
ئازاد قه‌زاز : قورئان به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤه.
هه‌وڵێك بۆ بیناكردنی خودای كوردی
له فیكری ئازاد قه‌زازدا
نووسینی : ئیبراهیم مه‌لازاده….
ئازاد قه‌زاز هه‌موو پیرۆزیه‌كان له ئایین ده‌سه‌نێته‌وه و له ئاسمان دایده‌به‌زێنێ و ده‌یهێنێته‌وه سه‌ر زه‌وی، ده‌یداته‌وه ده‌ست به‌شه‌ر و له‌وێشه‌وه ڕێگا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یا نوێكردنه‌وه‌ی ئایین خۆشده‌كات. له‌فیکری ئازاد قه‌زازدا خودی ئایین ده‌ره‌نجامی كاریگه‌ری و ململانێیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیه.
ماكس فێبه‌ر به جیا له تێڕوانینه‌كانی كارل ماركس و ئیم‌یل دوركایم، كاره‌كانی خۆی ورد ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر كاریگه‌ریه‌كانی چالاكی ئاینی و ئیفلیجبوونی ئایینی، له‌جیاتی قسه‌كردن له ئایین وه‌كو جۆرێك له جۆره‌كانی خراپ تێڕوانین له ئاین، بۆنموونه په‌رچه‌كرداری كارل ماركس به‌رامبه‌ر ئاین و دانانی به تلیاكی گه‌لان، یا چۆن په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بناغه‌كانی ئاین بینادهكرێن، یا گێڕاندنه‌وه‌ی ئاین بۆ جه‌وهه‌ری خۆی، به مانای دروستبوونی فه‌نده‌مێنتالیزم. به‌ڵكو ئه‌و پێیوایه فیكری ئایینی و گروپه‌كان له‌گه‌ڵ بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كار له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن، به تایبه‌تیش له ڕووی ئابووریه‌وه، به مانای ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی كه كارایی ئایین دایده‌نێته سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ژیان، یان كاریگه‌ری ئایین له‌سه‌ر ناكاراییبوون، به‌و مانایه‌ی كه ڕووگه‌ی هه‌موو شته كارلهسهركراوهكان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌با كه به‌پێچه‌وانه‌ی خواست و حه‌زی بواره‌كانی تری كۆمه‌ڵگایه.
لێره‌وه ئازاد قه‌زاز ده‌رك به كارایی یا كارایینهبوونی هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌كات و خودی ناكارایی خه‌ڵكی كورد، یا ته‌به‌عیه‌تی عه‌قڵی مرۆڤی كورد ده‌باته‌وه بۆ ده‌ستنه‌دانی هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی كه گه‌لانی تر بۆ خودا و بۆ ئایینیان كردووه و كارایی بێ سنووری خۆیان له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌جێهێشتووه، له ئاكامیشدا ئه‌و پێكهاته ئایینیه‌ی ناو ماڵی كورد پێكهاته‌یه‌كی یان ئیفلیجه یاخود كاراییه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردیدا كاراییه‌كی نێگه‌تیف و ناته‌ندروسته.
ئازاد قه‌زاز ئه‌گه‌ر چی زۆربه‌ی ژیانی خۆی له ناو دونیای دینداریدا به‌سه‌ر بردووه و تا هه‌نووكه‌ش له‌و دونیایه دانه‌بڕاوه، به‌ڵام ڕامان و كاركردنی ئێستای له ناو ئه‌و كێڵگه‌یه‌دا ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ ڕامان و كاره‌كانی پازده ساڵه‌ی له‌مه‌وبه‌ری. ئازاد قه‌زاز به‌ر له‌وه‌ی له‌ناو خودی كێڵگه‌ی ئاییندا ڕووبه‌ڕووی ئایین ببێته‌وه و پێكهاته‌ی ئایین و تێكڕای سه‌رچاوه‌كانی له خودا بسه‌نێته‌وه و بیگێڕێته‌وه بۆ به‌رهه‌می مرۆڤ، تا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای ئاییندا بووه و خۆی هه‌وڵی وه‌به‌رهێنانی وتارێكی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ی داوه و زۆربه‌ی جاران پێكهاته‌ی ئاینی له چوارچێوه‌ی سۆفیگه‌ریدا بینیوه و چه‌ندین كتێب و وتاری به و ئاڕاسته‌یه‌وه نوسیون. به‌ڵام له ده‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی زۆر و شپرزه‌یی بارودۆخی میلله‌ته‌كه‌ی و بۆ دواجاریش سه‌رهه‌ڵگرتنی بۆ هه‌نده‌ران، پێگه‌ی خۆی له كێڵگه‌ی ئاییندا قایمتر ده‌كات، به‌ڵام به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا. به ئاڕاسته‌یه‌ك كه له سه‌رئاستی فیزیكی و جیهانبینیدا له‌و كێڵگه‌یه دێته ده‌ره‌وه‌و هه‌ر خۆی ده‌ست ده‌كات به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بینایه‌ی كه به‌شدار بووه له دروستكردنیدا. ئازاد قه‌زاز هه‌موو پیرۆزیه‌كان له ئایین ده‌سه‌نێته‌وه و له ئاسمان دایده‌به‌زێنێ و ده‌یهێنێته‌وه سه‌ر زه‌وی، ده‌یداته‌وه ده‌ست به‌شه‌ر و له‌وێشه‌وه ڕێگا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یا نوێكردنه‌وه‌ی ئایین خۆشده‌كات.
