Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
گوشاری سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان پێشێلکردنی مافی تایبه‌تی یه‌

گوشاری سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان پێشێلکردنی مافی تایبه‌تی یه‌

Closed
by January 2, 2008 گشتی

ئازاد به‌کر….
  
     
له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌رله‌مانی کوردییه‌وه‌ ده‌رده‌چێ، هه‌میشه‌ مافی خه‌ڵکی کوردستان پشتگوێخراوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی له‌سه‌رو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تره‌وه‌ دانراوه‌. سه‌ره‌ڕای ناسه‌ربه‌خۆی ئه‌ندامان و ووتنه‌وه‌ و جێبه‌جێکردنی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی له‌ حیزبه‌وه‌ پێیان ده‌درێ، ئه‌وانیش وه‌ک ڕۆبۆتێک ئه‌وه‌ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن که‌پێ یان ڕاسپێردراوه‌.
گه‌ر تێبینی بکه‌ین پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌کی ناوخۆیی کوردستان و ده‌ره‌وه‌دا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و خه‌ڵکی ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخواز به‌ڕووی ئه‌و یاسا کۆنه‌په‌رستانه‌یادا به‌رزبۆوه‌ ئه‌وسا سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ڵێ من ئیمزای ئه‌ویاسایه‌ ناکه‌م. به‌ڕاستی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ ئایا کێ ئه‌و یاسایه‌ی دانا و نووسی و بڕیاری له‌سه‌ردا هه‌ر ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ناو په‌رله‌مان نه‌بوون، ده‌کرێ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئازاد و ئازابن کارێک ئه‌نجام بده‌ن بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای حیزب و سه‌رۆکه‌کانیان.
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئێستا سه‌رۆکی کوردستان ده‌ڵێ ئه‌و یاسایه‌ پێشکه‌وتنخواز   نی یه‌. واته‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌وپه‌رله‌مانه‌ لاوازه‌ دواکه‌وتوون بۆیه‌ ده‌نگیان به‌م یاسا سه‌رکوتکه‌ره‌ی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی داوه. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی ئه‌وانه‌ کاری تێداده‌که‌ن زۆر نامرۆڤانه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ و ناته‌واویه‌کان و یاسادانان دوور له‌ خواست و ویستی ئینسانی و پێشێلکردنی مافی سه‌ره‌تایی مرۆڤ، که‌نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ و دیالۆگ و قسه‌کردنه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ پێیان ده‌ووترێ بیکه‌ن، چونکه‌ قده‌غه‌کردنی ئازادی ڕاده‌ڕبرین له‌پێناوی ڕێگرتنه‌ له‌ڕه‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ده‌یه‌وێ به‌زۆر خه‌ڵک بێبه‌ش بکات له‌ خستنه‌ ڕووی زانیاریه‌کان له‌سه‌ر ڕوخساری دزێو و گه‌نده‌ڵی دامه‌زراوه‌کانی. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مووکات زیاتر کۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌هێزو ئازاد هه‌یه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بخرێنه‌ ژێرچاودێری تا کۆمه‌ڵگه‌ قۆناغێک به‌ره‌وپێش بچێت نه‌ک هه‌موو شتێک بۆ ده‌سه‌ڵات و برسێتی و بێکاری و گرانی ئاواره‌یش بۆ خه‌ڵک. چه‌سپاندنی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی ده‌بێته‌ سه‌ره‌کیترین هۆی پێکهێنان و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی شیاو و گونجاو گه‌شه‌سه‌ندوو له‌ بواره‌کانی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی پته‌و ده‌بێته‌ بناغه‌ی ئاشتی و ئارامی له‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوت و برسێتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی و نه‌زانی و‌خوێنده‌واری و کێشه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی و ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی به‌گشتی.
