Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شلێر… لەهەموو تەمەنیدا چاوەڕوانى وشەیەکى خۆش و دەستێکى بە بەزەیى بوو!!

شلێر… لەهەموو تەمەنیدا چاوەڕوانى وشەیەکى خۆش و دەستێکى بە بەزەیى بوو!!

Closed
by February 16, 2008 گشتی

بەهرەوەر مەرزانى….

لەدونیاى پڕ حەسرەت و خەو بینین بە دواڕۆژێکى گەش و دوور لە چەوساندنەوەى دەیان مرۆڤى پاک و بێگوناهى سەر ئەم زەمینەدا ، هەموو شتێک مەحاڵەو تەنها پەیڤێک بۆ بەختەوەرى ساتەکانى تەمەن دەبێتە هۆى هەڵوەرینى گەڵاکانى ئارەزوو زڕاندنى خەونە رەنگاڵەییەکان ،  لەنێو کۆنەڵگاکەى ئێمەدا تا بەئەمڕۆش دەگات خێڵ سەروەرو داڕێژەرى یاساکانى ژیانەو لەژێر ئەو سێبەرەشدا جەستەى مرۆڤ دەکرێت بە خۆڵە مێش و قوربانى نەریتە کۆن و ژەنگ گرتووەکان .
شلێر لە دونیایەکى بێگوناه و پڕ بەرائەتدا بوو بە چیرۆکى کچێکى سەربەرزو داستانێکى پڕ لەتراژیدیا کە ویژدانى هیچ مرۆڤێکى خاوەن ویژدان قبوڵى ناکات ، ئەو کچەى لەهەموو تەمەنیدا چاوەڕوانى وشەیەکى خۆش بوو بیبیستێ و کەسێک هەبێت دەستێکى بە بەزەیى بەسەریدا بینێت و کەمێک سۆزو خۆشەویستى پێببەخشێت بەڵام ئەفسوس ئەو رۆژە نەهات و هەموو خەون و ئومێدەکانى بە چاوەڕوانییەوە بردە دوا مەنزڵگاى ئارام بوونى .
شلێر بەر لەدایک بوونى بەچەند مانگێک باوکى لە رووداوێکى هاتوو چۆدا گیانى لەدەستدا ، کاتێکیش چاوى بەدونیا هەڵهێنا لەگەڵ یەکەم چرکەدا بۆ باوەشى گەرم و پڕ سۆزى دایکى گریا بەڵام رێگەى ئەو حەزەیان لێگرت و یەکەم داواکارییان خستە ژێر پێ و بەرەو ماڵى باپیرە پیرو داپیرە پەک کەوتووەکەى گەڕاندیانەوە ، ئیتر لەیەکەم چرکەى لەدایک بوونیەوە مەینەتییەکان دەستیان پێکردو لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێکیش خەندەیەک نە بوە میوانى لێوە ئاڵەکانى .
شلێر ئەو کچە رەوشت بەرزو دڵ پڕ ئومێدەى دوور لە سۆزو موحیبەتى دایک و باوکى ژیاو کاتێکیش تەمەنى گەیشتە حەوت ساڵان بەهۆى دواکەوتوویى بنەماڵەکەیانەوە هەرچەندە باپیرو داپیرە پەککەوتووەکەى زۆر داوایان لەمامەکانى کرد کە لەبەر خاترى گۆڕى باوکى رێگەى پێبدەن بچێتە قوتابخانە بەڵام مامەکانى سوور بوون لەسەر ئەوەى رێگەى رووناکى ژیانى لێبگرن و هەر لەتاریکى نەزانیندا گۆشە گیرى بکەن .
شلێر هێشتا تەمەنى لە چواردە ساڵان تێپەڕى نەکردبوو ، کچێکى باڵابەرزوو خوێن شیرین بوو ، لە روخساریدا خەم و پەژارە بەدیدەکراو ئەوەى جارێک بیدواندایە هەستى بەوە دەکرد لەناخیدا دەیان خۆزگەو ئومێد پەنگیان خواردۆتەوەو سەدان پرسیارى بێوەڵام لەمێشکیدا دەخولێنەوە چونکە هەر لەسەرەتاى تەمەنیەوە بەبێنازى و گۆشەگیرى گەورە بوو بوو ، کە ئەمەش کاریگەرى خراپى لەسەر بارى دەروونى دروستکردبوو بۆیە هەمیشە حەزى لەتەنیایى دەکردو زۆر تێکەڵاوى خەڵکى نەدەبوو تەنانەت لەگەڵ داپیرەو باپیرەشى کەم دەدوا ، بۆیە کە پرسیاریان لەداپیرەى دەکرد ئەویش دەیگوت هەر بۆخۆى کەم دووە .
ئێوارەیەک تازە خۆر ماڵئاوایى لە زەوى کردبوو ( رەحمان ) ى مامى کە هەر لەسەرەتاوە رێگرى یەکەم بوو لەچوونە قوتابخانەى هاتە لاى باوکى و داواى لێکرد کە شلێر بدات بە ( کاوە) ى براى ژنەکەى چونکە چەند جارێک داوایان لێکردووە ، باوکیشى بەهێمنیەوە گوتى کوڕم ئەو کچە هێشتا منداڵە باشەو خراپەى خۆى لێک جیا ناکاتەوە جارێک غەدرتان لێکرد نەتان هێشت بچێتە قوتابخانە دەتانەوێ ئەمجارەش غەدرى لێبکەن ؟ شلێریش لەسوچێکى ژوورەکە دانیشتبوو جگە لە داباراندنى فرمێسکەکانى تەنها وشەیەکى لێنەدەبیسترا ، رەحمان بەتووڕەییەوە دەنگى بەرز کردەوەو گوتى : ئاخر من وەعدم داوە پیاویش هەرجارێک قسە دەکات ئەگەر قسەشم بشکێت نەک هەر ئەو ئێوەش پارچە پارچە دەکەم هەڵسایە سەر پێو بێ خوا حافیزى دەرگاى ژوورەکەیانى بەسەردا داخستنەوە .
شلێر دایە پڕمەى گریان و باوەشى بە باپیرەیدا کرد بۆیەکەم جار ئازارەکانى ناخى دەربڕى و گوتى : ئەگەر منیش دایک و باوکم هەبوایە ئەمڕۆ کەس نەیدەتوانى یارى بە چارەنووسم بکات ، خۆزگە منیش کە لەدایک بووم بمردبامایە ، باپیرەشى توند لەئامێزى خۆى گرت و فرمێسکەکانى بەسەر قژە خاوەکەیدا هاتنە خوارێ و بە قوڕگى پڕ لەگریانەوە گوتى : کچم خەم مەخۆ هەتا من مابم کەس ناتوانێ بەخراپى سەیرت بکات ، شلێر ئەو شەوە خەو نەچووە چاوەکانى و هەر بیرى لەقەدەرو چارەنووسى نادیارى خۆى دەکردەوە ، بەیانى لەگەڵ دەرکەوتنى خۆردا بەدەبەیەک نەوت کۆتایى بەژیانى خۆى هێناو هەموو خەون و ئارەزووەکانى لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵ .

Bahrawar_s@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.