ئازاد قه‌زاز چونكه پێی وایه ئایین كرده‌یه‌كی مێژووییه و له ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو جیانابێته‌وه، به‌و مانایه‌ی ئایینیش وه‌كو هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری ئه‌قڵی مرۆڤ له‌دایكبووی ژینگه‌ی خۆیه‌تی و له كاریگه‌ریه‌كانیشی ڕزگاری نابێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو له‌فیکری ئازاد قه‌زازدا خودی ئایین ده‌ره‌نجامی كاریگه‌ری و ململانێیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیه. بۆیه به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی كه ئایین ده‌رهاوێشته‌ی زه‌مه‌نێكی تایبه‌ته و ئه‌سته‌مه به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه بتوانێ كاریگه‌ریه‌كانی خۆی له زه‌مه‌نێكی تری جیاوازدا به‌رهه‌م بێنێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و زه‌مه‌نه نوێیه‌دا. به‌و مانایه‌ی ده‌كرێ وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌عریفی سوودی لێ ببینرێ، به‌ڵان ناكرێ بخرێته چوارچێوه‌یه‌كی پیرۆز و له هه‌موو زه‌مان و زهمینێكدا به هه‌مان قه‌باره‌ی زه‌مه‌نی له دایكبوونی به‌رهه‌مبهێنرێته‌وه. له به‌رامبه‌ریشدا مادام ئایین له‌دایكبووی كۆمه‌ڵگایه‌كی تایبه‌ته، ده‌رهاوێشته و مه‌حكومی هه‌موو شته باش و خراپه‌كانی زه‌مه‌نی خۆی و ژینگه‌ی خۆیه‌تی ناكرێ له زه‌مه‌نێكی جیاوازدا و له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی جیاوازدا و له بارودۆخێكی لێوان‌لێو جیاوازدا به‌رهه‌م بهێنرێته‌وه.
لێره‌وه ئه‌و ده‌یه‌وێ له زه‌مه‌نی ئه‌مڕۆدا و به پێی چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی تایبه‌ت و جیاواز له كۆمه‌ڵگا مرۆڤیه جیاوازه‌كانی ئه‌مڕۆدا كه كۆمه‌ڵگای كوردیه و ته‌واو جیاوازیشه له‌كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی، بۆیه ئه‌و پێی وایه ده‌بێ كورد لێره به‌ولاوه خاوه‌نی وتاری ئایینی خۆی بێ. به‌و مانایه‌ی چیتر قبوڵی ئه‌وه‌ی نیه خه‌ڵكی تر له كۆمه‌ڵگای تر و ته‌نانه‌ت له زه‌مه‌نی زۆر دوور تریش بێن پێناسه‌ی خۆیان به‌سه‌ر شان و باڵی گه‌لی كورددا ساغ بكه‌نه‌وه. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شی له‌و دووڕیانه‌وه ده‌رده‌چێ كه به ڕای ئه‌و چه‌مكی خودا به هه‌موو ئه‌و ده‌رهاوێشتانه‌ی كه لێیه‌وه ئاڵێنراون و له هه‌ناوی خۆیدا كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ری ڕه‌ها و بێ‌سنوور له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان به‌جێدێڵێ، بۆیه ناكرێ ئه‌و چه‌مكه به‌و شێوه بارگاویه ئه‌فسووناویه ئاڵۆزكراوهدا به پێی دیدو تێڕوانینه‌كانی كه‌سێك یا كه‌سانێك له زه‌مینێكی جیاواز له زه‌مینی كوردستان و له زه‌مه‌نێكی جیاوزایش له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی كوردستان بێ ده‌ست لێدان بمێنێته‌وه.
