كاتژمێر حه‌وت …فوئاد قاموسی
كاتژمێر پێنج،شه‌ش چركه‌ی ماوه بۆ حه‌وتی ئێواره،ئاسمان مات و زیز بوو و هه‌وره ره‌شه‌كان قاره‌مانی ئه‌م شانۆ ناحه‌زه،قیت و قۆز،ته‌نیا،ناو چاوگرژ له نێو گۆڕه‌پانا وه‌ك برجی زههریمار به شێوه‌یه‌ك راوه‌ستاون كه هه‌رچی عه‌سكه‌ری و فه‌رمانده و پاوشایه دێنێته‌وه بیری مرۆ و مرۆڤه‌كان شانۆ نووسی ئه‌م شانۆ ده‌س و پا شكاوه ده‌ڵێی شاریان هێلانه مێلورهیه و بۆشكێ نه‌وتیان تێ رژاوه، هه‌ریه‌ك به لایه‌كه‌وه هه‌ڕا ده‌كه‌ن.
ئه‌ڵێی شانۆ نووسی چاكتر ئه‌وه‌یه كه زووتر بگاته خانوو،ئاخر پاش كاتژمێر حه‌وت هه‌ندێ دیمه‌ن كۆڵانه ته‌سكه‌كان داده‌پۆشن و شه‌قامه‌كان وا به رۆژا هاتنی ئه‌و دیمه‌نانه بۆ سه‌ریان قه‌ده‌غه‌یه، پڕاوپڕ ده‌بن له دیمه‌ن و شه‌قام هه‌ست به شانازی ده‌كا و هاوكات ئه‌و دیمه‌نانه پریستیژی گیان له‌به‌ره‌كان ئه‌شێوێنن.
هه‌ندێ سه‌گ و گورگ هێشتا له سه‌ر شه‌قامه‌كان ماونه‌ته‌وه و چاو دهرپهڕاو مینا بوهكوێر چاو له هه‌موو گێج و وێجهكان ده‌كه‌ن و كیژه ئادامس فرۆشه‌كه ماندوو له په‌نای دیوارێك كزی كردوه و هه‌ر گیان له‌به‌رێك كه ته‌نیا بۆ زگ و ژێرزگ ده‌ژی له‌ویه‌وه ده
ڕوا پێشی پێ ئه‌گرێ و : توو خوا، ئادامسێكم لێ بسێنه!
***
ئه‌ولا مه‌یانی ره‌ش و رووتهكانه و ئه‌ملا مه‌یانی ده‌قی كراسه‌كان.
ئه‌ولا دوا ده‌س قڵهشاوی ماندوو كه دڵنیا بووه به‌یانیش ده‌بێ بێ كار بێ،ته‌نیا به ده‌ستێكی پڕ له میوه‌ی به‌وبه‌ختی و گیرفانێك پڕواپڕ له پاره‌ی شانازی، رێی خانووه‌كه‌ی ده‌گرێته به‌ر و بیر له‌وه ده‌كاته‌وه …
ئه‌ملا شه‌ڕه! ئه‌م سێوه سێوی لوبنان نیه و …
– ئێمه ئه‌م حه‌وتووه ده‌ڕۆین بۆ خانووه‌كه‌مان له كلارده‌شت.
– كلارده‌شت ناخۆشه،ئێمه ده‌ڕۆین بۆ كیش.
ئه‌مانیش ده‌ڕۆنه‌وه و بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه…
منیش له‌سه‌ر جێگاكه‌م ته‌نیا نووستووم و به ده‌نگی شریتهكهم:
"سه‌ده‌ی بیسته‌مه كورده تۆ راپه‌ڕه"
كه ئاخرهكانیهتی خه‌به‌ر ده‌بمه‌وه و چاوێك له شه‌قام ده‌كه‌م. به‌ده‌م شریتهكهم و ره‌نگی سه‌یاره‌كان خه‌وم لێ كه‌وتبوو، ده‌مویست بزانم ره‌نگی ئاڵا له نێو سهیارهكاندا هه‌یه یا نا.
