![لەبەردەم ئاوێنەى ئاو … نەوزاد بەندى لەبەردەم ئاوێنەى ئاو … نەوزاد بەندى](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/nawzadBandi3_602865873.jpg)
لەبەردەم ئاوێنەى ئاو … نەوزاد بەندى
-1-
من و تۆ
دوو کتێب بوین ،
لاپەڕەکانمان نەمان
هەندێکیان سووتان ..
هەندێکیان دڕان ..
هەندێکیان ڕزین ..
هەندێکیان تەڕ بوون ..
چەتەکانیش ،
هەندێکیان دزین ..
هەندێکیان هیچیان تیا نەنوسرابوو..
هەندێکیان لەڕێى یۆنان نوقوم بون ..
هەندێکیان کەوتنە ژێر پۆستاڵەوە ..
هەندێکیان ڕۆشتن ،
نەگەڕانەوە (قەت) بۆ ماڵەوە ..
هەندێکیان پاسدار
هەندێکیان جەندرمە
هەندێکیان ئەبو خەلیل
هەندێکیشیان جاش ، ئەنفالى کردن ..
هەندێکیان مارینز
کردنى بە ژێر بیابانەوە ..
هەندێکیان لەسەر ڕووبارى فرمێسک ،
قاچیان خلیسکا و
خوسانەوە..
هەندێکیان بەسەر تەنافى زبرى چاوەڕوانیدا ،
خۆیان هەڵخست و
وشک بوونەوە ..
هەندێکیان حەسار
هەندێکیان کۆڕەو ..
هەندێکیشیان (ئەو ) لەبارى بردن ..
هەندێکیان لەناو شەختەى تەنیایى ،
بون بە سەهۆڵ و
بە بێ دەنگ ، مردن ..
* * *
ئێستا دوو بەرگین ..
بێ پەڕە ..
ماندوو ..
چرچ و لۆچ ..
گەچڵاو ..
سات بە سات زیاتر ئاشکرا ئەبێ :
کە ئیتر ڕۆڵى من و تۆ تەواو ..
-2-
بۆچى تێت ناگەم ..؟
بۆچى تێم ناگەى ..؟
من بیرى چەرخى نان و چا ئەکەم..
جلى پیناویى
پانتۆڵى دڕاو ..
ژوورى تاریک و
شەوى درێژى پڕ لە برسێتى و
خاڵى لە میوە و
دوور لە شەو چەرە ..
پەنجەرەیەکى درز بردوو ..شکاو..
بە زەبرى چەسپى دوو قولى و
نایلۆن ..
هێشتا شاڵاوى نمەى بارانى زستانێکى سەخت ،
ئەخشا و
ئەگەیشتە ژێر فەرشێکى کۆن ..
لە دەرگا ئەدرا ..
باوکێکى لاواز ..
بە دەستى بەتاڵ ..
وەک سوپایەکى شکاو ، ئەڕژایە
ناو داڵانى ماڵ ..
عەلادینێکى ماندووى بێ بۆیاخ ..
قەراغە نان و
پەنجەى مناڵى هار و چەقاوەسوى
بۆ ئەکردین داخ ..
بۆچى تێت ناگەم ؟
بۆچى تێم ناگەى ؟
بەڵام تۆ هەموو پاسارییەکانى چاخى مناڵیت ،
لەبەردەم تەختە و
ئامێر و
عەتر و
سەیارەکەتا ، کرد بە قوربانى ..
تۆ قەت قیمەتى مێژوو نازانى ..
تۆ قەت ناتوانى ،
بڕژێیتە گەرووى
ماتى شەونمى
بەرى بەیانى ..
تۆ قەت نەتتوانى ،
فرمێسکەکانى چاوى مناڵیت ،
بکەی بە ئەلبوم
بۆیە
ع
ا
ج
ز
بووم ..
-3-
مناڵێ
لەسەر
ڕێیەکى
گشتى ..
نەیئەزانى نا ..
باوکى
کێ
کوشتى ..
دایکى
کێ
مارەى
کردەوەو
بردى ..
ئەى
براکانى ؟
ئەى
خوشکەکانى ؟
لەبەرچى
ون
بون
لە
چاوەکانى ؟
لەسەر
ڕێیەکى
دوو ساید
و
جەنجاڵ
پێ خاوس
برسى
خەواڵوو
نەخۆش..
کەس
بۆى
نەڕوانى
کەس
پێى
نەزانى
هەتاکو
مردن
دەستى
گرت
بردى
پێى
وت :
خەم
مەخۆ
تۆ پرسیارێ بوى ،
بۆ میللەتێکى
دڵڕەق
پیس
بەدکار
لێمان ببورە..
عومرى
تۆ
کامێراى
شاراوە بوو بۆ
گەلێکى زۆردار ..
nawzadnandy@yahoo.com