فیلێک ده‌فڕێت…ڕێبوار ڕه‌شید
فیلێک ده‌فڕێت
سوارانی مام ساحیر به سواری ئه‌سپی که‌ته‌وه که ملیان نیومه‌تر وه‌سه‌ر خه‌ڵک ده‌که‌وت به‌و ناوه‌دا به قامچی به‌ربوونه ئه‌و حه‌شاماته‌ی له‌و ناوه‌دا خڕ بووبوونه‌وه. خه‌ڵک له ژێر باری قامچیدا به‌ملاولادا رایان ده‌کرد و هه‌ڵده‌هاتن. ڕه‌نگ زه‌رد و چڵکن و پڵکن و ماندوو، ده‌ستیان له ده‌ستی منداڵی وردیاندا له‌و ناوه‌دا ده‌که‌وتن و ههلدهستانهوه.
له ڕاستیدا له ناخی دڵیانه‌وه پێیان خۆش نه‌بوو بێن و سیحری ئه‌و کابرایه ببینن، به‌ڵام به ئه‌زموون ده‌یانزانی که ئه‌گه‌ر نه‌هاتنایه نان و دۆ بڕاو ده‌بوون، خاکیان تووشی وشکه‌ساڵیی و ماڵیان تووشی له‌شکری سیسرکان ده‌بوو. ئاسمانی وڵاتیان ڕه‌ش داده‌گه‌ڕا و هه‌وری بێ باران به پانتایی ئه‌و ئاسمانه‌دا له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ر به چه‌خماخه و گرمه‌گرمه‌وه مێشکی سه‌ری ده‌بردن.
کابرا ساحیر نه‌بوو، خودایه‌ک بوو بۆ خۆی.
یه‌کێک له سهرسواران، تێکسمڕاوێکی ورگنی چاودهرپۆقیو که به عه‌مری ئه‌و خودایه‌ی له زستانی ته‌مه‌نیشیدا سمێڵ و مووی سه‌ری له ڕهشییدا ده‌بریسکایه‌وه، به هونه‌رێکی سیحراویی هه‌وای ورگی کرد به بڵندگۆی ده‌نگی خۆی:
ئه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته، وه‌رنه پێشتر، هیچ قه‌ومێکی ئه‌و دونیایه ئاوا وه‌کوو ئێوه به دڵخوازی خۆی کۆ نابێته‌وه. ئه‌ی عاشقانی سیحر، ئه‌ی کۆیله‌ی مام ساحیر و ئه‌ی موریدانی نوری شێخ و که‌ره‌می سه‌ید و ئاغایان، وه‌رنه پێش، ئه‌و دوو قامچیهش که ده‌یخۆن زیاتر شه‌ره‌فی سیحرستانمهندییتان بڵند ده‌کات. وه‌رنه پێش، وا مام ساحیر، یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کاره‌کانی خۆیتان نیشان ده‌دا، ملتان نه‌وی که‌ن و سه‌رتان داخه‌ن، وا ئێستا له‌و که‌ژاوه‌یه دێته ده‌ر و ئه‌و فیله‌ی بن ئه‌و عه‌رده‌ی به حه‌وادا ده‌بات. ئه‌و فیله له‌و کونه‌ی ده‌ردێنێت و باڵی لێ په‌یدا ده‌کات و وه‌ک سوێسکه به‌و ئاسمانه‌دا ده‌یبات و ده‌یهێنێت.
به‌ڵام…
کابرای سواری سواران وا نه‌ڕاندی که ئه‌و خه‌ڵکه مه‌ترێک به حه‌وادا چوون،
به‌ڵام، له پێشدا گوێ له شاعیری شاعیران، له شاعیری مام ساحیر بگرن، با هه‌وای نهرمهشیعرێک دڵی وشکهوهبووتان نه‌رم و گه‌رم دابهێنێت، ئه‌وی ئه‌وانه‌ی له سیسرکه‌کانی ماڵی خۆتان ده‌چن، فه‌رموون، وا ئێوه و شاعیری شاعیران.
