كێشەیەك لە ئارادا نییە….كارزان لێبوردە
كێشەیەك لە ئارادا نییە
(نازانم ڕەنگی گوڵ چۆنە و
هەڵهاتنی خۆر چ وەختە) حەمەعەباس
كارزان لێبوردە
1
توند
(خۆم) لە باوەشت دا دەنووسێنم
خواحافیزی لە (خۆم) دەكەم.
2
لەو كاتەوە
(مەمك) خڕە
كە (حەوا)
سێوەكەی خواردووە.
3
هیچ پیاوێك نییە
بتوانێ ڕۆحی ژن بكێڵێ
هێندەی چۆلەكەیەكیش؛
ئەویش بە دەنووك.
4
كیژێك،
ئاوی بە سەری خۆڵدا كرد،
خۆڵ بوو بە
زەوییەكی چكۆڵە،
نەك قوڕ.
5
سۆباكە پێ كە
منداڵەكە سەرمایەتی
لە وێنەكەدا.
6
لە دیمەنێكدا:
كوڕێك تا پێڵاوی دەدڕێ، دەڕوا
كوڕێك شەرم لە جەستەی خۆی دەكا
كوڕێك پڕ بە ژوورەكەی پێدەكەنێ
بە خۆی!
كوڕێك قەناعەت بە خوا دێنێ زوو بیكوژێ
كوڕێك غار دەدات و
هەر لە شوێنی خۆی چەقیوە
كوڕێك خۆی ڕووت دەكاتەوە
بە دیار وێنەی كیژێكەوە
كوڕێك، جگەرەكەی دەستی گۆچان،
ئەمە یاداشتی منە!
7
باڵندە ناخەمە نێو قەفەز
بۆ ئەوەی هەر وا بزانێ
كە ئازادە!
8
ئەی دوژمنم،
ڕەنگە لە یادەوەریم دا نەمێنی،
زووكە دەی
با وێنەیەك بگرین!
9
بەرد
بەرد
بەرد نا،
سێبەرەكەی دەجوڵێ!
10
ماچ خۆشترین ماچە
ماچی قەڵەم لەگەڵ دەفتەر
قۆریی چا، پیاڵە،
پەنجەی پێم، نەعلەی ژنەكەم!
11
خودا لە بیر خۆیم بباتەوە
ئەگەر من،
تۆ لە بیر خۆم ببەمەوە
ئەمەیە فەلسەفەی من بۆ تۆ،
خۆشەویستم!
هەولێر- 2008