێک له‌ناو ئێمه‌دا و سه‌رجه‌می لاکان و گروپه‌کانی تریش، باوه‌ڕ و تێڕوانینیان وه‌کو ئه‌و نه‌بوو، بۆیان هه‌زم نه‌ده‌بوو. ئه‌و به‌گوێماندا ده‌چرپێنێت، چونکه ئه‌و به‌و ساده‌یه‌ی خۆی، که گیانی له‌خۆبایی بوونی تیادانه‌بوو، گیانی خۆپهرستێتی تێدا ونبوو، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی ده‌زانی، ده‌یزانی که گه‌ر ” پارتی مارکسیزم – لینینیزم بتوانێت سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت” مه‌حاڵ بوو به‌ته‌نها ئێمه یا لایه‌نێکی تر بتوانن، دروستی بکه‌ن، بۆیه پێ له‌سه‌ر: یه‌کگرتن و یه‌ککه‌وتن، به‌یه‌که‌وه هه‌ڵکردن، گیانی مهغرورێت و خۆ به فهیلهسوفزان، له خۆ به‌دوورگرتن، داده‌گرێت، که ئه‌وه‌ش تاکه زه‌مانه‌تی نه‌ک هه‌ر ده‌سته‌به‌ری یه‌ککه‌وتنی چه‌ند گروپێکه به‌ڵکو زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌موو دۆستایه‌تی و براده‌رایه‌تی و هاوڕێیهتیهکیشه.
تۆ هه‌ر له ته‌مه‌نی زۆر لاوێتیتهوه که سێک بوویت وه‌کو گەنجینە وابووی بۆ خانه‌واده‌ت، بۆ هاوسێت، بۆ براده‌ره‌کان و هاوڕێت. کاتێکیش که تێکه‌ڵی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی بوویت، له‌وێشدا سامانێكی گه‌وره بوویت بۆ حیزب، بۆ هاوڕێکانت، جێگای بڕوا و نهێنییه‌کی زۆر و به‌نرخ بوویت، که‌سێک بویت که بۆ حیزب و هاوڕێکانت شایانی هه‌موو شتێک بوویت. بۆیه بەلامەوە سەیر نەبوو، كە له کاتی مه‌رگی چاوه‌ڕوان نهکراوتدا، له کاتی په‌تی پواویی قه‌ناره‌ی ملتا، هه‌ر له‌و کات و ساته و دواتریش گه‌لێک لایه‌ن، گه‌لێک حیزب ویستیان خۆیان بکه‌نه خاوه‌نی تۆ، سەرمایەی سییاسی دروست بکه‌ن له که‌سایه‌تی و شۆره‌ی تۆ. به‌ڵام هاوڕێم تۆ خۆشت ده‌تزانی و هاوڕێیانی تۆش و ئێمه‌ش هه‌موومان ده‌مانزانی، که تۆ له‌و کاته‌وه‌ی که فامت کردۆته‌وه، له ڕیزی کاروانی ڕزگاری جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو و چه‌وساوه‌دا خێمه‌ی خۆتت هه‌ڵدابوو، له ڕێپێوانی ملوێنه‌ها گیانبه‌خشانی هه‌مان ڕێگای تۆ، لێره، له‌هه‌موو شوێنێکی تر، له ڕیزی پێشه‌وه ئاڵای شه‌کاوه‌ی سۆشیالیزمت، به‌ده‌سته‌وه و له شه‌کاندنه‌وه‌دا، بوو.