کابرای شاعیر که به پێوه له سه‌ر وشترێک وێستابوو، هاواری لێهه‌ستا:
یه‌کێک ده‌ڵێ شیعر خه‌مه
ئه‌من ده‌ڵێم شیعر نانه، شیعر ده‌ستی بڕاوی
ناو ژووانه
شیعر بۆ ئێوه ده‌رمانه،
بۆ من ئاوه، بۆ من نانه
ئه‌ی نامه‌رد و بێوه‌فایان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی
که‌لله‌ی سه‌رتان وه‌ک بیابانه
وا ساحیری ساحیرانم، وا ماهیری ماهیرانم، دێته پێشێ
فیلی فیلان، فیلی گۆشتخۆر، به ئاسمانی
ئه‌م وڵاته به قووڕهگیراوهی ئێوه‌دا توند ده‌فڕێنێ
هه‌تا دوورگه‌ی پاشایان و شابانووان،
هه‌تا باخی ناو باوه‌شی هه‌میشه ته‌م و غوباران
نایوه‌ستێنێ
گو به ڕیشتان، گو به ئیشتان، گو به میسکه میسک و
فیشکه فیشکتان
سه‌رهه‌ڵبڕن و حاڵی بن که ساحیری ساحیرانم
نه عیسایه و نه موسایه و نه نازانم ک‌یی کێیانه
ساحیری ساحیرانم
مه‌هدی ئاخر زه‌مانه
بڕووا بێنن، بێ بڕووایان
ئه‌ی گومڕاکان، ئه‌ی گومڕایان
له چاوترووکاندنێکدا شاعیر دیار نه‌ما. خه‌ڵک له ترساندا وه‌ک گه‌ڵای به‌ر زریانێ به‌ملاولادا به‌رده‌بوونه‌وه و ده‌که‌وتن. ئه‌وه چه‌ند ساڵ بوو فیلێکیان له بن ئه‌و عهردهیدا دانابوو. فیل فیل نه‌بوو سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی فیلی هیندیی گه‌وره، عه‌یب نه‌بێ هه‌ر ئه‌سبابی سیغارکێشانهکهی هێنده‌ی فیلێکی ئه‌فریقایی ده‌بوو، بۆنی ئه‌و فیله شاری کاس کردبوو، هه‌ر جارێ ده‌فسی خه‌ڵک له‌و ناوه‌دا به ده‌یان ده‌که‌وتن و ده‌مردن. که‌س تا ئێستا نه‌یدیتبوو، لێره و له‌وێ له په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچووکه‌وه پیاو بستێک له باڵای ده‌بینی و هیچی تر.
له ناو خه‌ڵکدا بوو به مقۆ مقۆ، خودایه، له به‌ر خاتری مو‌سا ئاورت له شاخێک به‌ر دا، مردووی سێ ڕۆژه‌ت له به‌ر خاتری عیسا هێنایه سه‌ما، که‌لامی خۆتت له‌و ئاسمانه‌ی ڕا ئاخنیه که‌لله‌ی محه‌مه‌ده‌وه، ئه‌ولادی نوحت له‌م سه‌روو سه‌ری دونیا بڵاوکرده‌وه، به به‌ره‌که‌تی ده‌ستت برسی و ڕه‌شوڕووت و پشتشکاوت کردووین و به بهشت ڕازیین، خودایه، ئه‌م فیله کو به‌و ئاسمانهیدا ده‌به‌یت؟ … وازمان لێ بێنێنه و له‌وه زیاتر ده‌ست به ئه‌ژنۆمان مه‌که.
کابرای ساحیر له به‌رده‌می ئه‌و حه‌شاماته‌دا پێ له سه‌ر زه‌وی، باڵای له هه‌موویان بڵندتر، ڕاوه‌ستا، که‌لوپه‌لی ساحیریی له جانتایه‌کی دیپلۆماسیی ڕه‌شدا هێنایه ده‌ر، فووی له هه‌ندێک خاک کرد و هه‌ندێک له پیاوانی ده‌وروبه‌ری که‌مێک ده‌هۆڵیان بۆ کوتا و یه‌ک دوو هه‌ناسه زوڕنایان بۆ ژه‌نی. ئه‌وجا ده‌ستی بۆ پێشه‌وه برد و بۆ دواوه گه‌ڕانده‌وه و لاقی ڕاستی بڵند کرد و لاقی چه‌پی به دوایدا هێنا و وه‌ک دارههلووکی باش لێدراو سێ چوار جار به ده‌وری خۆیدا خولی دا.
– فیله‌که بفڕه!
