Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
سوتاندنی كتێب …..     عبدالله‌ مه‌حمود

سوتاندنی كتێب ….. عبدالله‌ مه‌حمود

Closed
by July 31, 2009 گشتی

 

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ری “سبه‌ی " دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ لاوانی كه‌لار كتێبه‌كانی فه‌رهادپیرباڵی نووسه‌ریان سوتاندووه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ كه‌ زانیویانه‌! ناوبراو ده‌نگی داوه‌ به‌لیستی كوردستانی و بارزانی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم. به‌دوای ئه‌ویشدا یاسین بانیخیلانی كتێبه‌كانی فه‌رهاد پیرباڵی سوتاندووه‌. چ موسه‌به‌تێكه‌!
 فه‌رهاد پیرباڵ فایلی په‌یوه‌ندی به‌به‌عسه‌وه‌ نه‌بووه‌، قاره‌مانی هیچ كام له‌شه‌ره‌ ناوخۆیه‌كان نه‌بووه‌، هانده‌ری ئه‌و جه‌نگه‌ خوێناویانه‌ نه‌بوو كه‌ به‌سه‌دان ئینسانی له‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌كانی كه‌پكی حه‌مه‌دئاغاو ……خه‌ڵتانی خوێن كرد. پشتیوانی له‌شكركێشی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی بۆسه‌ر كوردستان نه‌كردووه‌، ده‌نگی دژی ئازادی و مافه‌ فه‌ردی مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌لكی كوردستان نه‌بووه‌، ناوی له‌ لیستی گه‌نده‌ڵه‌كان و تاڵانچیه‌كاندا نییه‌،… تاد. كه‌واته‌ هۆی چییه‌ كتێبه‌كانی ناوبراو ئه‌سوتێنرێت؟ ئه‌مه‌ به‌یانی چ شتێك ده‌كات؟
ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی گه‌نجه‌كانی كه‌لارو پاشان ڕه‌فتاری یاسین بانیخیلانی به‌سوتاندنی كتێبه‌كانی ناوبراو به‌وهۆیه‌وه‌ كه‌ ده‌نگیداوه‌ به‌لیستێكی دیاریكراوی دڵخوازی خۆی، ڕه‌فتارێكی قێزه‌ون و دژی ئازادییه‌، كه‌ به‌یانی هیچ ناكات ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ئه‌مانه‌ی به‌وكاره‌ هه‌ڵساون كراونه‌ قوربانی، به‌لام قوربانی دیدگاو روانینیك كه‌ ڕیشه‌ی له‌ به‌عسیزمدایه‌، ده‌یانه‌وێ به‌ نمونه‌كردنی فه‌رهاد پیرباڵ هێرشی خۆیان بۆسه‌ر سه‌رجه‌م نووسه‌ران و خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ده‌نگیان نه‌داوه‌ به‌لیستی دڵخوازی ئه‌وان ده‌ست پێبكه‌ن. ئێستا له‌سوتاندنی كتێبه‌كانی فه‌رهاده‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن تا ده‌گات به‌ ئیهانه‌كردنی كه‌سانی ترو سه‌رئه‌نجامیش زیندانی كردن و له‌سێداره‌دان و سوتاندنی ئه‌وانه‌ی كتێب و ڕوانینی یاساغ به‌فه‌رهه‌نگ و راونینی   ئه‌وانیان هه‌یه‌و به‌كرده‌وه‌ له‌دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
ئاخر چ له‌وه‌ساده‌تره‌ ئینسان ئازادانه‌ بچیت ده‌نگ بدات به‌لایه‌نی دڵخوازی خۆی، وه‌چ له‌مه‌ دیموكراسییانه‌تره‌. ته‌نها ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ئه‌مه‌یان بۆ هه‌زم ناكریت و قوت ناچیت كه‌ هه‌ر كه‌س وه‌ك ئه‌وان بیرنه‌كاته‌وه‌ مه‌حكومه‌، ناواقعی یه‌، له‌به‌ره‌ی دوژمنه‌!، ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی یان له‌گه‌ڵمیت یان دوژمنیت، فه‌رهه‌نگی به‌عسه‌. زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لاوانه‌ی كه‌لار و یاسین بانیخێلانی بۆنه‌ته‌ قوربانی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ نه‌فرت لێكراوه‌ كه‌ له‌واقعدا ئه‌بوو شه‌ڕی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ بكه‌ن.
ماڵپه‌ری سبه‌ی ئه‌م هه‌واڵانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ش ڕوانین و فه‌رهه‌نگی زاڵی ناو لیستی گۆڕان وكۆمپانیای وشه‌، ده‌كاته‌ كاراكته‌رو بكه‌ری واقعی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ دژی ئازادییه‌. كه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕیزێك له‌ نوسه‌رو ڕۆشبیری شه‌قامی كوردی جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ده‌گێرن.
ده‌بێ بپرسین ئه‌گه‌ر ئه‌م جه‌نابانه‌ كه‌ پشتیوانی یان باشتر بڵێین هانده‌ری ئه‌وه‌ن كتێبی نووسه‌رێك بسوتێنرێت یان ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن هه‌واڵی له‌وبابه‌ته‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ده‌نگی داوه‌ به‌ لیستی ركه‌به‌ری ئه‌وان، ئه‌گه‌ر به‌هێز بن و ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، ده‌بێ چی بكه‌ن له‌وانه‌ی كه‌خه‌ڵك هان ئه‌دان بۆ ده‌نگنه‌دان و بایكۆتكردن؟ یان چۆن مامه‌ڵه‌ی ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ خۆپیشاندان و مانگرتن به‌رامبه‌ریان ده‌كه‌ن؟ وه‌ڵام ڕۆشنه‌ ئه‌مانه‌ی هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ئاوا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن هه‌ر له‌ئێستاشه‌وه‌ هه‌گبه‌كه‌یان دیاره‌ هه‌ڵگری چ فه‌رهه‌نگێكی سه‌ركوتگه‌رانه‌و دژی ئازادی و دیموكراتییه‌.
1-8-2009    
 abdulla.mahmud@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.