به‌فره پیاوێ له کوێستانی دڵم … عومه‌ری حاجی
هه‌شت ساڵه من، ئاسمانی گریانی بۆ ده‌گه‌ڕێم و
ئه‌و به‌سه‌ر شاخی سه‌ختی خه‌مه‌کانمه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه
هه‌شت ساڵه من، له لمی زیوینی ته‌نیایم
ته‌ڵانی یادی بۆ ته‌خت ده‌که‌م و
ئه‌و پروشهیهکی له برژانگی ژیانم نانیشێ..
له کۆڵانه باریک و تاریکه‌کانی خه‌ونیشما
به‌م سپی خۆیه‌وه ناگڕێ!!
ئه‌م به‌فره پیاوه له دڵمایهو
که‌چی دڵیشم ناتهزێ،
ئه‌م به‌فره پیاوه مه‌مله‌که‌تی ڕۆحمی تهناندوه و
دهیجورێکی موحیبه‌تم لێ بزر نابێ
ئه‌م به‌فره پیاوه هه‌ر به گه‌نجی،
بارووتی تونێله‌که ڕه‌شی کرده‌وه
له کراسه‌که‌ی وێنه‌ی پیاوێکی سپییان ده‌کێشا
هه‌ر به گه‌نجی نیوه‌ی گوڕی
بوون به ژێر به‌نداوه‌که‌وه..
ئه‌م به‌فره پیاوه
هه‌موو به‌یانیه‌ك له پێش خۆر،
شه‌وی به نینۆک، له‌سه‌ر ڕوومه‌تی باخه‌که‌ی لا ده‌دا و
له‌گه‌ڵ جۆگه‌یه‌کدا به پێکه‌نین
خۆیان ده‌گه‌یانده ئه‌و هه‌ناره‌ی،
له ڕۆحی خۆی مێخۆش تر بوون!!
خۆیان ده‌گه‌یانده ئه‌و هه‌نجیره‌ی،
له زمانی شیرین تر بوون.!!
ئێوارانیش، گڵۆپێکی پرته‌قاڵی بۆ داده‌گیرساندن و
ده‌یدانه‌وه که‌ناری خه‌و!!
ئه‌م به‌فره پیاوه وه‌رزێر بوو،
ده‌ستی له ناو مشتی داس و
کراسێکی جۆزه‌ردان و چاره‌که‌یه‌کی بۆری له‌به‌ردا بوو
هاوڕێی مه‌ڵۆ و عه‌شقی شارا و
له خه‌ونیشا،هه‌ر جێ خه‌رمان ماڵه‌که‌ی و
هه‌ر خه‌رمان چربایهکهی و
مه‌تاره‌یه‌ك پڕ له هیلاکی سه‌رینی بوو!!!
ئه‌م به‌فره پیاوه پۆسته‌چی گله‌ییه‌کانی هه‌نار بوو
له چۆله‌که و
گه‌یاندنی سكاڵاکانی هه‌نجیر بوو له( ئاگره)
ئه‌م به‌فره پیاوه جا چی نه‌بوو!!؟؟
کڵاوه‌که‌ی ده‌کرده سه‌ری مناڵیم تا زه‌رد نه‌بم!
گۆچانه‌که‌ی ده‌دایه ده‌ستی مناڵیم،
تا نه‌که‌ومه چاڵه بۆگه‌نه‌کانی سیاسه‌ته‌وه..
چاوی ده‌بڕیه چاوم،
تا نیشان له چاوی کچێ نه‌گرم!
ئایییی!! ئه‌م به‌فره پیاوه سه‌رۆکم بوو،
وه‌لێ که مه‌رگ ئینقلابی لێکرد،
ئیتر نیشتمانی ڕۆحم،که‌وته ده‌ست قاچاخچی و
قاسه پۆڵاینه‌که‌ی سه‌رم تاڵان کرا!
ئیتر فه‌سڵه‌کانی ته‌مه‌نم،توانه‌وه به‌سه‌ر یه‌کدا!
ئیتر ڕه‌وڕه‌وه‌ی پێکه‌نینم تێك شکا!!
له دوای ڕیشی سه‌وزی ئه‌و هه‌ڵوه‌ری
ئیتر ماڵمان تالێك سه‌وزایی پیا نه‌هات..!!
ئه‌م به‌فره پیاوه، چ سه‌رۆکێک بوو؟!!
که مه‌رگ ئینقلابی لێکرد،
ئیتر هه‌رێمه بچوکه‌که‌ی دڵم
ژنێک نیوه‌ی فرۆشت و
ژنێکی تر نیوه‌ی کڕی.!!
ئه‌م به‌فره پیاوه هه‌شت ساڵه،
له ئاگردانی دڵما ..
له مه‌نجه‌نیقی جه‌سته‌ما
له‌سه‌ر پشکۆی خه‌یاڵه‌کانم هه‌ڵ نیشتوه و
ناتوێته‌وه و……. ناتوێته‌وه
عومه‌ری حاجی 13.01.2013
ئه‌ڵمانیا