گرمه‌یه‌ک هه‌ڵستا ئه‌و حه‌شاماته سه‌د مه‌تر به ئاسمانێدا چوون. به حه‌واوه ده‌ست له ده‌ستی یه‌کتر و منداڵیاندا وه‌کوو بادهوا ده‌خولانه‌وه و زرم زرم یه‌ک له دوای یه‌ک ده‌یاندایه‌وه به زه‌ویدا. فیل له یه‌کێک له‌و کونه بچووکانه‌وه، وه‌ک سوێسکه، خۆی چووقاند و به ئاسماندا تێی ته‌قاند. ته‌پوتۆزێک ده‌باری که‌س هه‌ناسه‌ی بۆ نه‌ده‌درا.
له به‌ر چاوی ئه‌و حه‌شاماته فیل به ئاسمانی شاردا دایه شه‌قه‌ی باڵ.
سوره‌تی "فیلێک ده‌فڕێت" تێکه‌ڵ به دوعا و نزاخوێندنی خه‌ڵک بوو.
شاعیر خوێندی:
من شاعیرم، شیعر بۆ جوانیی ده‌سته‌ڵات
ده‌هۆنمه‌وه،
من شاعیرم، مێژووی سیحر و سیحربازیی ده‌نووسمه‌وه
ئهننووره شیعری من
گولله‌یه، که‌لله‌سه‌ره، چیرۆکی نه‌فره‌تی خوداکانه
شیعری من له دیوه‌خان، له مزگه‌وتا، له خانه‌قا
و له پاتاقا و له سهدتاقا
دهڵرێتهوه
شیعری من….
کابرای ساحیر پشتی له شاعیر کرد و خۆی چه‌مانده‌وه و بایه‌کی تێگرت که کابرای شاعیر سه‌د مه‌تر به سه‌رمه‌وقولات په‌ڕی.
خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووتی ترسا‌و سه‌یری یه‌کیان ده‌کرد و له‌و ترس و وهحشهتهشدا پێکهنیانیان ده‌هاتێ و نهشیاندهوێرا له دڵه‌وه پێبکه‌نن، له‌و کاته‌دا شاگردانی مام ساحیر که دیاربوو ئه‌وانیش فێری سیحری خۆیان بووبوون، ده‌ستیان کرد به سیحر کردن. یه‌کێک دۆلاری دروست ده‌کرد و یه‌کێک دینار. یه‌کێک خۆڵی ده‌کرد به گه‌وهه‌ر و به زێڕ و ئه‌وی تر کهللهقهندی ده‌کرد به ته‌له‌ویزیۆن و هه‌ر له‌و سیحره‌ی خۆیدا ده‌چووه ناو ته‌له‌ویزیۆنی و به سه‌عات قسه‌ی ده‌کرد. باسی سیحری خۆی و توانای خۆی و شاگردانی خۆی و خه‌تی خۆی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ساحیران و چی و چی ده‌کرد. ته‌له‌ویزیۆن حه‌شاماتی شێت کردبوو چونکه نه‌ده‌کرا خامۆش بکرێت. هه‌تا کابرای ساحیر پێی خۆش بووایه ئه‌و قوڕمساخهیش گرمه‌ی ده‌هات، هه‌ر ده‌تگوت به بای خودایه کار ده‌کات. کابرایه‌کی پیری ماندوو نه‌یده‌زانی ئه‌وه ته‌له‌ڤیزیۆنی سیحره، له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یگوت: ئه‌رێ ئه‌و پاره‌یه‌یان له کوێ بوو؟
ساحیری ساحیران له شاگرهکانی خۆی تووڕه بوو:
