Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
كه‌وتنی ئیسلامییه‌كان و ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ …. ئاوات ئالانی

كه‌وتنی ئیسلامییه‌كان و ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ …. ئاوات ئالانی

Closed
by August 6, 2009 گشتی

 

ده‌بێ‌ خۆمان به‌ڕاشكاوی شكستی ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا ڕابگه‌یه‌نین و باس له‌ فاكت و هۆكاره‌كانی بكه‌ین و ڕێگا چاره‌یه‌ك بگرینه‌ به‌ر تا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا هه‌مان هه‌ڵه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌،
*دوو ئایدۆلۆژیا و یه‌ك لیست:
پێكه‌وه‌ به‌شداری كردن و كۆبونه‌وه‌ی دوو به‌ره‌ی جیاواز،تێكه‌ڵ بونی دوو ئه‌فكارو ئایدیا له‌ فه‌تره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی باڵا،وه‌لێ‌ لای من یان تۆ هێمای یه‌كتر قبوڵ كردن و له‌گه‌ڵ یه‌ك خزمه‌ت كردن و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و ده‌یان به‌های دیكه‌بێت، به‌ڵام لای زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی حزبی ئیسلامی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌تاڵه‌،به‌و مانایه‌ی پێیان وایه‌ ته‌نها كه‌سانی له‌ خوا ترس ئه‌توانن ته‌ندروستانه‌ حوكمی وڵات بگرنه‌ ده‌ست و لێبڕاوانه‌ خزمه‌ت بكه‌ن،ناشتوانی له‌ ئاست ئه‌م پرسه‌دا بێباك بیت چونكه‌ حزب پێویستی به‌ زۆرینه‌یه‌،كه‌واته‌ ده‌بێت له‌مه‌و دوا ئیسلامیه‌كان ده‌ست به‌رداری ئه‌وه‌بن كه‌ له‌گه‌ڵ حزبی غه‌یره‌ ئیسلامیدا هاوپه‌یمانی بكه‌ن،چونكه‌ بیانه‌وێت یان نا،كۆی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان به‌وه‌ ڕازی نین و گومانی شه‌رعی بون یان نه‌بونی ئه‌و جۆره‌ ته‌حالوفاتانه‌،هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ڕویدا،
هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی بۆ په‌سه‌ندی هاوپه‌یمانییه‌تی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مداو له‌ كاتی سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌س نییه‌ بۆ قه‌ناعه‌ت پێكردنی ئه‌ندام و لایه‌نگران،له‌ كاتێكدا كه‌سان و گروپی دیكه‌ هه‌ن له‌ بنه‌ ڕه‌ته‌وه‌،باوه‌ڕیان به‌ ده‌نگدان و هیچ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نییه‌و موسڵمانان سارد ده‌كه‌نه‌وه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌یه‌ك لیست دابه‌زینی عه‌لمانی و ئیسلامی پاساو و بیان و ئه‌داته‌ ده‌ستیان،گه‌رچی پێشمان وابێت ئه‌و موسڵمانه‌ی باوه‌ڕی به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی نییه‌،له‌ ئیسلام حاڵی نه‌بووه‌،به‌شی زیندوان ده‌خواو له‌ تابوتی مردواندا ڕاكشاوه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ به‌ر له‌ڕۆیشتن له‌ هه‌نگاونان به‌ ئاگابیت نه‌كا قاچت بخزێ‌،مه‌رجیش نییه‌ ئه‌وه‌ی كه‌وت هه‌ڵنه‌ستێته‌وه‌،به‌ڵك و پێویسته‌ بزانین كه‌ هه‌ستایه‌وه‌ ده‌توانێت ڕێگا ببڕێت یان نا؟