ئازاد قه‌زاز كه دێته ئه‌و مه‌یدانه و قسه له ترسناكترین و تابوترین بوونێك ده‌كات كه خودایه، له كێڵگه‌یه‌كه‌وه دێته ده‌ر كه لێوان‌لێو كێڵگه‌یه‌كی ئایینی بووه، كه‌سێك بووه لێوان‌لێو دیندار و به ئاگا بووه له زانست و مه‌عریفه‌ی زانسته‌كانی دین و ئه‌سپی خۆی تێدا تاوداوه، كه بڕیاری ده‌رچوونیش ده‌دا له‌و پێكهاته مه‌عریفیه قهدگرتووه ته‌قلیدیه‌ی پێشوو، ده‌چێته ناو دونیای ئه‌كادیمیای زانكۆكانی ڕۆژئاوا و له ده‌ره‌نجامی خوێندنی ئه‌كادیمی به‌و قه‌ناعه‌تانه‌ی ده‌گات كه قسه‌ی لێوه ده‌كات. لێره‌دا جیاوازی ئازاد قه‌زاز له‌وه‌دا دێت كه كه‌سێكه هه‌ڵگری باكگراوندێكی ئایینی بووه له كێڵگه‌یه‌كی ئایینی دێته ده‌ره‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی به شێوازێكی تر‌و به ئایدیایه‌كی تر بچێته‌وه ناو ئایین، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان پێكهاته‌یه‌ك كه بۆ خۆی پێناسه و چوارچێوه‌ی بۆ داده‌نێ و بنه‌ماكانی دیار ده‌كات و ڕاڤه‌ی ده‌كات!!. گرنگی ئازاد قه‌زاز لێره‌وه به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ، ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له هه‌موو ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه له‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئایین و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگاش ده‌نوسن.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا ئازاد قه‌زاز ئه‌و شه‌رعیه‌ته له كوێ دێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌و بواره تابووكراوه بدات و خانه‌كانی له‌سه‌ریه‌ك لابدات و بناغه ڕه‌گداكوتاوه‌كانی هه‌ڵته‌كێنێت و هه‌رچی ئه‌و ئایینه هێناویه‌تی بیخاته به‌ر نهشتهرهكانی و هه‌وڵی دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بدات له‌سه‌ر بنه‌مای تازه و داماڵراو له هه‌موو پیرۆزگهراییهك.
فاروق ڕه‌فیق ده‌ڵێ:"ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ جڤات، گووتنی حه‌قیقه‌ته تا ئه‌و شوێنه‌ی كه شیاوه و عه‌قڵ و توانای عه‌قڵ ڕێگا ده‌دات" تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێ "لێره‌وه تاكی ته‌ندروست ئه‌و تاكه‌یه كه هه‌رگیز بۆچوونی خۆی و بگره ڕه‌خنه‌كانی له جڤات نه‌شارێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات جڤات ڕازی بكات به‌وه‌ی كه سوكرات واته‌نی (ژیانێك تاقی نه‌كرابێته‌وه شایه‌نی ژین نیه)(1). ئازاد قه‌زاز له‌و ده‌روازه‌یه‌وه. "به هه‌موو قورسایی و ئه‌و باكگراونده‌ی كه هه‌یه‌تی و جیای ده‌كاته‌وه له زۆربه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه ته‌نها به شێوه‌یه‌كی تیۆری ڕووت هاتوونه‌ته ئه‌و گۆڕه‌پانه، یه‌كێكیش له‌وانه خودی فاروق ڕه‌فیق". له ده‌روازه‌ی گووتندا، به دید و هزری ئازاد قه‌زاز گووتنێك خۆی له قه‌ره‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌دات و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش هه‌راسانی ده‌كات. بۆیه ده‌ڵێ: "پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بڕیار و حه‌زه‌كانی خۆم، زۆرم له‌سه‌ر كه‌وت، هه‌ر له ڕۆحی خۆمه‌وه تا ده‌گاته ڕۆحی خۆشه‌ویستانم، تاڵاوێك بوو ناچار بووم بیخۆمه‌وه، ئه‌مه‌ش له پێناوی ئه‌وه‌ی له ته‌ك حه‌قدا بمێنمه‌وه" (2). ده‌بێ ئه‌و تاڵاوه چیبێ كه ئازاد قه‌زاز ناچار بكات بیخواته‌وه؟