ئه‌وان به نه‌یاران و دۆستان و براده‌رانی کۆن و ئیسته له قاڵبدراوی فکرێکی تردا، هه‌رچی ده‌ڵێن با بیڵێن، چۆنێک بوختان ده‌که‌ن با بیکه‌ن، ئامێزی هه‌ر شوێنێکت بۆ ده‌که‌نه‌وه تاکو له خۆیت بگرێت، با ئاوه‌ڵای که‌ن، به‌ڵام تۆ هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ی سه‌ره‌مه‌رگت، هه‌تا دوا چرکه‌ی له یهکنانی پێڵووه‌کانت، فیکر و هۆشت نه‌گۆڕیوه، به‌رگی کوردایه‌تیت نه‌پۆشیوه، سروودی کوردایه‌تی و کوردچێتی په‌رده‌کانی گوێچکهتی، نه‌بڕیوه. بۆ ڕاستییه‌کان، ده‌با هه‌ر با خۆت به شاهید بگرم، که هه‌ر له هه‌مان نامه‌ی که بۆ مستۆت ( مسته‌فا چاوڕه‌ش)ت نوسیوه و ده‌ڵێیت “چاوه‌که‌م وانه‌زانی که من له‌م دواییه‌دا هه‌ر خه‌ریکی کاسبی بوم و وازم له تێکوشان هێنابوو……نه‌خێر من هه‌ر له‌وڕۆژه‌وه‌ی که له قیادهمهرکهزی وازم هێنا تاکو ئه‌مڕۆ هه‌میشه په‌یوه‌ندی و جولانهوهم هه‌بوه‌و بڕوایه‌کی بێ پایانم هه‌بوه به‌تێکۆشان له پێناوی دروست کردنی پارتی مارکسیت-لینینستی راسته‌قینه‌دا و بێگومانیشم ئه‌و پارته مه‌زنه هه‌ر دروست ئه‌بێت و هه‌ر ئه‌و پارتهشه که سه‌رکردایه‌تی تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل ئه‌کات بۆ هه‌ستان به شۆڕشی پرۆلیتاریا له عیراقدا… برام ئه‌گه‌رچی من له‌ژێر ئازارداندا وتومه که من په‌یوه‌ندیم به مصطفی وه هه‌یه و له جه‌ماعه‌تی ئه‌وانم به‌ڵام بزانه که من هیچ کاتێک بروام نه به‌یه‌کێتی نیشتمانی هیهو نه بڕوام به‌و حرهکهیه هه‌یه که ئێستا ئێوه له پێناویدا خۆتان ئه‌ده‌ن به کوشت. ته‌نها ڕیگایه که شایانی قوربانی دان بێت ڕێگای مارکسیزم –لینینیزمه”
تۆ نه‌ک هه‌ر له نامه‌که‌ی که بۆ ‘مستۆت’ نوسیوه که ئه‌ویش و ئێمه‌شت، له‌وه ئاگادار کردۆته‌وه، ته‌نانه‌ت له نامه‌که‌ی ” بۆ دوو منداڵه خۆشه‌ویسته‌که‌م” که هه‌ر له هه‌مان شه‌ودا بووه، بۆ ئه‌وانیش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان شت، پێدادهگریتهوه. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێیت ” منداڵه نازداره‌کانم ئێستا ته‌مه‌نم 35 ساڵه له ساڵی 1960 وه تا ئێستا یانی بۆ بیست ساڵ ئه‌چێت من له ڕیزی جوڵانه‌وه‌ی شوڕشگێڕیدا و به‌ته‌حدید له‌ڕێگای پیرۆزی مارکسیزم-لینینیزمدا تێکۆشاوم و هه‌رگیز بهخلیم نه‌کردووه له‌پێشکه‌شکردنی به‌نرخترین شت ئه‌ویش که گیانمه، له پێناوی ئه‌و بیر‌و باوهڕهداو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵا مه‌زنه‌ی مارکسیزم.”
نامه‌که‌ی ئه‌کره‌م بۆ منداڵه‌کانی، سه‌نگه‌ر و ڕۆزا، هه‌ر نامه‌یه‌کی هه‌واڵده‌ر یا ڕاگه‌یه‌نه‌ر نه‌بووه، نامه‌یه‌کیش نه‌بووه که تێیدا جگه‌رگۆشه‌کانی بلاوێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش نه‌بووه که بۆ به‌جێنه‌گه‌یاندنی ئه‌رکی باوکایه‌تی بۆیان، بژی بۆیان یا ژیان بۆ ئه‌وان، پۆزش (ئیعتیزار) بهێنێته‌وه. ئه‌و له نامه‌که‌یدا فه‌رمانیان پێده‌کات، که ئه‌وانیش ده‌ست به‌کاربن، ده‌ست به‌چه‌ک بن، چه‌کی خۆڕۆشنبیرکردن و خۆپه‌روه‌رده‌کردن. ئه‌و ده‌یویست سه‌نگه‌ر و ڕۆزاش ڕێگاکه‌ی ئه‌و بگرن، وه‌کو خۆی باری لاسه‌نگی کرێکاران و چه‌وساوه‌کانی عێراق و جیهان، هه‌ڵبگرن. بڕوانه له درێژه‌ی نامه‌که‌یدا، پێیان ده‌ڵێت “خۆشه‌ویسته‌کانم کاتێ ئه‌م نامه‌یه ئه‌خوێننه‌وه کاتێکی زۆر به‌سه‌رچووه به‌سه‌ر شه‌هیدکردنی باوکتانا، ناتوانم ته‌قدیری ئه‌و کاته بکه‌م ، به‌ڵام بێ گومانم له‌وه‌ی که بۆ ئێوه‌ش مه‌جالێکی فراوانی تێکۆشان و ئیستشهاد ده‌مێنێت و تا ئه‌و کاته‌ش ئێوه‌ی خۆشه‌ویست نایه‌نه سه‌ر سفره‌ی حازر، بزانن له‌و کاته‌ی ئێوه دروستبوون من هه‌موو ئامانجێکم ئه‌وه‌بوو که به‌شێوه‌یه‌کی واپهروهردهتان بکه‌م که هه‌میشه ئاماده‌بن و وشیارانه بۆ تێکۆشانێکی سه‌خت له‌پێناوی مه‌زنترین چین و ڕاسترین بیروباوه‌ڕی مه‌زنی مارکسیزم-لینینزم ……………..داواتان لێئه‌که‌م که هه‌موو کات هه‌ر بخوێننه‌وه و بنووسن و بیربکه‌نه‌وه‌و بڕواتان هه‌بێت به‌بیروباوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌ی مارکسیزم-لینینزم”.