له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 وه‌ تا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندابون ،چه‌ندان هه‌وراز و نشێوی سه‌ختیان بڕی، ،شه‌ڕ پێفرۆشتن و په‌رت بون و كه‌رت بون و گیران و كوژراوی زۆریان دا،كه‌چی هه‌ر له‌ نه‌شونمادا بون و زیاتر خه‌ڵكیان لێ كۆده‌بۆوه‌،به‌ڵام هه‌نوكه‌ پێگه‌یان له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ڕوله‌ لاوازییه‌،له‌ هه‌مان كاتدا له‌  كۆمه‌ڵگادا بێزراو نین و جێی ئومێدن،كه‌واته‌ پێویسته‌ به‌ چڕی توێژینه‌وه‌ بكرێت و هۆكاری گه‌یشتن به‌م ئه‌نجامه‌ نه‌خوازراوه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێَت،
كه‌ به‌ڕای من یه‌كێ‌ له‌ هۆكاره‌كان ماڵ جیایی نێوان خودی ئیسلامیه‌كانه‌،بۆیه‌ بونه‌ته‌ هاوپه‌یمانی حزبی عه‌لمانی،به‌م كاره‌شیان زیانێكی گه‌وره‌یان له‌ خۆیان داو دڵی هه‌زاران موسڵمانی ئه‌م هه‌رێمه‌شیان پڕ كرد له‌ خه‌م،ده‌بێ‌ ئه‌و پرسیاره‌ فه‌رامۆش نه‌كه‌ین بۆچی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ پێیان له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ داگرت،ڕه‌نگه‌ یه‌كێ‌ له‌ پاڵنه‌ره‌كان، ترسی دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی كاره‌ساتی { 2005 }بادینان بوبێت،یان پێیان وا بوبێت ئه‌گه‌ر سۆسیالست و زه‌حمه‌ت كێشان(ئاینده‌)یان له‌ گه‌ڵ بێت ئه‌وا له‌ تۆمه‌ت و توانجی ده‌ستی ده‌ره‌كی و تیرۆرست و چی و چی پارێزراو ده‌بن،به‌ڵام ئیحراج كردن و ته‌قه‌ كردن به‌سه‌ر باره‌گاكانی هه‌ردوو لیستی خزمه‌ت گوزاری و گۆڕاندا،ئه‌و بۆچونه‌شی به‌تاڵ كرده‌وه‌،چونكه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌ حاڵه‌تی بردنه‌وه‌و دۆڕاندا وه‌ك یه‌ك ده‌ڕواننه‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌ هه‌ر ڕێگایه‌ك بۆیان بلوێت ئاماده‌ی سه‌ركوت كردنن،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵ و یه‌گرتوو وه‌ك دوو حزبی ئیسلام خوازی سه‌نگین نابێت بێ جورئه‌ت و شه‌رمن بن،ناشێ‌ له‌ لۆمه‌ی لۆمه‌ كاران بترسن،چونكه‌ جه‌ماوه‌ر چاوه‌ڕوانی جوڵه‌و جورئه‌تی حزبێكه‌ كه‌ داوا ڕه‌واكانی بۆ جێبه‌جێ‌ بكات،ئه‌گونجێ‌ یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌مه‌و دووا ،ببنه‌ سومبول و له‌ مه‌یدانی كاری ئیسلامی وه‌ك هه‌میشه‌ نموزه‌جێكی جوان و ته‌ندروست پێشكه‌ش بكه‌ن !به‌بێ‌ شه‌رم و شه‌راكه‌تی حزبی عه‌لمانی خه‌بات بكه‌ن و به‌ گژ نادادگه‌ریدا بچنه‌وه‌،،
*فه‌رامۆش كردنی كۆمه‌ڵگا:
وه‌نه‌بێت هه‌ر ئیسلامییه‌كان كۆمه‌ڵگایان فه‌رامۆش كرد بێت،به‌ڵك و حزبه‌ عه‌لمانی یه‌ كانیش هه‌روا خه‌م ساردن،بۆیه‌ ده‌بینی ئینتمای نه‌ته‌وه‌ی تاك سفره‌ و ڕه‌ش بینی جێگای به‌ ئومێد له‌ق كردووه‌و ئاسۆی ژیانی ئاینده‌ تارو لێڵه‌،ئه‌ی كه‌وایه‌ بۆچی له‌ هه‌ڵژاردنه‌كاندا{ناڵێم براوه‌}هه‌ر عه‌لمانییه‌كان له‌ پێشترن؟وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕونه‌ ئه‌وان خاوه‌نی دینارو دۆلاری بێشومارن،پێش هه‌ڵبژاردن ،ده‌كه‌ونه‌ كڕینی ئیراده‌ی خه‌ڵك،جگه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و بیم،ئه‌م دۆخه‌ش له‌ جدی نه‌بونی ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌،واتا به‌شێك له‌ عه‌یبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئیسلامییه‌كان خۆیان لێی به‌ر پرسیارن!