هه‌ڵبه‌ت كێشه و پێكهاته‌ی مرۆڤی كورد له كۆمه‌ڵگایه‌كی لێكترازاو و بێ خانه و بێ پاوان پێكده‌هێنێ و له هه‌موو لایه‌كه‌وه به چه‌ك و هزری ههمهجۆر گه‌مارۆ دراوه. بۆیه ئه‌و ئاڵۆزیه‌ی كه مرۆڤی كورد تێیكه‌وتووه، فاروق ڕه‌فیق ناچار ده‌كات ماڵێكی لێكترازاو بنوسێ و هه‌وڵی ده‌سنیشانكردنی گرێكوێره‌كان بدات كه پێیانده‌ڵێ (پڕۆبڵێماتیك) و كۆمه‌ڵێك پرسیار بوروژێنێ. له ڕاستیدا ماڵێكی لێكترازاوی فاروق ڕه‌فیق هه‌وڵێكی باشه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر چی هێشتاش نه‌یتوانیوه له ڕووبه‌ری وه‌سفكردنی كێشه‌كان ده‌ربچێت و بگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئازاد قه‌زاز پێیگه‌یشتووه. چونكه هه‌وڵی ئازاد قه‌زار هه‌ر به ته‌نیا وه‌سفكردن نیه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماڵه لێكترازاوهدا بۆ كێشه‌كانی ناو ئه‌و ماڵه، به‌ڵكو ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات له ترسناکترین ده‌رگای ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه بدات كه سه‌دان ساڵه مرۆڤی كوردی پێجۆشدراوه و له‌و وێنایه زیاتر وێنای تری قبوڵ نه‌بووه و ئاماده‌ش نه‌بووه گوێشی لێ بێت. لێره‌دا، ئازاد قه‌زاز "ڕێبازێكی تر بۆ خه‌باتێكی تر له پێناو ڕزگاربوونی كورددا"(3) ده‌وروژێنێ و له هه‌ستیارترین پێكهاته‌یه‌وه لێی ده‌چێته پێش و ده‌یه‌وێ له ناخه‌وه بیهه‌ژێنێ!. به‌ڵام تا هه‌نووكه‌ش ئه‌و ڕاگه‌یاندراوانه‌ی نه‌بوونه‌ته باسوخواسی به‌ر ئاگردان و هێشتا به ده‌ست لێنه‌دراوی ماونه‌ته‌وه. هه‌وڵی من لێره‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌و و شه‌قاندنی ئه‌و ده‌ریا ئاڵۆزه‌یه كه مرۆڤی كورد گیری تێدا خواردووه و پێكهاته‌یه‌كی پڕه له وێرانی و سه‌رسامی و ونبوون، بۆیه "قورئان له نێوان لۆگۆس و میتۆسدا" یه‌كێكه له‌و كۆڵه‌كانه‌ی كه خۆی له قه‌ره‌ی ئایین و باوه‌ڕی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كورد ده‌دات و له‌سه‌ر ئه‌و دووڕیانه‌دا ده‌توانین بڵێین تێكه‌ڵه قه‌تماغه‌ی ویژدانی برینداربووی كورد به كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی ناته‌ندرووست هه‌ڵده‌گرێت و ڕوودهچێته ناو یه‌كێك له تایبه‌تیه هه‌ره دهستلێنهدرواوهكان، تا له‌وێ به تاكی كورد بڵێ:
"گه‌ردوون ئه‌و سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌یه بۆ قسه كردن له‌سه‌ر خودا نه‌ك كتێب، چونكه كتێب ئه‌زموونێكه له ئه‌زموونه‌كانی مرۆڤایه‌تی سه‌باره‌ت به خودا، قورئان خۆیشی هه‌ر گه‌ردوون و سروشتی كردووه به به‌ڵگه‌ی بوونی خودا و ده‌سه‌ڵاتی خودا" (4).
ئه‌و هه‌وڵه‌شی ده‌چێته خانه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مرۆڤی كورد بۆ خۆی و بۆ خودی ئه‌و گه‌ردوونه‌ش كه تێیدا ده‌ژیێت و هه‌ستی پێده‌كات و ده‌یبینێت، به‌ڵام ناتوانێت سوودی لێوه‌ربگرێت. بۆیه پێیوایه كاراییبوونی عه‌قڵی كوردی بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ و به جیدی بیركردنه‌وه له حاڵی خۆی و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا، له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه ده‌ستی پێده‌گات و ده‌توانێت گۆڕانیان تێدا دروست بكات، ته‌نها به قوتاربوون ده‌بێ له‌و شوێنكه‌وتنه بهبهغاییهی كه هیچ گۆڕانێك و هیچ سهروهریهكیشی وه‌كو نه‌ته‌وه بۆ تۆمار نه‌كردووه و هه‌ر له پاشكۆ هێشتوویه‌تیه‌وه.
