پیشەسازی سته‌م بەپێنج هه‌نگاوی کەم بۆ کارەساتێکی مەزن
‘ئەوانەی توانای ستەمیان هەیە، ئەوانەن کە توانای پاساوبۆهێنانەوەشیان بۆی هەیە’
(لایساندەر سپوونەر)
“هەرچییەک پێشێلی سەربەخۆیی تاک بکات، ستەمکارییە” (جۆن ستیوارت میل)
نەوزاد جەمال
• چۆن ستەمکار پەیدادەبێ؟
پرسیارێکی سادەو پاکی منداڵئاسا، بەڵام پڕ لەدرۆکردن لەگەڵ راستی مرۆڤایەتی خۆیدا. چونکی ستەمکار کەسێک نییە بەهێزو توانایەکی بێسنورەوە لەدایک بێ، ستەمکاریی هەبوونی توانایەکی هێزەکیە بەیارمەتی زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەر. رەنگە سایکۆلۆجیەتی مرۆڤ پڕبێ لەساتی ستەمخوازی، بەڵام هەموو کەس دەرفەرتی بەڕاستیبوونی – واقعیبوونی تواناکانی ستەمکاری نییە، وەلێ ئامادەیی ملکەچی و بێدەنگبوونی کردەی ستەمی هەیە.
لەبەرئەوە، مایەی سەرنجە کە “پێمان سه‌یربێ” ئاخۆ چۆن که‌سێ ده‌ستی ده‌چێته ژیان و گیان و ماڵی کهسێکیترو ده‌یچه‌وسێنێته‌وه‌و وێرانی ده‌کات. به‌تایبه‌ت، سه‌رکرده‌ی وڵاتێک کە له‌پڕێکدا ده‌بێته که‌ڵه‌گایه‌کی توڕه، بێبه‌زیی، دوور له‌ڕه‌وشت و پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌وێته وێزه‌ی هاوڵاتیان و به‌ئاره‌زوو و خواستی خۆی به‌ره‌و هه‌ڵدێری مەرگیان ده‌بات؟
دیارە وەرچەرخان لەمرۆڤێکی ئاساییەوە بۆ کەسێکی دڕندە، بەدگۆرانێکی سایکۆلۆجیە کە بەهەماهەنگی ژینگەی لەبار دێتەئاراوە. هەروەک وەبیرهێنانەوەیەک پێویستە ئاماژە بەدەرهێنەرو فیلمسازی سویدی ‘ئیگمار بێرگمان’ (١٩١٨-٢٠٠٧) بدەین کە لە فیلمێکی نایابدا بەناوی ‘شەرم’ (١٩٦٨) باس لە گۆرانکاریەک دەکات لەهەڵسوکەوت و پەرچەکرداری مرۆڤەکاندا لەئەنجامى زاڵبوونی دۆخی جەنگدا. تیشکۆی فیلمەکە لەسەرئەوەیە کە چۆن مرۆڤەکان دەگۆڕێن بەدڕندە، تەنانەت کەسێکی زۆر بێدەسەڵاتیش کە میوزیسانە چی بەسەردێ. فیلمەکە باس لەدیوە نەبینراوەکەی مرۆڤ دەکات کە لە هەلومەرجێکدا ناجێگیردا، گۆڕانێکی ریشەیی بەسەر رەفتارەکانیدا دێ. دیارە هەمان بیرۆکە بۆ پیشەسازی ستەم، لێرەدا مایەی لێوردبوونەوەیە.
لەبەرئەوە، پرسیاره‌که ئه‌مه‌یه: ئایا سته‌مکار ته‌نها به‌خۆی ده‌توانێ قه‌سابخانه‌یه‌ک سازبکات هه‌زاران بێتاوانی تێدا بکوژرێ؟ یا بەهاوکاری ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی، پشتیوانی پڕوپاگه‌نده‌و فریودان و راگه‌یاندن و چەندین ئامرازی رێخوشکهر دەگاتە ئەو؟ ئێمە ستەمکارو وردەستەمکارمان هەیە، چونکی ستەمکارو دیکتاتۆر هه‌ر تاقه که‌سێک نییه له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بەڕەهایی و تەنهایی رەفتار دەکات، به‌ڵکو ئه‌و هێزه دووڕوو فاشیسته‌یه که له ستایشکردنی ‘سته‌مکار’ێکدا به‌رجه‌سته‌که‌ری تاکڕه‌ویی و پێشێلکردنی مافی کەسانی ترە.