ده‌بێ ئازادیخوازان و پێشکه‌وتنخوازان به‌ توندی دژی کۆتوبه‌ندی ئازادی ڕاده‌ڕبڕین و پێشێلکردنی مافی سه‌ره‌تایی ئازادیی یه‌کانی خه‌ڵک ڕاوه‌ستن.
ئێمه‌ ده‌بێت ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌ مافێکی تایبه‌تی و بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه‌کان بزانین و به‌ یه‌کێک له‌مافه‌ سه‌ره‌تایی یه‌کانی خه‌ڵکی له‌ده‌ربڕینی بیروڕادا چاولێبکه‌ین، بنچینه‌ی پێکهاتنی کۆمه‌ڵگا پێشکه‌ووتووه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیا بوونی ئازادی ڕه‌هایه‌.
له‌ بڕگه‌ی 19ی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤدا  ئازادی ڕاده‌ڕبرین وه‌ک مافێکی بنه‌ڕه‌تی مسۆگه‌رکراوه‌، له‌به‌ڵگه‌نامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی مافی مرۆڤدا، په‌یگیرانه‌ به‌رگری له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌کات و به‌هۆکاری بنه‌ڕه‌تی هه‌ستکردن به‌مافی که‌سانی تری ده‌زانێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 که‌ش و هه‌وایه‌کی تاڕاده‌یه‌ک ئازاد دروست بوو بوو، به‌ڵام پاشان وورده‌ وورده‌ ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ره‌و سه‌رکوتی ئازادی ڕێچکه‌ی خۆی گرته‌وه‌ و ئه‌و هه‌له‌ له‌ده‌ست چوو. ئازادی ڕۆژنامه‌وانی گه‌شه‌کردوو بوونی نی یه‌ جا ئه‌گه‌ر له‌ ئاواڵه‌یی سیاسیشدا هێندێ کار دێته‌به‌رهه‌م به‌ هه‌وڵ و کۆششی ئازادیخوازان و پێشکه‌وتنخوازانه،‌ له‌م پێناوه‌شدا قوربانیه‌کی زۆر ده‌درێ کاتێ ڕۆژنامه‌گه‌ر ده‌ڕفێنرێ و سزای جه‌سته‌یی و ده‌روونی وزیندانی و دارایی ده‌درێ و یاساوڕێساو چاودێر و ئاگاداری زۆر ده‌کرێ.
هه‌رچه‌نده‌ ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات بۆدجه‌ و پاره‌ی بێپایانی بۆ خه‌رج ده‌کرێ له‌چاو ده‌زگاکانی تردا، به‌ڵام ناتوانێ ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی خواستی جه‌ماوه‌ری ناڕازیی.
سه‌پاندنی یاسای زۆره‌ملێ ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کپکرنه‌وه‌ و زیندانکردنی بیر و هه‌واڵ و زانیاری له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و که‌سایه‌تی یه‌ سیاسیه‌کان‌، مانای داگیرکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ خه‌ڵک و مانای دیکتاتۆریه‌ت و ملهوڕی  سیاسی یه‌.
به‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵات لایه‌نگیری مانه‌وه‌ی دواکه‌وتوویی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵکه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌دا که‌خۆیان زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵن، له‌ لا‌یه‌کی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵات واده‌زانێ خه‌ڵک ناهۆشیاره‌و ته‌نیا ئه‌وان توانایی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ن هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌شیان هه‌روانی یه‌ و ده‌سه‌ڵات ووزه‌یی فیکری و پێشبینی سیاسی له‌ خه‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
ئێمه‌ خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسا دواکه‌وتووه‌ نا شارستانیه‌ین و دانانی یاسایه‌کی پێشکه‌وتخواز و مۆدێرن و پشت به‌ستوو به‌ به‌ بنه‌ڕه‌ته‌کانی مافی مرۆڤ و لابردنی کۆتو به‌ندی دواکه‌وتووانه‌ له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان و چه‌سپاندنی ئازادی بیروڕا و ڕاده‌ربڕین.
پشتگیری باڵاترین ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌که‌ین و له‌م پێناوه‌دا سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و پێشکه‌وتنخوازان که‌سانی ڕادیکالی ناو کۆمه‌ڵگه‌ هه‌وڵ و خه‌باتی بێوچانبده‌ین بۆ زیاتر سه‌قامگیرکردنی سه‌رچاوه‌ی گشت ئازادیه‌کان که‌ ئه‌ویش ئازادی بێ کۆتوبه‌ندی سیاسی یه‌.

   کۆتایی دیسه‌مبه‌ری 2007

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.