لێره‌دا ئازاد قه‌زاز به‌دوای گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ی كورددا ده‌گه‌ڕێ و ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان ده‌كات و پرسیار ده‌كات:
ئایا كورد به چ گرفتێكی بنه‌ڕه‌تیه‌وه ده‌ناڵێنێ؟
ئه‌و هه‌وڵ ده‌دا له سێ ڕه‌هه‌نده‌وه كێشه‌ی كورد بخوێنێته‌وه كه ئه‌وانیش ڕه‌هه‌ندی په‌روه‌رده‌یی و ئایینی و فه‌لسه‌فه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌موو ئایینه‌كاندا، به تایبه‌تیش ئیسلام، بیرده‌كاته‌وه و ڕووی گله‌یی له مرۆڤی كورد ده‌كات و پێی ده‌ڵێ: مرۆڤ ده‌بێ له خودی خۆی گله‌یی بكات نه‌ك له دامه‌زرێنه‌ری ئایدیۆلۆژیا (5). به‌و گله‌یی لهخۆكردنهش كه به مانایه‌ك له ماناكان ڕه‌خنه‌گرتنه له خۆ، وای لێده‌كات ئیتر له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆی به‌دوای چاره‌سه‌ردا نه‌گه‌ڕێ، چیدی ڕواڵه‌تانه بیر نه‌كاته‌وه، ده‌یه‌وێ ئه‌و كێشه‌یه له‌نێوان خودی مرۆڤی كورد و مرۆڤیدیكهدا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی كاتیش بێ ڕابگرێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌وش و كه‌موكوڕیه‌كانی خۆیشی ببینێ و بزانێت كه پێكهاته‌ی ئه‌و هه‌ر له تێڕوانینی بۆ خودا تا ده‌گاته بچوكترین قه‌واره‌كانی تری ژیان، تێڕوانینی نا ته‌ندروست و شێوێنراون.
ئازاد قه‌زاز پێی وایه یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره كاریگه‌ره‌كانی به بنبه‌ست گه‌ییشتنی ڕه‌وشی ژیان و بوونی مرۆڤی كورد، نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی بۆ خودا. له‌وانه‌یه زۆرێك هه‌بن بڵێن ئینجا نه‌خوێندنه‌وه‌ی خودا چ كاری به‌سه‌ر به بنبه‌ستگه‌یشتنی ژیانی مرۆڤی كورده‌وه هه‌یه، لێره‌دا ئازاد قه‌زاز خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و وه‌ڵامه ده‌دات و ده‌ڵێ: (هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به نه‌ته‌وه، پێویستی به سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌عریفی و عیرفانی هه‌یه كه له خۆیدا و له خۆیه‌وه هه‌ڵقوڵا بێت، ئه‌گینا ده‌بێته لاسایی كه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر. واتا په‌نا ده‌باته به‌ر مه‌عریفه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر"(6) ئازاد قه‌زاز له‌و تێڕوانینه‌یدا پێی وایه چونكه كورد خاوه‌نی خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی نیه بۆ مه‌عریفه و عیرفانیش، په‌نا بۆ چه‌مكی هوشیاربوونه‌وه ده‌بات. هوشیاربوونه‌وه به مانای پرۆسه‌یه‌ك و ده‌بێ مرۆڤ پێیدا بڕوات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ش یا باشتر بڵێین بۆ بوونی به نه‌ته‌وه، پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و له خوداوه ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته ئایین و هه‌موو پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردی.