– عه‌مر کورت بن، سه‌د ساڵی تریش فێری سیحرتان بکه‌م هه‌ر بۆ ئه‌وه ئازان خۆڵم بۆ بکه‌ن به دۆلار و به دینار و به پاوه‌ند. هه‌ر تێر ناخۆن. ئه‌ی هه‌تیوه گه‌ڕه، ئا ئا ئا، له‌گه‌ڵ تۆمه ئه‌ڵێی ڕه‌سمی به‌رگی کتێبی حه‌قایه‌تی چل تووتیت، مه‌گه‌ر مانگی ١٥٠ هه‌زار ئه‌وه‌ت ناده‌مێ؟ هه‌تیو؟ ئه‌دی تۆ، ٥٠ یان ٦٠ هه‌زار له‌و قوزهڵقورتهت ناده‌مێ؟ ئه‌دی تۆ گه‌ڕه، به باسی به‌هه‌شتێ و هه‌رمێ خواردنێ، چه‌ند هه‌زارت ده‌ده‌مێ؟
شاگرده‌کانی سه‌ریان له ئاست قسه‌ی ساحیری ساحیراندا نه‌وی بوو. هه‌رچیه‌کی پێده‌گوتن ڕاستی ده‌کرد. ئه‌وجا که ساحیری ساحیران له سه‌ری نهویانی ڕووانی که‌مێکی دیکه‌ش ده‌نگی لێهه‌ڵبڕین. یه‌کێکیان گوتی: وه‌ڵا قوربان، خۆ که‌س ساحێبی هیچ نییه له حزورتدا، نان و ئاو و ئوتومبیل و نازانم چی هه‌مووی هه‌ر هی خۆتن، به‌ڵام گوتمان شه‌فاف بین قوربان… شه‌فاف
له‌و ده‌مه‌دا شاعیرکه هه‌ر ده‌تگوت جۆکه‌ره له پڕیکدا وه‌ک کارگ هه‌ڵتۆقی. له‌وه ده‌چوو فسی ساحیری ساحیران گێژی کردبێت، هه‌ناسه‌سوار و قژ و موو ژاکاو، ده‌نگی لیههڵبڕی:
ئه‌رێ شافه
یان شه‌فافه؟ شه‌فافی پێ ده‌ڵێن
کۆدی عیشقم بۆ وه‌ته‌ن؟
– بیبڕه‌وه هه‌تیوه با به تڕێکی دیکه نهتپهڕێنم.
ساحیری ساحیران له‌وه ده‌چوو له‌و کاته‌دا پاره به شیعر نه‌دا.
حه‌شامات له‌و به‌ینه‌دا زه‌نده‌قیان چوو بوو. هه‌موو ده‌ست و پا شکاو تازه له‌و ئاسمانه‌وه به‌ربووبوونه‌وه، تۆزی فیل لێیان نیشتبوو. ڕوویان کرده ورده ساحیره‌کان و هاواریان لێهه‌ستا: کوره به قوربانتان بین، به قوربانی ده‌ستومه‌چه‌ک و که‌لوپه‌لی ساحیرییتان بین، به قوربانی ساحیری ساحیرانتان بین، به‌شکم ئێمه شار به‌ده‌ر بکه‌ن و له‌م وڵاته ده‌رمان بکه‌ن. سیحرێکمان لێ بکه‌ن و لێره ده‌رمان بکه‌ن. وڵاته‌که هه‌موو بۆ خۆتان.
شاگردانی ساحیری ساحیران هه‌موو بزه‌یان ده‌هاتێ و له خۆشیان نه‌یانده‌زانی چی بکه‌ن. هه‌ریه‌که و په‌لاماری که‌لوپه‌لی خۆی ده‌دا تا له سیحرهکهدا به‌شدار بێت. یه‌کێکیان هه‌ڵی دایه: ئێمه له بۆ میلله‌تێ هه‌موو شتێ ده‌که‌ین، یه‌ک ده‌گرین، له یه‌ک ده‌ده‌ین، سیحر دژی یه‌ک ده‌که‌ین، کوره له‌به‌ر خاتری میلله‌تێ، هه‌موو شتێ ده‌که‌ین.
