جهنگی ناكۆتای رهش و سپی ….عومهر جهلال
جەنگى ناکۆتاى رەش و سپى
عومەر جەلال
منداڵێک لە دایک دەبێت
رەشاو هەڵدێنێتەوە
خەونى رەش دەبینێت
باوکى لە تەنیشتى بێدەنگییەوە
چاوەڕوانى کفنێکى سپى دەکات
روخسارێکى سپى و دیدگاى سپى
هەمیشە هاورێیەتى
لە مێژە هەست بەجەنگى رەنگەکان دەکەم
بە منداڵى بە رەنگى سپى لە تەختە رەشم دەنووسی
پەرەى سپیم
بەرەنگى رەش دەبەستەوە
لە ساتى بەفر باریندا
چاویان بە کل رەش دەکردم
بۆ ئەوەى رەنگى سپى
رەشی چاوەکانم نەخوات
هەستم دەکرد
لە نێوان جەنگى رەنگەکانى
رەش و سپى گەمە دەکەم
ئەشێ رەژوو لە ئەزەلەوە رەش نەبووبێت
تەنیایى فێرى کردبێت
ئاو لە ساتى شەپۆلدا
هەست نەکات سپى دەچێتەوە
هەندێ سات قەلە رەش
تەنیا بە هۆى رەنگى سپى
کەروێشکێکى چکۆلانەى لە گۆڕ ناوە
دەستیکى رەش
شۆرشێکى سپى
بەرەو کودەتا بردووە
ئەمە پیشەى رەنگەکانە
مرۆڤانە جودا خوازە
رەش ئارەزووى تەنیاییەو
سپیش کوڕى بەختەوەرى
رەش لە نزیک گۆڕستانە و
سپی لە ناو خەندە دەژى
ئیرەیى بە رەنگەکان دەبەم
تەنها بە تەنیایى جوانن