سه‌یره هیچ ده‌نگێك زات ناكا قه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م كه‌وێت! ئه‌وه‌ڵ چركه كه هه‌ڵده‌ستم بۆنی ژنێك،بۆنی ئاكاتی زه‌رد،كه ئه‌م دوانیوه‌رۆ بیست بووم گینگڵ ئه‌دا به هه‌ستم و بزه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێوم زۆر زوو به هه‌وه‌ڵ ده‌سرێژی خه‌مه‌كان و ناكامیهكان شه‌هید ده‌بێ. هه‌ر كه‌سێ به بۆ بۆنێك ده‌ژی!
زۆر زوو بیری هاوڕێم ده‌كه‌ومه‌وه، پێره‌شه‌و ویستی خۆی بكوژێ. شه‌كه‌ت ده‌بم، شه‌كه‌تتر له پێش نووستن،جگه‌ره‌یه‌ك دائه‌گیرسێنم و گوێ ئه‌ده‌م به هه‌واڵه‌كان كه به ده‌م زڕه زڕ و ویڕه ویڕهوه به ئه‌سته‌م ده‌یان بیستم: " بۆمبارانی ئه‌و رۆی…
ئیتر جگه‌ره‌یش یارمه‌تیم نادا.
كاتژمێر ده‌یه‌وێ به حه‌وت بگا و ئۆقره بگرێ، به‌ڵام…
گورج و گۆڵ جله‌كانم له‌به‌ر ده‌كه‌م و به‌شێك له چێشتی شه‌ومان ده‌كه‌مه جامێك و ده‌ڕۆم به‌ره‌و خێوه‌تێكی پینه‌كراو له بن كۆڵانه‌كه‌مان. شه‌وێك من ده‌ڕۆم و شه‌وێك هاوڕێم، ئاخر هه‌ر دووكمان زۆر گه‌شه‌ی پێ ده‌كه‌ین.
هه‌ر كه ده‌نگم ده‌بیسێ: حاج ئاقا.
به زبانێك كه من تێی ناگه‌م ده‌س ده‌كا به ئاخاوتن و من نازانم چ ده‌ڵێ، به‌ڵام گه‌رمی و نه‌رمی ده‌نگی هه‌ر شه‌و پێم ئه‌ڵێن دڵی لێواولێوه له خۆشه‌ویستی.
كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه ده‌ڵێی له‌شم زه‌ریایه‌كه و شه‌پۆله‌كانی قورس و قایم دیواری هه‌موو زگ په‌ره‌ستانی ره‌ق و قین ده‌ڕوخێنێ و هه‌ست ده‌كه‌م به شادی، به مه‌ست بوون. زه‌مانێك مه‌ستی بۆنێك بووم و ئێستا مه‌ستی… و سبه‌ی مه‌ستی…. .
بڵێی له به‌ر چی؟ بۆ من و هاوڕێكه‌م واین؟
راستی چۆنین؟! روونه ئێمه شێتین، شێت و سه‌رخۆش، سه‌ر خۆش و چاو به گریان. ئاخۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ژووره‌كه‌مان مه‌كۆی كتێنی هیدایه‌ت و سارتر و ماركس و فرغه و هه‌ر شه‌و ئه‌و كتێبانه ده‌بنه لێف و دۆشهكمان؟
ئاخۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه خاوه‌نی پێشوی ئه‌م خانووه‌ی ئێمه ئه‌و كه‌سه‌یه كه دوا كاتی ژیانی به‌م شێعره‌وه ته‌واو بووه:" این رسم ماست كه ایستاده بمیریم"
ئاخۆ له‌به‌ر جۆری جگهرهكهمانه؟
نازانم، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه من و هاوڕێم تا ئه‌و كاته‌ی كه هه‌مووان پێده‌كه‌نن هه‌ر وا شێتین!
سه‌قز