ئه‌وجا حه‌شاماته‌که ڕوویان کرده ساحیری ساحیرانیش: قوربان تۆ ساحیری ساحیرانیت، ده‌توانیت له زیخی ژێر پێی که‌وشه‌کانت حه‌شاماتێک دروست بکه‌یت. قوربان تازه ئێمه خودا غه‌زه‌بی لێگرتووین. ئه‌مه چاره‌نووسی خودایه و قبوڵی بکه، وڵات بۆ خۆت، ئێمه وه‌ک ئه‌و فیله‌ی بنێره بۆ ئه‌و وڵاته. قوربان، فیل بۆ ده‌نێرێت، ئێمه بنێره. ئێمه له جێی ئه‌و فیله بخه ئه‌و کونه و پاشان ئه‌و سیحره‌مان لێ بکه. کوره قوربان، تۆ فیلت خۆش ده‌ویست، بۆ باڵت لێگرت، خۆ لای خۆیشت هه‌ر له ئاماندا بوو. قوربان، له سایه‌ی سیحری به‌رزتدا فیلی له‌و جۆره، به‌راز و یه‌کانه و مالۆس و چی و چی له سه‌ر ده‌ستی پیرۆزت ئاو ده‌خۆنه‌وه. فیل بۆ ئه‌م وڵاته به‌جێ بهێڵێت قوربان؟ که خاک ئیتر بۆنی ئه‌وی لێ دێت، ئاوی خواردنه‌وه‌مان، بای هه‌ناسه‌مان، ڕه‌نگی چاومان بۆ و تام و ره‌نگی ئه‌وی لێ دێت. قوربان، وڵات بۆ خۆت و فیلانت، بۆ خانم و خانمانت، بۆ شاگرد و شاگردانت، قوربان، وه‌ک مێرووله‌ی خودا غهزهبلێگرتوو باڵمان لێ بڕوێنه و هه‌ڵمان بده…
ساحیری ساحیران پێی دا به زه‌ویدا و نه‌ڕاندی:
ئه‌ی شاگردانی بێمێشک، چه‌ند جارم پێگوتون که خه‌ڵک دروست ناکرێت. ده‌توانن دۆلار و دینار و تفه‌نگ و ویسکی و ڤۆدگا و ته‌خته و دۆمینه و کڵاوکڵاوێنه ساز بکه‌ن، به‌ڵام مه‌ردوم ساز ناکرێت. ئه‌گه‌ر به گوێیان بکه‌ن، وڵات که‌سی تێدا نامێنێت و ئه‌و ده‌م سیحریشتان به تاڵ ده‌بێت، چونکه سیحر ته‌نها به‌رامبه‌ر مه‌ردووم کار ده‌کات.
شاعیر وه‌ک هاوێژرابێت له پشتی حهشاماتهکهوه، ڕوو له ساحیری ساحیران، ده‌نگی بڵند کرد:
یاقووته، ڕه‌نگی خوێنینه، زارت
که هه‌نگوینی لێ ده‌بارێ
که‌لامت له ئاسمانێ ڕا هاتووه
وا باکی نییه له دڕک و له خارێ
قوربانی سرووش بم
که له تۆوه بۆم دێ
ده‌ستدامێنی تۆیه شیعرم
بۆیه ها له خوارێ…
حه‌شامات له ترسان زه‌نده‌قیان چوو. سوره‌تی فاتیحه و قولوهڵا و چی و چی له پشتڕا و له ناوه‌راسته‌وه ده‌خوێندرا. ناوی خۆیشیان له بیر چوو بووه‌وه.
ساحیری ساحیران که سبه‌ی له خه‌و به‌خه‌به‌رهات ورگ و قونی هه‌ر یه‌ک به لایه‌کدا تۆرابوون و خۆیشی له ناوه‌ڕاستیاندا ده‌تگوت منداڵه زیزبووه. له پڕێکدا ختولکه‌ی ترسێک گرتی. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: خودایه، ئه‌گه‌ر بمرم مه‌ڕی ئه‌و وڵاته ده‌که‌ن به خێر زیندوو نه‌بمه‌وه.
ئه‌وجا ڕووی له ئاسمان کرد و گوتی: کوره عیسا ئه‌وه دوو هه‌زار ساڵه که‌ست زیندوو نه‌کردووه‌ته‌وه، به قوربانت بم کات کاتی موعجیزه‌یه.ته‌واو
– نا، نا، نا کابرای کامێرا وه‌ره بگه‌ڕێوه، وه‌ره کامێراکه پێ بکه‌وه هێشتا شتێک ماوه بگێڕدرێته‌وه.
– …
– ده‌ڵێن فیله‌که له‌و دوورستانه هاوجووتێکی بۆ خۆی دیوه‌ته‌وه و دوێ شه‌و هه‌تا به‌یانی زرم و کوتیان بووه. ئێستا پاش شه‌وێکی ئاوا خودایی، له سه‌ر گازی پشت ڕاکشاوه و سیغار ده‌کێشێت.ڕێبوار ڕه‌شید
٢٤/٢/٢٠٠٩