Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
كتێبخانه‌یه‌ك بۆنخۆش به‌ شیعر

كتێبخانه‌یه‌ك بۆنخۆش به‌ شیعر

Closed

كتێبخانه‌یه‌ك بۆنخۆش به‌ شیعر
ئیدریس عه‌لی

 

 

 

باخچه‌ شنه‌ شن، چڵێكی هه‌تاكو ئێره‌ دێت
باران لاره‌ لار، له‌ دارستانه‌كانه‌وه‌ دێت‌و
 لێره‌ گۆرانییه‌كانی خۆی ده‌ڕژێت،
چۆله‌كه‌ جیكه‌ جیك،  به‌گیانی ته‌ڕه‌وه‌ دێت‌و
لێره‌ په‌ڕه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌خات،
ته‌نیایی به‌چه‌ترێكه‌وه‌ دێت‌و
خۆی ده‌كات به‌ناو تۆفانی كتێبێكیا ،
گۆرانیی به‌ ده‌نگی به‌رز دێت‌و  شتێك به‌ ده‌رگاكه‌وه‌ جێده‌هێڵێت،
ئه‌وین به‌ رۆبێكه‌وه‌ خۆی ده‌كات به‌ ژوورداو
  شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌سڕێته‌وه‌،
چاوه‌ڕوانی به‌گۆچانێكی شه‌له‌وه‌  دێت‌و
گله‌ییه‌كی لا جێده‌هێڵێت،
پایز به‌ ملپێچێكی شینه‌وه‌ دێت‌و
ئینجانه‌یه‌كی لێ‌ سه‌وز ده‌كات بۆ خه‌ون
 مناڵیی به‌ جانتایه‌ك گڕوگاڵه‌وه‌  دێت‌و
په‌ڕه‌یه‌كی لێده‌كاته‌ به‌له‌م،
شه‌هیدێك  به‌ ده‌م فیكه‌ لیدانه‌وه‌ دێت‌و
 مه‌خزه‌نه‌كه‌ی لێ پڕ ده‌كات له‌ گوڵ،
دایكم به‌ زه‌رفێك حه‌په‌وه‌ دێت‌و
 ده‌ستێكی لێ قه‌رز ده‌كات بۆ نزا،
نا ئومێدی  به‌ بوخچه‌یه‌ك مه‌راقه‌وه‌  دێت‌و
 ره‌فه‌یه‌كی لێده‌گرێت به‌ كرێ‌،.
زه‌مه‌ن.. رۆژه‌ دڕاوه‌كانی خۆی لێره‌ پینه‌ ده‌كات
مێژوو.. شه‌وه‌ قوپاوه‌كانی خۆی لێره‌ خڕ ده‌كاته‌وه‌
شوشه‌ به‌تاڵه‌كانی ئه‌وین.. لێره‌
له‌م كتێبخانه‌یه‌دا.. پڕ ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ ژیان،
مه‌به‌ستم هه‌موو شتێكه‌:
هه‌موو شته‌ ساده‌‌و له‌ یاد چووه‌كان
هه‌موو شته‌ نهێنی‌و ته‌نهاكان
هه‌موو شته‌ رووت‌و غه‌مگینه‌كان.
هه‌موو شته‌ بێناسنامه‌و پاسپۆرته‌كان،
ئه‌و رووناكیانه‌ی به‌چاو نابینرێن‌و وه‌ك ئه‌ستێره‌ خۆشه‌ویستن
ئه‌و گوڵانه‌ی بۆنناكرێن‌و له‌ رۆح گرنگترن
ئه‌و شوێنه‌ی ته‌نها عاشقێك به‌بیریا دێت
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی  منداڵێك   بۆ خۆی ده‌یچنێت،
رێك له‌وێدا.. له‌و كتێبخانه‌یه‌دا
 چیرۆكێك هه‌یه‌ بی َپاڵه‌وان
سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌ناسم بێ‌ پاڵتۆ .
باخچه‌یه‌ك شك ده‌به‌م بێ‌ فیزو ته‌كه‌بور
په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌بینم هه‌میشه‌  روو له‌ باران
 ده‌نگێك ده‌بیستم ساڵ دوانزه‌ی مانگ زوڵاڵ ،
بۆنێك له‌و كتێبانه‌وه‌ دێت‌و  رۆژه‌ رێیه‌ك ده‌روات.. ئه‌و بۆنه‌
ده‌گاته‌ حه‌وته‌به‌قه‌ی دڵنیایی،
ده‌گاته‌ دوورترین شاره‌ مێرووله‌‌و
 عاسیترین پوره‌ی هه‌نگ.. ده‌گاته‌
 خۆشترین ماڵه‌ باجێنه‌‌و.. ئیدی
ده‌گاته‌ گوندێكی گوێڕایه‌ڵ به‌ ئامۆژگارییه‌ گه‌رمه‌كانی   هه‌تاو،
 ده‌گاته‌ لای هه‌موویان.. ده‌گاته‌
شیعرو قسه‌ زله‌كانی ره‌خنه‌
ده‌گاته‌ به‌فرو مناڵه‌ قۆشمه‌چییه‌كانی كۆڵان
ده‌گاته‌ گوڵ‌و نوكته‌ تازه‌كانی ئینجانه‌،
 هه‌موویان دێن‌و  بێره‌دا ره‌د ده‌بن.. ره‌د ده‌بن‌و ده‌یانبینم
عاشقێك بۆنێكی ده‌دات له‌ كراسه‌كه‌ی
شاعیرێك جانتاكه‌ی لێپڕ ده‌كات له‌ خه‌یاڵ
كۆترێك چارۆكه‌یه‌ك گمه‌ی لێهه‌ڵده‌گرێت بۆ سه‌فه‌ر.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.