ئازاد قه‌زاز پێی وایه مانه‌وه‌ی كورد له‌و دۆخه‌ی كه ئه‌مڕۆ تێیدایه و ته‌نانه‌ت پێی وایه هێشتا وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێكهاته‌یه‌كی دروست و ڕۆشنی نیه، بوونیه‌تی به ئه‌ندامی خێزانێكی بێ ئیراده و بێ هه‌ڵبژاردنی خۆی، به پێچه‌وانه‌ی فاروق ڕه‌فیق كه ده‌یه‌وێ مرۆڤی كورد جارێكی تر بباته‌وه ناو مۆڕاڵه ئایینیه ته‌قلیدیه‌كان و ئه‌و ژیار و مێژووه‌ش كه تا هه‌نووكه به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و ڕاڤهییانه نه‌نوسراوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كوردیش ئه‌كته‌رێكی ئه‌و مێژووه بووه!!، "ئه‌گه‌ر چی تا هه‌نووكه‌ش ڕۆشنیهكی ئه‌وتۆمان نیه له‌سه‌ر چۆنایه‌تی ئه‌و ڕۆڵانه‌ی كه ئه‌و ئه‌كته‌ره بینیویه‌تی، بێجگه له خزمه‌تكارێكی بێ به‌رامبه‌ر". ئازاد قه‌زاز به ته‌واوه‌تی به ئاڕاسته‌یه‌كی جیاوازدا ده‌ڕوا و بۆ سه‌لماندنی بیرۆكه‌ی خۆی، نموونه‌یه‌كی زیندوو له تیرازی نموونه‌ی "حی بن یقضان"ی ڕۆبنسۆن كرۆزۆ، به كچێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی دێنێته‌وه كه دوای كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ڕوویداوه. ئه‌و كچه ده‌كه‌وێته ماڵێكی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌وان وه‌كو منداڵی خۆیان به‌خێوی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه گه‌وره ده‌بێ هێزێكی ناوه‌كی، وشیاربوونهوهیهك یاخه‌ی كچه ده‌گرێ و ده‌زانێ كه ئه‌و كچی ئه‌و ماڵه نیه، ئه‌ندامی ئه‌و خێزانه نیه، دوایی ده‌زانێ كه باوكی ماوه و ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه لای باوكی، به‌ڵام كه ده‌زانێ باوكی خێزانێكی تری پێكه‌وه ناوه تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێت و سه‌رسامی واقیعێكی تر ده‌بێ(7). لێره‌دا بێجگه له‌وه‌ی كه خودی ئه‌و نموونه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاڵۆزی ئه‌و ماڵه‌یه كه دراوسێكانی به‌شێكن له دروستكردنی ئه‌و ئاڵۆزه، من گوومانم له‌وه‌دا نیه كه ئازاد قه‌زاز ده‌یه‌وێ نیشانه‌ی پرسیار بخاته سه‌ر ئه‌ندامبوونی میلله‌تی كورد له خێزانێكی گه‌وره‌دا كه ئوممه‌تی ئیسلامه. زۆر ڕاشكاوانه ده‌یه‌وێ كورد به ئه‌ندامبوونی خۆیدا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بچێته‌وه و نیشانه‌ی پرسیار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئهندامبوونهدا دابنێ!! هه‌ڵبه‌ت به پێچه‌وانه‌ی هزروبۆچوونی فاروق ڕه‌فیق كه پێی وایه دووركه‌وتنه‌وه له ڕۆشنبیری و (ژیاری ئیسلام) وای له كورد كردووه ماڵه‌كه‌ی تاریك بێ. بۆیه ئه‌گه‌ر چی ئازاد به ڕاشكاوی ئه‌وه ده‌ڵێ كه ئه‌و دژی هیچ خوێندنه‌وه و كتێب و ئایینێك نیه، وێڕای ئه‌وه‌ش كه هه‌واداری هیچ ژیار و فه‌لسه‌فه و بیروبۆچوونێكیش نیه، بۆیه به شێوه‌یه‌كی زانستیانه داواده‌كات كه كورد خۆی ببێته خاوه‌نی خوێندنه‌وه و تێڕوانینی تایبه‌ت به خۆی بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دووڕیانه‌وه بتوانێ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆی بكات. بۆیه ده‌بینین له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا ئازاد قه‌زاز ده‌ڵێ "ئه‌و قۆناغه تا بڵێی قۆناغێكی ناسكه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادا ده‌بێت كه ئه‌و كه‌سه وای لێبێت نه بتوانێ له‌گه‌ڵ خێزانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی بژی و نه له‌گه‌ڵ خێزانه نا ڕهسهنهكهش، چونكه نه خێزانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌یناسێته‌وه و نه ناڕهسهنهكهش تام و چێژی خێزانی پێ ده‌به‌خشێته‌وه"(8). له ده‌ره‌نجامیشدا كچه‌كه ده‌خاته دووڕیانی دوو ئه‌گه‌ر، یا ئه‌وه‌تا ون ده‌بێت، یان ده‌بێته مرۆڤێكی پته‌وو و خۆی ده‌بێته‌وه به سه‌رچاوه‌ی ڕهچهڵێكی تری نوێ. ئه‌و ده‌ست نیشانكردنه بۆی هه‌یه ده‌سنیشانكردنێكی دروست و گوونجاو بێت و بۆیشی هه‌یه زێده‌ڕۆیی تێدابێت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ژیاره‌ی كه فاروق ڕه‌فیق باسی لێوه ده‌كات، بۆی هه‌یه ئه‌مڕۆ بووبێته هه‌مان ئه‌و خێزانه‌ی كه ئه‌گه‌ر باوكێكی ڕاسته‌قینه‌ش بێ به‌ڵام چونكه ئه‌م باوكه خێزان و ماڵ و حاڵی خۆی هه‌یه سه‌خڵه‌ته به‌و منداڵه‌ی كه له پڕ ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه، بۆ مناڵه‌كه‌ش دایكه‌كه دایكێكی زڕه و هیچ خۆشی و گه‌رمیه‌كی پێنابه‌خشێ. بۆیه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كی ئه‌و ژیاره ئیسلامیه بووه به زهڕنهقووتهیهك و له‌ناو قوڕگی مرۆڤی كورددا گه‌رای داناوه و نه ده‌توانێ هه‌رسی بكات وه‌كو كه فارس و تورك كردیان، نه ده‌شتوانێ فڕێی بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له دووفاقی ڕزگاری بێت. هه‌ر ئه‌و مانهوهیهشه له‌و نێوه‌نده‌دا مرۆڤی كوردی دووچاری گێژاوی شیزۆفرینیا كردووه و له‌به‌ر ئه‌و ئێشوئازارهش كه له قورگی دایه ناهه‌ش و نیگه‌رانی كردووه.