ئیدی ئه‌وەنده‌ی سته‌مکاریی کێشه‌یه‌کی سیاسییه، دوو هێنده‌ش رەگوڕیشهیهکی کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌ت له پشتەوەیە. بەتایبه‌ت له‌کۆمه‌ڵگه‌کانی وەک ئەوەی ئێمه‌دا، بۆ سەردەرهێنانی ستەمکار، ژینگەی کۆمەڵایەتی رۆڵێکی تەواوکارو ئامادەباشی هەیە. هەربۆیە ئەستەمە کۆمەڵگەی دیموکراسی مرۆڤی ستەمکار بەرهەمبهێنێ وەکچۆن مەحاڵ نییە لە کۆمەڵگەی ستەمخوازدا مرۆڤی نەرم و لێبوردە سەرهەڵدات. ئەگەرچی جۆرێ رەهایی لەم دەستنیشانکردنەدا هەیە، بەڵام بەخوێندنەوەی مێژووی ستەمکارەکانى خۆرهەڵات، باشتر ئەم تێگەیشتنە رووندەبێتەوە كە هەمیشە پێویستییەکی زێدەبەدەری بۆ ‘خوا‌و ئەهریمەن’، ‘کوتەک و تێسرەوێنەر’، بە ‘فەرمان و چەتەوڵ’ و جەندەرمەو قەراڵ هەیە! چونکی ئەو هێزە سەرکوتکەرە بۆخۆی لەناخی تاکەکاندا بوونی هەیەو لەواقیعیشدا بەرجەستەدەبێتەوە، وەک بکەرێکی تەواوکاری زاتی.
لەو کۆمەڵگەیانەدا هەمیشە ترس پاڵنەری سەرەکی ملکەچبوون و گوێڕایەڵبوونە، دەناک مرۆڤەکان خۆبەخشانە لە پاڵنەرێکی ئەقڵیەوە رەفتارناکەن و یاسا‌و رێساکان بەجێناهێنن. واتە دەسەڵاتی غەریزە، دەبێ ملکەچی دەسەڵاتی تۆقاندن بێ، دەنا غەریزە هەموو رێیەک بۆخۆی دەکاتەوە تادەربازبێ لە رێگرە یاساییەکان. هەرلەبەرئەوە، ستەمکار بەگوریسی ترس و تۆقین دا خۆی شۆڕدەکاتەوە بەناخی مرۆڤەکاندا. ترسیش ئەنجامی لاوازبوونی بیرکردنەوەی ئەقڵانی و هۆش و ئاگامەندییەکی لەخۆبردووە.
پێنج هەنگاوی ئاسانکار
لەزمانی یۆنانیدا ئێمە چەمکی زۆردار (despot) و ستەمکار(Tyranny) مان هەیە کە هەردووکیان لەیەکەوە نزیکن و هەندێجار بەئەوتۆکراسی بەکاردێن. بەڵام یه‌که‌میان، واته قۆرخکاری ده‌سه‌ڵات بەزۆرداری و ئەوپەڕی تاکڕەویی. دووەمیان، واتە فۆرمیکی سەرەڕۆی سته‌مکارییه کە لە زیادهڕەویی سەپاندنی ده‌سه‌ڵات و زهوتکردنیدا خۆی دەبینێتەوە. بۆیە ستەمکار لە پێناسەی ‘ئەفلاتون و ئەرستۆ’دا کەسێکە بەبێ رێسا‌و و یاساکان فەرمانڕەوایەتی دەکا. بەڵام پێموایە ستەم هەر تەنها پابەند نەبوون نییە بەیاساکانی فەمانڕەوایەتیەوە، بەڵکو ملکەچبوونە بۆ یاسای هێز. واتە ئەگەرچی ستەمکار یاسا پێشێلدەکات و خۆی لەسەروو یاساوە دەسەپێنێ و دواجار هێز دەکاتە یاسای فەرمانڕەوایەتی.