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
دیسه‌مبه‌ری 2012
په‌راوێز ******************************************
• تکایه تێبینی ئه‌وه بکه که ده‌قی نامه‌کانی ئه‌کره‌م به‌بێ هیچ ده‌ستکارییه‌ک، هه‌روه‌کو خۆی گوازراوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌م نوسینه.
• ئاشتی ، به‌کر شێخ نوری، برای هۆمه‌ر قه‌ره‌داخی: ئاشتی یه‌کێک بوو له پێشمه‌رگه‌کانی مه‌فره‌زه سه‌رتاییه‌کانی کۆمه‌ڵه له قه‌ره‌داخ. ئاشتی له دێی قاره‌مان له قه‌ره‌داخ له رۆژی 26/2/1978دا گیرا .
دوایی برا بۆ هیئه خاسه له که‌رکوک له‌وێ ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر زۆریان دا، هه‌مو نینۆکه‌کانیان ده‌رهینا، سه‌ری هه‌مووی جێگای سووتان و شکاوی بوو، به‌ڵام ئازایانه‌و قاره‌مانانه خۆی ڕاگرت. له شه‌وی 17 له‌سه‌ر 18 مانگی 6 ی ساڵی 1978 له موسڵ له سێداره درا.
• هاوڕێ، تاهیری حه‌مه‌مراد: برای له‌تیفی حه‌مه‌مراد بوو. له مانگی ئازاری ساڵی 1978 دا قیاده‌ی مه‌رکه‌زی ویسستیان کارێک ئه‌نجامبده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند هه‌زار دینارێک، به‌ڵام له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌و که‌سانه‌وه که به‌ته‌مابوون کاره‌که بکه‌ن، پێشتر ئاسایشی سلێمانی ئاگه‌دار کردبوو. ‘ هاوڕێ’ و براده‌رێکی تریان که‌وتنه که‌مینه‌که‌وه، براده‌ره‌که‌ی توانی به‌ده‌م ته‌قه‌وه خۆی ڕزگار بکات، به‌ڵام هاوڕێ به‌ده‌م ته‌قه‌وه بریندارکراو به برینداری گیراو هه‌ر له‌و ساڵه‌داو دواتر له موسڵ له سێداره‌درا. هاوڕێ یه‌کێک بوو له به‌ندییه قاره‌مانه‌کانی هه‌یئه‌ی ته‌حقیق و به‌ندیخانه‌کان که توانی له ژێر فشاری ئه‌شکه‌نجه‌ی وه‌حشیانه‌دا خۆی بگرێت و هیچ که‌سێک له‌ده‌مه‌وه نه‌دات.
• له‌تیفی حه‌مه‌مراد: یه‌کێک بوو له ئه‌ندامه جه‌سورو چاونه‌ترسه‌کانی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی، له” ده‌سته‌ی هه‌ڵپژان و به‌یه‌کادان له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌کاندا” . له‌تیف له به‌غداد داده‌نیشت ، که عه‌زیز ألحاج ته‌سلیم به حکومه‌ت بووه‌وه ناوی خه‌ڵکێکی زۆری له هاوڕێیانی حیزبه‌که‌ی هێنا ، یه‌کێک له‌وانه له‌تیف بوو گیراو بێسه‌روشوێنکرا و نه‌بینرایه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له‌تیف له مانگی نیسانی 1969 گیراو ئیدی نه‌بینرایه‌وه.