چۆن؟باشه‌ ئێوه‌ ناڵێن عه‌لمانییه‌كان 18ساڵه‌ حوكم ڕانن،كوا خزمه‌ت گوزارییه‌كانیان؟منیش هاوڕاتانم به‌ڵام ئه‌ی خۆ ئێوه‌ش چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا كارده‌كه‌ن،ئه‌ی بۆ نه‌تان توانی كۆی ئه‌ندامانی خۆتان قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن ده‌نگ تان پێبده‌ن،بۆچی نه‌تان توانی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دوو زل حزبی حوكمڕان بچننه‌وه‌،من وانازانم جه‌ماوه‌ری ئێوه‌ هێنده‌ كه‌م بێت نه‌توانن 20 كورسی په‌ڕله‌مان ببه‌نه‌وه‌،نا به‌ڵكو خه‌لله‌لێك هه‌یه‌،ئه‌وه‌تا ڕۆژانه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ عه‌لمانییه‌كانه‌وه‌ نوسه‌رو شاعیرو كادری ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌كراوی ئێوه‌ ده‌بینین،سه‌نگه‌ریان گواستۆته‌وه‌،هۆكاره‌كه‌ی چییه‌؟هۆكاره‌كه‌ی ماددییه‌؟نا پێم وانییه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بێت به‌ڵك و ئیسلامییه‌كان  وزه‌و تین و ته‌وژمی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ته‌كانیان ون كردووه‌،كه‌میان ده‌بینی به‌رۆحیه‌تی پاداشتی ڕۆژی په‌سڵانه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا حزوری هه‌بێت، پێویسه‌ به‌و خوێن گه‌رمییه‌ی جارانه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خه‌ڵك،كوا ده‌رس و ده‌وری جارانتان بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌فكاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ ئیسلام خراپ حاڵی كراوه‌،ته‌نها كه‌ناڵی فه‌زائی و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌ به‌س نییه‌،با مامۆستایان و بانگوازانتان بێنه‌وه‌ ناو جه‌ماوه‌رو ئه‌و فه‌راغه‌ ڕۆحییه‌یان بۆ پڕكه‌نه‌وه‌،نه‌مانی ڕه‌حم و خۆشه‌ویستی گیانی هاوكاری نێوان تاكه‌كان زامێك نییه‌ به‌ عه‌لمانییه‌كان ساڕێژ بكرێت،ئه‌وه‌خۆتانن غایبن بۆیه‌ موسڵمانانیش په‌رش و بڵاو بون،ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن گه‌واهی ده‌ری ئه‌م ڕاستییه‌یه‌،
ڕه‌نگه‌ بڵێن ده‌سه‌ڵات ڕێنادات و ترسمان هه‌یه‌ بانخوازانمان بگیرێن!ده‌ی خۆ ئێوه‌ كاری تیرۆرستی ناكه‌ن با بگیرێن ،بۆ ناتانه‌وێت ته‌زحییه‌ بده‌ن؟خۆ باش ده‌زانن ڕێگای به‌هه‌شت به‌گوڵ نه‌چێنراوه‌،بۆ چونه‌ناوییه‌وه‌  گه‌ڕان و لێبڕان و دابڕان له‌ كه‌س و كاری ده‌وێت،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌س ناتوانێت زیانتا پێ‌ بگه‌یه‌نێت یان مه‌رگتان پێش خا،مه‌گه‌ر ئیزنی خوای له‌سه‌ربێت{ۆلِكُل أمه‌ أجَل فَزا جا أجَلُهُم لا ێستَخِرونَ ساعه‌ً ولا یستقدیمون}34الاعراف /یان{وإن یمسَسَك الله‌ُ بچُرٍ فَڵا كَاشِفَ لهُ إڵاهو ۆإن یُردكَ بِخَرٍ فَڵا رَادَ لِفچِلهِ ێصِیبُ بهِ مَن ێشێ‌ُ مِن عِبَادِهِ ۆهُۆ ێ‌لغَفُورُ ێ‌لرَحِیُم}107/یونس
تۆی ئیسلامی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌م و خۆشیه‌كانی خه‌ڵكا ژیایت،دڵنیابه‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن به‌د نمه‌ك نابێ‌ و تۆی له‌ یاده‌،
*ته‌زویركردن:
نكوڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خروقات و ته‌زویری زۆر كراوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری زه‌رد،به‌ڵام هێشتا به‌و ڕادده‌یه‌ نییه‌ كه‌ كاریگه‌ری ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌ سه‌ر كه‌م كردنی كورسی لیستی خزمه‌ت گوزاری و چاك سازی،200هه‌زار ده‌نگیش ته‌زویر بێت،ئه‌كاته‌ (ده‌) كورسی،ئه‌م ده‌ كورسیه‌ش له‌ كۆی لیسته‌ به‌شدار بووه‌كان كه‌م ده‌كات،
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر لیستی خزمه‌ت گوزاری سێ‌ چوار كورسیشی به‌نایاسایی لێ‌ برابێت،هێشتا ده‌نگه‌كانی له‌ ئاستێكی زۆر نزمدان،له‌ به‌رئه‌وه‌ پێم وانیه‌ ته‌نیا ته‌زویر ئه‌و دۆخه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی خولقاندبێت،
پاشان ده‌بوو  بۆ ڕێگری له‌ ته‌زویر چاودێری زیره‌ك و شاره‌زا و به‌ جورئه‌تیان بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ ئاماده‌ كردبا،من له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی شاری سلیمانی چاودێر بوم، چاوگێڕی مناڵكارو شه‌رمنی زۆرم بینی به‌ڕیز بێده‌نگ و ئاقڵ دانیشتبون و چاویان له‌ سنوقه‌كان بڕیبوو، به‌ڕیوبه‌ری بنكه‌ ئه‌یوت قه‌راری تازه‌ی كۆمسێۆن مان پێگه‌یشتووه‌ هاوڵاتی ئه‌توانێت به‌ مۆڵه‌تی شۆفێری ده‌نگ بدات و ده‌یان فڕوفێڵی دی ،زۆر له‌م فێڵانه‌مان پوچه‌ڵ كرده‌وه‌،كه‌چی چاوگێڕه‌ ئاقڵه‌كان ورته‌یان لێوه‌ نه‌ده‌هات،
به‌ڵێ‌ ئه‌مه‌ ئه‌دای لیستێك بێت له‌و ڕۆژه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌داو پێش وه‌خت زه‌مینه‌ سازی و ئاماده‌باشی بۆ نه‌كردبێت،ئیدی جام چی تێبكه‌یت هه‌ر ئه‌وه‌ی لێده‌ڕژێت،
*نه‌بونی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی:
ژماره‌ی په‌ڕله‌مانتارانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ زیاتره‌ له‌ سۆسیالست و ئاینده‌، سه‌رۆكی لیستیش ئه‌مینداری یه‌كگرتوو بوو،كه‌واته‌ بڕیاری یه‌ك لایكه‌ره‌وه‌ لای خۆیان بوو،ئه‌گه‌ر سۆسیالوست و ئاینده‌ش ناڕازی بونایه‌ ده‌كرا ئیسلامییه‌كان قبوڵیان نه‌كردایه‌ كه‌ لیسته‌كه‌یان بێ‌ كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداربێت،وه‌لێ‌ گوشاری زۆری لیستی ڕكابه‌ریان له‌سه‌ر بوو،به‌ڵام به‌ نه‌بونی ڕكابه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم ئومێدی جه‌ماوه‌ر به‌ لیستی خزمه‌ت گوزاری كه‌می كرد،ئه‌وترا ئه‌وان له‌ ئێستاوه‌ ناتوانن مافی ڕه‌وای خۆیان كه‌ بونی ڕكابه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ دابنێن ،ئیدی چۆن بتوانن گۆڕانی مه‌زن بخولقێنن و مافی هاوڵاتیان بسه‌نن،ئه‌مه‌ش یه‌كێ‌ بوو له‌ هۆكاری كه‌مكردنی ده‌نگه‌كانی ئه‌م لیسته‌،
به‌هه‌رحاڵ ئه‌شێ‌ ئه‌مه‌ وانه‌یه‌كی (ئحود)ی بێت و په‌ند له‌م ئه‌زمونه‌ وه‌ربگیرێت بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕابونی ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا،ئه‌وانه‌شی پێیان وایه‌ شكستی موسلمانان تاوانێكه‌و ته‌نها له‌ ئه‌ستۆی لیستی به‌رامبه‌ره‌،نه‌ك هه‌ر نه‌یان پێكاوه‌ ،به‌ڵك و مه‌ترسیان هه‌یه‌ بۆ پڕۆژه‌ی ئیسلامی له‌ كوردستان،پێشینانیش وتویانه‌ دۆست ئه‌تخاته‌ گریان و نه‌یار به‌ پێكه‌نینت دێخی.

awatalany@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.