لێرەوە یاسای هێزە دەبێتە نەریتێکی چەسپاوی سیاسەتی بەڕێوەبردن و ستەم وەک پێدراوێکی بۆماوه‌یی کولتوریی لێدێ. بەدەر لەم راستییە، بەپێی هەندێ تاقیکردنەوەی دەروونی دەرکەوتووە کە مرۆڤ بەچەند هەنگاوێکی سادە، دەشێ ببێتە ستەمکارێ. ده‌رونناسی ئه‌مریکی ‘ماکس گلۆم’ له‌ڕیی کۆمه‌ڵێ تاقیکردنه‌وه‌ی دهروونیەوەو به‌پێنج هه‌نگاو دهریخستووە که ره‌فتاری مرۆڤه‌کان له بێوه‌یی و ئاساییه‌وه به‌ره‌و دڕنده‌یی و توندوتیژی دەڕوات، نه‌ک ته‌نها به‌رامبه‌ر بەکهسێ کهنەناس و هی وڵاتێکی دیکەیە، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر که‌سه‌کانی ده‌وروپشتیش تەنانەت وه‌ک هاوسێ و نزیکانی قوتابخانه‌و زانکۆ‌و سه‌رکارو هاوڕێیانی گهمهکردنیشی بەردەکەوێ .
بۆئەوەی ستەمکارێ کردەی ستەم بکاتە پیشەسازییەکی مسۆگەر، دەتوانێ بە پێنج هەنگاو ئەمەی بۆ رایی بێ:
1- دروستکردنی دووبەرەیی لەژێر دروشمی “من”و “ئەو” یا ‘ئێمه- ئه‌وان’دا، لەڕێی بەهێزکردنی ئەو ستریۆتایپ و پێشداوەری لەسەر ئەوان- ئەویتر هەیە. ئەوەی لەگەڵمان نییە، دژەدەسەڵات، خائین و بەکرێگیراوو تێکدەرە. ئێمە باشەخوازو چاکەویستین. نیشانەسازی دەرەگروپ و ناوگروپ. بۆئەوەی لەرێی ئەو وێنەو پێناسانەوە کەلەسەر ئەویتیرو خۆمانە هەمانە، داوەری بکەینو کەسەکان دابهشکەین: ئه‌وانه‌ی سه‌ربه ئێمه‌ن(چاک و باش و زیره‌کن و ره‌سه‌نن). ئهوانەشی سه‌ربه “ئێمه” نین (خراپ و پیس و ئه‌هریمه‌نن). ئه‌م پۆلینکارییە له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاریی پێشوه‌ختە کاتێ جیاوازییه ئاسایی و سروشتیه‌کان ده‌گۆرین به‌جیاوازی دژایەتی به‌پێی “بڕیاریی به‌هایی”.
2- ملکەچبوون بۆ فەرمان و بڕیارەکان، بەبێ بیرکردنه‌وه له‌ئه‌نجامه‌کانی. له‌م قۆناخه‌دا مرۆڤ بێئه‌وه‌ی درک به‌وه‌بکات، کارێ ئه‌نجام ده‌دات، له‌به‌رئه‌وەی پێی سپێردراوه، له‌کاتێکدا زیانبه‌خشه بهکۆمەڵگه. چونکی مرۆڤه‌کان بهگویرایهڵی فه‌رمانه‌کانی سه‌روتری خۆیان گۆشکراوو دەستەمۆن واده‌زانن ئه‌رکی ئه‌وان ته‌نها جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه هه‌رچییه‌ک بێ. له‌کاتێکدا زۆربه‌ی تاوانەکان و جینۆسایده‌کان له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌نجامی راپه‌ڕاندنی فه‌رمانێکی سه‌رووتره بەدڵ و مێشکێکی سارد‌و بێ پرسیارەوە!
3- نەیارەکانت لەمرۆڤ بخە! بۆئەوەی رەوایەتی بدەی بە لێدان و زەبرگەیاندن و ئازاردانیان بێ پەروا! هەمیشە لە مرۆڤخستن و لەکەمکردنەوەی ئەویتر، ئاسانکاری ئازادنیان دەکات.
4- خۆدوورگرتن و لێدوورکەوتنەوە (ئاپاتی) لە ئەوانیتر. له‌سه‌رده‌ستی تیرەی ‘هۆتۆ’ زۆر به‌خۆشی و بێکێشه بهخوێنساردیەوە قەسابخانەکە به‌رێوه‌چوو له رێورهسمیک و سروتێکی تایبه‌تدا! واتە کەسانێک هیچ بەلایانەوە نائاسایی نەبێ ئەوە دەکرێ و نقەیان لێوەنەیەت لەکەسێکی تر!