• lفه‌همی قه‌ره‌داخی: برای نوسه‌رو ڕۆشنبیرو پسپۆڕ له بواری په‌ره‌وه‌رده‌و پێگه‌یاندندا ، هاوڕێم فوئاد قه‌ره‌داخی (یه) . فه‌همی قه‌ره‌داخی نوسه‌رو ڕۆشنبیر بوو ، په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی هاوکاری جاران بوو، که‌سێکی چالاکی به‌گوڕ بوو له شانه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا، کارمه‌ندی فه‌رمانگه‌ی ( الضمان الاجتماعي ) بوو لە هەولێر رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ دەستگیرکراو ئیتر بێسەروشوێنکراو نەبینرایهوه.
• ئه‌حه‌سوور، مامۆستا ئه‌حمه‌د: زاوا‌و هاوڕێی ئه‌کره‌م بوو ، که‌سێکی یه‌کجار دڵسۆز‌و نزیک بوو به‌ماڵی حه‌پسه. به‌داخه‌وه له ڕۆژی .01/11/1995 به نه‌خۆشی دڵ و ڕه‌بووه کۆچی دوایی کرد.
• شه‌ماڵ، ئه‌مین پۆڵا، مامۆستا حه‌مه‌ئه‌مین: ڕابه‌ری سیاسی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌که‌ی کۆمه‌ڵه بوو له قه‌ره‌داخ. له گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کی تر‌و کۆمه‌ڵێک براده‌ری تردا له دێی میریاسی قه‌ره‌داخ ده‌بن، نه‌یانزانیبوو که خه‌به‌ریان لێدراوه بۆیه به‌ده‌م ته‌قه‌کردن و خۆڕزگارکردنهوه، شه‌ماڵ بریندار ده‌بێت و له بن دارێکدا به‌جێده‌مێنێ و دواتر سه‌ربازو خۆفرۆشه‌کان به برینداری ده‌یکوژن.
• ئازادی حه‌مه‌ی مه‌لا: ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بوو به‌ڵام زۆر نزیک و دۆست بوو به عێراقییه‌کان. له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کدا دێته شاره‌وه، له گه‌ڕاندنه‌وه‌یاندا له که‌مینێکدا که بۆیان داده‌نرێت، ئه‌م بریندار ده‌بێت و دواتر گیانی له ده‌ستده‌دا. گه‌ر له یادم بێت مانگی مارتی ساڵی 1981 بوو.
• عه‌زیز، ریاض ألبکری: هاوڕێیه‌کی عه‌ره‌ب بوو ، هه‌م نوسه‌رو هه‌م شاعیریش بوو. سه‌رده‌سته‌ی مه‌فره‌زه‌که‌ی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی ” وه‌حده ألقاعیده” بوو که له‌گه‌ڵ فازیلی مه‌لا مهحمودو چه‌ند هاوڕێیه‌کی تردا له قه‌ره‌داخ بوون. پاش ماوه‌یه‌ک مه‌فره‌زه‌که هه‌ڵوه‌شایه‌وه و هاوڕێ عه‌زیز گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غداد به په‌ساپۆرتێکی لوبنانییه‌وه ،له‌وێ خۆی شارده‌وه هه‌تا ڕۆژێک له پارکێکدا ده‌برێت بۆ مه‌رکه‌زێکی پۆلیس و ئیدی له‌وێوه ده‌نێررێت بۆ ته‌حقیق و لێکۆڵینه‌وه. عه‌زیز بێسه‌روشوێنکرا، دواتر له موسڵ له سێداره درا ، به‌ڵام قاره‌مانانه خۆی ڕاگرت و هیچ هاوڕێیهک له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا نه‌گیرا، ته‌نانه‌ت نه‌ش چووه ژێر ئه‌وه‌ی که په‌ساپۆرته‌که‌ی قولابییه، ساخته‌یه.
• کامۆ، به‌کر شێخ ئیسماعیل دێلێژه‌یی برای هاوڕێی زۆر دێرینم، ئیبراهیم کاکهحهمهیه له سوید، گه‌نجێکی زۆر هێمن و به‌تواناو ئازا بوو. ئه‌م هاوڕێ یه سه‌ر به گروپی (کار) گروپی مارکسی-لینینیه‌کانی عێراق بوو. به هۆی نامه‌ی هاوڕییهکهوه که به پۆست‌دا بۆی چوو بوو گیراو موده‌ی 9 ڕۆژ له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر دڕندانه‌دا، خۆی گرت و ناوی هیچ که‌سێکی نه‌دا، به‌ڵام گیانی خۆی له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتیدا، له‌ده‌ستدا.