ئازاد قه‌زاز بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وه‌كو تاكێكی كورد خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ بۆ خودا و له دید و تێڕوانینی خۆیه‌وه ته‌ماشای خودا بكات، ناچار ده‌بێ پیرۆزگه‌رایی له‌سه‌ر كتێبه ئاسمانیه‌كان لابدات و بیانكاته‌وه به به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤ. "ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ئه‌وه‌یه كه قورئان به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤه و له‌ژێر كاریگه‌ری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدایه‌تی" (9) له هه‌مان كاتیش‌دا ئاماده‌یی ئه‌وه‌یشی تێدایه كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ره‌نجامه قه‌بوڵ بكات له هه‌ر یه‌كێك كه پێچه‌وانه‌كه‌ی بسه‌لمێنێ. ئه‌گه‌ر چی لێره‌دا ئه‌و ئامادهباشیهش ڕایدهكێشێتهوه ناو جه‌ده‌لیه‌تی سه‌رچاوه‌ی هاتنی ئایین و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژوار له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته ئیسلامیه‌ی كه كهموایه بڕوایان به ڕاكێشرانه ناو ئه‌و كێڵگه‌یه هه‌بێت و قبووڵی ئه‌و موجادهلهیه بكه‌ن، چونكه به لای ئه‌وانه‌وه خودایی بوونی قورئان یه‌كێكه له بهدیهیاتهكان و لادانی په‌رده‌ی پیرۆزبوون له‌سه‌ری دۆڕان و هه‌ژانێكی گه‌وره ڕووده‌دا له‌سه‌ر ئه‌وان و له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ش كه ساڵه‌های ساڵه خۆی ماندوو ده‌كات و ڕه‌نج ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌شت بۆخۆی مسۆگه‌ر بكات، بۆیه زۆرجاران له‌ترسی دۆزه‌خ و گوومڕابوون و توڕه‌بوونی خودا، قوربانی به نه‌ته‌وه و نیشتمانی خۆیشی داوه و ئه‌مڕۆش هه‌ر ئاماده‌یه ئه‌و قوربانیه بدات ئه‌گه‌ر پێی وابێ ئه‌و نه‌ته‌وه و نیشتمانه به‌ره‌و دۆزه‌خ و گوومڕایی بیبه‌ن. نموونه‌ش زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی كوردی باكووری كوردستانه كه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده نین ده‌نگ به پارتێكی كوردی بده‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییشی پێ نه‌بێ به‌ڵام به‌و ئاڕاسته‌دا ده‌ڕوات و سیمای چه‌پایه‌تی و عه‌لمانیه‌تی پارته كوردیه‌كه وا له هاوڵاتیانی كورد ده‌كات ده‌نگ بۆ "ئا كه په" ئیسلامی بده‌ن، چونكه سیمای ئایینی هه‌ن و كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنیش ده‌دا كه پێیوایه ده‌توانێ ڕایانپه‌ڕێنێ، گرنگترینی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش باشكردنی باری ئابووری خه‌ڵكی كوردستانه. ئاخر جێگای سه‌رسوڕمانه له‌وڵاتێكی وه‌كو توركیای ئه‌ندامی ناتۆ، داهاتی 60% دانیشتوانی شاری ئامه‌د دوو دۆلار بێ(10)، ده‌بێ داهاتی دانیشتوانی شاره‌كانی تر و لادێكانی چه‌ند بێ؟!!. ئه‌مه نموونه‌یه‌كه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌ممان دایه و له قوڵایی مێژوودا نیه، ئه‌گه‌ر چی به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم كه نموونه‌ی ئاوا له مێژووی كورددا زۆرن و تا هه‌نووكه‌ش خۆی بۆ یه‌كلا ناكرێته‌وه.