5- ته‌فروتوناکردنی ئه‌ویتر به‌ره‌هایی. لێره‌دا پسپۆرێکی وەک ‘ستانلی میلگرم’ باس له پرۆسه‌ی لەناوبردن دەکات وەک بەرئەنجامی پرۆپاگەندە کە بەهۆیە مرۆڤ ده‌کرێتە رۆبۆت له‌جێبه‌جێکردنی ئه‌رک و فه‌رمانێکدا بەبێ پرسین. خه‌ڵکی کوێرانه له‌ژیر کاریگه‌ری پرۆپاگه‌نده‌ی ئایدۆلۆجیایه‌کدا وه‌ک شوۆڤینیزم و نایزیم ده‌ستانی به‌ئاسانی ده‌چێته ئه‌ویتر. له‌رواندا رادیۆ له‌کاتی قه‌سابخانه‌کاندا لهگوندای (٤٠٠٠) که‌س کوژران لهگهوهرەو مندال و پیرو ژن، له‌سه‌ر ریتمێکی گۆرانی و بەئاوازێ کچان لاقهدهکران! وە ده‌وترا ده‌بێ ‘داری درێژ هه‌ر ببڕدرێته‌وه’. ئاماژه به توتسیه‌کان.
کەواتە، بەپێی ئەم تاقیکردنەوەیە، ستەمکاری کاتێ روودەدات کە خەڵکی ئاسایی ملکەچ و سەردانەوێنن بۆ ستەمکارێ لەوەی دەیەوێ ئەنجامی بدات بێ پرسیار‌و رەخنەو هەڵوێست وەرگرتن. بۆیە زۆرینەی بێدەنگ، ئاسانکاری راستینەی هێزی ستەمکارە.
• میتۆدی سيستمى ستەمکار:
رێوشوێنی ستەمکاری، بەرنامەرێژیەکی هەیە کەدەتوانێ بەئاسانی خۆی بسەپێنێ و بەئاسانیش دەسەڵاتی جێگیرکات، بەچەند هەنگاوێ :
1- کۆنترۆڵکردنی زانیاری و بیروڕای خەڵکی، بەتایبەت شاردنەوەی زانیاریەکان و بەهەڵەدبردنی خەڵکی سەبارەت بە راستی رووداوەکان بەزانیاری هەڵە.
2- ساختەکاری لە دەنگدان، نەهێشتنی چاکسازی و بەدواچوون.
3- کارکردنە سەر یاسا‌و قانون و رێگرتن لە جێبەجێکردنی یاسا‌و دەسەڵاتی یاسایی و دادوەری.
4- مۆنۆپۆلکردنی حکومەت تاڕادەی چەکدارکردن و بەکارهێنان سوپا بەپاساوی پاراستنی ماڵ و هێمنی ئاسایش.
5- میلیتاریزەکردنی یاسای سەپاندن بەپاساوی جەنگی دژبە تاوان و ئاسایش تارادەی بەرتەسکردنەوەو ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری.
6- ئاگاداری و چاودێری و گوێگرتن لە خەڵک.
7- رێگەگرتن لەدەنگە رەخنەیەکان و بیرورای جیاواز.
8- بەکارهێنانی قانون بۆ لێدانی رکابەرکان بەپارەو سامان و خەڵات و بەرات بەشینەوە.
9- دروستکردنی توێژێک دەسەڵاتڕۆشتوو لەسەروو قانونەوە کەمافی تایبەتیان هەبێ.
10- وابەستەکردنی خەڵک بەحکومەتەوە تا دەستپانکەنەوە لێی!
11- گێلکرندنی خەلك سەبارەت بەماف و ئەرکەکانیان. وەک دەنگ نەدان و گوێنەدان بەگۆڕانکاریەکان . بیرنەکردنەوە بەهۆی “سیاسەتی سەرقاڵکردن و خافڵکردن”ەوە.
12- دروستکردنی زنجیرە کێشەو رووداوێک وەک ‘دژەتیرۆر’، هەڕەشەی دەرەکی هەموو لەپێناو خۆپڕچەکردن و قۆرخکردنی بودجە کە بە(Reichstag plot) دەناسرێ.
لەکۆتاییدا دەبێ ئەو راستیەمان لەبەرچاوبێ ئەو ستەمکارە خەفەیەی کەلەناخدایە و خۆی مەڵاسداوە بۆ دەرفەتێ دەگەڕێ، ئەگەر رێگەی نەبوو، هەولدەدات خۆی رادەستی کەسێکی لەخۆ ستەمکارتر بکات و لەویدا خواست و مەیلی سەرکوتکردن بەدەستبهێنێ.