• تاهیر ، صدیق سه‌عید: هاوڕێیه‌کی که‌رکوکی بوو سه‌ر به گروپی (کار ) بوو له ساڵی 1997 ڕێگای هه‌نده‌رانی گرته‌به‌ر ، به‌ڵام به‌داخه‌وه له کاتی سه‌فه‌ر کردنیدا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکدا له تورکیاوه به‌ره‌و یۆنان،له ڕۆژی 03/05/1997 له په‌ڕینه‌وه‌یاندا له ده‌ریای Aegean دا له نێوانی تورکیا‌و یۆنان هه‌ر هه‌موویان خنکان و لاشه‌کانیشیان بوو به خوۆراکی گیانله‌به‌ره ئاوییه‌کان.
• جه‌مالی عه‌لی فایز: دانیشتوی گه‌ڕه‌کی صابونکه‌ران، نزیک به‌ماڵی حه‌پسه. هاوڕییه‌کی نزیکی ئه‌کره‌م بوو هه‌روه‌ها زۆر نزیکیش بوو له خێزانی حهپسهوه. به‌داخه‌وه به بیانوی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌وه له 17/07/1991 له ڕێگای به‌غداد کوژراو گیانی له ده‌ستدا.
• که‌مال نامیق: خه‌ڵکی دێی سسێوسێنانی قه‌ره‌داخ بوو له ساڵی 1939 دا له دایک بووه. له په‌نجاکاندا کادیری حیزبی شیوعی بووه، له ساڵی 1963 له شاخی به‌مۆ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ی تری حیزب‌دا له‌لایه‌ن هێزی پ.د.ک ده‌گیرێت و ده‌نێررێت بۆ ماوه‌ت دوای 8 مانگ ئازاد ده‌کرێت. یه‌کێک له کۆمۆنیسته وریا‌و به‌جه‌رگه‌کان، بووه، له ساڵی 1966 ماوه‌یه‌ک له نوگره‌سه‌لمان به‌ند ده‌کرێت. دیسانه‌وه له ساڵی 1968 دا ده‌گیرێت ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچی له‌سه‌ر نادۆزرێته‌وه به‌رده‌درێت. که عه‌زیز ألحاج ته‌سلیم به حکومه‌ت بووه‌وه له‌ناو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که ناوی هێنان ناوی کهمالیشی هێنا، که‌مال له ڕۆژی 11/04/1969 له به‌غداد ده‌گیرێت و به‌ره‌و قه‌سر ألنهایه ده‌برێت، ئه‌ویش وه‌کو گه‌لێکی تر له هاوڕێکانی بێسه‌روشوێن کراو نهبینراوایهوه.
• سیروان، ئه‌شره‌ف نامیق، برای که‌مال نامیق، هه‌ر له ته‌مه‌نی زۆر لاوێتییه‌وه تێکه‌ڵاوی بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی عێراقی بووه. له کهرتبوونهکهی حیزبی شیوعی عێراقیدا ئه‌و وه‌کو که‌مالی برای قیاده‌ی مه‌رکه‌زی هه‌ڵبژارد. له ساڵی 1972 وه په‌یوه‌ندی به ڕێکخراوی مارکسی-لینینی کۆمۆنیستیه‌کانی عێراقه‌وه کرد. به‌شێکی زۆری ئه‌م گروپه له کۆمه‌ڵه له سه‌ر ناکۆکی کوردستانی بوون و عیراقی بوون ، جیابووبوونه‌وه. یه‌کێک بوو له دامه‌زرێنه‌رانی گروپی (کار). دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کار ئه‌و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی تردا گروپێکی تریان دروستکردو به‌به‌رده‌وامی چوخت و چالاک‌و به‌گوڕ بووه له ناو هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ی که ئیشی لهگهڵیانداکردوه. به‌داخه‌وه ئه‌شره‌ف له رۆژی 01/03/2007 دا به نه‌خۆشی دڵ گیانی له ده‌ستدا.
• زاهیری حه‌مه‌مراد: برای له‌تیف و تاهیر بوو، هه‌ر له‌ته‌مه‌نێکی گه‌نجێتیه‌وه بوو به پێشمه‌گه‌و ، گه‌ر له یادم بێت له شه‌ڕێکی نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزی حکومه‌تدا له شاخی ئه‌زمڕ له کۆتایی شه‌سته‌کاندا ، گیانی له‌ده‌ستدا.