بۆیه ئازاد قه‌زاز پێیوایه "كورد له قۆناغی به نهتهوهبوونیدا له حاڵه‌تی هه‌رزه‌ییدایه و هه‌رزه‌یه‌كی دروستیش نا، به‌ڵكو هه‌رزه‌یه‌كی له‌رزۆك، كه ناتوانێ له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و خۆی ڕاگرێت". بۆیه ناچار ده‌بێ چه‌مكی هوشیاربوونه‌وه بكات به پڕۆسه‌یه‌ك و به دوڕیانێكی حه‌تمی چاره‌نووسساز بۆ پێگه‌ییشتنی تاكی كورد و ده‌رچوون له‌و حاڵه‌ته هه‌رزه‌ییه ناكامڵهی كه تێیدایه. ئه‌و كه باس له پڕۆسه‌ی هوشیاربوونه‌وه ده‌كات، پێیوایه ده‌بێ هوشیاربوونه‌وه بێ له شتێك، ئه‌و شته‌ش خودی تاكی كورد خۆیه‌تی، واته هوشیار بوونه‌وه له كهینوونهتی خودی خۆی، له بوونی خۆی، بوونێك كه خۆی خۆی بێت بێ كاریگه‌ری ڕابردوو، كه "ئێستای" ئه‌و تاكه‌ی پێش هوشیاربوونه‌وه‌ی پێكهێناوه، ئه‌و ئێستایه‌ش ده‌بێ به پڕۆسه‌ی جیاوازدا تێپه‌ڕ ببێ.
ئه‌م دووفاقیه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی، به مانای دابه‌شبوونی بۆ دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ك، چاره‌نووسی ده‌خاته نێوان دوو به‌رداشی گه‌وره. نه ئه‌وه‌تا ئاماده‌یه پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌م بێنێت و به تێكڕایی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و یه‌كلای بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، گوێ به‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه نه‌دات بۆ باوه‌شی دایكێكی زڕ و خێزانێكییش كه له ئه‌سڵدا خێزانی ئه‌و نیه، بۆیه ئازاد ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی هێنده‌ی كورد ڕواڵه‌ته‌كانی وه‌كو ئاڵا و جوگرافیا خه‌ریكی كردووه هێنده كێشه‌كانی مرۆڤ و بوون خه‌ریكی نه‌كردوون. تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی مرۆڤی كورد به جه‌نگاوه‌ر ناو ده‌بات، جه‌نگاوه‌رێكی شه‌كه‌ت و ماندوو له خزمه‌تی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه هیچیان بۆ ئه‌و مرۆڤه پێنیه بێجگه له ستراتیژیه‌تێكی وه‌همی و پلان و ئامانجی كورت. ئه‌مه‌ش هه‌مووی له ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی هوشیاریدایه.
1- ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار (ده‌رباره‌ی كوردبوون له جیهاندا). فاروق ڕه‌فیق. چاپخانه‌ی ڕه‌نج، 2002، چاپی یه‌كه‌م.
2- قورئان له نێوان لۆگۆس و میتۆسدا، ئازاد قه‌زاز، ڕۆژنامه‌ی چاو‌دێر، ژماره ژماره 149. لاپه‌ڕه: 18
3- كتێبی سایكۆپۆلیتیك، (ڕێبازێكی تر بۆ خه‌باتێكی تر له پێناو ڕزگاربوونی كورددا) ئازاد قه‌زاز، هۆڵه‌ندا، 2006.
4- قورئان له نێوان لۆگۆس و میتۆسدا، ئازاد قه‌زاز، ڕۆژنامه‌ی چاو‌دێر، ژماره 150، لاپه‌ڕه 18.
5- هه‌مان سارچاوه‌ی پێشووی.
6- هه‌مان سه‌رچاوه.
7- هه‌مان سه‌رچاوه.
8- هه‌مان سه‌رچاوه.
9- هه‌مان سه‌رچاوه.
10- ماڵپه‌ڕی سبه‌ی، له زاری ڕاپۆرتێكی ژووری بازرگانی پیشه‌سازی شاری ئامه‌د. (http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=3902&cat=1)
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره 377 ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوبۆته‌وه.